پانیڵی 01: داهاتووی سووریا لەدوای ئەسەد؛ داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکە
20-03-2025
حسێن عومەر: بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ یەکەم پانێڵی سێیەمین کۆڕبەندی هەولێر کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە هاوکاری لەگەڵ ناوەندەکانی دیکەی توێژینەوە رێکخراوە. سوپاسیان دەکەین. لەم دانیشتنەدا باسی داهاتووی سوریا لەدوای ئەسەد و دووبارە بنیاتنانی ئاسایش و سیاسەت لە ناوچەکەدا دەکەین. من ناوی میوانە بەڕێزەکانم دووبارە ناکەمەوە کە هاوڕێمان شەهیان ناساندنی. لەگەڵ دکتۆر جەواد عەنانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئوردن و وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەست پێ دەکەم. زۆر بەخێر بێیت.
حسێن عومەر: بێگومان ئەو گۆڕانکارییەی لە سوریا روویاندا و دیمەنی سیاسی نوێ کاریگەری دەکاتە سەر ئاسایشی هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، بەتایبەت لە روانگەی ئوردن و وڵاتانی کەنداوەوە. ئێوە لە ئوردن چ وێنەیەکی پێشبینیکراوتان هەیە بۆ سوریا؟ چۆن دەڕواننە ئەم گۆڕانکارییەی دوای ئەسەد؟
د. جەواد عەنانی: زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکەت و سەرەتا دەمەوێت سوپاسی بانگهێشتکارانی ئەم کۆنفرانسە بکەم، چونکە یەکەم جارە شەرەفمەندم بە سەردانی کوردستانی عێراق و بەوە دڵخۆشم.
خاڵی دووەم ئەوەیە کە من زۆر رووخساری گەش و روناکبیرم بینی. وەک شەوقی دەڵێت کاتێک چووە دیمەشق و دەڵێت "وحــولــي فـتـيـة غـــر صــبـاح ... لـهم فـي الـفضل غـايات وسبق"، زۆر دڵخۆشم بەم دیدارە.
بۆ وەڵامی پرسیارە راستەوخۆکەت، دەبێت ئەوە بڵێم کە نادڵنیایی ئوردن لە دۆخی پێشووی سوریا زۆر زیاتر بوو لەوەی دۆخی ئێستای. سەرەڕای ئەوەی کە پێشتریش و ئێستاش هەردوو دۆخەکە پێویستی بەوەیە کە بە وریایی مامەڵە بکەین چونکە لە سیاسەتدا، کاتێک دەڕوانیتە بارودۆخێک کە بە تەواوی تێی ناگەی و نازانیت چۆن روویداوە، یان کێ بەرپرسیارە لێی، دەبێت بە هۆشیارانە مامەڵە بکەیت، واتا یان بە چاوی وریایی، یان بە چاوی چاوەڕوانی، یانیش بە چاوی هەڕەشە سەیری بارودۆخەکە بکەیت .
بۆیە بۆ ئێمە، سوریا لە پێش بزووتنەوەکەی ئەم دواییدا چی دەنواند؟ یەکەم، هەڕەشەیەک بوو لەسەر سنووری باکوورمان لەگەڵ سوریا، چونکە لەو کاتەدا قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان زۆربوو. شتێکی دیکە ئەوە بوو کە ئەو جوڵانەوانەی لە باکووری سوریاوە بەرەو سنووری ئوردن، لە بەرەی باکووری ئوردن و باشووری سوریاوە بوون، نەک تەنیا کاری قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکانیان دەکرد، بەڵکو هەندێکیان رۆڵی تیرۆریستیشیان دەگێڕا، واتا هەڕەشە بوون بۆ سەر ئاسایشی ئوردن.
کەواتە ئەم گرژییەی بارودۆخەکە لە ئوردن وای کرد کە بەردەوام لە حاڵەتی چاودێریدا بین و بۆمان دەرکەوت کە باندەکان و رێکخراوە تاوانکارە نێودەوڵەتییەکانیش لەو شوێنانە کار دەکەن و ماددە هۆشبەرەکان بۆ قاچاخ بۆ ئوردن، رێگەی سوریا بەکار دەهێنن.
پێشتر، زۆربەی گواستنەوەکان بە شێوەیەک بوو کە ئوردن رێگەیەک بوو نەک شوێنێک بۆ ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام بەم دواییانە جۆری نوێی ماددە هۆشبەرەکان کە پێشکێش دەکرا هەرزان بوو، واتە کیمیاییە. تێچووی کەمە و خەڵکی ئاسایی دەتوانن بەدەستی بهێنن، بۆیە چووەتە بازاڕەکانەوە.
ئێستا ئێمە پێمانوایە نزیکەی ١٠٪ی ئەوەی لە رێگەی ئوردنەوە قاچاخ دەکرێت لە ئوردن دەمێنێتەوە، بۆیە ئەمە خەم و بارگرانییەکی گەورە دەخاتە سەر خێزانەکان.
کاتێک گۆڕانێک لە سوریا روویدا، ئێمە سکاڵامان لای رژێمی پێشووی سوریا دەکرد و بیرم دێت یەکێکیانم لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنێک بینی و پێی گوتم ئێمە ناتوانین هیچ بکەین، یارمەتیمان بدەن، ئێمە پێویستمان بە یارمەتییە.
راستییەکەی، ئوردن هەنگاوی ئازایانەتری نا، بەڵام ئێمە زۆر رێز لە سەروەری دراوسێکانمان دەگرین. نامانەوێت ئەوە بکەین، بەڵام تا ئێستاش هەوڵی قاچاخ هەیە و ئێستا ئامڕازی نوێ بەکار دەهێنن.
ئەگەر کەسێک توێژینەوە بکات و بگەڕێتەوە بۆ ئەو توێژینەوانەی کە پێیان دەڵێن ئابووری رێکخراوە تاوانکارەکان، دەبینێت کە رێکخستن و رێگای تایبەتیان هەیە. گرنگترینیان ئەوەیە کە ئامڕازی تەکنەلۆژیای نوێ بەکار دەهێنن، ئێستا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار دەهێنن.
پاشان نەک تەنیا جۆری چەکی نوێ بەکار دەهێنن، بەڵکو سیستەمی چاودێریکردنیان نوێیە، هەوڵەکانی خۆدزینەوە لە چاودێری ئەلەکترۆنی نوێیە. ئێمە رووبەڕووی هەموو ئەم بابەتانە بووینەوە و راستەوخۆ پێمان زانیون.
جگە لەوە، ئوردن دڵخۆش دەبێت کە ببینێت سوریا شکۆی خۆی گەڕاندبێتەوە و ئەگەر بتوانێت شکۆی خۆی بگەڕێنێتەوە و سیستەمێک بۆ خۆی بنیات بنێت کە رێز لە هەموو دراوسێکانی بگرێت و ببێتە دراوسێیەک کە هەموو ناوچەکە بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر بەرێت.
بۆیە ئێمە هێشتا، وەک گوتم، وریاین، هێشتا وریاین، واتە وەک بە ئینگلیزی دەڵێن، چاوەڕوانی خراپترین دەکەین و هیوای باشترین دەخوازین. ئەمە بارودۆخەکەیە.
حسێن عومەر: ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ بەڕێزت تەواو دەکەین، بەڵام رێگەم بدەن بچمە لای بەڕێز جەنگیز چەندار، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە دەم پارتی- دیاربەکر، بەخێر بێن. بەڕێز چاندار کاتێک زانیم تۆ میوانی ئەم دانیشتنە دەبیت، گەڕامەوە بۆ خوێندنەوەی ئەو بەشەی تایبەتە بە رووداوەکانی سوریا کە لە کتێبەکەتدا بە ناوی شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا باست کردووە کە چۆن ئەو کاتە ئاواتی تورکیا لە سەرەتای رووداوەکانی سوریا بریتی بوو لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی کەم لە حکومەتی سوریا بە ھێنانە ناوەوەی سێ وەزیر لە بزووتنەوەی ئیخوانولموسلمین، لە کاتی یاوەری کردنتدا بۆ بەڕێز داود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا. ئێستا ھەندێک دەڵێن دوای سەت ساڵ بەسەر ململانێکانی سوریا، ھەموو کێکی سوریا کەوتە ناو قاپی تورکیا و تورکیا ئێستا کۆنترۆڵی سەرەکی کلیلەکانی چارەسەر و گەشەسەندنەکانی سوریا دەکات، ئایا ئەم وەسفە بەڕاستی وردە؟ ئایا تورکیا دەتوانێت بە تەنیا دەست بەسەر دۆسیەی سوریا بگرێت و تورکیا سیاسەتی نوێی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چۆن داڕشتووە بە پشتبەستن بە سوریا، سوریای دوای ئەسەد؟
جەنگیز چاندار: پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەکە، دەمەوێت بڵێم کە ئێمە لە بەرەبەیانیی گۆڕانکارییە زۆر دراماتیکەکانین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، کە لە ئەنجامی شەڕی دڕندانەی غەززە هاتوونەتە ئاراوە. ئەو شەڕەی کە سەرجەم ناوچەی فەلەستینی وێران کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات خەڵکی رەسەنی غەززە دەربکرێن و بگوازرێنەوە بۆ ناوچەیەکی تر بۆ ئەوەی ناوچەکەیان داگیر بکرێت و بکرێت بە "لیڤەیارا"یەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەم ئەگەرەش تاڕادەیەک بە دڵی ئیسرائیلە.
گۆڕانکارییە گەورەکەی تر لە ناوچەکەدا، رووخانی رژێمی سووریایە. ئەم رووخانە گرنگە چونکە رژێمەکە زیاتر لە ٦٠ ساڵ - زیاتر لە نیو سەدە - بەردەوام بوو، بۆیە دۆخێکی تەواو نوێی دروست کردووە. تا ئەم گۆڕانکارییانەی غەززە و گۆڕانی رژێم لە سووریا، بڕیاردەرانی تورکیا شانازییان بەوەوە دەکرد کە تورکیا هێزێکی گرنگی ناوچەیی بوو. ئەوان وێنەیەکی خۆباوەڕییان پیشان دەدا، هەم لە نێوخۆ و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. زۆرجار رایاندەگەیاند کە هیچ باڵندەیەک ناتوانێت بەسەر ئاسمانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بفڕێت بەبێ زانین یان رەزامەندی تورکیا. ئەم بڕوایە لە میراتی مێژوویی تورکیا وەک میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەرچاوە دەگرێت.
کاتێک رژێم لە سووریا گۆڕا، هێزێکی عەرەبی-سوننی لە ئیدلیبەوە، پارێزگایەک لە سووریا کە بۆ حەوت ساڵ لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی تورکیادا بوو، دەستی بە جموجۆڵ کرد. تورکیا ئەم هێزە – پڕۆکسیەی خۆی - دەبینی کە بەرەو دیمەشق دەڕۆیشت بە ئامانجی رووخاندن و گۆڕینی حکومەتی سووریا. ئەمەش بووە هۆی ئەم پرسیارە: ئایا سووریا ئێستا بۆ تورکیا بووەتە ئەوەی کە لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەم لە سەدەی ١٦دا هەبوو، کاتێک بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی؟
ئێستا، سووریا وا دەردەکەوێت کە لەژێر کاریگەری تورکیادایە، چونکە هەیئەتی تەحریری شام، کەلەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرا گەیشتووەتە لوتکەی دەسەڵات لە دیمەشق. ئایا دەتوانین بڵێین کە بانگەشەکانی تورکیا لەبارەی بوونی بە هێزێکی زاڵی ناوچەیی ئێستا بەڕاستی سەلمێنراون؟ سەرکردەکانی تورکیا بەڵگە دەهێننەوە کە هەڵوێستیان لەسەر سووریا پشتڕاست کراوەتەوە، جەختیش دەکەنەوە کە پشتگیری کردنی هەیئەتی تەحریری شام بڕیارێکی راست بووە.
دەتوانین بڵێین کە سووریا لەژێر کاریگەری تورکیادایە و تورکیا کۆنترۆڵی سووریای کردووە بەڵام، ئەگەر لێم بپرسن ئایا ئەمە بە تەواوی راستە، من دژی ئەوە دەوەستم. من بەڵگە دەهێنمەوە کە نابێت ئەوەندە دڵنیا بین لەوەی روویداوە. لایەنێکی گرنگی دۆخەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی سەبارەت بە داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاژاوە وململانێ و نادڵنیاییە. ناوچەکە بەدرێژایی مێژوو بەچەندین قۆناخی شێواوی و کێشە و جەنگدا رۆیشتووە، بەڵام هەرگیز لە مێژووی نوێدا دۆخەکە وەک ئەمڕۆ ئەوەندە نادڵنیا و شێواو نەبووە.
ئەگەر کەسێک باوەڕی وابێت کە تورکیا کۆنتڕۆڵی تەواوی سووریای کردووە و سووریا هی تورکیایە، ئەوا مانای وایە کە دۆخی ناوچەکە جێگیر بووە. بوونی هێزە ناوچەییەکان وەک تورکیا، کە کۆنتڕۆڵی سووریا بکەن، ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە. بەڵام، لە ڕاستیدا، زۆر دوورە لەوەی هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ کرابێت. هۆکاری سەرەکی بۆ ئەمە بوونی رەگەزێکی نوێیە لە سووریا کە تورکیا هێشتا لەگەڵیدا ئاشت نەبووەتەوە - ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی کورد.
هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بڕبڕەی پشتیان کوردن، نزیکەی سێیەکی خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ دەکەن. ئەوان یەکێکن لە باشترین و مەشقپێکراوترین هێزە سەربازییەکانن لە سووریای ئەمڕۆدا. بەپێچەوانەی لایەنەکانی ترەوە، ئەوان بەدوای ئەوەدا ناگەڕێن کە خۆیان بدەنە دەست دیمەشق یان لەبەردەم کەسایەتیەکانی وەک ئەحمەد ئەلشەرع چۆک دابدەن. ئەوان ئامادە نین چەکەکانیان دابنێن، یونیفۆرمەکانیان فڕێ بدەن، و کۆنتڕۆڵی حەسەکە، قامیشلی، رەقە، دێرەزور و ناوچەکانی تر بدەنە دەست رژێمی سووریا. لە جیاتی ئەوە، ئەوان داکۆکی لە ناسینی مافەکانی کورد دەکەن لە چوارچێوەی سووریایەکی رێکخراوەدا، ئەوەی کە لەلایەن رێککەوتنێکی نوێی نیشتمانییەوە بەڕێوە بچێت نەک تەنیا درێژەدان بە دەسەڵاتی هاوشیوەی بنەماڵەی ئەسەد.
تورکیا لەلایەکەوە بە توندی پشتگیری هەیئەتی تەحریری شام دەکات و هەوڵدەدات رەوایی پێبدات، لەهەمانکاتیشدا دەخوازێت کۆنتڕۆڵی هەموو خاکی سووریا بکات، لەوانەش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات. بەڵام، ئەم هەڵوێستە و خواستی تورکیا بۆ زاڵ بوون بەسەر تەواوی ناوچەکەدا لەگەڵ واقیعدا یەک ناگرنەوە.
حسێن عومەر: ئەوەی کە ھێزەکانی سوریای دیموکرات باسی لێوە دەکەن و ئەو دۆخەی کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا هەیە، هەمیشە هێڵی سوور بووە بۆ تورکیا و هێشتا بەردەوامە. نوێترین شت ئەو دەستپێشخەرییەیە کە باس دەکرێت، دەستپێشخەریی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەگەری پێشکەوتنی گفتوگۆکان لە تورکیا، ئەمە چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێستی تورکیا لەبارەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و لەسەر چارەسەری پرسی کورد؟ ئایا ئەم دەستپێشخەرییە دەتوانێت بە شێوەیەکی نەرێنی یان ئەرێنی کاریگەری لەسەر پەیوەندی کورد لەگەڵ ناوەند دابنێت؟ ئایا ئەم دەستپێشخەرییە دەتوانێت ببێتە هۆی رۆڵێکی نەرمتری تورکی بەرامبەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە جۆرێک کە رێگری نەکات لە نزیکبوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق؟
جەنگیز چاندار: ئەمە پرسیارێکی هەمەلایەنە و هەموومان لە تورکیا چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارەین. هێشتا وەڵامێکی دیاریکراومان نییە، بەڵام بە ئەگەری زۆر، لە چەند رۆژی داهاتوودا—ئیتر سبەینێ، دوو بەیانی، یان لە ماوەی سێ رۆژدا—ئۆجالان بانگەوازێک دەکات. داوا لە رێکخراوەکەی واتا پەکەکە دەکات کە کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، چەکەکانی دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. وەک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ وتی، ئەم پرۆسەیە کاتی دەوێت. ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بکەین کە هەموو شتێک لە ناوچەکەدا تەنها لە یەک هەفتەدا باشبێت، چونکە ئەم بابەتانە کاتیان دەوێت.
ئەگەر ئەم دەستپێشخەرییە سەرکەوتووبێت، کاریگەری دەبێت لەسەر سووریاش، چونکە هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشیوەیەکی سەرەکی لەژێر کاریگەری ئۆجالان و لایەنگرانیدا کار دەکەن. ئەگەر دەستپێشخەرییەکی ئاشتی لە تورکیا روو بدات، لەوانەیە لە سووریاش بە نێوەندگیری ئۆجالان بگەنە رێککەوتنێک.
زیاتر لەوەش، ئێمە چاوەڕێی ئەگەری سووریایەکی نوێ دەکەین، هاوشێوەیئەوەی لە عێراق روویدا. بۆ روونکردنەوەی زیاتر، ئاماژە بە هەڵوێستی تورکیا دەدەم لەسەر خۆبەڕێوەبەری کوردی لە سووریا. من باسی ئۆتۆنۆمی، فیدراڵیەت، یان هەر پێکهاتەیەکی سیاسی دیاریکراو ناکەم—تەنها خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. دژایەتی فەرمی تورکیا بۆ ئەمە نوێ نییە و چەندین جار لەلایەن سەرکردەکانی تورکیاوە، لەوانە سەرۆک ئەردۆغان، لەوەتەی شەڕی نێوخۆی سووریا دەستی پێکردووە دەربڕاوە و ئاماژەی پێدراوە.
لە ئابی ٢٠١٤، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک، لە چەندین بۆنەدا، ئەردۆغان هەڵوێستی تورکیای روون کردەوە. لە قسەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسانی تورک، ئەو وتی—هەرچەندە وشەی "کوردستان"ی بەکار نەهێنا—کە تورکیا ناتوانێت رێگە بدات ئەوەی لە باکووری عێراق روویدا لە باکووری سووریا دووبارە بێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق دامەزرا. هەرچەندە تورکیا بۆی سەخت بوو رێگری لێ بکات، بەڵام بۆ داهاتوو، لەڕووی ستراتیژییەوە بۆی گرنگ بوو دڵنیا بێت لەوەی کە باکووری سووریا هەمان رێگا ناگرێتە بەر. ئەو بە راشکاوی وتی کە تورکیا بێ گوێدانە تێچوونەکانی، هەموو شتێکی پێویست دەکات بۆ رێگری لە سەرهەڵدانی خۆبەڕێوەبەری کوردی لە باکووری سووریا.
ئێستا، لە قۆناخێکین کە خۆبەڕێوەبەری کوردی لە سووریا شکڵی گرتووە. ئایا تورکیا دەتوانێت رێگری لێ بکات یان نا، پێناچێت هێزی سەربازی بە تەنها کاریگەر بێت. بۆچی؟ لەبەر بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەگەر ئەمریکا، لەژێر ئیدارەی ترامپ یان هەر ئیدارەیەکی داهاتوو، رێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا بکات و هێزەکانی بکشێنێتەوە، ئەوا دەکرێ دۆخەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بگۆڕێت. بەڵام، لەبەر ئەوەی مژاری ئەم گفتوگۆیە لەسەر بانگەوازی ئەگەری ئۆجالانە بۆ چەک دانان و پرۆسەی ئاشتییە، لەوانەیە پێویست نەکات چاوەڕێی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بکەین. ئەگەر ئەم دەستپێشخەریە ئاشتییە لە تورکیا سەرکەوتوو بێت، کاریگەری لەسەر دۆخی سووریاش دەبێت. تورکیا لەوانەیە رێبازێکی فراوانتر بگرێتە بەر، نەک تەنها پشتگیری کردنی هەیئەتی تەحریری شام یان گرووپەکانی تری سوننی-سەلەفی بەڵکو لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سووریا، بەتایبەتی گەلی کورد تێکەڵ بێت، ئەوەش ئەگەری باشترین دەرەنجامی دەبێت.
هێشتاش، دەبێت چاوەڕێی بانگەوازی ئۆجالان بکەین و چاودێری چۆنیەتی گەشەسەندنی رووداوەکان بکەین. لەم ناوچەیەدا، بەتایبەتی سەبارەت بە کێشەی کورد، دەرەنجامەکان هەرگیز بەدڵنیایی نین. شتەکان دەتوانن یان بەرەو ئاشتی بڕۆن یان وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراو رووبدات . ئێمە هیوادارین و نزا دەکەین بۆ چارەسەرێکی ئەرێنی. لە داهاتووی نزیکدا، دەبێت نەرمونیان و وریا بین لە ئاراستەکردنی رووداوەکان بەرەو ئەنجامێکی ئاشتیانە. ئەگەر کێشەی کورد لە سووریا چارەسەر بکرێت، کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر تورکیاش.
حسێن عومەر: سوپاسێکی زۆر بۆ بەڕێزتان ئەندامی پەرلەمان، خۆشحاڵ دەبووین لەگەڵمان بمێنیتەوە، بەڵام بەهۆی پابەندبوونەکانتانەوە دەبێت جێمان بهێڵینت. سوپاست دەکەین بۆ ئەو کاتەی بۆ ئێمەت تەرخان کرد و ئەو زانیارییانەی پێت بەخشین. دەچین بۆ قسەکانی بەڕێز د.سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی پەیمانگای لێکۆڵینەوە سیاسییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران. بەڕێز سەعید، رەنگە بوترێت ئێران زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لەو گۆڕانکارییەی لە سووریا روویدا، بەهۆی ئەو پەیوەندییە ستراتیژییەی کە رەنگە زیاتر لە سێ دەیە لەگەڵ سووریای ئەسەدی باوک و کوڕدا هەیبووە. ئێستا کە ئەم دۆخە بە تەواوی لە سووریا گۆڕاوە، ئێران چۆن پلانی مامەڵەکردن دادەنێت لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی پەیوەندییە نوێیەکەی لەگەڵ سووریای دوای نەمانی ئەسەد و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق؟
سەعید خەتیب زادە، پرسیارەکە کە لەبارەی دینامیکەکانی سووریایە، دەکرێت لە چەندین گۆشەنیگاوە ببینرێت. بێگومان، ئاستەنگی هەن کە ئێستا لە سووریا دەیبینین، ئەوانەشمان لەگەڵ هاوڕێ تورکەکانمان باس کردووە. بارودۆخەکە بۆ من تا رادەیەک سەیرە چونکە گومانم هەیە کە بتواندرێت هیچ وڵاتێکی عەرەبی لەلایەن وڵاتێکی ترەوە داگیر بکرێت. ئەمە روانگەی منە و پێم وایە گەلی سووریا شایەنی ئەوەیە حکومەتێکی نیشتمانی و فراوانی هەبێت. ئەوەی بۆ ئێران گرنگە چەمکی سەربەخۆیی، یەکێتی وڵات، و دامەزراندنی حکومەتێکی فراوانە.
ئەگەر سووریا لە گۆشەنیگای جیاوازەوە تاوتوێ بکەین، چەندین بابەت هەن بۆ گفتوگۆ. یەکێکیان هەبوونی هەیئەتی تەحریری شامە کە ئێستا لە دەسەڵاتدایە. وەک هاوڕێی تورکمان ئاماژەی پێکرد، وا دەردەکەوێت لە ئەنکەرە خۆشحاڵییەک هەیە بۆ ئەمە بەڵام، پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە ئەم گرووپە کێیە؟ ئایا لەلایەن هەموو وڵاتانەوە بە رەسمی ناسراون؟ یان تەنها جیهادییە پەرگیرە پێشووەکانن لەگەڵ شەڕکەرە بیانییەکان و هەندێک ئویغور کە پەیوەندییان پێیانەوە کردووە؟ ئێمە ئاگاداری هەبوونی ئویغورەکانین لە نێوانیاندا.
زیاتر لەوەش، لەکاتێکدا کە ئێمە لێدوانی ئەرێنیمان لە ئەحمەد ئەلشەرع بیستووە، ئەوەی چاوەڕێی دەکەین کردارێکی بەرجەستەیە لەگەڵ ئەو وشانەدا. هەروەها هاوڕێی ئوردنیشمان تیشکی خستە سەر دۆخی ئاسایش لە بەشی باشووری وڵات، کە زۆر ناسەقامگیر ماوەتەوە. تاران پشتگیری سووریایەکی یەکگرتوو دەکات - حکومەتێکی فراوان کە هەموو گرووپە ئیتنیکییەکان و هاوڵاتیان دەنگیان هەبێت و مافەکانی کەمینەکان رێزیان لێبگیرێت. ئێمە گەشبینین کە لەوانەیە لە داهاتوودا حکومەتێکی سەقامگیرتر و فراوانتر ببینین.
مەسەلەی سەرەکی کە ئەمڕۆ دەبێت چارەسەری بکەین ئەو ئاستەنگە دیاریکراوانەیە کە لە پێش سووریا دان. یەکێک لە لایەنە هەرە نیگەرانکەرەکانی داهاتووی سووریا ستراتیژی ئیسرائیلە. ئەوەی لە کردارەکانی ئیسرائیل لە سووریا دەیبینین، زۆر نیگەرانکەرە. ئیسرائیل بەکردەوە خەریکی پارچەکردنی کۆمەڵگەی سووریایە لە رێگەی پەیوەندی لەگەڵ دروزی و کەمینەکانی تر بۆ دروستکردنی دابەشبوونی زیاتر. ئەمە، لەگەڵ داگیرکاری بیانی، نیگەرانییەکی بەرچاوە بۆ ئێمە. سووریا پێشتر چەندین داگیرکەری هەیە و ئێستاش داگیرکەرێکی نوێی هەیە - ئیسرائیل - کە تەنیا ٢٠ کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە و ئەوان پلانی ئەوەیان نییە بەم زووانە بڕۆن، چونکە ٤٠٠٠ سەربازیان بە چەک، تەقەمەنی و کەلوپەلی تر جێگیر کردووە.
سەرەڕای ئەم گەشەسەندنانە، ئێمە هیچ شتێکمان لە ئەحمەد ئەلشەرع نەبیستووە سەبارەت بەم داگیرکارییە. کێشەکە تەنیا لەبارەی داهاتووی داگیرکاری نییە - بەڵکو لەبارەی داهاتووی خودی سووریایە. دەتوانیت هیچ وڵاتێک وێنا بکەیت کە رێگە بدات هێزە بیانییەکانتەنیا ٢٠ کیلۆمەتر لە دووریی پایتەختەکەیەوە دامەزراوەی سەربازی دروست بکەن ؟ داهاتووی گەلی سووریا لە مەترسیدایە و بۆیە، هەموو کەس دەبێت پشتگیری دامەزراندنی حکومەتێکی فراوان بکەن کە بتوانێت کۆتایی بە داگیرکاری بیانی بهێنێت.
ئەوەی لە سووریای ئەمڕۆدا دەیبینین، پێویستە پەیامی ئەخلاقی زیاترو بەهێزتر بدەین کە جەخت بکاتەوە لەسەر ئەوەی داگیرکاری بەردەوامی سووریا رێگری دەکات لە سەقامگیربوونی ئەو وڵاتە. زیاتر لەوەش، دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە چی لە فەلەستین روودەدات، چونکە دۆخەکەی راستەوخۆ پەیوەندی بە سووریاوە هەیە. لەم پانێلەدا، هەروەها لە پێشتریش، باسی ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان کرا. سیاسەتێکی بەردەوام هەیە بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە. دەبێت دیپلۆماسیانە ئەمە بڵێم کە هەموو وڵاتان، لەوانەش نەتەوە عەرەبییەکان، ئێران، و تورکیاش، دەبێت بە تەواوی ئاگاداری مەیلە هەژمۆنییەکانی ئیسرائیل بن لەم ساتەدا.
نتانیاهو لە چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستیندا بەدوای ئاشتی ناگەڕێت.لە جیاتی ئەوە، ئامانجی ئەوەیە گەڕانەوەی فەلەستینییەکان بۆخاکەکانیان ئەستەم بکات. ئەگەر هاوکارنەبین، داهاتووی ناوچەکە رەشە. هەڵوێستی ئێران ئەوەیە کە بە وریاییەوە پشتگیری بکات، بەدواداچوون و گفتوگۆ بکات لەگەڵ عێراق، تورکیا، و هەموو دەنگە سەربەخۆکانی ناوچەکە بۆ دامەزراندنی رێکخستنێکی فراوان بۆ داهاتوو. زیاتر لەوەش، نابێت ئەو هەوڵانە پشتگوێ بخەین کە لە سعودیە و وڵاتانی تری کەنداوی فارس دەدرێن بۆ دروستکردنی جۆرێک لە سەقامگیری ناوچەیی. تاران ئامادەیە پشتگیری ئەم دەستپێشخەرییانە بکات بۆ داهاتوویەکی جێگیر و ئارام بۆ ناوچەکە.
حسێن عومەر: دەچمە لای دکتۆر گانگ ژینگ کە مامۆستای یاریدەدەرە لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبەری ناوەندی ئاسایشی دەرەوە لە زانکۆی چینگ غوا لە پەکین. سیاسەتی دەرەوەی چین وێنەیەکی باوی هەبوو کە خۆی دەپاراست لە دەستوەردانی راستەوخۆ لە دۆسیە ئاڵۆزەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێ توندەکاندا، ئەم ناوچەیەش پڕە لەو ململانێیانە، بەڵام ئەو رۆڵەی کە دیپلۆماسییەتی چینی بینی لە نزیکبوونەوەی ئێران و سعودیە و ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان هەردوو وڵات بە نێوەندگیری چینی لە ساڵی 2023 واژۆکرا، ئەم وێنەیەی لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی چین گۆڕی. ئێستا چین چۆن مامەڵە لەگەڵ ترسە ئەمنییە نوێیەکان دەکات لە ناوچەکەدا لەدوای بومەلەرزەکەوە، ئەگەر رێگەمان پێبدرێت ئەم دەستەواژە بەکاربهێنین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بێگومان کاریگەرییەکانی دەگاتە شوێنێک دوورتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
د. گانگ ژینگ: سەرەتا، زۆر سوپاس، هەروەها دەمەوێت سوپاس و پیرۆزبایی خۆم بگەیەنمە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کە ئەم کۆبوونەوەیەی رێکخستووە. کۆمپانیای رووداو لە چەند ساڵی رابردوودا بەشداری گرنگی هەبووە لە پەرەپێدانی تێگەیشتن لە نێوان چین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. نووسینگەیەکیان لە پەکین دامەزراندووە و ئێستا کورسییەکی درێژخایەنیان لە گرووپەکانی میدیا لە وەزارەتی دەرەوەی چین هەیە. لەبەر ئەوە، من پێم وایە کۆمپانیای رووداو نەک تەنیا پەیوەندی نێوان چین و عێراق بەهێز دەکات، بەڵکو پەیوەندی نێوان گەلی کورد و گەلی چینیش بەهێز دەکات. ئەمە شتێکە کە دەمویست پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەکە باسی بکەم.
ئێستا، لە چین، ئێمە دەستەواژەی "گۆڕانکارییەکی نەبینراو لە ماوەی ١٠٠ ساڵدا" بەکاردەهێنین بۆ وەسفکردنی گۆڕانکارییە گرنگەکان و نادڵنیاییەکانی جیهانی. وەک هاوکارانمان باسیان کردووە، ئەم گۆڕانکاریانە قووڵن. لە رۆژئاوا، هەستێکی هاوشێوەی دڵەڕاوکێ هەیە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی زاراوەی گونجاو بۆ وەسفکردنی بارودۆخی ئێستای ناوچە جیاوازەکان، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەندێک پێی دەڵێن سەردەمی "پاش-کۆو"، کە ئاماژەیە بۆ دژواری پێناسەکردنی وردی دۆخی ئێستا. من دەمەوێت چەند تێبینییەکی کەسی لەبارەی پەیوەندییەکانی هێزە گەورەکان و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بخەمە ڕوو.
ئێستا، خواستەکانی هەژمۆنی هێزە دەرەکیەکانی ناوچەکە لە خاڵێکی مێژوویی نزمدایە. بەراورد بە سەردەمەکانی پێشوو، هێزە دەرەکیە گەورەکان خواستی هەژمۆنی کەمتر بەرامبەر بەم ناوچەیە نیشان دەدەن. ئەم گۆڕانکاریە هەم ئاستەنگ و هەم دەرفەت بۆ هێزە ناوچەییەکان دروست دەکات. بۆ نموونە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەژێر سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ، کەمترین بایەخی بەم ناوچەیە داوە. بەراورد بە هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، رەنگە تەنها سەرۆک ریگان هەمان ئاستی دوورکەوتنەوەی هەبووبێت. هەروەها، بەشداری رووسیا لە ناوچەکەدا جۆرێک لە پاشەکشەی پێوەدیارە. سەبارەت بە چین، ئەوە ماوەیەکی درێژە پابەندە بە سیاسەتی دەستوەرنەدان. هێزە گەورەکانی تریش، وەک بەریتانیا و فەرەنسا، نەخشەی هەژمۆنییەکی کەمتر بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیشان دەدەن.
ئەم داینامیکە نوێیە دەرفەتێک بۆ ئەکتەرە ناوچەییەکان دەڕەخسێنێت کە بەرپرسیارێتی زیاتر لە داڕشتنی کاروباری خۆیاندا لە ئەستۆ بگرن. هەندێک دەڵێن بەبێ کاریگەری هەژموونی دەرەکی، رەنگە بۆشایی دەسەڵات سەرهەڵبدات وئەوەش ببێتە هۆی ناسەقامگیری. بەڵام من پێموایە لە غیابی دەستێوەردانی دەرەکیدا، زلهێزە ناوچەییەکان چانسی دۆزینەوەی رێگەی باشتریان هەیە بۆ هاوکاریکردن و پەروەردەکردنی ناوچەیەکی سەقامگیرتر. لەڕووی مێژووییەوە لە سەردەمی جەنگی سارددا، هەندێک وڵات بە مەترسی کەمتر مامەڵەیان دەکرد، پشتیان بە پاراستنی خاوەنکارە بەهێزەکان بەستبوو، ئه مڕۆ به کهمبوونه وه ی کاریگەری ده ره وه ، ده وڵه ته ئیقلیمییه کان ده بێ وریاتر و ستراتیژییانەتر هه ڵسوکه وت بکه ن.
یەکێک لە بوارە سەرەکییەکان بۆ تاقیکردنەوەی ئەم دینامیکییە نوێیە سوریایە. چۆنیەتی هاوکاریکردنی زلهێزە ناوچەییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتێکی گشتگیرتر لە دیمەشق، لە داڕشتنی داهاتووی ناوچەکەدا گرنگ دەبێت. هەڵوێستی چین لەبارەی سوریای نوێ، تاڕادەیەک راستەوخۆیە. لەبری ئەوەی قسەی فەرمی دیپلۆماتەکانی چین و بەرپرسانی حکومەت دووپات بکەمەوە، تیشک دەخەمە سەر نیگەرانییەکی سەرەکی.
پرسێکی چارەنووسساز بۆ چین، بوونی چەکدارانی جیهادییە، لەنێویاندا هاووڵاتیانی پێشووی چینی کە ماوەیەکە لە سوریا نیشتەجێ بوون. لەگەڵ رووخانی رژێمی ئەسەد، بەشێک لەو کەسانە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشیان لە چین کردووە، هەروەها سەروەت و سامان و پڕۆژەکانی ژێرخانی چین و بازرگانییەکانی چین لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەنە ئامانج. ئەگەر ئەم جۆرە هەڕەشانە تەنیا وەک قسەکردن بمێننەوە، ئەوە بابەتێکە، بەڵام ئەگەر حکومەتی سوریا پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەو توخمانە دابین بکات، کێشەیەکی بەرچاو بۆ پەیوەندی چین لەگەڵ سوریا دروست دەکات.
سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر زلهێزە ناوچەییەکان، بە یارمەتی چین، بتوانن چارەسەری کاریگەر بۆ ئەم نیگەرانییە ئەمنییە بدۆزنەوە، چین ئامادەیی دەبێت بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا بکات و پشتگیری لە باشترکردنی حوکمڕانی بکات. بەرژەوەندی چین لە پەرەپێدانی سەقامگیری و ئاسانکاری بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە سووریادایە بە شێوەیەک کە سوودی بۆ هەموو ناوچەکە هەبێت.
حسێن عومەر: سوپاس، بە پرسیارێکی کورت دەگەڕێمەوە بۆ لات، بەڵام دەگەڕێمەوە بۆ لای دکتۆر جەواد، دکتۆر کورد گەلێکن لەسەر خاکی خۆیان لە سوریا دەژین و رۆڵی تایبەتیان بینیوە لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی سوریا و لە جەنگی داعشدا نزیکەی 15 هەزار شەهید و 25 هەزار برینداریان داوە، نیوەیان شەهیدی زیندوون واتە بەدەست پێکانەکانی جەنگەوە دەناڵێنن. ئێستا غیابکردن یان پەراوێزخستن یان پشتگوێخستنێکی روون هەیە بۆ کورد لە سوریا و رێچکەیەکی روون و بەهێز هەیە بەرەو چەقکردنی دەوڵەت. ئەم پەراوێزخستنەی کورد بەڕای ئێوە چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی ئێستا لە دیمەشق؟
د. جەواد عەنانی: : ئەو چارەسەرەی بۆ ئوردن بە گونجاو دەیبینین بۆ سوریاش بە هەمان شێوەیە. ئەمەش لەو بەیاننامەیەدا دەرکەوت کە لە کۆبوونەوەی حیزبەکان چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سووریا دەرچوو و ئاماژەی بە ئەم خاڵە نەکرد، بەڵکو بە شێوەیەکی گشتی قسەی کرد.
گوتی ئێمە دەمانەوێت هەموو ئەو لایەنانەی کە نوێنەرایەتی سووریا دەکەن بەشێک بن لە پرۆسەکە. وتەبێژەکەش کە بەیاننامەی کۆتایی هەژدە خاڵی خوێندەوە، هیچ کەسێکی لە پرۆسەکە بەدەر نەکرد. بەڵام ئەوەی برایانی کورد گلەیی لێ دەکەن ئەوەیە کە بانگهێشتی خودی کۆنفرانسەکە نەکراون. نازانم بۆچی، ئایا ئەوە بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنەوە بوو یان بە مەبەست بووە یان شتێکی تر. لەوانەیە ئێوە باشتر بزانن.
حسێن عومەر: بەبێ گوێدانە نییەتەکان یان مەبەستەکان بەکورتی غیابکردن ئەگەر بەم شێوە رێکخراوە بکرێت چی کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتووی سوریا؟
د. جەواد عەنانی: راستییەکەی، ئەمڕۆ وەک دەزانیت، سەرۆککۆماری نوێی سوریا گەیشتووەتە عەممان. گەیشتووەتە عەممان و پێموایە ئەم پەیامە بۆ ئەو دەگوازرێتەوە کە ئێمە لە ئوردون بەرژەوەندیمان لەوەدایە سوریا وەک دەوڵەتێکی ئارام و بەهێز ببینین بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی خۆی بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی. ئێمە دژی هەر داگیرکارییەکی خاکی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەوەستینەوە. ئیسرائیل ئەم دەرفەتەی قۆستووەتەوە و دەستی بەسەر هەندێک ناوچەدا گرتووە، بەڕادەیەک کە ئێستا تەنانەت باسی رزگارکردنیان بە شێوەیەکی روون ناکەن.
هۆکارەکەش بە باوەڕی من ئەوەیە کە ئەوان ئێستا پێیانوایە ئەو لایەنانەی دەبێت بۆ لای خۆیان رابکێشن بریتین لە ئەمریکا بە ئیدارەی ئێستایەوە و هەندێک وڵاتی ئەوروپای رۆژئاوا. ئەگەر بتەوێت ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بێنیتە پاڵ رژێمی ئێستای سوریا بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و رەهەندەکانی وەربگرێت، بە بۆچوونی من پێویستە تۆ لە کاتی ئێستادا کارێک نەکەیت کە هەستیان بوروژێنێت.ئەمە خوێندنەوەی سەرەتایی منە بۆ ئەم بابەتە. خاڵی دووەم کە دەکرێت زۆر سەرنجی بدەیتێ ئەوەیە کە ئایا سوریا ئێستا بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی رژێمی نوێ دایە یان هێشتا ناوچە هەن کێشە دروست دەکەن؟ لەوەی لەو برادەرە تورکەوە بیستوومانە و لەوانەیە لە هەندێک برادەری دیکەش، ترسی ئەوە هەیە کە هێشتا کۆنترۆڵی تەواو نەکراوە. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە رژێم هەوڵدەدات خۆی وا پیشان بدات کە گەیشتووەتە شاری لازقیە.
حسێن عومەر: پرسیار لەسەر لازقیەش دەکەین ، مامۆستا سەعید باسی پێکهاتەی کوردی دەکرێت، هەروەها پێکهاتەی عەلەوی کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە و لە کەناراوەکانی سوریا و دەوروبەری خۆرئاوای حومس نیشتەجێن، باس لە ناڕەحەتی ئەم پێکهاتەیە دەکرێت و ئایا ئێران گرنگی بەم دۆخە دەدات یان نا؟ هەڵوێستی ئێران لەبارەی پێکهاتەی عەلەوییەوە چییە و رۆڵیان لە داهاتووی سوریا چی دەبێت؟
سەعید خەتیب زادە،: زۆر سوپاس. ئەمە پرسێکی گرنگە. کەمینەکان هەمیشە جێگەی نیگەرانی بوون لە سووریا و بەردەوامیش دەبن، هەروەها شوێنە پیرۆزە جیاوازەکان لە سووریا گرنگییەکی ئایینییان هەیە. ئەمە تەنیا پەیوەندی بە عەلەوییەکانەوە نییە- هەروەها پەیوەندی بە زۆرینەی سوننەی سووریاوە هەیە کە بە شێوەیەکی چالاک لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار نین. لەوەش زیاتر، ئۆپۆزسیۆنێکی ئاشتیانە لە نێوخۆ و دەرەوەی سووریادا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانیش رێزلە دەنگیان نەگیراوە. کاتێک بەناو حکومەتی کاتی پێکهێنرا، زۆرێک لەو گروپانە دوورخرانەوە. تەنانەت لە نێو گرووپە چەکدارەکانیشدا تەنیا ژمارەیەکی سنووردار بەشدارییان کردووە. لە کۆی نزیکەی ٢٨ بۆ ٥٠ گرووپی چەکداری دەستنیشانکراو لە سووریا، تەنیا نزیکەی ١٥ یان ١٦ گروپ بەشداربوون لە پرۆسەکەدا.
ئێستا وا دەردەکەوێت کە ئێمە سیستەمێکی بەرگری باڵامان هەیە کە کەمینەکان سەرکردایەتی دەکەن، لەگەڵ سیاسەتێکی چالاکانەی شەرعیەتدان بەو سیستەمە. کێشەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ خودی ئەمەدا نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەو پەیامە بنێرین کە کەمینەیەکی لەو شێوەیە دەتوانێت کۆمەڵگایەکی هەمەچەشن - لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینی و کولتوورییەوە - لەسوریا بەڕێوەببات.
لەڕوانگەی تارانەوە دەبێ بە تەواوی رێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت. تا زووتر هاوکاری حکومەتی سووریا بکەین بۆ ئەوەی زیاتر گشتگیر بێت، نەک تەنیا بۆ سووریا بەڵکو بۆ سەقامگیری تەواوی ناوچەکەش باشترە. جگە لەوەش نابێت چاوپۆشی لە مەترسیی زیاتری پارچەبوونی ئەمنی لە سووریا بکەین کە تا ئێستاش وەک ئەگەرێکی جددی ماوەتەوە. زۆر گرنگە کە ئێمە بە خێرایی هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی یارمەتی سوریا بدەین لە کارەساتێکی دیکە دووری بخەینەوە.
حسێن عومەر: دکتۆر گانگ ژینگ، یەکێک لە بیرمەندانی سوریا لەم دواییەدا رایگەیاندووە کە دروستکردنی دەوڵەتێکی ئایینی لە سوریا مەحاڵە و یەکێک لە هۆکارەکان دەخاتە روو، کە چین بەتایبەتی هەستیاری زۆری هەیە بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی لە دەسەڵاتدا، ئێستا دەسەڵاتێک هەیە کە وەسفی دەکەیت بە جیهادی یان ئیسلامی، ئایا دەکرێت پەیوەندییەکی ئاسایی چینی سوری ببینین لەژێر ئەم دەسەڵاتەدا؟
د. گانگ ژینگ: پێموایە سیگناڵی دژبەیەک هەبووە کە لەلایەن حکومەتی نوێوە لە سوریا نێردراوە. پێدەچێت ئەم سیگناڵانە ئاماژە بە ئاراستەی جیاواز بکەن. هەندێکیان زۆر ئاشتیخوازانە و هاوکارانە بوون، پێشوازییان لە بەشداریکردنی چینی کرد لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریای دوای ئەسەد، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانی سەبارەت بە دانانی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی پێشوو- کە لە کەسانێک پێکهاتبوون کە سەردەمانێک هاووڵاتی چینی بوون - بۆ پۆستە باڵاکان لەناو ئیدارەی نوێی سوریادا هەبووە.
لەم قۆناخەدا زەحمەتە بزانین پەیوەندییەکانی نێوان چین و سووریا تا چەند بەرەو پێش دەچێت. لە چین وتەیەک هەیە، ئەویش ئەوەیە "کە بە وردی سەیری هەموو هەنگاوێک بکەیت پێش ئەوەی هەنگاوی داهاتوو بنێیت،" و پێموایە ئەم رێبازە لێرەدا جێبەجێ دەکرێت. هیوادارم ئەم دۆخە بە شێوەیەکی دروست چارەسەر بکرێت.
دوایین پێشهات ئەوەیە کە ئەحمەد ئەلشەرع لە دیمەشق پێشوازی لە باڵیۆزی چین لە سووریا کردووە. لە روانگەی تایبەتی منەوە، چین لە ئێستادا رێبازێکی "متمانە بەڵام پشتڕاستکردنەوە" بۆ ئەم پرسە دەگرێتەبەر پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدات سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی بە تەواوی لەگەڵ سوریا.
حسێن عومەر: ئیستا هەندێک کاتمان هەیە بۆ ئەوەی گوێ لەپرسیارەکانی ئامادەبووان بگرین.
پرسیارێک لە ئامادەبووانەوە: بەڕێز دکتۆر جەواد، پرسیاری یەکەم، روانگەی ئوردن چییە بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا و ئایا پشتگیری لە رێڕەوی لیژنەی دەستوری سوریا دەکات وەک ئامڕازێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر؟ سەرەڕای ئەوە، ئوردن یان بە شێوەیەکی فراوانتر وڵاتانی عەرەبی چۆن دەڕواننە بابەتێک کە پەیوەندی بە پەراوێزخستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و دەرکردنیان لە جوڵە سیاسییەکانی ئێستادا لە ئوردن هەیە و ئایا لەگەڵ حکومەتی سوریا لەم بارەیەوە رێککەوتن هەیە یان ئاراستەیەکی جیاواز هەیە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ هەموو پێکهاتەکان، سوپاس.
د. جەواد عەنانی: یەکەم، هەر تیۆرێک کە لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٥ و ٢٠١٦ پێشخرا لەبارەی ئەوەی کە دەبێت چاوخشاندنەوە بە رێککەوتننامەی سایکس پیکۆدا بکەین و وڵاتانی عەرەبی بۆ دەوڵەتۆچکە دابەش بکەین کە رێز لە مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و هتد بگرن سەری نەگرت، پێموایە ئەم مۆدێلە ئێستا تەنانەت خودی رۆژئاواش بەهۆی کێشە زۆرەکانیەوە جێی متمانە نییە. بۆیە پێموایە دەگەڕێینەوە بۆ سیستەمی دەوڵەتی یەکگرتوو، بەڵام لەناو ئەم سیستەمانەدا ئەوەی پێی دەگوترێت ئۆتۆنۆمی هەر دەبێت.
پێموایە ئەمە نزیکترین مۆدێلە لەوەی کە لە وڵاتە عەرەبییەکاندا پەیڕەو بکرێت. سەبارەت بە سوریا، ئوردن و هەموو لایەنەکانی تر پێویستە نوێنەرایەتییان هەبێت.
لە ئوردن، بە تیۆری بە هیچ شێوەیەک کێشەمان نییە لەگەڵ نوێنەرایەتی گشتگیردا، بە درێژایی مێژووهەرگیز دژی ئەم بابەتە نەبووین . زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانیش باوەڕیان بەمە هەیە، واتە نایانەوێت پرسەکانی نەتەوەکان وەکو ئەوەی لە ساڵانی دوو هەزارەکان و لە سەرەتای بەهاری عەرەبی و بەردەوامبوونیدا گەڕایەوە، ببێتە هۆکاری سەرەکیی کێشەکان.
بەپێچەوانەوە، ئێمە بانگەشەی هاوکاریی تەواو لە نێوان هەمووان و یەکگرتووی نیشتمانی دەکەین کە هەموو پێکەوە کۆبکاتەوە. پاشان هەر کەسێک ئازادە چۆن ئایینەکەی یان دابونەریت و رێوڕەسمەکانی پەیڕەو دەکات. بۆیە ئێمە بە رەهایی لە ئوردن باوەڕمان بەمە هەیە و زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکان لەم بۆچوونەدا هاوبەشمانن.
حسێن عومەر: سوپاس دکتۆر. تەنیا پرسیارێکی تر وەردەگرم.
سامی ئەتروشی: پرسیارەکەم ئاراستەی مامۆستا سەعید خەتیب زادە دەکەم وەک نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەبارەت بە سووریا و دەتوانم بڵێم کشانەوەی ئێران لە سووریا یان دەستێوەردانی ئێران، ئێمە دەزانین ئێران یان تورکیا یان تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش بەرژەوەندییان لە سووریا و لە عێراق هەیە و دەستێوەردانیان هەیە، هەڵبهت وەک سیاسەت وەک دیپلۆماسی ناتوانیت بڵێیت دەستێوەردان بەڵام وەک بوونی پراکتیک لە راستیدا لە هەموو ئەو شوێنانە دەیبینین، بۆچی ئێران بە تەواوی لە سووریا کشایەوە دوای رووخانی رژێمی بەعس؟ ئایا تەنیا پشتیوانی لە رژێمی بەعس و بەشار ئەسەد دەکرد؟ یان پشتیوانی لە گەلی سووریا دەکرد چ عەلەوییەکان چ شیعەکانی ئەوێ، دەڵێم بۆچی ئەو کشانەوە راستەوخۆیە، یان ئەگەر ئەمە لە عێراق رووی بدایە ئایا ئێران بە تەواوی لە پرۆسەکە دەکشێتەوە یان پشتیوانی هەندێک لایەن دەکات لە عێراق؟
سەعید خەتیب زادە،: زۆر سوپاس. ئەوە پرسیارێکی زۆر راشکاوانە و گرنگە، شایەنی وەڵامێکی دروستە. ئێمە هەموومان لێرەین چونکە پێشینەمان لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، هەروەها بە باشی ئاگاداری ئەدەبیاتی پەیوەندیدارین. بۆیە نامەوێت زۆر قووڵ بم لە لایەنە شیکارییەکانی ئەم پرسە. بەڵام زۆر گرنگە لەوە تێبگەین کە هەر پرسیارێک دەبێت بە کۆنتێکست دابنرێت و ئەگەر راستییەک لە چوارچێوە مێژوویی و سیاسییەکەی لابدەین، رەنگە ئاکامەکانی چاوەڕوانکراونەبن.
بۆچی ئەمە دەڵێم؟ ئێمە باس لە سوریا دەکەین- وڵاتێک کە پێکهاتەیەکی سیاسی دامەزراو و حکومەت و ئیدارەیەکی گشتگیر یان لانیکەم دانپێدانراوی نێودەوڵەتی هەبوو. کاتێک ئێران بانگهێشت کرا بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی سوریا، حکومەتێکی شەرعی لە شوێنی خۆیدا هەبوو. رۆڵی ئێران لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگەی کورد و گەلی کورد- کەسایەتییەکانی وەک مام جەلال و ئەوانی دیکە- لە هەمان بارودۆخەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە سوریادا پەرەی سەند.
ئێران رۆڵی سەرەکی بینی لە تێکشکاندنی داعش لەم ناوچەیەدا. کردەوەکانی ئێران لە بەرژەوەندی گەلانی ئەم ناوچەیەدا بوو، چونکە هەر لە سەرەتاوە پرسیاری سەرەکی ئەوە بوو: دۆخی دوای ئەسەد چۆن دەبێت؟ تەنانەت لە ساڵی٢٠١٣ ەوە کە داعش دەستدرێژیی کرد، زۆرێک لە گروپە جیهادییە توندڕەوەکانی بەشداربوو، نەتەوەپەرست نەبوون. ئەوان چەکداری سوریا نەبوون بەڵکو چەکداری بیانی و دەرەوەی هەرێم بوون. هەندێک لەو گروپانە تا ئەمڕۆش بوونیان هەیە، ئەمەش بەردەوامە لە دروستکردنی تەگەرەی گەورە.
بۆ ئێران هەمیشە ئەولەوییەت ئەوە بووە کە هەرچییەک لەم ململانێیەوە سەرهەڵبدات نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و هەروەها بەرپەرچدانەوەی تەماحە هەژموونگەرییەکانی ئیسرائیل ئامانج بووە کە لە مێژە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا دەدات. سیاسەتی ئێران یەکگرتوو بووە: هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە هەوڵی سەپاندنی ئەجێندای خۆیان دەدەن؛ ئێران پابەندە بە سەقامگیری و ئاشتی لە سوریا. ئێمە هیچ ئامانجێکی ترمان نییە جگە لە بینینی حکومەتێکی گشتگیر - یان لانیکەم نیمچە گشتگیر - لە سوریا کە مافی کەمینەکان و دانیشتوانی مسۆگەر بکات. بە بینینی داڕمانی پێکهاتە سیاسییەکان لە هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و عێراق، لە دەرئەنجامەکان تێدەگەین. خەڵکی ئەم هەرێمە بە چاوی خۆیان ئەم داڕمانانەیان بینیوە. کاتێک یەکێک لە گەورەترین سوپاکانی جیهانی عەرەبی- سوپای سوریا- هەڵوەشێتەوە، پرسیارێک دێتە پێشەوە: چی ڕوودەدات؟ سوپای سوریا لە کوێیە؟
ئایا ئەمە لە بەرژەوەندی گەلی سوریادایە؟ ئەمە بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعییە، دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. ئێران ئامادەیە بۆ پشتیوانی لە هەر هەوڵێکی راستەقینە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر لە سوریا.
پرسیارلە ئامادەبووانەوە: تۆ رێگات بەسێ پیاودا قسەبکەن، رێگە بەمنیش بدە کە نیوەی ئەوان قسەبکەم. من بە کوردی قسەئەکەم چونکە لەدەستووری عێراقدا زمانی کوردی زمانێکی رەسمیە، وە مامۆستایی کوردی و مامۆستایی توراسی کوردیشم، د. ژانگ ئێوە زۆربەختەوەرن، دەوڵەتێکی بەهێزن و لەرووی تەکنەلۆژیا و بازرگانییەوە گەورەترین مەترسین بۆ ئەمریکا؛ ئەمریکا کۆرۆنای بۆ ئیوەنارد، ئێوەزاڵبوون بەسەریدا. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، ئێوە سێ نوێنەری سێ وڵات، تورکیا، ئێران،...، کۆنترین نەتەوە کە کوردە لەلای ئیوە ئەژین، ئێوە لەسەرخاکی ئەم ئەم کوردانەو کوردستان دەوڵەتتان دروستکرد بەڵام مافی کوردەکان نادەن؛ بۆچی نابێت لە سوریا کوردەکان بە کوردی بخوینن و ناسنامەی کوردیان پینادەن، ئەمە خاڵی یەکەم کێشەی کورد لەسوریا دەگاتە کوێ؟
ئیمە خزمین لەگەڵ فارسدا، زمانێکی ئێرانیمان هەیە، د. سەعید، تۆزێک کرانەوەتان هەبێت لەگەڵ کوردی ئێراندا، من لە رێگەی پارلەمانەوە ئەیبینم کە کوردەکانی لای ئێوە داخوازیتان لێدەکەن کە لە خویندنگەو زانکۆکانیان بە زمانی کوردی بێت، لەئیستادا جوڵەیەک دەبینین بەو ئاراستەیەدا. نازانم بۆچی قەوارەی کورد مەترسییە لە ئێران، سوریا، و تورکیا؟
سەعید خەتیب زادە،: ئێران پرسی کورد بە کێشە نازانێت، بەو پێیەی کورد بە تەواوی تێکەڵ بەو کۆمەڵگایەیە. پارێزگایەکمان هەیە بە ناوی کوردستان، لە تارانیش رێگایەکی خێرا هەیە بە ناوی کوردستان، جگە لەوەش، سەرۆکێکمان هەیە کە کوردە و وەک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێکرد، تەنانەت باشتر لە زمانی فارسی بە زمانی کوردی قسە دەکات، چ لەڕووی دەربڕین و چ لەهجە، بۆیە بۆ ئێمە مەسەلەی کورد بوونی نییە. هیوادارین هەموو وڵاتانی ئەم ناوچەیە رێز لە فرەچەشنی کولتووری و نەتەوەیی لە سنوورەکانیان بگرن. حسێن عومەر: زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، سوپاس بۆ هەمووتان، وابزانم کاتمان نەماوە لەبەرئەوە لێرەدا کۆتایی بە پانێڵەکە دەهێنین. زۆر سوپاس.