چالاکی

پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و داهاتووی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان

06-10-2025


ئا: کۆسار عوسمان

وۆرکشۆپی (پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و داهاتووی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان) بە هاوئاهەنگی لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو و وەقفی لێکۆڵینەوەی سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵگە (SETA)  رۆژی شەممە 4-10-2025 لە هەولێر بەرێوەچوو.

بەشێک لە بەرپرسانی حکومەت و پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە وۆرکشۆپەکە ئامادە بوون. شاندێک لە تورکیاوە گەیشتنە هەولێر کە بەرپرس، لێکۆڵەر و ئەکادیمیسیەنی لەخۆگرتبوو. بەشداربووان لە وۆرکشۆپەکەدا بۆچوون و تێڕوانینەکانیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری خستەڕوو.

ئەگەرچی لەسەر وردەکارییەکان چەند تێبینی و ناکۆکییەک هەبوون، بەڵام وەکو وێنە گەورەکە، ئامادەبووان سازانی تەواویان لەسەر ئەوە هەبوو کە خەڵک لە ناوچەکەدا لە شەڕ بێزارە و خوازیاری ئاشتییە.

لەسەر شێوازی پرۆسەکە پسپۆر و سیاسەتڤانانی تورکیا باسی شێوازیکی تایبەت بە تورکیایان کرد؛ بەوەی کە لە تەواوی پرۆسەکانی ئاشتیدا چەکدانان لە بەشی کۆتایی بووە، بەڵام پرۆسەکەی تورکیا بە چەکدانان دەستیپێکرد.

ئەنجامی راپرسییەکانی تورکیا لەبارەی متمانەی خەڵک بە پرۆسەکە خرانەڕوو. بەگوێرەی ئەنجامی ئەو راپرسیانەی لە تورکیا کراون، سەرەتا نزیکەی 30٪ی خەڵک پشتیوانیی پرۆسەکەی کردووە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ئەو پشتیوانییە بۆ نزیکەی 75٪ بەرزبووەتەوە.

ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) وەکو دەستپێشخەر دەبینرێن. هەر بەگوێرەی راپرسییەکان 60٪ی جەماوەری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن.

هەروەها 91٪ی جەماوەری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن.

ئیی پارتی، هەرچەندە دژایەتیی خۆی بۆ پرۆسەکە نیشانداوە و تاکە پارتی نێو پەرلەمانی تورکیایە کە بەشداریکردنی لە کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رەتکردەوە، 43٪ی جەماوەرەکەی پشتگیریی پرۆسەکە دەکەن.

یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی گفتوگۆکە ناوی پرۆسەکە بوو کە لایەنی تورکیا زیاتر پرۆسەکە بە (تورکیای بێ تیرۆر) ناودەبەن.  بەرپرسانی هەرێمی کوردستان زۆر جار رەخنەیان لەم ناوە گرتووە. بە هەمان شێوە لە وۆرکشۆپەکەش ئامادەبووانی هەرێمی کوردستان ئەمەیان وەکو نیگەرانییەک بە لایەنی تورکیا گەیاند. هەروەها ئاماژەیانکرد، لەبەر ئەوەی پرۆسەکە ئاشتی و چەکدانانە، دەبوو لە وشە و چەمکەکانی نزیک لە تیرۆر و شەڕ دوور بێت.

لایەنی تورکیاش نموونەی ناوی ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمانیان هێنایەوە کە (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) ناوەکەیەتی. هاوکات گوتیان دەکرێت لە قۆناخی داهاتوودا ناوی پرۆسەکەش دەستکاری بکرێت. لانی کەم گفتوگۆ لەسەر ناوەکە بکرێت.

رۆژئاوای کوردستان و چارەنووسی هەریەک لە پارتی یەکێتیی مەزن (پەیەدە) و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تەوەرێکی گرنگی وۆرکشۆپەکە بوو و بە نزیکەیی، تەواوی بەشداربووان قسەیان لەمبارەیەوە کرد.

هەروەها هەستیاریی هەردوولاش جەختی لەسەر کرایەوە.

بەتایبەتی لایەنی تورکیا هەستیاریی بەرامبەر هەندیک دەستەواژەی وەکو باکووری کوردستان، باشووری کوردستان و زۆریی دیکە هەیە. هاوکات لایەنی کوردیش هەستیاریی بە هەندێک دەستەواژە هەیە کە حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە بەکارهێنانیان. یەکێک لەوانە وشەی تیرۆرە لە باسی پرۆسەی چارەسەریدا.

باسی کارەکانی کۆمیسیۆنەکە کرا کە هەتا ئێستا (4-10-2025) 13 کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە سازکردووە و گوێی لە نوێنەران گرتووە.

بەرپرسانی تورکیا جەختیان کردەوە، کۆمیسیۆنەکە دوای ئەم کۆبوونەوانە تەواوی پێشنیاز و تێبینییەکان کۆدەکاتەوە و پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیای دەکات. چونکە یەکیک لە ئەرکەکانی ئەو کۆمیسیۆنە پێشنیازە بۆ گۆڕانکاری لە یاسا. دوای ئەوەی پێشنیازە یاسا پێشکێشی پەرلەمان دەکرێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەیخاتە دەنگدانەوە و ئەگەر دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، دەبێتە یاسا.

ئەگەرچی بۆچوونی جیا لە وردەکاری و نێوەرۆکی بابەتەکەدا هەبوون، بەڵام هەردوولا لە گفتوگۆکەدا بە تەواوی روویان لە ئامانج و داهاتووی پرۆسەکە بوو کە ئەویش بەدیهاتنی ئاشتی بوو. هەروەها بەشداربووان بە گشتی وۆرکشۆپ و کۆبوونەوەی لەوجۆرەیان بە گرنگ وەسفکرد. بەتایبەتی گوێگرتن لە بۆچوونی یەکدی و خستنەڕووی تێڕوانینە جیاوازەکان لەمەڕ پرۆسە و هیوایان خواست درێژەی پێ بدرێت.

October - 2025
Saturday
04
10:00 AM
-
03:00 PM
Share this Post

چالاکی