چالاکی

سیمیناری د. ئازاد عەلی لەسەر پاشەڕۆژی رۆژئاوای کوردستان

26-11-2019


RRC |

 

سیمیناری د. ئازاد عەلی لەسەر پاشەڕۆژی رۆژئاوای کوردستان

رۆژی ٢١/١١/٢٠١٩ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سیمینارێکی بۆ د.ئازاد عەلی ئەکادیمیست ولێکۆڵینڤانی رۆژئاوای کوردستان دەربارەی دۆخی ئێستا و داهاتووی رۆژئاوای کورستان سازکرد. لە سیمینارەکەدا د.ئازاد تیشکی خستە سەر هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و کاریگەری بۆ سەر دۆزی کورد لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بەتایبەت کرد. ئەو پێیوایە دۆخی ئێستای جیهان و ناوچەکە لەبەرژەوەندی رژێمە شمولی وستەمکارەکانەو رێگە بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکە نادات ”دەبێت بپرسین ئێمە لە چ سەردەمێکداین؟ ئایا سەردەمی دیموکراسیە؟ زۆربەی زاناو نوسەران پێیانوایە لەدوای تێکچوونی بلۆکی سۆسیالیستی پرۆژەی دیموکراتیزەکردن ولیبرالیزم وەستا. لەسەردەمی سۆسیالیزمدا باسی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان هەبوو بەڵام لەم سەردەمەدا، هیچ سەرکردەیەکی جیهان باسی ئەوەناکات. تەنها باسی ئابوری وئایدۆلۆجی و پەنابەردەکەن. ئێستا سیستەمی نێودەوڵەتی سیستەمی پاراستنی سنوری دەوڵەتە، سیستەمی دەوڵەت پەرستیە، سیستمی رێزگرتنە لە رژێمی ستەمکار.”

هەڵبەت ئەم بۆچوونەی د. ئازاد باسێكی گەرمی لەلایەن ئامادەبووانەوە درووستكرد و بەشێك لە بەشداربووانی سیمینارەكە بۆچوونەكانی ئەویان رەتكردەوە و پێیانوابوو كە هێشتا دەرفەت لەبەردەم كورد ماوە. د. ئازاد عەلی پێیوابوو”سیاسەتی ئیران و تورکیا ئەوەیە کە خاک وخەڵک و هەرێمی رۆژئاوای کوردستان هەنگاو بەهەنگاو پارچە پارچە بکەن. سەرەتا لەقۆناغی یەکەمدا بە داگیرکردنی عەفرین دەستیانپێکرد و گۆڕینی دیموگرافییان ئەنجامدا. ئەمەش بە رەزامەندی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمریکا، رووسیا ودیمەشق كرا.” هەروەها ”لە قۆناغی دووەمیشدا تورکیا هێرشی سەرخۆرهەڵاتی فرات ئەنجامدا و پرۆسەی بەعەرەبکردن دەستیپێکرد. بە رەزامەندی ئەمریکا و رووسیا ناوچەکانی گرێسپی وسەرێکانی دەدرێتە تورکیا رەنگە قۆناغی سێیەمیش دەستپێبکات و ناوچەی زیاتر بدرێتە تورکیا.” ئەو پێیوایە کە ئەمریکا هیچ ستراتیژێکی لە سووریادا نیە وتەنها بوونێکی سەربازییە کە ئەمیش بێ ستراتیژە.”پرۆژەی ئەمریکی تەنها بۆ پاراستنی نەوتەوئەمەش بێ ستراتیژە، چونکە ئەوکۆمپانیایەی کە لە کێڵگە نەوتیەکان کاردەکات سوورین وسەربەوەزارەتی نەوتن.” ” تەنها وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا کاری خۆی لەسەر ئەرزی واقیع لە رۆژئاوا دەکات و ئەوەیتر قسەو پڕوپاگەندەیە.”

لەلایەكی دیكەوە ئازاد جوندیانی كە بەشداری لە سمینارەكەدا كردبوو باسی لەوە كرد كە بەرنامەی ئەمریکا وایە کە وڵاتەعەرەبی وئیسلامیەکان تاساڵی ٢٠٢٥ئیکتیفای زاتییان نەمێنێت. ئەم پێنج ساڵەش زۆر گرنگە بۆ ئەمریکا سەبارەی بەوستراتیژەی بۆ ئەم ناوچەیە دایڕشتووە. ئێمەش وەکوکورد بەشی باش و خراپمان لەمە بەردەکەوێ. جەختیشی كردەوە كە پێویستە لەگرنگی هیچ جۆرە هەوڵێکی درووستكردنی دەوڵەتی کوردی كەمنەکرێتەوە. ئەو پێچەوانەی د. ئازاد عەلی رای وابوو كە ئێستا جارێکیتر ناسیۆنالیزم لە ئەوروپادا گەشەی کردۆتەوە وە لەئەمریکاش هەیە. هەروەها لە خاڵێكی دیكەشدا پێچەوانەی د. ئازاد كە پێشنیاری دیالۆگی كورد و دەوڵەتانی ناوچەكەی كرد وتی: “چارەسەری کێشەی کوردس لەدیمەشق و بەغدا چارەسەری تاکتیکین.”
لەلایەكی دیكەوە مەولەود باوەمراد یەكێك لە وەزیرەكانی پیشووی هەرێمی كوردستان سەرنجی راكێشایە سەر ئەوەی كە حکومەتەکانی ناوچەکە وەکو هەڕەشەی ئەمنی سەیری كورد دەکەن و پێیانوایە کە ئێمە بە ئەجێندای دەرەکی كار بۆ دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکە دەكەین. ئەو وتیشی باشتروایە كوردەكان لە قۆناخی داهاتوودا زیاترروو لە شتیك بكەین كە خۆی بە ناسیۆنالیزمی حقووقی ناوی برد.

لەبەشێكی دیكەی سیمنیارەكەیدا د. ئازاد عەلی باسی ئەوەی كرد كە سەرەڕای رۆڵی فاکتەری نێودەوڵەتی وناوچەیی لەسەر دۆزو کیانی کوردی لەناوچەکەدا، رۆڵی نێوخۆیی کوردیش زۆر گرنگەو ناکرێت هەموو کێشەو کارەساتەکان بخەینە ئەستۆی لایەنی دەرەکی. د.ئازاد پێیوایە کە لە ئێستای رۆژئاوادا ”پارتە کوردییەکان خاوەن پڕۆژەی لەت لەتن و پرۆژەی نەتەوەییان نیە. تاکو ئێستا پارتەکانی رۆژئاوا سێ جار هەڵوێستیان گۆڕیوەو ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵیشیان رانەگەیاندووە، تەنانەت ناوی ئیدارەکەش کوردی نیە.”

لە سیمینارەکەدا تیشکی خستە سەرئەوەی کە دەبێت ”خۆمان رەخنە لە خۆمان بگرین و لاوازی خۆمان ببینین بەتایبەت کە لە رووی راوێژکاریی دبلۆماسیەوە تەواو لاوازین. پێش ١٠٠ ساڵ هەستی نەتەوەیی کورد بەهێزتربوو. دەوڵەتی کوردی بە فیکری ناسیۆنالیست دروست دەبێت نەک بە ئایدۆلۆژیایەکی تر.” هەروەها دەبێت کورد بەسیاسەت وپرۆگرامی خۆیدا بچێتەوەو ببێتە خاوەن سیستـمێکی بڕیاردانی روون کە لەئێستادا نیەتی.

هاوكات د. سەربەست نەبی جەختی لەوە كرد كە رۆژئاوا کێشەی ناوخۆیی هەیە و هەردوولایەنی ئەنەکەسە و پەیەدە نەیانتوانی دۆخی نەتەوەیی کورد تەرح بکەن وتێکەڵی ئەجێندایتر بوون. ئەگەر کورد یەکگرتوو بووایە دۆخەکە بە جۆرێکیتر دەبوو. ئەو پێیوابوو كە ئێستا رووسیا و ئەمریکاو لایەنەکانی دیكە دەیانەوێت کورد لاواز بێت و دواتر بەشداریی کۆبونەوەکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوری سووریان لە جنێڤ و شوێنەکانی دیكە بكات.

Share this Post

چالاکی