سۆما زرار
رۆژی هەینی 26 ی نیسانی 2024 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی مەدا و زانکۆی سۆران، لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب گفتوگۆیەکی کراوەی لە ژێر ناونیشانی " شەپۆلەکانی گۆڕانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان: چۆن سۆشیالمیدیا کۆمەڵگە دەگۆڕێت؟" رێکخست کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی وەک" پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە چاخی دیجیتاڵیدا، ئازاردانی ئۆنلاین لە جنێودانەوە تاوەکو سێکس: تەگەرە و چارەسەرییەکان، سۆشیالمیدیا و ئابووری لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری سۆشیالمیدیا لەسەر سیاسەت لە هەرێمی کوردستان، گەڕان بە دوای راستییەکان لە جەنجاڵی سۆشیالمیدیا؛ رێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی چەواشەکاری و دژە زانیاری، یاساکانی رووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دیجیتاڵی و ئۆنلاین" کرا.
زریان رۆژهەڵاتی بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو باسی لەوەکرد کە سەرەڕای لایەنە ئەرێنییەکانی سۆشیالمیدیا کە لە بواری پەیوەندی، ئابووری و ئازادی رادەربڕین و گەلێک رەهەندی دیکەوە دەرکەوتووە، لایەنی نەرێنیشی هەیە کە پێویستە گفتووگۆی لەسەر بکرێت. باسی لەوەشکرد کە بە گوێرەی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، هەرتاکێک لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 4:40 کاژێری ژیانی خۆی لە بەکارهێنانی سۆشیالمیدیادا بەسەر دەبات و ئەوەش وایکردووە کە پانتاییەکی گەورەی ژیانی خەڵک لە ژێر کاریگەری سۆشیالمیدیادا بێت. جەختی لەوەشکردەوە کە لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، راکێشان و راگرتنی بەکاربەرە لەسەر تۆڕەکانیان، کارێک دەکات کە نێوەڕۆکی دڵخوازی خۆی بگاتە بەردەستی بەکاربەر بەوەش دنیایەکی پێکهاتوو لەو شتانەی کە حەزی لێدەکات یان زیاتر ئەو بۆچوونانەی کە نزیک لە خۆیەتی لە دەوری بەکاربەر کۆ دەبێتەوە. بەوجۆرەش مەترسییەک بۆ دیموکراسی دروست دەکات کە یەکێک لە پێداویستییەکانی هەبوونی بۆچوون و دیدی بەرامبەرە. ئەمە بێجگە لە گەشەپێدانی پۆپۆلیزم و بڵاوکرنەوەی هەواڵی ناڕاست کە هەندێکجار پێکەوە رێگا بۆ زیادکردنی توندوتیژی دەکەنەوە.
یەکێک لە مژارە گرنگەکان لە بابەتی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا لە هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکەیەتی لەڕووی کۆمەڵایەتی. فێنک شەفیق بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی ئێستادا، خێزانەکان ئەوەندەی کات لە بەکارهێنانی سۆشیاڵمیدیا بەسەردەبەن، ئەوەندە کات بەیەکەوە بەسەر نابەن و تەنانەت لەسەر مێزی نانخواردنیشدا بەیەکەوە نین. ئەم دوورکەوتنە لە یەکتر، بۆشایی سۆزی دروستکردووە و وای لە تاکەکان کردووە بە دوای دەرچەیەکەوە بن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانیان. هەروەها گوتیشی وەکو بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی، ئێمە رۆژانە بە هەزاران حاڵەت لە هەموو تەمەنەکان دێنە لامان بەڵام زیاتر کچان و ژنانن کە رووبەڕووی توندوتیژی دیجیتاڵی دەبنەوە کە زۆرجاریش بە هۆی کێشەوە ناتوانن سکاڵاش تۆمار بکەن، لەوانە تێڕوانینی کۆمەڵگا یان دیارنەبوونی سەرچاوەی تاوان و تاوانبار.
لەبارەی ستراتیژی ئەوان بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم جۆرە توندوتیژییانە، فێنک شەفیق گووتی ئێمە وەکو وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش و دەزگاکانی پۆلیس، هەموو بەیەکەوە کار دەکەین، هێڵێکمان داناوە کە چەندین ژمارەی لەسەرە بۆ ئەو کەسانەی رۆژانە رووبەڕووی توندوتیژی ئەلیکترۆنی دەبنەوە، جگە لەوەش لە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆمان ژووری تاوانە ئەلیکترۆنییەکانمان داناوە بۆ ئەو کەسانەی نایانەوێت بەئاشکرا سکاڵا بکەن. بێجگە لەوە دەستمان بە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەش کردووەو، بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوەکان دەچینە قوتابخانەکان، زانکۆکان، و بەڕێوەبەرایەتییەکان و ئاگادارکردنەوەیان لەبارەی یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2008 ی تایبەت بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکانیان پێدەدەین. لە هەموویان گرنگتر هێڵی گەرمی 119 مان هەیە و هەرکەسێک لە هەر کاتێکدا دەتوانێت پەیوەندی بکات و راوێژی کۆمەڵایەتی، یاسایی و دەروونی وەربگرێت.
دواتر شیڤان سیراجەدین رێکخەری یاسایی لە دامەزراوەی سید باسی لەوەکرد کە بە پێی راپرسییەکی دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان و UNFPA لە ساڵی 2021دا ، 50% ی دانیشتووانی عێراق رووبەڕووی توندوتیژی ئۆنلاین بوونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی منداڵانیش بەدەر نەبوون لەوە. هەروەها زۆرجاریش هەر ئەم توندوتیژییە ئەلیکترۆنییانە گۆڕاون بۆ توندوتیژی فیزیکی و تاوانی کردەیی.
دواتر هەورامان فەریق مامۆستای زانکۆ، لە رووی کۆمەڵناسییەوە باسی لەوە کرد کە سەرەرای لایەنە باشەکانی، یەکێک لە خراپییەکانی سۆشیالمیدیا لە هەرێمی کوردستان ئەو رۆڵەیە کە لە بەكارهێنانی توندوتیژی و بەرهەمهێنانی گوتاری رق و كینەدا دەیگێڕێت. ئەو باسی لە شیکردنەوەی کۆمێنتەکانی پەیوەست بە دۆسییەی کوژرانی کەسێک گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە سێ جۆر گوتاری زاڵی شەرەف و ناموس، گوتاری خێڵ و سۆزی ئایینی بەسەر جۆری کۆمێنتەکاندا زاڵن و لە هەندێک نموونەدا لە ژێر ناوی ئەو گوتارانە رەوایی بە توندوتیژی دەدرێت.
لە رەهەندە ئابوورییەکەیەوە د. رێبین رەمەزان مامۆستای زانکۆی دهۆک باسی لەوە کرد کە سۆشیالمیدیا بووەتە هێزێکی بەربڵاو لە داڕشتنی چالاکییە ئابوورییەکان لە سەرانسەری جیهاندا و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم گۆرانکارییە. لە ساڵانی رابردوودا ناوچەکە شایەتی زیادبوونی بەرچاوی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا بووە، پلاتفۆرمەکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرام و تیکتۆک و ئێکس رۆڵێکی بەرچاویان لە ژیانی رۆژانەدا هەبووە، یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی کاریگەرییەکانی سۆشیالمیدیا لەسەر ئابووری لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی لەسەر کارگێڕی و گەشەپێدانی بزنسە بچووکەکانە. خاوەنکارەکان ئەم پلاتفۆرمانە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان، پەیوەندیکردن لەگەڵ کڕیاران و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی بازرگانی بەکاردەهێنن و، ئەمەش بەشداری لە گەشەکردنی ئابووری ناوخۆیی زیاتر دەکات.
گووتیشی، پلاتفۆرمەکانی سۆشیالمیدیا رۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی رەفتاری بەکاربەران و شێوازی کڕین دەگێڕن . بە دابینکردنی فەزایەک بۆ بازرگانەکان بۆ ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەکاربەران پەیوەندی بکەن، سۆشیالمیدیا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی بەکاربەر و تێڕوانینەکانی براند هەیە، بەمەش کاریگەری لەسەر خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکەدا دەبێت، سەرەڕای ئەوەش سۆشیالمیدیا وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ بەرەوپێشبردنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە. پلاتفۆرمە جیاوازەکان رێگە بە گەشتیاران دەدەن ئەزموونەکانیان بەیەکەوە باس بکەن، شوێنی نوێ بدۆزنەوە و گەشت بکەن، ئەمەش داهاتی گەشتیاریی زیاد کردووەو، رۆڵی لە زیادبوونی بازرگانییە نێوخۆییەکان لە کەرتی گەشتیاریدا گێڕاوە.
دواتر د. هەژان خالید کە باسی لە رەهەندی سیاسیی کاریگەرییەکانی سۆشیاڵمیدیا کرد گوتی، لەسەرەتای دەرکەوتنیاندا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری ئەرێنییان لەسەر پرۆسەی سیاسی دروستکرد و دەرفەتیان رەخساند بۆ خستنەڕووی دەنگ و رەنگی جیاوازی ئایدۆلۆژی و سیاسی و رووبەری ئازادیی رادەربڕینیان فراوانکرد، بەڵام بەراورد بەوکاتە ئەم دۆخە ئێستا تەواو پێچەوانە بووەتەوە، ئەو فرەییەی هەیە، راستەقینە نییە و چەندین دەنگی جیاواز بە دەمامکی سیاسی هاوشێوە خۆیان دەنوێنن و کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکەن. گوتاری سیاسیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بەسەر لایەندا دابەشبووە و رەنگێکی جیاواز نییە، ئەویش گوتاری ئۆپۆزیسیۆن و گوتاری دەسەڵاتە. بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی ئیدارەی ئەم گوتارە دەدات حیزبە سیاسییەکان یان کەسایەتییە سیاسییەکانن. ئەوەشی لە دەرەوەی ئەم دوو گوتارە بێت لەڕێگەی هێرشی رێکخراوەوە، وەک بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و هەواڵی ساختە و ناوزڕاندن یان بەشێوەیەکی فەرمی لە ڕێگای یاساوە ڕووبەڕووی سزا و هەوڵەکانی بێدەنگکردنی دەبێتەوە.
وەک یەكێک لە گرنگترین تەگەرەکانی رۆژنامەوانی لە سەردەمی سۆشیالمیدیا و ژیری دەستکرددا، د.بەهات حەسیب قەرەداخی باسی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست کرد و گوتی ئێستا هەرکەسێکی ئاسایی دەتوانێت لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە بە چوار رستە و بە بێ هیچ بنەمایەکی زانستی بە ناو هەواڵێک دروست بکات و بەبی سانسۆر بیگەیەنێتە هەزاران کەس. ئەمە بە جۆرێک کاریگەری خراپی لەسەر باری دەروونی خەڵک داناوە کە راهاتوون بەوەی ئەگەر هەواڵێک درۆ و زیادەڕۆیی تێدا نەبێت حەزی پێنەکەن. هەڵبەت ئەوەشی وەک گرفتێکی گشتی لە سەرتاسەری جیهان ناوبرد.
هەر بە پێی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کە ١٠٧١ نموونەی لە ٤٠٦ شوێنی هەرێمی کوردستان وەک نموونە وەرگرتووە نزیکەی ٥٩٪ی بەکاربەران متمانەیان بەو شتانە هەیە کە لە سۆشیالمیدیا بڵاو دەکرێنەوە و نزیکی ٢٨٪یش گوتوویانە کە نازانن ئایا بڕوا بەو شتانە بکەن یان نا، ئەمەش دەریدەخات کە پرسی هەواڵی ساختە دەتوانێت چەندە کاریگەر بێت.
بڕوا کیانی بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ پێیوابوو کە بەرپرسیاریی رێگرتن لە هەواڵی ساختە و چەواشەکاری بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر رۆژنامەڤانانە. پێویستە ئەوان دووجار بیرلە ئیشەکەیان بکەنەوە و تێیدا قوڵ ببنەوە. جگە لەوەش خوێندەواری دیجیتاڵی زۆر گرنگە سەرەتا بۆ رۆژنامەڤان ئینجا بۆ وەرگر. هەروەها فەلسەفەی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لە ژیانی رۆژانەیان دا، لەسەر دنیا دیجیتاڵییەکەشیان رەنگدەداتەوە.
دادوەر رزگار حەمە ئەمین گووتی بە پێی یاسا دەست خستنە ناو ژیانی خەڵکی لە رێگەی تەکنۆلۆژیاوە قەدەغە کراوە، بەشێکی یاساکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانانە بابەتین و، بەشێکیشی لێکۆڵینەوەیە لەبەڵگەکان بەڵام بە گشتی پێیوابوو کە گرنگتر لە یاسا، هۆشیاری کۆمەڵگەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکترو لەگەڵ رووداوەکان دەکەن.