چالاکی

پانێڵ 03: داهاتووی ئاسایش، هاوسەنگییە سەربازی و ئەمنییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ بەردەوامی شەڕ و گرژییەکان یان

20-03-2025


مەعد فەیاد: ناونیشانی پانێڵەکە داهاتووی ئاسایش، هاوسەنگییە سەربازی و ئەمنییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ بەردەوامی شەڕ و گرژییەکان یان هاوسەنگی و سەقامگیری، میوانەکانمان بەڕێز پاسکال ئۆسێر، ئەدمیراڵی خانەنشینکراو لە هێزی دەریایی فەرەنسا و بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی مەدیتەرانەیە بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان و بەڕێز موزەفەر ئەکیڵدەرەم دیپلۆمات و ئەفسەری سەربازی تورکی خانەنشینکراو و بەڕێز دکتۆر ئیبراهیم موتەقی مامۆستای زانستە سیاسییەکان زانکۆی تاران و شارەزا لە ئاسایشی هەرێمی.

پێش دەستپێکردن دەمەوێت بڵێم کە ئەم ناوچەیە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئەمڕۆ سەقامگیر نەبووە، لە ئەوروپا  دوای جەنگی جیهانی دووەم جەنگ کۆتایی هات و سەقامگیربوو، بەڵام ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەقامگیر نەبووە، جەنگ، تیرۆرکردن، داگیرکاری، پیلانگێڕان، سەرەڕای ئەوە ناوچەی کوردستان بەتایبەتی سەقامگیر نەبووە و تەنانەت تا ئەمڕۆش واتە ئەگەر سەقامگیرییەک هەبێت ئەوا سەقامگیرییەکی رێژەییە لە هەرێمی کوردستان ، بەڵام باقی ناوچەکانی ترسەقامگیر نین.

پاسکاڵ ئوسێر: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. سەرەتا دەمەوێت ئەوە روون بکەمەوە کە من وەک نوێنەری فەرمی فەرەنسا لێرە نیم. من ٤٠ ساڵ لە هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا ئیشم کردووە، بەڵام لە ئێستادا، تەنها چاودێرێکم و قسەکان گوزارشت لەڕای خۆم دەکەن، ئەوە خاڵی یەکەمە.

خاڵی دووەم ئەوەیە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر مانگ نییە- و بەشێکە لەو جیهانەی کە هەموومان تێیدا هاوبەشین. لە ئێستادا شاهیدی دووکەرت بوونێکی مێژوویین، لەکاتێکدا بۆ ماوەی نزیکەی دوو سەدە، رەوتی جیهانی رەوتی یەکگرتن بوو بەرەو مۆدێلێکی ئەوروپی، بەڵام ئەمڕۆ جیهان بە چەندین ئاراستەدا لەیەکتر جیا دەبێتەوە. ئەمەش نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە نەزمی جیهانیدا دەکات. لە کاتێکدا ئابووری گرنگی خۆی هەیە، بەڵام گرنگییەکی کەمتری هەیە لە چاو پێشوو، لەبەرامبەردا دەوڵەتان تادێت زاڵتر دەبن.

دە بۆ پانزە ساڵ لەمەوبەر باوەڕی باو ئەوە بوو کە دەوڵەتەکان کاریگەری خۆیان لەدەست دەدەن لە کاتێکدا ئابووری و رێکخراوە ناحکومییەکان و پیشەسازییەکان و کۆمپانیاکان دەسەڵاتیان بەدەستهێنا. ئەمڕۆ پێچەوانەکەی راستە- دەوڵەتان بەگرنگیەوە تەماشادەکرێن.  ناسیۆنالیزم لە سەرانسەری جیهاندا لە برەودایە، ئەمەش پرسی ناسنامە دەکاتە جێی نیگەرانیی سەرەکی و کە لە ئەوروپادا شوێنەواری دیارە و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا واقیعە. ململانێی دەسەڵات و رەچاوکردنی جیۆپۆلەتیکی زیاتر بەرچاو دەکەوێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە پارادایمی جیهانیدا.

دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین کە ژمارەی دانیشتووانی جیهان ٨ ملیار کەسە کە لەڕێگەی تەکنەلۆژیا و بازرگانی و هۆکارەکانی ترەوە پەیوەندی هاوبەش لە نێوانیاندا دروستکراوە و تێکەڵەیەکی ناوازەی داینامیکی دەسەڵاتی سەدەی نۆزدەهەم و وابەستەیی سەدەی بیست و یەکەم بوونی هەیە.

ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر شێوازی تێگەیشتنی فەرەنسا و ئەوروپا و جیهان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. رێسا و رووداوە سیاسییە جیهانییە نویێیەکان خەریکە کاریگەریی زلهێزەکان لە قاڵب دەدەنەوە. ئێستا ئەمریکا خۆی لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکگرتوودا رووبەڕووی ئاستەنگی نێوخۆیی بووەتەوە. تادێت زیاتر سەرنجی لەسەر ئاسیایە، کەمتر پەیوەندی بە ئەوروپاوە هەیە و رەنگە کەمتر بەشداری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا بکات. سەرەڕای ئەوەش، ئەمریکا زیاتر گرنگی بە کایەی کاریگەری راستەوخۆیانەی خۆی دەدات لەکاتێکدا لەگەڵ رکابەرە جیهانییەکانی دیکەدا ململانێ دەکات.

لە بەرامبەردا رووسیا بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر وەرگرتنەوەی کایەی نفوزی سۆڤیەتی پێشووی خۆی لە ئەوروپا و قەفقاسیای باشوور و ئاسیای نێوەڕاستە، واتە رەنگە سەرنجی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش کەم بکاتەوە. هاوکات چین بەرژەوەندییەکانی لە ئاسیادا لە پێشینەی کارەکانیدایە و پێی باشترە خۆی لە دەستوەردانی راستەوخۆ لە کاروباری جیۆپۆلەتیکی و ئەمنی ناوچەکەدا بپارێزێت.

لە ئەنجامدا ئێستا کێبڕکێ لە نێوان زلهێزەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمترە، ئەمەش بوار بۆ زلهێزە ناوچەییە مامناوەندەکان دەڕەخسێنێت کە رۆڵێکی بەرچاوتر بگێڕن. لە هەڵسەنگاندنی مندا، یاریزانە سەرەکییەکانی ئەم دیمەنە پەرەسەندووە ئەو وڵاتانەن کە بنەمایەکی بەهێزی دەوڵەتی نەتەوەیییان هەیە. چوار وڵاتی ناوچەکە خاوەنی سەقامگیری و هێزی دامەزراوەیی پێویستن بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دەسەڵاتدا، ئەوانیش تورکیا، ئیسرائیل، ئێران و سعودیە.

دە ساڵ لەمەوبەر سعودیە وەک زلهێزێکی ناوچەیی هەژمار نەدەکرا، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی بەهێزبوونی چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی، وەک یاریزانێکی بەرچاو دەرکەوتووە. لە دەوری ئەم چوار دەوڵەتە باڵادەستە، چەندین نەتەوەی تر هەن کە هێشتا تەحەددیاتی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان چارەسەرنەکردووە. لەوانە لوبنان، سوریا، عێراق، ئوردن- کە دۆخەکە تادێت ناجێگیرتر دەبێت- یەمەن و دوورتریش سودان.

لەڕوانگەی منەوە، نەک بەناوی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا قسە بکەم، بەڵکو وەک کەسێک کە لە فەرەنساوە شیکاری دەکات، پرسە چارەنووسسازەکە ئەوەیە کە ململانێیەکی دەسەڵاتی ناوچەیی لە نێوان ئەم چوار ئەکتەرە سەرەکییەدا درووست دەبێت. مەترسییەکە ئەوەیە کە دەوڵەتە لاوازەکانی ناوچەکە لە ئەنجامی ئەم داینامیکی دەسەڵاتانەدا رەنگە زیانیان پێ بگات، بۆیە پرسەکانی ناجێگیری و ئاسایش و سەروەری ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زیاتر لە ساڵانی رابردوو گرنگترن.

بۆ ئەوەی گفتوگۆکە کورت بکەمەوە، کە فەرەنسا و ئەوروپا چۆن لەم دۆخە دەڕوانن؛ دەڵێم گەلانی ئەوروپی، لەوانەش فەرەنسا، رووبەڕووی تەگەرەی نێوخۆیی خۆیان بوونەتەوە. دەبێت خۆیان لەگەڵ گۆڕانی نەزمی جیهانیدا بگونجێنن، چونکە یەکێتی ئەوروپا بەهۆی ئەم گۆڕانکاریانەوە ئەداکەی گۆڕاوە. ستراتیژی یەکێتی ئەوروپا تاڕادەیەکی زۆر دوای پرسی نیشتمانی ومێژوویی، سەنتەری یەکگرتنی ئابووری بوو. ئێستا، دەبێت خۆی لەگەڵ دیمەنە جیۆپۆلیتیکییە نوێیەکەدا بگونجێنێت. لە ئەنجامدا، پێدەچێت ئەوروپا رێبازێکی وردتر بگرێتەبەر، بەشداری لە دیپلۆماسییەکی ورددا بکات بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایش و پاراستنی سەروەری، لە هەمان کاتدا پشتگیری لە گەشەپێدانی ئابووری بکات.

 من پێموایە فەرەنسا هەوڵ دەدات دۆخەکە هەڵبسەنگێنێت، و دووربکەوێتەوە لە پەرەسەندنی کێبڕکێی نێوان چوار زلهێزی سەرەکی ناوچەکە و هەوڵبدات خۆی لە دەستوەردانی هەرجۆرە بەرەوپێشچوونێک بەدوور بگرن، چونکە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل، ئێران، تورکیا و سعودیە کابوسێک دەبێت بۆ فەرەنسا. ئێستا سەبارەت بە پێشکەوتنی ئەم وڵاتانە لە ناوچەکە 

بەڕوونی ئەم دوو وڵاتە- ئێران و تورکیا- مێژوویەکی زۆر دوور و درێژیان لە هەژموونی ستراتیژی لەم بوارەد هەیە. ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەشێکی بەرچاوی ئەم مێژووەیە. کاتێک گوێ لە وتارەکانی ئەردۆغان دەگریت، ئاماژە زۆرەکانی بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زۆر بە ئاشکرا دیارە. ئەم دوو وڵاتە پەیوەندی ئابووری و دیمۆگرافی و سیاسی و سەربازی بەهێزیان هەیە. تورکیا زۆرجار چالاکی سەربازیی لە عێراقدا دەکات. جگە لەوەش پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی تورکیا، کوردەکانی عێراق، کوردانی سووریا و کوردانی ئێران زۆر بەهێزە، هەروەک پێشتر لە پانێڵەکەدا ئاماژەی پێکرا. کەواتە، روونە کە بەرژەوەندییەکی جەوهەری هەیە بۆ ئەوەی هەردوو وڵات ئێران و تورکیا بەشداری لە داینامیکی ناوچەکەدا بکەن.

واهەستدەکەم هاوکارەکانم زیاتردەتوانن لەسەرئەم خاڵە وردتربدوێن، بەڵام دەرفەت بۆ ئێران و تورکیا دەڕەخسێت کە رۆڵێکی بەرچاوتر لە بەڕێوەبردنی سەقامگیری و گەشەسەندنی ناوچەکەدا بگێڕن. هەردوو وڵات پلانیان هەیە بۆ چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەمە. لەڕوانگەی منەوە، وەک ئەفسەرێکی سەربازی پێشوو، وا دیارە کە مەترسییەکی بەرچاو لە رووبەڕووبوونەوە و کێبڕکێ و ئەگەری ململانێی راستەوخۆ لە نێوان ئەم چوار زلهێزەدا هەیە.

سعوودیە و ئیسرائیل، ئەو دوو وڵاتەی ترن کە پەیوەندیدارن، بەڵام هەمان میراتی مێژوویی ئیمپراتۆریەتی ئێران و تورکیایان نییە، ئەمە لەکاتێکدا بە دڵنیاییەوە ستراتیژی و کاریگەریی خۆیان لە ناوچەکەدا هەیە. هەموومان دەزانین کە هەریەکەیان ستراتیژیەتی باش و دیاریکراویان هەیە. 

پرسی سەرەکی بۆ ئەم چوار وڵاتە، هەروەها بۆ یاریزانانی دیکەی ناوچەکە، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆخەکە و ئاگاداربوونە لەو مەترسییە ئەمنییە بەهێزانەی کە ئێستا لەم ناوچەیەدا هەن. بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال، لە کاتێکدا ئەمریکا کێشەیەکی زۆری لەم ناوچەیەدا دروست کردووە، بەڵام وجودە سەربازییەکەی- ئەگەر هەڵەی نەکردبا- دەیتوانی یارمەتیدەر بێت بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان. بەڵام ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا وجودی لەوێ نامێنێت. کەواتە، پرسیارە گرنگەکە ئەوە دەبێت کە چۆن ئەم چوار زلهێزە ناوچەییە، لەگەڵ وڵاتانی دیکە، دەتوانن خۆیان لە پەرەسەندنی کێشەکان بەدوور بگرن و رێگری لە پەرەسەندنی دۆخێکی دراماتیک بکەن.

مەعد فەیاد: تورک و عەرەب و فارس و کورد گەورەترین نەتەوەن لە ناوچە هەرێمییەکەدا، پێگەی کورد لە سیاسەت و ستراتیژیی تورکیا چییە؟

موزەففەر ئاکیڵدرم: سەرەتا دەمەوێت سوپاستان بکەم بۆ بانگهێشتکردنم، من بە تورکی دەستم پێکرد چونکە تێدەگەم بەشێکی زۆر لە ئامادەبووان بە زمانی تورکیش قسە دەکەن، یان لانیکەم لە هەندێک تورکی تێدەگەن.

 هەرچەندە زۆر درەنگ و لە کۆتا ساتدا بریارمدا، بەڵام سڵایدەکانم بۆ تێگەیشتنی زیاتری ئێوە ئامادە کردووە کە تورکیا بە گشتی بیر لە چی دەکاتەوە و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چی دەگوزەرێت.

پێش ئەوەی بچمە سەربابەتەکە ئەمەوێت بڵێم، ئەفسەرێکی سەربازیی پێشووم، ١٩ ساڵ لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا، ٢٥ ساڵ لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا خزمەتم کردووە.

پێشینەی من لە وەزارەتی دەرەوە زیاتر لەسەر پرسەکانی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپایە. سێ جار لە برۆکسل نیشتەجی بووم، بەڵام بەهۆی داواکاریی خۆمەوە ویستم ئەزموونی ئەوە بکەم و تێبگەم چی لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیای نێوەڕاست  دەگوزەرێت، بۆیە رێگەیاندام لە ئەفغانستان کار بکەم و ئەوەش قۆناخی دووەمی ژیانی دیپلۆماسی من بوو. دوایین پۆستم کە وەرمگردت لە کازاخستان بوو کە وەک کونسوڵی گشتی لەوێ بووم.

لە ئێستادا وەک لە سلایدەکاندا دەیبینن لە تەنیشت ناوەکەمەوە دوو نیشانەی تایبەت هەیە. لە لای ڕاستەوە , کە کورتکراوەی دامەزراوەی دووربینی جیۆپۆلەتیکییە، کە دامەزراوەیەکی توێژینەوەیە لە تورکیا کە بەم دواییە دامان مەزراند. لە لایەکی ترەوە، یەکێتی بازرگانان و دیپلۆماتکاران دەبینیت، کە داوایان لێکردم بچمە ناو لیژنەی راوێژکارییەکەیانەوە. کەواتە، من بەناوی خۆمەوە قسە دەکەم، نەک  حکومەت، بەڵکو بە ئەزموونی کەسێک کە ٢٥ ساڵ لە وەزارەتی دەرەوە و ١٩ ساڵ لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا خزمەتی کردووە.

ئێستا کاتێک باس لە بابەتی دیدگای تورکیا دەکرێت سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی، دەمەوێت ئەو شتانەتان بیر بخەمەوە کە بێرنارد لویس لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتوویەتی، “ئەوانەی ئامادە نین رووبەڕووی رابردوو ببنەوە، نە دەتوانن لە ئێستا تێبگەن و نە لە داهاتوو.” ئەم لێدوانە مێژووی تورکیا دەهێنێتە بەرچاو، کە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە دەست پێدەکات و تەنانەت زیاتریش دەگەڕێتەوە بۆ ئاسیای نێوەڕاست لە ڕێگەی سەلجوقی و ئیمپراتۆریەت یان دەوڵەتەکانی دیکەی تورکیاوە. دواهەمینی ئەم ئیمپراتۆریەتانە بووە هۆی سەربەخۆیی ئێمە، کە لە رێگەی شەڕێکی گەورەوە لە ساڵانی ١٩٢٠ بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک بەدەست هات. ئێستا، کۆماری تورکیا زیاتر لە ١٠٠ ساڵە و ئێمە زیاتر لە سەدەیەک ئەزموونمان لە ناوچەکەدا وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی و پەرلەمانتاری و پەیوەندیی فرە ئاڕاستەی لەگەڵ ئەوروپا و رۆژهەڵات و باشوور و باکووردا هەیە.

 دەتوانن لە سلایدەکاندا ببینن کە مێژوویەکی کورت دەخەمەڕوو لەبارەی تورکەکان لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە. زۆر بە وردی ناچمە ناو باسەکەوە، بەڵام لە توغرول بەگەوە تا سەڵاحەدینی ئەیوبی، لە موزەفەریدین گۆکبەرییەوە کە گۆڕەکەی لە هەولێرە (کە پێدەچێت ئاشنای بن)، تا سولەیمان شا کە گۆڕەکەی لە نزیک سنووری سوریایە و باسی سوڵتانەکانی عوسمانیش ناکەم- سوڵتان موراد کە لە بەغدا بووە و سوڵتان یاڤوز سەلیم کە لە... قاهیرە، میسر- ئێمە پەیوەندییەکی درێژخایەن و برایانەمان هەبووە، چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی سۆزدارییەوە، لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا.

ئێستا، با باس لە دۆخی ئێستا بکەین. وەک هاوکارەکانم باسیان کردووە، ئێستا ئێمە لە قۆناخێکی جیۆپۆلەتیکی و داڕشتنەوەی جیۆپۆلەتیکدا دەژین. لە رابردوودا ئیبن خەلدون دەیگووت: جوگرافیا چارەنووسە. ئەمڕۆ بەم شێوەیە پێناسەی دەکەم: “جوگرافیا جیۆپۆلیتیکە”. لە قۆناخی ئامادەییدا باسی جوگرافیا نیە بەوشێوەیەی کە جوگرافیا تەنها پەیوەندی بە رووبار و شاخ و ئەوەی بەرهەمی دەهێنیت، بەڵکو پەیوەندی بەو شتەوە هەیە کە تۆ چیت بەدەستەوەیە و دەتوانیت سوود لە چی وەربگریت لەناو سنوورەکانتدا، بە پشتبەستن بە شوێنی جوگرافیای خۆت.

بۆیە ئێمە باس لە کێشە جیۆپۆلیتیکییەکان دەکەین کە رەگیان لە پێناسەکانی جیۆپۆلیتیکدا هەیە، من ناچمە ناو ئەو وردەکاریانە، بەڵام نەخشەکە لە سلایدەکەمدا نیشانی دەدات کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەتی - تورکیا- تێڕوانینێکی تەواو دەدات بۆ ئەوەی کە چۆن هەموو رێگا سەرەکییە بازرگانییەکان، دابینکردنی وزە، ژێرخانی و گواستنەوەییەکان بەم ناوچەیەدا تێدەپەڕن. هەموو شەڕە گەورەکانی ناوچەکە لەسەر وزە، گواستنەوە، بازرگانی و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان بووە- وتورکیا، وەک بەشێک لەم مێژووە، هەر لە سەرەتاوە بەشدارە.

هەروەها لە سلایدەکەدا پێنج نیشانەی جیاوازی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نیشان دراوە کە دەوریان دراوە: ناتۆ، کە زیاتر لە ١٠ ساڵ تێیدا کارم کردووە؛ یەکێتی ئەوروپا، کە ٤ ساڵ لەوێ کارم کردووە؛ رێکخراوی دەوڵەتانی تورکیا، کە زیاتر لە ٦ ساڵ لە ئەفغانستان و کازاخستان جێگیر بووم؛ و رێکخراوی بریکس کە پێنجەمین رێکخراوە، کە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی هاوبەشی باشتر بۆ گەشەی ئابووری، نەک تەنها بۆ خۆی بەڵکو بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. باوەڕ بکەن یان نەیکەن، گەشەسەندنی تورکیا راستەوخۆ پەیوەستە بە گەشەسەندنی ناوچەکەوە. لە سلایدەکانی داهاتوودا دەبینیت ئەگەر پێکەوە وەبەرهێنان و پەرەپێدان بکەین، پێکەوە سەردەکەوین.

باشە، با کەمێک خێراتر بجوڵێین. لێرەدا چەند راستییەک سەبارەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخەینەڕوو. دەتوانن لە سلایدەکەدا بیانخوێننەوە، بەڵام من تەنیا تیشک دەخەمە سەر چەند خاڵێکی سەرەکی .

 ئەم هەرێمە نەک تەنها بۆ ئەم ناوچەیە بەڵکو بۆ هەموو جیهان ناوەندی شارستانیەت بووە. شوێنی چەندین رووداو و مەسەلەی جیاوازە، لەوانەش هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی و زمانەوانی و رکابەری مێژوویی، شەڕ، کارەساتی مرۆیی.

مەعد فەیاد: هێشتا وەڵامی پرسیارەکانمت نەداوەتەوە. چرکەیەک. هێشتا وەڵامی پرسیارەکانمت نەداوەتەوە.

موزەففەر ئاکیڵدرم: سلایدی داهاتوو، ئەو گواستنەوە و تەگەرانەی کە ئەمڕۆ ناوچەکە رووبەڕووی بووەتەوە، لەم سلایدەدا وێنا کراوە. تەنها یەک پرسی سەرەکی باس دەکەم: نیشتەجێبوون و پێکەوە ژیان. ئەمانە بابەتی بنەڕەتین بۆ هەموو وڵاتێکی ئەم ناوچەیە.

رۆڵی تورکیا لە ژینگەی جیۆپۆلەتیکی ئێستادا چییە؟ هەموو شتێک ناخوێنمەوە و تەنها لەسەر خاڵە سەرەکییەکان قسە دەکەم. بۆ ئەوەی ئێمە پەرە بەم هەرێمە بدەین، پێویستمان بە دوو شتە: یەکەم: سەرکردایەتی؛ دووەم: بەشداریکردنی هەموو ئەکتەر و نەتەوەکانی دەوروبەرمان، پێویستە دڵنیا بین لەوەی کە بە بیرۆکە و ئامانج و چارەسەری دروست لەسەر رێڕەوی خۆمان دەمێنینەوە.

 تورکیا لەم دواییانەدا لەڕووی دەستپێشخەرییە ناوچەیی و جیهانییەکان چی پێشکێش کردووە؟ دەتوانن لەسەر سلایدەکە بیبینن. با تەنها یەک خاڵێکی سەرەکی بخەمەڕوو: هاوسەنگی جیهانی و هەڵوێستی جیهانی گرنگە. وەک هەموو بەشداربووانی ئەمڕۆ، لە بەرپرسە باڵاکانەوە تا پانێڵستەکانی ئێستا، پێموایە هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە دەبێت هاوکار بین بۆ هاودەنگی و پەرەپێدانی هاوکاری فرەیی.

موزەففەر ئاکیڵدرم: باشە، سلایدی داهاتوو، تکایە. من پێم وایە ئەم سلایدە گرنگە.

مەعد فەیاد:  کاکە تکایە وەڵامی پرسیارەکەم بدەرەوە. سوپاس. ئەمە وتار نییە،

موزەففەر ئاکیڵدرم:  بەڵێ دەزانم. سوپاس. تەنها دوو سلایدی تر.

 تکایە سەیری ئەم سلایدە بکەن. ئەوەی لە بازنە سەوزەکەدایە، نێوەراستی جیهانە، ئێمەش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستداین.

سلایدی داهاتوو، تکایە. ئەم بەشە بەجێدەهێڵم، بەڵام تەنها با ئەوە بڵێم کە دەبێت هاوکاری لە بواری ئاسایش و بەرگریدا پەرەپێبدەین، پێکەوە کاربکەین و پێکەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنین. گرنگی ژیانی ئاسایش و بەرگری هاوتەریبە لەگەڵ هاوکارییە جیۆپۆلەتیکی و جیۆئابووری و جیۆستراتیژییەکان.

ئێستا، هاتینە سەر بەشی کۆتایی: چ دەرفەتێکمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەردوو تەگەرەی کۆن و نوێ؟ دەرفەتێکی مێژووییمان هەیە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان و داڕشتنی داهاتوو. پێویستە رێڕەوی "چاوەڕوانی و بینین" بەجێبهێڵین و پەیوەندی راوێژکاری زیاتر لە نێوانماندا دروست بکەین. نابێت رێگە بدەین ناوچەکە ببێتە ناوەندێکی کۆچکردن یان ناوجەیەک کە توندڕەوی و تیرۆرتێیدا گەشەبکات، بەڵکو هاوکاری لە هەوڵە مرۆییەکان، ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری ئابووری پرسگەلێکی سەرەکین کە پێویستە ئیشیان لەسەربکەین. دیدگایەکی درێژخایەن پێویستە بۆ بوژانەوە و جێبەجێکردنی دیدگای دوو دەوڵەتی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی بۆ فەلەستین.

سلایدی داهاتوو، تکایە. پێویستە وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی هەرێمایەتیدا بکەین و بەشداری بکەین، وەک رێگای گەشەپێدان لە عێراقدا. پێویستە کار بکەین بۆ باشترکردنی ژیانی نێوخۆیی، ژێرخانی شار، و دامەزراندن لەڕێگەی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی وەک دەستپێشخەری رێگای گەشەپێدان. پێویستە چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی کۆچی بەکۆمەڵ و تیرۆر بکەین و رێگری لە گێژاوی زیاتر بکەین و وێرانکردنی کۆمەڵگاکان رابگرین. پێویستە بانگەشە بۆ یەکپارچەیی خاکی و سەروەری دەوڵەتەکان بە گشتی بکەین، بەبێ جیاوازی. پێویستە هەڵوێستی هاوبەش لە دژی ئاوارەبوونی کۆمەڵگاکان بەڕێوەببەین.

لە کۆتاییدا پێویستە توندڕەوی و تیرۆر نەهێڵین بۆ باشترکردنی پەیکەری کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگاکانمان.

مەعد فەیاد: دکتۆر ئیبراهیم ئێوە چۆن دەستێوەردانی نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا لێکدەدەنەوە، ئایا پێتان وایە ئێوە ناچارن بەهۆی دەستێوەردانەکانی رۆژئاوا لە ناوچەکەدا و دەبێت رۆڵتان هەبێت لەو نفوزەدا؟ 

د. ئیبراهیم موتەقی:  بەڵێ، بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، پرسیارێکی زۆر وردە و من هەوڵدەدەم باسەکانم لەگەڵ پرسیارەکەی ئێوە بگونجێنم بەڵام لە سەرەتادا دەبێت ئەم خاڵە بۆ هاوڕێیان ڕوون بکەمەوە کە زۆر دڵخۆشم بەوەی لە هەولێرم، ئێرە ناوچەیەکە کە تێیدا هەست بە خزمایەتی دەکەم.
نیشانەی ئەم خزمایەتییە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی بوو لە بەیانیی ئەمڕۆدا. ئەو ئەدەبیاتەی کە بارزانی بەکاری هێنا بەشێکی لەسەر بنەمای رۆحی کوردی و بەشێکی لەسەر بنەمای رۆحی ئێرانی بوو. رۆحی ئێرانی نیشانەکانی پراگماتیزمی تێدایە. پراگماتیزم بە واتای ئەوەیە کە ئامانجە ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکییەکان لەگەڵ پەیوەندییەکانی هێز بەیەکەوە گرێ دەدەیت.
راستییەکەی ئەوەیە کە لە سەردەمی جەنگی عێراق دژی ئێران، نیشانەی بیرکردنەوەی نوێی جیۆپۆلیتیکی بۆ ئێران دروست بوو. لە سەردەمی جەنگدا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتگیریی هەمەلایەنەیان بۆ عێراق کرد.
هاوسەنگی هێز بە تەواوی گۆڕا. ئێران لە بارودۆخێکی بۆشایی جیۆپۆلیتیکیدا بوو. هەر وڵاتێک لە بۆشاییدا بێت، بە شێوەی سروشتی لە داهاتوودا سیاسەتەکانی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئێران وڵاتێک بوو کە لە کەشی جەنگدا بە جۆرێک خەریکی رێکخستنی خۆی لە دوای ساڵەکانی شۆڕشیش بوو. بەڵام ڕووبەڕووی قەیرانێک بووەوە. کاتێک جەنگ کۆتایی هات، عێراق هێشتا لە ناوچە خاکییەکانی ئێراندا مابووەوە. کەواتە گرنگترین بیرکردنەوەی ئێران چییە؟
گرنگترین بیرکردنەوەی ئێران ئەوەیە کە ئاسایش بۆ خۆی دابین بکات. ئەمە دەتوانێت بیرکردنەوەی راستەقینەی هەر وڵاتێک بێت، هەر وڵاتێک پێویستی بە مانەوەیە و مانەوەش بەبێ ئاسایش بەدەست نایەت. خاڵی دواتر کە هەیە، ئەوەیە کە لە سەردەمی دوای جەنگ گەمارۆکان بەردەوام بوون. سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران (containment) گەمارۆدان بوو
گەمارۆدان هەمان ئەو سیاسەتە بوو کە ئەمریکا بەرامبەر بە یەکێتیی سۆڤیەت گرتیە بەر. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بەپێی سیاسەتی گەمارۆدانی ئەمریکا، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، واتە وڵاتانی ئەوروپا، پشتگیرییان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد. ئێران لە بارودۆخێکدا بوو کە نەیدەتوانی لە دۆخی هاوپەیمانێتیدا بێت. تورکیا ئەندامی ناتۆیە، فەرەنسا ئەندامی ناتۆیە، ئەڵمانیا، کە خانمی باڵیۆز لێرە ئامادەیە، ئەندامی ناتۆیە. ئاسایشی ئەوان ئاسایشێکی بەکۆمەڵە. ئەو کەشەی کە هەیە ئەوەیە کە دەرکی سەردەمی جەنگ هەیە. لە سەردەمی دوای جەنگیشدا دەیەوێت ئاسایش دروست بکات. ژێرخانی ئاسایش دروست بکات. لەم بارودۆخەدا دەبێت چی بکات؟
لە کەشی گەمارۆ و لە کەشی گەمارۆداندا چارەیەکی نەبوو جگە لە "خۆیارمەتیدان"، "سەلف هڵپ".
بۆ خۆیارمەتیدان ئێران چی کرد؟ دەستپێشخەرییەکی گرتە بەر. دەستپێشخەریی ئێران کاریگەریی هاوکارانە بوو لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری.
کاتێک هێزە گەورەکان، ئەکتەرێک لە فەزای کرداری سروشتیدا سنووردار دەکەن و ئەو ئەکتەرە ئەزموونی جەنگێکی هەیە کە هەموو هێزە گەورەکان بە پشتیوانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو سەردەمە مێژووییە، پشتگیریی عێراقیان کردووە، واتە پشتگیریی سەدام حوسێن دەکەن، لەو بارودۆخەدا ئێران ناچارە بگەڕێتەوە بۆ بوارەکانی خۆی، ئێران ناچارە هاوپەیمانێتییەکەی بۆ دروستکردنی ئاسایشی خۆی بگوازێتەوە بۆ گۆڕەپانەکانی دەوروبەر، ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی ئێراندا وەک میحوەری موقاوەمە هاتووە جۆرێک لە سیاسەتی کرداری لۆژیکییە بۆ ئاسایش و بۆ مانەوە.

مەعد فەیاد: مەبەستت لە وڵاتانی دووەم چییە؟

د. ئیبراهیم موتەقی:  قسەی من زۆر ڕوونە. من دیپلۆمات نیم کە وەک خانمی باڵیۆز یان وەک جێگری وەزیری دەرەوەی خۆمان بە شێوەیەکی ناڕوون قسە بکەم. من مامۆستام. بە کاری ڕاگەیاندنەوە سەرقاڵم. سروشتییە، کاتێک ناتوانیت کارلێک لەگەڵ زلهێزەکان ئەنجام بدەیت، واتە زلهێزەکان تۆ دەخەنە دۆخی کۆنترۆڵ و سنووردارکردنەو، کاری وەها بکرێت. ئەکتەرە ناوچەییەکان سیاسەتیان پەیڕەوییە لە کارلێکی زلهێزەکان. لەو دۆخەدا، تۆ ئەزموونی جەنگت هەیە و دەتەوێت بمێنیتەوە. بۆ مانەوە دەبێت هاوپەیمانیەتی دروست بکەیت. هاوپەیمانیەتی لە دیدی ئێران لە کوێدایە؟ بەرەی موقاوەمە، ناوچەی ژێر-نەتەوە،ئەگەر ئەوەش نەبێت دەبێت تۆ بۆ مانەوە گرنگی بە ناوچەی سەروو-نەتەوە بدەیت. ئاگادار بن یان دەبێت تواناکانی دەوڵەت-نەتەوە بەرز بکەنەوە یان لە حاڵەتی پێچەوانەدا، دەبێت ناوچەی ژێر-نەتەوە و ژینگەی دەوروبەر بخەنە ناو بەرنامەی کارتانەوە.
ئێران لە دۆخی ناچاریدا بواری پەیوەست بە بەرگری لە ناوچەکەی خستە ناو بەرنامەی کارەوە. بەڵام بەرگری بۆ چی بوو؟
بەرگری ئێران بۆ ئەوە نەبوو کە جیۆپۆلەتیکێکی نوێ دروست بکات و بیەوێت سیاسەتی هێزی هەبێت. بەرگری ئێران بۆ هاوپەیمانی بوو. ئێوە بیر لە فەزای کوردستانی عێراق بکەنەوە. بەرگری بە وتەی میشێل فوکۆ بوارێکە بۆ کارلێکی ئەکتەرە پەراوێزییەکان. کوردستانی عێراق لە سەردەمی جەنگدا هاوپەیمانی ئێران بوو، لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە شیعەکان هاوپەیمانی ئێران بوون. ئەم هاوپەیمانییە بۆ ناوچە دەوروبەرەکانیش درێژ بووەوە. کێشەی فەلەستین کە جەنابی دیپلۆمات و هاوکارمان ئاماژەیان پێکرد. ئەمە بزانن کە دەوڵەتی فەلەستینی بێجگە لە هاوکێشەی هێز مانای نییە، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە فەلەستینییەکانیش روویان لە ئێران کرد. زۆر کەس دەڵێن سیاسەتی ئێران ئایدیۆلۆژیکە لە کاتێکدا زۆرێک لە مارکسیستە فەلەستینییەکان هاوپەیمانی ئێران بوون.
کەواتە ئەوەی جیهانی رۆژئاوا بە هیلالی شیعە ناوی دەبات، من پێم وایە هیلال و کەوانێکی بەرگرییە. بۆیە کاتێک وڵاتێک دەکەوێتە بەر هەڕەشە، ناچارە کە هاوکێشەی هێز لە ناوچەی دەوروبەر بەرەوپێش ببات. بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥ دا هاوکێشەی هێز گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. هاوسەنگی ناوچەییش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئێران لە ساڵی دوو هەزار و بیست و سێ دەیتوانی رۆڵی هاوسەنگیکاری هەبێت، ئەمڕۆ ئێران ئەم ڕۆڵەی نییە. تورکیا دەتوانێت ئەم رۆڵە بگێڕێت.
نموونەی ئەوە، رۆڵێک بوو کە تورکیا لە پەیوەندی لەگەڵ سوریا و لە پەیوەندی لەگەڵ لوبنان و لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل گێڕای. بۆیە لەو فەزایەی ئێستا کە دروست بووە، لە ڕووی هاوکێشەی هێزەوە ئەوە تورکیایە کە دەتوانێت رۆڵی باڵانسەری هەبێت و هاوسەنگیکاری هاوکێشەی هێز بێت لە ژینگەی ناوچەییدا.
رۆڵێک کە ئێران هەیبێت رۆڵێکی کاریگەرە بەڵام رۆڵێکی ستراتیژی نابێت، ئەم رۆڵە ستراتیژییە لە ساڵی دوو هەزار و بیست و چوارەوە بەرەو تورکیا گواسترایەوە و بە بۆچوونی من تورکیا لە داهاتوودا بەهۆی گێڕانی ئەم جۆرە رۆڵەوە، لە لایەکەوە سیاسەتی هێز پەرە پێدەدات و لەلایەکی ترەوە رووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورەتر دەبێتەوە. باسێک کە هەیە ئەوەیە کە ئایا دابەشکردنی هێز بە شێوەیەکی دیموکراتی دەبێت یان دابەشکردنی هێز بە شێوەی زنجیرەی هەرەمی دروست دەبێت. بۆچی باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ئاماژەی بە باسێک کرد و گوتی کە ئێمە هێشتا بڕیارمان نەداوە. هۆکاری سەرەکی سوریا نییە. هۆکاری سەرەکی تورکیایە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاراستە واتە ئۆریەنتەیشنی تورکیا لە ژینگەی ناوچەیی چی دەبێت.
کەواتە ئێران رۆڵێکی حاشاهەڵنەگری هەبوو. لە فەزای سوریا لە دوو هەزار و بیست و چواردا کردارگەرایی گرتە بەر. واتە ئەگەر ئێران سیاسەتی کردارگەرایی لە ساڵی دوو هەزار و بیست و چواردا نەگرتایەتە بەر، دڵنیام جەنگێکی خوێناوی لە سوریا دروست دەبوو. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە جەنگ لە یازدە رۆژدا کۆتایی هات ئەوە بوو کە ئێران پاش راوێژ لەگەڵ تورکیا، رووسیا و بەشار ئەسەد بەپێی روانگەی پراگماتیستی و کردارگەرایی، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە خۆی لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دوور بگرێت و لە فەزای کارلێکی دیپلۆماتیکدا بەردەوام بێت.

مەعد فەیاد: دکتۆر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی کە بە سیاسەتی ئەمنی ناوتبرد، ئێران یەکەم وڵات بوو کە کونسوڵخانەی کردەوە لە هەولێر، پایتەختی کوردستان، لە هەمان کاتدا یەکەم وڵاتە کە هێرشی موشەکی کردە سەر هەولێر کە تیادا شوێنی نیشتەجێبوون و هاوڵاتی بوونە قوربانیی. پەیوەندی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ ئایا پەیوەندییەکی تەواو و جێگیرە یاخود نا؟


د. ئیبراهیم موتەقی:  دەنگ دێت؟ ئەو باسەی من هەمە ئەوەیە کە سروشتییە ئێران، نمونەی کردار و رەفتاری، پشتگیری کردنی ئەو ئەکتەرانە بووە کە رۆڵێکیان هەبووە لە میحوەری موقاوەمە. شوناسی بەرگری ئێران شوناسێکی مێژووییە. ئەگەر تەماشای مێژووی ئێران بکەی، دەبینی کە هەمیشە ئێران سەنتەری پشتیوانی کردن بووە لەو ئەکتەرانەی کە بە هەرحاڵ دەیانویست ئێران رۆڵی پشتگیریکردنی ئەوانی هەبێت. داهاتووی کرداری پەیوەندی ئێران لە فەزای ناوچەیی، بە بۆچوونی من و لە فەزای ناوخۆی خۆیدا، ئەوەیە کە دیموکراتی تر، هاوکارانەتر دەبێت و بە ئاراستەی جۆرێک لە بەشداری فرەلایەن دەڕوات.

مەعد فەیاد: ئایا هێرشی موشەکی بۆ سەر هەولێر بەشێکە لە سیاسەتی پاڵپشتیکردنی دیموکراسی؟ پاڵپشتیکردنی ناوچەکە؟

د. ئیبراهیم موتەقی:  سەیرکە! بە قسەی باو، لە هەندێک حاڵەتدا وڵاتان بەهەڵە لە بارودۆخەکان تێدەگەن. من مامۆستایەکم، رێبازی ستراتیژیشم هەیە. ئەگەر داوای راوێژ لە من بکەن، من بە راشکاوی دەڵێم کە هەرگیز نابێت هەولێر یان ناوچەکانی تری هەرێم لە دۆخی کرداری هێرشبەرانەدا بن. کاتێک ئێمە ئەم فەزای پەیوەندییە گەرموگوڕەمان لەگەڵ دەوڵەت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، زۆربەی کێشەکان دەکرێ لە رێگای دیپلۆماتیکەوە چارەسەر بکرێن. بەڵام ئەمە لەبیر نەکەن، هەندێک جار لایەنە سەربازییەکان نموونەی کرداری تاکتیکی هەڵدەبژێرن، من وەک مامۆستا ناتوانم پشتگیری لەم جۆرە کردارانە بکەم. بۆچی؟ چونکە رێگای جێگرەوە هەیە. بۆ چارەسەرکردنی کێشە نابێت لە خراپترین ئامڕاز کە ئامڕازی سەربازییە کەڵک وەربگیردرێت.

مەعد فەیاد:  کوردەکان ئازابوون و زۆر قوربانییان داوە بۆ شەڕکردن دژی تیرۆر (قاعیدە و داعش و ئەوانی تر) چ لە هەرێمی کوردستان بێت یان رۆژئاوا و ناوچە کوردییەکان، لە رووی ستراتیژییەوە ئەوە چی دەگەیەنێت بۆ فەرەنسا؟

پاسکاڵ ئوسێر: سەرەتا پێموایە ئەوەی هاوکارەکانم باسی دەکەن زۆربە باشی دەستێوەردانی داهاتووی زلهێزەکانی ناوچەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەردەخەن، و زلهێزەکانیش زۆر زیاتر ئامادەی ئەمەن چونکە هەست دەکەن ئاسایشیان لە دەرەوەی سنوورەکانیان لە مەترسیدایە.  خاڵی سەرەکی من یان روانگەی من ئەوەیە کە زلهێزە ئیقلیمییەکان لە داهاتوودا ئازادیی زیاتریان دەبێت لە کرداردا وەک لە رابردوودا. 

بە سەیرکردنی شێوازی ێتڕوانینی فەرەنسا، من پێموایە خەمی سەرەکی بۆ فەرەنسا و بۆ وڵاتانی ئەوروپی، لەڕوانگەی منەوە، ئەوەیە کە ناسەقامگیری لەم ناوچەیەدا بۆ هەمووان خراپ دەبێت- خراپ بۆ وڵاتانی پەیوەندیدار، خراپ بۆ ناوچەکە و لە کۆتاییدا خراپ بۆ ئەوروپا و فەرەنسا. ناسەقامگیری دەبێتە هۆی کۆچکردنی خەڵک لە وڵاتەکانیان و کێشەی ئابووری و کێشەی وزە و چەندین ئاڵۆزی دیکە، وەک چۆن لە ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا کۆچیان کردووە، هەروەها تێکەڵکردنی گرژییەکانی ناو کۆمەڵگاکانمان بووەتە پرسێکی گرنگ، ئەمەش بە تایبەتی لە ئەوروپادا شوینەواری هەیە، کەلەم ولاتانەدا، کورد و عەرەب و گەلی جولەکە و تورک و ئەوانی ترمان هەیە؛ بۆیە دانیشتووانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکان.

کەواتە وەکو فەرەنسییەک پێشنیاری من بۆ سەقامگیری و پەرەپێدانی ئەم هەرێمە چیە؟ تێڕوانینی من، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئەوەیە کە لەم جیهانە نوێیەدا کە ئابووری تاکە هێزی بزوێنەر نییە و جیۆپۆلەتیک گەڕاوەتەوە سەر شانۆ، چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی کلیلە، یەکێک لەو سەختییانەی کە عێراق و سووریا و لوبنان رووبەڕووی دەبنەوە- لوبنان نموونەیەکی تەواو و بێ کەموکوڕییە- ئەوەیە کە ئەوان بەتەواوی دەوڵەتی نەتەوەیی نین. ئەم وڵاتانە بەڕوونی وەک دەوڵەتی نەتەوەیی پێناسە ناکرێن، ئەمەش لاوازیان دەکات و بەرەو رووی ململانێی دەسەڵات لە نێوان وڵاتانی دراوسێدا دەیانبات.

بۆیە پێشنیاری من ئەوە دەبێت کە هەوڵ بدرێت هەستی یەکگرتوویی لە عێراقدا پەرە پێبدرێت. دۆخی لوبنان خراپە؛ کاتێک دەبینیت لوبنان لە دەوڵەتێکی یەکگرتووەوە چی لێهات، ئەوە جێگەی نیگەرانییە. تەنانەت نازانم کە ئایا لوبنان هێشتا دەتوانرێت بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی هەژمار بکرێت و پێموانییە بتوانرێت. زۆر ئەستەمە بۆ لوبنان بتوانێت وەک دەوڵەتێک، وەک نەتەوەیەک، یان تەنانەت وەک وڵاتێک بژی.

ئەمە بۆ وڵاتێکی گەورەی وەک عێراق کابوسێک دەبێت کە لەوانەیە دۆخێکی هاوشێوەی سیناریۆی لوبنانی هەبێت. مەبەستی من ئەوەیە کە هەوڵەکان بە شێوەیەکی پێشکەوتووانە بدرێن، وەک پێشتر  وەزیرو-سەرۆک و سەرۆکوەزیران پێشنیاریان کردبوو، پەروەردەکردنی رۆحی یەکێتی ویەکگرتوویی زۆر گرنگە چونکە ئەم یەکڕیزییە پێویستە بۆ ئەوەی ئەم وڵاتانە رووبەڕووی سیاسەت و ستراتیژی دراوسێکانیان ببنەوە.

مەعد فەیاد:زۆر سوپاس بۆ هەمووتان، سوپاس بۆئامادەبوونتان، بەڕێز ئوسێر، موزەفەر، د. ئیبراهیم موتەقی.

January - 2025
Sunday
26
03:30 PM
-
04:10 PM
February - 2025
Wednesday
26
03:30 PM
-
04:10 PM
Share this Post

چالاکی