رۆژی شەممە ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٤، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سەمینارێکی بۆ د.ئازاد عەلی سەبارەت بە پەرتووکی "دابەشکردنی کوردستانی عوسمانی بەسەر هەردوو دەوڵەتی سوریا و عیراق" رێکخست کە تێیدا ژمارەیەک لە کەسانی نووسەر، لێکۆڵینڤان و سیاسی تێبینی و بۆچوونەکانی خۆیان لەبارەی کتێبەکە خستەڕوو.
پەرتووکی "دابەشکردنی کوردستانی عوسمانی بەسەر هەردوو دەوڵەتی سوریا و عیراق" نوێترین بەرهەمی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوە کە دابەش دەبێتە سەر پێنج بەش و لە 2023 دا بڵاوکراوەتەوە. لە سەمینارەکەدا د. ئازاد عەلی ئاماژەی بەوەکرد کەوا لە پەرتووکەکەیدا چەند خاڵێکی سەرەکیی پەیڕەو کردووە بۆ خستنەڕووی زانیارییە میژوویەکان، بەتایبەتیش لە ناساندنی کوردستانی عوسمانییەوە تاوەکو تێپەڕین بە چەند قۆناخێکی مێژوویی و گەیشتن بە کاتی ئێستا. نووسەر چەند زانیارییەکی مێژوویی سەبارەت بە میرنیشینە کوردییەکان، رادەی سەربەخۆبوونیان، هەروەها جوگرافیای مێژوویی کوردستان بە پشتبەستن بە سەرچاوەی جیاواز خستەڕوو.
د. ئازاد عەلی لە دووتوێی کتێبە 618 لاپەڕەییەکەیدا، ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندی پڕ زانیاری مێژوویی و جوگرافی پێشکێشکردووە و هەوڵیداوە ئەوە بسەلمێنێت کە ئەو جوگرافیایەی کە ئێستا کورد لەسەری نیشتەجێن لە بنەڕەتەوە هەر خاکی کورد بووە و کورد دانیشتووی رەسەنی ئەوێن و ئەوەش پێچەوانەی بەشێک لە بیردۆزە نەتەوەپەرەستییەەکانن کە لەم ناوچەیەیدا لە دژی کورد لە ئارادان.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا نووسەر پشت بە بەڵگەنامە و سەرچاوەی جیاواز و هەمەجۆر دەبەستێ و ئەوە روون دەکاتەوە کە مەبەست لەبەکارهێانی دەستەواژەی کوردستانی عوسمانی ئەو دانپێدادانە مێژووییەی عوسمانییەکانە بە خاکی کوردان.
ئەو پێیوایە کە کورد گەلێکی پایەداری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و بەر لە داهاتنی چەمکی نەتەوەش هەبوونی سیاسی خۆی سەلماندووە و رۆڵێکی کارای لە رووداوە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەیدا هەبووە. لە سەمینارەکەشدا بەشداربووان دەرفەتیان بۆ رەخسا کە سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەی نێوەڕۆکی کتیبەکە دەرببڕن.