چالاکی

سیاسەتی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەردەوامبوون یان جێهێشتن؟

08-03-2023

سیاسەتی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەردەوامبوون یان جێهێشتن؟


پەیڕەو ئەنوەر

دواین پانێڵ بەناونیشانی "سیاسەتی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامبوون یان جێهێشتن؟" بەڕێوەچوو بە بەشداری هەریەک لە دیڤد شێنکەر، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، د.بیلال وەهاب، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک، ئانا بۆرشچێڤیسکایا، شارەزا لە کارووباری رووسیا و رۆڵی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک، د.دیڤۆرا مارگۆلین، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی جۆرج تاون. ئەندرۆ تابلەر، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک مۆدیرەیتەری پانێڵەکە بوو.

سەرەتای پانێڵەکە بەوە دەستیپێکرد کە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێشتا بەردەوامی هەیە و ناشزانرێت رێککەوتننامەی ئەتۆمی دووبارە بەگەڕدەخرێتەوە یان نا بەڵام ئەمەریکا هاوبەشدەبێت لەگەڵ هەموو ئەو ئەکتەرانەی کە لەگەڵ بەها و ئامانج و ستڕاتیژەکانی ئەمەریکا یەکدەگرنەوە. ئیدارەی بایدن بەردەوامە لە گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی ئێران و بوونی ئەمەریکا لە سوریا و ئەم ئیدارەیە درێژەپێدەری سیاسەتەکانی تڕەمپە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی ئەولەویەتی زۆری هەیە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام دەبین لە هاوکاری و پاڵپشتی هاوبەشەکانمان.

لەبەشێکی تری پانێڵەکەدا ئاماژەبەوەکرا کە هەست بە گۆڕانکاری کراوە لە ستڕاتیژی (دژ) سەبارەت بە ئێران. لەچوارچێوەی دژایەتیکردنی تیرۆر سەرەڕای خەرجکردنی سەدان ملیۆن دۆلار هێشتا چاڵاکی گڕووپە تیرۆریستییەکان بەردەوامن و پێویستە رێگەچارەیەک بۆ پاشماوەی خێزانەکانی داعش بدۆزرێتەوە چونکە هەزاران نەوەی داعش لە کەمپەکانن و هەزاران ئۆپەراسیۆنیش لەساڵانی (٢٠٢١-٢٠٢٢) دژ بە داعش ئەنجامدراون. ئەمەریکا کارلەسەر ئەوە دەکات وڵاتان نەوەکانی داعش بۆ لای خۆیان بگەڕێننەوە تا ئێستا (٢٥٠٠) کەسیان لێ گەڕاوەتەوە.

هەرلەدرێژەی گفتوگۆکانی نێو پانێڵەکەدا بۆچوونێکی تر بەمشێوەیە خرایەڕوو:" لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا زیاتر تیشکخراوەتەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەی کێبەڕکێی زلهێزەکانی جیهان بەتایبەت نێوان (ئەمەریکا، رووسیا و چین) بووە. ئەمەریکا پێی وایە جەنگی ئۆکڕاینا پەیوەندی بە ڤلادمێر پۆتین، سەرۆکی رووسیاوە هەیە کە دەیەوێت سیستمی سیاسی جیهان بگۆڕێت و دەستکاری بکات بەڵام رۆژئاوا و ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ئۆکڕاینا ئەگەرچی ئەمەریکا چاودێری نزیکبوونەوەی ئێران و رووسیا دەکات."

بەشێكی تری گفتوگۆکان لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە بوو بەوەی کە لەماوەی ٣٢ ساڵی رابردوودا رووبەڕووی چەندین گرفت بۆتەوە بەڵام ئەمەریکا کاریگەری گەورەی هەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستاندا لە ئاستێکی باشدابووە. هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکا لە عیراق چەندینجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و باسی لە دۆسیەی نەوت و گازی هەریم کردووە. ئەمەریکا جۆرێک لە مانگی هەنگوینی لەگەڵ عیراقدا دروستکردووە و شاند و دبلۆماتەکانی عیراقیش سەردانی ئەمەریکا دەکەن. هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگی هەیە لەسەر چۆنیەتی تێڕوانینی واشنتۆن بۆ عیراق چونکە هەرێم گرنگی زۆری هەیە بۆ ئەمەریکا ئەگەرچی هێشتا ئالنگاری زۆر لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەبێت سەرکردەکانی ئاگادار و وریابن. پێشتر هەرێم ناوبانگی باشی هەبوو بەڵام ئێستا سەرکردەکانی ناکۆکیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و گرفتەکانیش زۆرن بەتایبەت تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان دەستوری نییە و یاسای بودجەشی نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان هێزی سەربازی و ئەمنی و ئابووری هەیە و زۆرترین گەشەی هەیە لە عیراق و رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە عیراق راستەقینەیە.

لەدوابەشی پانێڵەکەدا کۆمەڵێک خاڵی تر باسکران لەوانە: ئەمەریکا زۆر پاڵپشتی عیراقە بەڵام دۆخێکی سیاسی تازە هەیە لەو وڵاتەدا بەجۆرێک کە ئەمەریکا خوازیارنییە سەرۆک وەزیرانی عیراق، محمد شیاع سودانی نزیک بێتەوە لە ئێران و؛ ئەمەریکا لەئێستادا لە عیراق زۆر چاڵاک نییە و لەلایەکی ترەوە چاوەڕێی وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ روونبوونەوەی هەڵوێستیان بەرامبەر بە چین و پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و رووسیا.

ئەوەی لە وڵاتانی دراوسێدا روودەدات کاریگەری لەسەر عیراقدا هەیە جگە لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و میلیشیاکان. ئەمەریکا پارەی زۆری بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکردووە کە بڕەکەی (٢٠) ملیۆن دۆلارە مانگانە و ئەم بڕە پارەیە مەرجدارن و دەبێت هێزی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە و چاکسازی لەو بوارەدا بکرێت بەڵام بێزارییەک هەیە لەبەرامبەر هەرێمدا لەم پڕۆسەیەدا.

ئەمەریکا کێشەی شکاندنی سزاکانی هەیە لەگەڵ عیراق لەهەردوو بواری بازرگانی و بەقاچاخبردنی دراوی دۆلار. ئەوەی رووسیا دەیکات لە ئۆکڕاینا داگیرکردنە و رووسیا بایەخ بە نەوت و وزە دەدات و وابیردەکاتەوە هاتنی ئەمەریکا بۆ عیراق دەرکردنی رووسیایە لە ناوچەکەدا.

دوا سەرنجی گفتوگۆکە بەمشێوەیە بوو: پێویستە عیراق و هەرێمی کوردستان رێز لە سەروەری یاسا و دادگاکان بگرن و هەر کێشەیەکی دەستوری هەبێت لەدادگای باڵای فیدڕاڵی، ئەمەریکا دەتوانێت هاوکاربێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڵام ناتوانێت خودی کێشەکان چارەسەر بکات.

رێکخەر:
پەیمانگای واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک

نوێدەکرێتەوە...

March - 2023
Wednesday
08
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی