چالاکی

رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: ئەولەویەت و کاریگەری

08-03-2023

رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: ئەولەویەت و کاریگەری


گفتوگۆی باڵیۆزی رووسیا لە كۆڕبەندی هەولێر 2023

سۆما زرار

لە گفتوگۆیەکی تایبەت و لەمیانەی چالاکییەکانی رۆژی دووەمی کۆڕبەندی هەولێر 2023دا بەناونیشانی "رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: ئەولەویەت و کاریگەری"، ئیلبرۆس کۆتراشێڤ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، وەڵامی چەند پرسیارێكی د. رێبەر جافی دایەوە كە گفتوگۆكەكەی بەڕێوە دەبرد.

بێگومان كاتێك باس لە رووسیا دەكرێت ناكرێ پرسیاریك سەبارەت بە شەری ئۆكراینا لە ئارادا نەبێت هەرچەندە تەوەرەكەش باسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت. باڵیۆزی رووسیا خواستی وابوو كە زیاتر لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرسباری لێبكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەڵامی  پرسیاری تایبەت بە شەڕی ئۆكارایناشی دایەوە.

ئیلبرۆس کۆتراشێڤ، رەتیكردەوە كە ئەوەی لە ئۆكراینا روودەدات جەنگ بێت و گوتی تەنیا ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتە و ئەگەر ئەوە شەڕبوایە سەركردەی وڵاتانی رۆژئاوا نەیاندەتوانی بە ئاسانی سەردانی كیێڤ بكەن. هەروەها، جەختی لەوەكردەوە كە ئەوەی لە ئۆكراینا روودەدات كاریگەری سیاسی و ئابووری دوورمەودای لەسەر جیهان دەبێت و گوتی كە وڵاتەكەی ئامادەی دیالۆگە، بەڵام جیهان وەك پێشتر نامێنێت و ئیدی ئەوان متمانەیان بە رۆژئاوا نەماوە.

ئیلبرۆس کۆتراشێڤ، رازی نەبوو وەک میوان ناوببرێت و گوتی:" من لە ساڵی 1998 ەوە بەردەوام لە عیراق و سووریا کاردەکەم و ئەرکەکانم بەڕێوەدەبەم و میوان نیم." ئەو دواتر سوریا، لیبیا و عیراقی وەك سێ شوینی گرنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوبرد كە لە رێزی شوینە لە پێشینەكانی رووسیان لە ناوچەكە.

ئیلبرۆس کۆتراشێڤ ئاماژەی بەوەکرد، كە هاوکاریان لەگەڵ تورکیا و ئێران بەردەوام دەبێت لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ئاستانە و پاڵپشتی سووریا دەکەن لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە بۆ چارەسەکردنی قەیرانەکان.

دواتر لەبارەی عیراق و لیبیاوە ئاماژەی بەوە کرد کە سەروەری ئەو دوو وڵاتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و دەمانەوێت لیبیا هەر بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. عێراقیشی وەك وڵاتێكی گرنگ و جێی بایەخ بۆ خۆیان هەژمار كرد.

 باڵیۆزی رووسیا لە قسەكانیدا هەوڵیدەدا رەخنە لە سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكە بگریت بابەتی گشتپرسی هەرێمی كوردستانی بە نموونە هێنایەوە كە ئەوان هەر لە سەرەتا لێی بێدەنگ بوون، چونكە هەرجۆرە هەڵوێستێكی ئەوان دەیتوانی نیگەرانی لەملا و لەولاو دروستبكات، بەڵام بە گوتەی خۆی ئەمریكا بەوجۆرە نەجووڵایەوە.

پرسیار: بەدڵنیاییەوە باسی ئۆکراینا دەکەین. ئۆکراینا ئێستا لە هەموو جیهاندا سەردێڕە. لە دوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی رابردوو، ئەمریکا چەندین هاوپەیمانی بۆ سەپاندنی کۆمەڵێک سزای فراوان بەسەر رووسیا و کۆنترۆڵکردنی هەناردەی رووسیا پێکهێنا و هانی وڵاتانی دیکەش دەدات مامەڵە لەگەڵ رووسیا نەکەن. ئەم سزایانە چۆن کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە بازرگانییە جیهانییەکانی وڵاتەکەت داناوە، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئێمە لەم کۆڕبەندەدا باسی دەکەین؟

ئێڵبرۆس کۆتراشیڤ: پێش هەموو شتێک، ئەوەی ئێمە دەیکەین جەنگ نییە، ئەگەر جەنگ بووایە، ئێستا ئۆکراینا هەر نەما بوو، بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەتە. راستە زۆر فراوانە بەڵام هەر جەنگ نییە؛ ئەوە تێبینییەکی بچووک بوو ویستم بیڵێم بەڵام زۆریش گرنگە. توانای سەربازیی رووسیا ئەوەندە گەورەیە دەتوانێت خۆی لە هەڕەشەی وڵاتی زۆر گەورەتر و مەترسیدارتر بپارێزێت کە لەسەر نەخشە هەن، بۆیە ئۆکراینا کێشەیەکی گەورە نییە و ئەوەی ئێمە لە ئۆکراینا دەیکەین ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی سەربازییە، نەک جەنگ. بۆ سەلماندنی ئەمەش ئەوە دەڵێم، ئەگەر ئەمە جەنگ بووایە، هیچ سەرکردەیەکی رۆژئاوا نەیدەوێرا سەردانی کیێڤ بکات. بۆ نموونە، لە ماوەی پێشوودا سەرۆکی ئەمریکا سەردانی کیێڤی کرد و پێش ئەویش چەندانی دیکە سەردانیان کردبوو. ئەمە شتێکی گرنگە بیزانیت. هەر پرسیارێک لەبارەی ئەوە هەبێت، ئامادەم وەڵام بدەمەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە باسی ئەوە بکەین کە دۆخەکە کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان هەیە، من دەڵێم کاریگەریی دوورمەودای لەسەر ئابووری و سیاسەتی جیهان دەبێت. بۆیە سەختە بتوانیت باسی هەموو لایەنێکی ئەم بابەتە بکەیت، بەڵام دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە کە جیهان وەک پێشتر نامێنێت. رووسیا ئێستا سەرنجەکانی لە سیاسەتی جیهانیدا گۆڕیوە؛ پێشتر زۆر پشتمان بە پەیوەندی و گفتوگۆکانمان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا دەبەست کە ئەمریکا و ئەوروپا بوون، بەڵام ئێستا بە تەواوەتی متمانەمان بەوان لەدەستداوە. ئامادەین پەیوەندییەکان ئاسایی بکەینەوە، بەڵام چیدیکە متمانەمان پێیان نییە. ئێستا ئاراستەمان بۆ هاوبەشەکانمان لە ئاسیا، ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕیوە. ئێستا پەیوەندیی بەهێزترمان لەگەڵ زۆر وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە کە پێشتر وەک هاوپەیمانی ئەمریکا ناسرابوون، یان با بڵێین پەیوەندییان لەگەڵ رووسیا زۆر باش نەبوو. ئێستا زۆر باشن لەگەڵمان.

پرسیار: کەواتە تۆ ناوی نانێیت جەنگ، بەڵکو ناوی دەنێیت ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بەڵام هۆکاری ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چییە؟ پێت وایە چۆن کۆتایی دێت؟ چەند کاتی پێدەچێت تاوەکو کۆتایی دێت؟

ئێڵبرۆس کۆتراشیڤ: من، چاوەڕێم دەکرد باسی رووسیا بکەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگترە لە ئۆکراینا. بەڵام ئەگەر باسی ئۆکراینا بکەین، ئەوە بۆ ئەوەیە تۆ ئاسوودە بکەم، کێشەم نییە. ئەمە جەنگێکی دەستکردە بەرۆکی رووسیای گرتووە. ئێمە [ئۆکراینا] وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردنی رووسیا دەیبینین. بۆیە نامەوێت ئەم ئامادەبووانە بە وردەکاری زۆر، بێزار بکەم، بەڵام بۆ ئێمە ئەمە کێشەی هەبوونە و ئێمە ئێستا بۆ داهاتووی نیشتمانەکەمان تێدەکۆشین. ئێمە نادۆڕێین، ئەوە ئەستەمە. هەموو توانای خۆمان بەکاردەهێنین ئەگەر پێویست بکات. ئێستا هەموو ئەو توانایەمان بەکارنەهێناوە کە هەمانە، لە بواری سەربازی و بوارەکانی دیکەشەوە، بەڵام ئەگەر ئەم شەڕە بەردەوام بێت، ئێمە توانا و هێزی زیاتری خۆمان بەکاردەهێنین. لەبارەی ئەمەشەوە دەڵێم، من زیاتر خەمی داهاتووی ئۆکراینامە کە ئێستا قوربانی دەستی سیاسەتی رۆژئاوا و سیاسەتی گێلانەی سەرۆکایەتی وڵاتەکە خۆیەتی. من نیگەرانی داهاتووی رووسیا نیم. بەدڵنیاییەوە، ئێمە نیگەرانی کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕەکە و سزاکانین لەسەر ئابووری جیهان و ژیان لە تەواوی جیهان، بەڵام ئێمە قوربانیی دۆخەکەین، چونکە سزاکان بەسەر ئێمەدا سەپێنراون. ئێمە دەبێت ئەم کێشانە چارەسەر بکەین. دەبێت بەشوێن هاوبەشی دیکە و رێگەی دیکەدا بگەڕێین بۆ بەردەوامیمان، دوای ئەو سزایەنەی بەسەرماندا سەپێنراون. دوو لەو هاوبەشانەشمان عێراق و بە تایبەتتریش بڵێم، ئێرە، هەرێمی کوردستانە.

پرسیار: لای تۆ سێ لەپێشینەترین ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ رووسیا کوێیە؟ بە تایبەتتر بڵێم لە عێراق. 

ئێڵبرۆس کۆتراشیڤ: من ئەم کێشەیەم باس کرد لەم کۆڕبەندەدا ساڵێک یان دوو ساڵ لەمەوبەر، بۆیە وەڵامەکەم ئەوەندە نەگۆڕاوە، بەڵام گرنگی ئەم ناوچەیە زیاتر بووە. ئەگەر بە گشتی قسە بکەین، شوێنی ژمارە یەک لەپێشینە لای ئێمە سووریایە. وا بزانم هەمووان تێدەگەن کە هۆکارەکەی چییە. سووریا لە دوو لاوە شوێنی لەپێشینەیە بۆ ئێمە. یەکەم، ئێمە پاڵپشتی سووریا دەکەین وەک وڵاتێک، ئەویش نەک لە رووی سەربازییەوە بەڵکو لە رووی ئابووریشەوە. بۆ ئێمە ئەو کارە سەختە، بەڵام هەر دەبێت بیکەین، چونکە سووریا هاوپەیمانمانە. دووەم، ئێمە مامەڵە لەگەڵ کێشەی سووریا دەکەین لە رووی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی بەهۆی شەڕەوە لە نێوخۆی سووریا دروستبوون. ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی لووتکەی ئەستانەوە دەکرێت کە لەوێ ئێمە هاوئاهەنگی لەگەڵ تورک و ئێرانییەکان دەکەین. ئەمەش رێگەیەکی کاریگەرە بۆ وەستاندنی شەڕ و پێکدادان لە سووریا. شوێنێکی دیکەش کە بتوانم بڵێم زۆر گرنگە، لیبیایە. لە لیبیا ئێمە پاڵپشتی پرۆسەی سیاسی دەکەین، وەک دەشزانن ئەو وڵاتە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت. زۆر ئاڵۆزە، بەڵام دۆخەکە بە شێوەیەکی گشتی بەرەوپێش دەچێت. ئێمە بڕیارمان داوە باڵیۆزخانەکەمان بۆ تەرابلووس بگەڕێنینەوە و باڵیۆزێکی نوێشمان بۆ دیاریکردووە. با بڵێم، ئەو پێشتر لە عێراق کاریکردووە. عێراق لە سیاسەتی دەرەوەی رووسیادا لە هەموو شوێنێکدایە. هەروەها بەنیازین کونسوڵگەری گشتیی رووسیا لە بنغازی بکەینەوە. بۆیە هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان هاوسەنگ بکەین لەگەڵ هەردوو بەشەکەی لیبیا. بەهیواین لە لیبیا لە دوو بەش زیاتر نەبێت، هەندێک ئاماژە هەن وای نیشاندەدەن ببێتە سێ بەش، بەڵام بە هیواین وا نەبێت. ئەم دوو وڵاتە گرنگترین وڵاتن لامان، بەڵام نەک تەنیا هەر لەبەر خۆشەویستی تایبەتی رووسیا بۆ ئەوان، بەڵکو لەبەرئەوەی دۆخی ئەو دوو وڵاتە هەڕەشە و ئاڵنگاری رووبەڕووی جیهان و ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی دەکەنەوە. بۆیە دەبێت سەرنجیان بخەینە سەر. ئەوەی شایەنی باسکردنە لە 2003، 2005 و 2010 لەپێشینەترین شوێن بۆ رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست عێراق بوو، چونکە ئەو کاتە عێراق زۆر ناسەقامگیر بوو. ئەو کات عێراق کێشەیەکی گەورە بوو و پێویستی بە سەرنج و پاڵپشتی هەبوو؛ ئێستاش هەر پێویستی پێیەتی، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێستا دۆخەکە لە عێراق زۆر خراپ نییە و بەرەوپێش دەچێت، دڵخۆشم ئەوە دەڵێم. بۆیە لە رووی هەڕەشەوە و ئاسایشەوە دەتوانین عێراق تۆزێک بخەینە لاوە، بەڵام عێراق وڵاتێکی گرنگە لای ئێمە و یەکێکە لە وڵاتە لەپێشینەکان لامان لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. عێراق لە کۆنەوە هاوڕێمانە و دیالۆگێکی زۆر باشی سیاسیمان لەگەڵیدا هەیە وەک وڵاتێک؛ هەروەها لەگەڵ پارت و بزووتنەوە سیاسییەکانیش. هاوڕێی زۆرمان لێرە هەن و مێژوویەکی دوورودرێژمان لە هاوئاهەنگیکردندا هەیە؛ هەروەها بەرژەوەندیمان لە سێکتەرە جیاوازەکانی عێراق لەوانە سێکتەری نەوت و گاز هەیە. وەبەرهێنەرە رووسەکان گەورەترین وەبەرهێنی بیانین لە سێکتەری نەوت و گازی عێراق و ئامادەشین قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین. دەتوانم چەند کاژێرێک لەم بارەیەوە قسەبکەم، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتەمان نییە. لەبارەی بەشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوەی گرنگە باسی بکەم، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەرەو باشتر دەچن. دیالۆگێکی زۆر باشی سیاسیمان لەگەڵ سعودیە و ئیمارات هەیە و، خۆم ئەو دیالۆگە باشەم بینیوە؛ ئەوەش کە وەک وەرگێڕ لە کاری دیپلۆماسیدا لەگەڵ بەڕێز لاڤرۆڤ و سەرۆک پووتین لە چەند کاتێکی جیاوازدا کارم کردووە. ئێمە تێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداویش هەیە؛ هەروەها پەیوەندیی باشی مێژووییمان لەگەڵ میسر، سوودان و جەزائیر هەیە. لەراستیدا هەریەک لە وڵاتە عەرەبییەکان هاوڕێ و هاوبەشی کۆنمانن، تەنانەت لەم دۆخەشدا کە کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی فراوانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا تاوەکو لە جەنگی سزای دژ بە رووسیا بەشدار بن. 

پرسیار: ئەمریکا و رووسیا بەرژەوەندییان لە عێراقدا هەیە. حکومەتی عێراق چۆن دەتوانێت هاوسەنگی لەنێوان هەردوولادا رابگرێت؟

ئێڵبرۆس کۆتراشیڤ: بەر لە هەموو شتێك دەبێت ئەوە بڵێم، حکومەتی عێراق چ ئەوەی ئێستا چ ئەوانەی پێشوو، لە راگرتنی هاوسەنگی شارەزایی تەواویان هەیە. ئەوان توانیویانە هاوسەنگی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا رابگرن تا دەگاتە رووسیا کە بەراورد بەو دوو وڵاتە، یاریزانێكی هێندە گەورە نییە لە عێراقدا. ئەو وڵاتەی توانای هەیە هاوسەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران رابگرێت، بە ئاسانی دەتوانێت لەنێوان ئەمریکا و رووسیاش رایگرێت، چونکە رووسیا هەرگیز داوای شتێك لە عێراق ناکات، نەتوانێت جێبەجێی بکات. ئێمە دەزانین بەغدا لە دۆخێكی ئاڵۆزدایە، بۆیە هەرگیز داوای شتێکی لێ ناکەین کە نەتوانێت و نەیەوێت بیکات. ئەوەش رێگە بۆ عێراق خۆش دەکات بە ئاسانی بتوانێت هاوسەنگی دروستبکات. سەبارەت بە ئەمریکا، ئێمە دەزانین ئەوان لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ لەنێوبردنی پەیوەندیی رووسیا و عێراق. ئەوان پێشتر لەمەدا شکستیان هێناوە و ئێستاش شکست دەهێنن، چونکە شکست نەریتێكی باشی ئەمریکییە لانیکەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. سەبارەت بە بازرگانی و ئابووری ئەو سزایانەی لەسەر رووسیا سەپێندراون و هەڕەشەی سزادانی عێراق بە دڵنیاییەوە بابەتەکان ئاڵۆزتر دەکات، بەڵام ویستمان بۆ هێشتنەوەی پەیوەندییەکان ماوە و بەهێزە. شتێك هەیە کە گرنگە لێرەدا بیڵێم، ئەویش ئەوەیە؛ سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بوونەتە شتێكی ئاسایی لە جیهان. پێشتر کە ئەمریکا و ئەوروپا سزاکانیان بەسەر وڵاتێکدا دەسەپاند، هەموو وڵاتان دوایان دەکەوتن و ئەوانیش سزاکانیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئێستا چی دیکە بەو جۆرە نەماوە. ئێستا جووڵەیەک بۆ دژایەتیکردنی ئەو سزایانە لە جیهان دروستبووە و ئەوانیش ناچارن خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن. ئەوەش بە روانگەی من ئاماژەیەکە لەسەر دەرکەوتنی سیستمێکی نوێی جیهانی.

پرسیار: لە 2017 کوردانی عێراق گشتپرسییەکیان بۆ سەربەخۆیی کرد. لە کاتی ئەو گشتپرسییەدا کاردانەوەی جیاواز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەبوو. هەندێک پاڵپشتییان کرد و هەندێک لە دژی بوون. رووسیا هیچ پەیامێکی نەنارد بۆ رەتکردنەوەی دەنگی گشپرسییەکە یان گشتپرسییەکە خۆی، بەڵکو بەر لە چەند رۆژێک لە گشتپرسییەکە کۆمپانیای رۆزنەفتی رووسیا کە سەر بە دەوڵەتە دوایین وەبەرهێنانی خۆی راگەیاند بۆ یارمەتیدانی کوردستانی عێراق لە بەرەوپێشبردنی پیشەسازیی گازی سرووشتیدا بۆ پێداویستی نێوخۆ و هەناردەکردن. بێدەنگی رووسیا لەو بابەتەدا نیشانەیەک بوو بۆ پەسندکردن یان پاڵپشتیکردنی گشپرسییەکەی کورد؟

ئێڵبرۆس کۆتراشیڤ: پێش هەموو شتێک ئێمە هەرگیز ناپاکی لەگەڵ هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان ناکەین لەم وڵاتەدا. گشپرسییەکە و ئەوەش لە دوای ئەوە روویدا نموونەیەکی باش بوو بۆ ئەوەی کە ئەمریکییەکان چۆنن؛ هەمووشتان ئەوە دەزانن. لەبارەی رووسیاوە، رووسیا بێدەنگ بوو لەبەر ئەوەی هەندێک جار واباشترە هیچ نەڵێیت لەوەی شتێک بڵێیت. هەندێک جاریش بێدەنگی پەیامێکی گەورەتر دەنێرێت، بەراورد بەوەی قسەیەک بکەیت کە هیچ مانایەکی نییە. من لەوانەیە نەتوانم زانیاری ورد لەبارەی ئەوەی چۆن سەیری ئەم گشتپرسییەمان دەکرد بڵێم، چونکە ئەو کاتە لە دیمەشق کارم دەکرد و زیاتر خەیاڵم لای ئەوە بوو نەکوژرێم لە ئەنجامی تۆپبارانی نوسرەوە کە لە ناوچەی جەبلەوە دەکرا و ئەویش تەنیا 4 کیلۆمەتر لە دووری باڵیۆزخانەکەمانەوە بوو. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاگاداربووین چی لە عێراق دەگوزەرێت. دەتوانم بڵێم ئەو گشپرسییە شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو بۆ ئێمە و هیچ قسەیەکمان لەسەر نەکرد، چونکە بە هەر جۆرێک قسەمان لەبارەیەوە بکردایە یان دەبووە پاڵپشتی بۆ ئەم لایە یان ئەو لایەی دیکە، بەڵام ئێمە هیچ دەستووەردانمان نەکرد. ئەوە پرسێکی تەواو عێراقی بوو و زۆر لایەن لەوانەیە بەرپرسیارێتییان لەو بارەیەوە هەبووبێت. بۆیە هەرچییەک عێراقییەکان بڕیاری لەبارەوە بدەن ئەوە بڕیاری ئەوانە و لێیانگەڕێن خۆیان بڕیار بدەن. بەشێوەیەکی گشتی من لام وایە عێراق وڵاتێکە داهاتوویەکی گەورەی هەیە و کۆمەڵێک کێشەی زۆریشی هەیە کە دەبێت چارەسەریان بکات. عێراق توانیویەتی خۆی وەک یەک وڵات بپارێزێت و لەدوای دوایین چەقبەستوویی سیاسی کە روویدا دەتوانم بڵێم عێراق داهاتوویەکی گەورەی هەیە و ئێمەش ئامادەین هاوکاری بکەین لە جمووجووڵەکانیدا. ئێمە تەنیا ئەوە دەڵێین، دەبێت هەموو کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن؛ گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان دەکرێن و دەشزانین لایەنە عێراقییەکان لەسەر چەندین بابەت ناکۆکن؛ بۆیە گفتوگۆ گرنگە؛ بۆیە ئێستا لە هەموو لایەک گفتوگۆ هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا، هەولێر و سلێمانی، لەنێو بەغدا، لە باشووری وڵات و لە باکووری؛ هەروەها لەنێوان سوننە، شیعە و کورد، گفتوگۆی سیاسی بەردەوام هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دڵخۆشم کە بڵێم گفتوگۆکان زیاتر بنیاتنەرن تا وێرانکەر.

پرسیار: لە یەکێک لە قسەکانی پێشووتدا باسی پەیوەندییەکانتان کرد لەگەڵ چەند وڵاتێکی جیاوازی ناوچەکە لەوانەش سعودیە. لەم دواییەدا محەممەد بن سەلمان. شازادەی سعودیە تێڕوانینی خۆی بۆ 2030 راگەیاند و یەکێک لە تێڕوانینەکانی ئەوەیە سعودیە بکاتە شوێنێکی بەهێز و نموونەیەک بۆ ناوچەکە و یەکێک لەو رێگایانەش گرتوویەتییە بەر دوورکەوتنەوەیە لە ئابووریی نەوت. پێت وایە ئەو گۆڕانەی لە سعودیە روودەدات ببێتە جێگەی چاولێکەری بۆ وڵاتانی دیکەی وەکو عێراق تاوەکو لە نەوت دووربکەونەوە؟ ئایا تۆ ئەوە وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی عێراق دەبینیت؟

ئێڵبرۆس کۆتراشیڤ: نازانم بڵێم دڵخۆشم یان خەمبارم کە بڵێم رووسیاش وڵاتێکە بە شێوەیەکی فراوان پشت بە نەوت و گاز دەبەستێت. بۆ ئێمەش هەمان کێشە هەیە. ئەگەر هەر وڵاتێک لەم ناوچەیە یان هەر ناوچەیەکی دیکە هەوڵبدات لە ئابوورییەکەوە کە پشت بە نەوت ببەستێت بڕوات بەرەو ئابووریەک پشت بە شتی دیکە دەبەستێت، بۆ نموونە تەکنەلۆجیای زانیاری، ئەوە زۆر باش دەبێت، بەڵام زۆریش ئاسان نییە، چونکە فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت زۆر ئاسانترە لە دروستکردن و پاشان فرۆشتنی شتێکی دیکە. هەر چۆنێک بێت، قسەیەکی ئەوتۆم لەسەر ئەم بابەتە نییە. هیوای باشترین بۆ هاوبەشە سعودییەکانمان دەخوازم. ئەگەر بتوانن ئەوە بکەن، ئەوە دڵخۆش دەبم و بەدڵنیاییەوە دەبێتە نموونەیەکی باش بۆ هەموو وڵاتانی جیهان، نەک تەنیا ئەم ناوچەیە. 

پرسیار: لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نرخی نەوت داتەپی و هەر وڵاتێك ئابوورییەکەی پشتی بە نەوت بەستبوو لەوە تێگەیشت کە نەوت ئامرازی رزگار بوون نییە، بەڵام دوای پەتاکە، نرخی نەوت بەرزبووەوە و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت داهاتێكی یەکجار زۆریان دەستکەوت. ئایا بەرزبوونەوەی نەوت هۆکارێك بوو کە هانی رووسیای دابێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی لە ئۆکراینا بکات تاوەکو بە داهاتی نەوتەکەی بتوانێت خەرجی ئۆپەراسیۆنەکە بدات؟

ئێڵبرۆس کۆتراشیڤ: بە دڵنیاییەوە نەخێر. بڕیاری دەستکردن بە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکە ساڵێک لەمەوبەر دەرکرا لە مانگی شوبات، چونکە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لەبەردەستدا بوون کە هێزەکانی ئۆکراینا بەنیازن هێرش بکەنە سەر هەرێمی دۆنباس و دەست بە پاکتاوی ئیتنی بکەن. هەربۆیە ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ پاراستنی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بوو لە کوشتن و تیرۆرکردن و هیچ پەیوەندییەکی بە پەتای کۆرۆنا و نرخی نەوتەوە نەبووە. دەتوانم بڵێم زۆربەی بڕیارە سیاسییەکان کە رووسیا دەریان دەکات لەسەر بنەمای ئابووری و ئەجێندای ئابووری نین، بەڵکو زۆرجار بەپێچەوانەوەن، واتە کاریگەری باشیان بۆ ئابووریمان نییە، بەڵام دەبێت ئەو کارە بکەین، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئەرکی ئەخلاقیمانەوە هەیە. با من بابەتی ئۆکرایناتان بۆ روون بکەمەوە. ئۆکراینا وڵاتێك نییە کە تێیدا تەنیا ئۆکراینییەکان بژین، بەڵکو وڵاتێكی فرەئیتنییە. ئەو ناوچانەی جاران رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بوون و ئێستا بوونەتە بەشێك لە رووسیا، دانیشتووانەکەیان بە رەچەڵەک رووسین و ملیۆنان کەس لەوێن. نێوەڕاستی ئۆکراینا تێکەڵەیەکە لەوانەی بە بنەچە ئۆکراینین و ئەوانەی بە رەچەڵەک رووسن و خەڵکی دیکە. لە رۆژئاوای ئۆکراینا، ئۆکراینی رۆژئاوایی هەن کە تەنانەت لە ئۆکراینییەکانی ناوەڕاستیش جیاوازن؛ بۆیە ئەو وڵاتە وەک مۆزایکێکە و بۆ ماوەی دوو دەیە بابەتی ئیتنی هەمیشە وەک کارتێك بووە و لەنێوخۆدا یاری پێکراوە. یەكێک لە بەربژێرەکان بۆ سەرۆکایەتیی پاڵپشتی لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ رووسیا دەکرد و دژایەتی نزیکبوونەوە لە ئەوروپا و رۆژئاوای دەکرد، ئەوەش باش بوو تاوەکو کودەتای ساڵی 2014؛ ئەو کاتەی هێزە پەڕگیرە نازییەکان دەستیان بەسەر دەسەڵات لە کیێڤدا گرت و یەکەمین کاریان قەدەخەکردنی زمانی رووسی بوو لە ئۆکراینا، چونکە بەر لەوە دوو زمان لە ئۆکراینا بەکاردەهێنرا و دەخوێندرا کە رووسی و ئۆکراینی بوون. ئەوان بەر لەوەی بێن و کێشەی ئابووری و گەندەڵی چارەسەر بکەن، هەستان بە قەدەخەکردنی زمانی رووسی، وەک ئەوە وایە حکومەتێك لە بەغدا دەسەڵات بگرێتە دەست و یەکەم شت بیکات زمانی کوردی لە سەرانسەری عێراق قەدەخە بکات، لە نێویاندا لێرە لە هەرێمی کوردستان. ئایا وەڵامت چۆن دەبێت؟ خەڵک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا خۆپیشاندانیان کرد و کیێڤ سوپای ئۆکراینای بۆ ناردن و خەڵکیان کوشت، واتە بە هێز رووبەڕووی خۆپیشاندانە ئاشتییانەکە بوونەوە. جیاوازی نێوان کورد لە عێراق و رووسەکان لە ئۆکراینا ئەوەیە ئێوە کوردستانێكی گەورە لە تەنیشتاندا نییە کە بەرگریتان لێ بکات، کاتێک کە ئەنفال دەکران و هێرشی جیاوازتان دەکرایە سەر. رووسەکان لە ئۆکراینا ئەو بەرگریکارەیان هەبوو؛ ئەوان برای رووسییان هەیە و پشتگیرییان لێکردن. ئەوە لە 2015ـدا روویدا. ئەوکاتە سوپای ئۆکراینا لاواز بوو، ترسان و هەڵاتن. ئەوکاتە دەمانتوانی بچینە نێو کیێڤ، بەڵام بەرپرسانی باڵای رووسیا پێیان گوتن ئەو کارە مەکەن، چونکە بە دوای چارەسەرەوە بووین و بۆ ماوەی 8 ساڵ ئێمە بەدوای چارەسەردا دەگەڕاین لە نێوان ناوچەی دۆنباس و کیێڤ، بە پاڵپشتی وڵاتانی رۆژئاوای وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا کە دواتر دەرکەوت ئەوان درۆیان لەگەڵ ئێمەدا کردووە و ساختەکارییان کردووە، ئەوان بۆ ماوەی 8 ساڵ دەیانگوت کار بۆ چارەسەر دەکەین، لە کاتێکدا بەدوای بەهێزکردنی توانای سوپای ئۆکراینا بوون؛ تاوەکو سەرەتای ساڵی 2022 بەڵگە کەوتە دەستمان کە بەنیازن هێرش بکەن. ئەگەر ئەو شەڕە رووی بدایە، هەرگیز نەدەبووە شەڕێكی شارستانی لەنێوان وڵاتانی ئەوروپا بەڵکو دەبووە دووەم یۆگسلافیا چونکە رژێمی کیێڤ رایگەیاندبوو، ئەو ناوچەی دۆنباسی دەوێت و خەڵکەکەی ناوێت، چونکە هەموو خەڵکی دۆنباس ناپاکن و هەر کەسێک خۆی بە رووسی دادەنێت، دەبێت ئۆکراینا جێبهێڵێت و بەرەو رووسیا بڕوات. ئەوە هەڵوێستی فەرمییان بوو. دەشتوانی ئەو هەڵوێستەیان لە نامە فەرمییەکانیاندا بدۆزیتەوە، لە نێویاندا هەڵوێستی زێلێنسکی. بۆیە ئێمە ناچار بووین بیانپارێزین و هەر ئەوەش بوو هۆکاری ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتە نەک نرخی نەوت. ئێمە گرنگی بە نرخی نەوت نادەین کاتێک کە براکانمان رووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە.

نوێدەکرێتەوە...

March - 2023
Wednesday
08
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی