پانێڵی 05: دیدگاکانی سەردەمێکی راگوزەر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: خاڵەکانی وەرچەرخانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی
23-03-2025
عەباس عەنبوری: بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان، ئێوارهتان باش. سڵاوتان لێ بێت، داوای لێبوردن دەکەین بۆ دواکەوتنی ئەم پانێڵە، هەوڵ دەدەین پانێڵەکەمان کورت و پوخت بێت لەگەڵ پاراستنی نێوەرۆکی بابەتەکە و سروشتی ئەو پرسیارانەی ئاراستەی میوانەکان دەکرێن.
ئەمڕۆ لەگەڵ میوانانی بەڕێز باسی رۆژهەڵاتی نێوەراست دەکەین. ئەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەی کە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا هات. رووداوەکانی غەززە و ئەوەی دوای ئەو رووداوانەش روویدا وەک هێرشی ئیسرائیل سەر لوبنان، هەروەها شەهیدکردنی سەید حەسەن نەسروڵڵا، کاریگەریی گەورەیان لەسەر ناوچەکە هەیە، بەتایبەتیش لەسەر عێراق.
ئەمڕۆ لەم دانیشتنەدا دەمانەوێت لەسەر بابەتێک قسە بکەین کە پەیوەندی بە سروشتی سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست-ەوە هەیە بەجەختکردنە لەسەرعێراق کە تاکە وڵاتە لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، لە نێو وڵاتانی دەورووبەری غەززە کە تاڕادەیەک سەقامگیری تێدایە.
هەروەها، عێراق وەک حکومەت هەوڵی داوە خۆی لە بەشداریکردن لە شەڕەکانی دوای رووداوەکانی غەززە بە دوور بگرێت. هەرچەندە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە هەوڵی ئەوە هەبووە کە عێراق-یش بخرێتە نێو شەڕەکە، بەڵام پشتگیری حکومەتی بەدەست نەهێناوە، ئەمەش بەهۆی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوخۆی عێراق لەسەر ئاستی ئەمنی و کاریگەرییەکانی شەر بەسەر ئەو سەقامگیرییەی کە هەیەتی بووە. هەرچەندەش ئێستا بەردەوام گفتوگۆیەک لە عێراق هەیە کە بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیرییەکەی لەژێر هەڕەشەدایە و بەڕوونیش دەبینرێت.
عەباس عەنبوری: بەڕێز جەنابی وەزیر، د. نوری دلیمی، لەلایەنی ئابوورییەوە زۆر باس لەوە دەکرێت کە عێراق لە رۆژانی داهاتوو و ساڵانی داهاتوودا هەڕەشەی ئابووری لێ دەکرێت یان لەسەر دەبێت. قسە لەسەر نەمانی بودجە هەیە، قسە لەسەر ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت هەیە، کە ئەمانەش هەڕەشەیە لە کۆی سەقامگیری ئێستای عێراق، رای ئێوە لەسەر ئەمە چییە ؟
د. نوری دلیمی: زۆر سوپاس بۆ ئەم میوانداریە، یەکەم: وەک باست کرد بۆ ئەوەی کاتی پێویستمان هەبێت باسەکەم کورت دەکەمەوە. ئەوەی لە 7ی ئۆکتۆبەر و دوای ئەوە روویدا بوومەلەرزەیەک بوو، کە دووبارە نەخشە و هێڵەکانی کێشایەوە. من مەبەستم تەنیا لایەنی جوگرافی نییە، بەڵکو مەبەستم نەخشە سیاسییەکانە. چونکە ئەم بوومەلەرزەیە و ئەم دووبارە کێشانەوەی نەخشانە کاریگەری دەکاتە سەر لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنیش.
ئەمڕۆ دەبینین هاوپەیمانییە سیاسییەکان بە تەواوی گۆڕاون، لە رکابەرەوە بوونەتە دۆست یان بەپێچەوانەوە. ئەمە لەڕووی سیاسییەوە، بەڵام لە لایەنی ئابوورییەوە وڵاتێک وەکو عێراق کە بە تەواوی پشت بە نەوت دەبەستێت، لەبەردەم کێشەیەکی گەورە و ئابوورییەکی لاوازدایە. ئەگەر بمانەوێت وەسفی ئەوە بکەین کە دوای 7ی ئۆکتۆبەر روویدا، ئەوا بێگومان دەبێت بڵێین کە بوومەلەرزە بوو.
کاتێک رەشەبا روو دەدات، خەڵکی دەبێت یەکەم جار و بە خێرایی دەستپێشخەری بکەن بۆ داخستنی ئەو کەلێن و درزانەی کە لەوانەیە رێگایانەوە ماڵەکە زیانی پێی بگات. بەگشتی عێراقییەکان لە دەوری حکومەت کۆبوونەوە بۆ ئەوەی عێراق لەم هەڕەشانە تێپەڕێت و نەبێتە یەکێک لە جەمسەرەکانی ململانێ و لە هامان کاتدا نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵکوو پردێک و نێوەندگیرێک بێت بۆ دروستکردنی سەقامگیری و ئاشتی.
عەباس عەنبوری: بەڕێز وەزیر، پێتوایە ئامادەکاری هەیە؟ حکومەتی ئێستا ئامادەکاری کردووە بۆ ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت وەک نموونەیەک؟ ئایا هیچ ئامادەکارییەک لە لایەنی ئابوورییەوە کراوە یان حکومەت هێشتا رۆژانە بەپێی وێناکردنی ئێستا کارەکانی دەکات؟
د. نوری دلیمی: پشتگیرییەکی روون بۆ حکومەت نییە لەوەی کە رووبەڕووی دەبێتەوە. کاتێک هەر قەیرانێک روو ئەدات، هەموو کەس هەوڵدەدات خێرا خۆی دوور بخاتەوە و خۆی بەدوور بگرێت، بەڵام حکومەت هێشتا لە هەنگاوەکانی خۆی بەردەوامە کە دەتوانین بڵێین هەنگاوی زۆر باش نین بەڵام تائێستا بەپێی ئەم تەگەرە گەورانە جێی قبووڵن. گرنگیپێدانێکی زۆر بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی بەدەر لە نەوت هەیە و بە رێژەیەکی کەم بەرزبوونەتەوە.
عێراق وڵاتێکی کشتوکاڵیە و دەتوانێت سوود لەوە وەربگرێت. رێگای گەشەپێدان دەکرێت لەو سەرچاوانە بێت کە سەرچاوەکانی دەوڵەت بەهێز بکەن. وەبەرهێنان لە بواری وزەی نوێبووەوە بکەین و وەک دەرفەت وەربگرین و وەبەرهێنانی تێدا بکەین. هەروەها، ئەگەر هەموومان لە دەوری حکومەت کۆببینەوە و وا لە ناکۆکییە لاوەکییەکان بهینین و ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بنێن ئەوا دەتوانین بەیەکەوە قەیرانەکان بە کەمترین زیان تێپەڕینین.
عەباس عەنبوری: سودان هەمیشە لە دڵی عێراقییەکانەوە دوور نییە. وەک دەزانی بەڕێز وەزیر، سودان وڵاتێکی خۆشەویستە بۆ عێراقییەکان و وڵاتێکە کە هەمیشە کاریگەری هەیە بەسەر سروشتی رووداوەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لەراستیدا، بێ ئاگاییەک لەو شتانەی کە لە سودان روو دەدەن هەیە. ئایا رووداوەکانی ئێستا و ئەو نائارامییەی لەنێوخۆی سودان هەیە، پێتوایە رەنگدانەوەی سروشتی رووداوەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە یان ئەوەی لە سودان هەیە کاریگەری دەخاتەسەر سروشتی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟
هەروەها، قسەی زۆر هەیە کە سودان بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەڕوات، بەڕێز وەزیر، تکایە دەکرێت وێنەیەکی رووداوەکانمان بۆ بکێشیت سەبارەت بەوەی لە سودان چی روودەدات و کاریگەری و پەیوەندی بە سروشتی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە چییە؟
د. مەریەم سادق ئەلمەهدی: زۆر سوپاس مامۆستا عەباس، بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان، سوپاس بۆ خودا و درود و سەلات لەسەر پێغەمبەری خودا.
بەخێربێن هەمووتان و سوپاس بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو و ناوەندی ریواق بەغداد بۆ رێکخستنی ئەم دانیشتنە و بۆ بانگهێشتکردنمان. زۆر دڵخۆشم کە دووبارە براکانم و خوشکەکانم لێرە لە هەولێر، خاکی ئاشتی و خاکی فرەچەشنی، دەبینمەوە و داوای لێبوردن لە هەمووتان دەکەم کە دوای ئەم ماوەیە دوور و درێژە ناچارین لەبەردەمتان قسە لە گوتارێکی فکری سیاسی وشکدا بکەین ، بەڵام بە خواستی خودا بابەتی سودان بابەتێکی گرنگ دەبێت.
ئەگەر بە چاوی پەند سەیری بکەین، وەک فەرمووتان و بەڕێز وەزیریش فەرمووی، ئێستا لە عێراق ئەزموونێک هەیە کە شایەنی سەرنجدان و چاولێکردنە. هەروەها، لە سودانیش ئەزموونگەلێک هەن کە شایەنی سەرنجن لەڕووی وانە لێوەرگرتن و خۆپاراستنەوە.
بێگومان، هەر وەکوو فەرمووتان، بابەتی سودان کاریگەرە، و کاریگەریی لەسەرە بەوەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا روودەدات. سودان لە رووی جوگرافییەوە خاڵی یەکگرتنی زۆر ناوچەی گرنگە و ئێستا گرنگییەکەی زیاتر بووە.
ئەوانەش ناوچەی ئەفریقای خواروی بیابان و ساحل. هەروەها، دەریای سوور و بەشی ئەفریقا، ئاوەکانی نیل و ململانێکان لەسەر سەرچاوە نوێبووەوەکان و هتد. ئەگەر باسی سەرچاوە نوێبووەوەکان بکەین، لەوانە ئاو، با و خۆر ئەوا سوودان پێشەنگە، ئەمەش سەرەڕای ئەو زەوییە فراوانانەی کە بەبێ هەوڵێکی زۆر بۆ کشتوکاڵ گونجاون و زەوی بەپیت و بەرهەمدارن.
هەروەها، قسەکردن لەسەر سەرچاوەکانی دیکەی وەک زێڕ، سودان ئێستا سێیەمین دەوڵەتە لە ئەفریقا بۆ زێڕ، واتە بەرهەمی ساڵانەی دەیان تۆن. لە پرسی نەوتیش دا بە هەمان شێوە سێیەمین دەوڵەتە لە کیشوەری ئەفریقا. ئەگەر باسی ئەو بەردانە بکەین کە ئێستا پێیان دەڵێن بەردە نیمچە گرانبەهاکان، کە شۆڕشی پیشەسازی چوارەم پشتی پێ دەبەستێت وەک مایکرۆچیپە بچووکەکان ئەوا سودان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دەوڵەمەندە بەم کانزایە. هەروەها، دەوڵەمەندە بە مەسەلەیەکی زۆر گرنگ کە فرەچەشنی ژینگەیی تەواوە لە ئەفریقا.
سوودان بەهۆی زۆری ئەم سەرچاوانە و هەڵکەوتەی جۆگرافیاوە ئیستا ململانێ نێودەوڵەتی لەسەرە و ناکۆکییەکان رەهەندی ئایدۆلۆژییان لەدەستداوە، واتە ئەگەر لە سەردەمێکی پێشوودا بنەمای ناکۆکییەکان لەسەر رەهەند و بنەمای ئایدۆلۆژی بوو بێت ئەوا ئێستا ململانێ دەوڵەتەکان بووەتە ململانێ سەرچاوەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و توانای هەواڵگیری و بازرگانی لەسیاسەت دا بەندە.
سەبارەت بە پەیوەندی سوودان و ئیسرائیل بەراستی ئەمە هەمووی دوورە لە گەلی سوودان، چونکە گەلی سوودان لەڕووی ویژدانییەوە لەگەڵ کێشەی فەڵەستینە و هیچ گومانێکی تێدا نییە، و ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە. ململانێی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە نێوان مەدەنییەکان و سەربازییەکان بووە بەهۆی کودەتا لە دژی مەدەنییەکان. بۆیە ئێستا ئێمە باس لە هەردوو کەناری دەریای سوور دەکەین، هەرگیز ئێمە جیا نین لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە روودەدەن.
ئەزموونی عێراق کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەیە لەسەر ئەوەی لە سوودان روودەدات، بەتایبەتی ئەوەی لە هەولێر روودەدات و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی سیستەمێکی فیدراڵی راستەقینە، چونکە ئێمە هەموومان ئەمە وەک یەکێک لە رێگا چارەکانمان باسی دەکەین. لە هەمان کاتدا، بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە ئەم پەیوەندییە راستەقینەمان هەیە، ئێستا رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبینەوە لە لایەن دەوڵەتێکی زۆر گرنگەوە کە کاریگەری لەسەر هەموومان هەیە، ئەویش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە سەرۆکێکی زۆر مەترسیداری هەیە، نەک تەنیا لەڕووی رەفتاری بێ بەرپرسیارانەی لەگەڵ کێشەی غەززە کە پێویستە بۆ ئاشتی ناوچەکە و جیهان، بەڵکو گۆڕانکارییە مەترسیدارەکە ئەوەیە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا کردی، بەوەی کە هەموومانی دابەش کرد و کەسێک دەتوانێت بنەماکانی دیموکراسی بە شێوەیەکی بێوێنە تێک بدات، وەک ئەو کارەی کە دژی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لەماوەکانی رابردوو ئەنجامی دا.
عەباس عەنبوری: زۆر سوپاس جەنابی وەزیر بۆ ئاگادارکردنەوەمان سەبارەت بە رووداوەکانی ناوخۆی سوودان کە زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. هەروەها، تۆ لایەنە گرنگەکانت باس کرد و یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکان کەبەڕیز نوری دلیمی باسیکرد رەهەندی ئابوورییە، کە چۆن گرنگە بۆ سوودان و کاریگەری هەیە. تۆ باسی ئەوەشتکرد کە ململانێی ئایدیۆلۆژی وەک جاران نییە، بەڵکو زیاتر ململانێیە لەسەر دراو و دەرفەتەکان و سامانەکانی سوودانە.
رێگەم بدە بچمە لای مامۆستا خەلیل. ئێران ئێستا ئایدیۆلۆژیایەکی زۆر گرنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوە دەبات کە بیرۆکەی "میحوەری بەرگری"یە. ئێران ئێستا میحوەری بەرگری بەڕێوە دەبات و ئەم میحوەرە لە ماوەی رابردوودا شکستی گەورەی خواردووە - ئەوەی لە غەززە روویدا، هەروەها ئەوەی لە لوبنان روویدا. ئێستا ئێران بەدەست هەندێک کێشەی ئابووری ناوخۆیشەوە دەناڵێنێت و فاکتەری سەرەکیش لەم پانێڵەدا وەک دیارە، رەهەندی ئابوورییە.
دکتۆر خەلیل، چۆن سروشتی بارودۆخەکە و کاریگەری لایەنی ئابووری لە ناوخۆی ئێران شی دەکەیتەوە، ئایا لەگەڵ شکستەکانی ماوەی رابردوودا رۆڵی کۆماری ئیسلامی لە سروشتی ئەم رووداوانەدا چییە و ئامادەکارییەکانی چین؟
د. خەلیل شیرغوڵامی: ئێران بەردەوام دژی ئەو فەرهەنگە قۆرخکارە جەنگاوە کە لەهەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی بەردەوام دایە، ئەم فەرهەنگە بەشێوەیەک ئەم ململانییەمان بۆ دەردەخات کە ململانێکی بەردەوامی رکابەرییە لەسەر بنەمای لۆژیکی هاوسەنگی هێز یان سیاسەتی هێز دامەزرا بێت، لەکاتێکدا بەئەنقەست رەگی راستەقینەی کێشەکە پشتگوێ دەخرێت کە پرسی فەڵەستینە.
فەرهەنگی راستەقینە ئەوەیە کە ئیسرائیل زیاتر لە 75 ساڵە داگیرکەر بووە و گەلی فەڵەستینی ژێردەستە کردووە، ئەمە پرسێکی بنەڕەتییە، بەڵام ئیسرائیل هەوڵی دەستکاریکردنی ئەم فەرهەنگە رەسەنە و دروستکردنی فەرهەنگێکی درۆ دەدات؛ ئیسرائیل هەوڵدەدات کە ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل وەک رکابەرییەک کە تەنیا لەسەر بنەمای سیاسەتی هێز دامەزراوە، نمایش بکات. ئەمە خاڵێکی چارەنووسسازە و پێویستە چارەسەر بکرێت.
فاکتەرێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، وەک چۆن ئێستا هەموو شتێک لە ناوچەکەدا لە قۆناخی گواستنەوەدایە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بووەتە تاقیگەیەکی تاقیکردنەوە بۆ گۆڕانی نەزمی جیهانی و نەزمی ناوچەیی. هەروەها، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە داڕشتنی نەزمی نوێی جیهانی دا. ئێستا، نەزمی جیهانی کە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل، نەزمێکە بە سەرکردایەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا و خودی نەتانیاهۆ باسی ئەم ئەجێندایەی کرد کاتێک نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر ئاماژەی بە دڕندانەترین کوشتنی سەدە کرد وەک بەشێک لەو نەزمە نوێیەی کە هەوڵی دروستکردنی دەدەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئەم نەزمە جیهانییەی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و ئامانجی دامەزراندنی هەژموونی ئیسرائیل-ە لە ناوچەکەدا. بەپێی ئەم دیدە ستراتیژییە پێویستە هەموو وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە بێلایەن بن، و ئەمەش لە بۆردومانکردنی ژێرخانی سووریا روون دەبێتەوە، کە ئیسرائیل کاردەکات بۆ ئەوەی تەواوی ناوچەکە و وڵاتەکانی دیکەی وەکو - سووریا، غەززە، لوبنان- و ئەگەر بتوانرێت وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش وەکو کەرتی رۆژئاو داگیربکات و ئامانج لێی نەهێشتنی هەر رکابەرێکی گریمانەیش کە لە دژی ئیسرائیل بێت. ئەمەیە کە ئەوان بە "نەزمی ئیسرائیل" یان "نەزمە نوێیەکە" ناوی دەبەن و هەوڵی بۆ دەدەن.
بەڵام گرنگە تێبگەین، لەکاتێکدا ئیسرائیل هەوڵی دەستکاریکردنی ئەو فەرهەنگە دەدات کە باسمانکرد، هۆکاری راستەقینەی بەرخۆدان لە ناوچەکەدا رەگ و ریشەی قووڵی لە دڵی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو گەلانەی لێرە دەژین داکوتیووە و تا داگیرکاری بەردەوام بێت، موقاوەمە و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت.
من ئەوەی بەلامەوە گرنگ نیە ئەو فەرهەنگە یان گوتارە زۆرانەیە کە دەوری ئەو بەناو "میحوەرەی موقاوەمە"یان داوە، یان ئەو پڕوپاگەندەیانەی کە لە دژی دەکرێت. راستییەکە ئەوەیە تا داگیرکاری لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت، بەرخۆدانیش بەردەوام دەبێت. ئێران بەرگری لە خودی لۆژیکی خۆڕاگری دەکات- نەک لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێز یان سیاسەتی هێز، وەک چۆن ئیسرائیل هەوڵی لەچوارچێوەدانی دەدات لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی ، بەڵکو لەبەر ئەوەی مەیلێکی ئەخلاقی و لۆژیکییە بۆ بەرگریکردن لەو کەسانەی کە ستەمیان لێدەکرێت و لەبەرامبەر ئەم پشتیوانیکردنەش ئێران قوربانی زۆری داوە.
گەمارۆ ئابووریەکان- چ سەرەتایی و لاوەکی- کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراوە، نەک تەنیا ئێرانی کردۆتە ئامانج بەڵکو ئەو وڵاتانەشی کردۆتە ئامانج کە لەڕووی ئابوورییەوە لەگەڵ ئێران کاردەکەن. ئەم سزایانە کاریگەری نەرێنی بەرچاویان لەسەر ئابووری وڵاتەکە هەبووە و سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، ئێران بەردەوامە لە چالاکی و کارکردن و پێویستە دان بە واقیعی دۆخەکەشدا بنێین.
عەباس عەنبوری: جەنابی وەزیر وتی کە ململانێی ئایدیۆلۆژی بە مانای دروست نییە، بەڵکو ململانێی ئابووری و دارایی و ململانێیە لەسەر دەسەڵات. مامۆستا خەلیل، سروشتی تەوەری بەرگری شیکردەوە وەک تەوەرێکی ئایدیۆلۆژی و وەکو بابەتیکی سروشتی دەریبڕی کە میتۆدێکی سروشتییە بۆ مرۆڤ، هەتا داگیرکاری هەبێت، خۆڕاگریش هەیە.
دەمەوێت بێمە لای تۆ دکتۆر عادل، بە پرسیارێک سەبارەت بە رەهەندی کۆمەڵایەتی و پرسیارێکی راستەوخۆ: ئایا پێت وایە نەخشەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا هەیە؟ لە دابەشکردنی لەسەر بنەمای ئیتنیکی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئایا نەخشەی هێزی نوێ لە ناوچەکەدا هەیە؟ ئایا لەسەر بنەمای ململانێ، وەک مامۆستا خەلیل شی کردەوە لەسەر بنەمای سروشتی، یان لەسەر حیسابی دەسەڵاتە، بەڵام بە گشتی ئایا پێتوایە نەخشەی کۆمەڵایەتی نوێ، نەخشەی هێزی نوێ هەیە؟
د.عادل باخەوان: سوپاس کاک دکتۆر، سوپاس بۆ برادەرانی رووداو، بۆ هەموو ئەوانەی کە ماندوو بوون بەڕێکخستنی ئەم کۆڕبەندەوە، کەس لەوە تێنەگات کە رێکخستنی کۆڕبەندێکی وا چەند ئەرکێکی قورسە، چەند پڕە لە سترێس، من لێی تێدەگەم چونکە خۆم کۆڕبەندی وام رێکخستووە و هەوڵدەدەم بە پەلە قسە بکەم.
بەڵام پێش ئەوەی قسەکانم بکەم، یەک تێبینی تکایە لێم وەربگرن، من ئەو قسانەی کە ئێستا دەیکەم هەڵوێست نییە لەسەر هیچ وڵاتێک بەڵکو زیاتر مەعریفەیەکی بابەتییە کە هەوڵدەدەم بەرهەمی بهێنم بە شێوەیەکی خێرا لەسەر هەر یەکێک لەو رووبەرانەی کە باسی دەکەم، واتە تکا دەکەم برا ئێرانییەکانمان، برا فارسەکانمان، برا عەرەبەکانمان، تورکەکان، کوردەکان، کوردەکانیش هەرچەندە بە کوردی قسە دەکەم، هەروەها ئیسرائیلیەکان وەکو هەڵوێست لێم وەرنەگرن چونکە ئەمە هەڵوێست وەرگرتن نییە تەنیا شرۆڤەیەکی خێرای ئەو دۆخەیە کە دوای حەوتی ئۆکتۆبەر دروست ئەبێ. حەز دەکەم ئەمە روون بێت لای هەموو لایەک، دوای ئەوە نەمخەنە دۆخێکی سەختەوەو بڵێن هەڵوێستی وەرگرتووە لەسەر رووبەریک دژ بە رووبەرێکی دیکە.
خاڵێکی دیکە کە بەلامەوە گرنگە ئەوەیە با ئێمە لەو بەڵگەیەوە دەست پێبکەین کە هەرگیز رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پێش حەوتی ئۆکتۆبەر نییە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پێش حەوتی ئۆکتۆبەر کۆتایی پێهات تەواو. دوای حەوتی ئۆکتۆبەر ئێمە پێنج رووبەرمان هەیە، رووبەرێکی عەرەبی، رووبەرێکی تورکی، رووبەرێکی فارسی رووبەرێکی ئیسرائیلی لەگەڵ رووبەرێکی کوردییە، هەر یەکێک لەم رووبەرانە سەر لە نوێ لەخۆ بیناکردنەوەدان.
بەخێرایی دەڕۆم لە رووبەری عەرەبیدا هەموو شتێک لە دەوری عەرەبی سعوودیە و محەممەد بن سەلمان بنیات دەنرێتەوە. بەبێ سعوودیە و بەبێ محەممەد بن سەلمان هیچ دەوڵەتێک لە دەوڵەتەکانی رووبەری عەرەبی لە میسرەوە بگرە هەتا ئەگاتە سووریا هەموویان بە دەوری محەممەد بن سەلمان ولە سێبەری ئەو دروست دەکرێنەوە، بە یەک رستە خێرا رووبەری عەرەبی بەجێهێڵم ئەگەر لە شەستەکاندا ئێمە میسرمان هەبووبێ و جەمال عەبدولناسرمان هەبووبێ ئەوە لێرە بە دواوە لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەر بەولاوە ئێمە عەرەبی سعوودیمان هەیە کە جێگای میسر ئەگرێتەوە و محەممەد بن سەلمانمان هەیە کە جێگای جەمال عەبدولناسر ئەگرێتەوە.
لە سێبەری ئەودا میسرت هەیە کە ئەجووڵێ، ئیماراتت هەیە ئەجووڵێ ئەمە ئەو مۆدێلەیە کە محەممەد بن سەلمان لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە پێشکەشی فەزای عەرەبی دەکات، کە بریتییە لە دروستکردنەوەی دەوڵەت لەسەر ئەم سێ بنەمایە:
بنەمای ئاسایش، بنەمای سەقامگیری، و بنەمای گەشەی ئابووری بەبێ دیموکراسی بەبێ مافەکانی مرۆڤ. لەم چوارچێوەیەدا میسرت هەیە دوا کەوتووە، ئیماراتت هەیە دوا کەوتووە، ئوردنت هەیە دوا کەوتووە، سووریای ئەحمەد شەرعت هەیە کە دەیەوێت بەو رێگایە بڕوا و ئەمە ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکانیش قبوڵیانە بۆ؟ چونکە لایەنی کەمی گەرەنتیان پێی دەدات.
لە پەنای ئەمانە کۆمەڵێک دەوڵەتت هەیە لە ساتەوەختی هەڵوەشانەوەدان لەناو رووبەری عەرەبیدا. ببوورن برا عێراقییەکانمان. عێراق لە چرکەساتی هەڵوەشانەوەیە ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت ئەوەش بەوەی کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ دروست بکات بۆ ئەوەی سوننەکان و شیعەکان و کوردەکان و کەمینەکانی دیکە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، هەروەکو چۆن لوبنان لە ساتە وەختی هەڵوەشانەوەیە.
لیبیا لە ساتەوەختی هەڵوەشانەوەیە، سوودان لە ساتەوەختی هەڵوەشانەوەیە و یەمەن کۆمەڵێک دەوڵەتی دیکە و ئەگەر سووریاش فریای خۆی نەکەوێ هەر دەڕواتە ناو چوارچێوەی ئەو کاتیگۆرییەوە کە پێی ئەوترێت دەوڵەت لە ساتەوەختی هەڵوەشانەوە.
لە رووبەری ئیسرائیلدا، لە حەوتی ئۆکتۆبەردا رەمزییەتی ئیسرائیل شکا، میتۆلۆژیای ئیسرائیل شکا، سەمبۆلیزمی ئیسرائیل شکا ، بەڵام لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە هەموو ئەو موقەدەساتانەی ئیسرائیل کە شکان لە ماوەی ساڵێکدا نەک ئیسرائیل بینای کردەوە بەڵکو لە تەوەقوعی عەقڵی گشتی ئیسرائیلیەکانیش دا نەبوو. تەنانەت لە عەقڵی، لە یادەوەری دەستە جەمعی دیپلۆماسی ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکانیشدا نەبوو کە ئیسرائیل کارێک بکات لە ماوەی ساڵێکدا کە کارایی راستەوخۆ دابنێت بەوەی کە ببێت بە یەکێک لە هێزە هەرە بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بۆیە ئەگەر قسە بکەین لە براوەی یەکەمی ساڵی رابردووی رووداوەکانی پاش حەوتی ئۆکتۆبەر کە خاڵێکی وەرچەرخانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەوە بەبێ هیچ گومانێک بەبێ هیچ دوو دڵیەک ئیسرائیل براوەی یەکەمە.
هەروەها، لەناو ئیسرائیلیشدا، راستی رادیکاڵی ئیسرائیلی براوەی یەکەمە، چەپی ئیسرائیلی تەخت بووە و کۆتایی پێهاتووە لە سەدا حەفتا و نۆی ئیسرائیلیەکان باوەڕیان بەوە نەماوە کە دەوڵەتی فەڵەستینی چارەسەرێک بێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاسایش و سەقامگیری ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە وەرگۆڕانێکی گەورەیە کە بەسەر کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا هاتووە.
دەمەوێت بەخێرایی بڕۆم بەسەر رووبەری تورکی لەبەر ئەوەی کاتمان زۆر کەمە وئەزانم ئێوەش ماندوون لە گەیشتن بە کۆتایی ئێوارەکە. رووبەری تورکی ئەگەر ئیسرائیل بێنینە دەرەوە لە هاوکیشەکە دوای ئیسرائیل ئەگەر بڕیار بێت براوەیەک هەبێت ئەو براوەیە بریتییە لە تورکیا، تورکیا براوەی یەکەمە لە دوای ئیسرائیل لەسەر هەموو ئەو گۆڕانانەی کە روو ئەدات لە چەند ئاستێک دا، یەکەم:
تورکیا خاوەنی پرۆژەیەکی ئایدۆلۆژییە کە بریتییە لە ئیسلامی تورکی، ئەم ئیسلامە تورکییە کە لە بەهاری عەرەبیدا تورکیا دەکرا بیدا بە وڵاتانی عەرەبی شکستی هێنا، بەڵام لە دوای شکستی بەشاری ئەسەد و کۆتایی رژیمەکەی دەرفەتێکی یەکجار گەورە دروست بووە بۆ ئەوەی تورکیا ئایدۆلۆژیای خۆی بە شێوەیەکی زۆر زۆر نەرم و دوور لە هەموو زەبر و زەنگێک بنێرێ بۆ رووبەرە سوونییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەها، لەڕوویەکی دیکەوە لەسەر ئاستی ئاسایش دەرفەتێکی یەکجار گەورە بۆ تورکیا دروست بووە بۆ ئەوەی سواری ئەسپەکەی ببێتەوە و ببێت بە هێزێکی گەورەی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەتایبەتی هەموومان دەزانین کە سووریای ئەحمەد شەرع بەتەمایە سەر لە نوێ بنیاتی سوپای سووریا نەک هەر سوپا، بەڵکو هەواڵگری و ئاسایش و پۆلیس و هەموو ئەمانە بە تورکیا بسپێرێت و تورکیاهاوکاری بکات بۆئەوەی ئەمانەی بۆ دامەزرێنێت.
ئینجا، خۆشتان دەزانن کە سووریا سنووری لەگەڵ تورکیا هەیە. ئەم سنوورە لە یەک کاتدا سنوورێکی ئایدۆلۆژییە و سنوورێکی جێوپۆڵەتیکییە. تورکیا بە ئاسانی دەتوانێت لە رێگای سووریاوە بپەڕێتەوە بۆ لوبنان و لەویشەوە بپەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەروەها، لە رووی ئابووریشەوە تورکیا گەڕانەوەیەکی زۆر زۆر بەهێزی هەیە، چونکە بەپێی دوایین راپۆرت کە لە فەرەنسا بڵاوبووەتەوە، بیناکردن لە رووی ئابوورییەوە پێویستی بە پێنج سەد ملیار دۆلار هەیە ئەم پێنج سەد ملیار دۆلارە بازاڕێکی یەکجار گەورە بۆ تورکیا دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ئابووری خۆی سەر لە نوێ لە سووریاوە دەست پێبکاتەوە و هەڵبسێنێتەوە.
ئێستا، دەگەینەوە دوو رووبەری دیکە و دوای ئەوە بەخێرایی کۆتایی پێدەهێنم. رووبەری ئێرانی ئەگەر برادەرە ئێرانییەکانمان بمانبوورن، ئامۆزا ئێرانییەکانمان بمانبوورن، لە پێش حەوتی ئۆکتۆبەرەوە من کتێبێکم ئامادە کردبوو بۆ چاپ دەڕۆشت و بەڕاستیش بۆ چاپکردن بوو بە فەڕەنسی بەناوی هەڵوەشانەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵام کە لە خەو هەستاین و حەوتی ئۆکتۆبەر روویدا، حەفتەیەک دواترچاپخانەکە پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان نا، دەبێت کتێبەکە سەر لەبەری هەمووی بنووسرێتەوە. چونکە راستییەکەی من کتێبەکەم وا نووسیبوو پێش حەوتی ئۆکتۆبەر نیزامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دەوری دوو ئەکتەر بینا دەکرێ، کۆمار ئیسلامی ئێران لەگەڵ سعوودیە ، تورکیا ئاوت بوو. هەروەها زۆر ئیسرائیل ئاوت بوو تەنانەت رێککەوتنەکانی ئەبراهام نەیانتوانی کاریگەریی راستەوخۆ دابنێن پێش حەوتی ئۆکتۆبەر بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام دوای حەوتی ئۆکتۆبەر ئیتر ئێران نەک هەر کاریگەریی نابێت لەسەر بیناکردنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بگرە ئێران نەک هەر سووریای لەدەست دەچێت، لوبنانی لەدەست دەچێت، هەروەها فەلەستینی لەدەست دەچێت بە جیهاد و حەماسەوە، بەڵکو تەنانەت عێراق کە دڵی زیندووی جیۆپۆڵیتیکی ئێرانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، وردە وردە هەژموونی ئێرانی لەسەر کاڵ دەبێتەوە.
بەڕادەیەک کاڵ دەبێتەوەکە ئێستا پرسیاری سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بریتی نییە لەوەی کە چۆن بەغداد، چوار پایتەختەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆنتڕۆڵ بکەم (بەغداد، بەیرووت، دیمەشق لەگەڵ سەنعا)، بەڵکوو خێرا یەک رووبەرم ماوە، بەڵکوو پرسیارەکەی ئەو سێ تەوەرەیە، یەکەم: چۆن رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مردن رزگار بکەم؟
دووەم: چۆن ژێرخانی چەکی ئەتۆمیم لە لەناوچوونێکی تەواو رزگار بکەم؟ سێهەمیان: چۆن ئابووری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئێستا تەخت بووە هەڵبسێنمەوە؟ ئەم سێ ئەولەوییەتەی هەیە. لەناو ئەم سێ ئەولەوییەتە شتێک نەماوە بە ناوی کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رووبەری کوردی، دوا رووبەرە، رووبەری کوردی لە نێوان تورکیا و سووریا و ئێران و عێراقدا دوو دیاردەن، دوو دیاردەی زۆر زۆر بەهێزی تیایە. دیاردەی یەکەمیان بریتییە لە پرۆسەی ئاشتی، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئۆجەلان و ئەردۆغان. ئەم پرۆسەی ئاشتی بە کورتی ئەگەر بێت و سەربگرێت دڵنیاتان دەکەمەوە کە رووبەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی زۆر زۆر گرنگ دەگۆڕێت. چونکە ئەگەر لە چل ساڵی رابردوودا پەکەکە بریتی بووبێت لە گرفتێکی یەکجار گەورەی ئاسایش و سەربازی و ئابووری بۆ کۆماری تورکیا، ئەگەر ئەم پرۆسێسە سەربگرێت لە چل ساڵی داهاتوودا پەکەکە دەبێت بە هاوپەیمانێکی ستراتیژی گەورە بۆ کۆماری تورکیا بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا فراوان بکات. ئەوە دیاردەی یەکەمیان.
دیاردەی دووەمیان لە لاوازبوونی میحوەری موقاوەمە، میحوەری موقاوەمە بە هەموو باڵەکانییەوە وای لێ هاتووە کە هەرێمی کوردستان کە وەکو هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمریکا و ئەورووپا پێناسە دەکرێت بتوانێت زۆر زۆر بەهێزەوە بێتەوە ناو موعادەلەکان و دەستنیشانی ئاراستە ستراتیژییەکان بکات.
عەباس عەنبوری: رێگەم بدەن لە کۆتایی دانیشتنەکەدا داوا لە قسەکەرە سەرەکییەکان بکەم کە وەڵامم بدەنەوە، تەنانەت بە نیو خولەک، هەر یەک لە قسەکەران، پێشبینیت بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دە ساڵی داهاتوودا چییە، جەنابی وەزیر؟
نوری دلێمی: من نامەوێت باس لەوە بکەم کە چی پێشبینی دەکەم، بەڵکو دەڵێم چی پێویستە. با باسی عێراق بکەین. ئێمە لە عێراق پێویستمان بەوەیە کە بە دوو ئاڕاستەدا بڕۆین: ئاڕاستەی یەکەم ئاڕاستەی ناوخۆییە کە دەبێت دەوڵەتێکی بەردەوام دروست بکەین لە رێگەی سێ کۆڵەکەوە. یەکەم، بنەمای ئەم دەوڵەتە هاوڵاتی بوونە کە لە رێگەی سەربەخۆبوون و بەرپرسیارییەوە بەهێز دەکرێت. کۆڵەکەی دووەم یاسایە کە پایەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای یەکسانی و سیستەم بنیات دەنێت. کۆڵەکەی سێیەم دادپەروەرییە کە سەقفی ئەم دەوڵەتەیە و لە رێگەی دادگەرییەوە دێتە دی.
ئەم سێ کۆڵەکەیە، ئەگەر تەواو بن و پێکەوە تەواو کاری بکەن، دەتوانین دەوڵەتێک دابمەزرێنین کە هاوڵاتی تێیدا هەست بە ئاسایش و سەقامگیری بکات و ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەپێدان. ئەوکات دەتوانین بچینە سەر رۆڵێکی دەرەکی کاریگەر لە رێگەی دروشم و بنەمای "عێراق یەکەم و کۆتایی".
مەریەم سادق ئەلمەهدی: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە چونکە هەموومان ناتوانین لە داهاتوو تێبگەین، بۆیە هەر باسی رابردوو دەکەین و زیاتر گلەیی لە یەکتر دەکەین، بەم هۆیەوە هەر کەسێک پرۆژەیەکی بۆ ناوچەکەمان هەبێت دەتوانێت جێبەجێی بکات چونکە ئێمە سەرقاڵی رابردووین.
رابردوو جێی گلەیی نییە، بەڵام ناتوانین تێیدا گیر بین. ئەگەر رێگەم پێ بدەیت، وەک راهێنانێک، سیناریۆیەک لێرەدا دەڵێم، خراپترین سیناریۆ کە هیوادارم روو نەدات، و باشترین سیناریۆ کە داوا لە خودا دەکەم روو بدات.
بێگومان سیناریۆکە کە دکتۆر عادل باسی دەکات، ئەگەر لە وەرگێڕانەکە تێگەیشتبم، خراپتر دەبێت لەوەی کە روو دەدات، چونکە هەر لە چوارچێوەی گۆڕینی هێزێک بە هێزێکی دیکە دەمێنینەوە و ململانێ بەردەوام دەبێت.
بەم هۆیەوە دابەش دەبین و ململانێی عەرەبی-تورکی و شیعە-سوننی و شەڕە ناوخۆییەکان لە نێوانماندا بەردەوام دەبێت. و دەبینە سەرچاوەیەکی مەترسی بۆ جیهان و دەستێوەردانی پرسی گەورە کە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، و دەبینە ئامانجی بڕیارە جۆراوجۆرەکان.
خەلیل شێرغوڵامی: زۆر بە کورتی، لە وەڵامی قسەکانی براکەمدا، دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو فەرهەنگەی باس لە هەژموون و کاریگەریی ئێران لە ناوچەکە پێش ٧ی ئۆکتۆبەردەکات زۆر زیادەڕەویی تێدا کراوە، بە هەمان شێوە تێڕوانین بۆ لاوازی ئێستای ئێران لە ناوچەکەشدا زیادەڕەوی تێدا دەکرێت. ئەمە هەڵەیەکی شیکارییە، هاوشێوەی زیادەڕەویکردنی کاریگەریی تورکیا لە ناوچەکە و ئەو هەژموونەی کە تورکیا هەیەتی. هەروەها، دڵنیام تورکیا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە لە ناوچەکەدا.
گرنگە لەوەش تێبگەین کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێویستی بە دەسەڵاتێکی هەژموونخواز یان یەک دەوڵەتی باڵادەست نییە و ئەوەی ناوچەکە پێویستی پێیەتی، نەزمێکی هاوبەش و دەستەجەمعییە، سوپاس.