چالاکی

خۆپیشاندانەکانی عیراق:دەستی دەرەکی یان تووڕەیی شەقام لە حکومەت؟

14-11-2019


 

RRC |

 

عەلی كوردستانی |

 

سەرەتای مانگی ١٠ زنجیرەیەک خۆپیشاندانی تازە بەغدا و شارەکانیتری عێراقی گرتەوە.  داوای سەرەکیی خۆپیشاندەران کارو دابینکردنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە سەرەکیەکان بوون. بەڵام بەهۆی رووبەڕوبونەوەی هێزە ئەمنییەکان و گرووپی چەکداری نەناسراو، خۆپیشاندانەکە تووندوتیژی لێکەوتەوەو لەئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران و هەزارانیش برینداربوون.

بۆ شرۆڤە وتێگەیشتن لە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان و کاریگەرییان لەسەر دۆخی سیاسی،حوکمڕانی و ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستان، رۆژی ١٠/١٠/٢٠١٩ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو مێزگردێکی بەبەشداری چەند کەسایەتیەکی سیاسی، ئەکادیمی و لێکۆڵەری عیراقی وکورد ئەنجامدا. زۆربەی ئامادەبووان پێیانوابوو کە خۆپیشاندانەکان پەرچەکردارن بۆ خراپیی سیستمی ئیداری و مالی عێراق نەک ئەوەی کە دەستی وڵاتانی دەرەوەی لەپشتەوە بێت. دادوەر رەحیم عگێلی سەرۆکی پێشووی دەستەی نەزاهەی عێراق کە کەسایەتیەکی سووننەیە دەڵێت” گەنجانی عێراق پایەی سەرەکی خۆپیشاندانەکانی عێراقن کە %٩٠ ی خۆپیشاندانەكان پێکدێنن. هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەکانی سیستمی سیاسی و پەروەردەی خراپ لە عێراقدا. ئەوەی وایکردووە خەڵک بێتە سەرجادە بۆخراپی سیستم وگەندەڵی ئیداری ومالی دەگەڕێتەوە نەک ئەوە بێت کەدەستی دەرەکی لەپشت بێت و هیچ بەڵگەیەکیش بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی نیە.” عگێلی پێیوایە دەستی دەرەکی زیاتر لەناو دەوڵەتدا دەبینرێت وەک لە شەقام ” دەستی دەرەکی ئێران و ئەمریکا حکومەتی عیراق ئیدارەدەدەن.” هەروەها سیاسیەکی سووننەی سەر بەپارتەکەی ئوسامە نوجەیفی پێیوایە کە خۆپیشاندانەکان بەهۆی شکستی سیستمی سیاسی عێراقەوە سەریان هەڵدایەوە و وەبەردەوامیش دەبن ” خۆپیشاندانەکان پەیوەندی بە دەستی دەرەکیەوە نیە، پەیوەندی بە کۆبونەوەی کێشەکان هەیە لە ٢٠٠٣وە تا ئێستا. تەدەخولی دەرەکی لە دوای درووستبوونی خۆپیشاندانەکان زیاتر بوو وەک هەڵوێستی ئیران لەمەدا . باوەڕیش ناکەم ئەمریکا خۆی بەخاوەنی بارودۆخەکە بزانێت.” خالید ئەلدبوونی ئەندامی دەستەی سیاسی بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدان پێیوایە کە ئەمجارە حکومەتی عێراقی هیچ بیانوویەکی نیە بۆ وەستانەوە دژی خۆپیشاندانەکان وەکو لە رابردوودا لە ژێر ناوی مەترسی ئەمنی و شەڕی داعش رێگری لە خۆپیشاندانەکان دەکردو سەرکووتی دەکردن. ئەلدبوونی دەڵێت  ”خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبن چونکە سیستمەکە فەشەلی هێناوە. هیچ نیەتێک و هەوڵێکیش نیە بۆ ئەوەی کە سیستمەکە خۆی بگۆڕێت. ئێستا بەهۆی کارتی دینی خۆپیشاندانەکان وەستاون و دواتر بەشێوەیەکی فراوانتر دەستپێدەکەنەوە.” پێشیوایە ”بە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان سەرۆک وەزیران ناچار دەبێت ئیستیقالە بکات کە ئەمە داواکاری هەندێک لەکوتلەکانیشە.” بەڵام شیعەکان بەتایبەت ئەوانەی لە دەسەڵاتەوە نزیکن پێیانوایە کە هێزو فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی هەیە لە ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندەراندا. راوێژکارێکی هادی عامری پێیوایە لە ئێستادا چەند بەرەیەک لە ناوچەکەدا هەن کە ”هەندێکیان دەیانەوێت حکومەتی عادل مەهدی بمێنێتەوە و هەندێکیترێش دەیانەوێت بڕوخێت.” ” کاریگەری فاکتەرە دەرەکیەکان لەسەرعیراق لەفاکتەرە ناوخۆییەکان زیاترە لەسەر ئەدائی حکومەت.” د.هەیسەم ئەلمەیاحی راوێژکاری عامری پێیوایە کە ئێران نایەوێت حکومەت بڕووخێت و داواکاری خۆپیشاندەرانیش بۆ دەست لەکارکێشانەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە بە داواکاری خۆیان نازانێت و پێیوایە کە خۆیان نازانن چییان دەوێت ئەو لە درێژەدا وتی: ” خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە لەناوچە شیعەنشینەکان زیاترە وەک لە ناوچە سووننەنشینەکان. حکومەت بە دیموکراسی هاتووە بۆچی برۆخێت؟ بەڵام خۆپیشاندەران داوای دەست لەکارکێشانەوەی هەموو سەرکردەکانی حکومەت، پەرلەمان ودەوڵەت دەکەن. روئیایەکی روونیان نیە، بەرنامەی مەدروسیان نیە.”

رای زۆربەی ئامادەبووانی تریش وابوو کە هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناعەدالەتی و گەندەڵی و قۆرخکاری لە عێراقدا،  حاکم عەبدولستار جێگری داواکاری گشتی لە هەرێم پێیوایە ئەمەی کە روودەدات گەورەترە لە خۆپیشاندان و راپەڕینی خەڵکە دژ بە ستەمی دەسەڵات و دەڵیت: ” ئەوەی لەعێراق روودەدات زیاتر لە راپەڕین دەچێت وەک لە خۆپیشاندان. لێرە دەسەڵات ئەوەندەی بەدوای دەسکەوتەوەیە بۆخۆی ئەوەندە خزمەتگوزاری پێشکەش ناکات. ئەمە دەستی دەرەکی نیە بەڵکو پەرچە کردارە لە بەرامبەر سیستمی سیاسی هەروەک بەردەوام رژێمەکان ستەمیان لە خەڵک کردووە لەعیراقدا.”

د.چواز حەسەن مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین هۆکاری ئەوەی کە خۆپیشاندانەکان سەرکردەی نیە دەگەرێنێتەوە بۆ فەشەلی نوخبەو پارتەسیاسیەکانی عیراق کە ”هەردوو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی خەڵک بکەن و شکستیان هێناوە لە ئیدارەدانی وڵات.”

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عیراقیش پێیوایە پاڵنەری سەرەکی خۆپیشاندانەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دادپەروەری و گەندەڵی دارایی. مەسعوود حەیدەر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق وتی:”زۆرینەی خۆپیشاندەرانیش ئەوانەن بێکارن و خوێندکاری دانەمەزراون بۆشاییەکی گەورە لەنێوان سیاسیەکان و شەقامی عێراقیدا هەیە. گەندەڵی کێشەی سەرەکیە. لە ٢٠٠٣ تائێستا لەنێوان ٤٠٠-٥٠٠ ملیار دۆلار دیار نەماوەو نەگەڕاوەتەوە بۆ خەڵک.”

هەروەها دەڵێت ”بەرپرسان و حزبەکانی عێراق بەرپرسن لەودۆخەی ئێستای عیراق، ئەمانە ساڵانە سەدەها هەزار کەس لەسەر میلاکی حکومەت دادەمەزرێنن.”

سەرۆک وەزیران بۆ کۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەکان و رازیکردنی خۆپیشاندەران چەندین بڕیاری دەرکرد. بەڵام بەشداربووانی مێزگردەکە پێیانوایە کە ئەو سەرکەوتوو نابێت و تەنانەت ئەستەمە بەشێکی کەمی بەڵێنەکانیشی بۆ جێبەجێبکرێت. یاسین تەها لێکۆڵەرو مامۆستای زانکۆی سلێمانی دەپرسێت کە ئاخۆ ”تەنانەت %١٠ وەعدەکانی بۆ دەچێتە سەر کە بە خۆپیشاندەرانی داوە؟”  هەروەها مەسعود حەیدەریش هۆشداریدا ”ئەگەر چارەسەری ریشەیی کێشەکان نەکرێن رەنگە دۆخەکە بەرەوفەوزا بڕوات و وەک لوبنانی هەشتاکانی لێبێت.” پێشی وایە بەدیهێنانی بەڵێنەکانی سەرۆک وەزیران ئاسان نییە چونکە ئێستا ”عیراق چوار ملیۆن فەرمانبەری هەیەو پێویستیشی بە سێ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هەیە کە سێ ملیار دۆلاری تێدەچێت.”

سەبارەت بە کاریگەری خۆپیشاندانەکانی عیراقیش لەسەر هەرێمی کوردستان، بەشداربووان پێیانوایە كە دەتوانێت کاریگەری دارایی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی دروستبکات بەتایبەت ئەگەر درێژە بکێشن وعێراق بەرەو نائارامی زیاتر بەرێت. مەسعوود حەیدەر پێیوایە کە  ”ژینگەی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کورستان زۆر جیاواز نیە لە عێراق و کێشەی خوێندکاری دانەمەزراو لەداهاتوودا دەبێتە کێشە بۆ هەرێمی کوردستانیش”

ئەلمیاحی پێیوایە کە ”خۆپیشاندانەکان لەرووی ئابووری و ئەمنیەوە کاریگەری خراپ لەسەر هەرێم بەجێدێڵن و لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە وەک لوبنانی لێدەکات، چونکە ئێستا ناکۆکیەکان (شیعی-شیعی، کوردی-کوردی، سوننی-سوننین) بەڵام لەگەڵ بەردەوام بوونی خۆپیشاندانەکان ئەمە دەگۆرێت بۆ جۆریتری ناکۆکی.”

ئەلدبونی پێیوایە کە” لە کوردستاندا مەترسی هەڵسانی شەقام وەک ناوچەکانیتری عیراق نیە، بەڵام دەبێتە هۆی فشاری ئابووری بەغدا لەسەر هەرێم.”

 

 

Share this Post

چالاکی