چالاکی

پانێڵی 07: گۆڕانی کەشوهەوا و تەگەرە جیۆپۆلەتیکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

24-03-2025


 پاوڵ زیاتکۆڤیچ: بەیانیتان باش، و بەخێربێن بۆ پانێڵی دووەم سەبارەت بە کەشوهەوا، کە بە شێوەیەکی سروشتی دوای ئەو گفتوگۆیە دێت کە تازە باسمان کرد سەبارەت بە ئاسایشی ئاو. لەم دانیشتنەدا تیشک دەخرێتە سەر گۆڕانی کەشوهەوا و تەگەرەی جیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. من ناوم پاوڵ زیاتکۆڤیچ، بەڕێوەبەری نێوەندگیری و پشتیوانی ئاشتیم لە سەنتەری جنێڤ بۆ سیاسەتی ئاسایش، کە یەکێکە لە هاوبەشەکانی کۆڕبەندی هەولێر بۆ ئەمساڵ. زۆر خۆشحاڵم کە هاوبەشین لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بۆئەنجامدانی ئەم چالاکییە گرنگە.

ئەمڕۆ میوانداری سێ شارەزای دیاری ئەم بابەتەمان کردووە، بەداخەوە یەکێک لە میوانەکان نەیتوانی لەگەڵمان بێت، بەڵام هەندێک لە تێبینییەکانیم لەلایە کە دەتوانم دواتر لە دانیشتنەکەدا باسی بکەم.

لەئیستادا دەمەویت بەخۆشحاڵیەوە پانێڵیستە بەڕێزەکان بە ئیوە بناسێنم.

د. جەودەت بەهجەت، پڕۆفیسۆری کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی لە سەنتەری رۆژهەڵاتی نزیک و باشووری ئاسیای زانکۆی بەرگری نەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی

حەسەن پەرتەو، بەڕێوەبەری بەرنامە لە لقی بەڕێوەبردنی دوای ململانێ و کارەساتی ژینگەیی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (بەشی ژینگە/PCDMB) 

عەبدولعەزیز ئەلغەشیان، لێکۆڵینڤانی باڵا وبەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی چاودێری لێکۆلێنەوە ORF بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 

زۆر سوپاس بۆ هەمووتان کە لەگەڵمان بەشدارن.

ئەم پانێڵە باس لە دوو بابەتی بەیەکەوە گرێدراو دەکات کە رۆڵی خۆیان لە ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە: گۆڕانی کەشوهەوا و گێژاوی جیۆپۆلەتیکی. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکێکە لە ناوچە هەرە لاوازەکانی جیهان لە بەرامبەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین ململانێی تێدایە، بۆیە لەهەر باسێک کە لەبارەی خۆشگوزەرانی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەراست دەکرێت، دەبێت پەنجە بخرێتە سەرئەو تەگەرە جیۆپۆلەتیکی و ژینگەییانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.

لەئیستادا پێویستییەکی روون و ئاشکرا هەیە بۆ پەرەپێدانی ئامڕازی دیپلۆماسی و ئاشتی کە گونجاوتر بێت بۆ چارەسەرکردن و جڵەوکردنی ئەم مەترسیانە چونکە تەگەرەو ئاستەنگەکان زۆر زۆرن. هەربۆیە پێویستی بە هاوکاری نێوان دەوڵەتەکان، هەروەها شێواز و چارەسەری هاوبەش هەیە.

ئامانجی ئەم پانێڵە باسکردنی پەیوەندییەکانی نێوان جیۆپۆلەتیک و ململانێ و ئاستەنگە ژینگەییەکانە، هەروەها پێشکێشکردنی کۆمەڵێک دەرفەت و پێشنیارە لە بارەی چۆنیەتی ئەوەی کە ئەم هۆکارانە چۆن یەکدەگرن و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە دەبێت. لە کۆتاییدا، هیوادارین باسەکەمان سوودێکی گرنگی هەبێت لەبارەی ئەوەی کە چۆن دەتوانرێت هەڕەشەکانی ئاسایش و ژینگە لە رێگەی هاوکاری نێوان دەوڵەتان یان یەکگرتنی ناوچەییەوە کەم بکرێتەوە و رێگری لێبکرێت.

بۆیە لەئیستادا لەسەر ئەم بابەتە دەمەوێت روو له پڕۆفیسۆر جه ودەت به هجه ت بکه م. بەڕێز جەودەت، پێموایە هەمووان لە هۆڵەکەدا ئارزووی ئەوە دەکەن کە زیاتر بزانن  لەبارەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا.  بەڕاستی ئەو ئیدارەیە بەنیازە چی بکات لەڕووی سیاسەتی دەرەوەوە؟ بەهۆی ئەوەی لە واشنتۆن دی سی ژیاون، دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و بپرسم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا بینیوتانە، پێتوایە بە ئەگەرێکی زۆرەوە چ جۆرە رێبازێک لە سەرکردایەتی نوێ لە واشنتۆن دەببینین سەبارەت بە ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و، لەڕاستیدا، ئاسایشی وزە لە ناوچەکەدا؟ بە تایبەتی کاتێک باس لە رێگریکردن و چارەسەرکردنی ناکۆکی و بەڕێوەبردنی گرژییە دیپلۆماسییەکان دەکرێت؟

د. جەودەت بەهجەت: سوپاس بۆ تۆ پاوڵ. پێش ئەوەی هەر شتێک بڵێم، پێویستە جەخت لەوە بکەمەوە کە هەرچییەک دەیڵێم، تەنیا گوزارشت لە بۆچوونی شەخسی خۆم دەکات و رەنگدانەوەی سیاسەتی فەرمی حکومەتی ئەمریکا یان وەزارەتی بەرگری نییە. ئیدارەی ترەمپ ئیدارەیەکی سەرنجراکێشە، لانیکەم لەبەر دوو هۆکار. یەکەم: سەرۆک ترەمپ تەنیا دووەم سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکادا کە لە هەڵبژاردنێکدا دۆڕاوە و دواتر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە.

 جارێکی دیکە کە ئەمە روویدا زیاتر لە 130 ساڵ لەمەوبەر بوو لە ساڵی 1888، ئەمەش وایکرد کە رووداوێکی دەگمەن بێت لە سیاسەتی ئەمریکا دا. هۆکاری دووەم ئەوەیە کە سیستەمی ئەمریکی لەسەر سیستەمێکی پشکنین و هاوسەنگی بنیات نراوە. زۆربەی کات کۆشکی سپی لەلایەن لایەنێکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، و کۆنگرێس لەلایەن حزبەکەی دیکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، بۆیە ئەمە پێکهاتە و سیستەمە هاوسەنگی هێز مسۆگەر دەکات، بەڵام ئەوەی ئێستا لە واشنتۆن هەمانە جیاوازە: یەک پارتی سیاسی کە پارتی کۆمارییە، هەم کۆشکی سپی و هەم کۆنگرێسی کۆنترۆڵ کردووە. لە ئەنجامدا سەرۆک ترامپ هۆکارێکی باشی هەیە بۆ ئەوەی هەست بەوە بکات کە ئەرکێکی گرنگی هەیە و درێخی ناکات لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە، هەر لەبەر ئەمەشە کە ئیدارەی ترەمپ لە سیاسەتی ئەمریکادا سەرنجڕاکێشە.

کاتێک باس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێت، گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکی بەرچاو لە ناوچەکەدا روویداوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر و بەتایبەت پێش ٧ی ئۆکتۆبەر زۆرێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر لە خەمی ئێراندا بوون و چەندین جار بیستوومە کە ئێران تۆمەتبار دەکرا بە کۆنتڕۆڵکردن و هەبوونی هەژموون بەسەر چوار وڵاتی عەرەبی، ئەوانیش سووریا، عێراق، لوبنان، یەمەن بوون. من پێموایە ئەم تۆمەتە زۆر زیادەڕەوی تێدا کراوە. ئەوەی لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر روویدا، گۆڕانکاری بوو لە هاوسەنگی هێزدا ولە ئیستادا تاڕادەیەکی زۆر، ئیسرائیل وەک هێزی سەربازی باڵادەست لە ناوچەکەدا دەرکەوتووە و ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتدا. 

ئێستا وڵاتانی عەرەبی و تورکیا زیاتر لەخەمی ئیسرائیلن و کەمتر خەمی ئێرانیان هەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ سەرۆککۆماری میسر کۆبووەوە و وەزیری دەرەوەی ئوردنیش سەردانی تارانی کرد. تورکیاش لێدوانی داوە، سەرۆک ئەردۆغان هۆشداری دەدات لەوەی ئیسرائیل رەنگە هێرش بکاتە سەر تورکیا. گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ناوچەکەدا روویداوە و ئێستا زۆربەی زلهێزەکانی ناوچەکە، ئیسرائیل، نەک ئێران، وەک هەڕەشەی سەرەتایی سەیر دەکەن.

کەواتە ئەمە بۆ ئیسرائیل و داهاتووی ناوچەکە چی دەگەیەنێت؟ یەکەم: سیاسەتی نێودەوڵەتی هەرگیز یارییەک نیە کە لایەنیک لەسەر حسابی لایەنێکی دیکە هەموو شتەکان بباتەوە و لایەنی بەرامبەر لەدەستیان بدات. هەمیشە دۆخی بردنەوە- بردنەوە هەیە. دووەم: لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا عەرەب و تورک و ئێرانی و ئیسرائیلی و کورد و پێکهاتەکانی دیکە هەزاران ساڵ شان بە شانی یەکتر دەژین و بەردەوامیش دەبن، بۆیە دەبێت فێری پێکەوەژیانی ئاشتیانە بن. تەگەرەی هەنووکە بۆ ئیسرائیل ئەوەیە کە ئیسرائیل هەرگیز ئاسایش بەخۆیەوە نابینێت ئەگەر بێت و لەلایەن دراوسێکانیەوە قبوڵ نەکرێت. حکومەتی ئێستای ئیسرائیل توندڕەوترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا و ئیسرائیل ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر دراوسێکانیدا بسەپێنێت. چارەسەری دوو دەوڵەتی چارەسەرێکی جەوهەرییە و دەبێت سازانێکی سیاسی لەگەڵ فەلەستینییەکان و لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا هەبێت. ئێران و تورکیا وەک زلهێزی گەورەی ناوچەیی لەلایەن دراوسێکانیانەوە قبوڵ دەکرێن، کەواتە رێگای درووست  بۆ هەموو لایەنەکان- عەرەب، تورک، ئێرانی، ئیسرائیلی، کورد و ئەوانی دیکە ئەوەیە کە یەکتر قبوڵ بکەن. ئەمریکا وەک زلهێزێکی گەورەی جیهانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە کاردەکات، لەوانەش روسیا و چین، هەروەها خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە نوێنەری رووسیا و چین-مان لەگەڵدایە، چونکە ئەمە بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا باشە. سوپاس

 پاوڵ زیاتکۆڤیچ: زۆر سوپاس پرۆفیسۆرجەودەت بۆ کێشانی دیمەنێکی سەرەتایی گرنگ لەبارەی باسەکەمان. ئێوە باستان لە گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا کرد، لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئیسرائیل و رەنگە کەمتر نیگەرانی لە ئێران هەبێت لەوەی کە لە ساڵانی رابردوودا راهاتووین. هەروەها،  تێڕوانینێکی بەنرختان بۆ دیدگای ئەمریکا پێشکێش کرد. ئاماژەتان بەوە کرد گەڕانەوەی سەرۆکێک کە پێگەیەکی زۆر بەهێزی هەیە و بژاردەی بەهێزی هەیە، وادەکات کە واشنتۆن ئێستا لە ساتێکی گرنگدا بێت. وەک گوتت، ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەمە هێشتا روون نیە لەسەر ئەوەی کە هەموو ئەمانە لە کۆتاییدا مانای چی دەگەیەنن، بەڵام هەموومان لە نزیکەوە چاودێری دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئەنجامیان چی دەبێت، بە تایبەت لە چوارچێوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.

ئێستا روو لە دکتۆر عەبدولعەزیز ئەلغاشیان دەکەم کە لە سعودیەوە هاتووەو میوانمانە. دکتۆر ئەلغاشیان، سعودیە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ئاسایشی ناوچەکەدا، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ئاسایشی ژینگەشدا. دیدگای ستراتیژی لە ریاز چییە کاتێک باس لە ئاسایشی درێژخایەن دەکرێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟ وە تا چەند ئەو دیدە ئەو ئاستەنگە ژینگەییانە لەبەرچاو دەگرێت کە ناوچەکە رووبەڕووی دەبێتەوە ؟

عەبدولعەزیز ئەلغەشیان: یەکەم: دەمەوێت بڵێم زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم، هەروەها سوپاس بۆ رێکخەرانی ئەم کۆڕبەندە گرنگە. کاتێک سەیری ناوچەکە دەکەین، بوارە بەرچاوەکانی ئاوەدانکردنەوە لە ئارادان. وەک پانێڵیستی پێشوو بە روونی باسی کرد، غەززە ئێستا لە ململانێدایە و ئاسۆیەکی رەشبینانە دەوری ناوچەکەی داوە. بە هەمان شێوە سووریا ناوچەیەکی دیکەیە کە پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەی بەرفراوان هەیە، هاوشانی لوبنان و یەمەن.

ئەگەر لەچاویلکەی ریازەوە سەیر بکەین، دۆخەکە ئەوە پیشان دەدات کە پێویستییەکی بەرچاو بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە هەیە، ئەمە لەکاتێکدا سعودیە ئێستا بە دۆخی ئاوەدانکردنەوەی ئابووری خۆیدا تێدەپەڕێت. ئەمەش پرسیاری گرنگ دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی کە چۆن سعودیە دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی بەرفراوانی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە تیشک دەخاتە سەر داڕشتنەوەی ئابووری خۆی بۆ ئەوەی هەمەچەشنتر بێت. چۆن دەتواندرێت ئەم پرۆسانە  پێکەوە گرێبدرێن؟

پێموایە ئەمە کاتێکی گرنگە بۆ دەستپێکردنی رەچاوکردنی فۆرمێکی نوێی دیپلۆماسی کە لە ناوچەکەدا سەرهەڵدەدات- دیپلۆماسی ئاوەدانکردنەوە. چۆن بەرژەوەندییە ناوچەییەکان کە بۆ سعودیە جەوهەرییە، لەگەڵ پێداویستییەکانی خۆیدا بگونجێت؟ سعودیەیەکی سەقامگیر بۆ سەقامگیری ناوچەکە زۆر گرنگە و بەبێ ئەوە مەحاڵ دەبێت ئەو ئامانجە گەورانەی کە سعودیە مەبەستیەتی پێیان بگات. ئەمەش لقی پرسیاری زۆرگرنگی دیکەی لێ دەبیتەوە و یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە، کە چۆن کەرتی تایبەت دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەم پرسانەدا. چۆن دەتوانین دیدگا و چوارچێوەیەکی ناوچەیی دابمەزرێنین کە لایەنە گرنگەکانی ئاوەدانکردنەوە بخاتە ڕوو؟

رەنگە بنەمای پێشنیارکراو لێرەدا رێککەوتن بێت. پێدەچێت بیرۆکەی رێککەوتنی ناوچەیی زیاتر، دۆزینەوەی میکانیزمەکان بۆ ئاسانکاری هاوکاری و هاوکاری زیاتر، رێگەیەکی بەردەوام و گرنگ بێت بۆ پێشڤەچوون. ئەم رێبازە نەک تەنیا دەتوانێت چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەکان بکات بەڵکو، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دوورکەوتنەوە لەو ململانێ خولگەییانەی کە ئێمە لە ئێستادا دەیانبینین. بۆ سعودیە، و وڵاتانی ناو یەکێتی ئەورووپا، دۆخی ئێستا بە سادەیی دۆخیکی ناجێگیرە. خواستێک لە گەشەکردندایە بۆ دەزگایەکی ناوچەیی کە بتوانێت نەک تەنیا پرسە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکان بەڵکو نیگەرانییەکانی ژینگەش چارەسەر بکات.

لەم قۆناخەدا چیتر ناتوانین ئەو پرسانە لیک جیا بکەینەوە چونکە هەموویان گرێدراون و رەنگدانەوەی ئەو رێڕەوەیە کە ناوچەکە بەرەو رووی دەڕوات. بە گرنگیدان بە پرسە ژینگەییەکان یان ئابوورییەکان، دەتوانین هەلیکار و دەرفەتێک دروست بکەین کە سوودی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبێت.

ئەمەش دەمانباتەوە سەر بوونی پێویستی گوتاری درووست لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە. چۆن دەتوانین هاندەر و پەیوەستکردنی لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان بۆ ئەم گوتارە زیادبکەین، جا خەڵکی سعودیە بن، ئەورووپا، یان تەنانەت ئیدارەی نوێی ئەمریکاش بن؟ هەروەها، وەبەرهێنان لە ستراتیژییەتی هاوبەش و گرنگیدان بە سیناریۆی بردنەوە - بردنەوە بۆ بنیاتنان زۆر گرنگە. هەرێمێکی یەکگرتوو و بەیەکەوە گرێدراو لەگەڵ دەزگایەکی ناوچەیی، وەبەرهێنانێکی درێژخایەنە لە ئاسایشدا- نەک تەنیا لە ئاسایشی جیۆپۆلەتیکی و ژینگەیدا، بەڵکوو لە یەک کاتدا دەتوانیت هەموو پرسە جیاوازەکان  چارەسەر دەکات.

 پاوڵ زیاتکۆڤیچ: زۆر سوپاس دکتۆر ئەلغاشیان بۆ ئەو روانگە گرنگە لە سعودیەوە کە لە رێگەی ئاوەدانکردنەوەی ئابووری خۆیەوە کاردەکات. من هەستم بەو رۆڵانەکرد کە بیرۆکەی دیپلۆماسی ئاوەدانکردنەوە وەک ئامڕازێک بۆ پێشخستنی یەکگرتنی ناوچەیی و پەیوەندی ئابووری دەیگێڕن، لە هەمان کاتدا تیشکت خستە سەر ئەو رۆڵە بەهێزترانەی کە دەتوانرێت لەلایەن ئەکتەرەکانی دیکەوە بگێڕدرێن، نەک تەنیا حکومەتەکان بەڵکوو کەرتی تایبەت. ئەمە تەنیا لە بواری پەیوەندی ئابووریدا نییە بەڵکو لە بوارەکانی وەک ئاسایشی ژینگەیشدا بوونیان هەیە.

ئێستا، دەچینە لای بەڕێز حەسەن پەرتەو. حەسەن پەرتەو، دەتوانێت لەرێگەی ئەزموونی تایبەتی خۆی باسی ئەزموونی بەرفراوانمان لە هەڵسەنگاندنی ژینگەی دوای ململانێ و بەرنامەکانی بوژانەوەی ژینگە لە هەموو جیهاندا بۆ بکات، لەوانەش لەم ناوچەیەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بە پشتبەستن بە کارەکانت، پێتوایە دەرفەت و تەگەرەی سەرەکی لە دروستکردنی رێبازێکی هاوبەشی نێوان دەوڵەتەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییە ژینگەییەکانی ململانێکان چین؟

حەسەن پەرتەو: سوپاس پاوڵ، بەیانیتان باش. لە ماوەی 20ساڵ ئەزموونی کارکردنم لەسەر زیانەکانی ژینگە و زیانەکان بەهۆی ململانێکانەوە، شتێک کە بە ڕوونی دیارە ئەوەیە کە زۆربەی وڵاتان پاراستنی ژینگە لە زیانی ململانێکان وەک یەکێک لە بوارە سەرەکییەکانی هاوکاری نابینن. 

کاتێک ئێمە لە بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستمان بە کارکردن کرد لەسەر لایەنە ژینگەییەکانی ململانێکان، هۆکارئەوەبوو کە داواکاری سەرەتایمان لە وڵاتانی ناوچەکەوە لەبارەی ئەمە بەدەست گەیشت. یەکەم حاڵەتی پێوەر جەنگی کوەیت بوو لە ساڵی 1991، کاتێک زیاتر لە 600 بیری نەوت ئاگریان تێبەردرا، ئەمەش هەموو بووە هۆی نەک تەنیا پیسبوونی ژینگەی وڵاتی کوەیت، بەڵکوو ژینگەی وڵاتانی دراوسێش و تێکەڵاوبوونیان بە ئاوی کەنداو.

 پاشان، بەشداریکردنی سیستماتیکی دیکە لەم بوارەدا دوای ململانێی کۆسۆڤۆ لە باڵکان دەستیپێکرد، کاتێک وڵاتانی کەناری حەوزی دانوب نیگەران بوون لە پیسبوونی ژینگە بەهۆی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر دامەزراوە پیشەسازییەکان لە سربیا. کەواتە، هەمیشە وڵاتانی ناوچەکەبوون کە لایەنە ژینگەییەکانیان وەک پرسێکی دیار لە ململانێکاندا لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا دەستنیشان دەکرد.

ئەم دانپێدانانە بە زیانەکانی ژینگە بووەتە هاندەرێکی سەرەکی بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەندام بەشداری دیپلۆماسی بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم پرسانە. هاوبەشیکردنی زانیاری، هاوبەشیکردنی شارەزایی و چارەسەر و تەکنەلۆژیای ژینگەیی لەخۆدەگرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی وەک کەمی ئاو، پیسبوونی ژینگە، بەڕێوەبردنی پاشماوە و وزەی نوێبووەوە. 

لەم ناوچەیەدا، وەک لەو پڕۆژانەی کە کارمان لەسەرکردووە تێبینیم کردووە کە ئێستا ناوەندێکی زانیاری ژینگەیی هەیە، لەوانەش تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە دەوری وزەی نوێبووەوە و پاککردنەوەی ئاو و دووبارە بەکارهێنانەوەی، بەتایبەتی لە ناوچەی کەنداو، لەنێویاندا شوێنەکانی وەک سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. ئەم وڵاتانە بەگرنگیەوە لەم مەسەلەیە دەڕوانن و چەندین دەستپێشخەری لە ئارادایە، وەک دەستپێشخەری  سەوزکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست- سعودیە کە ئامانجی چاندنی نزیکەی 50 ملیار نەمام و پێگەیاندنی دیدێکی سەوزترە بۆ ناوچەکە.

سوودوەرگرتن لەو سەرچاوە دارایی و شارەزاییانەی کە لە کەنداودا بەردەستن، کە زۆرێک لە تاکەکانی ناوچەی مەشرق لەخۆدەگرێت کە لە وڵاتانی وەک سودان و میسر و عێراقەوە کۆچیان کردووە، دەتوانرێت سوودێکی بەرچاویان لەم پرسەدا هەبێت. ئەم پەیوەندی و هاوئاهەنگیە لە پێشتردا دامەزراون و یەکێک لەلایەنە باشەکانی زمانی هاوبەشە لە نێوانیاندا کە زمانی عەرەبیە، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەی لە شێوازی پێشکەوتنی هاوکارییەکان دروستکردووە، بەو پێیەی زۆرێک لەو شارەزایانەی لە عێراقەوە هاتوون، کە چەندین ململانێیان ئەزموون کردووە، شارەزایی خۆیان بنیات ناوە و دەتوانن ئەم زانیاریانە لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەدا هاوبەشی پێی بکەن، لە وڵاتانی وەکو غەززە و سووریا و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی ململانێکان.

با نموونەیەکی دیاریکراوتان بۆ بهێنمەوە: زۆرێک لە ململانێکانی ئێستا لە ناوچە شارنشینەکان روودەدەن. بۆ نموونە لە غەززە بڕێکی زۆر لە پاشماوە و داروپەردوو کەڵەکەبووە کە دەگاتە- نزیکەی 50 ملیار تۆن، ئەمە لەکاتێکدا عێراقیش رووبەڕووی کێشەیەکی هاوشێوە بووەوە، نزیکەی 55 ملیار تۆن داروپەردوو بەهۆی ململانێی داعشەوە کەڵەکە بووبوو. ئێستا شارەزایی زۆرلە بارەی ریسایکلکردنی ئەم داروپەردووانە و دۆزینەوەی رێگاکانی دووبارە بەکارهێنانەوەیان لە خودی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا هەیە.

من بە گرنگیەوە پاڵپشتی ئەوەم کە ئەم چارەسەر و تەکنەلۆژیایانەی کە لەبەردەستدان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پەروەردەکردنی دیپلۆماسیەتی ئاوەدانکردنەوە کە تازە باسمان کرد، هەروەها مۆدێلی بازرگانی گەورە و هاوبەشی گشتی و تایبەت هەیە کە دەتوانێت پشتگیری لەم هەوڵانە بکات.

بەڵام ئاستەنگیش هەن. ئەوەی کە من تێبینیم کردووە، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان بوونی بیرۆکراسیەکی زۆرە. بڕێکی بەرچاو لە ئاڵۆزی بیرۆکراتی هەیە کە پرۆسەکە خاو دەکاتەوە و بەربەست لە نێوان وڵاتان دروست دەکات؛ بۆنمونە تەنانەت پرسە سادەکانی وەکو وەرگرتنی ڤیزا دەتوانێت ببێتە بەربەست. بۆ نموونە لە یەکێتی ئەورووپادا توانای باش و ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕان هەن، کە کاتێک باری نائاسایی ژینگەیی یان زیانێکی ژینگەیی روودەدات، دەتوانن دەستبەجێ کۆببنەوەو یەکبگرن بۆ رێگریکردن و هەوڵی چارەسەری گونجاو؛ هەروەها پرۆتۆکۆڵی سەلامەتی هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو وڵاتانەی پسپۆڕانیان دەنیرن، دەتوانن ئەو شارەزاییانەی کە هەیانە بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاری بهێنن و پێشکیشی بکەن.

یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکان هەبوونی بۆشاییەکی زۆرە لە نەخشەکەدا، ئەمانە ناوچەگەلێکن کە دەوڵەت و دەسەڵاتی دانپێدانراویان نییە، بەڵام هێشتا پرس گەلێکی ژینگەیی هەن کە سنوورەکانی ئەم ناوچانە تێدەپەڕێنن؛ نموونە وەکو باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها شوێنەکانی وەک سودان و یەمەن. بۆیە پێویستە هەوڵبدەین بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆ بەشداریکردنی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان لەم ناوچانەدا.

 پاوڵ زیاتکۆڤیچ: زۆر سوپاس، حەسەن پەرتەو بۆ وروژاندنی کۆمەڵێک خاڵی گرنگ و سەرنجراکێش، بە تایبەتی باسکردنی ئەوەی کە سیناریۆکانی دوای ململانێکان کە نەک هەر تەگەرەی گەورەن بەڵکوو دەرفەتن بۆ پێشخستنی هاوکارییە ناوچەییەکان. زۆر بوار هەیە بۆ هاوکاری و سوودی دوولایەنە لە نیوان وڵاتاندا، لەوانە هاوبەشکردنی زانیاری و ئاڵوگۆڕی تەکنیکی، کە لە راستیدا دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دروستکردنی متمانە لە نێوان وڵاتان. ئەم لۆژیکە ناوەندێکی داهێنان و زانستی پێشکەوتووی لە ناوچەکەدا دروست کردووە. بێگومان بابەتەکە ئەوەیە کە ئەم زانست و داهێنانە چۆن باشتر بۆ بەرژەوەندی هەموو ناوچەکە بەکاربهێنرێت.

 پانێڵستێکی چوارەممان هەبوو کە بەداخەوە نەیتوانی بەشداریمان لەگەڵدا بکات بەهۆی حاڵەتێکی تایبەتەوە، دکتۆر جەواد ئەلخەراز، بەڵام داوام لێکرد هەندێک لەخاڵە سەرەکیەکەنی تەوەرەکەیمان بۆ بنێرێت، کە لە یەک خولەکدا بە خێرایی باسی دەکەم پێش ئەوەی دەرگا بەڕووی پرسیارەکانی ئامادەبوواندا بکەینەوە.

خاڵی سەرەکی دکتۆر ئەلخەراز، لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەمدا سەبارەت بەوەی کە دەتوانین چ ئیلهامێک لە شوێنەکانی دیکەی جیهان وەربگرین بۆ نموونەی هاوبەشیکردن لەسەر پرسە ژینگەییەکان کە یارمەتیدەر بووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و متمانە لە نێوان وڵاتان، ئەوە بوووەک حەسەن تازە باسی کرد، کاتێک بە شێوەیەکی درووست مامەڵە لەگەڵ تەگەرەی ژینگەییەکان دەکرێن، دەتوانن ببنە هاندەرێکی بەهێز بۆ ئاشتی و سەقامگیری.

نموونەیەک کە بەڕێزیان باسیکردووە، دەستپێشخەری ئاشتی شین، کە گرنگی بە رێگەی داهێنەرانە و نوێ دەدات بۆ باشترکردنی بەکارهێنانی ئاوی نێوان وڵاتانی هاوسنور وەک ئامڕازێکی بنیاتنانی ئاشتی لەڕێگەی ئاسانکاریکردنی هاوکاری نێوان حکومەتەکان، رێکخراوە ناحکومییەکان، دەسەڵاتداران، کەرتی تایبەت، دامەزراوە توێژینەوەکان و گەنجان. دەستپێشخەریی ئاشتی شینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاردەکات بۆ گۆڕینی ئاو لە سەرچاوەی قەیرانەوە بۆ کاتالیستێک یان هاندەرێک بۆ گەشەپێدانی ئابووری کۆمەڵایەتی و هاوکاری و ئاشتی لە ناوچەکەدا. کە بووەتە یەکەم میکانیزمی هاوبەشی هەرێمی لە مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

نموونەیەکی دیکە دەستپێشخەری حەوزی نیلە لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا، کە 10 وڵاتی کەنارەکانی پێکەوە کۆکردەوە- کە زۆرجار رووبەڕووی گرژی مێژوویی بوونەتەوە، وەک میسر، سودان و ئەسیوپیا- بۆ ئەوەی بە هاوبەشی سەرچاوەکانی رووباری نیل بەڕێوەببەن، ئەویش لەڕێگەی هاوکاری تەکنیکی، هاوبەشکردنی زانیارییەکان و پڕۆژەکانی ژێرخانی هاوبەش. ئەمە لەکاتێکدا دەستپێشخەری حەوزی نیل گرنگی بە  گفتوگۆی هاوبەش داوە، تەنانەت لە کاتی ناکۆکییەکان لەسەر بەنداوی گەورەی رێنێسانسی ئەسیوپیا؛ بۆیە ئەوەی لێرەدا گرنگە، گرنگیدانە بە سوودی هاوبەش، وەک بەرهەمهێنانی کارەبای لەرێگەی سەرچاوەی ئاو و کۆنترۆڵکردنی لافاو، کە وابەستەیی هاوبەش دروست دەکات و وڵاتان هاندەدات بۆ ئەوەی دانوستانەکان لە پێشینەی کارەکانیان بیت نەوەک ململانێکردن.

هەروەها باسی لە یەکگرتوویی وزەی یەکێتی ئەورووپا کرد، بەتایبەتی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوەی ئەودیوو سنور؛ بۆ نمونە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و دانیمارک تۆڕی با و خۆریان یەکخستووە، کە لەلایەن چوارچێوەی یاسایی و دارایی یەکێتی ئەوروپا پشتگیری دەکرێن، بۆ باشترکردنی ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی شوێنپێی کاربۆن. ئەم مۆدێلە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن دیپلۆماسی وزە لەڕێگەی وەبەرهێنان و ژێرخانی هاوبەشەوە دەتوانێت متمانە و پەیوەندی ئابووری دروست بکات.

نموونەیەکی دیکە کۆمیسیۆنی رووباری میکۆنگ بوو کە کەمبۆدیا، لائۆس، تایلەند و ڤێتنام تێێدا بەشداربوون. ئەوەش نیشانی دەدات کە چۆن ئاڵوگۆڕی بەردەوامی زانیاری و چاودێریکردنی هاوبەشی ژینگەیی دەتوانێت گرژییەکان لەسەر پەرەپێدانی کارەبا لەڕێگەی سەرچاوەی ئاو کەمبکرێتەوە. دکتۆر ئەلخەراز ئاماژەی بەوەدا کە هاوکاری تەکنیکی خاڵێکی گرنگی بێ مەترسییە بۆ دروستکردنی متمانە، جا چ هاوبەشکردنی زانیارییەکانی دەسکەوتوو دەربارەی سەرچاوەی خۆر بێت یان هەماهەنگی پرۆسەی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو.

خاڵی دووەمی ئەوەیە کە دامەزراوەکان گرنگن. هەر وەکوو کۆمیسیۆنی رووباری میکۆنگ و دەستپێشخەری ئاشتی شین، کارکردن لە ڕێگەی دەزگایەکی ناوچەییەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە فەرمیکردنی کارە هاوبەشەکان و هاوکارییەکان. خاڵی سێیەمی ئەو ئەوەیە کە وابەستەیی و کاری هاوبەش برەو بە پرۆسەی ئاشتی هەمەلایەن دەدات، بۆ نموونە کاتێک ئوردن وزەی خۆر هەناردەی لوبنان یان سعودیە دەکات، یان سعودیە وەبەرهێنان لە هایدرۆجینی سەوزی عێراقدا دەکات، ئەم کارە هاوبەش و وابەستەییە هاندەرێکی سەرەکیە لە کەمکردنەوەی ململانێکان.

پرسیار و وەڵامەکان :

پرسیار: بەڕیز جەودەت باستان لە نیگەرانییەکی زۆر گشتی کرد سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەت. ئایا رات وایە کە لە ئیدارەی ترەمپ، چارەسەری دوو دەوڵەتی ئەگەری روودانی هەبێت؟ هەروەها، پێتوایە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین مومکین بێت؟

د. جەودەت بەهجەت: سوپاس. دوو خاڵ سەبارەت بە سیاسەتی سەرۆک ترەمپ: یەکەم: ئەو زۆر مامەڵەکارە، رەنگە گۆڕانکارییەکی جیددی ببینین، وەک هاوکارەکانم باسیان کرد، لە جیۆپۆلەتیکەوە بۆ جیۆئابووری. سەرۆک ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر سعودیە 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکات، سەردانی سعودیە دەکات. کەواتە، هەموو شتێک لەسەر ئابووری و پارەیە.

من پێموایە بوار بۆ گەشبینی هەیە- نەک تەنیا سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتی، بەڵکو سەبارەت بە رێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێرانیشدا. ئێران  وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، ئەمریکاش گرنگی بە نەوت و گاز دەدات، بۆ ئیرانیش خەتی سوور گۆڕانی رژێمە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێرانیش چەندین جاررایگەیاندووە، ئەوان نایانەوێت چەکی ئەتۆمی درووستبکەن. ئێران زۆر یەکگرتوو بووە لە راگەیاندنی ئەوەی کە چەکی ئەتۆمی بەشێک نییە لە گوتاری بەرگریی ئەوان. بۆیە، من وای دەبینم ئومێدێک هەبێت بۆ رێککەوتن. سەرۆک ترەمپ دەیەوێت خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەست بهێنێت و رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەتوانێت ئەمەی بۆ بکات.

خاڵێکی دیکە سەبارەت بە سەرۆک ترەمپ ئەوەیە کە زۆر پێشبینی نەکراو و ناتەقلیدییە. یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا بوو کە یەکەمین سەفەری دەرەوەی وڵاتی بۆ سعودیە لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا ئەنجامدا. کەواتە، من لەم لایەنەوە ئەو تروسکایی ئومێدە دەبینم بۆ رێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران دا.

سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتیش، پێموایە ئەگەری ئەوە کەمترە. شەوی رابردوو سەرۆک ترەمپ کاسێتێکی ڤیدیۆیی نوێی بڵاوکردەوە کە لەلایەن کۆمپانیای ئای ئایەوە دروستکراوە و تێیدا خۆی و سەرۆکوەزیران نەتانیاهۆ چێژ لە دیمەنەکانی کەنار دەریاکانی غەززە دەبینن، بۆیە زۆر بەگومانم لەوەی کە چارەسەری دوو دەوڵەتی هەبێت، هەرچەندە هیوادارم هەڵە بم. سوپاس

 پاوڵ زیاتکۆڤیچ: د. عەزیز، دەتانەوێت شتێک بڵێن؟

عەبدولعەزیز ئەلغەشیان تەنیا دەمەوێت چەند وشەیەک لەم بارەیەوە بڵێم، کاتێک باس لە کارەکانی خۆم دەکەم، لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا سەرنجم لەسەر سیاسەتی سعودیە بەرامبەر بە ئیسرائیل بووە. لەم ساڵانەی دواییدا، لێکۆڵینەوەکانم لە دەوری چۆنیەتی بەکارهێنانی رۆڵی پۆتانسێلی سعودیە لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکەو ئیسرائیل لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا بووە. 

من زۆر کەس لە ئیسرائیل-ەوە دەناسم و زۆرجار باسی ئەم بابەتە دەکەین، بەڵام ئەو پرسیارەی کەدێتە پێشەوە: ئایا واقیعی یەک دەوڵەت مومکیەنە و شایەنی ئەم باسەیە؟ بەرای من لە واقیعدا چارەسەری تاک دەوڵەتی بوونی نییە لەوناوچەیەدا، کەواتە، پێویستە بەردەوام بین لە وەبەرهێنان لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی جۆرێک لە ئاسۆی سیاسی لە چوارچێوەی چارەسەری دوو دەوڵەتیدا،ئەمەش نەک ژیانی پێکەوەیی مسۆگەر دەکات کە ئەم دوو گەلە دەتوانن شانبەشانی یەکتر بژین. بەڵکو لەڕوانگەی ئاسایشی ناوچەییەوە، دەبێت کاریگەرییەکانی نەبوونی چارەسەری دوو دەوڵەتی لەبەرچاو بگرین؛ ئەگەرنا مەترسی کاریگەری زیاتری ناکۆکی و تەقینەوەی زیاتری وەزعەکە لە ناوچەکەدا دەکەین. ئەوەی کاری ئێمەیە لە ناوچەکەدا ئەوەیە کە بەجیددیەوە کار بۆ دەستەبەرکردنی جۆرێک لە چارەسەربکەین چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە و ئەگەر نەیکەین، ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێی زیاترلە ناوچەکە و هەرێمەکە بە سادەیی بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە.

پرسیار: زۆر سوپاس کە دەرفەتی پرسیارکردنتان بە من دا. من ئیبراهیم موتەقیم، مامۆستام لەزانکۆی تاران، ئەمەویت بڵیم کە وانەی زۆر لەم پانێڵەوە فێربووم، بەتایبەت د.جەودەت بەهجەت، کە کەسێکی ناسراون لە ئێران و زۆرێک لە بابەت و کتێبەکانی بۆ فارسی وەرگێڕدراون. پرسیاری من بۆ بەڕێزیان ئەوەیە ئایا تێروانی بەڕێزیان چیە لەبارەی ئەو رایەی کە ئیسرائیل رۆڵی ئەکتەرێکی تەگەرەسازی لەنیوان ئێران و ئەمریکا دەگێڕێت؟ هەروەها پێتان وایە، چی لەپەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوولایەنە لە ساڵی 2025 دا روودەدات؟

د. جەودەت بەهجەت: دیسانەوە ئێران زلهێزێکی گەورەی ناوچەییە. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا هەزاران ساڵە عەرەب و ئێرانی و جوولەکە و تورک و ئەوانی دیکە شان بە شانی یەکتر دەژین، بۆیە لە کۆتاییدا هیچ سیناریۆیەکی مومکین نییە کە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت و وەک هەمووتان دەزانن چەکی ئەتۆمی تەنیا جارێک بەکارهاتووە، لە ساڵی 1945. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وڵاتان بەردەوامن لە ژیانکردن شان بە شانی یەکتر- ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان و ئەوانی دیکە هەموویان پێکەوە لە ناوچەیەکی هاوبەشدا ژیان دەکەن کە رۆژهەلاتی نێوەراست. ئەوەی کەمن تێیگەیشتووم،  ئێران وەبەرهێنان لە چەکی ئەتۆمی ناکات؛ ئێران سەرمایەگوزاری لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک دەکات و ئێرانیش زۆر شەفافە لەو بارەیەوە. لەبارەی عێراقەوە، عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە.

بەرای من، بوار بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە؛ وەک وتم ئێران نایەوێت چەکی ئەتۆمی پەرە پێبدات و ئەوانیش ئامادەن ئەمە پشتڕاست بکەنەوە و رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بکەن. من ئەو رایە رەت ناکەمەوە کە ئیدارەی ترەمپ دانوستان بکات، وەک پێشتر کردمان، بە یارمەتی عومان. سوپاس

عەبدولعەزیز ئەلغەشیان: تەنیا دەمەوێت ئەمە زیاد دەکەم و بڵێم، منیش لەگەڵ ئەو رایەدام کە هەندێک ئەکتەر و هێز دەیانەوێت ململانێی زیاتر لە نێوان ئەمریکا و ئێران ببینن. بۆ نموونە پێدەچێت نەتانیاهۆ دڵخۆش بێت کاتێک گوێی لە هەندێک قسەی تووند و هەڕەشە ئامیز دەبێت و، من پێموایە هەوڵدەدات ئەمریکا بۆ ئەم کایە رابکێشێت و ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. بە بڕوای من ئەمە دینامیکێکی شێوە پاڵنان و راکێشانە و ئەمریکا بەشدارە لەم دینامیکەدا، بەداخەوە کەسانێک هەن کە لەڕووی سیاسییەوە برەو بە  بەردەوامکردنی ململانێکان دەدەن.

وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا، کەسانێک هەن کە بەردەوام هەوڵی پەرەپێدانی ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکا، نێوان ئێران و ئیسرائیل و نێوان دەوڵەتانی کەنداو و ئێران دەدەن. بەڵام من پێموایە نزیکبوونەوەی نێوان دەوڵەتانی کەنداو و ئێران لەڕاستیدا بەسوودی لایەنی ئەمنی دەشکێتەوە لەناوچەکە. ئەوەی کە ئەم پەیوەندییە خەریکە سەقامگیرتر دەبێت، دەتوانێت بناخەیەک بۆ هاوکاری زیاتر دابین بکات. بە بڕوای من پەیوەندی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران لە بابەتێکی دەرەکییەوە دەگوازرێتەوە- وابەستە بە خواستەکانی ئەمریکا یان ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانی دیکە - بۆ بابەتێکی ناوخۆیی. هەوڵێکی راستەقینە لە ئارادایە بۆ بەدواداچوونی خاڵی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان دەوڵەتانی کەنداو و ئێران؛ نیگەرانییە هاوبەشەکان زۆرن و ئامانج لێی چارەسەرکردنی نائەمنیەکانی یەکترە لە ناوچەکەدا. 

 پاوڵ زیاتکۆڤیچ: زۆر سوپاس بۆ پانێڵیستە بەڕێزەکان، و زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی ئێوەش، کاتی پێویستمان نەما، بۆیە پێویستە لێرەدا کۆتایی بە پانێڵەکە بهێنین، سوپاس. 

January - 2025
Sunday
26
09:20 AM
-
10:10 AM
February - 2025
Thursday
27
09:20 AM
-
10:10 AM
Share this Post

چالاکی