چالاکی

شەشەم چاوپێکەوتنی تایبەت: وەرگۆڕانی سیاسەتی نێوخۆیی و ستراتیژی ناوچەیی تورکیا؛ روانگەی بولەنت ئارنج سەرۆکی پێشووی پەرلەمان

26-03-2025


محەممەد ساڵەح: 50 ساڵە لە سیاسەتدان، لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکانەوە لە نێو سیاسەتدا زۆر کاران. پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان مایەی شۆک بوو یان چاوەڕوانکراو بوو؟ هەڵسەنگاندنتان بۆ نێوەڕۆکی پەیامەکە چی بوو؟  

بولەنت ئارنج،: لە دوێنێوە بەتایبەتی دوای راگەیاندنی پەیامەکە، تەنیا لە تورکیا و ناوچەکە بایەخی پێنەدرا، بگرە بووە مایەی بایەخی هەموو جیهان. چەندین ساڵە هاوڕێیەکی ئێوەم لەم بوارەدا. جگە لە پۆستە فەرمییەکانم وەک سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ناوچەکە زۆر بە باشی دەناسم، برایانی کورد زۆر چاک دەناسم و خۆشم دەوێن. نزیکەی 40 ساڵە ئەم رێکخراوە (پەکەکە) دامەزراوە. ئەگەر لە هەڵکوتانەکەی ئێروهەوە دەستپێبکەین لە ساڵی 1984ـەوە کە 40 ساڵی تێپەڕاند. لەو کاتەوە خەم و پەژارە و ئازار و مەینەت و کارەساتی یەک بەدوای یەکدا هات و بەردەوام بوو. دوای قۆناخی سەرۆکایەتیکردنم بۆ پەرلەمان، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانم پێدرا، کە هاوکات گوتەبێژی فەرمی حکومەتیش بووم، خۆم لە پرۆسەی چارەسەری دۆزییەوە. ئەوسا بە چالاکییەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی پرۆسەکە دەستیپێکرد و دواتر کە کۆبوونەوەکان و کارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی خرایەڕوو. بەداخەوە ئەنجامەکی باش نەبوو.  

محەممەد ساڵەح: بۆچی باش نەبوو؟ 

بولەنت ئارنج،: دەرفەتم پێبدە روونی بکەمەوە. بە کورتی دەیڵێم، حکومەت بە نیازپاکییەوە هەموو کارەکانی کرد، بەڵام رێکخراو (پەکەکە) ناپاکی کرد. ئەو شتانەی بانگەشەی بۆ کرد، هیچکامیانی نەکرد. سەبارەت بە روونکردنەوەکەی دوێنێ، شتێک هاتەوە یادم. دوای دیداری یەکەمی ئیمرالی لە مانگی نەورۆزی 2013دا. سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لە گۆڕەپانی دیاربەکر، یەکەم پەیامی ئۆجەلانیان خوێندەوە داوای دانانی چەک و کشانەوەی کرد لە تورکیا. وەک کەسێکی بەرپرس لەو کاتەدا رۆژانە چاودێری کارەکان و پێشهاتەکانم دەکرد، هیوامان خواست پابەندی بنوێنن و ئەنجامی بدەن. بەڵام دوای ماوەیەک چەند بەساڵاچوویەک و ژمارەیەک مێرمنداڵ کشانەوە. دواتر بەهۆی ئاگربەستەوە ئەم بابەتە لەیاد کرا. لەم ماوەی ئاگربەستەکەوە، رێکخراو (پەکەکە) بە نهێنی و ئاشکرا خۆی پڕچەک کرد و چاوەڕێی رۆژێکی دیاریکراوی کرد. دواتر بەداخەوە لە 2015 پرۆسەکە کۆتایی پێهات. ئیدی ئەستەمە قسە لەمبارەیەوە بکرێت. ئەوەی دوێنێ روویدا هەر لە دوێنێ مایەوە. ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە، پێویستە باس لە شتی نوێ بکرێت. لە ناکاو شتێکی چاوەڕواننەکراومان لە کەسایەتییەک دیاری سیاسەت بیست، مەبەستم بەڕێز باخچەلییە و شتێکی زۆر سەیری گوت. راستییەکەی من سەرسام و شۆک بووم، فراکسیۆنی پارتەکەیشی شۆک ببوون لە لێدوانەکەی. ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام لە گوتارەکانیدا دەیگوت ئەمە بکەین و دەست بۆ ئەمە ببەین و ئەم هەڵوێستە بنوێنین و با سەکۆی لەسێدارەدان دابنێینەوە. بە راستی ئەم هەڵوێستە لە بەڕێز باخچەلی چاوەڕواننەکراو بوو، شۆک بووین. بەهۆی ئەوەی هەمیشە بە هیوا بووین، چاوەڕێمان کرد بزانین هەنگاوەکانی دواتری چی دەبێت، بۆیە چاودێریمان دەکرد. 

محەممەد ساڵەح: لەنێو ئەم بابەتانەی ئاماژەتان پێدا، پەیامی ئۆجەلان بە دەم بانگهێشتەکەی باخچەلی چووە؟ 

بولەنت ئارنج،: پێموایە بەڕێز باخچەلی تەنیا بانگەواز بکات ئەمە ئەرکێکە و پێویستە رێکخراو (پەکەکە) مەرجەکە جێبەجێی بکات و لەبەرچاوی بگرێت. پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان وەڵامێکە بۆ بانگهێشتەکەی باخچەلی و بەدەمەوە چوونە. پێش ئەم پانێڵە دیسان خوێندمەوە، بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە دامەزرێنەری ئەم رێکخراوەیە و لە دەستپێکەوە خستیە نێو گۆڕەپانەوە و بەرپرسیاری یەکەمی هەموو کردەوە چەکدارییەکانیەتی و لە 1999ـەوە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالی دەستبەسەرە، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرا بانگەوازێکی بەمشێوەیە بڵاوبکاتەوە. لە بەشێکی بانگەوازەکەدا دەڵێت، ئەوەی پێشتر داواکرابوو ئێستا بەسەرچووە، ئەگەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بێتەکایەوە، کە هاتەکایەوە و ئەمە و شتی دیکەش کرا. لە چوارچێوەی کۆماریدا بە رێگەی دیموکراسییەوە بکرێت. ئەوەی ئەرکی سەرشانی ئێوە، کە من ئێوەم دامەزراندووە، کۆنگرەی رێکخراوەکە (پەکەکە) ساز بکەن و خۆتان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانتان دابنێن. ئەمە فەرمانە، ئەمە رێنماییە و پێویستە جێبەجێ بکرێت و بە ئەرێنی پێشوازی لێبکرێت. رێکخراوەکەش (پەکەکە) دەبێ ئەنجامی بدات. چاوەڕێین، سەرباری لێدوانی تاکەکەسی بەرپرسەکانیان (پەکەکە) شتێکی نوێم لێیان نەبینیووە. لایەن و کەسایەتییە کاریگەرەکانیش پێویستە ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێ بکەن بڕیاری دروست بدەن. 

محەممەد ساڵەح: لە نەوەتەکاندا بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا لە سەردەمی پارتی رەفاه راپۆرتان سەبارەت بە پرسی کورد ئامادە کرد، کەسایەتی کاریگەر بوون لە پرۆسەی چارەسەری. ئایا دانانی چەک بۆ چارەسەکردنی کێشەی کورد بەسە؟ 

بولەنت ئارنج،: پێویستە بەمشێوەیە سەیری دۆخەکە بکەین، ئەگەر بابەتی تیرۆر هەبێت یان با بڵێین زۆنگاوێک هەیە و هەموو رۆژ مێشوولە لەسەر ئەم زۆنگاوەدا کۆببنەوە، نامەوێ ئەم نموونەیە بەهەڵە لێکدانەوەی بۆ بکرێت، بەڵام ئێوە لە مێشوولەکان بێزار دەبن. چوار پێنج لە مێشوولەکان دەکوژیت، بەڵام زۆنگاوەکە هەر ماوە. دوای کوشتنی چوار پێنج مێشوولە 300-400 مێشوولەی دیکە کۆدەبێتەوە. کێشەکە لە وشککردنەوەی زۆنگاوەکەیە. ئەم بابەتەم لە کتێبەکەمدا باس کردووە کاتێک سەردانی هیندستانم کرد. لەوێ لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەوکات کۆبوومەوە. من بە سێ وشە باسی تیرۆرم کرد، ئەویش بە 300 وشە باسی تیرۆری کرد و پرسیاری کرد چۆن لە بەڵای تیرۆر رزگاریان بێت؟ دواتر کتێبەکەم پێشکێشی ئێوە دەکەم. لە دیدارەکەدا باسی 10 هۆکاری سەرهەڵدانی تیرۆرم کرد. بۆ نموونە پێناسەنەکردنی خۆت، مانەوە لەژێر گوشار، نەبوونی ئازادی رادەربڕین، داواکاری سیاسی، پارچەپارچە بوون، جوداخوازی و دامەزراندنی دەوڵەتی دیکە و هەموو هۆکارەکانم ریز کرد. پێویستە سەرەتا دەست بۆ هۆکارەکان ببرێت بۆ ئەوەی کێشەی تیرۆر چارەسەر بکرێت. ئەوەی ئێمە کردمان، زیاتر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان بوو. بە واتایەکی دیکە ئەو کەسانەی چەک و بۆمب ئاراستەی تۆ دەکەن، تۆش بە هێزی سەربازی ئەوان لەناو دەبەیت. لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، تورکیا زۆر سەرکەوتووە ئێستا. ئەگەر لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەرکەوتوو بیت، تیرۆریست دواتر چارەسەر دەبێت. بەڵام ئەمە لەناو تورکیا چارەسەر کرا. بەڵام لە دەرەوەی تورکیا سەرهەڵدانی گرووپی پەیوەندیدار و سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی کە بوونە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا، ئەمە بابەتێکی دیکەیە. بۆیە ئەگەر بڵێن بۆ تورکیا بڕیارێکمان داوە، پەیوەندیمان بە گرووپەکانی دیکەوە نییە، دەتوانن بڵێن ئەم بڕیارە بۆ ئێرەش هەمان شتە و دەبێ جێبەجێ بکرێت. زۆر سەختە بەڵام دەبێ هیوامان هەبێت. هەمیشە لە تورکیا دەڵێم، بۆ ئەوەی بەرۆکی تیرۆر بگریت، پێویستە رێگەچارەی گونجاوی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بدۆزینەوە. لە کاتی بەرپرسیارێتییەکانمدا کەسی یەکەمی زۆر دامەزراوە بووم هەمیشە پێداگریم لە مافی کولتوور و ناسنامە و خوێندن و فێربوون کردووە. 

محەممەد ساڵەح: ئایا لەم چوارچێوەیەدا هەنگاو دەنرێت؟ خوێندن بە زمانی دایک و بەهێزکردنی پێگەی کورد و ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان و ئەندامانی پەکەکە؟ 

 بولەنت ئارنج،: ئێستا من لە شوێنێکی هێندە گرنگدام، رێزم بۆ هەمووان هەیە. لە هەموو شوێنێک راستییەکان دەدرکێنم. کاتێک دەست بەم کارە کرا و گەیشتینە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ، تاوەکو ئێستا هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەم پرسانە نەکراوە. باخچەلی شتێکی گوت، قۆناخی دوای ئەمەی باس نەکرد. لە بەرامبەردا بەڕێز سەرۆککۆمار رایگەیاند، ئەگەر چەک دانەنرێت ئێمە درێژە بە خەباتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەدەین. پێموانییە گفتوگۆ لەبارەی پێدانی ئەم مافانەش کرابێت. لەو دیدارانەی لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی کردمان، ئاماژەی روون بۆ ئەوە کراوە کە با هەنگاوی یەکەم بنرێت، دواتر لە کەشێکی ئاشتیدا ئەم بابەتانە گفتوگۆ دەکرێت. ئەگەر پرسیارەکەت ئەوە بێت ئاخۆ ئەم شتانە دەکرێت؟ پێتدەڵێم رەنگە بکرێت و رەنگە نەشکرێت. دەشتوانم ئەوەش بڵێم تاوەکو ئێستا هیچ دیدگایەکیش لەمبارەیەوە نییە. جارێ زووە باس لەم بابەتانە بکرێت و قسەکردن لەم بابەتانە کارێکی پووچە، چونکە دەبێ چاوەڕوانی ئەنجامی هەنگاوی یەکەم بین. داوا کراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تائێستا پەسند نەکراوە.  

محەممەد ساڵەح: سەرۆک، لە لێدوانەکانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەکان و لێدوانەکانی شاندی دەم پارتی ئیمراڵی لەگەڵ بەرێز سەرۆک بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئەوەی تێدەگەین، بوونەتە بەشێک لەم پرۆسەیەدا و لە پرۆسەکانی پێشووتریشدا رۆڵیان گێڕابوو، لەبارەی ئەو رۆڵە کارایەی کە دەیگێڕن ئێوە چی دەڵێن؟ 

بولەنت ئارنج : من رێزی خۆم ئاراستەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش دەکەم. هەواڵ و سڵاوی ئەویشم پێگەیشت. لێدوانەکانی دوێنێشی لە رادەبەدەر جوان بوون. لە ماوەی رابردووشدا پەیوەست بە بەڕێز مەسعوود بارزانی، سەرۆک بارزانی کارەکانی دەزانم، لەگەڵ ئەودا لە تورکیا زۆر دیدارمان هەبووە، تەنانەت لە تشرینی دووەمی 2013 ـدا لەگەڵ خۆی و شاندی یاوەری کە شڤان پەروەریش لە نێو ئەو شاندەدا بوو کە زۆرم خۆش دەوێت، هاتبوون بۆ دیاربەکر و پێکەوە بووین. لە دەرەوەی وڵاتیش ماوە ماوە پێکەوە دەبین، ئەوان لەم بابەتەدا لانیکەم هێندەی ئێمە دڵسۆزن و هەوڵدانیان هەیە. ئومێدەوارم ئەوانیش دوای ئەم رووداوە، کە بەهۆیەوە زۆر ئازاریان چەشت، لەگەڵ ئەم ناوچە جوانەدا دەگەنە ئارامی و ئاشتی.   

محەممەد ساڵەح: چەکدانانی پەکەکە، پەیوەندییەکانی تورکیا -هەولێر، ئەنقەرە - هەولێر، ئەنقەرە - عێراق و سووریا چۆن بنیاد دەنێت؟ 

بولەنت ئارنج،: لە پەیوەندییەکاندا لەگەڵ هەولێر هیچ کیشەیەک نییە. ئێمە سوپاسگوزارین. لەگەڵ ئیدارەی هەرێمی کوردستانی عێراق لە رابردووە و تائێستا پەیوەندییەکی برایانەمان هەیە. لەگەڵ هەر حیزبێکدا بێت لەگەڵ هیچ کامێکیان کێشەمان نییە. ئێمە بێگومان لەگەڵ ئیدارەی ئەمڕۆ و ئێدارەی پێشوو لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا رازین. روانگەمان لەبارەی تیرۆر هاوشێوەیە و لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانیشدا هەمان روانگەمان هەیە. هەر بەهۆی ئەو پێکەوەییە، من زۆر باش دەزانم  کە بەتایبەتی ئەو رێکخراوە وەک هاوبەشی تورکیا بەخراپ نیشانیان دەدەن، ئەوان شایستەی ئەوە نین. ئەوان کەسانی بەشەرەف و خاوەن شکۆن. 

محەممەد ساڵەح: بەڕێز سەرۆک رێک لەم بابەتەدا سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لێدوانی دا، راوێژکاری ئەڵمانیا لێدوانی دا، گوتەبێژی کۆشکی سپی لێدوانی دا، سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە و بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەورووپاش لێدوانێكی هاوشێوەی دا، دنیای درەوەش لە نزیکەوە چاودێری دەکات، ئێوە لەبارەی ئەو بایەخە و ئەو بانگەوازە پێتانوایە چۆن کاریگەرییەک لە تورکیا دەکات لەسەر ئاستی جیهانی و پەیوەندییە ناوچەییەکانی و ئەو ستراتیژییەی پەیڕەوی دەکات؟ 

بولەنت ئارنج،: پێش هەموو شتێک بە رێزەوە پێشوازی لە لێدوانە ئەرێنییەکان دەکەم، بەتایبەتی باسی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێک لە وڵاتانت کرد، بەڵام چاوەڕوانی لێدوانی ئەرێنیم لە وڵاتانی دیکەی نزیک و دراوسێ هەیە. ئەوەی گرنگ بێت ئەوانن. نازانم کەسێک کە لە دوورەوە بڵێ وەها بکەن، چەندە کاریگەریی دەبێت، بەڵام راستییەکەی زۆر مەراقمە هەڵوێستی ئێران لەسەر ئەو بابەتە بزانم. پێش هەموو شتێک پێویستە بیر لەوە بکەینەوە، ئەم لێدوانەی بەڕێز باخچەلی، ئەگەر لە دنیا و هەلومەرجی جوگرافی ناوچەکەماندا گۆڕانکاریی نەبووایە، لەوانەیە نەبواویە. بەڵام جوگرافیاکەمان دەگۆڕێت، با وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیر بکەینەوە، من لە رووی ئایدۆیۆلۆژی یان جوگرافییەوە وشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبووڵ ناکەم، بەڵام ئیدی ئەوە جێگیر بووە ناوچەی ئێمەیە. منداڵی هەمان شارستانیەتین، مرۆڤی هەمان میللەتین، لەسەر هەمان ئیمانین، لێرە بەدرێژایی سەتان ساڵی جیاوازییەکانمان، بە برایانە ژیاین. دواتر تۆوی دووبەرەکییان لە نێوانماندا چاند، یێخەی یەکدیمان گرت و شەڕی یەکدیمان کرد. ئێستا سەرلەنوێ دەبێت شان بدەینە شانی یەکدی، چونکە ئەوانەی لە دوورەوە هاتوون و دەیانەوێت دیزاینمان بکەن زۆر بێ بەزەیین، لەوانە لەمە وا تێگەیشتبن کە مەبەستم ئیسرائیلە، جواگرافیاکە دیزاین دەکات. لەلایەک بە رێککەوتنی جیاواز ئەو وڵاتانەی کە خەڵکەکەی موسڵمانە بەلای خۆیدا رادەکێشێ، لەلایەکەوە غەززە وێران دەکات، لە ئەمریکا ترەمپ هاتە سەر دەسەڵات و بووە سەرۆک، لە لێدوانەکانی ئەو دەڕوانین، لە سووریا پێشهاتی گەورە لە ئارادایە، پێموایە پێشهاتەکان ئەرێنین. لە نێو ئەو پێشهاتانەدا ئیسرائیل هەموو چەک و کەلوپەلە جەنگییەکانی سووریای لەنێوبرد، سەرلەنوێ جۆلانی خستەوە ژێر رکێفی خۆی، دوای بینینی ئەم پێشهاتانە، دەبێت بەرەی ناوخۆمان لە نێو وڵاتدا رێکبخەین. تورکیا لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە ئیتنیکییەکان و ئایینییەکاندا ببێتە یەک جەستە. دووەمیان درواسیکەمان، لەگەڵ سووریادا 910 کیلۆمەتر سنوورمان هەیە، لەگەڵ عێراق سنوورمان هەیە، سێ مانگ یان چوار مانگ لەمەوبەر سەردانی هەکاریم کردبوو، شەمزینان، یوکسەکئۆڤا و هەموو ئەو شوێنانەم بەسەرکردەوە. لە شەمزینان منیان بردە سەر چیای سەیر، لە سەرەوە سێگۆشەیەک هەبوو، عێراق، ئێران و لە نێوەڕاستیشدا تورکیا. بەبینی ئیرەییم برد و دڵخۆش بووم، کە چەندە جوانە و ئێمە کۆمەڵگەیەکین کە لە یەک جوگرافیادا بەیەک گەیشتووین. چەندە شتێکی خۆشە کە ئێرە لە ئارامیدا بێت. چەندە خۆشە کە ئێرە لە ئاشتیدا بێت، چەندە خۆشە کەم ئەم دەرفەتانەمان بۆ یەکدی تەرخان بکەین. راستییەکەی هەم دڵخۆش بووم، هەم دڵگرانی خۆم لەبارەی رابردوو بەش کرد. ئێستا بێگومان لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکانی سووریا لە دوای ئەسەد، رژێمی نوێ دەبێت هەمووان لە ئامێز بگرێت و رژێمێکی دیموکراسیانە بێت. هەر کێیەک کە لەوێ دەژیت لە دروزەکانەوە دەستپێبکات، تەنیا مەبەستم ناوچەکانی لازقییە و تەرسوس نییە، کێ لە هەر کوێیەک بێت، لە کلدانییەکان و دروزەکان و سوننەکان و نوسەیرییەکان، پێویستە دەستوورێکی نوێ دابنرێت کە کەشی ئاشتی بنیاد بنێت.  

محەممەد ساڵەح: ئەی کوردەکان؟ 

بولەنت ئارنج،: بێگومان، بێگومان. کوردیش لە نێو ئەمەدا وەک توخمێکی سەرەکی، بەڵام نەک لە پێشینە و لە پاشینە، دەبێت هەموو پێکەوە وەک کۆمەڵگەیەک بیری لێ بکەینەوە. دەبێت لە رووی نوینەرایەتی سیاسییشەوە دەبێت لە دۆخێکی زۆرباشدا بن.  

محەممەد ساڵەح: ئەحمەد شەرع دەتوانێت دەسەڵاتێکی گشتگیر دابمەزرێنێت؟  

بولەنت ئارنج،: نیازیان هەیە پێشبینی دەکەین. لەلای ئێمە کاتێک یەکێک ئەرکێکی پێ دەدرێت، پێشتر داوای رابردووەکەی دەکەین پاشخانی چییە؟ چی کردووە؟ دەستەی دادوەران دۆسیەی پاکانەی پاشخانەکەیمان پێدەدات. بەڵام کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە سیاسەتڤانەوە هەبێت و لە ماوەی دوو رۆژدا دەستی بەسەر دیمەشقدا گرت و پاشان خۆی بە سەرۆککۆماری وڵات ناساند. پاشان بە جلوبەرگێکی پۆشتە هاتە بەردەم شاشەکان و خۆی بە خەڵک نیشاندا و سەردانی تورکیاشی کرد. خۆم کاتێک سەیری رووخساری دەرەوەی دەکەم و ئەو کارانەی تاوەکو ئێستا کردوویەتی بۆچوونم بەرێژەیەک گۆڕا. هەروەها سەیری ناو چاو و دەموچاوی دەکەم، ئەمانە درۆ ناکەن. بۆ نموونە رووخساری تۆ زۆر نورانییە ماشەڵڵا وەک ئەلماس وایە. جەنگیز چاندار وانییە بەڵام تۆ وەهایت هاهاهاهاها. کاتێک سەیری پاشخانی ئەم پیاوە دەکەم پرسیاری زۆر دێتە خەیاڵم، لە نێوان خۆماندا قسە دەکەین، پیاو لەگەڵ قاعیدە کاری کردووە، لە زیندان بووە، لەگەڵ کەسانێک پێکەوە بووە، ئەمە و ئەوەی کردووە. دەستەی تەحریر شام بۆ ئێمەش رێکخراوی تیرۆریستییە. هەرچەندە ئێستا قسەی لەبارەیەوە ناکەین. ئەو کەسە لەم هەموو شوێنە دەرچووە و هاتووەتە ئەم خاڵە. ئێستا ناحەق نین ئەگەر بە چاوی گومان سەیری بکەین. بەڵام ئەو کارەی کردوویەتی ئەنجامی باشی لێبکەوێتەوە شتێکی نایابە. لە نزیکەوە ئاگاداری پەیوەندییەکانمان بووین لەگەڵ ئەسەد. چوار جار لەگەڵ ئەسەد و هاوژینەکەی پێکەوە دیدار و چاوپێکەوتنمان هەبووە. لە کتێبەکەم باسی ئەویشم کردووە. تا ئاداری 2011 وەک یەک خێزان وابووین، بەشار بەڵێنێکی پێداین کە ببێتە وڵاتیکی دیموکراسی و گوتی: من لە رۆژئاوا گەورە بووم و دەستە بە بەهاکانی رۆژئاوا دەگرم. تەنانەت لە یەکێک لە دیدارەکاندا کە باس لەم بابەتەش نەکرابوو، رایگەیاند، 'زۆر حەزم بە بۆرسای دراوەکانی ئیستەنبووڵە، ئەگەر سەردانی تورکیام کرد، بمبەنە ئەم شوێنە' پرسیارم لێکرد بۆچی هێندە حەز بەم شوێنە دەکەیت؟ لە وەڵامدا گوتی 'دامەزراوەیەکی زۆر گرنگە دەمەوێ هەمان شت لە سووریا دابمەزرێنم' سەیرکە تەنانەت باسمان لەم جۆرە شتانەش دەکرد. بەڵام لە ئاداری 2011 کاتێک رووداوەکان سەریهەڵدا، بە ئەمانەتەوە دەمەوێ ئەمە بڵێم، ئەردۆغان ئەوسا سەرۆکوەزیران بوو، عەبدوڵڵا گوڵ سەرۆککۆمار بوو رۆژانە پەیوەندیی تەلەفۆنیان دەکرد و ئامۆژگارییان دەکرد کە چەک لە دژی ئۆپۆزسیۆن بەکارنەهێنێت. باوکی پاشخانێکی وەهای هەبوو بە هێزی چەک وەڵامی نەیارەکانی دەدایەوە و ئازارەکانی ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجامیدا لەیاد ناکەین، هاوکات کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجە-ش لەیاد ناکەین. ئێمە لێبووردنمان بۆ هیچ تاوانێکی قێزەون نابێت کە خەڵکی سڤیل بکاتە ئامانج.  

محەممەد ساڵەح: باستان لەوەکرد کە لەو سەردەمەدا وەک خێزانێک وابوون، ئەو کات هیچ ئامۆژگاری ئەسەدت کرد بۆ دانپێدانان بە ناسنامەی کورد؟ 

بولەنت ئارنج،: خوا لێت رازی بێت. خۆم ئەم کارەم کرد. باشە تۆ چۆن ئەمەت زانی؟ 

محەممەد ساڵەح: ئێوە دەناسین جەنابی سەرۆک 

بولەنت ئارنج،: ئەم بابەتەم لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان تاوتوێ دەکرد. ئەردۆغان گوتی 'ئەو پیاوە نەک نکۆڵی لە کورد دەکات، بە چاوی مرۆڤ سەیریان ناکات، بەردەوام ئامۆژگاری دەکەم' جارێکیان بەشێک لە کوردانی قامیشلۆ ئەمەیان بە ئێمە راگەیاند و ئەوکات ئێمەش ئاگاداری ئەم بابەتە نەبووین و زۆر شتی دیکەشمان نەدەزانی. دواتر من ئەم بابەتەم خستە نێو دۆسیەی تایبەتی خۆمەوە و لە دیدارێکماندا پرسیارم لێکرد 'تۆ بۆچی بە چاوێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ کوردانی ئەم ناوچەیە دەکەیت؟ تەنانەت وەک مرۆڤی ژمارە 2 و 3 پۆلینیان دەکەیت؟ زۆربەشیان بە هاووڵاتیی قبووڵ نەکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کورد سوپاس بۆ خوا مافی دیاریکراویان هەیە و ئەوان هاووڵاتیی هاوبەشەی ئەم کۆمارەن و پێکەوە ئەم نیشتمانەمان دامەزراندووە.' ئەویش بەڵێنیدا بەڵێنی بەمن دا و پاشان لەگەڵ بەشێک لە کوردەکان هاوئاهەنگی کرد و پێکەوە کاری لەگەڵ کردن. نازانم چی و لە چ بوارێک کاری لەگەڵ کردن چونکە پەیوەندی بەمنەوە نییە. بەڵام ئەوەی مایەی بایەخی منە ناوچەی قامشلۆ و دەوروبەرییەتی چونکە ئەمانە کەسوکاری کوردەکانی لای ئێمەن لە مێردین، نسێبین، کزڵتەپە و ناوچە سنوورییەکانی دیکە. هەروەها ئێمەش سەردانی هەردوولایەن بۆ یەکدی رێکدەخەین. ئەوان دێن لە تورکیا دەمێننەوە ئەوانی ئێمەش دەچن لەوێ دەمێننەوە. پێمان گوتن واز لەم جیاکارییە بهێنن، بەچاوی گومانەوە سەیریان دەکردین. بەڵام دواجار پێی گوتم 'باشە ئەم کارە دەکەم'. باش بوو ئەمەت بەبیرهێنامەوە.  

محەممەد ساڵەح: ئێستا ئەسەد نەما، دیواری کۆنکرێتی لە بەرامبەر ناوچە کوردییەکاندا دانراون. دەکرێ ئەم دیوارە کۆنکرێتییانە هەڵبگیرێت و پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی تورکیا هاوشێوەی هەولێر بکرێت و پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵیان دەستپێبکات؟ 

بولەنت ئارنج،: دیواری کۆنکرێتی مەبەستت لە داخستنی گومرگەکانە یان بەربەستە کۆنکرێتییەکانی دەروازە سنوورییەکانە بەهۆی رێکارە ئەمنییەکانەوە؟  

محەممەد ساڵەح: ئەو بەربەستە کۆنکرێتیانەیە کە بەهۆکاری ئەمنی دانراون. 

بولەنت ئارنج،: ئەو سەردەمانەی پەیوەندیمان لەگەڵ سووریا باش بوو، مینەکانی سەر سنوورەکانمان هەڵگرت. مشتومڕی زۆری بەدوادا هات گوتیان بۆچی مینەکانتان هەڵگرت؟ بۆچی بیر لە سبەی ناکەنەوە؟ وا مەکەن. بەڵی تەنانەت لە پرسی تەندەرکردنیشدا کێشە لەنێوان خودی کۆمپانیاکانیش سەریهەڵدا و بەهەر حاڵ مینەکانمان هەڵگرت و ناوچەکەمان پاککردەوە. تاوەکو ئێستاش لە تورکیا لەمبارەیەوە رەخنەمان لێدەگیرێت. هەر لەسەردەمی مندا چەندین کاری دیکە کرا و دیواری کۆنکرێتی بە درێژایی چەندین کیلۆمەتر دانرا. کاتێک ئاشتی دێتەکایەوە، ئەم بەربەستانە بەهایان نامێنێت. ئەم دیوارەی ئێستا بەربەست و ئاستەنگ نییە، ئەویش هەڵدەگیرێت، گرنگ ئەوەیە ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدی بکرێت و سەقامگیری دیموکراسی بەدی بکرێت. ئەگەر سەقامگیری سیاسیی باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا بکێشێت شتی زۆر جیاواز روو دەدات. پێویستە بۆ ئەمە کار بکەین.  

محەممەد ساڵەح: ئەو پەیوەندییەکەی تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ هەولێر هەیەتی، لە داهاتوودا دەکرێ هەمان پەیوەندیی لەگەڵ قامیشلۆ هەبێت؟ 

بولەنت ئارنج،: ئەمەش دەبێت، هەموویان دەبێت و دەکرێت.  

محەممەد ساڵەح: دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلانیش؟  

بولەنت ئارنج،: هیوادارم، وەک شاعیر گوتەنی، هیوا و ئاوات نانی پیاوی هەژارە. نابێ بێئومێد بین. هەڵبەتە دوای هەنگاوێک هەنگاوی دیکە بەدوایدا دێت. بۆ نموونە ئەگەر ئێوە ئەم کارە بکەن، پرسیار دەکەم ئەی دواتر؟ لە سەردەمی مندا کە پرۆسەکەمان بەڕێوەدەبرد پرسیاریان کرد 'ئەوانەی ئێرە چی بکەن؟ بچنە کوێ؟ چارەنووسیان چی دەبێت؟ ئێمەش چاومان بڕییە ئەزموونی وڵاتانی دیکە لە پرۆسەی ئاشتیدا وەک ئەزموونی باسک و ئێتا و سەیری ئەم و ئەومان کرد چونکە ئەوان سەرکەوتن و کێشەکەیان چارەسەر کرد. پرسیارمان لەخۆمان کرد بە چ پێوەرێک دەتوانین لە تورکیا بیکەین؟ هەوڵمان دا جێبەجێی بکەین، بەڵام هەوڵەکانمان بێ وەڵام مایەوە. لەمەودوا ئەگەر فاکتەری متمانە بێتەکایەوە، دڵنیام کاری زۆر جوان دەکرێت. هەمیشە لەگەڵ ئەوەبووم راستەوخۆ ئەم بابەتانە لەگەڵ خەڵک قسە بکرێت و جەختم لەوەکردەوە و دەیکەم ئەگەر چەک دابنرێت پرۆسەکە زۆر بەهێزتر دەبێت. هەروەها خەڵک نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان هەیە، هاوڕێم لێرەیە پەرلەمانتارە (جەنگیز چاندار) ئەوانیش ئەرکە سیاسییەکانیان باشتر ئەنجام دەدەن. ئەوان لەژێر هەڕەشە و گوشاری رێکخراو (پەکەکە) دەمێننەوە، بەناوی ئەوانیشەوە دڵگرانم. بەڵام ئەگەر رێکخراو (پەکەکە) خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوان وەک نوێنەرانی خەڵک سیاسەتی خۆیان دەکەن و لە هۆڵی پەرلەمان زۆر بە ئاشکرا گفتوگۆ لەم بابەتە دەکەن. 

محەممەد ساڵەح: ئامادەکاری بۆ دەستووری نوێ هەیە، دڵنیام ئێوەش چاودێری دەکەن. چ جۆرە دەستوورێک بۆ تورکیا پێویستە، چەندین ساڵە مشتومڕی زۆر لەمبارەیەوە کراوە و دەکرێت. هەر 10 ساڵ جارێک دەستوورەکەی کەنعان ئێڤرەن هەموار دەکرایەوە؟ خوێندنەوەتان بۆ ئەم بابەتە چۆنە؟  

بولەنت ئارنج،: سێ لەسەر چواری ئەم دەستوورە هەموار کراوە. تەنیا دیباجەکەی ساڵی 1982 ماوە. لەسەر ئەم بابەتە پێش ئەوەی ببمە سەرۆکی پەرلەمان کارم لەبارەیەوە کرد. لە 1995ـەوە بە پەرلەمانتار هەڵبژێردرام. پێنج خول لەسەر یەک پەرلەمانتار بووم. ئێمە لە سەردەمی پارتی سەرلەنوێ رەفاه-یش رەشنووسی دەستوورێکی نوێمان داڕشت. هەر لەو سەردەمەدا دامەزراوە و رێکخراوی پیشەیی و پەیوەندیداریش چەندین رەشنووسیان ئامادە کرد. لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و ئەکادەمیش کارمان کرد. لە شەستەکاندا بەتایبەتی دوای کودەتاکەی 1961 دەستوورێکی کارامان هەبوو. دوای کودەتای هەشتاکانیش دەستووری 1982 کارا کرا. زۆر هەموار کرا، دەستوورە کۆنەکە ئێستا ناناسرێتەوە. یەکێک لەو زنجیرە هەموارانەی کردمان لە ریفراندۆمی 12ـی ئەیلوولی 2012 بوو کە پەیوەندی بە 25 مادەوە هەبوو. خۆم سەرپەرشتیم کرد، تەنانەت لەگەڵ هاوڕێکانمان مەبەستم تەواوی هاوڕێکانمانە بەبێ جیاوازی، بەیەکدیمان گوت ئەم هەموو هەموارەمان کرد، پێویست بە داڕشتنەوەی دەستووری نوێ ناکات. دواتر ساڵی 2008 داوایەکی یاسایی لەدژمان تۆمارکرا بۆ داخستنی پارتەکەمان. هۆکاری داوا یاساییەکە ئامادەکارییەکانمان بوو بۆ هەمواری دەستوور. دوای تەواوبوونی داوا یاساییەکە دیسان دەستبەکاربووین و گوتمان با دەستوورێکی نوێ دابڕێژین. 

مەبەستمان چی بوو لە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ؟ یەکەم: دەستوورێکی دیموکراسی بێت، مەبەستمان چییە لە دیموکراسی، بە دەنگی خەڵک بکرێت هەرچەندە دەستووری کودەتاکەی 1982 بە 90٪ی دەنگی خەڵک پەسند کرا، بەڵام لەژێر سێبەر و گوشاری سەربازی کرا. داوامان کرد پەرلەمان خۆی ئەم کارە بکات و بە ریفراندۆم پرسیار لە خەڵک بکرێت. تەنانەت داوام کردبوو دوای دەنگدانی پەرلەمانیش بە ریفراندۆم بخرێتە بەردەم خەڵک و ئەوانیش دەنگی پێبدەن. چونکە ئەگەر ئەم دەستوورە باس لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی بکات، پێویست بەوە دەکات بە دەنگی خەڵک پەسند بکرێت. بەشێکیان بیرۆکەمیان رەتکردەوە و گوتیان زۆرینەی رەهامان لە پەرلەمان هەیە و پێویست بە رتفراندۆم ناکات. گوتم نەخێر دەبێ دیموکراسی بێت و زۆرترین رێژەی بەشداریشی هەبێت. هەروەها گوتم نابێ بە زۆرینەی دەنگ بکرێت دەبێ بە بەشداری زۆرینە بکرێت.  

خاڵی دووەم: دەبێ نوێخواز و سەردەمییانە بێت. خاڵی سێیەم: مادەکان کورت و پوخت بێت بەتایبەتی ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتی هاووڵاتیان بە کورتی پێناسە بکرێت. خاڵێکی دیکە جەختم لەوە کردەوە دەستوور دەبێ دایکی هەموو یاساکان بێت، ناکرێ بە ئەگەر و بەڵام و رەنگە و پێموایە و وای دەبینم مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. هەموو مادە و بڕگەکانی روون و رەوان بێت. با دەستوورێکی دیموکراسی، ئازاد، زۆرینەیی، جەماوەری و روون بێت و با لە 75 مادە زیاتر نەبن. ئەم دەستوورەی ئێستامان 180 مادەیە، بە مادە کاتییەکانیشەوە 180 مادەیە. هەروەها دەقی سوێندخواردنێکی زۆر ئاڵۆزمان هەیە بەڕێز جەنگیز چاندار دەزانێت، تەنانەت لە خوێندنەوەشی رستەی دوور و درێژ لە خۆ دەگرێت. پێویستە ئەمە ئاسان بکرێت. هەروەها مادەی 14 هەیە کەس لێی تێناگات بە داخراوی هێشتوویانە و نازانی چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت. هەر بۆیە دەستوورێکمان دەوێت دیموکراسی، ئازاد، نوێخواز، سەردەمیانە و روون و رەوان بێت. بەڵام لە دەستووری ئێستا مادەی هاوشێوە هەیە کە تێگەیشتنیان زەحمەتە. 

February - 2025
Friday
28
10:40 AM
-
12:00 PM
Share this Post

چالاکی