د. دڵسۆز جەلال هەورامی: بەڕێزان پاشنیوەڕۆتان باش. پانێڵی ئەمڕۆ سەبارەت بە رووسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە- لەنیوگۆڕانکاریەجیهانیەکاندا. من دکتۆردڵسۆزجەلالم، وەک لە پێشەکییەکدا ئامژەم پێدا مۆدێرەیتەری ئەم پانێڵە دەبم.
لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی زۆر لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا و زۆر کەسیش بە ناوچەیەکی زۆر ئاڵۆز وەسفیان کرد کە چەندین پرس وکێشەی بەردەوامی هەیە. یەکێک لە توێژەران باسی لەوە کرد کە هەندێک وڵاتی ناوچەکە لە لێواری داڕماندان، ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە کە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کوڵاندایە.
بۆ چەندین سەدە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕەپانی کێبڕکێی نێوان رووسیا و زلهێزەکانی دیکە بووە؛ لەم چوارچێوەیەدا رووسیا بەرژەوەندی زۆری لە ناوچەکەدا هەیە، ئەم بەرژەوەندییانە بەردەوامن لە داڕشتن و بزوێنەری سیاسەتی رووسیا، تەنانەت لە دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣.
هێشتا به رژهوه ندییه کانی رووسیا لەناوچەکە به بەهێزی ماوەتەوه ته نانه ت له کاتێکدا هاوپه یمانه کەی، رژێمی به شار ئه سه د رووبه ڕووی ئاستەنگ بووەو رووخا. ئەم بەرژەوەندییانە بەردەوامن لە کاریگەریدانان لەسەر بەشداریکردنی رووسیا لە کاتی دووبارە بنیاتنانەوەی رژێمی سووریادا. سەرەڕای بەردەوامی ململانێی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا، رووسیا هەوڵی بەرچاوی داوە بۆ کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دروستکردنی متمانەی قووڵ لەگەڵ گەلانی وەک ئێران، سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو.
هەروەها رووسیا هانی ئەو وڵاتانەی داوە بچنە ناو ئەو رێکخراوانەوە کە رۆڵی پێشەنگی تێدا دەبینێت، وەک بریکس و رێکخراوی هاوکاری شەنگەهای. ئەمە یەکێک دەبێت لە تەوەرەکانی گفتوگۆی ئەمڕۆمان لەگەڵ میوانە بەڕێزەکانم. لێیان دەپرسم رۆڵی رووسیا لەم جیهانە فرە جەمسەرییەدا چیە؟
ئەمڕۆ لەگەڵ دکتۆر نیکۆلای سورکۆڤ، توێژەری باڵا لە پەیمانگای ئابووری جیهانی و کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەکادیمیای زانستی رووسیا، باڵیۆز ئەلێکساندەر ئەکسینۆک، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی رووسیا، و دوکتور جەهانگیر کەریمی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی تاران، گفتوگۆلەسەر ئەم بابەتانەدەکەین.
بەداخەوە ئەمڕۆ وەرگێڕانمان بۆ زمانی ڕووسی لەبەردەستدا نییە، بۆیە ئەم باسە بە زمانی ئینگلیزی دەکەین.
دکتۆر نیکۆلاڤ، با لە تۆوە دەست پێبکەین. بەپێی راپۆرتی کۆتایی کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥ لەلایەن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنەوە دەرچووە، جیهان بەرەو فرە جەمسەری دەڕوات- دوور لە یەک جەمسەری و دوو جەمسەری. پرسیاری من ئەوەیە، لە چوارچێوەی پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، رووسیا خۆی لەم گۆڕانە بەرەو فرە جەمسەرییدا لە کوێدا جێگیر دەکات و چۆن رووسیا لەم پرۆسەیەدا رۆڵ دەگێڕێت؟
د. نیکۆلای سورکۆڤ: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، و سوپاسی رووداو دەکەم کە بانگهێشتی کردم و منی هێنایە ئێرە و دەرفەتی پێدام هەڵوێستی رووسیاتان پێ بگەیەنم، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە هیچ نوێنەرایەتیەکی فەرمی حکومەتی رووسیا ناکەم، بەڵکو وەک توێژەرێکی تایبەت قسە دەکەم.
من بە وردی گوێم لە گفتوگۆ و پانێڵەکانی پێشوو گرتبوو، چەند جارێکیش گوێم لە بەشداربووان و پانێڵیستەکانی پێشوو بوو کە دەیانگوت رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکشێتەوە، ئەمەش بەڕای من راست نییە. بێگومان رووسیا زۆر سەرنجی لەسەر ئەو رووداوانەیە کە لەناوچەکانی نزیکی ودراوسێکانی روودەدەن، بەڵام ئەمە پرسێکی تاکتیکییە؛ لە روانگەی ستراتیژییەوە، رووسیا بەردەوام دەبێت لەوەی رۆڵێکی دیار لەم ناوچەیەدا بگێڕێت، منیش هۆکارەکەیتان بۆ روون دەکەمەوە.
بەو پێیەی پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ رۆژئاوا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، رووسیا سیاسەتی دەرەوەی خۆی رێکدەخاتەوە و بەرەو رۆژهەڵات دەڕوات. بەڵام لەوەش گرنگتر لە روانگەی رووسیاوە جیهان خەریکە دەبێتە فرە جەمسەری. لە ماوەی ساڵی رابردوودا شیکارییەکی فراوانم ئەنجامدا، بەتایبەتی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی رووسیا لە بریکس, بۆیە چەندین راپۆرتم لەسەر ئەوە پێشکێشکرد. ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە کە وڵاتانی عەرەبی لە ئێستاوە لە جیهانێکی فرە جەمسەریدا دەژین و رووسیاش بەشێکە لەم جیهانە فرە جەمسەرییە. لەم روانگەیەوە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ رووسیا لە پێشینەی کاریدایە.
وەک ئاماژەم پێدا، رووسیا زۆر سەرنجی لەسەر باشووری جیهانە، بەردەوام دەبێت لە هەموو هەوڵێک بۆ دامەزراندنی هاوتەریبیی ئابووری و سیاسی نوێ، وپەرەپێدانی هاوبەشی ستراتیژی نوێ لەم بوارەدا؛ رووسیا لە ئێستاوە هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیدا هەیە، لەوانە میسر، جەزائیر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. زۆرێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێستاوە لەگەڵ رووسیا کاردەکەن، هەرچەندە کە هەندێکجار رەنگە ئەم هاوئاهەنگیە لەئاستیکی فراوان بوو بێت، هەندێکجاریش بەو شێوە فراوانە نەبووبێت، بەڵام لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە بووە.
لە روانگەی رووسیاوە پێویستە بیر لە چەندین رکابەری جیهانی بکەینەوە، وەک ئەوەی نێوان رووسیا و رۆژئاوا، یان ئەمریکا و چین. بەڵام هێشتا تەگەرە و ئاڵنگاری جیهانی هەیە کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی جیهانی هەیە و لێرەدایە کە بۆچوونەکانی رووسیا لەگەڵ تێڕوانینی دەوڵەتانی عەرەبیدا یەکدەگرنەوە. کاتێک پرسیار لەبارەی کارنامەی بریکس دەکرێت، دەوڵەتانی عەرەبی بەردەوام تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە لە کاتێکدا رکابەریی دەسەڵاتی جیهانی هەمیشە بوونی دەبێت، بەڵام ئاستەنگ وئاڵنگاری جیهانیش بوونی هەیە کە تەنها لەسەر ئاستی جیهانی دەتوانرێت چارەسەربکرێن. ئەم ئاڵنگاریانە بریتین لە گۆڕانی کەشوهەوا، ئاسایشی خۆراک، پەتا و سەقامگیری ستراتیژی. ئەمانە بابەتگەلێکن کە پێویستیان بە هاوکاری لە نێوان زۆرترین وڵات هەیە.
سەبارەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش، رووسیا دەیەوێت پەیوەندییەکی فراوان و فرەڕەهەند لەگەڵ ناوچەکەدا دروست بکات. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوچەیەکی گرنگە، رووسیاش نایەوێت لێرەدا بەشداری هیچ جۆرە کێبڕکێیەکی جیۆپۆلەتیکی بکات. ئێمە تێدەگەین کە وڵاتانی کەنداو و زۆر وڵاتی دیکە نیگەرانن لەوەی زلهێزە جیهانییەکان جارێکی دیکە ئەم ناوچەیە بکەنە ناوچەیەکی رووبەڕووبوونەوە، رووسیا ئەو شتەی ناوێت. هەروەها دەمانەوێت ئەم ناوچەیە سەقامگیر و ئاوەدان و سەلامەت بێت، چونکە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ گەشەسەندنی داهاتووی باشووری جیهان و بۆ سەقامگیرکردنی هاوسەنگی هێزی جیهانی.
لە کۆتاییدا بیرۆکەی سەرەکی پشت فرە جەمسەری بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەو ناهاوسەنگیانەی کە لە نەزمی جیهانیدا هەن. پێویستە بیر لە چاکسازییەکان بکەینەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و بیر لە هاوسەنگکردنەوەی سیستەمی دارایی جیهانی بکەینەوە. لەم روانگەیەوە رووسیا و دەوڵەتە عەرەبییەکان لە یەک بەرەدان. زۆرجار گوێبیستی داوای دروستکردنی میکانیزمی دارایی بەدیل و چاکسازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبین بۆ ئەوەی شەفافتر و کاراتر بێت. ئێمە ئیفلیجبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانمان لە غەززە بینی کە پێویستی بەپەلەی بۆ ئەم جۆرە چاکسازییە نیشان دا.
پرسێکی تری گرنگ توندڕەوی و تیرۆرە کە نەک هەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵکو مایەی نیگەرانیشە بۆرووسیا. رووسیا کۆمەڵگەیەکی گەورەی موسڵمانی هەیە، کە خۆیان لەبەرامبەر پروپاگەندەی توندڕەوانەو رادیکاڵانەدا ناگرن، پاراستنی هاووڵاتیانمان لەم جۆرە هەڕەشانە لە پێشینەی کارمانە.
وەک گوتم سەرەڕای گۆڕانکارییە تاکتیکییەکان و ئەو راستییەی کە رووسیا دەبێت سەرنجی لەسەر ئۆکرانیا و دراوسێ نزیکەکانی خۆی بێت، بەڵام رووسیا هەربە ئەکتیڤی لە یاریەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا دەمێنێتەوە . لەمەودای درێژخایەندا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی رووسیا، چ لەڕووی ئابووری و چ لەڕووی سیاسییەوە، هەروەها باوەڕم بە چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان هەیە.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: با لەسەر ئەم خاڵە بوەستین. باست لەوە کرد کە رووسیا بڕیارە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک ئەکتەرێکی چالاک بمێنێتەوە. لەم دواییانەدا بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە هاوکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەڵێنی دا کە نەخشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دووبارە بکێشێتەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا رووسیا تەنها چاودێرێکی ئەم نەخشە داڕشتنەوەیە دەبێت، یان بەشداری تێدا دەکات؟ پێدەچێت مێژوو دووبارە ببێتەوە و رووسیاش دەتوانێت ببێتە یەکێک لە یاریزانە چالاکەکان لە دووبارە کێشانەوەی ئەم نەخشەیە؟
د. نیکۆلای سورکۆڤ: زۆرباشە. من پێموایە رووسیا هەوڵ نادات هیچ شتێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دووبارە دابڕێژێتەوە. ئەوەی رووسیا هەمیشە هەوڵی بۆ دەدات ئەوەیە کە یاریزانێک بێت لە ئەمری واقیعدا، باوەڕ بکەن یان نا. لەڕاستیدا لە روانگەی رووسیاوە ئەو دۆخەی پێش بەهاری عەرەبی هەبوو، زۆر سەقامگیرتر بوو لەوەی ئێستا هەمانە.
باوەڕ بکەن یان نا، گەڕانەوەی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست- چ لەڕووی سیاسی و چ لە ڕووی سەربازییەوە- بە هۆی پێویستی سەقامگیرکردنی ناوچەکەوە بووە. ئەو شێوازەی کە رووسیا بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویدا پێڕەوی دەکات، ئەوەیە کە پشتگیریکردن لە دەوڵەتە نیشتمانییەکان زۆر گرنگە. لەڕوانگەی مۆسکۆوە، یاریزانە سەرەکییەکانی ئەم ناوچەیە هێشتا دەوڵەتە نیشتمانییەکانن. هەر جۆرە ناسەقامگیرییەکی دەوڵەتێکی ناوچەیی، مەیلی وروژاندن و راکێشانی یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی دیکە و زلهێزە ناوچەییەکانی دیکەی بۆ ناو دۆخەکە هەیە، ئەمەش هەمیشە قەیرانێکی گەورەتری لێدەکەوێتەوە.
کەواتە، ئەمە قەناعەت و هەڵوێستی رووسیایە، و من باوەڕم وایە ئەم قەناعەت و هەڵویستە جارێ بە زاڵی لەسیاسەتی رووسیادا دەمێنێتەوە. بەڵێ ئێستا دۆخێکی جیاوازمان هەیە، بەڵام ئەمە رێبازی رووسیایە: تا دەتوانرێت ناوچەکە سەقامگیر بێت. من تێدەگەم کە مانەوە لە دووریی یەکسان و پاوانخوازی لەم ناوچەیەدا قورسە، بەڵام ئەمە ئەوەیە کە رووسیا هەوڵی بۆ دەدات؛ پاراستنی هاوسەنگی لە سیاسەتەکانیدا. بۆ نموونە رووسیا هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا رووسیا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ هەندێک دەوڵەتی کەنداو هەیە، ناشتوانین بڵێین کە ئەمە شتێکی نا مەعقولە و دووفاقیە لەسیاسەتکردندا.
هه روه ها هه وڵ ده ده ین نیشانی بده ین که هێشتا زلهێزێکی بیانی، زلهێزێکی جیهانی ده توانێت له م ناوچه یه دا رۆڵی بنیاتنەر و ئاشتیانە بگێڕێت. بۆ نموونە کاتێک لەگەڵ هاوتا چینییەکانمان باسی ئەم بابەتە دەکەین، ئەوانیش دەڵێن ئامانجیان سەقامگیرییە، بەڵام دروشمی ئەوان "سەقامگیری لەڕێگەی گەشەپێدانەوە"یە؛ لە بەرامبەردا رووسیا ئامادەیە بەشداری لە بوارە جیاوازەکاندا بکات، لەنێویاندا سەربازی.
لە پێشەکییەکەمدا باسم لەوە کرد کە رووسیا متمانەیەکی قووڵی لەگەڵ هەندێک لە دەوڵەتانی کەنداو بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی وەک ئێران و سعودیە دروستکردووە. لەم دواییانەدا بڕیارە سعودیە میوانداری کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین بکات. سعودیە چۆن بووەتە وڵاتێک کە رووسیا متمانەی خۆی پێبەخشیوە؟ بۆچی سعودیە پێگەیەکی متمانەپێکراوی لای رووسیا بەدەستهێناوە؟
با ئەمەتان بۆ روون بکەمەوە. لەڕوانگەی رووسیاوە، گرنگە هاوبەش وپارتنەر لەم ناوچەیەدا بدۆزیتەوە کە ئۆتۆنۆمی ستراتیژی خۆیان بپارێزن. رووسیا بەڕاستی ئامادەیی سعودیە بۆ گەرەنتیکردنی سەربەخۆیی ستراتیژی خۆی بەرز دەنرخێنێت، هەروەها ئێمە بیرۆکەی بێلایەنی ئەرێنی بەرز دەنرخێنین کە سعودییەکان پەرەی پێدەدەن.
کەواتە، بێلایەنی ئەرێنی و سەربەخۆیی ستراتیژی پرسێکی سەرەکین بۆ ئێمە بە تایبەت ئێستا کە جیهان بەرەو فرە جەمسەری دەڕوات؛ ئێمە سعودیە وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ دەبینین کە دەتوانرێت متمانەی پێ بکرێت. سعودیە توانای بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی هەیە و دەتوانێت هەڵوێستی سەربەخۆیانەی هەبێت. ئەمەشمان بینی تەنانەت لە دوای ساڵی ٢٠٢٢یشەوە، کاتێک رەتیانکردەوە بچنە پاڵ گەمارۆکان و هەوڵە دیپلۆماسییە زۆر چالاکەکانیان پاراست. ئەمە زۆر گرنگە.
هەرچەندە ئەوە تەنها سعودیە نییە. هەروەها ئیمارات یاریزانێکی زۆر گرنگە. لە ڕاستیدا ئیمارات یارمەتی رووسیای دا کە پێگەی خۆی لە کەنداودا جێگیر بکات. ئێمە میسر-یشمان هەیە، با ئەوە لەبیر نەکەین. هێشتا رووسیا هاوبەشی زۆری لەم ناوچەیەدا هەیە و ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە رووسیا لێرە دەمێنێتەوە.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: با پرسیارێکی ترتان لێ بکەم، بەڵام حەز دەکەم وەڵامێکی خێرام بدەنێ. رووسیا شایەتحاڵی رووخانی یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی بوو؛ بەشار ئەسەد. ئێستاش بڕیارە رژێمێکی نوێ لە سووریا دابمەزرێت. پێتوایە پەیوەندی نێوان رووسیا و رژێمی نوێ لە سووریا چۆن گەشە دەکات؟ رووسیا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم رژێمە نوێیە دەکات؟
د. نیکۆلای سورکۆڤ: دەتوانم پێتان بڵێم کە هەڵوێستی رووسیا بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی نوێ لە سووریا زۆر پراگماتیکیە. سەرەتا لێدوانێکی روونی بەرپرسانی رووسیا هەبوو کە رووسیا مامەڵەی لەگەڵ رژێمە سیاسییە جیاوازەکانی سووریادا کردووە. لەبیرت نەچێت کە هاوکاری وپەیوەندی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و سووریا زۆر پێش ئەوەی حافز ئەسەد لە دەسەڵاتدا بێت دەستی پێکردووە و لە نێوەڕاستی ساڵانی ١٩٥٠وە دەستی پێکرد.
کەواتە، رووسیا دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ رژێمە جیاوازەکاندا بکات، تەنانەت دەتوانێت لەگەڵ گروپە ئیسلامییەکان پەیوەندی بکات؛ بۆ نموونە ئێستا پەیوەندییەکی تەواو پراگماتیکمان لەگەڵ تاڵیبان هەیە، هەروەها رووسیا لەگەڵ هەندێک گروپ لە ئیدلب گفتوگۆی کردووە، بەتایبەتی کاتێک گفتوگۆ لەبارەی ناوچەی ئارام دەکرا. کەواتە، هەندێک پەیوەندی پێشتر دروستکراون.
رووسیا ئامادەیە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتدا بکات، بەڵام هەندێک پێوەری گرنگ هەیە. ئەم پێوەرانە پێشتر چەند جارێک باس کران: حکومەتێکی گشتگیر، رێزگرتن لە کەمینەکان و نەبوونی تیرۆر. ئەمانە ئەو شتانەن کە بۆ ئێمە گرنگن.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: زۆر سوپاس، دکتۆر نیکۆلاڤ، ئیستا ئەمەوێت بچمەلای بەڕێز ئەلیکساندەرئەکسینیۆک، بەڕێز ئەلیکساندەرحەز دەکەم بەم پرسیارە لەگەڵتان دەستپێبکەم.
باڵیۆز ئەلێکساندەر ئەکسینۆک: دەنگم هەیە گوێتان لێمە؟
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: بەڵێ گوێمان لێتە. لە 18ـەمین ساڵیادی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان رووسیا و عێراق لە ئەیلوولی 2024، وەزیری دەرەوەی عێراق، دکتۆر فواد حسێن، شانازیی خۆی لەبارەی پەیوەندی مێژوویی نێوان عێراق و رووسیا دەربڕی. پرسیاری من بۆ ئێوە ئەوەیە: رووسیا چی کردووە کە عێراق شانازی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا بکات؟ بەرژەوەندی رووسیا و بزوێنەرەکانی پشت ئەو بەرژەوەندییانە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق چین؟
باڵیۆز ئەلێکساندەر ئەکسینۆک: بەڵێ دەبێ دان بەوەدا بنێم، پرسیارەکەتان سەبارەت بە عێراق تاڕادەیەک چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام هەوڵ دەدەم هەڵوێستی رووسیا و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق روون بکەمەوە:
ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە سەیری پەیوەندی نێوان رووسیا و عێراق بکەین، تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەم پەیوەندییانە بە شێوەیەکی گشتی و ئەرێنیانە گەشەیان کردووە سەرەڕای ئەو گێژاوانەی کە عێراق پێیدا تێپەڕی- داگیرکاری ئەمریکا و شەڕی نێوخۆ و شکستە ئابوورییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا رووسیا هەمیشە هەوڵی هاوکاریکردنی داوە، و هانی رێبازێکی سەربەخۆتر دەدات بۆ حکومەتی عێراق. هەروەها رووسیا پشتگیری لە هەوڵەکانی عێراق بۆ نێوەندگیری کردووە لە نێوان زلهێزەکانی ناوچەکەدا، بۆ نموونە سعودیە و ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بەرژەوەندی ئابووری هاوبەشمان هەیە و کۆمپانیا رووسیەکان بەشداری پڕۆژە نەوتییەکان لە عێراق دەکەن، بۆیە لێکنزیکبوونەوەی بەرژەوەندییەکان نەک تەنیا لەسەر هەڵوێستێکی دژە ئەمریکی، بەڵکو لە بابەتە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانی دیکەشدا هەیەو رووسیا بە تەواوی لەو هەلومەرجە تێدەگات کە حکومەتی عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە.
بەڵام لەبەرکات، لەکۆتایی پانێڵەکەدا دەمەوێت زیاتر سەرنج بخەمە سەر لایەنە بەرفراوانەکانی سیاسەتی رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێستادا.
دەتوانرێت ئەمانە بەسەر سێ بواردا دابەش بکرێن:
یەکەمیان ململانێی ئۆکرانیا و رووسیا و کاریگەرییەکانی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دووەمیان دۆخی غەززە- ئیسرائیل-فەلەستینە، و رۆڵی رووسیا و ئەمریکا
سێیەمیان سووریایە، لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی لەڕوانگەی رووسیا
حەز دەکەم شتێک بۆ ئەوەی هاوکارەکەم د. نیکۆلاڤ گووتی زیاد بکەم . ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە شەڕی ئۆکرانیا ئێستا پرسێکی ناوەندییە لەرووسیا و رێباز وسیاسەتی رووسیا لە سیاسەتی جیهانیدا لەنێویاندا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەتەڵە دەکات. لەئیستادا دۆخەکە زۆر ئاڵۆز بووە و لە هەندێک کاتدا تەنانەت بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارن لەم دۆخەدا، زۆرئاڵۆزە بووە.
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، رووسیا هیچ زیانێکی سیاسی گەورە بە سیاسەتی ناوچەیی خۆی نابینێت، بۆیە دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە رووسیا هیچ نیازێکی نییە لە ناوچەکە بکشێتەوە. لە ڕوانگەی رووسیاوە، دەرئەنجامی کۆتایی ململانێی ئۆکرانیا تەنیا سەبارەت بە ئۆکرانیا نییە و کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و یۆرۆ-ئەتڵەسی و یۆرۆ-ئاسیا دەبێت؛ بۆیە لە کۆتاییدا چارەسەری کێشەی ئۆکرانیا بۆ هەموو جیهان یەکلاکەرەوە دەبێت.
لەژێرکاریگەری و پاشخانی شەڕی ئۆکراینا، رۆژئاوا هەوڵیداوە رووسیا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاڵ بنێنە دەرەوە، بەڵام تەواو قەناعەتم وایە کە ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون و ناشبن. تەنانەت ئەگەر رووسیا راستەوخۆ بەشداری هەوڵەکانی نێوەندگیری پەیوەست بە غەززە نەکات، بێ گومان قسە و کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر داڕشتنی دۆخی داهاتووی غەززە. جگە لەوەش، رووسیا بەشدار دەبێت لە داڕشتنی داهاتووی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین و ئیسرائیل و عەرەب لەسەر بنەمای ململانێ ناوچەییەکان، کە پێویستیان بە چارەسەری ناوچەیی هەیە.
لە روانگەی رووسیادا، ئیستا کاتی ئەوەیە کە زلهێزە ناوچەییەکان رۆڵێکی سەرەکی بگێڕن، و زلهێزە جیهانییەکان ئاسانکارییان بۆ بکەن لە خواست و کردارەکانیان لە ناوچەکەدا. گۆڕانی سیاسەتەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی هەستکردن بە بێزاری لە نێو سەرکردەکانی کەنداودا. من پێموایە کەنداو ئێستا لە ناوەندی هەردوو سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیشدایە. لە ئەنجامدا سەرکردەکانی کەنداو بەدوای هاوپەیمانی و هاوبەشی بەدیلدا دەگەڕێن لەگەڵ چین و رووسیا. کە ئێستا ئەم رێبازە بە " سیاسەتی هاوسەنگ" ناودەبرێت.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: بەڵێ، وایە. با قسەکانت پێ ببڕم و یەک پرسیارت لێ بکەم. با ڕوو لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان بکەین. ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین و مێژووش دەیسەلمێنێت ئەوەیە کە رووسیا بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە دەوڵەتییەکان بووە. پرسیاری من ئەوەیە، رووسیا چۆن پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان داڕشتووە، ئەگەر هەرێمی کوردستان بە نموونە وەربگرین؟
باڵیۆز ئەلێکساندەر ئەکسینۆک: دەزانی هەرێمی کوردستان بە چوار وڵات دەورە دراوە. هەڵوێستی سیاسی رووسیا، لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد و ئایندەی کورد، لەسەر بنەمای دانپێدانانی مافی کەمینەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە. بەباشی ئەوە دەزانرێت کە رووسیا هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا سەرۆک ئەسەد رازی بکات هەڵوێستی خۆی بەرامبەر کەمینەی کورد بگۆڕێت، تەنانەت رووسیا رەشنووسی دەستووری سووریای خستەڕوو کاتێک پەرلەمان تەنیا لە دوو ژوور پێکهاتبوو.
هەروەها رووسیا لەگەڵ تورکیا چەندین رێککەوتنی کردووە، بەڵام هەرگیز خیانەتی لەم پرەنسیپە نەکردووە. پرەنسیپەکە جیابوونەوە نییە، بەڵکو خودموختارییە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا. فیدراڵیزم ئەزموونێکی سەختە، بەتایبەتی لە ناوچەی عەرەبیدا، وەک لە کەیسی یەمەن بۆ نموونە دەبینین.
پرسی کورد پرسێکی ناوەندییە لە چاکسازییە سیاسییەکانی ناوچەکەدا و پێویستە بە پێی مافی کەمینەی کورد چارەسەر بکرێت. رەنگە کەمینەی کورد لە سووریا یان عێراقدا پێگەیەکی تایبەتیان هەبێت، بەتایبەتی بە بەراورد لەگەڵ کەمینەکانی دیکە. رووسیا ئەم مۆدێلە وەک مۆدێلێک دەبینێت کە پرسی کورد لەڕێگەی پێگەی ئۆتۆنۆمیەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی یەکگرتوودا چارەسەر بکرێت، نەک فیدراڵی.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی:پرسیارێکی ترم بۆ ئێوە هەیە، بەڵام ئەگەر بتوانن بە کورتی وەڵامی بدەنەوە، ئەوە زۆر باش دەبێت. فیدراسیۆنی رووسیا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر سکۆلەرشیپی ئەکادیمی بۆ خوێندکارانی عێراق دابین دەکات. بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 رووسیا 260 سکۆلەرشیپی پێشکەش کردووە کە 70 کورسی بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستانە. پرسیاری من ئەمەیە: هێشتا زۆرێک لە عێراقییەکان زۆر ئاشنای زمان و کولتووری ئێوە نین. پێتوانییە کەلێنێکی بەرچاو لەمەدا هەبێت؟ بۆچی رووسیا ناوەندێکی راهێنان یان دەستپێشخەرییەکی دیکەی دانەمەزراندووە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی عێراق بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کولتوور و زمانی رووسی؟
باڵیۆز ئەلێکساندەر ئەکسینۆک: ئەگەر راشکاوانە بڵێم، من راستەوخۆ پەیوەندیم بەم پرسیارەوە نییە سەبارەت بە سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانی کورد. بەڵام پێم خۆشە شتێک سەبارەت بە سووریا زیاد بکەم، بەو پێیەی من پێموایە ئەم بابەتە بۆ هەردوو هاوکارە کورد و عەرەبەکانمان زۆر گرنگە و تا ئێستاش ئەم پرسە بە هەڵپەسیردراویی ماوەتەوە.
سەبارەت بە سووریا، حوکم وقسەوباسێکی زۆرسەبارەت بە کاریگەرییە بەرفراوانەکانی رووخانی رژێمی ئەسەد لەسەر رووسیا بڵاوکراونەتەوە. هەندێک لەوانە تەنها قسە و باسن، هەندێکی تریش زیادەڕەویکردنن و هەندێکیان لە تێنەگەیشتن لە داینامیکی راستەقینە و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ هاوپەیمانە سووریەکەی سەرچاوە دەگرن.
حەز دەکەم چەند خاڵێک بخەمەڕوو. یەکەم: ئارگومێنتێک هەیە کە ئەولەویەت بۆ رووسیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا بووە، ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر توانای رووسیا بۆ هێشتنەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا هەبووە. تا ڕادەیەک ئەوە راستە، بەڵام هۆکاری سەرەکی نییە. پاڵنەری سەرەکی بۆ دەستێوەردانی رووسیا لە سووریا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تەنیا بۆ دڵنیابوون نەبوو لە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا، بەڵکو پاڵنەرە سەرەکییەکە لەسەر بنەمای حیساباتی جیهانی فراوانتر بوو، لەوانە داوای ئەمریکا بۆ هاوبەشی و هاوکاریکردن لە شەڕی دژی تیرۆر و هاوکاریکردن لەسەر چەکی کیمیایی لەگەڵ ئۆباما. ئامانجی ستراتیژی فراوانتر بریتی بوو لە پاراستن و هێشتنەوەو ناساندنی رووسیا بە جیهان وەک زلهێزێکی گەورە کە پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ تێوەگلانی رووسیا لە سووریا.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: دکتۆر ئەلێکساندەر، کاتمان تەواو دەبێت. زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنتان.
باڵیۆز ئەلێکساندەر ئەکسینۆک: بەڵام تکایە دەرفەتێکم پێ بدەن تا تەواوی بکەم.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: لە کۆتاییدا ئەگەر کاتمان هەبێت دەرفەتی قسەکردنتان پێدەدەم، چونکە رەنگە هەندێک پرسیارمان هەبێت لەلایەن ئامادەبووانەوە، بەڵام ئێستا دەبێت بچمە لای پانێلیستی داهاتوو. لە کۆتاییدا دێمەوە لات.
ئێستا، با باسی پەیوەندی نێوان ئێران و رووسیا بکەین. لە سەردەمی ئیدارەی بایدن، فیدراسیۆنی رووسیا پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دروست کرد. تەنانەت مۆسکۆ و تاران هاوبەشییەکی درێژخایەنیان پێکهێنا و لە ١٧ی یەکی ٢٠٢٥ پەیماننامەیەکی فراوانیان واژۆ کرد، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئەم پەیوەندییە لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا چی بەسەر دێت؟ ئایا بەردەوام دەبێت؟ وەک دەزانین رەنگە لە داهاتوودا پەیوەندی نێوان رووسیا و ئەمریکا نەرمتر و بەهێزتر بێت.
د. جەهانگیر کەرەمی: من زۆر سوپاسی بەڕێزانی ناوەندی لێکۆڵێنەوەی رووداو دەکەم کە بانگهێشتی من و میوانەکانی دیکەی ئێرانیان کرد بۆ ئەم کۆڕبەندە گەورەیە. پێم خۆش بوو کە بە زمانی کوردی کەڵهوڕی لەگەڵ هاوڕێیانی ئازیز قسە بکەم، بەڵام ئەترسم وەرگێڕە ئازیزەکان لە وەرگێڕانی کەڵهوڕی بۆ زمانەکانی دیکە، ئینگلیزی، عەرەبی و سۆرانی تووشی کێشە بن.
من چەند سلایدێکم هەبوو؛ ئەگەر دەکرا سەرەتا ئەوانم پێشکێش بکردایە و دواتر وەڵام بدەمەوە. چونکە بابەتی سەرەکی گفتوگۆکەم گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی رووسیایە دوای جەنگی ئۆکراینا، بەتایبەت پاش رووخانی حکومەتی سووریا.
من لە پێشەکییەکەدا ئاماژەم بە چەند بەڵگە و رستەیەک کردووە کە نیشاندەری گۆڕان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە. ئەم گۆڕانکارییانە گرنگن و وا دەردەکەوێت کە سیستەمێکی ناوچەیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حاڵی دروستبووندایە.
کەواتە، پرسیاری سەرەکی لەو سلایدەدا ئەمەیە: "چۆن دەتوانین لەم بارودۆخە نوێیەدا لە سیاسەتی دەرەوەی رووسیا تێبگەین؟"
من ئاماژەم کردووە بە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی رووسیا لە ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠٢٢، کە بریتین لە: هاوکاری لەگەڵ ئێران بۆ پاراستنی حکومەتی سووریا، پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە راستیدا دروستکردنی هاوسەنگییەکی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێوەی سروشتی پاراستنی بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە ناوچەکە، دژایەتی رێکخستنە ئەمنییەکانی ئەمریکا-تەوەر، و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ناوچەی ئەوراسیای ناوەند. ئەنجامی ئەم بەڵگانە ئەوە بووە کە رووسیا لەو دە ساڵەدا، زیاتر ئەکتەرێکی ئەمنی و سەربازی بووە لە ناوچەکەدا.
ئەگەر سلایدی داهاتوو بە کەرەمی خۆتان پیشان بدەن. لەم سلایدەدا، من ئاماژەم بە پرسەکان یان کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی رووسیا لە قۆناخی دوای جەنگی ئۆکرانیا کردووە. بەو مانایەی کە رووسیا بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی رۆژئاواوە، پێویستی بە وڵاتانی باشووری جیهان هەیە. ئەم دۆخە وای کردووە کە لەوێ بەدواوە ئەولەویەتی رووسیا یاری سەربازی-ئەمنی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا نەبێت. لە ئەنجامدا، سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕووسیا بەم شێوەیە دەرکەوتووە کە لە بەڵگەنامەی سیاسەتی دەرەوەی رووسیادا لە ساڵی ٢٠٢٣دا جەخت کراوەتەوە کە رووسیا وڵاتانی جیهانی ئیسلامی وەک ناوەندێکی سەربەخۆی گرنگی ئابووری لە بەرچاو گرتووە. ئەمەش وای کردووە کە پەیوەندی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی وەک ئێران، تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەی باشووری جیهان گرنگی زیاتر پەیدا بکات.
بۆیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لەڕووی دابینکردنی پێداویستییەکان و پەیوەندی ئابوورییەوە گرنگی پەیدا کردووە.
ئەگەر رێگە بدەن سلایدی کۆتاییش لە ماوەی یەک خولەکدا ڕوون بکەمەوە. لێرەدا چاوخشاندنێکم هەیە بۆ داهاتوو و ئەوەی کە ئەگەری رێککەوتنی ئەمریکا و ڕووسیا لە داهاتوودا هەیە. لەم دۆخە نوێیەدا، رووسیا بە ئاسانی دووبارە نابێتەوە بە ئەکتەرێکی سەربازی-ئەمنی لە ناوچەکەدا. بە شێوەیەکی سروشتی، پشتگیری لە هاوسەنگی هێز و بەردەوامی پەیوەندییە ئابوورییەکان هەر گرنگیی خۆی دەبێت. لە ڕاستیدا، بیرۆکەی سەرەکی گفتوگۆکەم ئەوە بوو کە رووسیا دوای ساڵی ٢٠٢٢ سەرەتا وەک ئەکتەرێکی ئابووری لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: هێشتا وەڵامی پرسیارەکەی منت نەداوەتەوە، گوتتان کە لە رابردوودا پەیوەندییەکی سیاسی باش لە نێوان رووسیا و ئێران هەبووە، بەتایبەتی لەسەردەمی جۆی بایدن دا. ئایندەی ئەم پەیوەندییە بەرەو کوێ دەڕوات، ئایا لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ دا ئەم پەیوەندییە هەربەردەوام دەبێت یان نا؟
د. جەهانگیر کەرەمی: پەیوەندییەکانی ئێران و رووسیا لە ساڵەکانی دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت ماوەیەکی ٣٥ ساڵەی تێپەڕاندووە. لەم سی و پێنج ساڵەدا، پەیوەندی دووقۆڵی و هەروەها پەیوەندییە گرنگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە نێوان هەردوو وڵات دروست بووە. قەبارەی بازرگانی ئێران و رووسیا لە ئێستادا نزیکەی پێنج ملیار دۆلارە.
لەم ماوەیەدا، ئێران و رووسیا لە بوارەکانی دووقۆڵی و هەروەها پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا پەیوەندی بەرچاویان دروست کردووە. هەردوو وڵات بەرژەوەندی هاوبەشی گرنگیان لە پرسەکانی وەک ئاسایشی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاوراسیادا هەبووە. بازرگانی هەردوو وڵاتیش گەیشتووەتە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.
پرسێکی بەرچاوی دیکە، نیگەرانی شرڤەکارە ئێرانییەکانە سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنی رووسیا و حکومەتی ترامپ کە ئەم دواییانە لە میدیاکاندا زۆر باسی لێوە کراوە. شیکەرەوە ئێرانییەکان نیگەرانن کە بەهۆی هەڵوێستی زۆر پراگماتیکی رووسیا، ئەم وڵاتە لەوانەیە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ترامپ ئەنجام بدات کە بە زیانی بەرژەوەندییەکانی ئێران بێت.
لەڕاستیدا نیگەرانی سەرەکی شیکەرەوە ئێرانییەکان ئەوەیە کە رووسیا، بەهۆی هەمان پراگماتیزمەوە، لەوانەیە ئێران بکاتە قوربانی رێککەوتنێکی لەم چەشنە. هەڵبەت ئەم پرسە نەک بەهۆی هاوپەیمانێتی ستراتیژی یان پەیوەندی قووڵی دۆستایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە، کە لە ڕاستیدا ئەوەندەش بوونی نییە، بەڵکوو بەهۆی سروشتی تەواو پراگماتیکی سیاسەتی دەرەوەی رووسیایە.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: کاتمان زۆر کەمە، پرسیارێکت لیدەکەم بەڵام ئەگەربکرێت بە روونی وەڵامم بدەیتەوە. رووسیا وئێران پەیوەندییەکی بەهیزیان هەیە، ئەمە پەیوەندییە بەهێزە کاریگەری چی لەسەر کەمە نەتەوەکانی تری وەکو کورد دەبێت بەتایبەتی لە ئێران و ناوچەکانی تر؟
د. جەهانگیر کەرەمی: دوای رووخانی حکومەتی سووریا، ئێران و رووسیا پەیوەندییەکیان نییە کە تێیدا پرسێک دژی لایەنەکانی تر بێتە گۆڕێ. شێوازی گەمەی رووسیا لە ناوچەکەشدا بەجۆرێک نییە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بە دژی وڵاتێکی تر ئاراستە بکات. هەڵبەت لەوانەیە بتوانرێت بگوترێت ئەمە کەموکوڕییەکی گەورەیە لە پەیوەندییەکانی رووسیادا.
لە ڕاستیدا رووسیا ئەکتەرێک نییە کە بچێتە ناو هاوپەیمانێتییەکی جددی لەگەڵ هیچ وڵاتێک؛ چونکە ئەولەویەتی سەرەکی ئەم وڵاتە ئۆکراینایە، و تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ئۆکرایناش دەبێت ساڵانێکی زۆر بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ئابووری، سەربازی، پیشەسازی و تەکنەلۆژی خۆی تەرخان بکات.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی: زۆر سوپاس بۆ هەموو پانێڵیستە بەڕیزەکان و زۆر سوپاس بۆ ئامادەبووانیش، من لەئێرەدا کۆتایی بە پانێڵەکە دەهێنم چونکە چەندینجار ئاگادارکرامەوە کە کاتتمان تەواوا بووە، دووبارە زۆر سوپاس.