چالاکی

دیموکراسی و هەڵبژاردن لە بەریتانیا

03-10-2024


ئا: هەکار عەلی

رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سەمینارێکی بەناونیشانی "دیموکراسی و هەڵبژاردن لە بەریتانیا"، بۆ بەختیار مام شێخ، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شاهانەی کینسنگتۆن و چێڵسی- لەندەن، بەئامادەبوونی شرۆڤەکارانی سیاسی و هەڵبژاردن لەگەڵ قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ بەڕێوەبرد.

 لە سەمینارەکەدا، بەختیار مام شێخ، تیشکی خستەسەر داینامیکی دیموکراسیی و پرۆسەی هەڵبژاردن لەبەریتانیا، بەتایبەتیش بە بەراورد لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەروەها، تێڕوانینێکی گشتگیری سەبارەت بە قۆناخی گواستنەوە لە دەسەڵاتی تۆتالیتارییەوە بۆ دیموکراسی پێشکێشکرد و فۆکووسی سەرەکی لەسەر ئەزموونی دیموکراسی شانشینی یەکگرتوو بوو.

بەختیارمام شێخ لە سەرەتای سەمینارەکەدا روونکردنەوەیەکی کورتی دەربارەی چەمکی دیموکراسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا کە دیموکراسی لەکاتێکدا پرۆسەیەکی گشتگیرە، بەڵام پێویستی بە بناخەیەکی بەهێزی پەروەردەی سیاسی و بەشداری مەدەنی و چاکسازی دامەزراوەیی هەیە.

سەبارەت بە پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئاماژەی بەوەکرد کەوا هەنگاوی بەرچاویان بەرەو دیموکراسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بڕیوە سەرەڕای هەموو کەموکورتییەکان و بەردەوامی ئاڵینگارییەکان. بەختیار مام شێخ ئاماژەی بەوەدا کە دیموکراسی لە کاتێکدا ئازادی و ماف دەهێنێت، هاوکات داوای بەرپرسیارێتی لە هەردوو هاووڵاتی و سەرکردەش دەکات. رێگای دیموکراسی تەنیا ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە بەڵکوو دروستکردنی کولتوورێکی سیاسییە کە تێیدا رێزی ئۆپۆزسیۆن بگیرێت، و سەروەری یاسا هەبێت.

لە بەشیكی دیکەی سەمینارەکدا، گرنگی دیموکراسی و هەڵبژاردنی بۆ بنیاتنانی کلتووری لێپرسینەوە و شەفافیەت لە حوکمڕانیدا خستەڕوو. هەروەها، ئاماژەی بەوەکرد هەڵبژاردن تەنیا گواستنەوەی دەسەڵات نییە بەڵکوو دابینکردنی ماف و پێداویستییەکان بۆ هاوڵاتیان لەلایەن نوێنەرەکانیانەوە. بەختیار مام شێخ ئاماژەی بەوەشدا کەوا خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق خواستی بەشداریکردن و بەرەوپێشبردنی دیموکراسییان هەیە، بەڵام پێویستیان بە ئامراز و چوارچێوەی دروست تاوەکو بتوانرێت بەسەر ئاستەنگ و بەربەستەکان زاڵ بێت و بەردەوام بەرەوپێشبردنی ئەزموونەکانی هەڵبژاردن و گەشەکردنی پرۆسەی دیموکراسی هەنگاوبنێت.

لەبارەی ئەزموونی ئۆپۆزسیۆن و کارکردن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و چۆنیەتی بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی بەهێز و بەڕیوەبردنی کێبڕکێیەکی تەندروست لە نێوان پارتە سیاسییەکان، بەختیار مام شێخ ئاماژەی بە نموونەی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا کرد لە قۆناخەکانی رابردوودا بەتایبەتیش  ئەزموونی هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا لە ساڵی 1997، کە پارتی کرێکاران بە سەرۆکایەتی تۆنی بلێر کە سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا دەکرد توانی کۆتایی بە نزیکەی دوو دەیە لە دەسەڵاتی پارێزگاران بهێنێت. ئەم هەڵبژاردنە نیشانیدا کە چۆن ئۆپۆزسیۆنێکی رێکخراو دەتوانێت تەحەدای پارتی دەسەڵاتدار بکات بە پێشکیششکردنی بەدیلێکی باوەڕپێکراو بۆ دەنگدەران.

بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا لە ساڵی 2010 ساتێکی دیکەی بەرچاوی ئەزموونی دیموکراسی و هەڵبژاردن لە بەریتانیا دەخاتەڕوو، کە پارتی پارێزگاران بە سەرۆکایەتی دەیڤید کامیرۆن، توانی حکومەتێکی هاوپەیمانی لەگەڵ لیبراڵ دیموکراتەکان پێکبهینێت. ئەم هاوپەیمانییەتەش لە ئەنجامی ئەوە بوو کە لەو هەڵبژاردنەدا هیچ لایەنێک نەیتوانی زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.  

یەکێک لە لایەنە تەکنیکییە سەرەکییەکان کە لە سەمینارەکەدا کە لەلایەن بەشداربووانەوە هەڵوەستەی لەسەرکرا و گفتوگۆی لەبارەوەکرا، پرسی چۆنیەتی رێکخستنی هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا بوو، ئایا چ شێواز و سیستەمێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەێڕەودەکرێت. بەختیار مام شێخ لەمبارەیەوە گوتی " کۆی کورسییەکانی پەرلەمانی بەریتانیا 650 کورسییە، واتە بەریتانیا دابەش بووە بەسەر 650 بازنەی هەڵبژاردندا و لە هەربازنەیەک یەک ئەندام پەرلەمان هەڵدەبژێرێت" . هەروەها، گوتی " زۆری بازنەکانی هەڵبژاردن و بچووکبوونەوەی رووبەڕی بەربژێر لە هەڵبژاردنە گشتییەکان وادەکات کەوا کەسی هەڵبژیردراو بەرپرسیار بێت بەرامبەر بە دەنگدەر و ئەو کەسەی هەڵیبژاردووە، هەربۆیەش هیوای خواست کەوا هەرێمی کوردستان-یش بکریتە 100 بازنە و هەر کاندیدە و لەبازنەیەک دەربچێت، بەمشێوەیە کاندیدەکان زیاتر هەست بەلێپرسراوێتی لە بەرامبەر دەنگدەر و ئەو بازنەیەی خۆی لێی هەڵبژاردووە دەکات.

بەشێکی دیکەی سەمینارەکە لەبارەی کەمپەینی هەڵبژاردن و پەیوەندی نێوان دەنگدەر و بەربژێر بوو، لەم رووەوە ئاماژەی بەوەکرد کە شێوازی کەمپەینی هەڵبژاردن لە وڵاتانی رۆژئاوایی بە بەراورد بە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە. بەختیار مام شێخ، ئاماژەی بەوەکرد لەبەریتانیا ئەم جۆرە لە بانگەشە، لەهەڵواسینی فلێکس و پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان تاڕادەیەک شتێکی نامۆیە و نییە، بەڵام بەربژێرەکان و کاندیدەکان بۆخۆیان سەردانی هاوڵاتیانی ئەو بازنانەی کەخۆیان لێ بەربژێر کردووە دەکات و پلان و بەرنامەیان لەچوارچێوەی پارتەکەیاندا یان سەربەخۆیی بۆ روون دەکاتەوە و داوا دەکات خەڵک دەنگیان پێبدەن. لەبارەی کاریگەری ئەمشێوازە لە کامپەینی هەڵبژاردن گوتی " ئەم جۆرە کەمپەینە ناتوانێت کاریگەری ئەوتوو دابنێت، بەڵام ئەمەش پەیوەستە بە کۆی کۆمەڵگەوە و دەکرێت پەرلەمانی داهاتوو لەڕووی یاساییەوە کەمپەینی هەڵبژاردن و شێوازەکانی و پرۆسەکانی دەستنیشان بکات، چونکە بەردەوامیدان بەمشێوازە بەفێڕۆدانی سامانی گشتییە کەدەکرێت لەو شێوازە بانگەشەیەوە بگوازرێتەوە بۆ گویگرتن لە هاوڵاتیان و بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پارەی ریکلامی سەر شەقامەکان لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان خەرج بکرێت. 

لەبارەی جێبەجێکردنی بەڵینەکانی هەڵبژاردن و رکابەری نێوان کەسایەتییە سیاسییەکان لە پارتەکانی بەریتانیا، بەختیار مام شێخ ئاماژەی بە دوو نموونە کرد، یەکەمیان رکابەری سیاسی نێوان لیڤینگستۆن و تۆنی بلێر کەوا دیارترین نموونەی بەرچاوی پرۆسەی دیموکراسی لە بەریتانیا.  لیڤینگستۆن، سەرۆکی پێشووی شارەوانی لەندەن بوو، زۆرجار لەگەڵ سیاسەتەکانی تۆنی بلێر لە پارتی کرێکارانی نوێدا ناکۆک بوو، کە نوێنەرایەتی دابەشبوونە نێوخۆییەکانی ناو پارتی کریکارانی دەکرد. سەرەڕای ناکۆکیەکانیان، هەردوو سەرکردەکە توانیان لە چوارچێوەی دیموکراسیدا پێکەوە هەڵبکەن و متمانەی دەنگدەرانی پارتەکەیان و خەڵکی بەریتانیا بەدەستبهێنن.

نموونەی دووەم رکابەری نێوان جێرمی کۆربین و سێر کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی ئێستای لە باکووری ئیسلینگتۆن. کۆربین کە نوێنەرایەتی باڵی چەپی پارتی کرێکاران دەکرد و ستارمەر زیاتر لە بۆچوونەکانیدا ناوەندگەرایانە بوو، توانیان لە قۆناخێکدا کار بۆ پارتی کریکاران بکەن کە ئەمەش نموونەی فرەچەشنی بیرکردنەوە لەناو دیموکراسی بەریتانیا پیشان دەدەن.

لەبارەی کاریگەری گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر پرۆسەی دیموکراسی، بەختیار مام شێخ ئاماژەی بە مەترسییە ناوچەییەکانی بەردەم دیموکراسی لەم ناوچەیە کرد. بەتایبەتی فراوانبوونی ململانێکانی وەک جەنگی غەززە و شەڕی ئیسرائیل- بەرەی موقاومە و ئێران، کە هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر تێکدانی سەقامگیری پرۆسەی دیموکراسی لەم ناوچەیەدا و دەکرێت کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا هەبێت، بەتایبەتیش لەئەگەری فراوانبوونی بازنەی شەڕەکەدا.

هەروەها، لەبارەی گرنگی هەبوونی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەزموونی دیموکراسی، بەختیار مام شێخ ئاماژەی بە وتە بەناوبانگەکەی ئەبراهام لینکۆڵن، 16هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، کە دەڵێت "باشترین کەسانی کابینەکەم نەیارانی منن". بەختیار مام شێخ ئاماژەی بەوەدا کە حوکمڕانی بەبێ ئۆپۆزسیۆن دەبێتە هۆی دیکتاتۆری، بەو پێیەی کەس نییە لێپرسینەوە لە پارتی دەسەڵاتدار بکات.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان باسکردن بوو لە ئەزموونی چین کە چۆن ئەم وڵاتە هاوکیشە و فەلسەفەی حکومڕانی گۆڕی لەجیهاندا، بەجۆرێک بەپێچەوانەی پێشبینیەکانەوەکە چاوەڕوانی پێشکەوتن و ئەزموونێکی باشی حکومڕانی لە حکومەت و وڵاتێکی تاک حزبی و تاکڕەویی ناکریت، بەڵام چین لە رێی ئەو بەرەوپێشچوونە گرنگانەی لەبواری تەکنەلۆژیا، ژێرخان و رێگاوبان و پێشکەوتنی ئابووری   و هتد، بەدەستی هێناوە ئەم فەلسەیەی گۆڕی، ئەمەش تاڕادەیەک لەلایەن وڵاتانی دیکەی وەکو رووسیا و ئێران پشتگیری لێدەکرێت و دووبارە گفتوگۆی لەسەر پۆلینکردنی دیموکراسی و نادیموکراسی لە حکومڕانی جیهان دەکاتەوە.

لەکۆتایی سەمینارەکەدا گفتوگۆ و پرسیار وەڵام لە نێوان بەختیار مام شێخ و بەشدارابووانەوە لەبارەی جیاوازی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە زۆربەی رووەوە کرا، کە ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و گەشەکردنی دیموکراسی هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناشکرێت بەتەواوی سیستەمی دیموکراسی و هەڵبژاردنی بەریتانیا بکرێتەپێوەر بۆ ئێرە، بەڵام دەکرێت سوود لە ئەزموونی دیموکراسی و پرۆسەی هەڵبژاردنە جیاوازەکانی بەریتانیا وەربگرێت و کاری لەسەر بکرێت

October - 2024
Tuesday
01
02:00 PM
-
04:00 PM
Share this Post

چالاکی