چالاکی

پانیڵی 08: زانیاری هەڵە و چەواشەکاری لەسەردەمی ناکۆکییەکاندا؛ قۆناخی ٧ی ئۆکتۆبەر تاوەکو کەوتنی بەشار ئەسەد

24-03-2025


یوسف جان: پێم وایە ئێستا دەتوانین دەست پێ بکەین. سڵاو لە هەموو لایەک. من یوسف جانم، لەگەڵ سەنتەری ویڵسن لە واشنتۆن دی سی کاردەکەم. ئەمڕۆ، کە لەچەقی ململانێکانداین باسی چەواشەکاری و زانیاری ناڕاست دەکەین. من نامەوێت بابەتەکەتان لێ ئالۆز بکەم، بۆیە تەنیا زاراوەی "زانیاری چەواشەکاریانە" بەکاردەهێنم، چونکە ئاماژەکردن بە هەردوو زانیاری چەواشەکاریانە و و زانیاری ناڕاست لەوانەیە سەرلێ شێوێنەر بێت. 

هەروەها سوپاس بۆ پانێڵیستە بەڕێزەکانمان. ئەمڕۆ باس لە زانیاری چەواشەکاریانە دەکەین و بەڕوونی دەزانین کە زانیاری لە سەرەتاوە چەمکێکی دانەبراو بووە لە ناوەندی شەڕ و ململانێکان دا. ئەمڕۆ لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و جیهانی دیجیتاڵیمان، ئەم بابەتە زۆر زیاتر باو و مەترسیدارتر و کاریگەرتر بووە بۆ سەر ژیانی رۆژانەمان.

ئەمڕۆدا لەم پانێڵەدا بەتایبەتی سەرنج دەخەینە سەر زانیاری چەواشەکاری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە کاتێکدا کە ئەمە پرسێکی جیهانییە، بەڵام لایەنی تایبەت هەیە کە دەمانەوێت باسی بکەین سەبارەت بەوەی کە چۆن کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەیە، چی دەتوانین لەبارەیەوە بکەین و کاریگەرییەکانی چین. ئەمڕۆ بە میوانداری  د.محمد ئەبو رومان مامۆستای یاریدەدەر لە قوتابخانەی شازادە حسێن بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئوردن، هەروەها وەزیری پێشووی رۆشنبیری و لاوان لە ئوردن. بەیان تەل، پسپۆڕی میدیا و پەیوەندییەکانمان هەیە و خاوەنی ئەزموونی زیاتر لە 40 ساڵە، کە وەک بەڕێوەبەری میدیا و پەیوەندیی نێودەوڵەتی بۆ جەنابی شا عەبدوڵڵای دووەم کاری کردووە و دواتر بووە بە یەکەمین بەڕێوەبەری گشتی ژن لە رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئوردن. هەروەها، دینا سادق-مان هەیە، کە  لێکۆڵینڤانی باڵای نیشتەجێیە لە تاقیگەی توێژینەوەی دیجیتاڵی ئەتڵەنتیک کاونسڵ (DFRLab) لە واشنتۆن دی سی، کە سەرکردایەتی توێژینەوەکان لەسەر کاریگەری خراپ و زانیاری ناڕاست لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.

ئێستا دەست بە گفتوگۆکەمان دەکەم. پرسیاری یەکەمم ئەوەیە: چی زانیاری چەواشەکاری و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکەوە گرێ دەدات یان تایبەتمەندی دەکات، چۆن دەتوانین رووبەڕووی ببینەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی رۆژانەمان چین- بەتایبەتی لەو ناوچانەی ململانێکان بوونیان هەیە؟  دینا، ئەگەر پێت باشە، حەز دەکەم لە تۆوە دەست پێ بکەم.

دینا سادق: سەرەتا دەمەویت کە بڵێم زۆر دڵخۆشم بە ئامادەبوونم لەم پانێڵەدا و دەمەوێت سوپاسی سەنتەری ویڵسن بکەم بۆ رێکخستنی ئەم پانێڵە و هاوڕێ پانێڵستەکانم کە بەشدارییان کردووە؛ هەروەها دەمەوێت سوپاسی بێپایانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بکەم بۆ هەموو هەوڵ و ماندووبوونەکانیان لە رێکخستنی ئەم چالاکییە گرنگەدا.

کاتێک باس لە زانیاری چەواشەکاری و زانیاری ناڕاست لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێت، پرسیاری ئەوەی کە چ شتێک دەیکاتە بابەتێکی تایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جێگەی سەرنج و تێڕامانە. لەڕاستیدا هیچ شتێکی تایبەت لە زانیاری چەواشەکاریدا نییە کە هۆکارێکە بۆ فریودانی خەڵکی، بەڵام ئەگەر باس لە تایبەتمەندی بکەین، تایبەتمەندیەکە تەنیا لەوەدایە کە چۆن زانیاری چەواشەکاری و زانیاری هەڵە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەستراوەتەوە بەو رووداوە تایبەتانەی کە لە ناوچەکەدا روودەدەن.

لە 1ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ژمارە و رێژەی زانیاری چەواشەکاری و زانیاری ناڕاست لە سەرانسەری ناوچەکە و جیهان، بەتایبەتیش سەبارەت بەناوچەکانی دیکەی جیهان دەبینین.  زانیاری چەواشەکاری تەنیا بە زمانی عەرەبی یان لە ناوچە و زاراوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان دا بوونیان نیە، بەڵکوو کاریگەری جیهانی هەیە بەهۆی ئەو لایەنە جیاوازانەی کە بەشدارن لە ململانێ بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن. هەروەها، جگە لە ململانێکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە زانیاری چەواشەکاری و ناڕاست لە ناوچەکەدا بەهۆی پاشەکشەی دیموکراسی و کەمبوونەوەی گرنگیدان بە ئازادییەکانی رۆژنامەگەرییەوە، سووتەمەنی پێدەدرێت.

گرنگترین و کاریگەرترین شێوەی زانیاری چەواشەکاری کە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەیبینین، ئەو جۆرەیە کە دەتوانێت لێکەوتەی کوشندەی هەبێت- بەتایبەتی لە ململانێ بەردەوامەکاندا. ئەم جۆرە زانیارییە چەواشەکاریانە زۆرجار بەشێکن لە هەوڵێکی ستراتیژی گەورەتر لەلایەن ئەکتەرە جیاوازەکانی بەشداربوو لە ململانێکان وئەوان گەلێک گێڕانەوە  برەو پێدەدەن کە لەگەڵ جیهانبینی و ئامانجە سیاسیەکانیاندا هاوتەریبن. سەرەڕای ئەوەش، زانیاری بەپەلە لەبارەی هەندێک رووداو و حالەتی کتوپڕ وەک بۆردومانی نەخۆشخانەکان یان گەڕانەوەی بارمتەکان، کە جۆرە گێڕانەوەیەکی تایبەت دروست دەکەن کە لە کۆتاییدا دەبێتەهۆی سەرلێشێواوی لە نێوان بینەران و تەنانەت سەرکردەکانیشدا لە سەرانسەری جیهاندا.

یوسف جان: ئێستا با هەمان پرسیار لە دکتۆر محەممەد ئەبو رومان بکەم. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەڕووی تایبەتمەندبوونیەوە بە زانیاری و هەواڵی چەواشەکاری چۆن دەبینیت؟ چۆن دەتوانین رووبەڕووی ببینەوە، یان تەنانەت دەتوانین بەرپەرچی بدەینەوە؟ کاریگەرییەکانی زانیاری چەواشەکاری چین و پێشبینی چی دەکەن بۆ داهاتووی دیمەنی زانیاری لە ناوچەکەدا؟

د. محەممەد ئەبو رومان: ئەگەر باس لە جەنگی غەززە بکەین، پێموایە گۆڕانکارییەکی گەورە و مەترسیداری لە بواری میدیا و پڕوپاگەندە و بانگەشەی سیاسی دروست کردووە.

جەنگی دووەم لە هەمان کاتدا جەنگێکی میدیایی بوو، و دەکرێ بڵێین جەنگی گێڕانەوە، یان جەنگی چیرۆک لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، و هەروەها رێژەیەکی زۆرلە عەرەب و موسڵمانان دا.

ئەوەی ئێمە لە پەیمانگەی سیاسەت و کۆمەڵگە لە عەممان تێبینیمان کرد، بریتیبوون لەرێژەیەکی زۆر لە گێڕانەوەی هەڵە و ناڕاست، بۆیە بە هاوکاری چەند رێکخراوێکی نێوخۆیی، ملیۆنان پۆستمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شیکار کرد و بینیمان کە لە سەرەتادا گێڕانەوەکان بە زمانی ئینگلیزی، رێژەیەکی زۆری لە بەرژەوەندی گێڕانەوەی ئیسرائیلی بوون. هەروەها بەشێکی زۆری لەسەر پڕوپاگەندەی ئیسرائیلی دامەزرا بوو، کە باسی کوشتنی منداڵان و سەربڕین لە ٧ی ئۆکتۆبەر دەکرا، کە سەرۆک بایدن باوەڕی پێکرد و دواتر دانی بەوەدا نا کە راست نەبووە.

شتێکی گرنگ کە بینیمان ئەوە بوو کە رێژەیەکی زۆر لەو هەژمارانەی کە ئیسرائیل بەکاری هێنان لە هیندستان بوون، نەک لە ئیسرائیل. بە واتایەکی دیکە، تەواو روون بوو کە ئیسرائیل پێشتر خۆی بۆ جەنگی میدیایی و جەنگی دەروونی بۆ جەنگی غەززەی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر ئامادە کردبوو.

لە بەرامبەردا، جەنگێکی گێڕانەوەی دیکە یان جەنگێکی دژە-گێڕانەوە لەلایەن فەلەستینی و عەرەبەوە دەستی پێکرد، و توانرا جیاوازییەک دروست بکرێت. بینیمان چۆن راپرسییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەریانخست کە نزیکەی نیوەی گەنجانی ئەمریکا گێڕانەوەی فەرمی میدیا کلاسیکییەکانی ئەمریکایان رەتکردەوە.

بەڕاستی جەنگی دووەم، جەنگی گێڕانەوەکان بوو، جەنگی چیرۆکەکان بوو لە نێوان ئیسرائیل و لۆبی زایۆنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەک و فەلەستینییەکان و پشتیوانانی دۆزی فەلەستین لە جیهانی عەرەبی لەلایەکی دیکەوە.

خاڵێک کە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە، پێموایە دوای جەنگی غەززە و پێشهاتەکانی ئەم دواییە، هەموومان دەتوانین بڵێین خواحافیز بۆ پیشەگەری میدیایی. چیتر ناتوانین باس لە ئازادی میدیایی یان پیشەگەری میدیایی بکەین، تەنانەت لە میدیای رۆژئاواییش دا.

جیاوازییەکە ئەوەیە کە پێشتر کاتێک باسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرا، سیستەمەکانی جیهان کۆنترۆڵی میدیایان دەکرد. بەشێکی سەرەکی لە توانای دەوڵەتان یان حکومەتەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی رای گشتی و جەماوەر بەستراوە بە تواناکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی میدیا و زانیاری و گێڕانەوە.

لە قۆناخێکی دواتردا، میدیایی رۆژئاوایی وەک حاڵەتێکی جیاواز دەرکەوت و ئازادی میدیایی شتێکی تەواو جیاواز بوو. تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش، بەتایبەتی لە سەرەتاوە، کۆنترۆڵی میدیایان لەدەست دا، و رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر گرنگ بوو لە دووبارە پێناسەکردنەوەی بواری سیاسی لە جیهانی عەرەبی دا.

نەوەی گەنج پشتیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەست بۆ رزگاربوون لە کۆنترۆڵی سیستەمە تۆتالیتارییەکان، بەڵام ئێستا لە جیاتی کۆنترۆڵی ئەو سیستەمانە، تێکەڵبوونێکی گەورە و مەترسیدار لە نێوان ئەوان و پڕوپاگەندە و کۆمپانیاکانی پەیوەندییە گشتییەکان دروست بووە.

مۆنۆپۆلی بیروباوەڕی خەڵکی لە زۆربەی دامەزراوە میدیاییەکان گرنگی زیاتری پێدەدرێت. لە جیاتی کۆنترۆڵکردنی زانیاری و میدیا، ئێستا خەڵک نوقمی زانیاری و میدیا کراون، بەڵام بە شێوەیەکی ئاراستەکراو کە بەستراوە بە کۆمپانیاکانی پەیوەندییە گشتییەکان کە کار لەسەر ئاراستەکردنی هزر و بیر و باوەڕ لە جیهان دا دەکەن.

ئێستا چیتر جیاوازی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی رۆژئاوایی نەماوە لەو قۆناخەی کە پێمان وابوو ئازادی زانیاری ئازادی زیاتر دروست دەکات، پێموایە ئێستا هەوڵی زیاتر هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی مێشک و دەروونی جەماوەر لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کە جەنگی غەززە خاڵێکی وەرچەرخانی مەترسیدار بوو لەم رووەوە. 

یوسف جان : زۆر سوپاس.  دکتۆر بەیان، لە کۆتاییدا دەمەوێت بە هەمان پرسیارەوە روو لە ئێوە بکەم کە چی زانیاری چەواشەکاری تایبەتمەند دەکات لە ناوچەکەو هەڵویست و شێوازی رووبەڕووبونەوەی حکومەت لەم لایەنەوە چیە؟ ئەو کێشانەی ئێمە چین کە مەرج نییە لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوونیان هەبێت، بەڵام لێرە لە ناوچەکەدا زیاتر دیارن؟

بەیان تەل:  دەست خۆش یوسف. سوپاس بۆ هەموو لایەک. سڵاو لەهەمووتان و سوپاس بۆ رووداو و سەنتەری ویڵسن بۆ بانگهێشتنامەکە. حەز دەکەم لەسەر ئەوەی هاوپانیڵیستەکانم باسیانکرد منیش چەند شتێک بڵێم وسەرنج بخەمە سەر دوو خاڵ. سەرەتا دەمەوێت باس لە جینۆسایدی غەززە بکەم و چۆن کاریگەری لەسەر هەواڵ و زانیاری و هەروەها ئازادیش هەبووە.

ئێمە دوو پرسمان هەیە کە دەبێت گەنگەشەیان بکەین: زیادبوونی زانیاری چەواشەکاری و زانیاری ناڕاست، هەروەها چۆن میدیای سەرەکی رۆژئاوا هاوکاریی شەڕی غەززەی کردووە و پاساو و بیانوویان بۆی هێناوەتەوە، وەک لەلایەن فرانسیسکا ئەلبانیس، راپۆرتکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسکراوە؛ کە هاوکات داوای لێکۆڵینەوە لە رۆڵی میدیای رۆژئاوا لە شەڕی غەززەدا دەکات.

خاڵی دووەم ئەوەیە کە ئەم دۆخە چۆن کاریگەری لەسەر ئازادی رادەربڕین لە رۆژئاوا بەتایبەتی لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا هەبووە. رۆژنامەنووسان ئازار دەدرێن، جگە لەوەی دەکوژرێن، بەتایبەتی لە شوێنەکانی وەک کەناری رۆژئاوا و غەززە و لوبنان. لەم شەڕەدا لانی کەم زیاتر لە 200 رۆژنامەڤان کوژراون، ئەم ژمارەیەش زیاترە بەبەراورد بە شەڕ و ململانێکانی دیکە لە مێژوو دا.

هەروەها، ئەمە خەریکە کاردەکاتە سەرئازادی قسەکردن بۆ هونەرمەندان و ئەکادیمیستەکان، و ناڕەزایەتییەکان لە رۆژئاوا قەدەخە دەکرێن- بەتایبەتی ناڕەزایەتییەکانی لایەنگرانی فەلەستین و دژە زایۆنیستەکان. میدیاکان وەک دکتۆر ئەبو رومان باسیکرد، گوتاری ئیسرائیلیان هەڵگرتووە و قبوڵیان کردووە و بە درێژایی ئەم ململانێیە برەویان پێداوە.

من باوەڕم وایە دوو خاڵی ئەرێنی لەم دۆخەدا بوونیان هەیە: یەکەم، زیادبوون و دەرکەوتنی رۆژنامەڤانی نوێ  لە میدیاکاندا- رۆژنامەڤانانی زۆر گەنج، کەسانی شارەزا لە دروستکردنی نێوەڕۆک و کاریگەرییەکان- کە رۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە لە بەرەوپێشبردنی پرسی راستەقینەی فەلەستین، بە پێشکێشکردنی بابەت و نێوەرۆکی تایبەت کە لە میدیای رۆژئاوادا نەبوون. 

دووەم:  تێگەیشتن لەو ئازارانەی کە لە کەرتی رۆژئاوا روودەدەن،  داگیرکاریی دڕندانە، داگیرکاری ئیسرائیل و پاکتاوکردنی نەتەوەیی و جینۆساید کە لە دژی فەلەستینییەکان لەبرەودایە و ئەنجام دەدرێت، ئێستا لە رۆژئاوا تێگەیشتنێکی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە هەیە.

بەڕای من ئەوەی پێویستە بیکەین، چارەسەرکردن و مامەڵەکردنی گونجاوە لەگەڵ پرسی زانیاری چەواشەکاری و زانیاری هەڵە. زانایان لێکچوونێکیان لە نێوان زانیاری چەواشەکاری و ڤایرۆسدا کێشاوە چونکە لێکچوونێک لە شێوازی بڵاوبوونەوەیاندا هەیە کەهەردووکیان بەخێرایی بڵاودەبنەوە لەناوخەڵکیدا. لەڕاستیدا، بۆرووبەڕووبوونەوەی ئەمەش، پێویستمان بە مەعریفەی میدیایی و زانیارییە کە وەکو دەرزی کوتانی دژەڤایرۆس لە ناوخەڵکیدا بەکاربهێنریت.

هەندێک کەس نەزانانە زانیاری چەواشەکاری بڵاودەکەنەوە، هەندێکی دیکەش وەکو هەڵگری بێدەنگ، بەبێ ئەوەی رۆڵی کارا لە بڵاوبوونەوەیدا بگێڕ دەیگوازنەوە، بەڵام کەسانێک هەن کە شارەزاییان لەبارەی زانیاری چەواشەکاری هەیە و بەر بە بڵاوبوونەوەی دەگرن. کەواتە پێویستە هەوڵبدەین بەرگری دژی زانیاری چەواشەکاری لە ناو خەڵکدا زیاد بکەین- لە 10% بۆ 20% بۆ 50% بۆ 90%. ئێستا ئەمە پێویستە و ئەمەش شتێکە کە دەتوانین دواتر بە وردی باسی بکەین.

یوسف جان: زۆر سوپاس د.بەیان، لەدوای ئاڕاستەکردنی پرسیارێک بۆ دینا سادق، دەگەڕێمەوە لای بەڕێزتان بۆ بەدواداچوونی زیاترلەبارەی مەعریفەی میدیایی. بەڕێز دینا، وەکو دەزانن باسمان لە غەززە، ئیسرائیل، ٧ی ئۆکتۆبەر کرد، هەروەها کێشەی سووریاش لە ئێستادا بوونی هەیە. ئەمە لەکاتێکدا زانیاری چەواشەکاری و پڕوپاگەندەی زۆر لەبارەی ئەم پرسانە لە ماڵپەڕە ئۆنلاینەکاندا هەیە. بۆیە دەمەوێت لێتان بپرسم: کارەکانی ئێوە لەسەر شیکاری  دیجیتاڵییە و مەمەڵە لەگەڵ چۆنیەتی هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنە ئۆنلاینەکان دەکەیت، هێرشەکان شی دەکەیتەوە، - ئەگەر ئەوە زاراوەیەکی دروست بێت. 

دەمەوێت بپرسم، ئەزموونی ئێوە سەبارەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە یەک دوو ساڵی رابردوودا چی بووە کاتێک باس لە نمونە و رووداوەکان دەکرێت کە بە شێوەی ئۆنلاین روویانداوە، جا ئەکتەرە دەوڵەتییەکان بن یان ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان؟ با ڕاستگۆ بین، هەردووکیان بەشدارن.  ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتان و چەندین ئەکتەر بەشدارن، یەکێکیان دژی ئەوی دیکە، زانیاری چەواشەکاری وەک چەکێک دژی یەکتر بەکاردەهێنن.

دینا سادق: سوپاس یوسف. لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە من و هاوکارەکانم لە چەندین پلاتفۆڕمی سۆشیال میدیا چاودێری گفتوگۆکان دەکەین. دەتوانم پێتان بڵێم کە تاوانبارانی یەکەمی زانیاری چەواشەکاری بەکارهێنەری ئاسایین، وەک هەموومان. لە کاتی نادڵنیاییدا، سروشتی مرۆڤ وەهایە هەندێک جارلێکدانەوە و هەڵسەنگاندن دەکات و هەندێک کەس زیاتر ئامادەن باوەڕ بەو زانیاریانە بکەن لە چاو هەندێکی دیکەدا. بەکارهێنەرانی تێکڕای ئۆنلاین لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا ئەو رادە ‌هۆشیاری و زانیارییان نیە کە ئێمە دەمانەوێت و بۆیە دەیانبینین کە لە ماڵپەڕە ئۆنلاینەکان دا، و تەنانەت لە دەزگاکانی هەواڵ و رۆژنامە تەقلیدییەکاندا، بەدوای هەواڵ و زانیاریدا دەگەڕێن کە هاوتەریب بێت لەگەڵ جیهانبینی خۆیان و ئەوەی دەیانەوێت لە جیهاندا بیبینن.

من پێموایە ئەمە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بڵاوبوونەوەی زانیاری چەواشەکاری. بەشێک لەو زانیارییە چەواشەکارییانەی کە بڵاودەکرێنەوە لەنێوان بەکارهێنەراندا نازانن کە ئەوەی هاوبەشی پێدەکەن لەوانەیە ناڕاست و درۆ بێت، بەڵام هەندێک بەکارهێنەری دیکە زانیارییەکان هاوبەشی پێدەکەن کەدەزانن ئەگەری درووستیان بەرزە و بەو هیوایەی بتوانن بگاتە خەڵکی زیاتر. ئەوە یەکەم شت بوو کە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر روویدا، ئەمەش سەرلێشێواوییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا سەبارەت بەوەی کە رووداوەکان چۆن روودەدەن و کێ بەشداربووە و رەنگە دواتر چی رووبدات.

هەروەها، لەبارەی ئەکتەرە دەوڵەتییەکان، لەم ململانێ تایبەتەدا، هەوڵی بەرچاومان لە حکومەتی ئیسرائیل-ەوە بینیوە کە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا وەکو ئامڕازێک بەکاردەهێنێت بۆ برەودان بە گوتار و ئامانجی سیاسی خۆی، و هاوشێوەی ئەم چالاکیانەمان زیاتر لە ئێکس (پێشتر تویتەر) بینیوە، کە ژمارەیەک ئەکاونتی سۆشیال میدیا کە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیل-ەوە بەڕێوەدەبرێن برەو بە گوتاری سیاسی و ئامانجەکانی ئیسرائیل دەدەن. لە تێلێگرامیش چاودێری چالاکییەکانی حەماس-مان کردووە، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە پڕوپاگەندە و گێڕانەوەی توندوتیژئاسا هاوبەشی پێدەکەن کە زۆرجار ئامانج لێیان وروژاندنی هەستی خەڵکی بووە لە کاتی دۆخێکی زۆر مەترسیدار و ناجێگیردا.

لەڕاستیدا،  ئەمانە تەنیا دوو ئەکتەر نین کە بەشدارن، بەڵکو وەک وتم زانیاری چەواشەکاریانە سەبارەت بەم ململانێیانە بە هەموو ئەو زمانانەی بوونی هەیە بڵاودەکەنەوە. تەنانەت بە زمانی ئیسپانیش بینیومانە. جێگای سەرنجە کە هەرچەندە ئێمە ئەوەندە لە ناوچەکە دوورین، بەڵام کاتێک ئەکتەرە بەشداربووەکان لەبەرچاو دەگریت، دەبینیت هەمووجارێک خودی خۆیان نین لە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریە هەڵانە. زۆرجار ئەکتەرە دەوڵەتییەکان لەڕێگەی کۆمپانیا تایبەتەکانەوە کاردەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەکانیان، کە ئەمەش هەڵمەتەکان وکامپەین دژی زانیاری هەڵە و چەواشەکاری زۆر قورستر دەکەن. هەروەها، دەبێتەهۆی قورسترکردنی لیپرسینەوە لە تاوانباران، ئینجا ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بن کە لەلایەن ئەکتەرە دەوڵەتییەکانەوە بەکرێگیراون یان کاڵفامەکان بن کە زانیاری ناڕاست بە شێوەی ئۆنلاین بڵاودەکەنەوە.

یوسف جان: زۆر سوپاس دینا بۆ وەڵامەکەت، داوای لێبوردنم هەیە دکتۆر محەمەد ئەبو رومان، بەڵام دەمەوێت روو لە تۆ بکەم بەو پێیەی ئەزموونی زۆرتان هەیە لە بواری کاروباری حکومەت و رێکخستن دا. کاتێک وەڵامی پرسیاری یەکەمت دایەوە، وێنەیەکی تاڕادەیەک تاریک و رەشبینانەتان سەبارەت بە سۆشیال میدیا کێشا کە چۆن کاریگەری لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی زانیاریەکانمان هەیە.

هەمیشە ئەو رەخنەیە هەیە کە حکومەتەکان تاڕادەیەک سستن لە وەڵامدانەوەی گۆڕان و بەرەوپێشوونە تەکنەلۆژییەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژییانەی لەلایەن خەڵکەوە. دەمەوێت لێتان بپرسم، تا چەند رەوایی لەو رەخنەیەدایە کە دژی ریکارە حکومیەکانە؟ پێویستە  حکومەتەکان بە گشتی چۆن وەڵامیان بدەنەوە؟

د. محەممەد ئەبو رومان: پێموایە لە دوای "بەهاری عەرەبی"ـەوە، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی مەترسی و گرنگی پلاتفۆڕمەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتییان بۆ روون بووەوە و بۆیان دەرکەوت کە ئایفۆن، ئەوئامێرەی کە بۆ کات بەسەربردن و چات بەکاردەهێنرا، ئێستا خەتەرناکترین ئامێری سیاسییە. من باسی پەیجەر ناکەم، باسی ئایفۆن دەکەم. ترسناکترین ئامێری سیاسیە لە دەستی خەڵکی جیهانی عەرەبیدا، چونکە ئەم ئامێرە هەموو یاساکانی یاریە سیاسیە نەریتیەکانی تێکدا و مەیدانی سیاسی لە جیهانی عەرەبیدا سەرلەنوێ پێناسە کردەوە و یاریکەرە سیاسییەکانی گۆڕی.

هەروەک بەیان ئەمڕۆ لە شیکردنەوەی سۆشیال میدیادا باسی کرد، لە هەموو وڵاتانی عەرەبیدا کاریگەری میدیایەک ناگاتە پێنج یان شەش ملیۆن بینەر، بەڵام یەک بلۆگەر دەتوانێت بگاتە پەنجا یان شەست ملیۆن کەس و هەموو چوارچێوەی گێڕانەوەی چیرۆکەکە بگۆڕێت.

وڵاتانی عەرەبی دۆزیانەوە کە ناتوانن پەیوەندییان لەگەڵ سۆشیال میدیا و جیهانی دیجیتاڵ وەک پەیوەندییەکی لاوەکی بهێڵنەوە. بۆیە داخڵی ئەم بوارە بوون لە رێگەی هەوڵدان بۆ رێکخستنی سۆشیال میدیا و جیهانی دیجیتاڵ و دانانی یاسا و سزا، بەڵام داخڵبوونەکەیان نەرێنی بوو زیاتر لەوەی ئەرێنی بێت.

ئەوان هەوڵیان دا کاریگەری سۆشیال میدیا سنووردار بکەن، بەڵام تێنەگەیشتن کە سۆشیال میدیا جیهانی نوێیە و دەبێت بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

پێموایە ئەوەی رووی دا هەوڵێک بوو لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بە مەبەستی گەشەکردن. ئێمە لە شەڕی غەزە بینیمان کە میدیای عەرەبی، هەر راگەیاندنێکی عەرەبی هەوڵیان دەدا بۆچوونی ئەو حکومەتەی سەر بە ئەون بەرگری لێبکەن و بڵاوی بکەنەوە لە رێگەی نووسەر و سیاسەتمەداران.

زۆرترین شت کە من رووبەڕووی بوومەوە یان تێبینیم کرد لە بواری ئازادیی میدیاییدا، ئەوە بوو کە تەنانەت کەناڵەکانی وەک ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیە و کەناڵەکانی دیکەش میدیای ئاراستەکراویان بەکاردەهێنا. واتە هەمیشە هەمان میوان و هەمان بۆچوون ئامادە بوون.

هەروەها، شەڕی غەزە "خواحافیزی" بوو بۆ ئازادیی میدیا و پیشەگەری میدیایی، چونکە هەموان بیریان لە پڕوپاگەندە دەکردەوە زیاتر لە میدیا، بیریان لە بانگەشەی سیاسی دەکردەوە زیاتر لە راگەیاندن.

لە جیهانی عەرەبیدا لافاوێک لە سۆشیال میدیا دروست بوو کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رای گشتی عەرەبی و سیاسەتمەداری عەرەبی هەبوو. زۆرێک لە وڵاتانیش پەنایان بردە بەر "سوپا ئەلیکترۆنییەکان". ئەم سوپا ئەلیکترۆنییانە هەوڵدەدەن لە رێگەی کەناڵەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە، چ لە رێگەی ئەکاونتی راستەقینە یان ساختە، چیرۆکی حکومەت پێشکەش بکەن.

من رام وایە تاوەکو ئێستا کاریگەریی سۆشیال میدیا زۆر بەهێز و مەترسیدارە. لە هەمان کاتدا، یەکێک لە تێبینییە نەرێنییەکان کە دەتوانین لە شەڕی غەززەدا تێبینی بکەین ئەوەیە کە تەنانەت لە فەیسبووک و ئێکس و تێلێگرامدا، چیرۆکێک بەسەر چیرۆکێکی دیکەدا پەسەند دەکرێت. بۆ نموونە ناتوانیت شتێک بڵاو بکەیتەوە کە پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین بکات، چونکە فەیسبووک و ئێکس رێگری لێدەکەن.

ئەگەر نەوەی گەنج لە جیهانی عەرەبیدا دەبینن کە وڵاتێک کە بانگەشەی ئازادیی میدیا و ئازادیی سیاسی دەکات وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چۆن چیرۆکەکان سانسۆر دەکات و جیاکارییان لەنێواندا دەکات بۆ پشتیوانی لەو چیرۆکەی خۆی دەیەوێت کە ئەمەش لە راستیدا پارادۆکسێک دروست دەکات کە گەنجانی عەرەبی نایزانن.

لە کاتێکدا کە پێویستە ئازادیی راگەیاندن دیموکراسی و لیبڕاڵی لە جیهاندا بڵاو بکاتەوە، بەڵام نەوەی گەنج لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا بڕوایان بەوە هێناوە کە ئەم ئازادییانە درۆیەکی گەورەن و راست نین. ئەو وڵاتانەی بانگەشەی پاراستنی ئازادییەکان دەکەن، هەر ئەوانن کە ئابڵوقەی ئەو ئازادییانە دەدەن و شەڕیان لەگەڵ دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسییەکی گەورەتر کە دۆزی تووندڕەوی لە جیهانی عەرەبیدا زیاد دەکات.

هەروەها، ژمارەی ئەو گەنجانەش زیاد دەکات کە سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن بۆ بزووتنەوە تووندڕەوەکان و گەنجان کۆدەکەنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیستەمەکان و واقیعی سیاسی و تەنانەت رووبەڕووبوونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

یوسف جان: زۆر سوپاس دکتۆر. کۆمێنتەکەت سەبارەت بە تووندڕەوی بەرز دەنرخێنم. دەمەوێت بەو پرسیارە روو لە د. بەیان بکەم.  لەپێشتردا باسی مەعریفەی میدیاییت کرد و ئێمە دەتوانین چی بکەین لەسەر هەموو ئەم بابەتە؟ چونکە ئەوەی ئێستا روودەدات ئەوەیە کە رەنگە گەنجان ئامانجی سەرەکی بن- رەنگە بەیەقینەوە ئەم قسەیەنەکەم، بەڵام هەست دەکەم گەنجان دەبێ ئامانجی سەرەکی بن لەبەرەوپیشبردنی خوێندەواریی میدیایی کە پیویستە لە تەمەنێکی گەنجیەوە دەست پێبکات.

وەک دکتۆر ئەبو رومان باسی کرد،  ئیستا سەردەمی سەرهەڵدانی ژیری دەستکردیشە،  ڤیدیۆ هەیە کە 50، 60 ملیۆن جار سەیر دەکرێت، و سەختە بزانین ئایا راستەقینە یان نا. ئەگەر راستەقینەش بن، هێشتا دەتوانن زانیاری هەڵەیان تێدابێت. دەمەوێت رای ئێوە بپرسم کە چۆن دەتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەین لەریگەی هۆشیاری میدیاییەوە؟ پێتوایە هۆشیاری میدیایی لانیکەم بەس دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم تەگەرانە؟ 

بەیان تەل: بەڵێ. زۆر سوپاس. زۆرباشە. پێموایە، هۆشیاری میدیایی بۆ هەموو کەسێک لە بنەڕەتدا بریتییە لە فێرکردنی خەڵکی کە چۆن میدیا بەکاربهێنن و چۆن میدیا بە شێوەیەکی ئەخلاقی و ئەرێنی بەرکاربهێنن لەسەر بنەمای پێنج پێکهاتە: 

  • دەستگەیشتن بە میدیا، زانینی ئەوەی لە کوێدا بەدوای زانیاریدا بگەڕێیت و چوونە سەر سەرچاوەی درووستی شیکاری میدیایی
  •  تێگەیشتن لە پەیامەکان، کێ پەیامەکەی دروستکردووە، بۆچی دروستکراوە، و چۆن کاریگەری لەسەرت هەیە، گرنگە تێبگەین کە چۆن هەر کەسێک پەیامەکە بە شێوەیەکی جیاواز لێکدەداتەوە بە پشتبەستن بە قەناعەت و بەها و کولتوور و ژینگەکەی.
  •  تێڕوانین لە میدیا – ئەمەش واتە زیاتر تێگەیشتن لێی.
  • بەرهەمهێنانی میدیا – بەرهەمی میدیا لەرادەبەدەر گرنگە، بەتایبەتی بۆ گەنجان. دەسەڵاتیان پێدەبەخشێت کە بەشدارێکی چالاک بن لە کۆمەڵگەکانیاندا و رووبەڕووی میدیای نەرێنی و رادیکاڵ بدەنەوە.
  • نواندن – بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان، وەک سۆشیال میدیا، بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەکاندا.

لەڕاستیدا، لە ئوردن ئەم کارامەییانەمان خستووەتە ناو مەنهەجی خوێندنەوە و لە چەند ساڵی رابردوودا مەنهەجی خوێندن گۆڕانی بەسەردا هاتووە، منیش سەرکردایەتی تیمێکی پسپۆڕ دەکەم کە ئەم کارامەیییانە تێکەڵ بە مەنهەجی نوێ دەکەین. یەکەکانی تایبەت بە هۆشیاری میدیایی و زانیاریان لەخۆگرتووە. برەودان بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و دروستکردنی نەوەیەک لەم کەسانە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک لە رادەبەدەر گرنگە، چونکە ئەمە بەشێکە لە چارەسەرییەکان. ئوردن تاکە وڵاتی عەرەبییە کە ئەم کارەی کردووە و کۆمکاری عەرەبی داوای لێکردووین هاوکاری وڵاتانی دیکەی عەرەبی بکەین بۆ ناساندنی هۆشیاری میدیایی. 

هەروەها، ناساندنی هۆشیاری میدیایی لە قوتابخانەکان، زانکۆکان، ناوەندەکانی لاوان، و کایەی گشتی. حکومەت رۆڵێکی سەرەکی لەم بوارەدا گێڕا وبەبێ هاوکاری حکومەت، وەک وەزارەتی پەروەردە و سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی مەنهەج نەبوایە، نەماندەتوانی تا ئەم ئاستە پێشبکەوین.

کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵی بنەڕەتی هەیە. کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئوردن بەهێزە، منیش لە ئینستیتیوتی میدیای ئوردن دەستم بە بەرنامەکان کرد، کە لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاردەکەین، لەوانە سەرکردەکانی وەک سەمەر ئەلحاج حەسەن، لە سەنتەری نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ و دینا بەشیر، ئەندامی پەرلەمانی ئوردن. 

بەبێ بوونی ئازادی قسەکردن هیچ کام لەمانە روونادەن، بۆیە پێویستە ئاستی ئازادی رادەربڕین بەرز بکەینەوە و دڵنیابین لەوەی کە خەڵکی دەتوانن بەبێ ترس رای خۆیان دەرببڕن. میدیای ئازاد زۆر گرنگە، چونکە متمانەی گشتی بە میدیا کەمبووەتەوە، بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی کە زۆرجار میدیا سەر بە دەوڵەتە. کەم رێکخراوی میدیایی سەربەخۆ هەن و زۆربەیان تائێستاش لەلایەن حکومەتەکانەوە سانسۆر دەکرێن. ناساندنی میدیای سەربەخۆ کلیلە؛ ئەگەرنا ناتوانین بەبێ میدیای پیشەیی پرسە راستەقینەکان، وەک ئازارەکان یان داگیرکاری رووی راستەقینەیان دەربکەوێت.

 هێشتا هەندێک کەس پێیان وایە میدیا تەنیا پڕوپاگەندەیە، ئەمەش شتێکی جیدییە. فەرمانبەرانی راگەیاندن هەندێک جار خۆیان وەک فەرمانبەری گشتی یان ئەندامی حکومەت سەیر دەکەن، ئەمەش شتێکی ناتەندروستە. هەروەها،  من بانگەشە بۆ میدیای خزمەتگوزاری گشتی دەکەم، بەڵام تادێت ئەمە قورستر دەبێت، تەنانەت لە رۆژئاواش دا. بۆ نموونە میدیای خزمەتگوزاری گشتی لە رۆژئاوا رۆڵی هەبوو لە جینۆساید لە غەززە، نەیانتوانی رۆڵی خۆیان پیشەییانە و سەربەخۆ بەجێبهێنن. 

یوسف جان: لەبەرئەوەی کاتی پێویستمان لەبەردەستدا نیە بۆیە ئیستا دەچمە لای پرسیارەکانی ئامادەبووان، بەڵام کاتێک پرسیار دەکەن تکایە با پرسیارەکانتان کورت بێت و پرسیار بێت نەک کۆمێنت. سوپاس. ئەو بەڕێزە کە چاکەتی خۆڵەمێشی لەبەردایە.

پرسیار: رۆژباش، پرسیارێکی گشتگیر دەکەم.  ئەم بەڕێزانە باس لە میدیا و راگەیاندن و کاریگەرییەکانیان و سنووری ئازادی دەکەن. هەروەها، باس لە ئەو سەرلێشێواییەی کە لێشاوێک لە راگەیاندکار لە جەنگی حەماس و ئیسرائیل گیان لە دەستداوە. پرسیارەکەم ئەوەیە ئایا چەند لەو راگەیاندکارە ئازاد و سەربەخۆیانە توانیویانە لەو کارەسات و مەرگە ساتەی کەوا لە شەنگال روویدا ئامادە باشییان هەبێت یان شەهیدیکیان دابێت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان ؟ 

بەیان تەل: سوپاس. ئەوەی کە پێویستە بیڵم ئەوەیە کە من شارەزا نیم لەسەر داعش، بەڵام دەتوانم هەندێک تێڕوانینی لەسەربڵێم. دەبوو سەردەمی داعش وانەیەکی گەورە بوایە بۆ ئێمە. کاتێک داعش دەستی بەسەر هەرێمێکدا دەگرت، یەکەم شت کە دەیانکرد یان گۆڕینی مەنهەجی خوێندن بوو. تاکتیکی خۆیان گۆڕی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرتر دەروونی خەڵکی کۆنتڕۆڵ بکەن و لە سۆشیال میدیا زۆر چالاک بوون و دەیانزانی چۆن لە رێگەی ڤیدیۆوە گەنجان بکەنە ئامانج، تەنانەت گۆرانیشیان دروست دەکرد کە زۆر کاریگەر بوون، و توانیان بە بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە ئۆردنییەکان بە شێوەی ئۆنلاین بۆلای خۆیان رابکێشن. ئێمە لەو ئەزموونە فێر نەبووین. سیستەمی پەروەردەی ئێمە هێشتا گرنگی بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە نادات و بەشێکی زۆری هێشتا پرۆسەی فێربوونی تەقلدییە کە لەگەڵ ئەو تەگەرانە ناگونجێت کە منداڵان رۆژانە رووبەڕوویان دەبێنەوە- جا چ لە ماڵەوە بێت، چ لە شەقامەکاندا بێت، یان لەرێگەی ئۆنلاینەوە. بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە پێویستمان بە شۆڕشێکی بەرفراوان لە بواری پەروەردەدا هەیە.یوسف جان: لەلایەن رووداوەوە ئاگادارکرامەوە کە کاتمان نەماوە، لەبەرئەوە پێویستە لێرەدا کۆتایی بە پانێڵەکە بهێنین و هیوادارم توانیبێتمان سوودێک بگەیەنین، زۆر سوپاس بۆ پانێڵیستە بەڕێزەکان و ئامادەبووانیش.

February - 2025
Thursday
27
10:40 AM
-
11:30 AM
Share this Post

چالاکی