چالاکی

رێککەوتنی شەنگال لە مێزگردێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداودا

16-12-2020


 

RRC |

ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو|

رێککەوتنی شەنگال لە مێزگردێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداودا

ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو مێزگردێکی تایبەتی بە تاووتوێکردنی رێککەوتنی شەنگال لەنێوان هەولێروبەغدا لە بەرواری ١٥/١٢ لە دهۆک رێکخست.  لە مێزگردەکەدا کە نوێنەری لایەنەسەرەکیەکانی نێو شەنگال و بەرپرسانی حکومەتی عیراق و هەرێمی تیادا بەشدار بوو، هەڵسەنگاندن بۆ قۆناخەکان و، پاڵنەرو بەربەستە سیاسی وسەربازییەکانی رێککەوتنە و ئایندەی شەنگال کرا.

”کێشە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدایە”

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم وزۆرێک لەلایەنە یەزیدیەکانی شەنگال رێککەوتنەکە بە باش دەزانن بەڵام رەخنەو سەرنجیان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنێتی.

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لەسەرەتای قسەکانیدا ووتی ”ئەم رێککەوتنە یەکێکە لە هەرە گرنگترین رێککەوتنەکان کە لە قۆناغی هەستیاردا ئەنجامدراوە. ئەگەر سەربگرێت هەردوو حکومەتی عیراق وهەرێمی کوردستان زیاتر لەیەک نزیکدەبنەوەو دەبێتە هۆی چارەسەری کێشەکانی نێوانیان” و، ”ئەم رێککەوتنەش گرنگە نەک تەنها لە بەرگرنگی شوێنەکە، بەڵکو گرنگە بۆ دروست کردنی متمانە لەنێوان هەردوولادا”. بەڵام ئەو سەرنجی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هەیە ودەڵێت ئەو هێزانەی كە دەبوایە لە شەنگال دەربچوونایە، ئێستا لەژێر ناوی دیكەدا ماونەتەوە:”کێشە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدایە کە زیاتر گۆڕینی بارەگا و رەنگ بووە و وەکو پێویست جێبەجێنەکراوە”.

”دەستی دەرەکی لە رێککەوتنەکەدا نیە”

سەعید ئەلجیاشی راوێژکارلە ئاسایشی نەتەوەیی عیراق دەڵێت کە ”رێککەوتنەکە تەنها لایەنی عێراقی تێدابووەو تەنانەت عێراق رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکانیشی قبوڵ نەکردووە كە دەکرێت دوای رێککەوتنەکە قسەیان هەبێت.” ئەو بە تووندی بەرگری لە رێککەوتنەکە كرد کە خۆی یەکێک بووە لە داڕێذەرانی بەندەکانی وەکو لایەنی عیراقی و رایگەیاند کە ئەوان  ”بەدەر لە راوێژ بەلایەنە سەرەکیەکانی ناو عێراق و کوردستان، راوێژیان بە لایەنەسەرەکیەکانی شەنگال کردووە لەناویشیاندا خەڵکی شەنگال.”گوتیشی:”لەڕووی هونەریشەوە دیاریکراوە کە کێ بەرپرسە لەوەی چی جێبەجێبکات.” ئەو بەپێچەوانەی زۆربەی بەشداربووان، زۆر بە گەشبینیەوە باسی جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنەکەی کرد و جەختی كردەوە كە ئەوان ناوەستن و رۆژانە پێشکەوتن بەدیدێنن:””لە ئێستادا سەرقاڵی پووچەڵکردنەوەی بۆمبەکانی ناو شەنگالین و خەڵکیش دەستی کردووە بە گەڕانەوە. بە سەدان وهەزاران خەڵک دەگەڕێنەوە هەموو ئەمانەش لە کامپەکان نین، خەڵکێک هەیە خانووی خۆی هەیە.”ئەلجیاشی ئەوەشی گوت كە ”لە ئێستادا زۆربەی هێزە چەکدارەکانی ناو شەنگال بە رێژەی زیاتر لە %٨٠ چوونەتە دەرەوەو هێزە عیراقیەکان لەشوێنیان جێگیربوون، ئاسایشی شەنگالیش تەنها بەدەست عیراقەوە دەبێت و نابێت هێزی دیكەی لێبێت.”

شەشۆ: ئێزدییەکانی شنگاڵ رۆڵیان لە رێککەوتنەکەدا نەبووە

حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شەنگال رەخنە لەوە دەگرێت کە رۆڵ بە ئێزیدییەکانی شەنگال نەدراوە:”رێککەوتنی شەنگال جێی رەزامەندی ئێمەیە ئەگەر بەباشی جێبەجێبکرێت. رێککەوتنەکە کێشەی زۆری تێدایە و هێزەکان لە ژێر ناوی دیكەدا دەمێننەوە. خەڵکی شەنگال رۆڵی سەرەکی لە رێککەوتنەکەدا نەبووە. لەڕووی ئەمنیشەوە هێزی زۆری تێدایە. لە رووی ئیدارییەوە پێویستە رای خەڵکی شەنگال وەربگیرێت و وەکو پێشوو ئیدارەیەک بەسەریاندا نەسەپێندرێت.”

شەشۆ رەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی عیراقیش گرت و گوتی:”کێشەکە ئەوەیە كە حکومەتی عێراقی لەچاو مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێزدییەکان، مامەڵەی لەگەڵ ئەوانە باشترە کە ئێزدییەکانیان چەوساندۆتەوە.” هاوكات جەهوەر عەلی، نوێنەری میری ئێزدییان داوای كرد رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت و رۆڵ بە خەڵکی شەنگال بدرێت و هێزی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە. نوێنەری میری ئێزدیان داواشیکرد كە دەرفەت بدرێت حکومەتی خۆجێیی بگەڕێتەوە شەنگال و گوتی:”دەمانەوێت رۆڵ بدرێتە ئەو شەڕڤانانەی کە خوێنی خۆیان رشتووە، کە سەدان شەهیدمان داوە لەسەر چیای شەنگال، دەمانەوێت رۆڵ بدرێتە ئەو هێزانەی شەڕی سەر چیای شەنگالیان کرد.”

”ئاسایشی ئێزیدخان تا ئێستا لە ناوشەنگالە”

حەسۆ ئیبراهیم  جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری خۆسەری شەنگالیش رایگەیاند كە” وەکو یەبەشە لە شاردا نەماوین، حەشدیش چوونە دەرەوە. ئاسایشی ئیزدخان ٦٠٠ ئێزدین و بەپشتیوانی میللەتی خۆیان تا ئێستا لەشوێنی خۆیان ماون.” ئەو زۆر دڵخۆش نییە بەم رێککەوتنە و داوای لە هەولێروبەغدا كرد کە لەسەر ”جینۆساید و نەهامەتیەکانی خەڵکی شەنگال ریككەوتن نەكەن، بەڵكوو لەسەر کەرکوک، سنوورو مووچەی خۆیان رێككەوتن بکەن. خەڵکی شەنگال رۆڵی لە رێککەوتنەکەدا نەبووە.”

لەوەڵامی رەخنەیەكیشدا، رەتیکردەوە كە ئەوان هێزی نافەرمی بن و جل و ناوی خۆیان گۆڕیبێت و گوتی:”لە دوای چوونە دەرەوەی پێشمەرگە دۆخی ئەمنی شەنگال باشە. ئێمە ئاسایش و کەرامەتی خەڵکی عیراق و شەنگالمان پاراست. ئێمە لەهەموو هێزێکی دیكە فەرمی ترین”. لەگەڵ ئەوەشدا رەتیکردەوە کە ئەوان سەر بەپەکەکە بن بەڵام گوتی كە پێویستە ”هەر ئێزیدیەک سوپاسی پەکەکە بکات.” مەحما خەلیل قایمقامی شەنگالیش لەگەڵ ئەوەدا كە لەگەڵ رێککەوتنەکەیە و بەدەستووری و داواکاریی خەڵکی شەنگال ناوی برد، گوتی کێشە لە جێبەجێکردنیدایە و”هێزەکان ناو و جلی خۆیان گۆڕیووەو چوونەتە چیای شەنگال. ئەوانەش نادەستوورین و سەربە پەکەکەن” داوای لە حکومەتی عێراقیش كرد كە لە ”چیای شەنگال دەریان بکات.”

خالید ئەلدبوونی ئەندامی دەستەی سیاسی بەرەی رزگاری و گەشەپێدان پرسیار لە جووڵەپێکردنی هێزە چەکدارەکانی ناو شەنگال دەکات و گوتی:” لەڕووی ئەمنیەوە، ئەو هێزانەی دەردەکرێن دواتر بۆ کوێ دەچن؟” ئەوەش بە ناڕوونی مایەوە. سەیدۆ شەنگالی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواش لەگەڵ ئەوەی كە پێیوابوو كە رێککەوتنە لەسەر وەرەقە زۆرباشە، بەڵام جەختیكردەوە كە لە جێبەجێكردندا سفرە. ئەو گوتی:”دەبوایە کاتێک دیاریبکرایە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکان”. دەخیل قاسمیش قایمقامی پێشووی شەنگال كە لە حكومەتی بەغداشدا وەزیری دەوڵەت بووە، پێیوابوو كە ئەم رێككەوتنە “بەبێ چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرناگرێت.” ئەمە لە كاتیكدابوو كە زوهرە تابووری بەرپرسی یۆنامی لە نەینەواش بەشداربوویەكی مێزگردەكە بوو، هەرچەند كە وای پێ باش بوو هیچ لێداوانیك لەسەر رۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان لە رێككەوتنی شەنگالدا نەدات.

 

Share this Post

چالاکی