چالاکی

پانێڵی رۆڵی مه‌رجه‌عییه‌تی باڵای شیعه‌ له‌ سیاسه‌تی عێراق

02-12-2019


 

RRC |

خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی عێراق جارێكی دیكه‌ سه‌رنجی بۆسه‌ر پێگه‌ی مه‌رجه‌عییه‌تی باڵای شیعی له‌سیاسه‌تی ئه‌م وڵاته‌ راكێشا. گه‌لۆ له‌ بنه‌ڕه‌تدا مه‌رجه‌عییه‌ت چ رۆڵیكی له سیاسه‌تی عێراقیدا هه‌یه‌؟ مه‌رجه‌عییه‌ت له‌كوێی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانی جه‌ماوه‌ردایه‌ و له‌وه‌ش گرنگتر له‌ قۆناخی دوای ئایه‌توڵڵا سیستانی دا پێگه‌ی ئه‌م ده‌زگا ئایینییه‌ چۆی ده‌بێت؟ رۆژی ٢٨/١١/٢٠١٩ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو له‌وباره‌یه‌وه‌ پانێڵێكی به‌به‌شداریی سێ پسپۆڕی دیاری سیاسه‌تی شیعی سازكر كه‌ ئه‌وانیش هه‌ریه‌كله‌ د. عه‌لی مه‌ده‌، د.تاهیر عه‌لی حه‌موود و د.عه‌لی مه‌عمووری بوون. له‌سه‌ره‌تای پانێله‌كه‌دا د.عەلی مه‌ده‌ن باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ مەرجەعیەت لە نەجەف مێژوویەکی درێژی زیاتر لە هەزار ساڵی هه‌یه‌ بەڵام خودی مەرجەعییەتی باڵا تەنها ٦٠ساڵە دروستبووە. مەرجەعییەتی قومیش تەنها ١٠٠ ساڵە دامه‌زراوه‌. مه‌ده‌ن جه‌ختی له‌ پێگه‌ی گرنگی حه‌وزه‌ی نه‌جه‌ف له‌ دنیای شیعی دا كرد و وتی: بەگشتی حەوزەکانی عێراق شوێنکەوتووی مەرجەعی ئێران نین. دوای ئاماژه‌دان به‌ ره‌وتی مێژوویی گه‌شه‌كردنی كاریگه‌ریی مه‌جه‌عییه‌ت، د. عه‌لی مه‌ده‌ن باسی له‌ هه‌بوونی ركابه‌رییه‌كی نێوان پارته‌ سیاسییه‌كانی شیعه‌كان و مه‌رجه‌عییه‌ت كرد و وتی: پارتەکان خۆیان بە مونافیسی مەرجەعیەت دەزانن. لەسەردەمی بەعسدا رێگەنەدرا بەوەی کە مەرجەعیەت رۆڵێکی ئه‌وتۆی هەبێت. به‌ڵام لەدوای ٢٠٠٣ وه‌ مەرجەعیەت راستەوخۆ کاریگەریی له‌سه‌ر رووداوه‌كان هەبوه‌. د. عه‌لی مه‌ده‌ن كه‌ وته‌كانی خۆی له‌سه‌ر رۆڵی مه‌رجه‌عییه‌تی باڵا له‌ به‌ینی ده‌وله‌ت و خۆپیشانده‌ران دا چڕكردبووه‌وه‌، باسی لەدیدگای سیستانی كرد سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت و وتی:” له‌ روانگه‌ی مه‌رجه‌عی باڵاوه‌، پێویسته‌ فەقیه پەیوەندی بەدەوڵەت و سیاسەتەوە نەبێت ونابێت حوکم بکات. لە روانگەی سیستانی، فەقیه ویلایەتی عامی لەسەر خەڵک نیە رۆڵی ئامۆژگاری و رێنوێنی هه‌یە. بۆیه‌ تەدەخولی سیاسەت ناکات. سیستانی تەنها لە مەسەلە چارەنووسسازەکاندا تەداخولی کردووە وەکو لەمەسەلەی دەستوردا کە وتی دەبێت لە لایەن عیراقییەکان خۆیان بنوسرێتەوە. پاڵپشتی هیچ لیست و پارتێکی دیاریکراو ناکات. ئەوە پارتە شیعیەکان خۆیانن کەدەڵێن پشتیوانیمان دەکات بەڵام وانیە. هەروەها فەتوای جیهادی واجبی كیفایه‌ی دا لەدژی داعش.”

به‌ڕای د. عه‌لی مه‌ده‌ن، سیستانی پێیوایە کە بەرپرسیارێتی سیاسی هی کۆمەڵگایە تەنها کاتێک پێویست بکات تەدەخول دەکات و هەرشتێک کۆمەڵگا بیکات ئەو تەدەخولی تێدا ناکات. وتیشی: سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌كان، یەکەمجار ویستی تەدەخول نەکات بەڵام کە تووندوتیژی زیاتر بەکارهات تەدەخولی کرد. هەندێک پێیانوایە بۆ پاراستنی شوێنکەوتوانی خۆی ئەم ده‌ستوه‌ردانه‌ دەکات، هەندێکیش دەڵێن لەسەر ئەساسی بەرژەوەندییە و نایەوێت ببێتە لایەنگری یەکێکیان. به‌ڵام بۆچونی ئەو واقعییە. چاوەڕێی خەڵک دەکات بزانێت چی دەڵێن، چییان دەوێت، دواتریش پشتگیریی هەڵوێستی خەڵک دەکات. مەرجەعییەت بە نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار دەڵێ یان پێیان ناکرێت یان نایانەوێت دۆخەکە باش بکەن. مەرجەعییەت پێیوایە کە پێویسته‌ دەوڵەت خۆپیشاندەران بپارێزێت. سه‌باه‌رت به‌ قۆناخی پۆست سیستانی عه‌لی مه‌ده‌ن پێیوابوو كه‌ هیچ کەس نازانێت لە دوای سیستانی مەرجەعیەت چی لێدێت؟ مەرجەع لەسەر چەند پێوەرێک دیاریدەکرێت. وەکوو ئه‌وه‌ی كه‌ خوێندکاری زیاتری هه‌بێت. زیاتری خوێندبێت، پشتگیریی مامۆستاكانی حەوزەی هه‌بێت. هه‌روه‌ها، پەیوەندی لەگەڵ بازرگانی شیعە هەبێت و زیاتر لە حەوزەی نەجەفدا ناسرابێت. جگه‌ له‌وه‌، دەبێت رێز لە یاساو بەهاکان بگرێت و لەهەموو کێشەکان تێبگات. هەندێک ناوی پێشنیارکراو هەن بۆ جێگرەوەی سیستانی بەڵام دیارنیە کێ دەبێت. سەید عەبدولسەلام و سەید سەدرو محمد روحان چونەتە قوم بەڵام نەبوونەتە مەرجەع لەنەجەف. ئەوەی کە روونە لەدوای سیستانیش مەرجەعیبەت هەر لەنەجەف دەبێت .هەورەها مەرجەعیبەت خۆشی رۆڵی دەبێت لەوه‌ی كه‌ كێ شوێنی بگرێته‌وه‌. جەواد ئەلشەهرستانی لە قوم وسەید ئەلکشمیریش له‌ له‌نده‌ن رۆڵیان له‌و بابه‌ته‌دا دەبێت .لایەنی سیاسی وەکو ئێرانیش هەیە كه‌ لەم مەسەلەیەدا ده‌ستوه‌رده‌دات و رۆڵی دەبێت.

د.عەلی تاهیرحه‌موود كه‌ مامۆستای كۆمه‌ڵناسیی سیاسییه‌له‌ به‌غدا و بۆخۆیشی هاوشێوه‌ی د. عه‌لی مه‌ده‌ن وه‌ختێك له‌ حه‌وزهوانه‌ی خوێندووه، باسی دیدگاكانی تایبه‌ت به‌ ده‌وڵه‌ت كرد له‌ روانگه‌ی زانایانی شیعه‌وه‌ وهه‌وڵیدا ئه‌وه‌ش به‌دۆخی ئێستاوه‌ ببه‌ستێته‌وه‌. ئه‌و وتی:” هەموو زانایانی شیعە باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیه هەیە بەڵام، وەکو ده‌سه‌ڵاته‌كانی رای جیاوازیان هەیە. هەندێک باوەڕیان بە ویلایەتی موتڵەق هەیە وەکو ئیمام خومەینی کە لەدوای کوژرانی حەجاجەکان لە سعودیە فەتوای دا کە ئێرانییەکان نەچن بۆ حەج. هەروەها، خامنەیش كه‌ وەکو وەلیی موتڵەق، فەتوا ده‌دات. ئەبوقاسمی خوئی پێیوایە کە له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا هیچ هۆكارێك نییە سەڵاحییاتی شمولی بۆ فەقیه دیاری بکرێت بەڵکو، ده‌بێ زیاتر کاری فەتواو ئیشراف لەسەر ئەوقاف بێت. دەسەڵاتی سنوردارە وناتوانێت حەرام حەڵال بکات یان بەپێچەوانەوە فه‌توابدات. ناتوانێت تەدەخولی سیاسەت بکات. ئه‌م بیرۆکەیه‌ به‌ ویلایه‌تی جوزئی ناسراوە و كه‌سانی وه‌ك وەک محه‌مه‌د باقر سەدر پێڕه‌وییان لێكردووه‌. مه‌رجه‌عه‌كان لەنێوان هەردوو ویلایەتی موتڵەق وجوزئیدا دابه‌شبوون. سیستانی لەسەر قوتابخانه‌ی خوئیە. هه‌ڵبه‌ت هەندێک گۆڕانکاریی لەمەسەلەی فەتواو ئەوقاف ومیراتدا كردووه‌. ئه‌و پێیوایه‌، ده‌كرێت تەنها لە چەند حاڵەتێکدا تەدەخولی کاروباری گشتی بکرێت وەک ئەگەر پەیوەندی بە ژیانی خەڵک و چارەنووسی وڵاتەوە هەبێت. لە روانگەی سیستانی، فەقیه خۆی ده‌ستپێشخه‌ریی ناکات مەگەر خەڵک داوای لێبکەن ئینجا دەیکات. خۆیشی ناسه‌پێنێت و تائێستا تەنها لە مەسەلەی دەستور و فەتوای دژی داعشدا تەدەخولی کردووە . جارێکیش داوای لەسەرکردەکانی دەعوە کرد کە پێویستە سەرۆکوەزیران بگۆڕن. ئه‌ویش هاوڕای د. عه‌لی مه‌ده‌ن بوو سه‌باره‌ت به‌ روانگه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كانی شیعه‌ بۆ مه‌رجه‌عییه‌ت و وتی: “پارتە شیعیەکان وا سەیری مەرجەعیەت دەکەن کە مەرجەعێکی سیاسی بێت وخۆیان بە ركابه‌ری دەزانن. هەروەک لە مەسەلەی خۆپیشاندانەکاندا هه‌ڵوێستی مەرجەعییەت ته‌نگه‌تاو دەکەن بۆ ئەوەی تەدەخولی زیاتر لە خۆپیشاندانەکان بکات. ” سه‌باره‌ت به‌ قۆناخی دوای سیستانیش وتی: ” ئه‌وه‌ی كه‌ کێ دەبێتە مەرجەع لەداهاتوودا دەکەوێتە سەرئەوەی له‌نێوان دووانه‌ی سیستانی و خامنەییدا كامیان زووتر كۆچی دوایی ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت هەندێک هۆکاریتری وەکو پەیوەندی لەگەڵ بازرگانە شیعەکان، پەیوەندی خێزانی، پێگه‌ له‌ حەوزەی عیلمی له‌وه‌دا رۆڵیان ده‌بێت. ئەمە جگەلەوەی کە پارتەکان، هه‌واڵگری ئێرانی و میدیاش رۆڵیان دەبێت. بەڵام ئەستەمە نەجەف مەدرەسەی موتڵەق پەیڕەوکات. ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ مەرجەعییەت هەرلەنەجەف دەبێت. بەگشتی زۆربەی زانایانی نەجەف پەیڕەوی لە قوتابخانه‌ی ویلایه‌تی جوزئی دەکەن چوونکە خوێندکاری خوئی بوون. مەرجەعیەتی شیرازی لە کەربەلا بە جۆرێک لە جۆرەکان باوەڕیان بە قوتابخانه‌ی ویلایه‌تی موتڵەق هەیە بەڵام لەشێوەی ئەنجومەنی شورادا. بەڵام قورسە غەیری قۆتابخانه‌ی سیستانی پەیڕەوبکرێت.

دوایین پانێلیست د.عەلی مەعموری بوو كه‌ له‌ زانكۆی سیدنی مامۆستایه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ ئه‌نیستیتۆتی واشنتن ده‌كات. مه‌عمووری سه‌ره‌تا وتی: “مه‌رجەعییەتی شیعە لە نەجەف دامەزراوەیەکی خاوەن دەسەڵاتی رۆحی و کۆمەڵایەتییه‌. ئەو پێیوانییە دەسەڵاتی بەسەر ئەوانی دیکەدا هەیە و لە روانگەی دەسەڵاتدارییەوە کار ناکات وەک ئەوەی لە دامەزراوەی ویلایەتی فەقیهـ دەیبینین، بەڵکو ئەم خۆی وا دەبینێ خاوەن دەسەڵاتێکی رۆحییە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، بۆیە ئەوەی کە پێیدەکرێ راوێژ و ئامۆژگارییە بۆ لایەنە کاریگەر و دەستڕۆیشتووەکان لە سیاسەت و کۆمەڵگە. لە کۆتایشدا کۆمەڵگە خۆی بەرژەوەندی خۆی دەزانێ و دەبێ خۆی بڕیاربدات و چارەنووسی خۆی دیاریبکات. لە سەرەتای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق لە 2003، کە مەرجەعییەتی ئایینی لە نەجەف توانی رۆڵێکی کارای لە سیاسەت لە عێراق هەبێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش زیاتر به‌ ئامۆژگاری بووه‌، بۆیە هیچ فەرمانکردن و سەپاندنێكی تێدا نییە. ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی ئێستاش ده‌یبینین لەم جۆرەیە. بۆیە سەید سیستانی لەگەڵ داواکارییەکانی شەقامە و هەوڵدەدات ئامۆژگاریی حکومەت بکات. لەوەتەی دامەزراوەی مه‌رجه‌عییه‌ت پێش نزیکەی هەزارساڵ لەسەر دەستی شێخ تووسی لە هەمان شار کە شاری نەجەفی پیرۆزە، دامەزرێندراوه‌ رۆڵێكی وه‌های هه‌بووه‌. بۆیە لەو کاتەوە تا ئێستا هەموو مەرجەعە ئایینییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوشە دەکەن کە هەیە، ئەگەر رەوشێکی سیاسی لە سایەی پادشایەتی بێ یان سوڵتانی بێ یان دیموکراسی بێ یان کودەتا یان شاهانە و هەر شێوەیەکی دیکەی شێوەکانی حکومڕانی بێ، لەسەر بنەمای رەوشێک مامەڵە دەکات کە هەیە و هەوڵی گەیشتن بە بەرژەوەندیی گشتی دەدات. ئەمە بەو واتایە نییە ملکەچی ئەم سیسته‌مانە دەبێت، بەڵکو هەوڵدەدات لەڕێگەی مامەڵەی لەگەڵ ئەم دامەزراوانە داواکارییەکانی کۆمەڵگە بەدیبهێنێت. لە راستیدا خۆپیشاندانەکان کەشی گونجاویان درووستکردووە بۆ مەرجەعییەت لە شاری نەجەف بۆئەوەی بەردەوام بێ لە پێشکەشکردنی ئامۆژگاریی و بۆئەوەی بەهێزتر لە پێشوو داوای بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی بکات، بۆیە مەرجەعییەت چەندین ساڵە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی و نەهێشتنی گەندەڵی دەکات و پێش نزیکەی دوو ساڵ گوتی دەنگمان گیرا هێندە ئەم ئامۆژگارییانەمان دووبارە کردەوە، لە بەرامبەریشدا هیچ وەڵامێک یان هیچ مامەڵەیەکی ئەرێنیمان لەلایەن حکومەتەوە نەبینی. بۆیە دوای ئەم هەموو بابەتانە ئەم ناڕەزایەتییانە سەریانهەڵدا و مەرجەعییەتیش پێشترهۆشداریدا لەم جۆرە ناڕەزایەتییانە و گوتی ئەگەر حکومەت چاکسازیی راستەقینە ئەنجامنەدات ئەوا ناڕەزایی گشتگیر لە عێراق سەرهەڵدەدات و ئەم پێشبینی لە راستیدا ئێستا روویدا. لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە لە یەکی ئۆکتۆبەره‌وه‌ تا ئێستا دەبینین سەید سیستانی بەردەوام پاڵپشتی خۆپیشاندەران دەکات و پاڵپشتی داواکارییە رەواکانیان دەکات و هانی حکومەت دەدات بەدەمیانەوە بچێت. ئەو بەپێچەوانەی چەند لایەنێکی بیانی و ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بەو لایەنە بیانییانەوە هەیە، خۆپیشاندەرانی تۆمەتبار نەکرد بەوەی پەیوەندییان بە لایەنی بیانییەوە هەیە و پیلان دەگێڕن، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەی خۆپیشاندانی جەماوەرین مامەڵەی لەگەڵ کردن. لە کۆتاییدا دەبێ حکومەت رازی بێت به‌ داواكاریی خۆپیشانده‌ران و ئەگەر رووی کردە تووندووتیژی بەڕێگەی چەند لایەنێک کە دزە دەکەنە نێویان یان بەڕێگەی چەند رێوشوێنێکی نادانایانەی حکومەت کە دەکرێ خۆپیشاندەران بەرەو تووندووتیژی ببات، مه‌ترسی راستەقینەیە هەیە لە هەڵگیرسانی جۆرێک لە شەڕی ناوخۆلە ناوخۆی عێراق یان گەڕانەوەی دەسەڵات لە عێراق بۆ جۆرێک لە رژێمە دکتاتۆرییەکان کە لە 2003 لەناومان برد. بۆ قۆناخی دوای سەید سیستانی، رەوشێکی ناروون هەیە سەبارەت بەوەی ئەم دامەزراوەیە چۆن و بە چی شێوەیەک بەردەوام دەبێت، به‌ڵام بەشێوەیەکی گشتی دەبینین كه‌ دامەزراوەی نەجەف لە ناوخۆ پارێزبەندییه‌كی بەهێزی هەیە.”

 

Share this Post

چالاکی