سەرهەنگ احمد
پانێڵی دووەمی كۆڕبەندی هەولێر2023، لەژێرناونیشانی "وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان: تەگەرە، سەرکەوتنەکان و ستراتیژێکی پەرەپێدان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا" بەڕێوەچوو كە تێیدا هەریەك لە موسەننا غەرایب، وەزیری پێشووی ئابووری دیجیتاڵی و کارگێڕی ئوردن، شێری كراهام تاڵەبانی، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی SEED، مستەفا داود، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی ستەیشن لە عێراق وەك پانێلیست بەشداربوون و لەلایەن ئەلێکساندەر فێرلی، لێکۆڵەر لە پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەنتەری وێڵسن بەڕێوەبرا.
لە پانێڵەکەدا، مستەفا داود باسی لە گرنگی دەستگەیشتنی هاوڵاتیان بۆ سەرچاوەکانی دارایی و کۆمەک لەلایەن حکومەت و کەرتی تایبەت كرد و جەختی لەوە كرد كە ئەوە و نەبوونی ژێرخانێکی تۆکمەی دیجیتاڵی لە گرنگترین ئەو ئالینگارییانەیە کە بازرگانەکان رووبەڕوویان دەبنەوە. باس لەوەشکرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگ و دیاری ناوە بۆ نوێگەری لە بواری دیجیتاڵیدا لە ماوەی ئەم کابینەیەدا.
هەر لەمیانەی پانێڵەکەدا، موسەنا غەرایب، باسی کارەکانی حکومەتی ئوردنی کرد لەڕووی گرینگیدان و بەرەوپێشبردنی بواری دیجیتاڵی لەو وڵاتە و چۆنییەتی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە مرۆییەکانی وڵات لە بواری دیجیتاڵیدا بەتایبەتیش لە ماوەکانی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا. باسی لەوەش کرد کە لە ئوردن کار کراوە بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا گەورەکان بۆ سوودوەرگرتن لەو سەرچاوە مرۆییەی کە بەردەستە لە ئەندازیارانی تەکنەلۆژی لەوڵاتدا. ئەو گوتی كە بەدڵنیاییەوە سەرنجی کۆمپانیا گەورەکان بۆ ئەو جێگایانە رادەکێشرێت کە ژێرخان و سەرچاوەی مرۆیی و ژینگەیەکی تەندروست و لەباریان هەیە بۆ کاری تەکنەلۆژی، بۆیە حکومەتی ئوردن کاری گرنگی کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئەم بابەتە و؛ ئەوەبوو کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندازیاران دامەزرێندرران بە تایبەت ئەوانەی کە لەماوەیەکی کەمدا لە ماڵەوە کاریان بۆ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەکرد.
هەر لە پانێڵەکەدا، شێری كراهام تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان لە ماوەی ئەم دوو دەیەی ڕابردوودا کرانەوەی زۆری بەخۆوە بینیووە. هەرچەندە ژنان تاڕادەیەک لەم بوارەدا جێماون. ئاماژەشی بەوەدا کە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا بابەتی توندوتیژی تەکنەلۆژی و توندوتیژی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە پەرەی سەندووە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەش پێویستمان بە کۆمەڵێک یاسای تۆکمە و هۆشیاری هەیە لە کۆمەڵگەدا، ئاماژەی بەوەشکرد کە دەبێت وریابین و ئەمە نەبێتەهۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادییە تاکە کەسییەکان. بەم جۆرە دەتوانین ژینگەیەکی پارێزراو و ئاسوودە دروست بکەین تاکوو ژنان و هەمووان بەبێ ترس بەشداربن لە پێشخستن و گەشەپێدانی تەکنەلۆژیادا.
هەرلە درێژەی پانێڵەکەدا، میوانان بە گشتی ئاماژەیان بەوەدا کە وەرچەرخانی دیجیتاڵی پێویستی بە رۆڵی گەنجان و لاوانەوە هەیە و کارسازی و کاری سەربەخۆش هۆکاری سەرەکین لە خێراکردنی ئەم پرۆسەی وەرچەرخانەدا.
رێکخەران
ناوەندی لێکۆڵینەوەی روداوو و ویڵسن سەنتەر
نوێدەکرێتەوە...