پانێڵی 02: حکومەتە رۆژئاواییەکان و پرسی پاراستنی مافی کەمینەکان لە سووریای دوای رژێمی ئەسەد
20-03-2025
دلبخوین دارا: هەمووتان بەخێر بێن، لەم پانێڵەدا باسی رەوشی پێکهاتەکانی سووریا دەکەین، پاش تێکشکانی رژێمی ئەسەد لە ٨ی ١٢/ ٢٠٢٤. ئێوە دەزانن پێکهاتەی سەرەکی پاش عەرەب لە سوریادا کوردەکانن، کورد پێکهاتەی دووەمن لە سووریادا و لە سەدا ١٥ی دانیشتوانی سووریا پێکدەهێنن، واتە نزیکەی سێ تا چوار ملیۆن کورد لە سووریادا هەن. جوگرافیا و نفوزی ئەوان وەکو دەزانن جوگرافیایەکی زۆر تایبەتە، لە عەفرین تا دێریک، دێریکی حەمکۆ لەسەر سنووری باشووری کوردستان.
ئەم پانێڵە بەمیوانداری هەریەک لە بەڕێزان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، خانم کریستیان هۆمان و بەڕێز سیامەند حاجۆ، بەڕێوەبەری بزوتنەوە یان ئۆفیسی بەرەی کوردستانی سووریا بەڕێوەدەچێت، هەردووکتان بەخێربێن و ئێوەش میوانانی رووداو بەخێربێن.
دلبخوین دارا: خانم، باڵیۆزی ئەڵمانیا، سەرەتا من دەمەوێت لەبارەی ستراتیژی ئەڵمانیا لەڕووی ئەم حکومەتە نوێیەی سووریا کە تازە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع پێکهاتووە پرسیار بکەم، ستراتیژی ئەڵمانیا لە بەرامبەر ئەو پێکهاتانەی لە سووریا دەژین چییە؟
کریستیان هۆمان: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم. هەر لە سەرەتاوە وەکو لە ناونیشانەکەوە دەزانن من شارەزای باڵای سووریا نیم لە حکومەتی ئەڵمانیا، تەنیا لەبەرئەوەی من باڵیۆزی ئەم وڵاتەم. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەوڵدەدەم ئەو پرسانە بخەمەڕوو کە تازە هاتوونەتە ئاراوە.
پێموایە گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەمە بەتەنیا رێبازێکی نیشتمانی ئەڵمانیا نییە، بەڵکوو رێبازێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەتایبەتی وڵاتانی ئەندامیش لە یەکێتی ئەوروپا، لەگەڵ وڵاتانی هاوبەشی دیکەشدا. سەرەتا و پێش هەموو شتێک دەمەوێت پیرۆزبایی لە گەلی سووریا بکەم کە ئێستا دەرفەتێکی گەورەیان لەبەردەمدایە، سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی تەگەرەی گەورەش دەبنەوە. دیکتاتۆر نەماوە، بەڵام ئێستا پرۆسەی زۆر سەختی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی سووریایەکی مۆدێرن و دیموکراسی دێت- سووریایەک کە وەک ئاماژەت پێدا، هەموو ئەندامێکی کۆمەڵگەی سووریا لەخۆبگرێت؛ دەوڵەمەندی سووریا فرەچەشنییەکەیەتی و کە چەندین ئایین و کەمینە نەتەوەیی هەن و پێویستە هەموویان بەشداربن.
هەروەها، ئەمە پرۆسەیەکی هەمەلایەنەیە، کە پێویستە هەمووان قسەیان هەبێت لەسەر ئەوەی کە سوریای داهاتوو چۆن دەبێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە گفتوگۆی نیشتمانی زۆر گرنگە- کە ئامانجی بەشداریکردنی هەموو ئەکتەرەکانە. پێویستە هەموویان قسەیان هەبێت و بتوانن بەشداری تێدا بکەن.
لە کۆتاییدا، ئەوە پەیوەستە بە گەلی سووریا - هەر لەبەر ئەمەشە ئەو پرۆسەی بەشداریکردنەی کە ئێستا لە دروستکردندایە زۆر گرنگە. ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە لە کۆنفرانسی پاریس سەبارەت بە سووریا بڕیاری لەسەر درا، دەبینیت کە گشتگیری و هەمەچەشنی یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکان لە بڕیارەکاندا کە چۆن دەتوانین پشتیوانی لە سووریایەکی هەمەچەشن لە داهاتوو بکەین.
ئاستەنگەکان یان تەحەدییەکان زۆرن، بۆیە پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاوە و، بێگومان پرۆسەیەکی مەرجدارە. وەک دەزانن وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ئەم دووشەممە هەنگاوی گرنگیان ناوە سەبارەت بە هەڵگرتن یان راگرتنی هەندێک لە سزاکانی سەر سووریا بۆ یارمەتیدانیان لە بنیاتنانەوە و برەودان بە گەشەی ئابووری، چونکە تاوەکو ئابوورییەکی کارات نەبێت، شتێکی کەم دەتوانیت لە بنیاتنانی دەوڵەتدا بکەێت. پێویستیشە کار لەسەر ئابووری وڵات بکرێت. ئەگەر شتەکان بە ئاڕاستەی سووریایەکی گشتگیر نەڕوات، ئەگەری گەڕاندنەوەی سزاکان زۆر بە خێرایی هەیە.
دلبخوین دارا : زۆرباشە، پرسیارێکی دیکە، بۆ نموونە ئێستا هەرچەندە شەڕلە ناوچە کوردییەکانی سووریا وەک پێشوو نییە، بەڵام هێشتا هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەسەر بەنداوی تشرین هەن و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە". هەروەها، تورکیاش پشتگیری ئەم گرووپە چەکدارانە دەکات؛ ئەمە لەکاتێکدا هەسەدە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دایە کە فەرەنسا، ئەمریکا و زۆر وڵاتی دیکەی ئەورووپا ئەندامن تێیدا، ئێوە وەک هاوپەیمانی هەسەدە لە شەڕی دژی داعش، چۆن دەتوانن رێگری لەو هێرشانە بکەن، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کورد؟
کریستیان هۆمان: ئەوە تەگەرەیەکی گەورەیە، ئێمەش چالاکانە لەوێ لە مەیدانەکە بەشدار نین. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان ئەوەیە کە دڵنیا بیت لەوەی کە پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر کە هەموو ئەکتەرەکان تێیدا بەشدارن هەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانیت رێککەوتنیک کە لەبەرژەوەندی هەمووان بێت بدۆزرێتەوە.
هەروەها، من تۆپێکی بلوریم نییە کە پێم بڵێت دوو یان سێ مانگی دیکە چی ڕوودەدات. ئەمە پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاوە و، پێویستە بزانین دەوڵەت چۆن دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی جێبەجێدەکات، کە ئەمەش بەشێکە لە دانوستانەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەرچەندەش پرۆسەیەکی دیکەی هاوتەریبیش هەیە، بەڵام دیسانەوە، کاری هاوبەشی تێدایە.
دلبخوین دارا: زۆرباشە، کاک سیامەند، ئێوە زۆر جەخت لەسەر پاراستنی مافی کەمینەکان یان پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا دەکەن، بۆ نموونە وەک کورد کە پێشتر باسم کرد ژمارەیان بە لایەنی کەمەوە چوار ملیۆنە لە سووریا. با وا دابنێین واتە جگە لە کوردانی لازقیە و کوردانی حەما و حمس و شام و دەرعا و دێرەزوور و رەققە و ئەوانی دیکە، هەرچەندە دکتۆر ئازاد دەڵێت دێرەزوور کوردستانە و نازانم چەند جار گوتوویەتی دێرەزوور کوردستانە و ناوەکەیشی کوردییە، بەڵام بە هەر حاڵ. ئایا ئەو بڕوایەتان هەیە کە فیدراڵی بە تەواوی دەتوانێت مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا بپارێزێت؟
سیامەند حاجۆ: دەزانیت ئێمە دەبێت تێبگەین کە فیدراڵی مافەکانی کورد دەپارێزێت. هەروەها، فیدراڵی بە بڕوای من بەرژەوەندی گشتی سووریا دەپارێزێت. فیدراڵی چییە؟ فیدراڵی دەڵێت دەبێت دەسەڵات دابەش بکرێت و کێشەی سەرەکی سووریا ئەوە بوو کە سووریا لەو کاتەوەی دروست بووە دەسەڵات لە دەستی گرووپێکی بچووک دا بووە و سووریایان بەڕێوە بردووە و بڕیاریان داوە، بەڵام فیدراڵی دەڵێت بڕیارەکان لە ئاستێکی نزم وەربگیرێن، ئاستی هەرێمی، ئاستی ناوچەیی، ئاستی گوندەکان، ئاستی شار، ئەمە زۆر گرنگە، ئەوە نەک تەنیا بۆ کورد باشە، بەڵکوو بۆ گشت پێکهاتەکانی سووریا باشە.
بۆ نموونە، پێویستە قوتابخانەیەک دروست بکرێت، خەڵکی دێرەزوور باشتر دەزانن لە کوێ ئەم قوتابخانەیە دروست بکەن، نەک خەڵکی شام، ئێمە دەبێت سووریا بگەڕێنینەوە بۆ هاوبەشیکردن، کە فیدراڵی نەک تەنیا بۆ کورد گرنگە، بەڵکو فیدراڵی بۆ هەموو سووریا پێویستە و گرنگە، چونکە دەسەڵات دەداتە هەموو وڵات.
فیدراڵی شێوازی جیاوازی هەیە، واتە هەر ناوچەیەک خۆی شێوازی فیدراڵیەکەی دیاری دەکات، ئێمە دەزانین فیدراڵی ئەڵمانیا جیاوازە لە وڵاتانی دیکە و فیدراڵی وڵاتانی وەک سویسرا، ئەمریکا و هیندستانیش جیاوازە. بۆیە پێویستە بەپێی مێژووی وڵات و ئەو قۆناخەی تێیدا تێپەڕیووە، شیوازی فیدراڵیەتەکەی دیاری بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە دابمەزرێنێت. وەک گوتم، لە سووریا دەسەڵات لە دەستی گرووپێکی بچووک دا بوو، ئێمە دەبێت چی بکەین، ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین ئەو دەسەڵاتە دابەش بکەین.
نموونەیەکی سەرنجڕاکێش، فیدراڵی ئەڵمانیا، باڵیۆزی ئەڵمانیا لێرەیە ودەتوانێت بڵێت بۆچی ئەڵمانیا بووە فیدراڵی؟ هەردوو پارتە سەرەکییەکە، پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی کریستیان دیموکرات، ویستیان ئەڵمانیا بگەڕێتەوە بۆشێوازی کار و بەڕێوەبردنی پێشوو، نەیاندەویست ئەڵمانیا فیدراڵی بێت، بەڵام ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، سەپاندیان. بۆ فیدراڵیش گوتیان دەبێت ئێمە بتوانین لە ئەڵمانیا دەسەڵاتەکان دابەش بکەین چونکە ئێمە دەزانین ئەڵمانیا بووە هۆی دەستپێکردنی جەنگی جیهانی، لەبەر ئەوەی گرووپێکی بچووک دەسەڵاتیان خستبووە دەستی خۆیان. راستە لە سووریا جەنگێکی جیهانی دەستی پێ نەکرد، بەڵام ئەو دەسەڵاتە کە لە دەستی گرووپێکی بچووک دابوو بووەهۆی کارەسات، لەبەرئەوە پێویستە ئێمە بتوانین دەسەڵاتەکان دابەش بکەین و فیدراڵیش ئەمەمان بۆ دەکات. لە لایەکی دیکەوە، فیدراڵی مافی کوردان دەپارێزێت، لەبەر ئەوەی متمانە بوونی نییە.
ئەو دەسەڵاتدارانەی پێشوو، ئەو کەسانەی هاتنە سەر دەسەڵات، هەر دەڵێن یەکسانی هاوڵاتیان، بەڵام یەکسانی هاوڵاتیان و دیموکراسی مافی نەتەوەیەک ناپارێزێت. ئەگەر بەڕاستی یەکسانی هاوڵاتیان هەبێت، بەڵام دیسانیش گەرەنتی بەکارهێنانی زمان بۆ ئێمە وەک کورد زۆر گرنگە و ئایا وڵاتانی دیموکرات گەرەنتی دەدەنە ئەم گرووپانە، ئەو گرووپانەی لە مێژوودا زەحمەتیان دیووە، ناهەقیان بەرامبەر کراوە، ئەمە لەکاتێکدا بۆ نموونە، زۆربەی وڵاتانی دیموکرات، کۆتایان هەیە بۆ ژنان.
لەلایەکی دیکەوە، چاکسازی و یەکسانی هەیە لە نێوان ژن و پیاو، بەڵام دەڵێن لەبەر ئەوەی پیاوان بڕیار دەدەن و ژنانیش پێش ناکەون، پێویستە کۆتا بۆ ئەوان هەبێت. کێشەی کوردی سووریا هەربەهەمان شێوەیە. ئێمە سەیری بەڕێوەبەرایەتی عەرەبی لەسوریا بکەین، دەبینین، هەر دەزگایەک کە دامەزراوە، ژمارەی کورد تێیدا زۆر کەمە. بۆ نموونە سەیری لیژنەی دەستوور لە جنێف بکە، لەکاتی دانوستاندا، لە چل و پێنج کەسی ئامادەبوو لە جنێف تەنیا یەک کەس کورد بوو. بەهەمان شێوە ئەو کەسانەی تازە هاتوونەتە سەر دەسەڵات و حکومەتێکی کاتییان دامەزراندووە، حکومەتەکەیان یەک کوردی تێدا نییە. کۆنگرەی نەتەوەیی کە کرا، لە شەش سەد کەس، تەنیا شەش کورد ئامادە بوون. ئەمانە چیمان پێی دەڵێت، پێویستە گەرەنتی دەستووری بۆ ئێمە هەبێت، و بە بڕوای من فیدراڵییە و بە دڵنیاییەوە فیدراڵی دەتوانێت ئەم گەرەنتییە بداتە کورد.
بۆ نموونە هەرێمێکی یەکگرتووی کوردی کە ئێمە بەڕێوەی ببەین و لە دەستووردا پارێزراوبێت، بەڵام بە بڕوای من فیدراڵی تاقە رێگایەکە کە کوردی سووریا بگاتە مافەکانی خۆی. دەکرێت هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی کوردی هەبێت، بۆ نموونە لە ئیتالیا پێنج هەرێمی ئۆتۆنۆمی هەن و ئیتالیاش وڵاتێکی ناوەندییە، ژمارەیەکی زۆر لە سووریا دەڵێن واقیعەکە وا دەخوازێت سیستەمێکی ناوەندی بێت، بەڵام ئەمە کێشە نییە و دەتوانین هەرێمی زمانی زۆرینەمان هەبێت کە دەکرێت شام بەڕێوەی ببات و ناوەندی بێت، بەڵام پێویستە هەرێمی ئۆتۆنۆممان هەبێت و کوردان ئەم داوایە دەکەن. هەروەها، گرووپی دیکە لەسووریادا وەکو عەلەویەکان، کە دەڵێن ئێمە دەبێت مافەکانمان بپارێزرێت.
لەڕاستیدا، دەکرێت هەرێمێکی ناوەندیمان هەبێت، بەڵام دەشکرێت سێ بۆ چوار هەرێمی ئۆتۆنۆمیشمان هەبێت، هەرچەندەش من وای نابینم بەڕاستی ئەم گرووپەی کەوا ئیستا لە دەسەڵات دان بتوانن ئەم لێکتێگەیشتنە بکەن، چونکە بۆچوونەکانیان دوور نین لە بۆچوونەکانی حیزبی بەعس کە دەیەوێت یەک رەنگی عەرەبی هەبێت کە ئەوانیش هیچ دانپێدانانێک بە بوونی کورد دا نانێن.
هەروەها، ئەو کەسانەی تازە هاتوونەتە سەر دەسەڵات، لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی کوردی دانەنیشتوون، بەڵکو تەنیا بزووتنەوەی سیاسی کوردی چاوی بەوان کەوتووە. ئەحمەدی شەرع وێنە لەگەڵ کەسێکی عەرەب کە تیکتۆکچیە و وێنە لەگەڵ کەسی دیکەی ناودار دەگرێت، بەڵام تائێستا، پێشوازی لە هیچ کوردێک نەکردووە، نە سیاسی و نە چالاکوان، و ئەمەش نیشانمان دەدات کە دەیانەوێت کوردی سووریا لە پرۆسەی سیاسی دوور بخەنەوە.
دلبخوین دارا: باشە کاک سیامەند، شەرع، پێشوازی لە هیچ کوردێک نەکردووە، ئەو کوردانەی کە چوونەتە شام لەگەڵ هەندێک بەرپرس کۆبوونەتەوە، بەرپرسانی خوارتر، نەک بەرپرسانی ئاست بەرز، ئایا کێشەکە لای کوردەکانە، واتە کوردەکان ئامادە نین بۆ دانوستاندن لەگەڵ شام، یان بەڕاستی شام نایەوێت مامەڵە لەگەڵ کورد دا وەک نەتەوە بکات؟
سیامەند حاجۆ: هەردوولا، زۆر شاندی کوردی تائیستا چونەتە شام و لەگەڵ شەرع دانیشتوون، تەنانەت مەزلوم عەبدی دانوستاندنی کردووە، دانیشتنی کردووە، بەڵام با سەیر بکەین و بزانین کە شەرع نایەوێت لەگەڵ کوردەکان دا دەربکەوێت، وەک پێشتر وتم وێنەی خۆی لەگەڵ هەر کەسێکی دیکە دەگرێت و بڵاودەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ مەزلوم عەبدی وێنەی نەگرتووە، ئەمە نیشانەیەکە کە ئەگەر دانوستانی کوردی بۆئەوان شتێکی گرنگ بێت ئەوا بەم شێوەیە بەخێرهاتنیان ناکات.
بەڕاستی ئەوان لە بیرو باوەڕیاندا کێشەیان لەگەڵ کورد دا هەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئێمەی کورد خۆشمان کەموکورتییەکی گەورەمان هەیە، کاتێک شەڕی رزگارکردنی شام دەستی پێکرد لەماوەی دوو مانگ دا توانییان، شام بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، سێ چارەکی سووریا بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، و حکومەتێکی کاتی دروست بکەن، و هەروەها توانییان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی رێک بخەن، بەڵام ئێمەی کوردی سووریا و پارتە سیاسییەکانیشمان نەیانتوانی دانیشن و بڵێن ئێمە چیمان لە دەسەڵات دەوێت، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، بزووتنەوەی سیاسی کوردی بە هەر حاڵ لەمێژە دەبێت شاندێکی کوردی یەکگرتوو بنێرن کە سیاسەتێکی روونی بۆ شام هەبێت و هەوڵی گفتوگۆ بدەن لەگەڵ ئەو گرووپە نوێیەی هاتوونەتە سەر دەسەڵات، بەڵام ئێمە نەمانکردووە و ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە لە بزووتنەوەی سیاسی کورد لە سووریا دا.
بیرم دێت کاتێک شۆڕشی سووریا دەستی پێکرد، بزووتنەوەی سیاسی کوردی توانیبوویان بە کاتێکی کەم کۆ ببنەوە، و دیدێکی سیاسی هاوبەش، دەزگایەکی کارگێڕی، دروست بکەن و بەرنامەیەک دابڕێژن، بەڵام لەدواتریشدا گرووپی نوێ دەرکەوتن لەکاتێکدا تەنیا دوو گرووپی سەرەکی هەبوون تاوەکو ئەمڕۆ. گرنگترلەو سەردەمەی سەرەتای شۆڕش، ئەمڕۆ دەسەڵاتێکی نوێ هاتووە، ئەمڕۆ سووریا بڕیار دەدات داهاتووی سووریا چی بێت و ئێمەی کوردی سووریا ناتوانین دیدێکی سیاسی روون پیشان بدەین. بە بڕوای من هەردوو گرووپە سەرەکییەکە، ئەنجومەنی نیشتمانی و PYD بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیان هەیە و من تێناگەم بەڕاستی بۆچی بەرژەوەندی کوردی سووریا لە یەکتر جیا دەکەنەوە، هەردوو گرووپەکە لەمێژە دەبوایە رێککەوتنێکی سیاسییان کردبا و لەسەر دیدێکی سیاسی رێککەوتبان، تائێستا ئەمە نەبووە و من نابینم لە داهاتووشدا ئەمە رووبدات.
دلبخوین دارا: زۆر باشە، بەڕێز باڵیۆزی ئەڵمانیا، ئێوە چۆن سەیری داهاتووی سووریا دەکەن، واتە ئێوە چۆن لە داهاتوودا مامەڵە لەگەڵ سووریا دەکەن؟ ئێوە ئەم حکومەتەکەی شەرع چۆن دەبینن؟ لە داهاتوودا ئێوە چۆن لەگەڵ ئەم حکومەتە مامەڵە دەکەن؟ بۆ نموونە تائێستا ئێوە باڵیۆزخانەی خۆتان لە شام نەکردووەتەوە، هۆکارەکەی چییە؟
کریستیان هۆمان: ئەوەی هەیە هەموومان بینیومانە، ئێمە گوێ لە راگەیاندنەکان دەگرین. هەروەها، گوێ لە پلانە سیاسییەکان دەگرین. بەڵام من یەکەم کەس نیم کە دەیڵێم - ئەمە دەبێت کردار بەدوای خۆیدا بهێنێت. راگەیاندن شتێکە، و جێبەجێکردنی شتێکی دیکە. پرسیاری راستەقینە ئەوەیە: ئایا ئەوەی راگەیەندراوە بەڕاستی جێبەجێ کراوە؟ پرۆسەی گشتگیر زۆر گرنگە و ویستم هێما بۆ ئەو شتانە بکەم کە تۆ تازە ئاماژەت بۆ کرد، تاوەکو کەمینەکان بەهێزتر و بە دەنگێکی یەکگرتوو قسە بکەن، زیاتر گوێیان لێدەگیرێت. قەبارەی کەمینەکان جیاوازە، مەترسیش هەیە یەکێکیان گەورەتر بێت و یەکێکیان بچووکتر بێت، بۆیەش رێک بەم شێوەیە لەم جۆرە پرۆسە سیاسیانەدا دەتوانیت زیاتر خۆت بسەپێنیت.
هەروەها، من دەزانم کەوا ئەمە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام یەکێکە لەو رۆڵانەی کە ئێمە وەک ئەکتەری بیانی دەیگێڕین. ئێمە نەک هەر گوێ دەگرین بەڵکوو بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ دیاسپۆرا کاردەکەین، چونکە رۆڵێکی گەورەیان هەیە. هەروەها، بێگومان پێویستیمان بە بەشداری ئێوە هەیە بۆ پشتگیریکردن لە کۆدەنگییەکی سیاسی تا ئەو جێگایەی کە دەتوانرێت فراوان و گشتگیر بێت، بۆ دروستکردنی سوریایەکی کە جێگەی پێکەوەژیان بێت لە داهاتوو دا.
پرۆسەی گشتگیر پێویستە بۆ بنیاتنانی ئابووری و سیستەمی سیاسی - سیستەمێک کە گەلی سووریا هەست بە نوێنەرایەتی خۆی بکات و هەست نەکات کەوا لێی بەدەر کراوە یان پەراوێز خراوە. گەلی سووریا بۆخۆی بژارەکان هەڵدەبژێرێت، ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین، بەڵام دەتوانین گوێگرێکی باشی نیگەرانیەکانیان بین، یارمەتیدەری پلانەکانی داهاتووتان بین و دەیانەوێت چی بکەن.
دلبخوین دارا: شتێکی دیکە بۆ نموونە، ئێوە هێشتا ئەحمەد شەرع- تان لە لیستی تیرۆر دەرنەهێناوە و تائێستا ئەحمەد شەرع و زۆرلە فەرماندار و وەزیرەکان کە لەحکومەتی نوێی سوریادان لەلایەن ئەڵمانیا، یەکێتی ئەورووپا، و ئەمریکا، لە لیستی تیرۆردان. هەروەها، هەم فەرماندە سەربازییەکان و هەم فەرماندارانی هەیئە تەحریری شام، هەموویان تیرۆریستن بەڵام ئێوە بە فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دا دەکەن. تۆ چی دەڵێیت لەسەر ئەم بابەتە، لە لایەکەوە تیرۆریستە و لە لیستی تیرۆریش دەریان ناهێنن، لە لایەکی دیکەشەوە ئێوە وەک کەسێکی ناتیرۆریست مامەڵەی لەگەڵ دا دەکەن، هۆکارەکەی چییە؟
کریستیان هۆمان: ئێمە رێبازیکی گشتگیرمان هەیە و بۆیە هیچ لیستیکی بەناو نیشتیمانی نیە و هیچ لیستێکی تیرۆیستی ئەڵمانی نیە، بەڵکوو لیستێکی تیرۆری ئەوروپی هەیە کە پێویستە یەکێتی ئەورووپا بڕیاری لەسەر بدات و ئەمەش کاتی پێویستە و ئاسان نابێت. بەڵێ گوێ دەگرین و دەبیستین، بەڵام دەمانەوێت ئەو کردارانەش ببینین کە وەک پێشمەرجێک بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو دانراوە بۆ کار کردن. وەک باسم کرد، گوێمان لە راگەیاندنەکان دەبێت، بەڵام دەمانەوێت بەڵگەی ئەو کارانەش لە واقیعدا ببینین. ئێمە هاوبەشی ئەو رێبازە گرنگەین کە هاوبەشەکانی ناوچەکەش دەیگرنەبەر. ئێمە دەمانەوێت بزانین ئەم پرۆسەیە بەرەو کوێ دەڕوات. ئایا بەڕاستی بەو ئاراستەیە دەڕوات کە راگەیەندراوە؟ هەربۆیەش ئێمە زۆر کونجکۆڵین تا بزانین چی لە گفتوگۆی نیشتمانی دا روودەدات، چونکە ئەوە توخمێکی سەرەکییە لە پێشخستنی وڵات دا.
ئایا ئێمە دەچینە ناو پرۆسەی دەستوورییەوە بۆ دروستکردنی دەستوورێکی نوێی دیموکراسی؟ ئەی هەڵبژاردن و هتد؟ ئێمە لە قۆناخێکی گواستنەوەی زۆر سەختداین، کە هێشتا هیچ شتێک بەجێگیریی دانەنراوە. کەواتە هەڵوێستەکانمان جێگیر نین و دەگۆڕێن، بەڵام ئێمە بە هەر دوو باردا کاردانەوەمان دەبێت و ئەوەش بەندە بەوەوە کە بە کردەوە روودەدات.
دلبخوین دارا،: باشە، زۆر سوپاس، ئیستا دەتوانین بچینە لای پرسیارەکانی ئامادەبووان، من سێ پرسیار وەردەگرم.
پرسیار و وەڵام:
پرسیاری یەکەم: سوپاس بۆ تۆ خاتوون، باڵیۆزی ئەڵمانیا، ئێمە دەزانین کە ئەڵمانیا یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی یەکێتی ئەورووپا و خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزە. بەهەر هۆکارێک بێت، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریا بکشێتەوە، هەڵوێستی ئەڵمانیا یان یەکێتی ئەورووپا چی دەبێت؟ ئایا هێزەکانی سووریای دیموکرات بە تەنیا جێدەهێڵن و رێگەیان پێدەدەن بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەفروتونا بکرێن لەلایەن تورکیا و حکومەتی نوێی سووریاوە، سەرەڕای پاشخانی ناسراوی حکومەتی سووریا؟
پرسیاری دووەم: سوپاس بەڕێز باڵیۆزی ئەڵمانیا، سەرەتا من لێکۆڵەرم لە بواری ئابووری سیاسی دا. ئەگەر کورتەیەک لە لێدوانەکانتان سەبارەت بە دۆخی سووریا بخەمەڕوو، دەمەوێت بپرسم: ئایا ئێوە وەک ئەڵمانییەکان پێتان وایە لە چوارچێوەی ئێستای سووریادا پێویستمان بە "پرۆژەی بەرلین - بەغداد "ی نوێ هەیە؟
پرسیارێکی دیکەم، لەکاتی بەراوردکردنی دۆخی سووریا لەگەڵ دوو سەدە لەمەوبەر، تێبینی ئەوە دەکەین کە زۆربەی ململانێکانی ئەو کاتە یان چارەسەر کراون یان کاریگەرییەکی جیۆپۆلەتیکی جیاوازیان لەسەر هەبووە. گرنگی جیۆپۆلیتیکی سووریا هەمیشە لە ئاستی جیهانیدا بەرچاو بووە. بەڵام بارودۆخی ئەمڕۆ بەهۆکاری جیاواز و ئابووری، زۆر جیاوازە، لە سووریا هەم زلهێزی ناوچەیی و هەم زلهێزی جیهانی بەشدارن کە دانوستاندان لەسەر مافی کەمینەکان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دەکەن.
ئایا ئەڵمانییەکان پێیان وایە کە رێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستیان بە چاکسازی هەیە بۆ ئەوەی باشتر چارەسەری ئەو جۆرە پرسانە بکرێت؟ ئایا بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی دوای جەنگی سارد پێویستە رێسای نێودەوڵەتی نوێ بۆ سووریا هەبێت؟ جگە لەوەش، ئایا پێتوایە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان فراوان بکرێت بۆ ئەوەی وڵاتانی نوێ بگرێتەوە یان رێسای نوێ دابنرێت بۆ ئەوەی باشتر پاراستنی مافەکانی کەمینەکان لە سوریادا مسۆگەر بکرێت؟
لە کۆتاییدا، وەک جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق راستەوخۆ بەشداری دانوستانەکان نەبووە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانێت رۆڵ لە هەوڵەکانی بنیاتنانی ئاشتیدا بگرێتە ئەستۆ. بە سەرنجدان بەوەی کە حکومەتی هەرێم خاوەنی دامەزراوە و پەرلەمان و حکومەتی خۆیەتی و بە بەراورد لەگەڵ سەدەکانی پێشوو گەشەی ئابووریی بەخۆیەوە بینیوە، چۆن حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشداری بکات لە بنیاتنانی ئاشتی؟ لە چ روویەکەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانەوەی چوارچێوەی مافی مرۆڤ بۆ هەموو کەمینەکان، بەتایبەتی لە رێگەی گەشەی ئابوورییەوە؟
پرسیاری سێیەم: پرسیارەکەم بۆ کریستیان هۆمان، سوپاس بۆ گفتوگۆکەت. ئێمە دەزانین کە ئەڵمانیا ژمارەیەکی بەرچاو لە پەنابەری وەرگرتووە لە سەردەمی ئەنجێلا مێرکڵ راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا. ئێستا لەکاتێکدا حکومەتی ئەڵمانیا ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی بەشێک لەو پەنابەرانە گرتووەتەبەر، چ پێوەرێک بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی بزانرێت وڵاتێک بە سەلامەت دادەنرێت بۆ گەڕانەوەیان؟ ئایا بڕیارەکە لەسەر بنەمای بارودۆخی ئابووری، سەلامەتی، سەقامگیری سیاسی، یان تێکەڵەیەک لەم هۆکارانە دەبێت؟
پرسیاری چوارەم: پرسیاری من بۆ باڵیۆزی ئەڵمانیا ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کورد لە سووریا دەیەوێت فیدراڵیزم رابگەیەنێت. هەڵوێستی ئەڵمانیا لەسەر ئەم داواکارییە چی دەبێت؟
پرسیاری پێنجەم : هەمیشە وەک کوێر بەدەوری خۆمدا دەسوڕێمەوە و نازانم کێشەی کورد بە کوێ دەگات؟ ئێوە هاوپەیمانی کوردن. ئێوە پشتگیری کورد دەکەن، کوردێکی زۆر لە ئەڵمانیا هەیە، سوودیشتان لە هێزی ئەوان وەرگرتووە. رات چییە لەسەر پرسی کورد لە سووریا؟ کورد لە سووریا شەڕی داعشی کرد، شەڕی تورکیایان کرد و شەڕی مانەوە دەکەن. رات چییە لەسەر ئەو ژنە خەباتکارانەی شەڕیان کرد و بوونە بەشێک لە مێژوو؟ ئێستا کوردەکانی سووریا بەرەو کوێ دەڕۆن؟
دلبخوین دارا: زۆر سوپاس هەموو پرسیارەکان ئاراستەی باڵیۆزی ئەڵمانیا کرا. بە لایەنی کەمەوە دوو ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا دا هەن، واتە ژمارەیان زۆرە، و سێ لەسەر چواری ئەو کوردانەن کە لە ئەڵمانیا گەورە بوون، بۆنمونە کاک سیامەند حاجۆ چەند ساڵ بووی کە چویتە ئەڵمانیا، سیامەند هەژدە ساڵ. حیساب بکەن، زۆربەی کوردەکان لە ئەڵمانیا خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، دوو ملیۆن کورد بە لایەنی کەمەوە، زۆربەیان کوردانی رۆژئاوای کوردستانن، بۆیە خەڵک لە ئەڵمانیا زۆر هیوایان بە ئەڵمانیا هەیە و بەڕاستی کورد چاوەڕێن کە ئەڵمانیا، جیاوازی ناکات چ پارتێک بێت، حکومەت چۆن بێت، هاوپەیمانی بێت یان نا، بەڵام بەڕاستی هیوایان وایە کە ئەڵمانیا شتێک بۆ کوردان بکات. هەموو پرسیارەکان ئاڕاستەی تۆ کران بەڕێز باڵیۆز هۆمان، فەرموو.
کریستیان هۆمان: باشە، ئەوە لیستێکی زۆر درێژ بوو. هیوادارم هێشتا هەموو پرسیارەکانم لەبیربێت..
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری یەکەم، بەداخەوە تۆپێکی بلورینم نییە بۆ زانینی رووداوەکانی داهاتوو، کاتێک بارودۆخی لەم شێوەیە سەرهەڵدەدات هاوپەیمانان کۆدەبنەوە چونکە هیچ کام لە ئێمە بە تەنیا لەم شتەدا نین. بۆیە ناتوانم وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونکە کارێکی نابەجێ دەبێت. ببورە بۆ ئەوە.
سەبارەت بە ئابووری- ئێوە دەزانن. دەستەواژەی سەرەکی لێرەدا بە سادەیی ئەوەیە: "ئابووری". ئەگەر بەڕاستی بمانەوێت شتێکی سوودبەخش بۆ گەلی سووریا بکەین- بەبێ گوێدانە نەتەوە و ئایین- ئەوە پەیوەستە بە خۆشگوزەرانی ئابووری. پەیوەندی بە دروستکردنی دەرفەتەوە هەیە بۆ بەدەستهێنانی بژێوییەکی شایستە و هەستکردن بە گیانی هاوکاری و بەرپرسیاریەتی. لێرەدایە کە کۆمەڵگای کورد دەتوانێت بەشداری بکات- لە رێگەی پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە. ئەم پەیوەندییانە هەمیشە بوونیان هەبووە؛ تازە نین، هەروەها، لەکاتێکدا رەنگە پچڕان و سەختی هەبووبێت، بەڵام پەیوەندییەکانی خەڵک بە خەڵک، مرۆڤ بە مرۆڤ زۆر گرنگن بۆ بینینی رووناکییەک لە کۆتایی تونێلەکەدا.
لەڕووی ئابوورییەوە، بێگومان بارودۆخی سووریا زۆر سەختە و بۆ بەرگەگرتنی خۆڕاگرییەکی زۆری دەوێت. لە هەمان کاتدا عێراق، وەک وڵاتێک، سەختی هاوشێوەی بینیوە و ئەزموونی بەرچاوی لە بەڕێوەبردنی گواستنەوە ئابوورییەکان کەڵەکە کردووە. ئەم ئەزموونە دەتوانێت بەنرخ بێت لە پشتگیریکردن لە پەرەپێدانی ئابوورییەکی تەندروست و سەقامگیر تەنیا لەودیو سنوورەوە، و بە سەرنجدان بەوەی کە هەردوو هەرێمەکە بەیەکەوە گرێدراون، بازرگانی نێوان هەرێمەکان هۆکارێکی سەرەکییە لەم پرۆسەیەدا.
کریستیان هۆمان: سەبارەت بە پرسیاری تایبەت بە پێکهاتەی دەوڵەتی داهاتووی سووریا، ئێمە ناتوانین بڕیار لەسەر ئەوە بدەین . ئەمە هەمان پرسیارەکەی پێشووە- ئەوە بڕیاری ئێمە نییە کە بیدەین. پێکهاتەی دەوڵەتی سووریا بڕیارێکی سەروەری گەلی سووریایە. تەنیا ئەوان بڕیار دەدەن کە دەیانەوێت وڵاتەکەیان چۆن رێکبخەن. هەر لەبەر ئەمەشە کە گفتوگۆی نیشتمانی زۆر گرنگە. هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت سیستەمێکی دیاریکراو بیسەپێنێت.
لەڕووی پەیوەندییەکانی ناو ناوچە کوردنشینەکانەوە، ناتوانم وەڵامێک بدەمەوە، هەر وڵاتێک سیستەمی خۆی هەڵدەبژێرێت. بۆ نموونه ئەڵمانیا دەوڵەتێکی فیدراڵیه به هۆی هۆکاری مێژوویی زۆر دیاریکراو، بەڵام هەموو نەتەوەیەک لەبارەی حکومڕانی دەبێت هەڵبژاردنی خۆی بکات.
دلبخوین دارا: زۆر سوپاس بۆ هەردووکتان، بەڕێز سیامەند قسەی کۆتایتان؟
سیامەند حاجۆ: زۆر سوپاسی رووداو دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
دلبخوین دارا: خانم هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و سیامەند حاجۆ بەرپرسی نووسینگەی بەرەی کوردستانی سووریا میوانمان بوون، ماڵتان ئاوا، زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەوەی بەردەوام بوون و سوپاس بۆ ئێوەش ئامادەبووانی بەڕێز و بمێنن لە خۆشیدا.