چالاکی

سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە سەردەمی کازمیدا

25-01-2021


 

RRC |

ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو|

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە ململانێی میحوەرەکان، قەیرانی دارایی و توانای بڕیاردان لە وەزارەتی دەرەوە سێ ئاڵنگاریی بەردەم سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی عێراقن لە سەردەمی کازمیدا.
رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2021، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بریفینگێکی
بۆ د. ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە سەردەمی کازمیدا رێکخست، سەحاف، باسی لە سێ ئاڵنگاری کرد، کە رووبەڕووی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بوونەتەوە ئەوانیش بریتییە لە : ململانێی میحوەرەکان وکێشە نیوخۆییەکانی عێراق، قەیرانی ئابووریی بەهۆی کۆرۆنا  و دابەزینی نرخی نەوت، ئاڵنگاری دروست کردنی بڕیاروقۆناخەکانی دروست کردنی بڕیار لەسیاسەتی دەرەوەدا”.

سیاسەتی دەرەوە یەكێك لە گرنگترین مژارەكانی مەیدانی سیاسی عێراقە كە ساڵانێكە مشتومڕی زۆری لەسەرە. سەرۆكوەزیران سوورە لەسەر ئەوەی گوتەیەی خۆی كە پێویستە عێراق لە ململانێی دەوڵەتان دوورەپەرێز بێت. بێگومان دیارترین جموجوڵەكانیشی، لە بواری سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دنیای دەرەوەدایە. كرانەوە بەڕووی توركیا و سعودی، باسكردن لە پەیوەندییەكی تازە لەگەل ئوردن و میسر، هەروەها هەوڵدان بۆ راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریكا، لە تایبەتمەندییە دیارەكانی ئەو جموجووڵانەی سەرۆكوەزیرانن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە ئایا ئەو جموجووڵانە تەنیا لە ئاستێكی سیمبولیكدا دەمێننەوە یان بە كردەوە، عێراق هاوسەنگییەك لە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ دنیای دەرەوە درووست دەكات؟ ئایا عێراق دەتوانێت سیاسەتێكی دەرەوەی سەربەخۆی هەبێت و ململانێی وڵاتان لەسەر خاكی خۆی كۆنترۆڵ بكات؟ رادەی هێزدارییەكەی بەشی ئەوە دەكات كە بتوانێت لە كێشمەكیشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا بێلایەن بێت؟ ئایا ئاستەنگە نێوخۆیی و دەزگاییەكانی بەردەم سیاسەتی دەرەوە، وەك پرسە ئابووری وئەمنییەكان و ململانێ نێوخۆییەكانی دەسەڵات، چۆن كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە دادەنێن؟

لە سەرەتای قسەکانیدا، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کورتەیەکی لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی عێراق لە سیاسەتی دەرەوە دەبنەوە دەستپێکرد و گوتی ” سیاسەتی دەرەوە لە ئێستادا رووبەڕووی ئاڵۆزی زۆربۆتەوە کە بەهۆی کێشە نێوخۆییەکان وئەدای سیاسیەوە گەشەیان کردووە”.

ململانێی میحوەرەکان بووە بە ئاڵنگاری بۆ سیاسەتی دەرەوەی عیراق. ”لەگەڵ ئەوەدا کە عیراق لە هەموو رووەکانەوە، لەڕووی سیاسی، کولتوری، دینی، دبلۆماسیەوە هەمەجۆرەو ئەمەش قەدەرێکی مێژووییە، بۆیە پێویستمان بە ئیدارەی ئەم فرە لایەنیە هەیە لە عیراقدا.  هەروەها ململانێی واشنتن و تاران رەنگدانەوەی لەسەر بەغدا هەبووە لە رووی سیاسی و میدیاییەوە.”
سەحاف گوتی وەک وەزراەتی دەرەوە ” بەردەوامن لەسەر ئەوەی کە نەچینە پاڵ سیاسەتی میحوەرەکان، چونکە ئەمە توانای دەوێت. ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر سەرەوەری دەوڵەت.” راشیگەیاند کەئیران ، تورکیا ،سعودیەوە ووڵاتانی کەنداویش هەریەکە و بە ئاراستەیەکدا دێنە ناو عێراق.

بەپێی سەحاف هەندێک بنەمای جێگیرو گۆڕاوهەن لەسیاسەتی دەرەوەدا لەسەر بنەما جێگیرەکان بەردەوام دەبن و بە پێی بەرژوەندیەکانی عیراقیش مامەڵە لەگەڵ بنەما گۆڕاوەکان دەکەن.

ئەحمەد سەحاف گوتی “بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوتی بە یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی دیکەی سیاسەتی دەرەوە هەژمار دەکرێت». ئەمەش وایکردووە عێراق پێویستی بە پشتگیری وڵاتان بێت لە رووی تەندروستی و ئابوورییەوە.

بەڕای سەحافە ئاڵنگاری سێیەم دروست کردنی بڕیارە لەسیاسەتی دەرەوەدا.بەڕای ئەو بڕیار دەبێت لە بەغداوە دەربچێت وئەمەش هەڵبژاردە نیە بەڵکو رێگەیەکی حەتمیە بەڵام ئایا ئەمە دەکرێت لە ژێر ئەو توانایانەی کە هەن لە دەوڵەتی عیراقدا؟ سەحاف پێی وایە کە بڕیار دەبێت بە دەستی عیراق بێت و لە رێگەی راوێژی سیاسی بە لایەنەکانی تر لە پەرلەمانەبەجۆرێک کە ئیرادەی نیشتیمانی و سەروەری بپارێزرێت. ئەو گوتی کە سەروەری تەنها لە جوگرافیا وئاسمانی عێراقدا نیە بەڵکو سەروەری هی هاووڵاتیانە. بۆیە لەگەڵ پاراستنی فرەرەنگیدا، دەبێت شوناسێکی نیشتیمانیمان هەبێت.

سەحاف ئاماژەی بەوەکرد کە هەردەوڵەتێک دژی سەرەوەری عێراق رەفتار بکات ئەمان هەڵوێستیان دەبێت و لەرابردوودا، لەسەر پێشێلکردنی سەروەری عێراق باڵیۆزانی ئەمریکاو ئیرانیان بانگهێشت کردووەو هۆشداریان پێداون.

سەحاف ئاماژەی بەوەکرد ” لەکاتی رووداوەکاندا لەسەر خاکی عێراق، ئێمە یاداشتی ناڕەزایەتی تووندمان داوەتە لایەنە جیاوازەکان، بۆ نموونە لەکاتی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا “یاداشتێکی تووندمان داوەتە دەست باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و نارەزایەتیمان لەسەر پیشیلکردنی سەرەوەی عێراق پێشانداوە”، هەروەها بەهەمان شێوە ناڕەزایەتیشمان داوەتە باڵیۆزی ئێران لەبەغدا لەبارەی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی تاجی، چونکە لەراستیدا هەردوو کارەکە لە دژی سەروەری خاکی عێراق و پێشێلکردنی سەروەری عێراق بوون”.

سەحافە گوتی حکومەتی عیراق لە رێگەی دبلۆماسیەوە توانی پشتگیری نێودەوڵەتی بەدەست بێنێت و عیراق بووە خاڵی بەیەکگەیشتنی هێزەکان. پەیوەندیییە بازرگانییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسی و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، دەرگایەکی نوێی بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی هاوبەش بۆ عێراق کردووەتەوە، وەک رێککەوتنی ئابووری لەگەڵ قەتەر کە بەشێواز و رێچکەیەکی نوێ کراوە.

لەسەر ئاستی ناوچەکەش،ئەحمەد سەحاف گوتی ” رۆڵی دەستپێشخەر هەیە بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکانی دەوڵەتی عێراق، وەک هاریکاری لەگەڵ ئەنجومەنی هارێکاری کەنداو و پەرەپێدانی پەیوەندی سێقۆڵی دیبلۆماسی نێوان قاهیرە – عەممان – بەغدا بۆ بەدیهێنانی ئاستێکی باشتری ژیان و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان”.

ئێستا 72 دەوڵەت و رێکخراوی جیهانی پشتیوانی و هاوکاری بازرگانیان لەگەڵ عێراق هەیە، ئاراستەیەکی نوێی لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی هەیە، کە باشترین کاریگەری بۆ وەبەرهێنان لەسەرجەم سێکتەرەکاندا و بەتایبەت سێکتەری کارەبا و بازرگانی هاوبەشدا کردووە.

ئەوان ئومێدی زۆریان بە ئیدارەی بایدن هەیە و سەحاف پێیوایە کە بەهۆی باکگراوندو پەیوەندیەکانی بایدن لەگەڵ عێراقیەکان، باشترو نەرمتر مامەڵە لەگەڵ عێراقدا دەکات.  گوتیشی عێراق لە هاوپەیمانێتی و دیالۆگی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت. سەحاف پێیوایە مەسەلەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا زیاتر پەیوەستە بەلایەنە ئەمنیەکانی عێراق کە تاچەند پێویستە لە عێراقدا بمێننەوە. پێشیوایە کە عێراق لەگەڵ بەرژوەندیەکانێتی جا ئەم بەرژەوەندیانە لەگەڵ ئێران یان ئەمریکا بن.
لەکۆتایی سیمینارەکەدا ئەحمەد سەحاف وەلامی پرسیاری بەشداربووانی دایەوە، لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا لەبارەی مامەڵەی عێراق لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا و کشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق گوتی ” ئێمە لەماوەی 40 رۆژدا لەگەڵ
سەرجەم باڵیۆزخانە و نوێنەرانی وڵاتان کۆبووینەوە و روونمانکردەوە کە مانەوەیان لە عێراق و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان دەرفەتی گونجاوە بۆ بەهێزکردنی عێراق لەجیاتی کشانەوەیان و چوڵکردنی مەیدانەکە بۆ گرووپە جیاوازەکان و لاوازکردنی تەواوەتی دەوڵەتی عێراق”. هەروەها دەشڵێت “باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و وڵاتانی دیکە کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیشکێشکردنی ئەرک و پەیوەندییەکان، هەروەها دەتوانم بڵێم ئێستا لەگەڵ وڵاتان لە قۆناخێکی نوێداین”.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی بەشداربووندا لەبارەی ئەو گوتەیەی رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆککوماری تورکیا، کە دەڵڵت لەوانەیە شەوێک هێرش بکەینە سەر شەنگال گوتی: ” لایەنی تورکی هەرجارە و بەبیانووی پەکەکە قسەدەکات، بۆیە نابێت پەکەکە پێشێلی سەروەری عێراق بکات و هەروەها دەبێت هەر کردەوەیەکی تاکلایەنەی دەوڵەتی تورکیا بە هاوئاهەنگی و تەنسیق لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا لەبەغداوە بێت”.
لەکۆتایی قسەکانیدا ئەحمەد سەحاف گوتی ” بەگشتی عێراق سەرکەوتوو نەبووە لە خۆلادان لەزیانی ململانێیە
ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان”.

Share this Post

چالاکی