رەوشەن چاکر: سبەی شاندی دەم پارتی بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمراڵی دەکەن بۆ دیداری ئۆجەلان. هەرجارە و دوو کەس سەردانی ئیمراڵی دەکرد، بەڵام ئەمجارە 7 کەس دەچێت. ئەحمەد تورک و پێنج پەرلەمانتار لەگەڵ پارێزەرێک دەچنە ئیمراڵی. دەم پارتی رۆژی هەینی سەرجەم پەرلەمانتارەکانی بانگهێشتی ئەنقەرە کرد. دەگوترێت روونکردنەوەی پێویست لەبارەی سەردانەکە دەکرێت. کاتی بانگەشەکە هاتووە بەڕێز زەکەریا؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: ئینشاڵڵا
رەوشەن چاکر: ئێوە چی دەڵێن، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە روون و ئاشکرا بانگەوازی دانانی چەک لە پەکەکە دەکات؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: راستییەکەی قسەکردن لەبارەی داهاتوو کارێکی ئاسان نییە. هەروەها زانیاری پێویست بەردەست نییە لەمبارەیەوە. بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە بانگەوازەکە بەم ئاراستەیە بێت. باشە بانگەوازی وازهێنان لە چەک باشە؟ ئێمە بەبێ دوودڵی پێمانوایە بانگەشەی دانانی چەک پێویستە و دەبێ داوا بکرێت. چونکە ئەم جۆرە بانگەوازە بۆ تەواوی خەڵکی ناوچەکە و بۆ تەواوی میللەتان بە گشتیی بۆ کوردیش زۆر سوودی دەبێت. چونکە چەکی ژێر دەستی پەکەکە و شێوازی خەباتی چەکداری پەکەکە یەکێکە لە گەورەترین ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کورد. بۆیە دەڵێم، تەنیا پەیوەندی بە کوردی تورکیاوە نییە، کوردی هەرێمی کوردستان و کوردی سووریاش بەهەمانشێوە سوودمەند دەبن. هیوادارم ئەم جۆرە بانگەوازە بکرێت و پرسی چەک بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بێت.
رەوشەن چاکر: ئەگەر ئۆجەلان بانگەوازێکی وەها بکات، رەنگە قەندیل پابەند نەبێت؟ ئێوە چی دەڵێن، ئەگەرێکی وەها لە ئارادایە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: ئەم ئەگەرە سفر نییە، بەڵام ئەم ئەگەرەش کەم دەبێتەوە، ئەمە قەناعەتی منە. دوای ئەوەی لە میدیاکان هەواڵی بانگەوازی ڤیدیۆیی ئۆجەلان بڵاوکرایەوە، قەندیل یەکسەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مەرجی قورسی زیندانی و مانەوەی ئۆجەلان لە گرتووخانەی ئیمراڵی رەوایی بە پەیام و بانگەواز نادات. هەروەها قەندیل لە پەیامێکی دیکەیدا باسی لەوە کرد، چەکدانان تەنیا لە رێگەی کۆنگرەیەکەوە دەکرێت، لەوێ بڕیار دەدرێت. دوایین پەیامی قەندیلیش باسی لەوە کرد دەبێ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بە ڤیدیۆ بێت، بۆ ئەوەی متمانەیان پێ بێت و نابێت نووسراو بێت، بەپێچەوانەوە دەبێتە مایەی گومان. قەندیل ئەم بابەتەی لەنێوخۆدا گفتوگۆکردووە، هەرچەندە بەشێکیان پابەندنەبوونی خۆیان راگەیاندووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەری هەڵوێست گۆڕین لە ئارادایە و ئەگەری پابەندبوون زیاتر دەکات. هیوادارم بەمشێوەیە ببێت، پێشوازی لە بانگەوازەکە بکرێت و دەستبەرداری چەک بن.
رەوشەن چاکر: با بڵێین، ئەگەر پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بوو، لە قۆناخێکی پرۆسەکەدا چەکی دانا و قسە و گفتوگۆ لەمبارەیەوە کرا. دوای ئەمە چی روودەدات چۆن پرۆسەکە بەرەوپێش دەچێت؟ خوێندنەوەی ئێوە چییە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: لە سەرەتاوە ئێمەش وەکو لایەنێکی سیاسیی لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەمان دەکرد و ئاگاداری زۆر شت بووین. ئەگەر بەبیرتان بێت رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لێدوانێکی دا و رایگەیاند، با عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و بانگەوازێک بڵاوبکاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە و فڕێدانی چەکی پەکەکە. مەرجەکانی راستەوخۆ بۆ باڵاترین ئاست بەرزکردەوە. بۆ هەمووان مایەی شۆک بوو. لە بەرامبەردا بەڕێز ئەردۆغان ئاماژەی بە دوو خاڵ دەکرد، یەکەمیان تورکیایەکی بێ تیرۆر و دووەمیان بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی بۆ ئەوەی برایەتی و تەبایی بەردەوام بێت. هیچ گومانی تێدا نییە، دەستبەرداربوونی چەک، خێر و سوودی زۆری بەدواوە دێت، بەڵام دوای ئەمەش پێویستە هەندێک هەنگاوی دیکەشی بۆ بنرێت. بەڕێز ئەردۆغان لە گوتاری هەشتەمین کۆنگرەی ئاکپارتی ئاماژەی پێدا، ئەگەر چەک دابنرێت پابەندی بۆ قۆناخی دواتر بکرێت و تورکیایەکی بێ تیرۆر بنیات بنرێت، دەوڵەتیش هەنگاوی گرنگ لەم چوارچێوەیەدا دەنێت. هەمان شتی لە کۆنگرەی رێکخستەکانی ئاکپارتی لە ئامەد دووبارە کردەوە. بۆ یەکلاکردنەوە و تۆکمەکردنەوەی بەرەی ناوخۆیی بەدڵنیاییەوە پێویستی بە هەنگاوی خێرا و کردەییە. لەو باوەڕەدام حکومەت تاوەکو ئێستا نەچووەتە سەوداکردن و مامەڵەکردن. بە واتایەکی دیکە، دەوڵەت مەرجی پێشوەختەی دانوستاندنی بە چەکدانانی پەکەکە گرێداوە. لەسەر ئەم خاڵەش سوورە و پێداگری دەکات، بۆ ئەوەی کۆتایی بەتووندوتیژی بهێندرێت. تاوەکو ئێستا هەنگاوەکانی ئەم قۆناخانە روون نەکراونەتەوە چۆن دەبێت و بە چ ئاراستەیەک دەکرێت. تاوەکو ئێستا هیچکامیان لەم پرسەدا بە فەرمی قسەیان نەکردووە. هەرشتێک پەیوەندیی بە ماف و ئازادییەکان هەبێت، پێموایە هەڵەیە بکرێتە مەرجی پێشوەختە. زیاتر لە 10 ساڵە ئێمە قسەمان لەمبارەیەوە کردووە و بەردەوامیش دووپاتی دەکەینەوە. هەمان شتمان گوتووە لە یەکەم پرۆسەی ئاشتی کە لە 2013-2014 دەستیپێکرد و بەداخەوە شکستی هێنا. بەردەوام رەخنەمان لە مەرجی پێشوەختە گرتبوو، کە نابێت ببێتە هۆی شکستی گفتوگۆکان. بەڵێ پێویستە چەک بێدەنگ بکرێت و خۆێنڕشتن کۆتاییان پێ بێت. بەڵێ چەک رێگەیەک نییە بۆ بەدەستهێنانی ماف. هەروەها گرێدانی داواکانی ئەو کوردانەی چەکیان نییە بەو کوردانەی چەکیان بەدەستە ئەمەش هەڵەیەکی زەقە و نابێ بەمشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەم رێگەیە هەڵەیە و شێوازەکەش هەڵەیە. خۆزگە ئەم کێشەیە لە 2015 چارەسەر بکرایە، خۆزگە دەستی دەستی نەکرایە، خۆزگە ئەو شێوازە کۆنە نەگیرایەتەبەر، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەکرا و نیگەرانییەکانمان نەڕەوێندرانەوە. مافە بنەڕەتییەکان نابێ بکرێتە بابەتی دانوستاندن.
رەوشەن چاکر: ئێوە گوتتان دەوڵەت باخچەلی گوتارێکی پێشکێش کرد. ئێوەش لە دوایین هەڵبژاردندا ئەندامێکی هاوپەیمانی جمهوور بوون و دەنگتان هێنا و چوونە پەرلەمان. پشتیوانیتان لە ئەردۆغان کرد بۆ ئەوەی ببێتەوە سەرۆککۆمار. تەنانەت ئێوەش تەوقەتان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی کرد و وێنەتان پێکەوە گرت. هەمووان دەزانن دەسەڵات و هاوپەیمانی جمهوور، هەر کاتێک پرسی کورد بووە رۆژەڤ، بەردەوام ئەمە دەگوترا، ئەردۆغان دەیەوێ شتێک بکات، بەڵام باخچەلی رێگە نادات. دواتر بینیمان باخچەلی داوا لە ئۆجەلان دەکات لە پەرلەمان گوتار پێشکێش بکات. ئەو کات هەستتان بەچی کرد؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: راستییەکەی پەیامەکەی بەڕێز باخچەلی بە دەرفەتێکی گەورە دەزانین.
رەوشەن چاکر: بەڵام پێتان سەیربوو؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بەڵێ پێمان سەیر بوو، لەوەش سەیرتر ئەوە نەبوو کە بانگەوازەکەی کرد، بەڵکو ئەو ئاستە باڵایە بوو کە داواکەی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەشداری لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان بکات. ئەم خاڵە بە لای ئێمەوە زۆر سەیر بوو. هەروەها مەرجیشی دانابوو، بەوەی ئەگەر ئەمە و ئەوە بڵێت، ئەوکات رێگەی پێ بدرێت بێتە پەرلەمان و گوتار بدات. ئەوەی مایەوە، ئاخۆ مەبەستی باخچەلی ئەوە بوو خودی ئۆجەلان بێتە فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان یان مەبەستی ئەوە بوو بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێت، ئێمە ئامادەین تاوەکو ئەم رادەیە سازش بکەین. پێموایە زیاتر مەبەستی بابەتی دووەم بووە. چونکە هەمووان دەزانین عەبدوڵڵا ئۆجەلان نایەتە کۆبوونەوەیەکی وەها و پەیامێکی بەمشێوەیە بڵاوناکاتەوە. تەنانەت دەشزانین لە دەرەوەی ئیمراڵیش بانگەوازێکی وەها ناکرێت. بۆیە هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەبێت کە پەیامێکی ڤیدیۆیی دەبێت. بۆیە دەڵێم دەرفەتێکی گەورەیە، چونکە پێشتر قسەکردنیش لەمبارەیەوە نەدەکرا. هەر کاتێک حکومەت نیازێکی وەهای بخستبایەڕوو هاوبەشەکەی بەڕێز باخچەلی رێگر دەبوو. باشە کەی ئەم بابەتە هاتەئاراوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پرۆسەی یەکەم لە 2015 شکستی هێنا. پێش 2015 هاوپەیمانی لەنێوان ئاکپارتی و مەهەپە نەبوو. هاوپەیمانیی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە دوای کودەتاکەی 15ـی تەممووزی 2016 پێکهات. رەنگە لەو کاتانەی پرسی کورد دەبووە رۆژەڤ، مەهەپە هەڵوێستی تووندی دەبوو، بەڵام لێرەدا جەهەپە رۆڵی هەبوو، چونکە جەهەپە لە پرۆسەی یەکەمدا رێگری لە حکومەت دەکرد. بەڵام سەرباری ئەمەش هەنگاوی باش نرا و پێشوەچوون بەدیکرا. بەڵام سەرنەکەوت و دوای شکستهێنانی پرۆسەکە بێهیوایی باڵی بەسەر هەمووان کێشا، بەتایبەتیش لایەنی حکومەت. کار گەیشتە ئەوەی حکومەت رایگەیاند، شتێک نییە بەناوی کێشەی کورد. بەڵام ئەوەشی گوت، برا کوردەکانمان کێشەیان هەیە، چارەسەرکردنی کێشەکان ئەرکی سەرشانی ئێمەیە. بەڵام چیدی ناوی نانرێت پرۆسەی چارەسەرکردن، لەمەودوا ئەگەر کێشەی کورد باسی لێوەکرا، لەگەڵ کەس گفتوگۆ ناکەین و دانوستاندن ناکەین و چیدی ئەم هەڵەیە ناکەین. بەڵام کە دەڵێم هیوایەک و دەرفەتێکی نوێیە تەنیا بەهۆی هەڵوێستی بەڕێز باخچەلی نییە، دەستبەرداربوونی جەهەپەش لە هەڵوێستی ئاستەنگ دروستکردن، ئەمەش وایکرد هیواکان زیاتر بێت. ئەم دوو بابەتە رێگەخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی هیواکان زیاتر بن.
رەوشەن چاکر: ئێوە نزیکەی 10 رۆژ پێش ئێستا لە ئامەد چالاکییەکتان هەبوو بەناونیشانی کێشەی کورد و چارەسەری مرۆیی. چالاکییەکە تەنیا ئەندام و لایەنگرانی ئێوە بەشدار نەبوون، بەڵکو ئەندامانی لایەنە ئیسلامییەکانی دیکەش بەشدار بوون. راگەیێندراوی کۆتایی چالاکییەکەتان دەنگداوەی زۆر و کاریگەری بەهێزی هەبوو. بەشێک لە سیاسەتڤانان پشتیوانی بوون و بەشێکی دیکەشیان بە تووندی رەتیانکردەوە. مەهەپەش بەشێک بوون لەمانەی رەتیانکردەوە. ئایا پەشیمان نین لەم کارەتان؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: نەخێر پەشیمان نین، چونکە کارێکی هەڵەمان نەکردووە.
رەوشەن چاکر: چیتان کرد هێندە خەڵکتان تووڕە کرد؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: هەموویان تووڕە نەبوون، نازانم تۆ لە کامە لایەنەوە سەیری کاردانەوەکانت کردووە؟ لە دیوە بەتاڵەکەی گڵاسەکە بووە یان پڕەکە؟ راستە بەشێک لە مرۆڤەکان تووڕە بوون. ئێمەش دەڵێین، هەر ئەو کەسانە ئێمە چ کارێک بکەین ئەوان هەر تووڕە دەبن و هەڵدەچن. بۆیە ئێمە کارێک ناکەین کە تەنیا دڵی ئەوان رازی بکەین، ئەوەی بە راستی دەزانین دەیکەین.