پانێڵی 04: تێکەڵاوبوون بە دەوڵەت، جێگیرکردنی دەسەڵات و قۆناخی راگوزەری سیاسی؛ تەگەرەکانی سووریای دوای ئەسەد
23-03-2025
د. ئازاد عەلی: بەخێربین ئیستا چوارەم پانێڵی ئەمڕۆمان بەڕێوەدەبەین.
بەڕێز ئەحمەد جەربا، سەرۆکی پارتی سبەینێی سووریا و سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، دکتۆر پاتریک هێنی لە رێکخراوی دیالۆگی مرۆیی، بەڕێز ئەحمەد محێدی راوێژکاری ناوەندی دیالۆگی مرۆیی لە سووریا، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.
دەگوترێت کە ململانێی سووریا لە سەدەی رابردوودا بەپێی پۆلێنکردنی زانایانی کۆمەڵناسی و زانایانی سیاسی، کورتکرایەوە بە ململانێی نێوان پێڵاوی سەربازی و مێزەرەی ئایینی بە واتای ئەوەی کە سووریا لە مێژووی تەمەنی 90 ساڵی سەربەخۆییدا، 90% ی ساڵەکانی حوکمی لە دەستی سەربازەکاندا بووە. هەروەها دەگوترێت کە دیکتاتۆرییەت و سەرەڕۆیی کاردانەوەیەکی لای رەوتی ئایینی دروستکردووە بۆ دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی. لە بارودۆخی ئێستادا ئیسلامی سیاسی سەرکەوتووەو چیتر ململانێ لە نێوان پێڵاوی سەربازەکان و مێزەرەدا نییە، بەڵکو پێڵاوی سەربازی لەگەڵ مێزەرەدا یەکیان گرتووە. بە واتای ئەوەی ئێمە لەبەردەم بارودۆخێکی نوێداین، بارودۆخێک کە پوختەکەی ئەوەیە حوکم چووەتە دەستی جیهادییەکان کە چەک و شەرعی ئیسلامی قۆرخ دەکەن.
ئێمە لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا بووین لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، دواتریش چووینە نێو قۆناخێکی ئاڵۆزتر. پرسیارێکی سەرەکی ئاراستەی مامۆستا ئەحمەد جەربا دەکەم: چۆن بارودۆخی چەند مانگی دوای رووخانی رژێمی سەرەڕۆی [ئەسەد] هەڵدەسەنگێنن؟
ئەحمەد جەربا: ئەوە لە کەس شاراوە نییە کە بارودۆخی سووریا لە چواردە ساڵی دواییدا لە قۆناخی شۆڕشدا بووە و لە قۆناخی جەنگدا بووە. وڵات پارچە پارچە بووە و لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی خراپ دایە. سزای بەسەردا سەپێنراوە. رووخانی رژێم بە شێوەیەکی لەناکاو وایکرد کە هەموو وڵاتەکان سیاسەتیان بگۆڕن.
لە سێ ساڵی دواییدا هەوڵێک هەبووبۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد، بەڵام لەناکاو رژێم رووخا. بێگومان ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە کە دوای 14 ساڵ بڕووخێت، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە وڵاتانی ناوچەیی و لەنێوانیاندا هەندێک لە وڵاتە گەورەکانی جیهان دەستیان کردبوو بە ئاساییکردنەوەی مامەڵەیان لەگەڵ رژێم، تەنانەت دەستیانکرد بە رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی، بەڵام بە شێوەیەکی لەناکاو رووخا! پێموایە ئێستا سووریا لە حاڵەتی دووبارە لەدایکبووندایە. خۆشییەکی گەورە هەیە لای گەلی سووریا بە رووخانی دیکتاتۆری دوای زیاتر لە پێنج دەیە لە سەردەمی باوک و کوڕدا و هێشتا لای سوورییەکان ئومێدێکی گەورە هەیە کە رێکارەکانی گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی رەوان و بێ کێشە دەست پێ بکات.
لەوانەیە هەندێک کۆسپی تێدا ببینین و لەوانەیە دوای ماوەیەک هەندێک ناڕەزایی هەبێت. ئێستاش بارودۆخەکە هێشتا ناڕوونە، پێموایە لە ماوەی ئەم ساڵەدا تەواوی دیمەنەکە روون دەبێتەوە. دۆخی سووریا لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بنیادی کۆمەڵایەتییەوە زۆر ئاڵۆزە و لە هەمان کاتدا زۆر سادەیە، بەڵام ئەگەر وەک سەردەمی حوکمی رابردوو حوکمێکی دیکتاتۆری هەبێت و جەخت لەسەر تایەفە و نەتەوە، رەگەز و مەزهەبەکان بکرێت، حاڵەتی جیابوونەوە و نەبوونی متمانە لە دۆخی کۆمەڵایەتیدا دروست دەبێت.
پێچەوانەکەیشی راستە و بابەتەکە سادەیە. ئەگەر حوکمێکی ژیر هەبێت، ئەگەر دەستوورێکی روون و سەردەمیانە و فرەچەشن هەبێت، بە پشتبەستن بە چەند بنەمایەک؛ یەکەمیان، دووربوونی تەواو لە تاکڕەوی و حوکمی سەرەڕۆیی، چونکە کورتترین رێگایە بۆ رووخانی وڵات. دووەم، حکومەتی یەکێتی نیشتمانی کە هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان بەشداری تێدا بکەن و ئەم حکومەتە راستەوخۆ لیژنەیەکی دەستووری و لیژنەی ئاشتەوایی نیشتمانی پێک بهێنێت.
د. ئازاد عەلی: بەپێی ئەزموونت لەگەڵ ئەم ئۆپۆزیسیۆنە و ئەم گرووپە چەکدارانە و ئەم کۆمەڵەیەی کە کۆبوونەتەوە و ئەحمەد شەرعیان بۆ سەرۆکی سووریا هەڵبژارد، ئایا گەشبینی بەوەی کە ئەم گرووپەی کە تۆ باشتر لە هەموومان دەیانناسیت، بەرەو حوکمڕانی باش هەنگاو بنێن و دیکتاتۆریەتی مێزەرە بەرهەم نەهێنن؟
ئەحمەد جەربا: پرسیارێکی باشە.
یەکەم شت، سوورییەکان دوای پەنجا ساڵ لە حوکمی دیکتاتۆری و چواردە ساڵ لە شەڕێکی چڕ، نە ویستیان هەیە و نە خرۆشیان هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ چەک و بەرگری و شۆڕش. ئێستا بوارێک هەیە کە دەرفەتێک بدەین، ماوەی ئەم دەرفەتە نابێت زۆر درێژ بێت بەڵام ماوەیەکی کورتیش نابێت، لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک لە ئەمڕۆوە بێت. بەڵام سووریا دوای پەنجا ساڵ لە حوکمی دیکتاتۆری و حوکمی تاکە کەسی، زۆر قورسە جارێکی دیکە بە هەمان شێوازی رابردووی دیکتاتۆری حوکم بکرێت، ئەمە هیچ گومانی تیادا نییە.
ئێستا لە قۆناخی پێدانی دەرفەتێکی راستەقینەداین بۆ رزگارکردنی وڵات و ئەگەر بیرکردنەوەیەکی راستەقینە لە لایەن دەسەڵاتی ئێستا و بەڕێوەبەرایەتی نوێ هەبێت بۆبەشداری هەموو هێزە سیاسییەکان، پێموایە ئەمە دەبێتە هۆی هەڵگرتنی گەمارۆکان و ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی دەوڵەت. ئەگەر پێچەوانەکەی بێت، بە بۆچوونی من دەگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا و هیوادارین کە سوورییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە.
د. ئازاد عەلی: سوپاس، با بچینە لای دکتۆر پاتریک. دکتۆر لە هەفتەکانی رابردوودا باس لە دیالۆگی سووری-سووری کرا و چالاکی و کۆبوونەوە لەسەر بنەمای گەیشتنی دەسەڵاتی بە پارێزگاکان. پێش دوو رۆژ نزیکەی ٦٠٠ تا ٩٠٠ کەس لە کۆشکی بەشار ئەسەدی دۆڕاو کۆبوونەوە و ناویان نا دیالۆگی نیشتمانی. وەک پسپۆڕێک، ئایا وەسفی دیالۆگ لەڕووی تیۆری، سیاسی و ئەکادیمییەوە لەسەر ئەوەی کە لە هەفتەکانی رابردوودا لە سووریا روویدا، دەچەسپێت؟
د. پاتریک هێینی: سوپاس بۆ تۆ، پرسیارەکەت گرنگە. پێموایە ئێستا سێ رێگای سەرەکی هەن کە داهاتووی سووریا دیاری دەکەن. داهاتووی نزیکیش. یەکەم قۆناخی گواستنەوەیە کە چەندین قۆناخی دیالۆگی نیشتیمانی لەخۆ دەگرێت، لەوانە لیژنەکان کە دەکرێت داڕشتنی دەستوورلێیانەوە دەربچێت تا هەڵبژاردن لە داهاتووێکی نادیاردا.
بەڵام بەر لەوە پێموایە گرنگترینیان پرسی کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕەپانەکەیە. ئاڵنگارییە ئەمنییەکان زۆر گەورەن و ئێمە لەبەردەم حوکمێکی نوێ و بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێداین کە لە ئەزموونێکی خەباتکارانە و رێکخراوەیی دەرکەوتووە. ئەزموونی بەڕێوەبردن لە ناوچەیەکی دیاریکراو لەگەڵ ئیدلیب بۆ چەندین ساڵ سنووردار بووە و ئێستا ئەم رێکخراوە بە هەڵکەوت لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشانی لە نیشتمان دەوڵەتی بە تەواوی وەرگرتووە.
یەکەم ئاڵنگاری کە پێموایە لەئێستاوە داهاتووی نزیکی سووریا دیاری دەکات، ئەوەیە کە چۆن بارودۆخی ئەمنی لە ناوچە جیاوازەکان جێگیر دەکرێت. ئاڵنگارییەک هەیە پەیوەندیدارە بە بەڕێوەبردنی گرووپە کۆنترۆڵنەکراوەکانەوەیە کە تائێستا چارەنووسیان نادیارە. لەوانە تایفەی عەلەوی کە بەشێکی گەورەیان لە رژێمی پێشوودا بەشداربوون. چارەنووسیان بەدرێژایی پەنجا ساڵ بەشێوەیەکی ئۆرگانی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەربازی و ئەمنی بەسترابوویەوە. چی بەسەر ئەمانە دێت؟ ئێمە باسی سەتان هەزار کەس دەکەین.
ئەمەش ناوچەیەکی فراوانە کە تا ئێستا کۆنتڕۆڵی تەواو بەسەریاندا نییە و کاریگەری ئەمنی بەسەریانەوە نییە. داهاتووی سیاسییان، پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەت، تا ئێستا پرسیارێکی گەورەیە. گوتاری سەرەکی و فەرمی دەوڵەت جەخت دەکاتەوە کە ئەوان نایانەوێت سیاسەتێکی ریشەکێشکردنی نوێ وەکو ئەوەی لە عێراق لە ساڵی 2003 روویدا پەیڕەو بکەن. ئەوان دوو شت رەتدەکەنەوە: سیاسەتی ریشەکێشکردن لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە گرتنەبەری مۆدێلێک نزیک لە مۆدێلی لوبنانی کە بریتییە لە پشکپێدان لەسەر بنەمای ناوچەیی یان تایفی بە شێوەیەک لە شێوەکان، بەڵام بە گشتی ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەو دەکرێت تا ئێستا روون نییە.
ناوچەی کۆنترۆنەڵکراو و گرووپی گەورە لە کۆمەڵگە هەن کە چارەنووسی سیاسییان نادیارە. بۆیە پێموایە گرنگترین هەنگاو دیاریکردنی سیاسەتێکی روونە بەرامبەر ئەم گرووپانە. جێگای باسەئەوەی لە 8ی دیسەمبەر روویدا سەرکەوتنێکی سەربازی بوو بێگومان، هەروەها وێنەیەکی سیاسی راستەقینەیە. کە دەڵێم راستەقینە، مەبەستم ئەوە نییە بەهایەک بدەم بە وشەی شۆڕش، بەڵام پڕۆژەیەک بۆ گۆڕینی پێکهاتەی حوکم بەشێوەیەکی ریشەیی هەیە. ئایا بۆ باشتر یان خراپتر دەڕوات، ئەوەیان با چاوەڕوان بین لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام پڕۆژەیەکی شۆڕشگێڕی هەیە و تائێستا ئەم پڕۆژە شۆڕشگێڕییە بەرەنگاری پڕۆژەی دژە-شۆڕش نابێتەوە وەکو ئەوەی لە سەرەتای بەهاری عەرەبی روویدا کاتێک ناوچەکە بە تووندی دابەشبوو لە نێوان لایەنێک کە پشتگیری شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و ئیسلامی سیاسی دەکرد، بە پێشڕەوی تورکیا و قەتەر، و لایەکی دیکەش کە دژی ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە بوو وەکوو ئیمارات، سعودیە، سوپای میسر و ئوردنیش بەڕادەیەکی کەمتر.
ئەم جەمسەرگیرییە ئێستا نییە و بە جۆرێک ئەو دەوڵەتانەی کە دەکرا بە گومانەوە لە ئەزموونی گۆڕانکاری لە سووریا بڕوانن لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئیسلامی سیاسی یان بزووتنەوەیەکی جیهادی پێشوو بووە، لەسەرووی هەموویانەوە سعودیە، تائێستا چاودێری دۆخەکە دەکەن و لەوانەیە هەوڵی خۆیان بدەن بۆ پشتیوانیکردنی ئەم ئەزموونە بە شێوەیەکی دیکە. ئێستا، ئێمە لەبەردەم شۆڕشێکداین بەبێ دژە-شۆڕش، بەڵام ئایا ئەمە بەردەوام دەبێت؟ پێموایە بەڕێوەبردنی هەندێک دۆسیەی هەستیار، لەوانە بارودۆخی ناوچەکانی کەنار دەریا زۆر گرنگە بۆ خۆلادان لە دەستپێکردنی سیناریۆی کردنەوەی دەرگای راپەڕین کە سیناریۆیەکی مەحاڵ نییە.
جەوهەری پرسی دیالۆگی نیشتمانی، توانای بەڕێوەبەرایەتی ئێستا بۆ لەخۆگرتنی هەموو پێکهاتەکان و هێزە سیاسییەکان و ناوچەکان و گرووپەکان بەدەر لە کەسانی نزیک لە رژێمی پێشوو دەگرێتەوە. ئەگەر ئەمە پەراوێزخستنی تێدابێت، پێموایە دەکرێت بەرەو کێشەی گەورەتر بڕۆین.
د. ئازاد عەلی: دیارە دکتۆر پاتریک ئەمە وەک خەباتێکی سیاسی و گۆڕانێکی سیاسی سەیر دەکات و ئەوەش مافی خۆیەتی کە ئاوا وەسفی بکات. با بچمە لای بەڕێز ئەحمەد محێدی.
ئایا پەیوەندی هەیە لەنێوان ئەگەری ئەوەی کە رێکخراوێکی جیهادی وەک داعش، قاعیدە بوو - پاشان بوو بە داعش و دواتر بەرەی نوسرە و پاشان دەستەی تەحریری شام و دواتر بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکان و سەرۆکایەتی سووریا ، ئایا دەرفەتێک هەیە لەناو ئەم هێزانەوە کە بەم قۆناخانەدا تێپەڕیون سەرکردایەتییەک دەربکەوێت کە پرۆسەی دیالۆگ و پرۆسەی سیاسی بەڕێوەببات و پێکهاتەکان و رەوتە سیاسییەکان لەخۆبگرێت؟ تا چ رادەیەک بڕوات بەوە هەیە و چاوەڕێی دەکەیت؟
ئەحمەد محێدی: من سەرەتا حەز دەکەم بڵێم کە قسەی زۆر کراوە لەبارەی ریشەی سەرکردایەتی ئێستا بە ناونیشانی جیاواز: سەلەفی، جیهادی، داعش و هتد. پێموایە لێکۆڵینڤان و نوسەری زۆر لەم بارەیەوە نووسیویانە.
سەرکردایەتی دەستەی تەحریری شام، سەرکردایەتی ئێستای سووریا، لە سەلەفی جیهادی تێپەڕیووە و ئەوەی ئەمڕۆ لە دیمەشق و ناوچەکانی دیکە تەنانەت لە ئیدلیب دەگەڕێت، دەتوانێت ئەم گۆڕانە بەچاو ببینێت. بە بۆچوونی من، ئەمە ئەو شتە نییە کە دەبێت لەلای بوەستین یان کاریگەرییەکانی لەسەر بەڕێوەبردنی دیالۆگ یان بنیاتنانی دەوڵەت ببینین. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شۆڕشی سووری یان ململانێی سووریا خۆجێیی بوونە. بنیاتی عەرەبی خێڵەکی سوننە، تۆڕی پەیوەندییەکانیان لە دەمارە خێڵەکییەکاندا بەکارهێنا وبەوەش لەماوەی شەڕدا بەرگەیان گرت.
ئەم گروپانە لە کۆتاییدا ئەوانە بوون کە سەرکەوتن و گەیشتنە دیمەشق، چ دەستەی تەحریری شام بێت بە بوونیان لە ئیدلیب، یان گروپەکانی سوپای نیشتمانی لە باکوور، یان تەنانەت بە شێوەیەکی فراوانتر گروپە عەرەبییە سوننەکان کە رۆژێک سوپای ئازادیان پێکهێنا و ئێستا بەشێکن لە شۆڕشی سووریا.
ئەگەر کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی وەک نموونە وەربگرین - میکانیزمی بانگهێشتکردن، هەڵبژاردنی کەسەکان، یان گفتوگۆکان کە دەکرێن بۆ پێکهێنانی وەزارەتی بەرگری - تێبینی دەکەین کە خۆجێیی، خێڵەکی، سیاسەتی پیاوماقوڵان زۆرترە لەوەی پشت بە بنیاتی جیاوازی سیاسی یان کۆمەڵگەی مەدەنی و هتد ببەستێت.
بە بۆچوونی من، ئەمە بە هۆکاری واقیعی سووریایە. واتە، لە ناوخۆی سووریادا ئەزموونێکی پتەو و بەهێز بۆ حزبە سیاسییەکان یان کۆمەڵگەی مەدەنی یان دەستە یان سەندیکاکان نەبووە. هەمووی گوندنشینی عەرەبی سوننە بوون کە پڕۆژەی سیاسییان دروست کرد، ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەبرد و دواتر گەیشتنە دەسەڵات. ئەمە چالاکییەکە کە ناتوانیت لەم بۆشاییە دەربچێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەک کاری لەسەر بکەیت کە زۆرێک بانگەشەی بۆ دەکەن تاوەکو لەگەڵ پێوەرە نوێیەکانی گواستنەوەی سیاسیدا بگونجێت.
د. ئازاد عەلی: سوپاس. دکتۆر پاتریک، پرسیارێکت لێ دەکەم. مادام بەرەی نوسرە کە دەستەی تەحریری شامە خەباتکارن و سووریایان پێ سپێردراوە و دەرگاکانی دیمەشقیان بۆ کرایەوە، باشە ئەی هەزاران شەهید کە دژی داعش جەنگان و پارێزگارییان لە ئاشتی کۆمەڵایەتی کرد لە جەزیرەی سووری و رۆژهەڵاتی سووریا، ئەمانە بەپێی پێوەرەکانی تۆ مافی ئەوەیان نییە کە خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن؟
د. پاتریک هێینی: پرسیارەکە لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ سوورییەکان خۆیان.
د. ئازاد عەلی: نا، لە دیدگای تۆوە، ئێمە پەیوەندیمان بە سوورییەکانەوە نییە ئێستا، ئێمە لە دانیشتنێکی گفتوگۆداین.
د. پاتریک هێینی: من پێت دەڵێم، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئەو 12 ساڵەی رابردوو، بە چەندین قۆناخ و بەرە و گۆڕەپانی شەڕدا تێپەڕی. مەیدانێکی شەڕ دژی داعش مەیدانێکی سەرەکی راستەقینە بوو و پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنا واتە پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی کە ئێستا باسی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی دەکەیت ناوچەیەکی گەورە لەخۆی دەگرێت. ئەوەش لە رووی سەربازیەوە بەهێزە، هەروەها هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و هتد لەوێیە. واتە ئەم لایەنە یەکێکە لە لایەنەکانی ئێستا لە مەیدانی سیاسی و هاوکێشەی سیاسی سووریا و دەبێت بەشێک بن لە دیالۆگی داهاتوو بە شێوەیەک لە شێوەکان.
هەروەها، من وای بۆ دەچم کە دوو رێڕەو هەن. رێڕەوی یەکەم رێڕەوێکە بۆ ماوەی کورت بە واتای لە یەکتر تێگەیشتن لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق لەسەر چەند بابەتێکی وەک پرسی نەوت، پرسی بارودۆخ لە ناوچە کوردییەکان لە حەلەب و هتد. هەروەها پرسیاری گەورەتر هەیە کە پاشان دێت، ئەویش تێکەڵکردنی ئەم پڕۆژەیە دەبیت لەناو پڕۆژەیەکی نیشتمانی فراوانتردا. جارێکی دیکە من خاوەنی پێشنیارێک نیم بۆ ئەم بابەتە چونکە راستی بابەتەکە بۆ سووریەکان دەگەڕێتەوە. بۆیە گرنگە کە دیالۆگی نیشتمانی، گشتگیر بێت.
خاڵی گەشبینی لەم بابەتەدا ئەوەیە کە دیمەشق و کارگێڕی نوێ لە دیمەشق بە تەنیا نین، وڵاتانێک هەن کە پشتیوانی و لایەنگری ئەم ئەزموونەن و پێموایە کە لایەنگرانی ئەم ئەزموونە دەیانەوێت گواستنەوەی دەسەڵات ئاشتیانە بێت و سەقامگیری هەبێت، جەخت لەسەر بەشداری سیاسی لە قۆناخی گواستنەوەدا دەکەنەوە، واتە ئەم راسپاردانە لە هەموو ئەو وڵاتانە دەبیستین کە قسەیان لە دیمەشق هەیە ئێستا، چ عەرەب بن یان رۆژئاوایی یان وڵاتانی ئەورووپی. لە دانیشتنەکانی پێشووتر گوێبیستی باڵێۆزی ئەڵمانیا بووین و بڕوا دەکەم کە ئەورووپا بە تەنیا نیە بۆ جەختکردنەوە لەسەر بەشداری و وڵاتانی عەرەبیش بە هەمان شێوە جەختیان لەسەر بابەتی بەشداری کردووەتەوە.
لە کۆتاییدا، دیمەشق دوورگەیەکی دابڕاو نیە لە ناوچەکە، بەشێکە لەم ناوچەیە و بێگومان کارلێک دەکات یان ئەم پڕۆژەیەش پێکدەهێنێت بەپێی کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکە.
د. ئازاد عەلی: سوپاس، مامۆستا ئەحمەد جەربا پرسیارت لێدەکەم. بەڵگەنامەیەکی عوسمانی دەڵێت کە هۆزی شەمەر بە سەرکردایەتی بنەماڵە بەڕێزەکەتان و بەگشتی فارس جەربا لە ساڵی ١٨٤٦ هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەدرخان بەگی میری بۆتان بەست لە ئامادەکارییاندا بۆ شۆڕش دژی دەسەڵاتی عوسمانی و رێککەوتن کە شەمەر بە سوارچاک و هێزەکانی بێتە ناوچەی رومێلان بۆ ئەوەی نزیک بێت لە بەرەی شەڕ، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سەد و هەشتا ساڵ بەسەر ئەم هاوپەیمانێتیە سیاسیە عەرەبی-کوردییە، یەکەمین هاوپەیمانێتی لەڕووی گرنگی هاوچەرخیەوە، بەڕێزتان وەک سەرۆکی حزب و کەسایەتییەکی سووری و لە شێخەکانی ئەم هۆزە عەرەبیە رەسەنە، ئەمڕۆ چۆن بەرگری لە مافەکانی کورد دەکەیت لە سووریای نوێدا لە روانگەی کەسی و حزبییەوە؟
ئەحمەد جەربا: سەبارەت بە پرسیارەکەت ئەو کەسایەتیەی کە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەدرخان بەگ بەست باپیرەی شەشەمم شێخ سەفوق، سەفوق کوڕی فارس بوو.
د. ئازاد عەلی: دروستە کوڕی فارس.
ئەحمەد جەربا: هەردووکیان داواکراو یان دژی دەسەڵاتی حاکم، دەسەڵاتی عوسمانی بوون لەو کاتەدا.
ئەو بە راستی بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لەو ناوچەی کە ئێستا پێی دەگوترێت کوردستانی عێراق مایەوە . ئەمە مێژووە و سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکە، ئێمە بە چاوێکی تایبەت و بۆ ماوەیەکی درێژ سەیری کورد یان پێکهاتەی کوردی دەکەین.
واتە سەبارەت بە تایبەتمەندییە و بۆ ماوەیەکی درێژ کوردەکان لە زۆربەی وڵاتەکان ستەمیان لێکراوە و رەنگە هێشتا بەردەوام بێت. ئێمە لەوانەیە بەهۆی ئەم مێژووەوە تێگەیشتنمان هەبووبێت. ئێمە تێگەیشتنمان هەبوو بۆ تایبەتمەندی کوردی و دۆخی کوردی، تێگەیشتنێکی تایبەت جیاواز لە ئەوانی دیکە. لەوانەیە ئەوانی تر ئێستا لە دە بیست ساڵی رابردووەوە دەستیان کردبێت بە تێگەیشتن لەم کێشەیە. ئێمە بەڕاستی لە ماوەیەکی درێژەوە، بە راشکاوی ئێمە ئەمە لەڕووی بنەماییەوە کورد بە برای خۆمان دەزانین و لە نێوانماندا مێژوو هەیە و دۆستایەتی هەیە و هۆزە کوردییەکانی پێشوو لەگەڵمان وەستان لە جەنگەکاندا دژی عەرەب.
هەندێکجار کێشە لەنێوانی 2 هۆزی کوردیش رووی دەدا ئێمە هەندێک جار لەگەڵ ئەم لایەنە کوردییە دژی لایەنەکی کوردی بووین. کەواتە ئەمە پەیوەندییەکەیە.لە دۆخی ئێستای سووریادا دەرفەتێکی راستەقینە هەیە کە کورد بچێتە ناو سیستەمی نیشتمانی سووری بە شێوەیەکی ژیرانە، بەبێ بەرزکردنەوەی ئاستی داواکارییەکان. ئێمە لە پاڵ برا کوردەکانمان داین تاوەکو پێکەوە بین بۆ وەرگرتنی مافەکانمان و مافەکانیان بەیەکەوە.
د. ئازاد عەلی: سوپاس، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، سوپاس بۆ گوێگرتنتان، بەهۆی کەمی کات ئەم کۆبوونەوەیە کۆتایی پێدێنین و سڵاو بۆ هەموان، سوپاس.د. پاتریک هەنیی:سوپاس.