چالاکی

پانیڵی 06: گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر پێشیلکردنی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان

24-03-2025


سارا سەنبەر: بەیانیتان باش. هیوادارم هەمووتان ئامادەبن بۆ رۆژێکی دیکە و پانێڵێکی سەرنجڕاکێش. زۆر شانازی دەکەم کە ئەمڕۆ لەسەر مافەکانی مرۆڤ، گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق قسەبکەین. پانێڵێکی نایاب و پانێڵیستی شارەزامان هەیە کە پێکهاتووە لە ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپرسانی حکومەت و پسپۆڕان.

زۆرجار کاتێک بیر لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەینەوە، چەند پرسیاری جیاواز بەرجەستە دەبن، وەک ئەوەی لەماوەکانی پێشوو یەک یان دوو کەس پرسیاری لێکردووم لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان مافەکانی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا. وەڵامەکەی ئەوەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر کۆمەڵێک ماف هەیە - وەک مافی ئاوی خاوین، مافی تەندروستی، نیشتەجێبوون، ئاسایش و سەقامگیری.

ئەمڕۆ، پانێڵستەکان هەندێک لەو کاریگەرییانەمان بۆ باسدەکەن کە لە عێراق دا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بینیومانن و دەیبینین. هەروەها،  هەوڵدەدەم بە چەند خاڵێکی پۆزەتیڤ کۆتایی بە پانێڵەکە بهێنم و، سەرنجم لەسەر چارەسەرەییەکان و ئەو خاڵانە بێت کە دەتوانین بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەبەرچاوی بگرین.

سەرەتا، حەز دەکەم لە بەڕێز جاسم ئەسەدی، دامەزرێنەر و بەرپرسی رێکخراوی سروشتی عێراقەوە دەستپێبکەم و  بە ئێوەی بناسێنم. رێکخراوەکەی یەکێکە لەو رێکخراوە بەرپرسیارانەی کە بە تایبەتی لە هۆرەکانی باشووردا کار دەکات و چالاک بووە. هۆرەکانی باشوور کاریگەرییەکی زۆر دراماتیکیان بەخۆوە بینیوە بەهۆی هەردوو فاکتەری گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگە.  بەرێز جاسم ئەسەدی، ئایا دەتوانیت باسی هەندێک لەو کاریگەرییانە بکەیت کە لە هۆرەکانی باشووردا بینیوتە و ئەوش بڵیی کە ئەوانە چۆن کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک لەوناوچانە هەیە؟ 

جاسم ئەسەدی: هۆڕەكان یان زۆنگاوەکانی باشووری عێراق بریتین لە سێ هۆڕی سەرەكی لەگەڵ چەندین زۆنگی بچووك. كۆی رووبەری ئەم سێ هۆرە بەشێوەیەكی مێژوویی نزیكەی نۆ هەزار و شەش سەد و پەنجا كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و لە وەرزی لافاودا دەگاتە زیاتر لە بیست هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە. ئەمە بەقەد رووبەری وڵاتێكی وەكو لوبنانە و لە رووبەری بیست و حەوت وڵاتی دیکەی جیهان گەورەترە. ئەم ناوچەیە خاوەنی فرەچەشنی ژیان و پێشینەی نیشتەجێبوونی مرۆڤایەتی بووە بۆ ماوەیەکی زۆر كۆن كە رەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سۆمەرییەکان. هەروەها،  زیاتر لە 270وشە هەن كە دانیشتوانی ناوخۆیی ئەم شوێنانە بەكاریان دێنن كە وشەی سۆمەری، ئەكەدی و ئارامین و عەرەبی نین. لەلایەکی دیکەوە رەفتار و نەریتەكانیان لە زۆر لایەنەوە رەفتاری سۆمەرییەکانن. 

ئەم هۆرانە لە ماوەی نێوان ساڵانی 1991 تا 2003دا دووچاری لەنێوچوون و وشككردنی بێ وێنە بوونەو و زۆربەی ناوچەکان بوون بە چۆڵەوانی. لەم هۆر و زۆنگاوانەدا، قامیش و زەل و ئەو جۆراوجۆرییە زۆرەی وەک رووەكە ژێرئاوی و سەرئاوییەكان، ماسی، دارەكانی گەزی بیابانی و ئاژەڵە كێوییەكان وەك گورگ و چەقەڵ و چەندانی دیکە جێگەیان گرتوە.

دانیشتوانی ناوخۆیی ئەم زۆنگاو و هۆرانە كۆچیان بۆ ناوچە جیاوازەكانی دیكە كرد، کە دیارترینیان بۆ خۆرئاوای عێراق و جیهان بوو. ئێمە كۆمەڵگەیەكمان لە بەخێوكەرانی گامێش هەیە كە نەیاندەتوانی بە عەرەبی بخوێننەوە یان بنووسن بەڵام ئەمڕۆ بە زمانی ئینگلیزی لە شارێكی وەك دیترۆیت دەژین و بەئینگلیزی قسە دەكەن. هەروەها کۆچیان بۆ هۆڵەندا و سوید و ئۆسترالیا کردووە و ئێستا كۆمەڵگەیەكی گەورە لە ئوسترالیا، بەدیاریکراوی لە سیدنی دەژین.

هۆڕەكان لە دوای ساڵی 2003 بەرەبەرە بوژانەوە، بەڵام حكومەتی عێراق رۆڵی نەبوو لە بوژاندنەوەیان. واتە پلانێك نەبوو بۆ بوژاندنەوەی هۆرەكان، چ لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە یان لەلایەن حكومەتە خۆجێییەكانەوە، بەڵكو كاتێك رژێم رووخا دانیشتووانی ئەو ناوچانە، بەربەستەكانی ئاویان شكاند و ئاو گەڕایەوە بۆ هۆرەكان وەك لە وێنەكەدا دەبینن. هۆرە ناوەندییەكان درووست بوونەوە و بەرەبەرە دانیشتووانی ناوخۆیی گەڕانەوە. 

شارێكی وەك جەبایش لە ساڵی 1990 پێش نوقم بوون، ژمارەی دانیشتوانی گەیشتبووە 63 هەزار كەس كە زۆربەیان پشتیان بە ئابووری ئاو دەبەست. واتە بەخێوكردنی گامێش، راوی ماسی، بڕینی گیا و قامیش، دروستكردنی کەپر و کاڵای دیکە کە سەرچاوەکەی ئەو هۆڕ و زۆنگاوانە بوو، بەڵام لە ساڵی 2005 تەنیا 6هەزار کەسی لێ مابوو. ئەمڕۆ دەتوانین بیژین ناوچەکە دووبارە ناسنامەی دانیشتووانی خۆی بەدەست هێناوەتەوە و ژمارەی دانیشتووانی گەیشتووەتە 61 هەزار کەس.

هۆڕەکان لەلایەن دانیشتووانە ناوخۆییەکانەوە دووبارە درووستکرانەوە، کاتێک بڕی ئاو لە دیجلە و فورات بەرز بووەوە. هەرچەندەش بڕی ئاوەکە هێندە زۆر نەبوو بەڵام بەشی ئەوەی دەکرد کە ژیان لە هۆرەکان ببوژێتەوە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هیچ پلانێک نەبوو بۆ دیاریکردنی رووبەری ئەو ناوچانەی کە دەکرێت لە هۆرەکاندا ژیانیان تێدا ببوژێندرێتەوە.

لە دیسەمبەری 2003 دا، ناوەندی بوژاندنەوەی زۆنگ و هۆڕەکانی عێراق "CRIMW" دامەزرا. لە ساڵی 2005دا ناوەندەکە پلانێکی دانا بۆ دووبارە بوژاندنەوەی 5600 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە هۆرەکان، کە دابەشکرا بەسەر سێ هۆری سەرەکیدا: هۆری حەمار لە رۆژئاوا، هۆرە ناوەندییەکان، و هۆری حەوازە کە لەگەڵ وڵاتی دراوسێمان ئێران بەشی دەکەین.

لەڕوویەکی دیکەوە، ئەگەر لەماوەی 2003 تاوەکو 2025دا، سەیری سیستەمی هایدرۆلۆجی و دابەشبوونی ئاو لەم هۆرانەدا بکەین، دەبینین کە نەمانتوانیوە ئامانجەکە بەدەست بهێنین جگە لە ساڵی 2019، ئەویش کاتێک بڕی ئاو بۆ زیاتر لە ٦٥ ملیار مەتری سێجا زایدی کرد لە سێ بەنداوە سەرەکییەکەمان کە بەنداوی موسڵ، حەدیثە و دووکان بوو. هەروەها، دەریاچەی سەرسار. بەوەش رێژەی بوژاندنەوەی هۆرەکان گەیشتە 97٪، بەڵام دوای ئەوە رێژەکە لە نێوان 80٪ بۆ 70٪دا گۆڕاوە.

دوای بوژاندنەوەکەش تووشی کێشەی وشکەساڵی بووین. لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا سیاسەتی وشککردن هەبوو. وشکەساڵی لە ساڵی 2009دا تووشمان بوو و دووبارە لە ساڵی 2015 و پاشان لە ساڵی 2018دا ئەوە روویدا، بەڵام هەر جارێک وشکەساڵی دووبارە بووبێتەوە، ساڵێکی شێدارتر بەدوایدا هاتووە و بەوەش توانیومانە هۆرەکان ببوژێنینەوە.

لەڕاستیدا، سەختترین وشکەساڵی کە تووشمان بووە ئەوەی کۆتایی ساڵی 2020 بوو کە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە. واتا تاوەکو ساڵی 2025 وشکەساڵییەکی سامناکە. بەهۆی ئەم وشکە ساڵییەوە نزیکەی 30٪ی گاگەلی گامێشمان لەدەست داوە.

هەروەها، رێژەی زیاتر لە 95٪‌ی سامانی ماسی و فرەچەشنییەکی زۆری ژیان لە هۆرەکانی عێراق بەهۆی وشکە ساڵییەوە لە دەست دراوە. هەڵبەت زۆنگاوەکان لە ساڵی 2016دا خرانە نێو لیستی میراتی جیهانی بەهۆی ئەو فرەچەشنییە زۆرەی ژیان و بوونی چەندین رووەک و ئاژەڵ و باڵندە کە لە لیستی مەترسیی جیهانییدا بوون بۆ لەنیوچوون. لەوانە 'هازجە قصب المصر' کە نموونەیەکە لەو باڵندانەی لە وەرزی هاویندا لە باشووری ئەفریقاوە دێنە هۆرەکان یان ئاژەڵی 'ماکس ویلی' کە جێگیرە و لە ساڵی 1956 دۆزرایەوە کاتێک پێشتر هیچ زانیارییەک لەسەری نەبوو.

ئەمڕۆ دیسان باڵندەکانی وەک 'مەکسویل' و 'هاججە غصب البصرة' دووبارە لە دەست دەدەین و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەکەش کۆچ دەکەن، بەهۆی ئەو مەترسییانەی لە زۆنگاو و هۆرەکان رووبەڕووی ژیان بووەتەوە. ئەم مەترسییانەش لە کەمبوونەوەی ئاوی خاوین و زیادبوونی  جۆری ئاودا خۆی دەبینێتەوە. کاتێک سوێری ئاو دەگاتە زیاتر لە 6000 بەش لە ملیۆنیك دا، بەخێوکەری گامێش ناتوانێت لە هۆرەکان بمێنێتەوە و دەبێت بەردەوام شوێنی خۆی بگۆڕێت.

کاتێکیش ئاو زۆر دادەبەزێت، لەوەڕگەی سەوز نامێنێت. بۆیە گۆڕانکاری لە نیشتەجێبوون دا روودەدات، گۆڕانکاری لە شوێن لە نێو یەک هۆردا روودەدات. واتە دەشێت بەخێوکەری گامێش لە ساڵێک دا سێ یان چوارجار جێگۆڕکێ بکات لە ناوچەیەکی هۆرەکە بۆ ناوچەیەکی دیکە یان لە هۆرێکەوە بۆ هۆرێکی دیکە، وەک ئەوەی لە هۆری 'حەمار'ی رۆژئاواوە بچێتە هۆرە ناوەندییەکان یان بە پێچەوانەوە. یان کۆچێک روودەدات بۆ دەرەوەی هۆرەکان کەئەمەیان مەترسیدارترینیانە، واتە بە تەواوی لە هۆرەکان بچنە دەرەوە بۆ ناوچەکانی دیکە، بۆ نموونە بۆ 'کووت' یان 'کەربەلا' و 'بابل' و 'نەجەف' کە کەناڵی ئاو یان کەناڵی ئاودێری تێدایە و لەوێ دەمێننەوە. هەموو ئەمانەش بەدڵنیاییەوە دەبێتەهۆی لەدەستدانی بەشێک لە گامێشەکانیان چ بەهۆی مردنەوە بێت یان فرۆشتن بۆ ئەوەی بتوانن جێگۆڕکێ بکەن و شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ دروست بکەن.

هەڵبەت ئەمە مەترسییەکی گەورەیە و دەبێت رووبەڕووی ببینەوە، ئەمڕۆ ناڵێین هۆڕەکان وشک بوون، بەڵام دەڵێین کەمێک لە ساڵی رابردوو باشتر بوونەتەوە. با نموونەیەکتان بۆ بێنمەوە سەبارەت بەو گۆڕانکارییەی کە لە هۆرەکاندا  بەهۆی گۆڕانکاریی ئاستی ئاوەوە روویداوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2019دا ئاستی ئاوی فورات لە جبایش کە سەرەکیترین ناوچەیە بۆ دابەشکردنی ئاو بۆ هەریەک لە هۆری 'حەمار'ی رۆژئاوا و هۆرە ناوەندییەکان 194 سانتیمەتر بوو، بەڵام لە 12-12-2023دا  ئەم ئاستە لە هەمان خاڵدا دابەزی بۆ 28سانتیمەتر کە نزمترین ئاستە لە مێژووی فورات دا. ئەمڕۆ کە من لە جبایشەوە لە ناوچەی هۆرەکانەوە هاتووم، ئاستی ئاو لەو خاڵەدا 90 سانتیمەترە کە نە ئاستێکی بەرزە و نە ئاستێکیشە کە چاوەڕوان بکرێت بەرگەی هاوینی داهاتوو بگرێت، چونکە ئێمە رووبەڕووی بە هەڵمبوونی زۆر گەورە دەبینەوە. رێژەی بە هەڵمبوون لە هۆرەکان دا ساڵانە نزیکەی 2.8 مەترە. ئەمە واتای ئەوەیە کە دەبێت ئاوی زیاتر بەرەو زۆنگاوەکان بەر بدەینەوە.

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە کاتێک ئێمە لە ساڵی 2005دا هۆڕەکانمان خستە نێو پلانێکی گشتگیرەوە لەڕووی بەڕیوەبەردنی ئاوەوە، بڕی ئاوی پێویستمان بۆ هۆرەکانمان دانا و بینیمان کە هۆرەکان پێویستییان بە بڕێک هەیە نزیکەی 5.4 ملیار مەتری سێجای ساڵانە. ئەمەش وەک کەمترین بڕ بۆ پاراستنی نیوەی ئەو رووبەرەی کە باسکراوە. هەروەها، ئەو نیوەکەی دیکەش دەتوانرێت بە سەرچاوەکانی دیکەی ئاو دوای چارەسەرکردن یان خاوینکردنەوە دابین بکرێت، وەک ئاوی خاوێنکراو لە شوێنە گشتییەکان. 'المصب العام'یش کە کەناڵێکی گواستنەوەی ئاوی سوێرە لە باکووری بەغداوە، لە 'سەقلاویە'وە هەتاوەکو کەنداو.

ئەمە دەتوانێت بڕێکی زۆر ئاو بۆ زۆنگ و هۆرەکان دابین بکات، واتە بە جۆرێک دیزاین کراوە کە 200مەتری سێجا لە چرکەیەکدا بەڕێ بکات. هەروەها 'مبزل شرق الغراف' یان 'مبزل شرق العمارة' و هتد. بەهەرحاڵ، ئێمە بیست ساڵە هەتاوەکو ئەمڕۆ نەمانتوانیوە سوود لە ئاوی خاوین، ئاوی قورس و ئاوی سوێری خاوینکراوی سرووشتی وەربگرین بۆ هۆرەکان هەربۆیەش ئەمڕۆ لە هۆڕەکان پیسبوونێک هەیە کە پیسبوونێکی گەورەیە.  

بۆ نموونە زیاتر لە چل وێستگەی ئاوەڕۆ راستەوخۆ دەڕژێنە ناو فورات یان دیجلە یان راستەوخۆ دەڕژێنە ناو هۆرەکانی عێراقەوە. ماددە پیسکەرەکان لە رێگەی هەردوو رووبارە مەزنەکەوە راستەوخۆ دێن بۆ هۆرەکانی عێراق و تا ئەمڕۆش نەمانتوانیوە لەسەر ئەوەی پێی دەڵێن "FETA technology project" کار بکەین بۆ خاوینکردنەوەی ئەو ئاوەی دەڕژێتە نیو هۆڕەکانەوە.

هەروەها، ئەم جۆرە لە خاوینکردنەوەی ئاو ئاسانترین و پێدەگوترێت پاککردنەوەی سرووشتی کە لاسایی سرووشت دەکاتەوە. ئاوی ئاوەڕۆی گشتی وەردەگرین و بە رووەکدا دەیبەین کە بە شێوازێکی ئەندازیاری و ژماردنی ورد چێندراوە و لە ئەنجامدا ئاوێکی گونجاومان دەست دەکەوێت. بۆ نموونە ئەزموونی میسر لەوانەیە باشترین ئەزموون بێت لە پاککردنەوەی ئاوی قورسی لە شوێنە گشتییەکان، لە دەریاچەی 'المنزلة' میسرییەکان سوود لەو ئاوە وەردەگرن نەک لەبەر ئەوەی هۆریان هەیە، بەڵکو لەو ئاوە بۆ چاندنی سەوزە سوود وەردەگرن.

سارا سەنبەر: زۆر سوپاس بەڕێز جاسم ئەسەدی بۆ ئەو وێنە روونەی سەبارەت بە گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەریەکانی نیشانت داین و وەکو دیارە، بەڕوونی پرسی ئاو کاریگەرییەکی بەرچاوی لە باشووری عێراق هەیە، بۆیە دەمەوێت بچمە لای پانێڵستی دووەممان کە پارێزەرە و شارەزای پرسی ئاو و نێوەندگیرییە. دکتۆر زەکی شوبەر، دەتوانی باسی ریژەی بەردەستبوونی ئاو و کەمی ئاومان بۆبکەیت لە عێراق دا؟  هەندێک لە کاریگەرییە زۆرەکانی کەمی ئاو لە عێراق چین، بەتایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، و ئەمە چۆن لەوانەیە کاریگەری لەسەر مافەکانی مرۆڤ هەبێت؟

د. زەکی شوبەر: سوپاس، دەمەوێت سوپاسی یەکەم پانێڵستمان بەڕێزجاسم ئەسەدی بکەم، چونکە پێشتر زۆرێک لەو خاڵانەی باسکرد کە دەمویست باسیان بکەم. لێرەدا دەمەوێت بە دوو تێبینی کورت دەست پێبکەم سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا.

سەرەتا، با لە دروستکردنی پەیوەندییەک لەگەڵ ناونیشانی پانێڵەکەوە دەست پێبکەم، گۆڕانی کەشوهەوا و نادڵنیایی لە پەیوەندی بەڕێژەی بەردەستبوونی ئاوی خاوین لەناوچەکەدا، کە ئەمەش پرسێکی ئاڵۆزی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوە. وەک زۆرێک لە ئێوە دەزانن، بەڕێوەبردنی ئاو ئێستا  کێشەیەکی جدییە - کێشەیەکە کە چارەسەرکردنی زۆر قورسە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت. بەدڵنیاییەوە گۆڕانی کەشوهەواش هێندەی دیکە چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئاڵۆزتر دەکات. 

خاڵی دووەم، خراپ بەکارهێنانی ئاوە، کە ئەم خراپ بەکارهێنانە، هەم تەگەرەیە و هەم دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ئاو بەکاردەهێنین. زۆرجار لە کاتی قەیرانەکان دا تێدەگەین کە چەندە وابەستەی ئاوین؛ ئێمە نەک ئاو بە تەنیا بۆ خواردنەوە بەکار دەهێنین، بەڵکو بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک و وزە و بە مەبەستی پیشەسازی و زۆرشتی دیکە پیویستمان بە ئاوە. ئەو مۆبایلانەی کە هەموومان پێمانە پێویستیان بە ئاو هەیە بۆ بەرهەمهێنانیان. ئەو جلانەی لەبەری دەکەین- هەموو شتێک کە بەکاری دەهێنین- بە جۆرێک لەجۆرەکان پێویستی بە بەکارهێنانی ئاو هەیە. تەگەرەی ئێستامان ئەوەیە کە هەمیشە لەوانەیە بڕی ئاوی پێویستمان نەبێت کە بتوانین بۆ ئەم پێداویستیانە دابینی بکەین. خۆی لەخۆیدا ئیستا ئاو بە رێژەیەکی زۆر بەرز بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی ئەم شتانە و کێبڕکێ لەسەر ئاو لە هەموو ئاستەکاندا زیادی کردووە وەک ئاستی کۆمەڵگە، وڵات و تەنانەت لە ئاستی نێوەدەوڵەتیش دا.

ئێستا، ئەگەر روو لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق بکەین، دەمەوێت تیشک بخەمە سەر دوو هۆکاری سەرەکی. یەکەم: پێشبینی نەکردنی بڕی بەردەستبوونی ئاو کە پێشترباسمکرد. گۆڕانی کەشوهەوا چیتر رێگەمان پێنادات پێشبینیەکی درووستی رێژەی بەردەستبوونی ئاو بکەین، هەروەکو چۆن ئێستا ئێمە ئەزموونی شێوازی بارانبارینی ناڕێک دەکەین - بارانبان لە کاتە جیاوازەکاندا، بە بڕی جیاواز و لە شوێنی جیاواز دا. هەروەها، بەفربارینیش بە هەمان شێوەیە. 

لەلایەکی دیکەوە، رووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووینەتەوە، کە کاریگەری لەسەر ناوچەکە و هەموو جیهان هەیە و، رۆژانە راپۆرت دەبینین سەبارەت بە توانەوەی بەستەڵەکەکان لە ئاسیا و ئەورووپا و دەرەوەی وڵات. ئەم دوو هۆکارە پێکەوە سێ کاریگەری سەرەکییان هەیە: کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاوی کەمتر لە رووبارەکانی وەک دیجلە و فورات بەردەست بێت؛ لە ئەنجامی ئەمەشدا رووداوی کەشوهەوای تووند درووست دەبن، وەک وشکەساڵی درێژخایەن و بارانی زۆر و زریان؛ و لە کۆتاییدا، دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، کە کاریگەری لەسەر بەشی باشووری وڵاتەکە هەیە و، رێژەی خوێ لە ئاودا زیاد دەکات و زیان بە کوالێتی زەوییەکانیش دەگەیەنێت. 

کاتێک سەیری ئەم سێ کاریگەرییە دەکەین، دەتوانین بزانین چۆن کاریگەرییان لەسەر بەردەستبوونی رێژەی ئاو هەیە. سەرچاوەیەک کە ئێستا خۆی داویەتی لە کەمی، هێندەی دیکە کەم دەبێتەوە. ئاوی کەمتر واتە دەستڕاگەیشتنی ئەو بەکارهێنەرە جیاوازانەی کە پێشتر باسم کرد بە ئاو قورستر دەبێت . ئەمەش تەنیا کاریگەری لەسەر ئاو نییە بۆ بەکارهێنانی ناوماڵ بەڵکوو ئاو بۆ کشتوکاڵیش. وەک دەزانین کشتوکاڵ نزیکەی رێژەی 70%ی هەموو ئاوەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنێت و لە عێراقیشدا رێژەکە لەوە زیاترە. کاتێک ئاوی کەمتر لەبەردەستدا بێت- جا بەهۆی کەمبوونەوەی باران بێت، کە کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی باکوو هەیە کە پشت بە باران دەبەستن بۆ کشتووکاڵ، یان لەو ناوچانەی کە پشت بە ئاودێری دەبەستن- ئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بژێوی ژیانیش دەبێت و، کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک و ئاسایشی خۆراک دەبێت. بێگومان کاریگەری قووڵی لەسەر ژینگەش دەبێت. 

ئێمە ئەوەمان لەبیرکردووە کە بەهەمان شێوە ژینگە یەکێکە لە بەکارهێنەرە سەرەکییەکانی ئاو. وەک بەڕێز جاسم پێشتر ئاماژەی پێکرد، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر هۆرەکان هەیە و دەبێتە هۆی تێکچوونی ژینگە. هەروەها دەبینین کە کاریگەری لەسەر جۆراوجۆری و فرەچەشنی زیندەوەران دەبێت کە ئەمەش پرسێکی مافی مرۆڤە چونکە کاریگەری لەسەر مافی ژینگەیەکی تەندروست هەیە.

کاریگەری ئەم خاڵانەی کە باسمکردن چین؟ یەکەم: کاتێک باس لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان دەکرێت - کە ئێستا خۆی پرسێکی ئاڵۆزە- ئاڵۆزتر دەبێت. پلاندانان تادێت قورستر دەبێت، چونکە چیتر دڵنیا نین لەوەی کە چەند ئاو بەردەست دەبێت. پلان دائەنێین بۆ بڕێکی دیاریکراو لە ئاو، لەکاتێکدا چیتر ناتوانین دڵنیا بین لەوەی کە ئەو بڕە ئاوەی کە هەیە چەندە! 

هەروەها، لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا، رەنگە پێویستی بە رێکخستن و پێداچوونەوەی پلانەکان هەبێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر هەردوو پەیوەندی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێت. رژانی ئاو لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، وەک دیجلە و فورات، چەندین وڵات دەگرێتەوە - تورکیا، سووریا و عێراق. ئەم کاریگەرییانە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە هەستیان پێدەکرێت و لە نەبوونی هەوڵی هاوئاهەنگدا، ئەو پرسیارە زیندوو دەبێتەوە کە ئایا چۆنچۆنی لە هەریەک لەو وڵاتانە ئەم کێشانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟

 بێگومان  لەکاتی کەمبوونەوەی ئاودا دابینکردنی ئاو بۆ خواردنەوە لە هەرە پێویسترین کارەکانە، بەڵام دوای ئەوە چۆن ئاو تەرخان بکەین بۆ هۆرەکان و بۆ کشتوکاڵ و بۆ مەبەستی دیکە کە رەنگە یەکسەر وەکو پێداویستی بەدیار نەکەون، بەڵام پێویستن؟ ئەمانە پرسیاری قورس و هەستیارن. بۆ نموونە لە حاڵەتی وشکەساڵی درێژخایەندا ئەوانەی کە بژێوی ژیانیان لەدەستداوە بەهۆی ئەوەی بڕی ئاوی پێویست نیە- چۆن پشتگیریان بکەین؟ چ بەدیلێک دەتوانین پێشکێش بکەین؟ هەموو ئەمانە پرسیاری ئاڵۆزن و من وەڵامم بۆهەموویان نیە، بەڵام پرس گەلێکی بنەڕەتین.

هەروەها، دەمەوێت تیشک بخەمە سەر دوو ئاڵینگاری و دەرفەتێک. ئەو نادڵنیاییەی کە باسم کرد تەگەرەیەکی گەورەیە بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر بەردەستبوونی بڕی ئاو و رەهەندی نێودەوڵەتیی پرسەکە، چونکە دۆخەکە کاریگەری لەسەر وڵاتانی سەرتاسەری ناوچەکە هەیە، لەنێویاندا بەتایبەت ناوچەکانی کەنار دەریاکانی دیجلە و فورات. هەروەها، وڵاتانی دیکە کە لە ئاستی جیهانیدا رووبەڕووی کێشەی پەیوەندیدار بە ئاو دەبنەوە؛ بۆ نموونە سویسرا و فەرەنسا دانوستان لەسەر بەکارهێنانی رووباری رۆن دەکەن، چونکە هیچ رێککەوتنێک نییە لەسەر ئەوەی فەرەنسا چەند ئاو لە سویسرا وەردەگرێت بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبایی لە بەشی خوارەوەی دەریاچەی جنێڤەوە.

سەرەڕای ئەم تەگەرانە، من پێموایە ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن و تا چ رادەیەک ئاو بەکاردەهێنین- وەکو تاک، کۆمەڵگە و لەسەر ئاستی نیشتمانی، و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا. توانای پێشبینیکردنی بەردەستبوونی بڕی ئاو شتێکە کە ناتوانین کۆنترۆڵی بکەین. بەڵام ئەوە بە شێوازی جیاواز کاریگەری لەسەر هەموومان دەبێت وئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەنگاوی جیددی دروست بنێین و پێکەوە لەپێناو چارەسەرکردنیدا کاربکەین.

لە کۆتاییدا دەمەوێت شتێک باس بکەم کە دوێنێ بۆ کەسێکم روون دەکردەوە. کاتێک باسی ئاو دەکەین، هەمووان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە چەندە گرنگە- چۆن پێویستیشە رێزی لێبگرین، بەڵام کاتێک باس لە گرتنەبەری هەنگاو دەکرێت، زۆرجار ئاڵۆزترە. کاتێک باس لە خەرجکردنی پارە دەکرێت بۆ ئەو پڕۆژانەی کەوا باس لە کێشەکانی ئاو دەکەن، لەوانەش نادڵنیایی و هۆکارەکانی دیکەی پەیوەندیدار، ئەوە زیاتر دەبێتە تەگەرەیەک؛ بەڵام ئەوەی کە گرنگە قسەکان تەنیا لەچوارچێوەی قسەدا نەمیننەوە و هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم تەگەرانە.

سارا سەنبەر: سوپاس. پێموایە بەڕێزتان چەندین بابەتی گرنگ و نیگەرانی راستەقینەتان ورژاند کە من هەوڵدەدەم کەمێک دواتر گوێ لە د. تۆرهان موفتی بگرین تا بزانین حکومەت چۆن بیر لەو نیگەرانیانە دەکاتەوە.  دکتۆر موفتی پێش ئەوەی بێمە لای بەڕێزتان، دەمەوێت بچمە لای خاتوو شێری کرام تاڵەبانی و بپرسم، تائێستا ئێمە تێڕوانینێکی گشتی باشمان لە هەندێک لە پرسەکان و ئەو رێگایانەی کە کاریگەرییان لەسەر خەڵک هەیە دەستکەوتووە؛ بەڵام ئێمە ئەوەش دەزانین کە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئێستاوە کاریگەرییەکی ناڕێژەیی لەسەر هەندێک گرووپ هەیە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری لەسەریان زیاتر هەبێت، بەتایبەتی بەشە لاوازەکەی کۆمەڵگە، وەک ژنان و کچان، بۆیە رەنگە بەڕێزتان بتوانن قسە لەسەر هەندێک لەو کاریگەرییە تایبەتانە بکەن کە گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژنان و کچانی عێراق هەیەتی و تائێستا چۆن هەست بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن و ئەزموونی دەکەن؟

شێری کراهام تاڵەبانی: وەک پیشترباستکرد، ئێمە پێشتر کاریگەری قووڵ و زۆر تایبەتمان لەسەر ژنان و کچان بینیوە چونکە ئەم کاریگەریانە کیسەی نایەکسانی لە کۆمەڵگەدا زیاتر قووڵ دەکەنەوە و تەحەدیاتی نوێ دروست دەکەن. با باسی پێنج رێگا بکەم کە گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان و کچان هەیە.

یەکەم: ژنان و کچان لە کاتی کارەساتەکاندا مەترسی زیاتریان لەسەرە. ژنان و کچان لە کاتی کارەساتی ژینگەدا 14هێندە زیاتر زیانیان پێدەگات. بەلایەنی کەمەوە رێژەی 60%ی مردن لە رووداوە تووندەکانی کەشوهەوای پەیوەست بە ژینگەوە ژنانن. لە وڵاتانی وەک عێراق دا ژنان و کچان لە ئێستاوە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانەیان کەمترە و کەمتر دەستیان بەو سەرچاوانە دەگات کە بۆ وەڵامدانەوە پێویستیانە. هەروەها رێژەی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئەوانەش کەمە. کەواتە، ژنان لە کاتی کارەساتەکاندا کاریگەرییەکی زۆرتریان لەسەردەبێت.

دووەم: ژنان و کچان زیاتر ئاوارە دەبن و لە کاتی ئاوارەبوون دا زیاتر کاریگەرییان لەسەرە. تێکچوونی ژینگە، وەکو پلەی گەرمی زۆر و کەمی ئاو، بووەتە هۆی ئاوارەبوون لە ناوچەکانی وەک باشووری عێراق، وەک بەڕێزجاسم ئاماژەی پێکرد. دانیشتوانی ئاوارە بەگشتی لە ئێستاوە بە شێوەیەکی ناڕێک کاریگەری زریان و لافاو و وشکەساڵییان لەسەرە و، ژنان و کچان لەکاتی ئاوارەبووندا رووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە، لەوانە  دەستڕاگەیشتنی کەمتریان بە بژێوی و زیادبوونی ئەگەری توندووتیژی لە دژیان.

سێیەم: رووداوەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا و ئاوارەبوون راستەوخۆ پەیوەستن بە بەرزبوونەوەی توندووتیژی رەگەزییەوە. کێشەکانی کەشوهەوا، وەک ئاوارەبوون و کەمی ئاو، بوونەتە هۆی زیادبوونی توندووتیژی دژی ژنان و کچان. لە هەندێک چوارچێوەدا خێزانەکان بەتایبەت لێرە لە عێراق پەنا بۆ میکانیزمی رووبەڕووبونەوەی نەرێنی دەبەن وەکو هاوسەرگیری پێشوەختە و هاوسەرگیریی زۆرەملێ کە بۆ چارەسەرکردنی جیاوازی ئابووری و ئەو گرژییانە بەکاردەهێندرێن کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا تووندتر دەبنەوە.

چوارەم: بەربەستی گەورە هەیە لەبەردەم دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی سێکسی و زاوزێ. رووداوەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا ژێرخانی چاودێری تەندروستی بۆ هەمووان تێکدەدەن و ئەم تێکچوونە، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان بۆ ژنان و کچان سنووردار دەکات. ئەمەش کاریگەری لەسەر مردنی دایکان و کۆرپە، دووگیانی نەخوازراو و کێشەکانی تەندروستی زاوزێی چارەسەرنەکراو زیاتر بووە و دەبێت.

لە کۆتاییدا گۆڕانی کەشوهەوا نایەکسانی ئابووری گەورەتر دەکات. پێشتر بیستوومانە کە چۆن کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و کەمی ئاو هەیە- ئەو کەرتانەی کە زۆرجار ژنان پشتیان پێدەبەستن- ئەوەش دەبێتە هۆی سەختی زیاتری ئابووری. هەروەها ئەو گوشارە داراییە کاریگەری لەسەر دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن، چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییە گرنگەکانی دیکە هەیە. بۆ نموونە لە عێراق لە کۆی 10 ژن تەنیا 5 ژن  لە قۆناخی ناوەندی دەرچوون و تەواویان کردووە. ئەم داینامیکە زیاتر بەهۆی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە خراپتر دەبێت، ئەمەش وا دەکات کە ژنان کەمتر سەروەت و سامانیان هەبێت  کە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا یارمەتیدەریان بێت.

دەمەوێت بە باسکردنی چیرۆکێک لەبارەی فادیە کۆتایی پێبهێنم. فادیە ژنێکی ئێزیدی بوو لە شەنگال کە لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی دیکەی خێزانەکەیدا بوون وکاتێک داعش هات، کاری ماڵەوەیان دەکرد. مێردەکەی لەگەڵ پیاوەکانی ئەو بنەماڵەیە بوو، سەیارەی خێزانەکەیشی پێ بوو، بۆیە خۆی و پیاوەکان توانیان هەڵبێن بۆ کوردستان، بەڵام ژنەکان وەک دیل گیران و توندوتیژی سێکسی دڕندانە و جۆرەکانی دیکەی ئەشکەنجەیان بەسەردا هات.

دوای چەند ساڵێک، کاتێک فادیە رزگارکرا و لە کەمپێکی ئاوارەیی بۆ رزگاربووانی ئێزیدی لێرە لە کوردستان گەڕایەوە ناو خێزانەکەی، دیسان بۆ دابینکردنی بژێوی منداڵەکانی خەباتی کرد و هەوڵیداو تێکۆشا، بەڵام ئاو و خواردن و بژێوی ژیانی سنووردار بوو و دەرفەتێک نەبوو بۆ ئەوەی خوێندن تەواو بکات. بەداخەوە فادیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیارەکانی بنەماڵەکەی نەبووە و زۆرجارسەبارەت بە جێهێشتنی کەمپەکە و گەڕانەوە بۆ شنگال لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەمەقاڵەیان دەکرد . کاتێ ئەو لە کەمپەکەدا بوو چەندینجار لافاو هات و ئاگرکەوتەوە. کچەکەی بەهۆی بەرکەوتنی بەردەوام بە ئاوی پیس لەناو چادرەکەیاندا تووشی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو بوو. ئەمە ئەو دۆخەیە کە فادیە پێیدا تیپەڕی: ژیانکردن لە کەمپی ئاوارەکان لە کوردستانی عێراق، بەرکەوتەی کۆمەڵێک تەگەرەیە، لەوانە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی، نەبوونی هەلی کار و کۆنترۆڵی زۆر کەم بەسەر ئایندەی خۆی و توانای کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئاواریی.

ئەوەی لێرەدا لە عێراقدا دەیبینین، بەبەراورد بە شوێنەکانی دیکە کە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، ئەوەیە کە ئەم کاریگەرییانە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەر ژنان و کچان هەیە- بەتایبەتی لە گوند و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ململانێ- کە رووبەڕووی نائاسایشی خۆراک، کەمی ئاو، ئاوارەیی، توندوتیژی و نەبوونی خزمەتگوزاری و پاراستن دەبنەوە.

سارا سەنبەر: سوپاس شێری کە ئەو چیرۆکە مرۆییەت بۆ ئێمە باس کرد. بەڕاستی گرنگە ئەوە لەبیر نەکەین، بە تایبەت لە ستەیج و چالاکی هاوشێوەی وەک ئەمەدا کە زۆرجار باسی بابەتە گرنگەکان دەکرێت لە ئاستێکی بەرزدا، کە کاریگەری زۆر بەرجەستەیان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان هەیە.

بێگومان وەک هاودامەزرێنەر وسەرۆکی رێکخراوی سید، بەڕێزتان نامۆ نین بە ئاستەنگەکانی کارکردن لە جیهانی رێکخراوە ناحکومییەکان. وەک هەردووکمان دەزانین، گۆڕانکاری لە بودجەدا- بە تایبەتی کەمبوونەوەی بودجەی رێکخراوی USAID ئەمریکی و وڵاتانی دیکە کە بودجەی هاوکارییە دەرەکییەکانیان کەم دەکەنەوە- بەو مانایەیە کە پارە و بودجە بۆ ئەم چالاکییانە بە خێرایی کەمدەبێتەوە. ئایا هیچ پێشنیارێک یان ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆ داڕێژەرانی سیاسەت یان ئەو رێکخراوانەی کە دەیانەوێت بەرنامەی کەشوهەوا جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببن لەوەی کە پێداویستییە تایبەتەکانی ژنان و کچان لەبەرچاو دەگیرێن؟

شێری کراهام تاڵەبانی: دڵنیابە بێگومان. سوپاس. من پێموایە ژنان پێویستە لەو شوێنانەدا بن کە بڕیاریان تێدا دەدرێت، چونکە بەهۆی کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەرە. زۆرجار ژنان باشترین پێگەیان هەیە بۆ نوێنەرایەتیکردنی پێداویستییەکانی خێزان و کۆمەڵگەکان، و ئێمە دەزانین کە کاتێک ژنان بەشداری لە داڕشتنی سیاسەت یان بڕیاردان دەکەن- جا لە ماڵەوە بێت، لە پەرلەمان، یان لەناو حکومەت دا- دەرئەنجامەکانی بۆ هەموو کۆمەڵگە باشترە، نەک تەنیا بۆ ژنان و کچان.

گرنگە بە تایبەتی لەم کاتەدا کە سەرچاوەکان سنووردارن ولە کەم بوونەوەدان، و هەندێک لە حکومەتەکان لە پاشەکشەدان، بەردەوام بین لە گرنگیدان بە چۆنیەتی بەهێزکردنی ژنان، دڵنیابوون لەوەی کە توانای بەشداریکردنیان لە بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەت دا هەیە. دەبێت دەنگی ژنان بەشێک بێت لە پرۆسەکە، پێویستە راوێژ لەگەڵ ژنان بکەین سەبارەت بە ئەم کاریگەرییانە و چۆنیەتی کەمکردنەوەیان.

هەروەها، دەتوانین پشتگیری لە میکانیزمە نێوخۆییەکان بکەین. لێرە لە هەرێمی کوردستان گرووپی هاوئاهەنگی یارمەتیدانمان هەیە، کە وەک میکانیزمێکی هاوئاهەنگی نێوخۆیی لەگەڵ (وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی) بە هاوبەشی بەڕێوە دەبرێت. ئەم گرووپە هاوئاهەنگی لە نێوان 80 رێکخراو و دەزگای حکومیدا هەیە کە هەموویان تیشکیان خستۆتە سەر پاراستنی ژنان و کچان. ئەمانە ئەو جۆرە میکانیزمانەن کە پێویستە پەروەردە بکرێن و پاڵپشتی بکرێن، بۆیە دەتوانین بەردەوام بین لە دڵنیابوون لەوەی کە پێداویستییەکانی ژنان و کچان لێرە لە کوردستان چارەسەر دەکرێن.

پێموایە لە کاتێکدا کە یارمەتیە نێودەوڵەتییەکان خەریکە کەمدەبنەوە،  زۆر گرنگە ئێمە پێکەوە جەخت لەو ئەولەویەتانە بکەینەوە: پشتگیریی لە میکانیزمە نێوخۆییەکان، شێوازی بڕیاردان، خزمەتگوزارییەکان و هاوئاهەنگی کە لە ئاستی نێوخۆییدا. بایەخدان بە وەبەرهێنانی درێژخایەن لە کوردستان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نیگەتیڤییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا هیچ کاتێک لە ئیستا گرنگتر نەبووە.

سارا سەنبەر: سوپاس. بەتەواوی لەگەل قسەکانتدام، و دەمەوێت قسەکانت وەکو دەرچەیەک بەکاربهێنم بۆ چوونە لای د. تۆرهان موفتی کە راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ کاروباری ئاو و ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لەم بوارەدا هەیە و ئەوەش چ بۆ ئێمە و چ بۆ حکومەتی عێراقیش گرنگە. 

د. تۆرهان، دەتوانیت باسی هەندێک لەو هەنگاوانەمان بۆبکەن کە حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ناویەتی و دەیانگریتەبەر، بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە ئاو، بەو پێیەی ئێوە شارەزایەکەتان لەم بوارەدایە، هەروەها پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا؟

لە ژێر رۆشنایی قسەکانی شێری، بە تایبەتی حەز دەکەم گوێم لە هەر هەوڵێک بێت کە حکومەت داویەتی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پێداویستییەکانی ژنان و کچان لەبەرچاو بگیرێن و لە بەرنامەکاندا رەچاوبکرێن.

د. تۆرهان موفتی: سوپاس. پێش ئەوەی باس لەوە بکەم کە ئێمە چیمان کردووە و دەیکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو، حەز دەکەم وەڵامی چەند خاڵێک بدەمەوە کە هاوکارەکانم وروژاندیانن. بڕ و رێژەی ئاو لە عێراق ئەگەر وەرزێکی باشی دابارینمان هەبێت، بە نزیکەی 90 ملیار مەتر سێجایە، لەکاتێکدا لە وەرزێکی وشکەساڵی یان خراپیشدا ئەم رێژەیە بۆ نزیکەی 50 ملیار مەتر سێجا دادەبەزێت. ئەگەر چاوێک لە رابردوو بکەین، دەبینین بڕی ئاو لە عێراق ساڵ لە دوای ساڵ لەنێوان ئەم بڕو مەودایەدا ماوەتەوە. هەڵبەت ئەوەی ئێستا کە روودەدات و دەیبینین، پەیوەندیدارە بە کاریگەرییه ناوچەیی و جیهانییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. لە ئێستاوە دەرئەنجامەکانی بە دیارکەوتوون و گۆڕانکاری لە شێوازی باراندا دەبینین. بۆ نموونە نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر ساڵێک بارانی باشبوو و دواتر ساڵێک بارانی خراپ بوو. ئێستا، گۆڕاوە بۆ ساڵێکی باش و دواتر دوو، سێ، یان تەنانەت چوار ساڵ بارینی خراپ یان بارودۆخێکی نزیک لە وشکەساڵی. ئەمساڵ ساڵێکی باش بەسەر دەبەین و دواتر چوار ساڵ کەمبارانی بەسەردا دێت. ئەم مۆدێلە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرچەندە ئێمە هێشتا لە قۆناخێکی وشکەساڵی تەواودا نین، بەڵام ئێمە لەو قۆناخە نزیک دەبینەوە، تەنیا هەنگاوێک لە چوونە ناو بارودۆخی وشکەساڵییەوە دوورین.

خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە رێژەی 75%ی ئاوی عێراق لە وڵاتانی دراوسێیەوە دێت. تەنیا رێژەی 20-25%ی ئاوەکە لە نێوخۆی عێراق خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، بە تایبەتی ئاوی سەرزەوی نەک یەدەگی ژێر زەوی. کێشەی سەرەکی کە رووبەڕوومان دەبێتەوە، نەبوونی رێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێمانە سەبارەت بە مافی ئاو. لە کاتێکدا هەندێک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن هەیە، هیچ رێککەوتنێکی جێگیر نییە. دراوسێکانمان بەتایبەت ئەوانەی دەکەونە بەشی باکوری عێراق، دان بە مافی عێراقدا نانێن وەک وڵاتێکی کەنار دەریا، بەڵکو ئەوان عێراق وەک وڵاتێک دەبینن کە کەوتۆتە خواریانەوە و، هەرچەندە خۆیان پیویستیان بە ئاو بێت گلی دەدەنەوە و ئەوەی پێویستیشیان نەما بۆ عێراقی دەنێرن. ئەمەش توانای بەکارهێنان و لادانی ئاویان پێدەبەخشێت بەبێ ئەوەی راوێژ بە عێراق بکەن لەسەر ئەو بڕە ئاوەی کە دەیبەن. ئەم بابەتە چەندین ساڵە بەردەوامە، بەڵام لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ دراوسێکانمان باسی لێوە کراوە.

ئەگەر ئاوڕێک لە 70 ساڵ لەمەوبەر بدەینەوە، دابەشبوونی دانیشتوان لە عێراق زۆرینەی گوندنشینەکان بووە، تەنیا 30٪ی لە شارەکاندا دەژیان و ئەوانی دیکە لە گوندەکاندا دەژیان بەڵام بەپێی دوایین سەرژمێری نیشتمانی، ئەمە بەتەواوی پێچەوانە بووەتەوە، ئێستا 70%ی دانیشتوانی عێراق لە ناوچە شارییەکاندا بەتایبەتی لە شارە گەورەکان دا دەژین. ئەم گۆڕانکارییە تەگەرەی بەرچاو بۆ حکومەت دروست دەکات، کە دەبێت کێشەکانی ململانێی کۆمەڵایەتی، پێویستی هەلی کار و خزمەتگوزاری باشتر بۆ دانیشتوانی شارەکان چارەسەر بکات.

بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی رێککەوتنێکی روون لەگەڵ دراوسێکانمان، دەستمان کردووە بە گەڕان بەدوای رێبازە جێگرەوەکاندا. بە تایبەتی ئێمە یاداشتنامەیەکمان لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە کە 70%ی ئاوی عێراق دابین دەکات. ئەم یاداشتنامەیە هەم رێککەوتنێکی دابینکردنی ئاوە و هەم رێککەوتنێکی ئابوورییە، پێشتریش ئەنجامی ئەرێنی هەبووە. بۆ نموونە لە ساڵی 2024 بڕی ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە بە بەراورد بە ساڵی 2023 دوو هێندە زیادی کردووە، هەروەها بیر لە رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ ئێران دەکەینەوە کە نزیکەی 13%ی ئاومان بۆ دابین دەکات.

سەبارەت بە هۆرەکان ئەوان رێژەی 10-15%ی یەدەگی ئاوی سەرزەوی عێراق پێکدەهێنن. جگە لەوەش رێژەی هەڵمبوون لە عێراقدا زۆر زۆرە. بە مەزەندەیەک، لە ساڵێکدا بڕی 6 بۆ 8 ملیار مەتری سێجا ئاو دەبێتە هەڵم. ئەمە زیانێکی گەورەیە، و ئەوەش چینێک دەخاتە سەر ئەو تەگەرانەی کە رووبەڕوومان دەبنەوە. عێراق یەکێکە لەو 15 وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، ئێمە هانی جووتیارانمان داوە کە تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی نوێ بەکار بهێنن، تەنانەت بۆ بەرهەمەکانی وەک چەڵتووک و برنج. هەروەها، لە بیابان و ناوچەکانی دیکەدا، بۆ پاراستنی ئاو بەنداوی بچووک بچووکمان درووستکردووە، کە پێی دەڵێین "گۆمی دەستکرد". سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هێشتا عێراق لە بەڕێوەبردنی ئاودا رووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووەتەوە.

گرنگترین پرس کە پێشڤەچوونی تێدایە دروستکردنی کولتووری پاراستنی ئاوە. ئەمە پرسێک نییە کە تەنیا بە عێراقەوە سنووردار بێت؛ هەموو جیهان کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئەزموون دەکات، بۆیە پێویستە بۆ داهاتوو گرنگی زیاتر بە هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی خەڵک بدرێت لەسەر ئەوەی کە ئاو چەندە بەنرخە و چۆن دەبێت بیپارێزین.

لە کۆتاییدا، پانێڵستی هاوکارم باسی لە بەکارهێنان و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو کرد، بەتایبەتی ئاوی سەرزەوی بۆ کشتوکاڵ کە 10-15%ی دابینکردنی ئاوی عێراق پێکدەهێنێت. دەتوانرێت سوود لەم ئاوە وەربگیردرێت یان دووبارە بەکاربهێنرێتەوە، بەڵام لەڕووی قەبارەوە و بڕەوە بەها بۆ کۆی ئاوی عێراق زیادناکات و تەنیا کوالیتی ئاوەکە دەگۆڕێت. سوپاس

سارا سەنبەر: سوپاس. چەند خولەکێکمان ماوە، بۆیە تەنیا دەمەوێت پرسیارەکەم دووپات بکەمەوە. ئایا شتێک هەیە کە بە تایبەتی شانازی پێوە بکەیت سەبارەت بە کارەکانی حکومەت، و ئایا هیچ رێگەیەک هەیە کە حکومەت لە کاتی داڕشتنی سیاسەتی ئاودا چارەسەری پێداویستییە تایبەتەکانی ژنان و کچان بکات؟

د. تۆرهان موفتی: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، یەکێک لە دەستکەوتە بەرچاوەکان ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ تورکیا یاداشتنامەکەمان واژۆ کرد کە دابینکردنی ئاو و هاوکاری ئابووری دەگرێتەوە و بە باشی دەڕوات. ئەگەر دۆخی ئێستای بەنداوەکانمان بەراورد بکەین بە ساڵی رابردوو، دۆخەکە باشترە- ئەوە نزیکەی دوو هێندەیە. لە کاتێکدا ئەمە بەس نییە، بەڵام پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونەکان باشن. سەرەڕای ئەوەش، دەستمان کردووە بە هاندانی جووتیاران بۆ وەرگرتنی تەکنەلۆژیای نوێی کشتوکاڵی. دووبارە دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە پێویستە کولتوورێک دروست بکەین کە خەڵک لە بەهای ئاو بۆ هەر وەرزێک تێبگەن و ئەوەش بزانن کە زۆر گرنگە بە باشی بەڕێوەی ببەین.

سارا سەنبەر: زۆر سوپاس. وابزانم کاتی پیویستمان نەماوە، بۆیە دەمەویت لێرەدا کۆتایی بە پانێلەکە بهێنم. هیوادارم پانێلەکە سوودی بۆ هەمووان هەبووبێت و خشتێکمان کردبێتە سەر تەلاری هەوڵەکانی حکومەت لەم بوارەدا، دووبارە زۆر سوپاس بۆ هەمووان..

February - 2025
Thursday
27
08:30 AM
-
09:20 AM
Share this Post

چالاکی