چالاکی

پریزنتەیشن 01: ئەنجامەکانی بارۆمیتەری کوردی: دۆزراوەکانی تورکیا

26-03-2025


رێها روهاڤیۆغڵو: سوپاسی رووداو دەکەین کە ئێمەی بانگهێشت کرد تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی خۆمان پێشکێش بکەین. پریزنتەیشنەکەمان بە تورکی دەبێت بەڵام وەرگێڕان هەیە و نوسینەکەش هەر بە ئینگلیزییە. سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.

کوردش بارۆمەتر پرۆژەیەکی توێژینەوەیە کە لە تورکیا دەستی پێکردووە. سەرەتا دەمەوێت زانیارییەکی کورتتان سەبارەت بە هۆکاری دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە پێیبدەم.

ئەم میکانیزمەی چاودێریکردن یان راپرسی، بۆ چاودێریکردنی هەڵوێست و رێبازی کۆمەڵگەی کوردییە لەبارەی بابەتەکانی وەک ناسنامە، هەست، هەڵوێست، کولتوور و بەشداری سیاسی لە تورکیا دا. هەروەها، یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی میکانیزمێکی چاودێری و داتابەیسێکە کەوا بەتایبەتی چاودێری داتاکانی پەیوەست بە کوردەوە بکات، چونکە  زۆر جار داتاکانی کورد لە نێو داتا فەرمییەکانی وڵاتان ون دەبن.

ئەم پرۆژەیە دەیەوێت لە پەیوەندی و جیاوازییەکانی کورد لەگەڵ یەکتری تێبگات کە لەژێر دەسەڵاتی وڵاتانی جیاوازدا دەژین. پێموایە ئەمەش دەبێتە رێبەرێکی درووست بۆ بڕیاربەدەستان، ئەکادیمیا، میدیا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی لێکۆڵینەوە. ئەم بارۆمەترە بۆ ئەوە دەستی پێکردووە کە هاوشێوەی بارۆمەتری عەرەبی و بارۆمەتری ئەورووپی بێت و میکانیزمێکی پر نێوەڕۆکی درووست و چاودێری بێت لەبارەی کوردەوە.

یەکەم بەشی پرۆژەکەمان تەواوکرد کە بەشی تورکیا بوو و تویژینەوەکاەمان ئەنجامدا. لە قۆناخەکانی داهاتوودا  ئەم پرۆژەیە پلانی ئەوەی هەیە کە لە عێراقەوە دەست پێبکات و لەهەریەک لە سووریا، ئێران و ئەورووپاش ئەنجام بدرێت. واتە لە قۆناخەکانی داهاتوودا ئەم پرۆژەیە فراوانتر دەبێت و بەردەوامیش دەبێت.

ئەو پرس و بابەتانەی کە لە کوردش بارۆمەتر چاودێری دەکەین ئەمانەن کەوا لەسەر شاشەکەش دەیبینن.

ئێمە چاودێری بابەتەکانی وەک سۆسیۆدیمۆگرافی، ناسنامە، ئەزموونی جیاکاری و هەست و هەڵوێستەکان، پەیوەستبوون بە زمانی دایکەوە، رەوشی زمانی کوردی، پرسی کورد لە تورکیا و بابەتە پەیوەندیدارەکان و داواکارییەکان، پرسی سیاسی، بەشداری لە سیاسەت، پەیوەندییەکان لەگەڵ سیاسەت، کلتوور و کلتووری باو لەنیو خەڵک دەکەین.

ئێستا دەمەوێت کورتەیەک لەبارەی دیمۆگرافیای کوردی لە تورکیا پێشکێشی ئێوە بکەم.

ئێمە بە فەرمی ژمارەی دانیشتووانی کوردی لە تورکیا نازانین. بۆیە ئێمە پێشبینی و ئەنجامگیری لە پرۆژەی توێژینەوەی جۆراوجۆرەوە وەردەگرین و لەم تویژینەوەیدا بەکارهاتووە. ئەمڕۆ پێشبینی و لێکۆڵینەوە جیاوازەکان لە تورکیا دەڵێن کە نزیکەی رێژەی %20 بۆ 25% دانیشتووانی تورکیا کوردن. ئەمەش دەکاتە نزیکەی 17 بۆ 22 ملیۆن کەس.

لە تورکیا دوو لەسەر سێی هەموو کوردێک لە ناوچەی خۆیاندا دەژین، لە شارەکانی خۆیاندان کە ئێمە پێی دەڵێین باکوور.

یەک لەسەر سێی هەموو کوردەکانیش کۆچیان کردووە بۆ رۆژئاوای تورکیا. ئەو کوردانەی کۆچیان کردووە بۆ رۆژئاوای تورکیا ئیدی تەنیا کۆچبەر نین. نزیکەی نیوەی کوردەکانی رۆژئاوای تورکیا لەوێ لەدایکبوون. واتە ئێستا نەوەی دووەمی کوردە کۆچبەرەکان بۆ رۆژئاوای تورکیا دەژین و کوردن، بەڵام ئەمەش خۆی لە خۆیدا زنجیرەیەک جیاوازیی لێدەکەوێتەوە. بۆ نموونە، هەندێک جیاوازی دیمۆگرافی و سۆسیۆلۆژی لە نێوان کوردەکانی ناوچەی کوردنشین و کوردەکانی ناوچەکانی کە کۆچیان بۆ کردووە لە تورکیا.

رێژەی زانینی زمانی دایک لەنێو کوردەکانی رۆژئاوای تورکیادا کەمترە، بەڵام ئەوان زیاتر لەڕێی سیاسەتی ئۆپۆزسیۆنەوە لەگەڵ سیاسەتی تورکیا تێکەڵ بوون. هەروەها، ئەوانەی ناوچەکانی( باکوور) تورکیا جۆرێکی دیکە لەڕووی زمانی دایکییەوە جیاوازیان هەیە. دانیشتووانی کورد لە تورکیا دانیشتوویەکی گەنجن. لە تورکیا لە هەر سەت کوردێک 60 یان تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە، بەڵام لە دانیشتووانی تورکدا ئەم رێژەیە کەمدەبێتەوە بۆ 45%. بۆیە دانیشتووانی کوردی تورکیا گەنج و پڕ وزەن. هەروەها، چڕی یان ژمارەی ئەندامانی خێزان لەنێو کوردەکان دا  لە تورکیا زیاترە. کوردەکان لە تورکیا ئاستی خوێندەوارییان کەمترە. لە رووی خوێندن و باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لە دۆخێکی نالەباردان. پێموایە گەنجانی کورد ئەو مەودایە لەگەڵ گەنجانی تورک کەم دەکەنەوە. 

ئەمڕۆ زۆرینەی کوردەکانی تورکیا تا ئاستی خوێندنی باڵا دەخوێنن. ئەمەش وادەکات کە مەودای نێوان گەنجانی تورک و کورد کەم بکاتەوە، هاوکات ئەو مەودایەی نێوان خۆیان و دایک و باوکیان لەڕووی خوێندنەوە زیاتر دەکات. دواجار ئەوەی لەم سلایدەدا دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە دواکەوتووترین و نالەبارترین ناوچە لە رووی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، هەموو ئەو پارێزگایانە دەگرێتەوە کە کوردنشینن.

لە تورکیا دامەزراوە حکومییەکان ئەمەیان لە شەش پۆلی جیاوازدا پۆلێن کردووە. ئەو ناوچە خۆڵەمێشییەی لە تورکیا دەیبینن نەخشەی کوردستان نییە، لە راستیدا نەخشەی ناوچە هەرە نالەبارەکانی تورکیایە، کە هەمان پارێزگا کوردییەکان دەکات. 

ئەگەر بمانەوێ بزانین کوردەکان چۆن خۆیان لە چوارچێوەی ناسنامەیەکدا پێناسە دەکەن، بە شێوەیەکی گشتی کوردەکان خۆیان بە ناسنامەی دیموکرات و کوردی و ئایینی پێناسە دەکەن. واتە کوردەکانی تورکیا هەڵگری ناسنامەیەکی کوردین کە خاوەندارێتی لە ناسنامە کوردییەکەیان دەکەن و بەها دیموکراتییەکان قبوڵ دەکەن و هاوکات لەگەڵ ئایینیشدا پێکەوە تەبان. ئەگەر سەیری ئاستی قبوڵکردنی ئەم سێ ناسنامەیە بکەین، نزیکەی رێژەی چل لەسەدی کوردەکانی تورکیا هەست و رەفتارە ئازادیخواز و دیموکراتییەکانیان زیاتر دەردەخەن. رێژەی 30% یان رەفتارە پارێزگارەکان(موحافزەکار) زیاتر دەردەخەن. هەروەها، رێژەی %20 یان پرسی کورد وەک ناسیۆنالیزمی کوردی لە پێش هەموو شتێکەوەیە و نزیکەی %10 ییشان لەم دواییانەدا شتێکی نوێ سەریهەڵداوە ئەویش ئەوانەن کە هەڵگری ناسنامەیەکی عەلمانی و ئەتاتورکین. بەگشتیش لەسەر پێوەرێکی نێوان 0 تا 10سەیری تێکڕای کورد بوون دەکەین.  ناسیۆنالیزمی کوردی 5.41 ی لەسەر 10 هەیە. 

هەروەها کاتێک دەڕوانینە ئەوەی کورد چۆن خۆیان لە پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ تورکیادا دەبینن، بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین لە سێ گرووپدا پۆلێنیان بکەین. لە تورکیا لە هەر سێ کوردێک یەکێکیان پەیوەندییەکی سۆزداری بەهێزی لەگەڵ تورکیا هەیە. بەهەمان شێوەش لە هەر سێ کوردێک یەکێکیان پەیوەندییەکی لاوازی لەگەڵ تورکیا هەیە. ئەو کەسەی کە دەمێنێتەوە، ناتوانێت بڵێت پەیوەندییەکەی بەهێزە، بەڵام ناتوانێت بڵێت لاوازیشە. 

کاتێک ئێمە لێکۆڵینەوە لە ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیا دەکەین، ناتوانین بە ئینگلیزی پێی بڵێین کوردیش ناسیۆنالیزم. راستییەکەی ناتوانین پێی بڵێین ناسیۆنالیزمی کوردی. چونکە ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیا لە فۆرمێکی دیکەدا هەیە. بۆیە من تەنانەت وشەی ئینگلیزیشیم لەوێ نووسی و وشەی نەتەوەپەروەریم بەکارهێناوە واتە ئەو هەستەی کە دەتوانین پێی بڵێین ناسیۆنالیزمی کوردی، لە بەرزبوونەوەدایە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بە بەراورد لەگەڵ تورکەکان لە دواوەی ناسیۆنالیزمی تورکەکانەوەیە.

رێژەی ئەو کوردانەی کە لە ئاستێکی بەرزی نەتەوەپەروەریدا خۆیان دەبیننەوە 31٪ە، بەڵام ئەو رێژەیە لای تورکەکان لە ئاستی 60٪دایە.

لە نەتەوەپەروەری کورد سێ گروپی هاوتا هەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە نەتەوەپەروەری تورکی دا زیاتر شتێکی ئاستی ناوەند و بەرز هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە پێنوێنێکمان هەیە بە ناوی پێنوێنی خاوەندارێتی ناسنامەی کوردی. ئەمە لە گۆڕاوێک پێکدێت کە لە یەکگرتنی پرسیاری جیاواز درووست بووە. بەپێی ئەم گۆڕاوە، واتە بەپێی ئەم پێنوێنە، دوو لەسەر سێی کوردەکانی دانیشتووی تورکیا بە شێوەیەکی بەهێز خاوەندارێتی ناسنامەی کوردی دەکەن. لەناو ئەم دوو لەسەر سێیەدا، نەک تەنیا ئەوانەی دەنگ بە پارتی سیاسی کوردی دەدەن، بەڵکو گرووپێکی فرەچەشن هەیە.

نزیکەی 10ساڵە، واتە لە پرۆسەی چارەسەرییەکەی پێشووەوە، ناسنامەی کوردی ئیتر ناسنامەیەکە کە بە ئاشکرا لە تورکیا هەڵدەگیرێت و نیشان دەدرێت. پێش ئەوە وا نەبوو. ئەمەش پەیوەندی و خاوەندارێتی ناسنامەی کوردی بەهێز دەکات.

ئەگەر سەیری رەوشی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە تورکیا بکەین، لە هەر 10 کورد لە تورکیا، تەنیا 3 کەسیان دەتوانن بە ئاستێکی باش بە زمانی کوردی قسە بکەن. واتە کەمتر لە رێژەی 30٪ی کوردەکانی تورکیا بە کوردییەکی باش قسە دەکەن. هەروەها، هێندەی دیکەشیان لە ئاستێکی مامناوەند دا دەتوانن قسە بکەن. لەبارەی ئەو رێژەی چوار لەسەر دەیەی کە ماوە یان دوو لەسەر پێنجەی کە ماوە، بە نزیکەیی ئیدی زمانی کوردی لە ژیانی رۆژانەیان بەکارناهێنن و نایزانن یان زۆر لاوازە. ناسنامەی کوردی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ زمانی کوردی هەیە. کاتێک زمانی کوردی بەهێزە، پەیوەندی بە ناسنامەی کوردییەوە هەیە و بەهێز دەبێت، کاتێکش زمانی کوردی لاواز دەبێت، لەوێشدا زیانێک دەبینین.

رۆژ گیرەسون:  سوپاس، لەگەڵ ئەوەشدا لە تورکیا دەبینین بەکارهێنانی زمانی تورکی لە نێوان نەوەکاندا کەم بووەتەوە. ئەمە تارادەیەک پەیوەندی بە سیاسەتی توانەشەوە هەیە، تارادەیەک پەیوەندی بە مۆدێرنیزەکردنەوە، شارستانی بوون و لاوازی گواستنەوەی زمانەوە هەیە.

هەرچەندە بەکارهێنانی زمان لای کوردەکان کەم بووەتەوە، بەڵام پاشەکشەیەک لە داواکارییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە خوێندن و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا نییە. واتە تەنانەت ئەگەر بەکارهێنانی زمانی کوردی کەم بووبێتەوە، دەبینین کە پاشەکشەیەک لە داواکارییەکان بەرامبەر بە دەوڵەت سەبارەت بە زمانی کوردی نییە. دەبینین کە نزیکەی 80 کەس لە هەر 100 کوردێک داواکارییان هەیە سەبارەت بە بەکارهێنانی زمانی کوردی هەم لە خوێندن و هەم لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا. ئەمەش بەبێ جیاوازی پارتی سیاسی، وەک یەکێک لە داواکارییە هاوبەشەکانی نزیکەی هەموو کوردێک دەردەکەوێت.

دەزانن چەند مانگێکە لە تورکیا پرۆسەیەک بەڕێوە دەچێت، کە ئەویش پرسی مەدەنی بوون و بابەتی چەک دانانە و بەردەوامیش ئەم پرۆسەیە لە رۆژەڤی گشتیدایە. دوێنێش ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەی کرد. ئێمەش لە لێکۆڵینەوەکانماندا، بەردەوام لە کۆمەڵگەی کوردی دەپرسین سەبارەت بە چۆنیەتی روانینیان بۆ خەباتی چەکداری. نزیکەی رێژەی 65٪ی کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکی رەها دژی خەباتی چەکدارییە. نزیکەی رێژەی 20٪ نیگەرانن و سەریان لێ شێواوە. تەنیا رێژەی 15٪ بە دوودڵییەوە پشتگیری خەباتی چەکداری دەکەن و پێیانوایە ئەمە رێگایەکی ناچارییە.

لەڕاستیدا دەتوانین تێبینی بکەین کە ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان دوێنێ کردی، پشتیوانییەکی کۆمەڵایەتی لە لای کۆمەڵگەی کوردی هەیە.

رێها روهاڤیۆغڵو: ئەگەر بخوازین بەمشێوەیە چوارچێوە بۆ داواکارییەکانی کورد لە تورکیا دابنێین، کاتێک سەیری داواکارییە سەرەکییەکان دەکەین، بابەت و داواکارییەکانی پەیوەست بە کێشەی کورد لە تورکیا کەم تا زۆر لەم چوارچێوانەدا پۆلێن دەکرێن: یەکەم، نایەکسانی و نەهێشتنی نایەکسانی. ئەمە دەتوانێت هەم نایەکسانی لە چوارچێوەی جیاکاری ئیتنیکی، هەم نایەکسانی لەڕووی گەشەپێدانی ئابووری، و هەروەها نایەکسانی سۆسیۆکەلتووری لە خۆبگرێت. دووەم، دانپێدانانی دەستووری، واتە دەتوانین بڵێین چاوەڕوانی و داواکارییەک هەیە سەبارەت بە ناسینی فەرمی ناسنامەی کوردی. سێیەم، بەهێزکردنی بەشداری سیاسی و پێدانی یەکسانی لە مافی بەشداری سیاسی دا.

دەتوانین ئەمە شۆڕبکەینەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی وەک دانانی سەرپەرشتیاران [قەیووم] تا بەشداری سیاسی بەهێز بێت، واتە لەگەڵ ئەوەی کە توانای بەشداری سیاسی بەرفراوانە، بەڵام یەکێکیش لە پرسە سەرەکییەکان ئەمەیە. شتێکی گرنگی دیکە، دەستەبەرکردنی مافی خوێندن و قسەکردنە بە زمانی کوردی. هەر وەکوو پێشتر بەڕێز رۆژ باسی کرد. هەروەك چۆن پێشتر جەختمان لەسەر کردەوە، چارەسەرکردنی کۆتایی کێشەی کورد یەکێکە لە گەورەترین داواکارییەکان لە تورکیا. بەم شێوەیە دەتوانین چوارچێوە بۆ داواکارییەکانی کورد لە تورکیا دابنێین.

رۆژ گیرەسون: لێرەدا پرسیارمان کرد کە کوردەکان تا چ رادەیەک پشتیوانی لەم داواکارییانە دەکەن، بەتایبەتی داواکارییەکانی پەیوەست بە زمانی کوردی. رێژەی ئەو کوردانەی کە دەڵێن مناڵانی کورد دەبێت بە زمانی خۆیان لە قوتابخانەکان بخوێنن 73٪ە بووە، ئەم رێژەی 73٪ یە ئاستی کەمترینە. رێژەی ئەوانەی دەڵێن دەبێت ناسنامەی کوردی لە دەستووردا بناسرێت لە ئاستی 71٪دایە. رێژەی ئەوانەی دەڵێن دەبێت زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی 60% . رێژەی ئەوانەی کە دەڵێن دەبێت شارە کوردییەکان لە ڕووی ئابوورییەوە گەشە پێ بدرێن بەرزدەبێتەوە بۆ 81%. ئەمە رێژەی ئەوانەشە کە دەڵێن نایەکسانییەک هەیە. رێژەی ئەوانەی دەڵێن دەبێت دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکان زیاد بکرێن 75٪ە. رێژەی ئەوانەش کە داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دەکەن لە ئاستی 60٪ دایە.

بابەتی تورکیەیی بوون، نازانم ئایا بە کوردی دەبێت بە "بوون بە تورکیایی" وەری بگێڕین یان نا. بابەتێکە کە زۆر جار باسی لێوە دەکرێت.

ئەمەش بابەتێکە هەم لە رۆژەڤی سیاسەتی کورد دایە و هەمیش دەمێکە رووناکبیرانی کورد گفتوگۆی لەسەر دەکەن. ئێمە لە ماوەی ئەم ساڵاندا ئەو پرسیارە لە کۆمەڵگای کوردی دەکەین و هەوڵ دەدەین گۆڕانکارییەکان لەو بارەیەوە بپێوین. ئەوەی دەردەکەوێت ئەوەیە کە بە تێپەڕبوونی ساڵەکان، پشتیوانی لەم سیاسەتی بوون بە تورکیایی یان تورکیەیی بوونە زیادی کردووە و دەبینین کە ئەم پشتیوانییە لە لای کوردەکانی دەنگدەر بە پارتە سیاسییە جیاوازەکانیش زیادی کردووە.

رێها روهاڤیۆغڵو: ئێستا چەند داتایەکی کورت سەبارەت بە کەلتووری گشتیی کوردەکان پێشکێش دەکەین و رەنگە بەو شێوەیە کۆتایی پێ بهێنین.

بەرزترین پەیوەندی کوردەکان لەگەڵ زمانی کوردی لە بەکارهێنانی مۆسیقادایە. نزیکەی رێژەی 85٪، کوردە پێگەیشتووەکان لە تورکیا لە ژیانی رۆژانەیاندا، کەم یان زۆر، بە زۆری یان بەکەمی، گوێ لە مۆسیقای کوردی دەگرن. هەروەها، نزیکەی نیوەی پێگەیشتووان دەڵێن کە لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا فیلمێکی کوردیان بینیوە. رێژەی 44% دەڵێن کە لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا چوونەتە کۆنسێرتێکی کوردی و سێیەکیشیان 1/3 دەڵێن کە لانیکەم کتێبێکی کوردییان خوێندووەتەوە. ئەو سێ رێژەیەی کە دوایین جار باسم کرد لەوانەیە رێژەی کەم بن، چونکە تەنانەت ئەگەر لە هەموو ژیانیاندا جارێکیش کردبێتیان ئەژمار کراوە. بەڵام مۆسیقا شتێکە کە رۆژانە بە ئاستێکی بەرز بەکار دەهێنرێت.

با بزانین ئەوانەی گوێ لە مۆسیقا دەگرن چۆنە... ، با چاو لە داتاکان بکەین. کاتێک سەیری ئەوە دەکەین کە زۆرترین کات گوێ لە چی، کێ دەگرن، ئەم ناوانە دەبینین. کاتێک سەیری پێنج ناوی سەرەوە دەکەین، دەبینین کە هێشتا ناوەکانی دنیای مۆسیقای کوردی نەریتین، بەڵام دەبینین کە لیستەکەش نوێ بووەتەوە، گەنجتر بووە و فرەچەشنتر بووە. بۆ نموونە، ئەحمەد کایا، شڤان پەروەر و جوان حاجۆ، وەک هونەرمەندە نەریتییەکان، شوێنی خۆیان لە لیستەکەدا پاراستووە، لە کاتێکدا کە ئێستا هونەرمەندە نوێیەکان وەک ئاینوور دۆغان و مەم ئارارات و رۆژدا، لەم لیستەیەدا دەبینین و بەشدار دەبن. واتە مۆسیقای کوردی فرەچەشنتر و مۆدێرنتر دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک سەیری حەزی خواردنی کوردەکانی تورکیا دەکەین، دەبینین کە حەزی خواردن، گرنگیدان بە خواردن لای کوردەکانی تورکیا هێشتا نەریتییە. واتە لەکاتێکدا لە مۆسیقادا مۆدێرنیزەبوونێک، نوێبوونەوەیەک و سووڕانەوەیەک هەیە، خواردن هێشتا وەک خۆیە و، تامی خواردن هێشتا شوێنە نەریتییەکەی خۆی پاراستووە. خواردنە هەرە خۆشەویستەکان دۆڵمە، کەباب، خواردنە گۆشتییەکان وەک خواردنی کوردین، واتە یەکەم جار کە باسی چێشتخانەی کوردی دەکرێت، ئەو خواردنانەن کە یەکەم جار بە بیری مرۆڤدا دێن ئەوانەن.

ئێستا ئەوەی لێرەدا باسمان کرد و هەم بە گشتی بارۆمەتری کوردی بەشیوەی ئاسایی پێشکێشکردنێکی یەک کاتژمێرییە، بەڵام نەمانویست ئێوە زۆر بمێننەوە. ویستمان باسی ئەوەتان بۆ بکەین کە تەرکیزمان لەسەر چی کردووە؟ بۆ ئەوەی بزانین کە ئەم لێکۆڵینەوەیە چیمان پێ دەڵێت، دیسان قسەکردن دەدەمەوە بە رۆژ.

رۆژ گیرەسون: ئێستا لە پرسیارەکانماندا سەبارەت بە کوردەکان لە تورکیا کە ماوەیەکی زۆرە دەیپرسین، جیاوازییەکی روون دەردەکەوێت. ئێستا جیاوازییەک هەیە لەنێوان کوردەکانی ناوچەکە و کوردەکانی رۆژئاوا. واتە کوردکانی رۆژئاوای تورکیا لەگەڵ کوردەکانی باکووری کوردستان.

جیاوازییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە نێوان کوردەکانی ژیان لە میترۆپۆلەکانی تورکیا، میترۆپۆلەکانی رۆژئاوا قووڵتر دەبێتەوە. لە کاتێکدا ناسنامەی کوردی و ناسنامەکانی پەیوەندیدار بە پارتەکان بە بەهێزتر لای کوردەکانی ژیان لە ناوچەکە دەردەبڕدرێن، لای کوردەکانی رۆژئاوای تورکیا ناسنامەی بەرهەڵستکار دێتە پێشەوە. بۆ نموونە نزیکبوونەوەیەک لە پارتی گەلی کۆماری دەردەکەوێت. پەیوەندی بە نزیکبوونەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا هەیە. مەسەلەی دووەم، ئەم مەسەلەی تورکیەیی بوونە. لەبەر ئەوەی کە بابەتێکی گفتوگۆی زۆر جیددییە، پێویستە جارێکی دیکە جەختی لەسەر بکەینەوە.

دەبینین کە ئەمە زۆرتر وەک پرۆسەیەک هاتووەتە پێشەوە نەک وەک پڕۆژەیەک کە سیاسەتی کوردی داناوە، کۆمەڵگە مەیلێکی نیشان داوە بۆ بەرەو تورکیەیی بوون، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە مەیلێکی بەو ئاراستەیە نیشان داوە. رەنگیشە سیاسەت ئێستا تەنیا بتوانێت ئەمە بکاتە پڕۆژە. بابەتێکی دیکەش پەیوەندی بە مەسەلەی بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە هەیە، دیسان پرسێکی گرنگە و  پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە.

لە تورکیا زۆرجار رەخنە و گفتوگۆ دێتە پێشەوە سەبارەت بە ئەوەی کە کوردەکان بە کوردی قسە ناکەن، لە زمانی کوردی، ناسنامەی کوردی و هتد دوور کەوتوونەتەوە. ئەمە دەکرێتە ئارگیومێنتێکیش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانین بە ڕوونی دەریببڕین کە لە تورکیا، هەرچەندە ناسنامەی کوردی لە ڕووی کەلتوورییەوە لاواز بووبێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە پاشەکشەی نەکردووە.

ئەم مەسەلەی مەدەنی بوون و تورکیەیی بوونە کە لەم لێکۆڵینەوەیە و لێکۆڵینەوەکانی دکەشدا دەرکەوتووە، ئێمەی بردووەتە شوێنی تریش. هەروەها،  لە لێکۆڵینەوەی دیکەی گشتگیر و فراوانتردا کە چاو لە داتاکان دەکەین و دەبینین دیاردەی سەلاحەدین دەمیرتاش هەیە، کە ئەم دیاردەیە لەم دواییانەدا بە بەهێزی لە لێکۆڵینەوەکان دا دەردەکەوێت. ئەمەش لەوانەیە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە دەمیرتاش وەک گوتەبێژ و، ئایکۆنی پرۆسەی مەدەنی بوون، دیموکراتیزەبوون و تورکیەیی بوونی کۆمەڵگای کورد دەرکەوتووە.

رێها روهاڤیۆغڵو: بەڵێ، گەیشتینە کۆتایی.  زۆر سوپاس بۆ گوێگرتنتان. ئەوەی ئێمە دەمانویست باسی بکەین ئەوەندە بوو.

نازانم لەم بەرنامەیەدا فۆرماتی پرسیار و وەڵام هەیە یان نا، بەڵام ئەگەر هەیە دەتوانین وەڵامی چەند پرسیارێک بدەینەوە. واتە ئەگەر پرسیار هەیە.... وابزانم نییە. باشە. سوپاستان دەکەین.

February - 2025
Friday
28
12:00 PM
-
12:20 PM
Share this Post

چالاکی