چالاکی

پانێڵی 09: ئاسۆی هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراق؛ قۆناخێکی نوێ لە گرژی یان ئاڕاستەیەک بۆ ململانێی ئاشتییانەی دەسەڵات

25-03-2025


مستەفا سەرای: ئامادەبووانی بەڕێز، بەخێر بێن بۆ سێیەمین کۆڕبەندی هەولێر کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵێک ناوەندی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەی ناوخۆیی و هەرێمی بەڕێوەدەچێت. لەگەڵ نزیکبوونەوەی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو 2025 سەرنج دەچێتە سەر هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەوە هەیە، هەر لە پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بگرە تاوەکو سروشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و هاوپەیمانییەکان و هەوڵەکانی بلۆکە سیاسییەکان بۆ پیشاندانی وێنەیەک کە دوورە لە راستی. ئەمەش جگە لە بانگەشەکەی رێبەری رەوتی سەدر، سەید موقتەدا بۆ لایەنگرانی بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، کە ئەویش هەنگاوێکە کە هەندێک بە ئامادەکاری بۆ هەوڵی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان یان گەڕانەوە دایدەنێن. هەموومان کۆکین لەسەر سەختیی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق و تەگەرە و ئاڵۆزییەکانی، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایات کە پاشەکشە بکەین و نەچینە نێو شیکردنەوەی واقیعی و سیاسی هەڵبژاردنەکانەوە.

من مستەفا سەرای، بەڕێوەبەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەم لە ناوەندی بەیان، سەرەتا بە دکتۆر رائید فەهمی دەستپێدەکەم.

بەخێر بێیت د.رائید، سەرەڕای مێژووی درێژی کاری سیاسی چەپ لە عێراق، بەڵام کاریگەری چەپ هێشتا سنووردارە، لە هەردوو لایەنی یاسادانان و جێبەجێکردن، تەنانەت لەسەر ئاستی دامەزراوە نافەرمییەکانیش کە بەشێکن لە سیستەمی سیاسی. ئەمەش وامان لێدەکات بە پشتبەستن بە رووداوەکانی رابردوو و ئێستاش، هەڵوێستی چەپ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا شی بکەینەوە.  بۆیە پرسیارەکەم ئەوەیە:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، ئایا چەپ دەستی کردووە بە رێکخستنی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو؟ ئەگەر ئەم رێکخستنە هەیە، ئایا بە تەنیا دەبێت یان هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی سیاسی دیکە دەبێت؟ بەتایبەتی قسەیەک هەیە کە بەشێک لە برایانی چەپ لەوانەیە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق رێکبکەون؟

د. رائید فەهمی: زۆر سوپاس و بەیانیتان باش. ئێستا باس لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پێویستی، ئامادەکارییەکان و بەشداریکردن تێیدا دەکەم، بەڵام ناکرێت باس لە هەڵبژاردن بکەین بەجیا لەوەی کە چاوەڕێی عێراق دەکات و ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی سیستەمی سیاسی و دۆخی سیاسی بوونەتەوە کە ئەمەش دیدگای چەپ و هێزە مەدەنی و دیموکراتییەکان دیاری دەکات.

سەرەتا، ئێمە پێمان وایە سیستەمی سیاسی لەنێو کێشەیەکی بنەڕەتیدایە. ئەم کێشە بنەڕەتییە جیاوازە لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە کتوپڕەکانی دیکە. کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە  کە پێکهاتەی سیستەمی سیاسیی نوێ و پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای تایفی و نەتەوەیی دانراوە.

لە ئەنجامی ئەم تایفەگەرییە سیاسییەی کە لە بناخەی  دەوڵەت دا جێگیر بووە، بنیاتی دەوڵەت تێکچووە و ئەمڕۆ هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتەکەمان لاوازە و تاڕادەیەکی زۆر ناتوانێت خزمەتگوزارییەکان پێشکێش بکات و گەندەڵی بووەتە بەشێکی بنەڕەتی لە دەوڵەت دا.

لە دوو رۆژی رابردوو دا قسە لەسەر ئاڵنگاری و مەترسییەکانی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییانە کرا کە لە جیهاندا روودەدەن، بەڵام هەمووی کۆدەبنەوە لەسەر ئەوەی کە لە جیهاندا گرنگیی دەوڵەتان زیادی کردووە، بە پێچەوانەی ئەو بیرۆکەیەی کە بۆ ماوەیەک پێی وابوو سەردەمی جیهانگیری بەسەرچووە.

لەڕاستیدا، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت رووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییە دەرەکییانە ببێتەوە، دەبێت ببێتە دەوڵەتێکی بەهێز. دەوڵەتی دامەزراوەیی، دەوڵەتێک کە نەک تەنیا رەوایی یاسایی بەڵکوو رەوایی کۆمەڵایەتی گەورەی هەبێت و بتوانێت ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەمڕۆ لە عێراق ئەم فاکتەرانە بەردەست نین.

لە هەڵبژاردنەکاندا کەمتر لە رێژەی 20٪ی خەڵک بەشداری دەکەن و ئەمەش بەگوێرەی یاسا شەرعییە، بەڵام شەرعیەتی کۆمەڵایەتی سنووردار دەکات و دامەزراوەکان لاواز دەکات.  لەبەردەم ئەم کێشە گەورانە و لەنێو ئەو شەپۆلە بەهێزانەدا وادەردەکەوێت کە دەوڵەت ناتوانێت بە هەموو واتاکانییەوە پارێزگاری لە خۆی و مافەکانی و سەروەریی خۆی بکات. 

کەواتە ئەگەر بمانەوێت هەنگاوێک بێت بۆ بەرەوپێش و بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە و دەرهێنانی عێراق لە بازنەی ئەم کێشە و قەیرانانە، دەبێت کار بۆ ئەوە بکەین کە بتوانرێت ئەم هەڵبژاردنانە بە شێوەیەکی راستگۆیانە ودادپەروەرانە گوزارشت لە رای گشتی بکەن.  

ئەمڕۆ ئەگەر 18٪ یان 17٪ بەشداریمان هەبێت ئەوا رێژەی 80% زیاتر لە دەرەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنن و بەشداری ناکەن، کەواتە ئێمە لەبەردەم کێشەیەکی زۆر گەورەداین. ئەی چی بکرێت؟ ئێمە وەک هێزێک، ئێستا پرۆژەکەمان چەپە بەڵام خەسڵەتێکی مەدەنی و دیموکراتی هەیە. داوا دەکەین دەوڵەت بەرەو دەوڵەتی هاووڵاتیبوون هەنگاو بنێت، واتە لە دۆخی دەوڵەتی پێکهاتەکان و هەموو کێشەکانی دەربچێت.

دووەم، دەستەواژەی "گۆڕانکاری" تەنیا گۆڕینی کەسەکان و گۆڕانکاری لە لایەنە دیاریکراوەکان نییە یان هەندێک وشەی سیاسی، بەڵکوو گۆڕانکارییەکە پێویستە پێکهاتەکە بکاتە ئامانج. بەگشتی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و گۆڕانکاری لە ئاراستە سیاسییەکان وەردەگرێت. ئێمە یەکەم جار بۆ هاوپەیمانییەکی نیشتیمانی، دیموکراتی و مەدەنی هەوڵ دەدەین. هێزە سیاسییەکان هێشتا بە تەواوی دیاری نەکراون، بەڵام هێزی مەدەنی بەشێکی سەرەکی دەبێت.

مستەفا سەرای: زۆر سوپاس، بەدڵنیاییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئەم تەوەرە، بەڵام دەچمە لای دکتۆر ئاسۆ فەرەیدوون. بەخێربێیت دکتۆر.

دکتۆر رەوشی سیاسی کوردی لەوانەیە ئاڵۆزتر بێت بەتایبەتی لەڕێی لێکۆڵینەوە لە ئەزموونەکانی هەڵبژاردنی پێشوو و لە ئەزموونی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشەوە بە روونی رەوشی جیاوازی هەرێمی کوردستان دیارە، ئایا ئەوە بۆی هەیە رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو هەبێت؟

ئەم ناکۆکییە بێگومان کاریگەری تایبەتی لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان دەبێت، بەشێوەیەک لەو ناوچانە بوونی هێزە کوردییەکان لە لیستی گەورەی هاوپەیمانییەک یان دوو هاوپەیمانی پیویستە. کەواتە لەم پرسەدا  پێتوایە  حیزبە کوردییەکان پەنا دەبەنە بەر حیکمەت یان هەر سوردەبن لەسەر تێنەپەڕاندنی ناکۆکییەکان و پێکنەهێنانی هاوپەیمانییەکی گەورە. بەتایبەتی لە باسکردنی مانەوەی یاسای سانت لیگۆ، ئایا بە میکانیزمی سانت لیگۆ یان میکانیزمێکی نوێ کە بە تەواوی جیاوازە لەوەی کە لە ئەزموونە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق بەکارهاتووە و بینیومانە هەڵبژاردنی 2025 دەکرێت؟

د. ئاسۆ فەریدون: بەیانی باش. بەڕاستی شانازی دەکەم کە بەشداری لە کۆڕبەندێکدا دەکەم کە هەموو ئەم فرەچەشنییەی تێدایە و تائێستا بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەچێت. بە هیوام کە ئەنجامی سەرکەوتووی لێ بکەوێتەوە.

پرسیارەکەت پێویستی بە وەڵامێکی وردە و هەروەها پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ قۆناخێکی مێژوویی زۆر کورت. بە کورتی، عێراق لە پرسی ئەزموونی هەڵبژاردنەکان دا بە سێ قۆناخدا تێپەڕیوە:

قۆناغی یەکەم، لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ساڵی 1958. قۆناخی دووەم، لە 1958 تا 2003. قۆناخی سێیەم، لە 2003 تا ئەمڕۆ.

لە قۆناخی یەکەمدا، سیستەمێکی فرەیی هەبوو کە شەرعییەتی خۆی لە ئەنجوومەنەوە وەردەگرت بۆ حکومەت. لە سەرەتادا، ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای خەبات بۆ سەربەخۆیی دژی دەسەڵاتی بەریتانیا دامەزرابوو. پاشان، دوای ساڵی 1945، یاساکانی حیزبەکان دەرکران و حیزبی سیاسی وەک حیزبی نیشتمانی، یەکێتی نیشتمانی، نیشتمانی دیموکراتی، گەل، رزگاری، دەستووری پاشایەتی و ... هتد دەرکەوتن.

پاشان، دەگەینە قۆناخی دووەم کە تێیدا ئەفسەرە ئازادەکان بڕیاریان دا ببنە دەسەڵاتی باڵای حوکم لە عێراقدا. قۆناخێکی نوێ دەستی پێکرد کە قۆناخی کودەتا سەربازییە یەک لە دوای یەکەکان بوو. لە 14ی تەمموزی 1958ـەوە، بە تێپەڕین بە هەموو رووداوە بچووکەکان، وەکو هەوڵە نەگەیشتووەکان بۆ تیرۆرکردنی عەبدولکەریم قاسم، عەبدولوەهاب شەواف، کودەتای بەعسییەکان، و... هتد.

دوای 45 ساڵ لە حوکمی تاکڕەوی کە دوور بوو لە دیموکراسی و تێیدا تاکەکانی گەل هیچ مومارەسەیەکی دیموکراسییان نەکرد یان بە شێوەیەکی زۆر کەم بوو، گەیشتین بە قۆناخی دوای 2003.

ساڵی 2003 قۆناخی فرەیی، فیدراڵی و یەکێتی بوو. ئەمە بنەماکانی دامەزراندنی ئەم حکومەتەیە: یەکێتی، پەرلەمانی، فرەیی و لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی و رێککەوتنی سیاسی لە نێوان حیزبەکان و پێکهاتە سیاسی و حیزبە سیاسییەکاندا هاتووەتە ئاراوە.

ئێمە بەرەو هەڵبژاردنی داهاتوو دەچین بە ئەزموونێکی زیاتر و لە قۆناخێکی جیاوازدا. وەک مامۆستا رائد فەهمی باسی کرد،  رەنگە کاریگەریی دەرەکی و هەرێمی و گۆڕانکارییەکانی ئێستا کاریگەرییان لەسەر قۆناخەکە هەبێت و لە ماوەی چەند مانگی داهاتووشدا ئەوە زیاتر دەربکەوێت.

راستییەکەی ئێمە نازانین پەیوەندی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دراوسێمان چۆن دەبێت، چارەنووسی سووریای دراوسێ چی دەبێت. ئەمانە پرسی گرنگن لە رووی دەرەکییەوە کە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنەکانیش دەبێت.

لە ناوخۆدا، با لە دۆسیەی کوردەوە دەست پێ بکەم. لای کورد، پرسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بابەتی بەهێزکردنی هاوبەشییە لە بەغدا. ئێمە هەموومان دەزانین کە هاوبەشی لە بەغدا بە قۆناخی جیاواز تێپەڕیوە، جارێک باش و جارێک پاشەکشە بووە.

مستەفا سەرای: باشە دکتۆر، ئەمە پرسیارێکی سادەیە سەبارەت بەو بابەتە، لە قۆناخی هاوبەشی لەگەڵ بەغدا، ئایا دەکرێت ستراتیژییەکی نوێ بۆ کورد دابڕێژرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عەرەب یان سوننە و شیعە لە بەغدا لە هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردنی داهاتوودا؟

د. ئاسۆ فەریدون: ئێستا هەست بە بایەخدانێکی زیاتر و هەوڵێکی زیاتر دەکەین بۆ بەهێزکردنی بوونی کورد لە رێگەی پەرلەمانەوە. سەرەتا بەهێزکردنی ئەم هاوبەشییە و گێڕانی رۆڵێکی سەرەکی لە حکومەت و پرۆسەی سیاسیدا، هەروەها فاکتەری دیکەش هەن، بۆ نموونە پرسی ناوچە جێناکۆکەکان کە من ناویان دەنێم ناوچە هاوبەشەکان کە تا ئێستا کێشەکانیان بە راستی چارەسەر نەکراون. کێشەی بودجە و کێشەی دیکەی بەردەوامیشمان هەیە.

لەبەر ئەوە حزبە سیاسییەکان بە تایبەتی هەردوو حزبی سەرەکی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەمیشە لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا هەوڵدەدەن بە بەراورد بە پێشتر بوونێکی زیاتریان  لە بەغدا هەبێت .

بەپێی پێشبینی من بەشداری لەسەر ئاستی عێراق زیاتر دەبێت، چەند هۆکارێکی بابەتی هەیە کە وامان لێدەکات بەو ئاراستەیەدا بیر بکەمەوە. یەکەم، بڕیاری رەوتی سەدر لە گەڕانەوەی بۆ پرۆسەی سیاسی، ئەگەر لە دوو مانگی داهاتوودا بڕیار بدات، چونکە گەڕانەوەی دوای ئەو شێوازەی کە پێی کشایەوە، کاریگەری دەبێت لەسەر بەشداری بە تایبەتی لە پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاست.

دووەم، با بە راشکاوی بڵێین، نیەتی روونی بەڕێز سەرۆکوەزیران لە بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنانەدا و چۆنیەتی بەشداریکردنی.

دواجار، برایانی سوننەش گەڕانەوەیەکیان هەیە بۆ هەڵبژاردنەکان.  پێگەی بەڕێز حەلبووسی پێشتر بریندار کرا و ئەویش سوود لەم بابەتە وەردەگرێت بۆ گەڕانەوەیەکی بەهێز.

بەگشتی، پێشبینی دەکەم بەشداری هەرێمی کوردستان زیاتر بێت لە جاری پێشوو، بەڵام بە ئەندازەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نابێت کە ٧٢٪ بوو، بارودۆخێکی بەرچاو بوو بەهۆی بوونی کێبڕکێیەکی گەورە لە نێوان هەردوو حزبی سەرەکی.

بەڵام رەنگە توندی کێبڕکێکە وەکو لە پرسیارەکەشت دا هات، کەمتر بێت چونکە ئەزموونی کێبڕکێی تووند بەرهەمی باش نادات، بەتایبەت لە بابەتی بەغدا کە ئێستا پێشنیازی هەڵوێستی هاوبەش بۆ داهاتوو هەیە.

مستەفا سەرای: من دەگەڕێمەوە بۆ لات، دڵنیابە. ئێستا دەچمە لای دکتۆر مستەفا عەیاش کوبێسی.

یەکێک لە دیارترین پرسەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی سوننە، نەبوونی ستراتیژیەکی روونە کە هێزە سوننییەکان کۆبکاتەوە ، وەک ئەوەی هێزە سیاسییە شیعەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردیان و حکومەتێکیان پێکهێنا. ئەم چوارچێوەیەش تا ئەم ساتە یەکگرتووە و بە حکومەتێکی سەرکەوتوو وەسف دەکرێت. دکتۆر ئاسۆ ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە گۆڕەپانی سوننەدا کرد.

ئەنبار چیتر تاکە پارێزگا نییە کە چارەنووسی گۆڕەپانی سیاسی سوننە دیاری بکات. هەروەها، گۆڕانکاری لە هێزە سیاسییە سوننەکان و دەنگدەری سوننە هەیە، چ لە تەقەدوم و چ لە حیزبەکانی دیکەدا. بۆیە هەندێک دەڵێن سوننەکان لە لاوازترین دۆخیاندان، چونکە پەرشوبڵاون و یەکگرتوو نین، هەندێکی دیکەش دەڵێن ئەم پەرشوبڵاوییە هێزە بۆ لایەنی سوننی و دەتوانن چەندین دەستکەوتی لێ بەدەست بهێنن. بۆ نموونە پەیوەندی فراوانتر لەگەڵ لایەنەکان بەتایبەت لەگەڵ کورد و شیعە، لە روانگەی تۆوە، بۆچوونت چییە لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان سوننە - سوننە؟

مستەفا عەیاش: سەرەتا، سوپاس بۆ رووداو و سوپاس بۆ سەنتەری بەیان بۆ ئەم دەرفەتە. دۆخی سوننی لەوانەیە جیاوازبێت لە دۆخی کورد و دۆخی شیعە لەبەر چەند هۆکارێک. 

رەنگە ماڵی شیعی لە نەوەتەکانەوە دۆخی خۆی رێکخستبێت بۆ قۆناخی دوای 2003 خۆی ئامادە کردبێت. ماڵی کوردیش هەروەها رێکی خستووە و دەیزانی چی روودەدات. ماڵی سوننی و هێزی سوننی لە قۆناخی پێش 2003 لە راستیدا بوونی نەبوو جگە لە بوونێکی فۆرمی لە کۆنفرانسی لەندەن یان شوێنی دیکە.

ئەگەر بێینە سەر گۆڕەپانی ئەمڕۆ، زیاتر لە خولێکی هەڵبژاردن تێپەڕی و سوننەکان لە بیرۆکەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ماونەتەوە. دەپرسن ئایا هەڵبژاردن حەرامە یان حەڵاڵە؟  ئەم قۆناخە گواستنەوەییە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. پرۆژەیەکی سوننی ئامادەکراو بۆ قۆناخی دوای 2003 نەبوو، ئەمە وای کرد تەنانەت پارێزگا سوننییەکان لە بڕیاردان و نوێنەرایەتیدا دوودڵ بن، لەوانەیە تا دوو خولی هەڵبژاردنی کۆتایی ئەم دوودڵییە بەردەوام بووبێت.

ئەم شتە لەوانەیە لەلایەن هاوبەشەکانی دیکەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان بەکارهێنرابێت. ئەمڕۆ باسی میزاجی سوننی دەکەین کە لە 2006دا بە رۆشنبیری پێکهاتەکان و ناسنامە لاوەکییەکان بە رێژەی 10 -15٪ی بەشداری جوڵایەوە، پاشان نیشتمانیانە لەگەڵ ئەیاد عەلاوی لە 2010دا جوڵایەوە، بەو هیوایەی پرۆژە و ناسنامەیەکی نوێ بەرهەم بهێنێت. بەداخەوە، ئەم پرۆژەیەش سەرکەوتوو نەبوو و نەگەیشتە ئەنجام.

سوننەکان دوای قۆناغی 2010بەوە رازی بوون کە کەلتوری پێکهاتەکان باڵادەستە، سیستەمی سیاسی رێگە بە هەڵبژاردنی دیکە نادات. دەبێت وەک سوننە کار بکەن و پاشان دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانییەکانی ستوونی و ئاسۆیی لەگەڵ هەر کەسێک حەز دەکەن بکەن.

قۆناخێک کە ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، تووندیی ناکۆکییەکان لە کۆمەڵگەی سوننیدا دەردەخات. ناکۆکییەکانیش بەشیوەیەکە هەر لە پۆلینکردنی عەلی وەردییەوە تا ئەمڕۆ، ناکۆکی لە ماڵی شیعیدا هەیە، ناکۆکی لە ماڵی کوردیدا هەیە، ناکۆکی لە ماڵی سوننیشدا هەیە، بگرە ناکۆکی تووندیش هەیە.

واتە پەیامێکی دەروونی دراوەتە دەنگدەری سوننی کە بەشداری هەڵبژاردن نەکات. دکتۆر رائید باسی کرد کە رێژەی بەشداریکردن لە 20٪ تێپەڕ ناکات. لە بەغدا بۆ نموونە، رێژەی بەشداریکردن لە عامرییە 13٪ بووە، بەڵام رێژەی بەشداریکردن لە شاری سەدر دەگاتە 60٪.  لەوانەیە لە ناوچەکانی دیکەی بەغدا و پارێزگا هاوبەشەکان میزاجی سوننی تا ئێستا کارلێک ناکات چونکە بەشێکی کارلێک نەکردن بۆ ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردە سوننەکان دەگەڕێتەوە و بەشێکیشی بۆ بێ بڕوایی هاوبەشەکان بە سیستەمەکە دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە  قسەی سوننی لەسەر شایستە سیادییەکان بووە بەڵام ئەمڕۆ، تەنانەت تۆپی پێ و رێکخراوە وەرزشییەکان و لێژنەی ئۆڵۆمپی و وەزارەتی وەرزش لاوان و یەکێتی تۆپی پێ لەژێر دەسەڵاتی یەک لایەنن.

ئەگەر بەمشێوەیە بێت چۆن دەتوانین هانی دەنگدەری سوننەکان بدەین بۆ هەڵبژاردن. ئەو کەسەی کە هێشتا گومانی هەیە و بەتەواوی تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسی نەبووە بۆ بەشداریکردن و وەرگرتنی مافە سیاسییەکانی و مافی پێکهاتەکەی.  من گەشبینم سەرەڕای ئەوەی کە ئەمڕۆ تاڕادەیەک سەقامگیری لە کۆمەڵگەی سوننەدا هەیە بەرەو پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری نیشتمانی هەنگاو دەنێت. هەروەها، بێگومان کۆمەڵگەی سوننە گرنگە بۆ سەقامگیری وڵات. هەر ناسەقامگیرییەک - خوا نەکردە - لە ئەنبار رووبدات، لەهەموو وڵات پشێوی دەبێت. هەر شڵەژانێکیش لە موسڵ رووبدات، کاریگەری لەسەر هەموو پارێزگاکانی دیکە دەبێت. ئەمڕۆ جیهان گوندێکە و عێراقیش وڵاتێکە کە هەر نا سەقامگیرییەک  لەهەر پارێزگایەکی رووبدات کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی دیکەی دەبێت.

من هەروەها گەشبینم کە نەوەیەکی نوێی سەرکردەی سوننی هەن، رەنگە لە هەڵبژاردنەکاندا بیانبینن کە بە شێوەیەکی دیکە بیردەکەنەوە. ئەوان بیر لە پاڵپشتی دەرەکی و پارەی سیاسی دەرەکی ناکەنەوە، بەڵکو بەڕاستی بڕوایان وایە کە دەیانەوێت لە بەغدا و هەولێر بژین و هەولێر و سلێمانی و بەغدا بە شوێنی جوان دەبینن. دەیانەوێت لە ناوخۆدا بژین و نایانەوێت پەیوەست بن بە دەرەوە. ئەمە بەکورتی وەڵامی پرسیارەکەیە.

مستەفا سەرای: زۆر سوپاس دکتۆر، با بچمە لای دکتۆر رافع عەبدولجەبار. دکتۆر، پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا - و بەڕێزتان ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بوون، بەتایبەت لە لیستێکی گەورە وەک رەوتی سەدر و یەکێک لە دانوستاندکارانی تیمی دانوستاندن بوون کە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی گەورە بوونەوە. 

ئاستەنگیی هونەری پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردنەوە و بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئاستەنگیی سیاسی وەک کەمی رێژەی بەشداریکردن و نیگەرانی لە تێکچوونی هاوسەنگی سیاسی بەتایبەت پاش کشانەوەی رەوتی سەدر، هەروەها نیگەرانی کۆمەڵگە و کێشەی کۆمەڵایەتی پەیوەست بە ئاڵۆزی و نیگەرانی کۆمەڵایەتی لە گۆڕانکاری داهاتوو هەیە.

زۆر کەس لە کۆمەڵگەی عێراقی پێیان وایە کە رەنگە هەڵبژاردنی داهاتوو دەروازەیەک بێت بۆ ئەم گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوە لە عێراق دا. ئەمەش وا دەکات پرۆسەکە لە نیگەرانییەکی گەورەدا بێت. جگە لەوەش بانگەشەکانی سەید موقتەدا سەدر بۆ خۆتۆمارکردن لە تۆماری دەنگدەران وەک هەوڵێک بۆ دووبارە بایکۆتکردنەوە و کەمبوونەوەی رێژەی بەشداریکردن یان گەڕانەوەی دادەنێن، کە ئەمەش نیگەرانی لای کەسانێک دروست کردووە.

بە بۆچوونی بەڕێزت، ئەم ئاستەنگ و گرفتانە، ئایا تەگەرەی راستەقینەن لەسەر ئەرزی واقیع، یان تەنیا ئاستەنگی ئاسایین کە رووبەڕووی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن دەبێتەوە؟ 

رافع عەبدولجەبار: بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان. سوپاست دەکەم بۆ ئەم پرسیارە.  قۆناغی داهاتوو و هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ جیاوازە لە پێنج خولی پێشوو بە هۆی چەندین فاکتەرەوە، گرنگترینیان بریتین لە چەند ئاڵنگارییەکی ناوخۆیی وەک ئەوەی بەڕێزتان ئاماژەتان پێکرد، بوونی پاشەکشە وەک دکتۆر مستەفا باسی کرد بەڕێژەی ٢٠٪ وەک پێشبینی دەکرێت.

ئەمەش بۆ خۆی بەڵگەیە لەسەر ناڕەزایی لە سیستەمی سیاسی ئێستا و جێی دڵخۆشی نییە. چونکە سیستەمی سیاسی نوێ هێشتا سیستەمێکی تازەیە ئەگەرچی ٢٢ ساڵیشی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتی تر کە عێراقی بەڕێوە بردووە، هێشتا سیستەمێکی تازەیە و پێویستی بە بنیاتنانە. ئەمەش بەرپرسیارێتی کاراکتەری سیاسی عێراقە کە، ئەمڕۆ چۆن پارێزگاری لە سیستەمی سیاسی بکات.

ئاڵنگاری دیکە وەک بەڕێزتان ئاماژەتان پێکرد یاسای هەڵبژاردنە، گەڕانەوە بۆ سیستەمی "سانت لیگۆ" و زیادکردنی رێژەکە بۆ ١.٧ کە نیشانەیەکی باش نییە. بۆ نموونە رێگە لە کاندیدبوونی سەربەخۆکان لەژێر ناونیشانی تاکەکەسیدا دەگرێت، هەروەها بلۆکە بچووک و مەدەنییەکانیش هاندەر نابن بۆ بەشداری. ئەمانە هەموو ئاڵنگارین و کاریگەرییان لەسەر پاشەکشە دەبێت.

ئەمە کاریگەری دەبێت و ئەگەری گەڕانەوە بۆ ٢٠١٩ و ئەو ئاڵنگاریانە زیاد دەکات کە سیستەمی سیاسی رووبەڕوویان بووەوە و بوونە هۆی رووخانی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان. پێویستە ئەمڕۆ کاراکتەری سیاسی ئاگاداری ئەم راستییە بێت چونکە ئاڵنگارییە راستەقینەکە چۆنیەتی سەلماندنی سیستەمێکی سیاسییە کە بتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت.

گەورەترین ئاڵنگاری لە دیدی منەوە ئاڵنگاری دەرەکییە. تۆ باسی ئاڵنگارییە ناوخۆییەکانت کرد، ئاڵنگاری دەرەکی ئەو گۆڕانکارییەیە کە لە ناوچەکەدا روویدا دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، چ لە فەلەستین یان لە لوبنان تا گۆڕینی رژێم لە سوریا کە تا ئێستا روون نییە گۆڕینی رژێم لە سوریا  بەرەو کوێ دەڕوات.

تەنانەت ئەو راگەیەندراوەی پێش دوو رۆژ بڵاویان کردەوە جێی دڵخۆشی نییە چونکە زۆر لە پێکهاتەکانی گەلی سوریا ئامادە نەبوون، سادەترینیان "هەسەدە" کە ئامادە نەبوو، ئەمەش نیشانەیەکی مەترسیدارە. هەروەها دیار نییە چ نەخشەیەک بۆ سوریا کێشراوە چونکە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی لە سوریا لە ئاستی تورکیا و ئەمریکا و فەرەنسا هەموو سیستەمی رژێمەکە دەگۆڕێت. کەواتە شتێک نەخشەی بۆ کێشراوە، لەوانەیە بۆ بوونی سیستەمێکی سیاسی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ئەمە ئەگەرێکە و نیشانەکانیشی زۆرن.

گەورەترین ئاڵنگاری پێشبینی دەکەم بەستراوە بە گەیشتنی ترامپ بە دەسەڵات، بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان، بەتایبەتی سیستەمی سیاسی عێراق، ئاگاداری ئەمە بن، چونکە ئەمڕۆ سیستەمی سیاسی عێراق لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنانەدا لەبەردەم ئاڵنگاری سەلماندنی سیستەمی سیاسی و بەردەوامبوونیدایە.

بوونی ترامپ نیگەرانی دروست کردووە نەک تەنها لە ئاستی ناوچەکە بەڵکو لە ئاستی جیهاندا، چونکە ئەو رووداو و گوتارانەی سەریان هەڵداوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە ماوەی ٨٠ ساڵدا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە روویان نەداوە. ئەمڕۆ کەنەدا و دوورگەکانی گرینادا دەخاتە سەر خۆی، بانگەشە بۆ پەنەما دەکات، بەسەر کەنداوی مەکسیکدا دەڕوات و بە کەنداوی ئەمریکای ناو دەبات.

گەورەترین ئاڵنگاری لە ئاراستەیدا ئەوەیە کە لە یەکلاکردنەوەی کێشەی ئۆکرانیادایە، کە پێشبینی دەکەم یەکێتی ئەوروپا نیگەران بێت لەم بارودۆخە و لەوانەیە هەڵبوەشێتەوە چونکە رێککەوتنێکی لەگەڵ پوتین بەستووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرانیا، ئەمەش نیشانەیەکی مەترسیدارە.

ئەم هەموو ئاڵنگاریانە، مامۆستای بەڕێز، پێویستە کاراکتەری سیاسی عێراقی حیسابی خۆی بکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی توانا کە بتوانێت لەگەڵ ئەم میتۆدەدا کارلێک بکات.  پێویستە سیاسەتی دەرەوەی پێشوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی نێودەوڵەتی بگۆڕدرێت.

مستەفا سەرای: باشە دکتۆر، لە باسکردنی چالاکوانی سیاسی، چاوەکان بەرەو حەنانە دەڕوانن. ئایا رەوتی سەدر دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانەکە و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو یان نا؟ ئایا بە تەنیا دەگەڕێتەوە و بە هەمان ستراتیژیەتی ساڵی ٢٠٢١؟ یان ستراتیژیەتێکی نوێ دەبینین، بەتایبەتی لە بوونی لایەنێکی شیعی زۆر بەهێزدا کە هەمیشە دەڵێت دەستم بۆ رەوتی سەدر درێژکراوەیە، ئەویش بەڕێز مالیکییە، ئایا دەکرێت ئەم هاوپەیمانییە ببینین؟

رافع عەبدولجەبار: بابەتی رەوتی سەدر دەتوانم بۆت کورت بکەمەوە بە یەک رستە کە لە کۆتاییدا دەیڵێم، بەڵام با پوختەی بکەم، رەوتی سەدر لە سەرەتای سیستەمی سیاسییەوە تاوەکو ئێستا، وەک سەیدی شەهید - رەحمەتی خودای لەسەر بێت و گیانی پاکی پیرۆز بێت - کە دەربارەیان گوتی "لەگەڵیان ببە، بەڵام لەوان مەبە". واتە لە یەکەم خولەوە ئەو ئۆپۆزسیۆنی ئەرێنی پیادە کردووە. لە خولی یەکەمدا دژی رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا وەستایەوە و دەنگی پێنەدا، لەوانەیە تاکە فراکسیۆن بوو کە ئەم هەڵوێستەی وەرگرت و فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکەی شەرمەزار کرد، بە فراکسیۆنە شیعەکانیشەوە. لە خولی دووەمدا لەناو سیستەمی سیاسی و حکومەت دا بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵوێستی تایبەتی خۆی هەبوو، واتە دژی هەوڵەکانی لێسەندنەوەی متمانە بوو لە ساڵی 2012 کە لە هەولێر روویدا.

هەروەها، لە دژی رێککەوتننامەی خۆر عەبدوڵڵا لە ساڵی ٢٠١٣ راوەستا. بەڵێ هەندێک کەسایەتی لەگەڵمان دا بوون، بەڵام بە ناوی تاکەکەسی نەک وەک فراکسیۆن، بەڵگەش ئەوەیە کە ئەمڕۆ عێراق لە رێککەوتننامەی خۆر عەبدوڵڵا بێزارە و نازانێت چۆن چارەسەری بکات، هەرچەندە دادگای فیدراڵی دەریخست کە دژی مەرجەکانی دەستووریش بووە. ساڵی 2018 زیاتر رۆیشت چونکە هەستی کرد تەوافوقی سیاسی کە عێراقی بەڕێوە بردووە ناتوانێت بگاتە ئەنجامێک کە دەوڵەتێک دروست بکات کە دەوڵەتی دامەزراوەکان بێت نەوەکو دەوڵەتی پێکهاتەکان. 

بە هەمان شێوە لە ساڵی 2021 هەوڵیدا لە رێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانی رزگاریی نیشتمانی، چونکە هەستی کرد دەوڵەتی عێراقی بەهۆی سیاسەتی تەوافوقیەوە بەرەو ئاراستەیەکی دیکە دەڕوات کە ناتوانێت وەک دەوڵەت "عێراق" بهێڵدرێتەوە و ئەمەشی وەک نیشانەیەکی مەترسیدار بینی. هەربۆیەش سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی زۆرینە  بە رێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نەیتوانی بەدەستی بهێنێت و لە ئەنجامدا بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵیشەوە بوو کە بەڕاستی بڕیارێکی دادپەروەرانە نەبوو. ئێمە دەزانین دەنگدان بۆ حکومەت بە زۆرینەی رەهایە نەوەکوو دوو لەسەر سێی ئامادەبووان.

سەبارەت بە ئامادەبوونی رەوتی سەدر و بانگەشەی بۆ نوێکردنەوەی کارتی هەڵبژاردن، واتای ئەوە نییە کە بەشداری دەکات، دەربڕینێکی روون بوو کە کارتەکە نوێ بکەرەوە چونکە ئاستەنگەکان گەورەن و هەموو گەلی عێراق دەبێت رای خۆی دەرببڕێت، بەڵام تائێستا هەڵوێستی خۆی دیاری نەکردووە بەشداری هەڵبژاردن دەکاتەوە یان نا. پێموایە هێشتا کاتی پێشبینی نییە.

مستەفا سەرای: زۆر سوپاس دکتۆر. دکتۆر ئاسۆ، دەگەڕێمەوە بۆ ئەم پرسیارە: دوێنێ بەڕێز مەشهەدانی باسی چێشتێکی نوێی بۆ یاسای هەڵبژاردن کرد کە ئامادەکاری بۆ دەکرێت. ئایا کورد رای خۆی لەسەر ئەم یاسایە دەبێت و رایەکی روون و ئاشکرای دەبێت؟ ئایا داواکارییەکانی کورد لە عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردنی یەکگرتوو دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان بەپێی ماددەی 140؟ ئایا ستراتیژێکی بۆ ئەم بابەتە هەیە، ئەگەر بکرێت لە پێنج خولەک دا وە‌ڵام بدەێتەوە؟

د. ئاسۆ فەریدون: بێگومان هەموو ئەوەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت سەبارەت بە دەرکردنی یاسایەکی نوێ هەڵبژاردن، هێشتا لە قۆناخی گفتوگۆدایە لە نێوان حزبەکان و لایەنە سیاسییەکان. زۆر قورسە بگەیتە یاسایەک یان یاسایەک دەربکەیت کە لە بەرژەوەندی هەمووان بێت. ئەمە زۆر قورسە بەڵام پێویستە رەچاوی حیزبە کوردییەکان، رەوتی سەدر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حزبە سوننییەکانیش بکرێت بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە یاسا کە کەمترین ژمارە یان کەمترین رێژەی ناڕەزایی لەسەر بێت.

هەروەها، ئەوەش روونە کە ترسێک لە یاسای فرەبازنەیی و لە سانت لیگۆ هەیە، بۆیە بەدوای جۆرێک لە یاسا دەگەڕێن کە تێکەڵەیەک بێت لە نێوان هەردووکیان دا. سوپاس بۆ خوا، تائێستا گرنگ ئەوەیە کە چاوەڕواندەکرێت هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا لە مانگی 10 یان 11 ئەنجام بدرێن. گرنگتریش ئەوەیە کە لایەنەکان پابەندن بە هەڵبژاردنەکانەوە، چونکە ئەمە بەشێکی گەورەیە لە بەردەوامبوونی پرۆسەی دیموکراسی و بەتایبەتیش بەڕێوەچوونی بە شێوەیەکی رەوان لە کاتی خۆیدا. 

سەبارەت بە پرسیارەکەت کە پێموایە دەربارەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بوو. بە بڕوای من ناوچە کێشە لەسەرەکان وەک ئەوەی گوتت پەیوەندیی بە هاوبەشیی کوردەوە هەیە. کورد هاوبەشێکی سەرەکییە لە دەوڵەتی عێراق و بەشێکە لە دامەزرێنەرانی دەوڵەتی عێراق. کوردەکان 17 نوێنەریان هەبوو لە ئەنجومەنی دامەزرێنەراندا لە ساڵی 1925 لە کۆی 85 کەس. ئەوان بەشێک بوون لە بەرگری، بەشێک بوون لە هاوبەشی، بەشێک بوون لە نووسینەوەی دەستوور، بەشێک بوون لە شەڕ دژی داعش.

هەربۆیەش پێموایە دەبێت زیاتر جەخت لەسەر ئامادەبوونی بەهێز بکرێت لە بەغدا بۆ چەسپاندن یان بەهێزکردنی هاوبەشیی سەرەکی و راستەقینە لە بەغدا کە دوێنێ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی کرد. هەروەها،  ئەو بابەتەی پەیوەندی بە مووچە و فەرمانبەرانەوە هەیە، هیوادارین هەموویان لە رێگەی ئامادەبوونی راستەقینە و دیالۆگی راستەقینە لە نێوان هەموو لایەنەکاندا چارەسەر بکرێن.

مستەفا سەرای: زۆر سوپاس دکتۆر، دکتۆر مستەفا باسی هاوپەیمانییەکانی داهاتووت کرد. نەمتوانی پێش کەمێک پرسیارت لێ بکەم، چۆن دەتوانین تێبگەین لە هاوپەیمانییەکان؟ ئایا یەک هاوپەیمانێتی یان دوو هاوپەیمانێتی گەورە دەبینین؟ هەندێک لە هێزە سیاسییە سوننییەکان دژی داواکارییەکانی برایانی کورد بوون لە هەموارکردنی یاسای خاوەندارێتی زەوییەکان، ئایا ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر هاوپەیمانێتییەکانیان لە داهاتوودا؟ کاریگەری چۆن بەسەر هاوپەیمانێتییەکان دادەنیت؟

د. مستەفا عەیاش ئەلکوبەیسی: لەوانەیە قسەکانی دکتۆر رائید لەسەر بابەتی تایەفی بووبێت و من لەوانەیە شایەتی بۆ دکتۆر و بیرمەند عەبدولحوسێن شەعبان بدەم کە یەکەم کەس بوو پێشنیازی یاسای قەدەخەکردنی تایەفەگەریی کرد لە ساڵی 2005. هەربۆیەش ئەمڕۆ کەلتووری ناسنامە لاوەکییەکان و کەلتووری پێکهاتەکان بەسەر سیستەمی سیاسی لە عێراق زاڵە. پێموایە ئێمە ئەمڕۆ سێ لیستی کلاسیکی پێکهاتەی سوننی کە ئەمڕۆ هەن، رێژەی 50%ی کاریگەرییان لەدەست بدەن. لەوانەیە بەرەیەکی نوێ لە هێزی نوێ لەنیو حزبە تاکەکان و هۆزە گەورەکان درووست بێت بۆ بەدەستهێنانی ژمارەیەکی زیاتری کورسییەکانی پەرلەمان. هەروەها، بەشدارینەکردنی دەنگدەری سوننی لە هەڵبژاردنەکان وادەکات جەماوەری سوننی بەلایەنی کەمەوە لە هەر هەڵبژاردنێک 20 کورسی لەدەست بدات، بەتایبەتیش لە پارێزگا تێکەڵەکان کە ئەمەش لەڕووی ژمارەوە کاریگەری بۆ ئامادەبوون لە پەرلەمان خۆی دەبێت . 

کۆمەڵگەی سوننی لە عێراق لەنێوان 70% بۆ 80% لە پرۆسەی سیاسی ناڕازییە. ئەمڕۆش کارەکان بۆ رازیکردنی ئەو رێژەیە لە جەماوەری سوننە بۆ بەشداریکردن و کارکردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسی و دەوڵەت دا بە کەسایەتی سیاسی نوێ و بەرنامەی نوێ دەبێت. 

هەروەها، باشتروایە کێبڕکێکە تەنیا بە زمانی چەک و پارەی سیاسی و هاوشێوەکانی نەبێت، بەڵکوو هیوادارین لە خولی داهاتوودا کێبڕکێی بەرنامە، کێبڕکێی بیرۆکە و پرۆژە ببینین. لەوانەشە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا نەوەی نوێی گەنجانی سوننە رۆڵیان بەرچاو بێت.

مستەفا سەرای: زۆر سوپاس دکتۆر مستەفا. دەگەڕێمەوە بۆ لای بەڕێز رائید. هەمیشە رەخنە لە چەپ دەگیرێت کە لەکاتی هەڵبژاردنەکان و دوای هەڵبژاردنەکان ئامادە نابێت. ئایا کێشەکە لە هەڵبژاردنەکاندایە، لە یاساکەیدایە، لە سیستەمی سیاسیدایە؟ ئایا لەم هەڵبژاردنەدا چەپ لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئامادە دەبێت؟

د. رائید فەهمی: ئێمە وەک هێزی چەپ و مەدەنی لەسەر بنەمای پڕۆژەی بەرنامەیەک کار دەکەین، کە بەرنامەکەمان سروشتێکی نیشتمانی هەیە و بانگەشە بۆ گۆڕانکاری دەکات. ئەم هاوکێشەیە زۆر گرنگە. ئەو ئاستەنگانەی باست کردن ئاستەنگی وڵاتن، ئاستەنگی نیشتمانن. بەم پێیە، هەر پڕۆژەیەک پێویستە رەهەندی نیشتمانی پێوە دیار بێت. بەداخەوە دەبینین زۆربەی هێزە سیاسییەکانی ئەمڕۆ باس لە پڕۆژەی پێکهاتەیی دەکەن، کە ئامانجی ئەوەیە پڕۆژەی نیشتمانی لە پڕۆژەی پێکهاتەییەوە سەرچاوە بگرێت، لەکاتێکدا پێویستە بە پێچەوانەوە بێت. پڕۆژەی ئێمە رەهەندێکی نیشتمانی و رەهەندێکی گۆڕانکارانەی هەیە، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نایێت کە سیستەمەکانی حوکمرانی عێراق دووبارە بکەینەوە.

وادیارە هەموو هێزەکان سەیری هەڵبژاردن وەک کۆکردنەوەی دەنگ دەکەن. بەڵێ ئەمە بەشێکە، بەڵام کاتێک وڵات بە دەست کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، پێویستە قسەی لەسەر بکەین. پێویستە هەڵبژاردن بابەتی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگانە بێت. چۆن دیدگاکان ململانێ دەکەن؟ ئایا ئەوەی ئێستا هێزە جیاوازەکان دەیخەنە روو بەرنامە و دیدگایە، یان تەنیا رێکخستنەوەی سیاسییە؟ سەبارەت بە هاوپەیمانیش، بەڕاستی باوەڕمان وایە ناوچەکە لە جۆرێک مەترسی و نادڵنیایی گەورە دایە.

گوێم لە سەرۆکی پەرلەمان بوو قسەی دەکرد، وەک ئەوەی هەموو شتێک بە باشی بەڕێوە بچێت و ئێمە تەنیا کێشەی چەندایەتی و چۆنایەتیمان لێرە و لەوێ هەبێت. نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. تەنانەت ئەو سەقامگیرییەی باسی دەکەین، سەقامگیرییەکی رێژەییە. تەنانەت کێشە ئابوورییەکان لەوانەیە گەورەتر ببن. بۆیە دەڵێم ئێمە ئامادەین و داوا دەکەین راستی کێشە گەورەکان ببینین و بۆمان دەربکەوێت کە پێویستیمان بە گۆڕانکاری هەیە، پێویستیمان بە چاکسازی قووڵ هەیە. لە کۆتاییدا، ئێمە لەگەڵ هێزە مەدەنییەکان هاوپەیمانین بە پێی یاسایەکی گونجاو بۆ ئەوان. رام وایە گوتاری تایفی و پێکهاتەیی لەگەڵ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا ناگونجێت.

مستەفا سەرای: زۆر سوپاس بەڕێز رائید. دکتۆر رافع، ئەگەر رەوتی سەدر بگەڕێتەوە، ئایا هاوپەیمانییەکی سەدری - کوردی دەبینین وەک ئەوەی لە 2021روویدا؟ ئەگەر رەوتی سەدر نەگەڕێتەوە، پەیامتان بۆ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئێستا چییە؟

رافع عەبدولجەبار: بنەماکە ئەوەیە تۆ ناتوانی باسی هاوپەیمانی بکەیت ئەگەر پێشتر دیاری نەکرابێت، ئایا بەشدار دەبیت یان نا؟ بەشداریکردن تائێستا دیاری نەکراوە و رانەگەیەندراوە. بەڵێ، بانگەوازێک کراوە بەو پێیەی کە ئەمڕۆ بنکە جەماوەرییەکانی سەدر بەشێکن لەگەلی عێراق و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی داهاتوو بەرپرسیارێتی ئەوانیشە، بۆیە پێویستە دەستوپەنجەیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دیار بێت. وەک گوتم، پێویستە زیاتر لەگەڵ ئاستەنگە دەرەکییەکان مامەڵە بکەین وەک لەگەڵ ئاستەنگە نێوخۆییەکان. بەڵام کاتێک بەشداریکردنیان دیاری کرا، ئەوکات دەکرێ باسی هاوپەیمانییەکانیش بکەین.  

February - 2025
Thursday
27
11:30 AM
-
12:30 PM
Share this Post

چالاکی