پێنجەم چاوپێکەوتنی تایبەت: روانگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ نادڵنیاییەکانی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان
25-03-2025
شاهۆ ئەمین: هەندێکجار یەکێتی و پارتی رێککەوتنی باشیان کردووە، بەڵام کاتێک دەگاتە سەر جێبەجێکردن، لە نیوەی رێگەکەدا جۆرێک لە تێکچوونی تێکەوتووە، ئێستا ئەو بۆشاییانە چین لە رێککەوتنەکانی پێشوودا هەبوون، ئەمجارە دەبێت دووبارە نەبنەوە؟
قوباد تاڵەبانی: پرسیارێکی زۆر بەجێیە و هەر کارەکەمان ئەوەیە ئەم جارە، کاک د. ئامانج کە لێرەیە و ئەویش لەنێو شاندەکەماندایە، هات هەرچی رێککەوتنی کۆن کە هەبووبێت لەنێوان یەکێتی و پارتی، هەموویانی کۆکردەوە، هەموویان شتی زۆرباشیان تێدایە، بڕیارمان دا وا بکەین و بڕیارمان دا وا بکەین، شتی زۆر گرنگی تێدایە، بەڵام دوو شتیان تێدا نەبووە، میکانیزم، ؛ کێ بەرپرسیارە لەوەی کە بیسەلمێنێت، بیسەپێنێت کە ئەمە بکرێت و ئەگەر نەکرا کاردانەوەکە چییە. لە ئەنجامدا بەڕێزان پێکهێنانی حکومەت، حیساب بکە کە گرێبەستێکە لەنێوان دوو لا، (اسباب موجبەیەک) هەیە، بابەتەکانی هەیە، ئەرکەکان دابەشکراون، بەرپرسیارییەکانی بۆ روونکراوەتەوە و دەبێت شتێکی تێدا بێت کە چاودێر بێت لەسەر ئەم رێککەوتنە، میکانیزمێک هەبێت کە ئەگەر جێبەجێ نەکرا لەبەر هەر هۆکارێک، دەبێت کاردانەوەیەک هەبێت یان لێپرسینەوەیەک هەبێت، بۆیە ئەمجارە ئەمە جێگیر دەکەین. د. ئامانج هیچم جێهێشت؟ باش بوو؟ یاسایی بوو قسەکانم؟ باشە سوپاس.
شاهۆ ئەمین: زانیارییەک هەیە کە دەڵێن پارتی رازی بووە بەوە. دەڵێن لە پەرلەمانەوە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی راسپێردرێن بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکەوە؛ بەڵام بەوە رازی نەبووە کە ئەگەر جێگری سەرۆکوەزیران لە یەکێتی و وەزیرەکانی یەکێتی بکشێنەوە، حکومەتەکەی ئیدی هەڵبوەشێتەوە. لەسەر ئەمە شتێک بڵێ تکایە.
قوباد تاڵەبانی: زانیارییەکی نوێ بوو، زۆر سوپاس کاکە شاهۆ بۆ ئەو زانیارییە. برادەرانی شاند ئەمە بنووسن بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو.
شاهۆ ئەمین: لەو سەرییەوە دێیتەوە.
قوباد تاڵەبانی: ناوەڵڵا، ئەمەیان زۆر زانیارییەکی نوێ بوو و زۆر سوپاسی جەنابتان دەکەم بۆ ئەم زانیارییە. سەیر بکە ئێمە نامانەوێت بە نیازەوە بێینە نێو ئەم دانوستاندنە بۆ ئەوەی بکشێینەوە لە حکومەت، ئەمە بۆچوونێکی نەرێنییە، ئێمە دەمانەوێت ئەوەی کە رێکدەکەوین لەسەری، جێبەجێ بکرێت، ئایا ئەو میکانیزمە چییە کە کاتێک ئەم حکومەتە حکومەتێکی هاوبەشی دەبێت، کە بڕیارەکان بە هاوبەشی دەدرێن، کە بابەتە ستراتیژییەکان بە هاوبەشی رێکدەکەوین لەسەریان و ئەگەر دووربێت، لایەنێک لایدا لەم بابەتە، خۆ دەبێت کاردانەوە هەبێت.
خۆتان لەبیرتانە من شەش یان حەوت مانگ بەشدار نەبووم لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە من بەشدار نەبووم، ئێمە هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆمان نەبوو، لە ئەنجامدا گوشارمان لێکرا و ئیدی لە هەموو لایەکەوە ناچار بووین، ئێمە لەگەڵ بەڕێز کاک مەسرور دانیشتین هەندێک بابەتمان باس کرد، تۆزێک بابەتەکان چوونە پێشەوە و گەڕامەوە بۆ نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن، بەڵام نامانەوێت ئەوە دووبارە ببێتەوە، خۆت گوتت، نە بازاڕی ئێمە، نە میللەتی ئێمە و نە خەڵکەکەمان، شایانی ئەوە نین کە ئێمە ناکۆکییەکانی رۆژانەی خۆمان کاریگەرییان هەبێت لەسەر ژیانی رۆژانەی ئەوان. بۆیە دەبێت یەکەم، میکانیزمێک دابنێین بۆ بەڕێوەبردن، دووەم کە ئەمە لە هەمووی قورسترە، بۆیە داوای سەبر دەکەین داوای سەبر لە جەنابتان دەکەین، داوای سەبر لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین، یەکێتی و پارتی دوو حیزبی جیاوازن، دوو مێژووی زۆر جیاوازیان هەیە، ئالییەتی بیرکردنەوە و ئالییەتی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان و هەیکەلەی حیزبەکانیان زۆر جیاوازە، لایەنگرەکانیان جیاوازن. دەنگدەرێکی پارتی زۆر جیاوازە لە دەنگدەرێکی یەکێتی کە ئەمانە هەمووی خاڵی بەهێزن، ئەگەر بێیت سەیری بکەیت. چونکە ئەگەر هەموومان وەکو یەکدی بوواین، بۆچی دوو حیزب بوواین، هەر یەک حیزب دەبووین و کێشە نەدەبوو. کاتێک دوو حیزبی جیاوازین ئێمە دەبێت ئالییەتێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ناکۆکییەکانماندا بژین، رێگە نەدەین ئەگەر ناکۆکییەک هەبێت لەسەر بابەتێک، ئیدی هەموو بابەتەکانی دیکە بوەستن. دوای ئەم هەموو ساڵانەی کە تێمانپەڕاندووە و بەتایبەت ئەم ساڵانەی دوایی، متمانەکە لە ئاستێکی نزمدایە، بۆیە ئەمە بە ئەزموون، بە کات، نەک بە قسە، نەک بە رێککەوتنی ''جێنتڵمانی'' نەک بە تەوقەیەک، ئێمە بە ئالییەت دەتوانین ئەو متمانەیە بگەڕێنینەوە کە تێبگەین، لێکتێگەیشتنمان هەبێت لەگەڵ یەکدی.
من حەز دەکەم برادەرانی پارتی لە ترس و دڵەڕاوكێکانی یەکێتی تێبگەن، لەو گوشارە تێبگەن کە لە شەقامی ئێمەدا هەیە، ئێمەش دەبێت تێبگەین لەو چاوەڕوانییانەی کە لەلایەن خوشکان و برایانی پارتییەوە هەیە.
کێشەکانی کوردستان بەشێکی زۆریان لەسەر بنەمای ترسن، کەمیان لەسەر بنەمای جیاوازیی بیرکردنەوەن، خۆ ئەوە نییە یەکێک دەڵێت من لیبراڵم و میانڕەوم.
شاهۆ ئەمین: ئەی ترس لە چیدایە؟
قوباد تاڵەبانی: دەزانیت چۆنە؟ مێژوومان ئەوەندە پڕ بووە لە ناکۆکی و ململانێ، ئەوەندە پڕ بووە لە یەکدی شکاندن، ئەوەندە پڕ بووە لە هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر یەکدیدا، ئەوەندە پر بووە لە رێگریکردن لە یەکدی، خوێنی تێکەوتووە، پیلانی تێکەوتووە، شوڕش و شتی هاوشێوەی تێکەوتووە، ئەو شتانە هەموو ئاسەوار جێدهێڵن. بۆیە ئێمە دەبێت یەکەم شت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ژینگەیە کە حکومەت و حکومڕانی دەپارێزێت لە ناکۆکیی سیاسی. با یەکێتی و پارتی لە پەرلەماندا ناکۆکیی سیاسیی خۆیان هەبێت، ''تەبەنی'' یاسای جیاواز بکەن و هەوڵ بدەن فەلسەفە حیزبییەکەی خۆیان دەربڕن، لە یاسا، لەنێو بارەگا حیزبییەکان، بەڵام حکومەت دەبێت پارێزراو بێت لە سیاسەت، نابێت حکومەت بەکاربهێنرێت وەکو چەکێک بۆ پاکتاوت یەکدی لە رووی سیاسییەوە.
شاهۆ ئەمین: ئێستا خەڵک دڵنیا بێت کە زۆنی سەوز و زەرد نامێنێت؟
قوباد تاڵەبانی: من گەشبینم کە ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی زۆر تەندروست تێدەپەڕێت، گەشبینیشم لەو دانوستاندنەی کە تاوەکو ئێستا بەردەوام بووە. گەشبینیشم لەسەر ئەو خاڵانەی کە ئێمە رێککەوتووینە لەسەریان تاوەکو ئێستا، قابیلی جێبەجێکردنن، ئەوانەی کە هێشتا ماونەتەوە، من پێموایە دەرفەت هەیە بگەینە لێكتێگەیشتنێکی هاوبەش. زۆنی سەوز و زۆنی زەرد و نەهێشتنی ئاسەواری ئەم دوو دەستەواژەیە، بە کابینەیەک ناکرێت. رەنگە بتوانین ئەم کابینەیە حکومڕانییەکەی گشتگیرتر بێت، کەواتە بڕیارێک کە لە هەولێرەوە دەربچێت لە گەرمیان جێبەجێ بکرێت، بۆچوونێک کە لە سلێمانییەوە بەرز دەکرێتەوە لە دهۆک پەسند بکرێت. بەڵام، ئەم ناوچەیە دیارە، سەیری دەنگدانی هەڵبژاردنی پێشوو بکە، روونە ژمارەی [دەنگدەران] حیزبێک لە ناوچەیەک زۆر بەهێزە، ژمارەی حیزبێکی دیکە لە ناوچەیەکی دیکەدا زۆر بەهێزە، بۆیە ئەو ژمارەیە، ئەو هاوسەنگییەی کە ئێستا هەیە هەر وا دەمێنێتەوە، کە شتێکی خراپ نییە. بڕۆ لە ئەمریکا سەیری بکە، کالیفۆرنیا هەمیشە دیموکراتە، هەندێک ویلایەتی دیکە هەیە هەمیشە کۆمارین، هەندێک هەیە ناوە ناوە دەگۆڕدرێن، وەکو فلۆریدا کە جارێک دیموکراتە و جارێک کۆماری، هەرچەندە وا بزانم فلۆریداش چوو بۆ لای کۆمارییەکان.
شاهۆ ئەمین: زۆرجار دەبیسترێت سیاسەتی یەکێتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق جیاوازە لە سیاسەتی پارتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق. جیاوازییەکە لە چیدایە؟
قوباد تاڵەبانی: من نازانم هەڵسەنگاندن بکەم بۆ سیاسەتی پارتی لەگەڵ بەغدا، بەڵام یەکێتی پێیوایە کێشەکانی کوردستان هەموویان لە هەولێرەوە چارەسەر نابن. ئێمە کاتی خۆی توانیمان مافی کورد بچەسپێنین، توانیمان مافی کورد لە دەستووری عێراقدا بسەلمێنین، توانیمان پێگەی کورد و کوردستان بکەینە پێگەیەکی دەستووری و یاسایی، نە لە هەولێرەوە کردمان نە سلێمانییەوە، بەڵکو لە بەغدا کردمان. لە 2012ـوە لەکاتی نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال تاوەکو چەند ساڵێک لەمەوپێش، پێگەی کورد و لایەنە کوردییەکان لە بەغدا ساڵ لەدوای ساڵ لاوازتر دەبوو و ئەمە زەرەری گەیاندە هەرێمی کوردستان، بۆیە یەکێتی بڕیاری دا ئەمە پێچەوانە بکاتەوە، ئەگەر پێگەی خۆمان وەکو حیزبێک لە بەغدا بەهێز بکەین، لە کوردستانیش بەهێز دەبین. کێشەی مووچە لە هەولێر چارەسەر نەبوو، لە بەغدا چارەسەر بوو، کێشەکانی دیکە کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان چارەسەر ناکرێن، ئەوانەی کە پەیوەندییان بە عێراقەوە هەیە لە بەغدا چارەسەر دەبن، ئێمە دەبێت پێگەیەکی بەهێزترمان هەبێت لە ئاستی عێراق، دەبێت پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بن لە ئاستی عێراق و، بێتە بەرچاوتان ئەگەر پارتی و یەکێتی، هەردووکمان پەیوەندییەکی بەهێزمان هەبێت لە بەغدا و پێکەوە کار بکەین، وەکو ساڵانی 2005 و 2006، هیچ کەس دەرەقەتمان نایەت، بەڵام لێرە پەرت بین، لەوێ لەتوپەتمان دەکەن.
شاهۆ ئەمین: کاک بافڵ باسی لەوە کرد کە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق حیزبە کوردییەکان بە یەک لیست بەشدار بن، حەزی یەکێتی بۆ ئەوەیە لەگەڵ پارتی بە یەک لیست بەشدار بێت یان لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکان؟
قوباد تاڵەبانی: کە کاک بافڵ گوتی هەموو حیزبەکان پێکەوە بن، روونە، پێموایە دەیەوێت بەرەیەکی کوردستانیی بەهێز دروست ببێت لە بەغدا کە پێموایە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەکەمان، زۆر سرووشتییە لە نێوخۆی خۆمان لەسەر هەندێک شتی خۆماڵی ناکۆکی هەبێت، بەڵام لەسەر پرسی کەرکووک نابێت ناکۆکی هەبێت لە نێوانمان، لەسەر پرسی خانەقین، شنگال، ناوچەکانی مادەی 140 بەگشتی، دەبێت یەک بین و یەکیشین، ئەگەر بێیت وردی بکەیتەوە، ئەم رووداوەی کە روویدا بەرامبەر بە جووتیاران، هەموو هاتنە سەر هێڵ، یەکێتی، پارتی و هەموو لایەنەکانی دیکە، یەکدەنگ، یەکڕەنگ و یەک ئاراستە، برایان لە یەکگرتوو و کۆمەڵ؛ بۆ پرسە نیشتمانییەکان دەتوانین یەک بین، بەڵام کە یەکیش بین زۆر گرنگ دەبێت، چونکە فراکسیۆنێکی بەهێزین، کە یەک بووین، کە نەتوانن یاریمان پێبکەن، کە نەتوانن پەرتوبڵاومان بکەن، کەس ناتوانێت دەرەقەتمان بێت.
شاهۆ ئەمین: وەکو یەکێتی چۆن سەیری ئەم گۆڕانکارییانە دەکەن، کە لە ناوچەکە روویداوە؟
قوباد تاڵەبانی: رێگە هەیە تانەیەک لە پرسیارەکەت بدەم؟ کاک ئاکۆ ئیزن هەیە؟
زۆر جار وا بە رەش و سپی وەسف دەکرێت کە یەکێتی و ئێران پەیوەندییەکی باشیان هەیە و پارتی و تورکیا پەیوەندییەکی باشیان هەیە و وا لێکدەدرێتەوە کە پەیوەندییەکی زۆر خراپ هەیە لەنێوان پارتی و ئێران و، پەیوەندییەکی زۆر خراپ هەیە لەنێوان یەکێتی و تورکیا، کە پێموایە هیچی بەو رەش و سپییە نییە، هەمووی پلەبەندییە. هەر دەتانبەمەوە بۆ دوایین سەردانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، کە بەو شێوەیە پێشوازی لێکرا، راستە بە ناوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چووە، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانییە و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەو پێشوازییەی کە لە ئەو کرا، پێشوازییەک نییە کە نێوانیان خراپ بێت لەگەڵی؛ بۆیە بەتایبەت بۆ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و بۆ بەڕێزەکان لە بەشی دیپلۆماسی، دەبێت بزانن کە هیچ شتێک لەم ناوچەیە رەش و سپی نییە، هەمووی پلەبەندین لە ''رەساسی''؛ ئەمە ئەگەر لێم قبووڵ بکەیت.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان؛ بێگومان گۆرانکارییەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر عێراق و لەوانەشە لەسەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت گۆڕانکارییەکەی سووریا، ئەوەی لوبنان رەنگە تۆزێک دوورتر بێت لە ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان، بەڵام گۆڕانکارییەکانی سووریا بێگومان کاریگەرییان دەبێت لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام تەواو نەبووە. پرۆسەی سووریا و ئەو گۆڕانکارییەی کە لە سووریا روویداوە ئەمە کۆتاییەکەی نییە، پێموایە لەوانەیە چەندین جاری دیکەش گۆرانکاری رووبدات لە سووریا. ئەمەی کە ئێستا هەیە ئایا دەمێنێتەو وەکو خۆی؟ من بە قورسی دەبینم ئەم کەشەی کە ئێستا هەیە لە سووریا وەکو خۆی بمێنێتەوە، پێموایە دەستوەردانەکان زیاتر دەبن و پێموایە ئەگەر لە رووی سیاسییەوە لە لووتکەی بڕیاردان لە سووریا نەتوانن زوو بگەنە لێکتێگەیشتنێک بۆ بەڕێوەبردن، دیسان بە بەشداریکردنی هەموو بەشەکانی سووریا، پێموایە سووریا تووشی کێشەی گەورە دەبێتەوە.
شاهۆ ئەمین: ئێستا ئەوە دوو بۆ سێ جارە وەزیری دەرەوەی سووریا بڕیارە بێتە عێراق، سەردانەکەی هەڵدەوەشێتەوە، تاوەکو ئێستا عێراق سیاسەتی هەندێک ناڕوونە بەرامبەر بە سووریا، ئێوە لە کوێی ئەو هاوکێشەیەن؟
قوباد تاڵەبانی: هەموومان، هەموو جیهان جارێ تەماشا دەکات، بە وڵاتانی رۆژئاواییەوە، بە رووسیاوە، بە ئیسرائیلەوە، بە ئەمریکاوە، بە عێراقەوە، بە ئێرانەوە. زۆر وڵات ئێستا تەماشا دەکەن راستە هەندێکیان دەستی دۆستی و هاوکاری درێژ کردووە بۆ سووریا، راستیشە ئەو قسانەی کە سەرکردایەتیی نوێی سووریا کردوویانە، تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان ئەرێنی بوون، بەشێکی زۆریان ئەو جۆرە قسانە بوون، کە بۆ نەهێشتنی ئەو ترس و دڵەڕاوێیە بوون، بەڵام جێبەجێکردن گرنگە؛ و یەکێک لەو خاڵانەی کە خەڵک تەماشا دەکات بزانێت ئایا سووریای ئەمڕۆ جیاوازە لە لە سووریای جاران، بابەتی پێکەوەژیانەکەیەتی، بابەتی شێوەی حوکمڕانییەکەیەتی و بەتایبەت رۆڵی کورد چی دەبێت لە سووریای نوێ. بەڵام دەمەوێت بێمەوە سەر بابەتی ئێران دوایی، چونکە پێموایە خەڵک وا دەزانێت لەبەر ئەوەی، کە ئێران زەبرێکی خواردووە لە غەززە و لە لوبنان و دواتر لە سووریا، ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەمە کۆتایی ئێرانە و ئیتر ئێران نەماوە و نامێنێت و ئیتر بەرەی ئێران بە تەواوی تێکشکاوە. من پێموایە وەکو هەموو شتەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە وا رەش و سپی نییە، ئێران وڵاتێکی بەهێزە، دامەزراوەی بەهێزی هەیە و دەتوانێت سیاسەتێکی زۆر ژیرانە پەیڕەو بکات و هەزاران ساڵ حوکمڕان بووە، هەزاران ساڵ ئەزموونی هەبووە، بۆیە پێموایە زۆر زووە خەڵک وا بزانێت ئەمەی کە روویداوە کۆتایی ئێرانە.
شاهۆ ئەمین: لە رۆژئاوای کوردستان شەهیدی زۆریان داوە بۆ پارێزگاریی لە خاک، ئێستا دەسەڵاتی سووریا دانیان پێدا نانێت، ئێوە چۆن دەتوانن هاوکاریی رۆژئاوای کوردستان بکەن؟
قوباد تاڵەبانی: ئێمە هەمیشە لەسەر هێڵین لەگەڵیان و تەمەنا دەکەین ئەوان ئەو رۆڵە ببینن بۆ کوردی سووریا وەکو چۆن جەنابی کاک مەسعود و مام ئەو دەورەیان بینی لە بەغدا بۆ سەلماندن و چەسپاندنی مافی کورد لە عێراق، ئێمە دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین هەم لەگەڵ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان، هەم لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی، هەم لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی بۆ ئەوەی ئەو پێگەیەی کورد لە سووریا بچەسبێنین، ئەمەش کاری دەوێت لە چەند لایەکەوە دەبێت کاری لەسەر بکەین. یەکەم، ئێمە لەگەڵ هەڤاڵ مەزڵووم هەمیشە لەسەر هێڵ بووینە، بۆ ئەوەی هانیان بدەین بەرەو دیمەشق بڕۆن، بەڵام دەبێت بگاتە دیمەشق، دەبێت شوێنی هەبێت لە دیمەشق، دەبێت رێگەی پارێزراو بێت تاوەکو دەگاتە دیمەشق، بۆیە هەمیشە لەگەڵ برا تورکەکانیشدا قسە دەکەین، ئەگەر دەتانەوێت کوردی سووری بە کردەوەیی سووری بن، دەبێت رێگە بدەن لە سووریا کار بکەن، سیاسەت بکەن، بەڵام ئەگەر هەموو رۆژێک مەترسیی ئەوەیان هەبێت لەم رێگەیە لێیان بدرێت، رەنگە هاتووچۆ نەکەن. بۆیە ئەمە هەڵەیەکی زۆر گەورە دەبێت کە سووریای نوێ بیکات، کورد پەراوێز بخات، چونکە بەبێ کورد سووریا نابێتە دەوڵەتێک، نابێت بە وڵاتێکی هێمن و نابێت بە وڵاتێک کە دەرفەتی ئەوەی هەبێت سەربکەوێت.
شاهۆ ئەمین: ئێوە لەگەڵ تورکیا نێوانتان چۆنە؟ گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆچی تاوەکو ئێستا لانەبراوە؟
قوباد تاڵەبانی: کە دەڵێیت ئێوە مەبەستت یەکێتییە وا نییە؟
شاهۆ ئەمین: بێگومان.
قوباد تاڵەبانی: بێگومان پەیوەندیی تورکیا و یەکێتی پەیوەندییەکی زۆر کۆنە و پەیوەندییەکە کە جەنابی مام جەلال بەردی بناخەی داناوە، ئەوە بوو ئەو پەیوەندییەی تورکیا و هەرێمی کوردستانی بەهێز کرد، ئەگەر لەبیرتان بێت ساڵی 2008، 200 هەزار سەربازی تورکی لە سنووری ئیبراهیم خەلیل بوون خەریک بوون دەهاتنە ژوورەوە، جەنابی کاک مەسعودیش چووە سەر ئەم دیوی سنوورەکە و گوتی دەبێت بەسەر لاشەی مندا بڕۆن، وا بوو دۆخەکە.
جەنابی مام کۆبوونەوەیەکی رێکخست لە بەغدا لەنێوان کوردێک و توركێک بابەتەکەی تۆزێک ئاسایی کردەوە و گفتوگۆکان تۆزێک ئاسایی بوونەوە، بۆیە ئەگەر ئێستا ساردییەک هەبێت لەنێوان پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا پێموایە زۆری ناوێت تاوەکو باش بکرێتەوە و هەنگاویش نراوە لەلایەن هەردوولاوە بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە باش بکرێتەوە. هەندێکی دەگەڕێتەوە بە لێکتێنەگەیشتن، هەندێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە 2012ـوە تاوەکو چەند ساڵێک لەمەوپێش دۆخی نێوخۆی یەکێتی دۆخێکی نالەبار بوو، یەکێتی ئەمە چەند ساڵێکە توانیویەتی خۆی کۆبکاتەوە و خۆی یەکبخاتەوە و یەکدەنگی هەبێت و یەک ئاراستەیی هەبێت و یەک سیاسەتی هەبێت. ئەوەندە ئێمە خەریکی دۆخەکانی نێوخۆی خۆمان بووینە و قەیرانەکان و کێشە سیاسییەکان، رەنگە ئەوەندە هێز و توانا نەبووبێت بۆ ئەوەی باس لە شتە گرنگ و ستراتیژییەکانی دەرەوی هەرێـمی کوردستان بکەین. ئێستا پەیوەندییەکی باشتر هەیە لەنێوان تورکیا و یەکێتی و ئێمە دەبێ دووبارە هەوڵ بدەین، قەناعەت بە تورکیا بێنین کە سلێمانی دووژمنی تورکیا نییە و نابێت تورکیاش بە چاوی دووژمنەوە سەیری سلێمانی بکات و سلێمانی هەڕەشە نییە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، بۆیە حەق نییە تورکیاش سزای سلێمانی بدات وەکو ئەوەی چۆن سزای نەیارێکی خۆی دەدات. رەنگ بێت بۆچوونی جیاوازی سیاسی هەبێت، رەنگە پرسی دۆزی کورد لە تورکیا زۆر ئاساییە، یەکێتی هەڵوێستێکی هەبێت جیاواز لە هەڵوێستی حکومەتی تورکیا، ئەمانە ئاسایین، بەڵام هاووڵاتییەکی چارەڕەش لە سلێمانی بۆچی ئازار بدرێت، لەبەر ئەوەی کە نەتوانێت لە فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشت بکات و ناچار بێت بچێت لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە گەشت بکات یان لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە. خۆ گەشتەکەی خۆی هەر دەکات، بەڵام هەر ئەوەیە کە بێتاقەت دەبێت لەو رێگەیە و تێچوویەکی زیاتری دەکەوێتە سەر.
بەپێچەوانەوە رەنگە تورکیا خۆی زەرەرمەند بێت لەوەی کە گەشتیارێکی زۆر رەنگە پێشتر حەزیان کردبووایە بچن بۆ تورکیا، وەبەرهێنەرێکی زۆر رەنگە پێشتر حەزی کردبێت بچێت بۆ تورکیا بۆیە ئەمانە هەمووی دەرفەتن کە لەدەست تورکیا رۆیشتووە، بەو بڕیارەی دەریان کردووە، بۆ دانانی ئەم گەمارۆیە لەسەر فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی سلێمانی. ئێمەش هیوادارین و لە هەموو دانیشتنێکیشماندا داوامان لە تورکیا کردووە، کە پێداچوونەوەیەک بکەن بەو بڕیارەی خۆیاندا و هەمیشەش رەخنەمان گرتووە لە حکومەتی فیدراڵی کە بەپێی هەڵسەنگاندنی خۆم وەک پێویست بەرگری نەکردووە لەم پرسە و ئەگەر بتوانم گلەییەکەم ئاراستەی فراوانتر لە حکومەتی فیدراڵی بکەم، ناکرێت هەر من بم لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر پێداگری بکەم لەسەر کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، حەقە خەڵکی دیکەیش لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام داوا بکەن کە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا بکرێتەوە.