چالاکی

سەرۆکی هاکپار: ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەخت لە تورکیا ئەستەمە

04-01-2022


 

RRC |

ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |

رۆژی دووشەممە، 3ی کانوونی دووەمی 2022، لەتیف ئەپ ئویزدەمیر سەرۆكی گشتی هاكپار HAK-PAR لە سیمینارێكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداودا جەختی لەوە كردەوە كە كێشەی سەرەكی كوردەكان لە توركیا گرێداروی كەسەكان نییە، بەڵكوو گرێدراوی سیستەمی سیاسییە. ئەو جەختی لەوەش كرد كە لە قۆناخی داهاتوودا رۆڵی كورد لە سیاسەتی توركیا زیاتر دەبێت، 15 ملیۆن دەنگدەری كورد هەیە. بۆیە ئیدی پێویستە لە جیاتی ئەوەی دوای ئەم لایەن یان ئەو لایەن بكەوین، سیاسەتیكی كوردی پێڕەو بكەین. گوتیشی ئەگەری قۆناخێكی نوێی چارەسەری لە ئارادایە و بۆ ئەوەش هەندێك دەستپێشخەری كراوە.

لە سەرەتای سیمینارەكەدا كە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی دوایین رووداوەكانی توركیا و دۆخی كورد لەو وڵاتە، سەرۆكی هاكپار كورتەیەكی مێژوویی باس كرد كە رۆڵی كورد لە سەردەمی عوسمانییەكاندا چۆن بووە. ئەو گوتی مامۆستاكانی زۆرێك لە خەلیفە و سوڵتانەكانی عوسمانی كورد بوون، هەر لە مەلا گۆرانی كە خەڵكی شارەزوور بووە و مامۆستای سوڵتان فاتیح مەحمەت بووە، هەتا ئەشرەفی بتلیسی كە مامۆستای یاوز سوڵتان سەلیم بووە گەلێك كورد رۆڵی شیرەتكاریان هەبووە و گەلێكیش پۆستی ئیدارییان هەبووە. جەختی لەوەش كردەوە كە بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەبێ كورد نەكراوە. لە ساڵی 1921دا لە یاسای تەشكیلاتی ئەساسییەدا بەڵینی ئۆتۆنۆمی بە كورد درابوو. تەنانەت مستەفا كەمال ئاتاتۆرك لە 25 بەڵگەی فەرمی دەوڵەتدا، بە ئاشكرا باسی كورد و مافی كورد دەكات. هەڵبەت ئەو جەختی كردەوە كە كێشەی سەرەكی توركیا ئەوەیە كە لەو رێبازە لایداوە كە دان بە ماف و خاكی كورددا بنێ كە لەلایەن زۆرێك لە بیرمەند و رۆشنبیرانی سەردەمی پێشووی توركیاوە، وەك شەمسەدین سامی بەڕوونی باسكراون. ئەو گوتی:”توركیا لە شەڕی دژی كورددا تا ئێستا نزیكەی 800 ملیاری خەرج كردووە. جا ئەگەر ئەمەی بۆ پەرەپێدانی ئابووری و خزمەتی وڵات خەرج بكردایە هەموو لایەك دەحەسایەوە.” باسی لەوەش كرد كە راستە ئێستا شەڕی پەكەكە زۆر كەم بووەتەوە و شەڕ تاڕادەیەكی زۆر نییە بەڵام، سیاسەتی دەوڵەت هێشتا سیاسەتی شەڕە و بەشێكی زۆری توانا و تاقەتی خۆی بۆ سیاسەتە ئەمنییەكان خەرج دەكات كە ئەوەش هۆكارێكی ئەو قەیرانە ئابورییەیە كە ئێستا بەرۆكی توركیای گرتووە.

لەتیف ئەپ ئویزدەمیر سەبارەت بە ئەگەرەكانی دەسكاریكردنی دەستووری توركیا گوتی، هەندێك دەستپێشخەریی جیاجیا هەن، بەڵام ئاكپارتی گیرۆدەی دەستی هاوپەیمانە بچووكەكەی خۆی بووە كە ئەویش مەهەپەیە. هەڵبەت لەم قۆناخەی دواییدا هەندێك لە رایەدارانی ئاكپارتی تەنانەت باسی ئەوەیان كردووە كە ماددەی چوارەمی دەستووری توركیا كە باسی نەگۆڕبوونی سی ماددەی یەكەمی دەستوور دەكات( كە جەخت لە یەك نەتەوەیی- یەك زمانی و یەك ئاڵایی توركیا دەكەنەوە) ئایەتی قورئان نییە تا نەگۆڕ بێت و ئەوەشی بە شتێكی ئەرێنی سەیر كرد.

ئەو گوتی سەبارەت ئەگەری دەستپێكردنەوەی قۆناخێكی نوێی چارەسەری، هەندێك هەنگاو نراون، دانوستاندنیش هەن و لەوانەیە هەرچی بەرەو هەڵبژاردن بچین، ئەوانە زیاتربن. چوونكە ئەردۆغان یان پێویستی بە ئابوورییەكی بەهێز هەیە تاوەكوو بتوانێ هەڵبژاردن بباتەوە، یان دەبێ لەگەڵ كوردەكان رێكبكەوێتەوە.

ئەو جەختی كردەوە كە ئەگەر خۆی نەیەوێت، ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئارادا نییە. پێشیوابوو كە ئەردۆغان جارێ نایەوێ بچیتە هەڵبژاردن. ئەپ ئویزدەمیر گوتیشی بە خودی ئەردۆغانیشەوە، هیچ كەسیك نییە كە ئیستا بتوانێت 50+1ی دەنگەكان بباتەوە، بۆیە بیر لە سیناریۆ و هاوپەیمانیی جیاجیا دەكەنەوە. تەنانەت بیرۆكەی دەسكاریكردنی یاسا و رێكارەكانیش هەیە بۆ ئەوەی رێژەی 50+1ی پێویست بۆ بردنەوە، بكرێتە 40+1 و بەوەش، ئاكپارتی كە ئێستا بەگوێرەی راپرسییەكان لە نێوان 35%-40%ی دەنگەكانی توركیای هەیە بە ئاسانی دەتوانێت ئامانجەكانی خۆی سەربخات.

 سەرۆكی هاكپار گوتیشی، ئێستا جیاوازییەك لە نێوان ئاكپارتی و جەهەپەدا سەبارەت بە پرسی كورد نییە. هەرچەند ئاكپارتی پێشتر هەندێك گۆڕانكاری كردبوو كە گرنگن بوون بەڵام ئیستا، زیاتر بە گوێرەی مەهەپەی هاوپەیمانی دەجووڵێتەوە. هەروەها باسی ئەوەشی كرد كە جەهەپە كە بەمدواییانە باسی كورد دەكات،چ  جیاوازییەكی لەگەڵ ئەوانی دیكەدا نییە و تەنانەت جاربەجار ئەوە رەتدەكەنەوە كە بە ئاشكرا هاوپەیمانی لەگەڵ هەدەپەش بكەن و، كەمال كڵچدارئوغڵوش گوتوویەتی من لە ناوی كوردستان تووڕە دەبم!

لەتیف ئەپ ئویزدەمیر باسی لەوەش كرد كە بەمدواییانە دیداریان لەگەڵ هوداپارو هەدەپەش هەبووە و جەختیان لەوەكردوە كە پێویستە كورد لە نێوان هەردوو جەمسەرەكەی توركیادا سیاسەتی خۆی هەبێت. ئەو گوتی ئێستا سەنگی کورد تا ڕادەیەک گران و بەنرخە و، هۆکاری ئەمەش ژمارەی دەنگدەرانی کوردە. دەبی بتوانین كەڵك لەم پێگەیەی وەربگرین بۆ ئەوەی پرسەكەی خۆمانی پێ چارەسەر بكەین نەك دوای ئەم بەرە یان ئەو بەرەیە بكەوین، بەبێ ئەوەی هیچ مافێكیشمان پێبدەن.

بۆ زانیاری زیاتر كلیكی ئەم لینكە بكە:

https://fb.watch/ajGivNWXMS/

 

 

Share this Post

چالاکی