چالاکی

رۆڵی ئافرەت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

08-03-2023

رۆڵی ئافرەت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست


 سەرهەنگ ئەحمەد

لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی هەولێر 2023دا، پانێڵی"رۆڵی ئافرەت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"، بە بەشداریی د.نادیە ئەمیر، راوێژکار لە دامەزراوەی تویژینەوەی زانستی لیبیا، د.نورشین ئاتەش ئوغلۆ گونەی، ئەندامی دەستەی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و د.خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، کە لە لایەن ئەڤین کەریم، ئیدیتەر لە دیسکی ئینگلیزی رووداو مۆدیرەیتەر دەکرا بەڕێوەچوو، ئەم پانێڵە بە هاوبەشی ناوەندی ئۆرسام و ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو رێكخرابوو.

لە سەرەتای گفتوگۆکەدا تیشک خرایەسەر ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە لە ناوچەکەدا روویانداوە بە تایبەت بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کاریگەریان لەسەر رۆڵی ئافرەت.

د.نادیە ئەمیر، راوێژکار لە دامەزراوەی توێژینەوەی زانستی لیبیا، باسی لەوە کرد کە ئافرەتان داواکارییان زۆر بوو لەکاتی شۆڕش و ئەمە وایکرد دەنگیان بگاتە وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. وتیشی ئافرەتانی لیبیا بەتایبەت رۆژئاوای لیبیا رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکراسی و دەستوریی.

لەلایەکی دیکەوە، د.نورشین ئاتەش ئوغڵو باسی ئەو حەز و خولیایەی کرد کە ئافرەت هەیبوو بۆ شەڕکردن لەپێناو ژیانێکی باشتر لەکاتی شۆڕشەکان لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو گوتی بەڵام بەداخەوە لەدوای شۆڕشەكان، ئافرەت گەڕێندرایەوە دواوە و گرنگی بەشتی دیکە درا. هەژموونی ئاینیی وسیستمی پیاوسالاری شتێکە بەگشتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدەستییەوە دەناڵێنێت. گوتیشی ئەوەی من پێشنیازی دەکەم تەنیا پەروەردە نییە، بەڵکو رۆڵی پەروەردە بەشێوەیەک دەبێت لە ئاستێکی وابەرز و کاریگەربێت ئافرەت بەرزبکاتەوە بۆ رۆڵبینین لە شوێنە گرنگەکان و ناوەندەکانی بڕیاردا.

خانزاد ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی سەرهەڵدان و قۆناخی گواستنەوە لەسەر یەکسانی جێندەری و مافی ئافرەت دەدرێن کاتێک بە سەقامگیری گەیشتن، لەبیر دەکرێن و گوتی: "بە بۆچوونی من، بۆ ژنان ئەستەم نییە هاوپەیمانەکانی خۆیان بدۆزنەوە و بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆیان بخەنە ئەجێنداکانی حکومەت و کاری هاوبەش بکەن." 

خانزاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، کارکردن لە پرسی ژنان ناکرێت لە پرسەکانی دیکە جیابکرێتەوە و "پرسی ژنان پەیوەستە بە هەموو پرسەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگە"؛ گوتیشی، بۆ بەرهەمهێنەربوونی هەوڵەکان، پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژنان و ئافرەتان، ''بە تاکلایەنی و رادیکاڵبوون مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە نەکرێت." 

بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، لە سەرهەڵدانەکانی باشووری کوردستان، ژنان رۆڵێکی زۆر کارایان گێڕاوە و دەستخۆشیش لە رێکخراوە مەدەنییەکان و پەرلەمانی کوردستان دەکات کە هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی بەڵێنەکانی سەردەمی راپەڕینی کوردستان بخرێنە ئەجێندای کاری حکومەت. 

خانزاد ئەحمەد دەڵێت، "لە ساڵی 2005 کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی بودجەی خۆی و حکومەتێکی یەکگرتوو، بووژانەوەیەکی زۆر لە مافەکانی مرۆڤ روویدا و "گرنگترین کۆڵەکەی مافی مرۆڤ، مافی ژنان بوو کە تاوەکو ئێستا و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی پێوە دیارە." 

هەروەها، سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنە ئاماژەیدا بەوەی کە سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کورستان بایەخێکی زۆر بە پرسی ژنان دراوە، بەڵام "هێشتا ئاستەنگی زۆر دەبینرێت" و گوتیشی، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە دامەزراوە حکومییەکان، حیزبی سیاسی و پەرلەماندا هەن، "بەڵام بە بۆچوونی من، بەشداری ژنان لە هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی بێ کەموکووڕی نییە و پێویستی بە پشتگیرییەکی زیاتر هەیە."

هەر لە درێژەی پانێڵەکەدا، د.خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان ئاماژەی بەوەکرد کە بەپێی ئەو ئەزموونەی خۆی گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە بابەتی پرسی ئافرەت پرسێکی سیاسییە و لە کارنامەی هەموو ئەو سەرهەڵدانانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتی یەکسانی ژن و پیاو ئاماژەی پێکراوە. وتیشی پێویستە ژنان هاوبەشەکانیان لە کەسایەتییە گرنگەکان بدۆزنەوە تاوەکوو بە یارمەتی ئەوان پرسی ژن بە یاسایی بکرێت و بخرێتە پەرلەمانەوە. چاڵاکوانانی ژنان نابێت بە تاکلایەنانە کار بکەن ئەگەر بیانەوێت بەرهەمیان هەبێت.

هاوکات باسی دوو خاڵی زۆر گرنگی کرد کە رۆڵیان هەیە لە بەرەوپێشبردنی پرسی ژن ئەویش بودجە لەلایەکەوە و دامەزراوە و کارنامە و نەخشەڕێگەش لە لایەکی ترەوە. لەبارەی بەشداری ژنانی کورد لە جەنگدا، دکتۆرە نادیە وتی سروشتی ژن بۆ جەنگکردن نییە بەڵام ئافرەتانی کوردستان و ئافرەتی عەرەب نموونەی ئافرەتانی نموونەیی و خاوەن توانای بەرزن.

د.نورشین باسی لەوەش کرد کە دەرچوون لە رێککەوتننامەی ئیستەنبۆڵ مانای ئەوە نییە ئافرەت چیتر ناپارێزرێت. پێوەر و رێککاری تر زۆرن وەک ماڵەکانی داڵدەدانی ژنان و دابینکردنی پاڵپشتی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆیان.

وتیشی چی بۆ ئافرەتانی ئەنکەرە و ئیستەنبۆڵ بکرێت هەمان دەرفەتیش بۆ ئافرەتانی ناوچە کوردییەکانیش هەیە وەک مافی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەرگیز جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیمان نەکردووە.

نوێدەکرێتەوە...

March - 2023
Wednesday
08
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی