چالاکی

وەبەرهێنان لە پەروەردە: خاڵی وەرچەرخانی گەشەسەندنی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

08-03-2023

وەبەرهێنان لە پەروەردە: خاڵی وەرچەرخانی گەشەسەندنی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست


سۆما زرار

پانێڵی دووەمی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، بەناونیشانی "وەبەرهێنان لە پەروەردە: خاڵی وەرچەرخانی گەشەسەندنی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بەڕێوەچوو.


لە سەرەتای پانێڵەکەدا د.پابلۆ فیتەر کە مۆدیرەیتەری پانێڵەکە بوو، باسی گرنگی پەروەردە و ئاستی پەیوەندی هەموو پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگەی بە پەروەردە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە دەکرێت وەڵامی هەموو پرس یان کێشەیەک بە پەروەردە بدرێتەوە.


دواتر جەیمس تولی باسی ئەزموونی خۆی کرد لە گەڕان و مانەوەی لە وڵاتە جیاوازەکاندا کە چۆن لەو وڵاتانەدا لە سەردەمی ئێستا قوتابخانەی پێشکەوتووی هەرزان بەشێوەیەکی بەرچاو باوە، هیندستانی وەک نموونە هێناویەوە کاتێک لەشاری حەیدەرئاباد لەناوچەیەکی هەژارنشین پرسیاری لە خێزانێک کردووە لەبارەی ناردنی منداڵەکەی بۆ قوتابخانەی تایبەت، لە وەڵامدا گوتوویانە لە قوتابخانەی حکومی منداڵەکانمان پشتگوێ دەخرێن، مامۆستاکان قوتابخانەکان جێدەهێڵن و گرنگی بە منداڵەکانمان نادەن. ئەمە و چەندین نموونەی لەو جۆرە لە وڵاتانی سۆماڵ و نەیجیریا و هی تر هەیە و دەبینرێت.


هەروەها، جەیمس تولی ئاماژەی بەوەشکرد کە کەرتی تایبەت تەنیا بیر لە چینی دەوڵەمەند ناکاتەوە، بەڵکوو بارودۆخی هەژارانیشی لەبەرچاو گرتووە.


دواتر د.میشێل معوەز باسی لە رۆڵ و گرنگی پەروەردە کرد لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەدا و گوتی کاتێک پەروەردە بەرەوپێش دەڕوات گەشەی ئابووری و سیاسیش دێتە ئاراوە هاوکات باوەڕی وابوو کە پەیوەندییەکی راستەوانە لەنێوان وەبەرهێنان لە کەرتی خوێندنی باڵا و گەشەی ئابووریدا هەیە و بۆیە دەبێت ئەو پڕۆگرامەی کە لە زانکۆکاندا دەخوێندرێت دەبێت گونجاوبێت لەگەڵ وەرچەرخانە ئابوورییەکان بۆ ئەوەی کاتێک قوتابیان زانکۆ تەواودەکەن و دەردەچن، توانای خۆگونجاندنیان هەبێت لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە گۆڕاوە و بازاڕی سەردەم.


هاوکات ئاماژەی بە دوو شت کرد کە زۆر گرنگە لە وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەت و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت ئەویش وەبەرهێنانی درێژخایەن و دەستوەرنەدانی سیاسەت لە کارووباری خوێندنی باڵا و زانکۆ، سەربەخۆیی ئەکادیمی جەوهەری کواڵیتی بەرزی خوێندنی باڵایە.


لە کۆتایی پانێڵەکەدا د.دلاوەر عەلائەدین، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ناوەندی میری لەبارەی هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی پەروەردەی ئێستای کوردستان تیشکی خستەسەر هاوکاری حکومەت و خێزان و زانکۆ بەیەکەوە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی هۆشیار تاوەکو ئەوانە سەرکردایەتی بازاڕی ئازاد بکەن و پڕۆسەی دەوڵەتسازییان پێ بسپێردرێت بۆ بوژاندنەوەی ئابووری. هەروەها باسی لەوەشکرد کە دەتوانین کەڵک لەو سامانە زۆرە وەربگرین کە هەمانە لە کوردستان بۆ ئەوەی بگەینە ئەو پێشکەوتنە پەروەردەیی و ئابووریە جیهانیەی کە ئێستا لەدنیادا هەیە.


ناوبراو باسی لە سێ پایەی سەرەکی و گرنگی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد وەک سەربەخۆیی زانکۆ و ئەکادیمی و ئاستی دڵنیایی جۆری و لە هەمووشیان گرنگتر سەرکردایەتی و رابەرایەتی زانکۆکان. تیشکی خستەسەر ئەوەش کە دەبێت زانکۆ بەتەواوی سەربەخۆ بێت و لەلایەن حزبێکەوە سەرۆک و جێگر و ئەندامەکانی دیاری نەکرێت و دەستوەردان لە کارووبارییان نەکرێت بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ سەردەم بڕۆین نابێت سیستەمی خوێندن قۆرخبکرێت.


رێکخەران

ڤیژن ئیجوکەیشن و ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو رێکخرابوو

نوێدەکرێتەوە...

March - 2023
Wednesday
08
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی