یەکەم چاوپێکەوتنی تایبەت: داهاتووی عێراق لە سێبەری هەڵبژاردنی 2025 و گرژییەکانی ناوچەکەدا
20-03-2025
د. محەممەد ئیحسان گەرمترین بەخێرهاتنت دەکەم دکتۆر.
ئامادەبووانی بەڕێز، بە دڵخۆشییەوە بەخێرهاتنتان دەکەین. لەم تەوەرە یان ئەم پانێلەدا پێکەوە گفتوگۆ لەسەر داهاتووی عێراق لە سایەی گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان دا دەکەین. هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە ساڵی 2025 و ئاڵۆزییە هەرێمییەکان کە کاریگەرییان لەسەر دیمەنی عێراق بە نەرێنی یان ئەرێنی هەیە.
بە شانازییەوە ئەمڕۆ کەسایەتییەکی سیاسیی ناسراو بە دیدگەی روون و راستگۆیی و دوور لە موجامەلە لەگەڵمانە، پیاوێک بوێرانە بیرۆکەکانی بەبێ دوودڵی دەخاتەڕوو. من پێموایە ئەو ئازاترین کەسی سوننەیە لە خستنەڕووی بۆچوونەکانی و، لە خستنەڕووی هەڵوێستەکانی روونە و ناسڵەمێتەوە.
ئەم کەسایەتییە د. مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو پزیشکەیە کە پیشەی پزیشکیی جێهێشت تاوەکو لە یەکێک لە ناسکترین قۆناخەکانی عێراق دوای 2003 بچێتە نێو کاری سیاسییەوە.
د. مەشهەدانی بە هەڵوێستە راستگۆیەکانی بەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە عێراقەوە بە پلەی یەکەم و، ناوچەکە بەگشتی، ناسراوە. ئەو لە قسەکانیدا مەیلی زمانی دیپلۆماسییانەی نییە، بەڵکو پێی باشترە راستەوخۆ رووداوەکان ئاشکرا بکات. هەموو یوتیوبێکی مەشهەدانی بۆمبێکی کاتیی ناوخۆیی و دەرەکییە.
لە ماوەی نێوان 2006 و 2008دا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی وەرگرتووە، کە ماوەیەکی زۆر زۆر ئاڵۆز بوو لە عێراق دا. من تاوەکو کاتی تۆ و کاتی خۆم نەگرم، پێشەکییەکە درێژتر ناکەم.
ئێمە لە (رووداو) مکوڕ بووین دەرفەتێکی زیاترت پێبدەین، نەک تەنیا وتارێک، هەرچەندە مافی خۆتە یەکەم قسەکەربیت، تاوەکو بیروڕاکانت بە شێوەیەکی باشتر و وردتر دەرببڕیت.
تەوەری یەکەم، دکتۆری بەڕێزمان، بریتییە لە داهاتووی عێراق لەبەر رۆشنایی ئالنگارییە هەنووکەییەکاندا. ئێوە دەزانن ناوچەکە بە گۆڕانکاری و بوومەلەرزەی زۆر بەهێزدا تێدەپەڕێت، رێڕەوی سیاسی عێراق لە سایەی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا چۆن دەبینیت؟ سێ پرسیارم هەن لە تەوەری یەکەم دا و دەرفەتت پێدەدەم راشکاوانە وەڵامیان بدەیتەوە: دیارترین ئەو ئالنگارییانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی سەقامگیریی دەوڵەتی عێراق دەبنەوە چین و چۆن دەتوانرێت تێپەڕێنرێن؟ ئالنگاریی زۆرمان هەن، ئایا ئێمە لە ئاستی بەرپرسیارێتیی رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئالنگارییانەداین بەتایبەتی لە پەرلەمان، هەروەها لە حکومەتیش دا؟
گرنگترین چاکسازییەکان چین کە دەستووری عێراق پێویستی پێیانە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵات دا؟
د. مەحموود مەشهەدانی: بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. بەڕێز سەرۆکی خۆشەویست سەرۆک کۆماری عێراق. برای بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان. برایانی ئامادەبووی بەڕێز لە هەموو پێگەکان. سڵاوی خواتان لێبێت. پرسیارێکی فرەوانە، بەم شێوەیە کورتی دەکەینەوە: ئێستا کێشەی بنەڕەتیی عێراق ئەوەیە کە هێشتا لە کاریگەریی ئەو رووداوانە دەرنەچووە کە لە ساڵی 2003 لە ماوەی داگیرکاری ئەمریکی بۆ عێراق، روویاندا. وەک کۆچکردوو مامی گەورەمان مام جەلال لە یەکێک لە دانیشتنەکانیدا، کە لەم رۆژانەدا هەست بە پێویستییان دەکەین، پێیگوتین رێککەوتنەکە بریتییە لەوەی رژێم بڕووخێنرێت و دەوڵەت رادەستی ئۆپۆزیسیۆن بکرێت بۆ ئەوەی بینادی دیموکراسییەکی دروست دامەزرێت. ئەوەی روویدا ئەوە بوو کە دەوڵەت و رژێمیان پێکەوە نەهێشت. داگیرکەر هاوشێوەی یەکێک لە شێخەکان فتوای دا کاتێک پێیان گوت کە سەری گایەک کەوتووەتە ناو گۆزەیەکەوە، چۆن سەری گایەکە لە گۆزەکە دەربێنین؟ ئەویش گوتی، سەری گایەکە ببڕن، سەری گایەکەیان بڕی کەچی هەر لە گۆزەکەدا مایەوە، ئینجا گوتی گۆزەکە بشکێنن، گۆزەکەیان شکاند و، بەم شێوەیە گۆزەکە و گایەکەمان نەمان، ئەمە ئەوەیە کە روویدا.
دوای ئەوە کارەکە رادەستی ئۆپۆزیسیۆن کرا و، وەک ئاشکرایە ئۆپۆزیسیۆن...
د. محەممەد ئیحسان: تۆێش یەکێک بوویت لە ئۆپۆزیسیۆن.
د. مەحموود مەشهەدانی: بەڵێ، من دەرچووی زیندانەکانم، پێش داگیرکاری لە زیندان دەرچووم...
د. محەممەد ئیحسان: دەرچووی زیندان بەهۆی سیاسییەوە؟
د. مەحموود مەشهەدانی: بەڵێ، لەلایەن رژێمی پێشووەوە زیندانی کرام، ئەمریکاییەکانیش زیندانیان کردم و، لایەنێکی دیکەش زیندانی کردم کە نامەوێت ناویان بهێنم.
ئەم کێشەیە چییە؟ کێشەکە ئەوەیە کە دەوڵەت بە تەواوی رووخێنرا، سوپا وهتد.
د. محەممەد ئیحسان: من باسی گۆڕانکارییەکانی ئێستا دەکەم، مێژوو هەموومان دەیزانین...
د. مەحموود مەشهەدانی: بەڵێ، بۆ ئەوەی بزانین ئێستا چییە. ئێستا...
د. محەممەد ئیحسان: لەگەڵ ئالنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئێمە لە قۆناخێکی زۆر مەترسیداردا دەژین؟
د. مەحموود مەشهەدانی: رێک وایە. ئەمە بیرۆکەیەکە تاوەکو هۆکاری دواکەوتنمان لە گەشەسەندن دا بۆ برایانی ئامادەبوو روون بکەینەوە. لە گەشەسەندن دواکەوتین چونکە دەوڵەتێکی داگیرکراو و وێرانمان وەرگرت. دەوڵەتێک کە بنیادنانەکەی 80 ساڵی خایاند. لە چاو ترووکانێکدا رووخێنرا و، وێرانەکەیان رادەستی ئێمە کرد و، لە 2003ـەوە دەستمان بە بنیادنانی ئەم وێرانەیە کرد. بە دەستوورەوە دەستمان پێکرد و، دەستوورەکە زۆر باش بوو و دەستوورەکە و زیاتر لە 95٪ـی زۆر باش بوو، هەرچەندە لێرە و لەوێ هەندێک تێبینی هەن. ئێستا، دوای ئەم رووخاندنی دەوڵەتە، بە تەنیا بەجێنەهێڵراین و، رێگەمان پێنەدرا دووبارە عێراق بیناد بنێێنەوە، بەڵکو دەرگای دۆزەخمان بەڕوودا کرایەوە.
بەغدا هەندێک جار 20 یان 30 تەقینەوەی بەخۆیەوە دەبینی، چ پایتەختێکی جیهان دەتوانێت لە بەرامبەر تیرۆرێکی بەرنامەرێژکراو و رێکخراوی وا لە هەموو دراوسێیەکانەوە، لە دوور و نزیکەوە مەبەستمان دراوسێیەکی دیاریکراو نییە، خۆی راگرێت. تاوەکو ئەوکاتەی لە 2010دا پشوویەکمان بۆ رەخسا، ئەمەش ساڵێک یان ساڵ و نیوێک بەردەوام بوو و، پەتای تیرۆر و داعش دەستی پێکرد و دەرگای دیکەی دۆزەخی دیکەی بەسەرماندا کردەوە و بە کەوتنی هەموو ناوچەکانی رۆژئاوا کۆتایی هات. پاشان دەستمان بە پرۆسەی ئازادکردن لەم داگیرکارییە کرد تاوەکو کۆتاییمان پێی هێنا، پێش چەند؟ پێش دوو ساڵ.
لەم دوو ساڵەدا هەوڵمان دا ئەم وێنە درەوشاوەیەی ئەم عێراقە جوانە فرە ئاینزا و فرەڕەنگە بڕازێنینەوە و، لەسەر بنەمای ئەوەی ئاسایشی سەقامگیر پێویستی بە ئابوورییەکی گەشەسەندووە و، ئابووری گەشەسەندوو پێویستی بە کاری سەقامگیرە دەستمان پێکرد و، رووبەڕووی گەلێک کێشە بووینەوە، بەڵام ئێستا پێم وایە عێراق بە راستی لە رووی ئاسایشەوە سەقامگیرە و خەریکە لە رووی ئابوورییەوە سەقامگیر دەبێت و رێبازی بێلایەنیی بەرامبەر رووداوەکانی دەوروبەر گرتووەتە بەر، بۆ ئەوەی خۆی بنیاد بنێتەوە. ئێستا، ئێمە خەریکی بنیادنانەوەی عێراقێکی گەشاوەین کە وەک جارانی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە، رۆڵێکی سەرەکیی هەبێت و، بەمە دەتوانین دەرگاکانی وەبەرهێنانی جیهانی لەم وڵاتەدا بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بنیادە نوێیە، عێراقی نوێ، دروست بکەینەوە.
عێراق وەک دەوڵەتێک،خاوەنی 1432 ماددەیە کە دەکرێت وەبەرهێنان و پیشەسازییان تێدا بکرێت لە وزەوە بۆ ماددەکانی دیکە و، دەوڵەمەندترین پارێزگاشمان پارێزگای ئەنبارە. هەموو تواناکانی داهاتوومان و هەموو خەزێنەکەمان و هەموو ئابووریی داهاتوومان پشت دەبەستێت بەوەی لە ژێر زەوییە، شابنەشانی گەشەی کشتوکاڵ و پیشەسازی کە وەستێنران.
سەیر ئەوەیە کە دووەم دەوڵەمەندترین پارێزگا لە عێراق دا سەماوەیە...
د. محەممەد ئیحسان: لەبەر ئەوەی سێ کارگەی چیمەنتۆی تێدایە...
د. مەحموود مەشهەدانی: چوار سەت و هەنێک ماددە لە ژێر زەویدایە. کەواتە عێراق، وەک گەنجینەیەکی وزە، جیهان بە تەواوی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەورووپا و ئەوانی دیکە، بۆ ئەوەی سوود لەم وزەیە وەربگرن، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە سەقامگیر بمێنێت.
هەر بۆیە ئەوەی لە دەوروبەری روودەدات هیچ مەترسییەک لەسەر عێراق دروست ناکات.
د. محەممەد ئیحسان: پێتوایە ئەم توانایانەی کە هەن، ئەم شارەزاییانەی هەن، بە شێوەیەکی دروست لەلایەن حکومەتەوە بەکار هێنراون. ئەمڕۆ، گەورەترین رەوەندی عێراقی لە دەرەوەیە، باشترین مێشکە عێراقییەکان لە دەرەوەی وڵاتن، لەنێو عێراق دا نین، لە کوێن؟ سوودتان لێیان وەرگرتوون؟
د. مەحموود مەشهەدانی: ئێوە دەزانن لێهاتووییەکان چییان بەسەر هات. پرەنسیپی سەرەکی ئەوەیە کە دەوڵەت پێویستی بە لێهاتووییە بۆ ئەوە خۆی بیناد بنێت و، حیزبەکان پێویستیان بە سەرسپێری (ولاء) هەیە بۆ ئەوەی لە حوکمڕانی بەردەوام بن. دروستە؟
د. محەممەد ئیحسان: دروستە.
د. مەحموود مەشهەدانی: ئەگەر ئەم هاوکێشەیە لەنێوان سەرسپێری، لە نێوان سەرسپێری و لێهاتوویی بەردەوام بێت و، سەرسپێری بەسەر لێهاتووییدا زاڵ بێت، ئەوا بنیادنانی دەوڵەت زۆر دوادەکەوێت، رەنگە بۆ چەندین سەدە و، رەنگە ئەم دەوڵەتە هەر دروست نەبێت، بەتایبەتی کە سەرسپێری لە ناواخنی خۆیدا گەندەڵیی ئیداری و سیاسی و دارایی پێیە، بەم پێیە ئێستا دەستمان پێکرد، خاڵی سەرەکی ئەوەیە کاتێک کەسێک بۆ هەر پۆستێک هەڵدەبژێرین، لە بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوە لە پۆستە گرنگەکان، پێویستە لە هەمان فەرمانگە بێت و پێشینەیەکی باشی هەبێت و لێهاتووییەکی ریزبەندکراوی هەبێت.
ئەمە ئەوە دەگەیێنێت کە ئێمە لەوە ئاگادار بووینە کە بنیادنانی دەوڵەت پێویستی بەم لێهاتووییانە هەیە و، پێویستە لەخۆیان بگرین و، پێویستە رێگە لە بەردەم هەموو ئەو لێهاتووییانەی کۆچیان کردووە بکەینەوە بۆ گەڕاندنەوە بۆ عێراق.
د. محەممەد ئیحسان: دکتۆر، ئەمڕۆ بابەتی گەندەڵی یەکێکە لە بابەتە هەستیارەکان لەم وڵاتەدا. چۆن دەکرێت چاودێریی پەرلەمان لەسەر کارکردنی حکومەت بەهێز بکرێت بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت و لێپرسینەوە لە ماوەی خولەکەت یان ئەو ماوەیەی تۆ تێیدا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیت؟ ئایا یاسای نوێ لەم بارەیەوە دەردەچن؟ یان نا؟
د. مەحموود مەشهەدانی: بەداخەوە، دەردی گەندەڵی لە ساتێک لە ساتەکان، بەتایبەتی لە رۆژانی داڕووخانی ئەمنی، بووە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی.
لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی، ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە رووی لە کەمبوونەوە کرد. ئێمە لە پەرلەمان، من خۆم، ئەمە روونکردنەوەیەکی بچووکە، ئەم خولەی پەرلەمانی خراپترین خولە، ساڵی یەکەم بە ململانێ لە نێوان تەیار و ئیتار، ساڵەکەمان بەسەر برد. ساڵی دووەم ململانێ لە نێو ئەنبار، لە نێو ئەنباریش لە نێوان فڵان و فڵان. ساڵی سێیەم، کارەکە ساڵێکی خایاند تاوەکو سەرۆکی پەرلەمانمان هەڵبژارد و، ئەم ساڵیش ساڵی هەڵبژاردنە.
لەگەڵ ئەوەش دا، من مکوڕم کە سێ لیژنە چالاک بکەم، لیژنەی یاسایی بۆ ئەوەی لە کارکردن لەسەر یاساکان بەردەوام بین و، لیژنەی دەستپاکی بۆ ئەوەی هەندێک لایەنی گەندەڵی لغاو بکەین و، داوای راپۆرتێکی تێروتەسەلم کردووە و ئەو راپۆرتە بە وردەکاریی تەواوەوە دەگاتە دەستم و، چالاککردنی لیژنەی دارایی، چونکە لیژنەی دارایی بۆ ئێمە زۆر گرنگە و، رۆحی هاووڵاتیبوون و رۆحی برایەتی و رۆحی خۆشەویستی بڵاو بکەینەوە، تاوەکو رادەیەک لە لایەنگیری و خۆمەڵاسدان لە چوارچێوەی تایفەگەری و نەژادی دوور بکەوینەوە، بۆ ئەوەی بە رۆحی یاسا کار بکەین کە باشترین چارەسەرە، هەر وەک بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی کرد کە کاتێک قەیرانی سیاسی لە نێوان بەغدا و هەولێر یان لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە کێشەیەکی یاسایی چارەسەرکردنی ئاسان دەبێت، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی سیاسەت دا بمێنێتەوە، بینیتان کێشەکان چۆن بوون.
ئێمە لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرایەتیی هاووڵاتی دەکەین. پەرلەمان تاوەکو ئێستا یەک ژوورە و ژووری دووەم دانەمەزراوە، کە ئەنجوومەنی فیدراڵە و نوێنەرایەتیی نیشتمان دەکات. ئەوکاتە دەمانتوانی خۆمان لە زۆر کێشە لادەین، بەڵام بەداخەوە ئەنجوومەنی فیدراڵ دواکەوت.
کاتێک پەرلەمان نوێنەرایەتیی هاووڵاتی دەکات، کەواتە ئێمە بەرگری لە هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی لە سەرتاسەری عێراق دەکەین، بۆیە هەڵوێستمان لەگەڵ ئەوەدا بوو مووچەی براکانمان لە کوردستان نەخەینە نێو ململانێی سیاسی. ئەو هاووڵاتییەکی عێراقییە پێویستە بەبێ یەک و دوو مووچەکەی وەربگرێت و، ئەگەر کێشە لە نێوان هەردوو حکومەت هەیە چارەسەر دەکرێت و، دەستوور و یاسامان هەیە.
د. محەممەد ئیحسان: دوایین ئەنجامەکانی ئامار و سەرژمێریی گشتی سەلماندیان کە رێژەی دانیشتووانی کوردستان 15٪یە، بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر لە بەغدا دەگوترا، ئەمە جگە لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان. جەنابت و من لەم فایلەدا کارمان کردووە، هیوادارم جەخت لەسەر ئەم خاڵە بکەیت، ئەم موجادەلانەی باسی ئاماریان دەکرد، سێ پارێزگای کورد هەن و رێژەی دانیشتووانیان 15٪ی دانیشتووانی عێراقە بەبێ ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، بۆ ئەوەی لە بودجەکانی داهاتوو یان لە داهاتوودا ئەمە کاری پێ بکرێت و،...
د. مەحموود مەشهەدانی: سەرژمێری زۆر دواکەوت. ئێستا کە سەرژمێری کراوە ئەمە بووەتە یاسا و ناکرێت پێشێل بکرێت.
د. محەممەد ئیحسان: بۆ ئەوەی لە پەرلەمان دوورت بخەمەوە و دیدێکی داهاتوو بۆ ناوچەکە بخەینە بەر چاو. ناوچەکە گۆڕانکاریی زۆر بەهێزی تێدایە و عێراق بەشێک دەبێت لەم گۆڕانکارییانەی ئێستا. من باوەڕناکەم ئێمە لە عێراق لە بوومەلەرزەکان یان ڕەشەباکانی ئێستا دوور بین. ئایا پێت وایە ئەم ململانێیەی هەیە، کە ئەگەر بە شێوەیەکی رێکوپێک لە نێوان پێکهاتەکان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت چارەسەر نەکرێت، دیمەنی سیاسی لە عێراق ئاڵۆزتر دەکات؟ وەک دکتۆر مەشهەدانی نەک وەک سەرۆکی پەرلەمان..
د. مەحموود مەشهەدانی: پرسیارەکە دووبارە بکەوە.
د. محەممەد ئیحسان: دەڵێم گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. ئایا داوام لێ دەکەیت پرسیارەکە دووبارە بکەمەوە بۆ ئەوەی تێیبگەیت یان بیری لێ بکەیەوە، یان دەتەوێت بە راشکاوی وەڵامت بدەمەوە. ئایا دەکرێت گۆڕانکاری لە ناوەوەی سیستمی سیاسی دا بەبێ ململانێ و بەبێ ئەوەی سەقامگیری وڵات بخاتە مەترسییەوە روودەدات؟ یان نا؟ گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا زۆرن، بۆچوونی دکتۆر مەشهەدانی چییە؟
د. مەحموود مەشهەدانی: دوور لە گۆڕانکارییەکان. عێراق سیستمێکی دیموکراسییە، من ئەمەم بەلاوە سەیرە. میکانیزمەکانی دیموکراسی هەن. تەنیا ئەوەندەی دەوێت میکانیزمەکانی دیموکراسی دوور لە ساختەکاری و گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکان و هتد، رێکبخەین. هیچمان بەدەستەوە نییە جگە لەوەی سەقامگیر بین. مادام سیستمێکی دیموکراسیمان هەیە، پێشبڕکێکە بریتییە لە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و، ئەوەی مافی هەیە بە هەڵبژاردن وەریدەگرێت و، ئێمە سەقامگیرین، بەڵام ئەوەی لە دەوروبەرمان روودەدات شتێکی دیکەیە.
ئێمە پێشتر کۆرۆنامان تێپەڕاند و، بە زیندوویی لە کۆرۆنا دەرچووین، عێراق وەک کەسێکە تووشی کۆرۆنا بووبێت، ئەوەی لە کۆرۆنا رزگاری بووە بەرگرییەکەی بەردەوام و باشە، ئەوەی بەرگریشی نەبووە مرد. کۆرۆناکەی ئەوان ئێستا دەستی پێکردووە. ئێمە لە 2003 پێیدا تێپەڕین و خوا یار بێت تێمانپەڕاند. خوا یاربێت عێراق بە سەقامگیری دەمێنێتەوە، وەک وڵاتێکی دیموکراسی فیدراڵیی ئارەزوومەندانە (اختیاري) و جەختیش لەسەر ئارەزوومەندانە دەکەمەوە. خاڵێکی زۆر گرنگ، هەندێک لە برایان تێیناگەن، سیستمی فیدراڵی ئێمە ئارەزوومەندانەیە بەو مانایەی کە خۆمان هەڵمانبژاردووە پێکەوەبین و کەس ناچاری نەکردووین و، ئەگەر ناچارت بکەم لەگەڵم بیت، هەر ناڕەحەت دەبیت، هەوڵدەدەیت لەم ناچارکردنە تاوەکو بکرێت خۆت رزگار بکەیت، بەڵام ئەمە هەڵبژاردنە، کەواتە ویستراوە و، پێویستە پێکەوە بنیادی بنێین، کاتێک من دێمە هەولێر و پێشکەوتن دەبینم، دڵخۆش دەبم چونکە ئەمە مەنزڵگەی منە، ئەمە وڵاتی منە، ئەمە بەشێکە لە عێراق و، هەروەها کاتێک دەچمە بەسرە، یان دەچمە کەربەلا، یان ئەنبار و هتد.
کەواتە ئێستا عێراق سەقامگیرە و سەقامگیرتریش دەبێت و گەشەی زیاتر دەکات، چونکە ئاسایش سەقامگیرە، لە رووی ئابوورییەوە گەشە دەکات چونکە گەنجینەی وزەیە و، پێویستە بۆ نەوەکانی داهاتوو باشترین وەبەرهێنانی لەم وزەیە بکەین و، ئێستا دەست بە گەشەی کشتوکاڵی و پیشەسازی دەکەین.
د. محەممەد ئیحسان: ئایا پێتوایە حکومەت ئامادەیی هەیە لەم ئاستەدا بێت لە بەکارهێنانی هەموو شتێک یان توانایەک کە هەیە و سەرچاوەکانی عێراق لە وەبەرهێنانی دروست دا بەکاربهێنێت؟ یان دەگەڕێینەوە سەر پشکپشکێنە و گەندەڵی و چیرۆکە کۆنەکانی لە 2003ەوە تاوەکو ئەمڕۆ پێیدا تێپەڕیوین؟
د. مەحموود مەشهەدانی: پێموایە تەندروستی بە پلەبەندییە. چاکبوونەوە هەنگاو بە هەنگاو دێت، سەقامگیری ئەمنیمان دوو ساڵە دەستی پێکردووە، کاتمان پێویستە تاوەکو لە رووی ئابوورییەوە سەقامگیربین یان گەشە بکەین. پێموایە داهاتوو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودایە ئەگەر بتوانین لەم هێمنی و سەقامگیرییە بەردەوام بین و ئەم ئاراستەیە بەرەو بەکێشکردنی تواناکان و لێهاتووەکان و گەشەپێدانی کشتوکاڵ و گەشەپێدانی پیشەسازی. پێموایە ئەمە رێڕەوی دروستە بۆ هەر حکومەتێکی دیکە و، ئەمە لە بەرنامەی داهاتوویدا دادەنێین.
د. محەممەد ئیحسان: پێتوایە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، دیمەنەکە دەگۆڕێت، یان هەر لە هەمان گێژاودا دەمێنینەوە؟ لەسەر یاسای نوێ یان هەمان یاسا کە ئێستا کاری پێدەکەین.
د. مەحموود مەشهەدانی: یەکەم، یاسای نوێ هێشتا رووناکیی نەدیوە. یاسای نوێ نەگەیشتووەتە لای ئێمە.
د. محەممەد ئیحسان: بەڵام لە پشت پەردەکانەوە قسەی لەسەر دەکرێت...
د. مەحموود مەشهەدانی: راستە لە پشت پەردەکان هەن، بەڵام ئەو پشت پەردانە تاوەکو ئێستا جیاوازن. هەندێکیان یاسا کۆنەکەیان دەوێت و، ژمارەشیان کەم نییە.
د. محەممەد ئیحسان: بە دیدی تۆ کام یاسا پەسەند دەکرێت. چونکە تۆ سەرۆکی پەرلەمانیت و دەتوانی بە پەیوەندییەکانت لەگەڵ هاوپەیمانێتی شیعە و پەیوەندییەکانت لەگەڵ کورد، لە ئاراستەیەکەوە بۆ خاڵێکی دیاریکراو قیبلەنماکە بگۆڕیت، واتە رۆڵێکت هەیە؟
د. مەحموود مەشهەدانی: من پێموایە باشترین چارەسەر خاڵێکە لە نێوان دوو خاڵەکەدا. هەوڵبدەین هەموو بۆچوونەکان کۆبکەینەوە و چێشتێک ئامادە بکەین. ئەم چێشتە نە هەمووی بۆ تۆیە و نە هەمووی بۆ منە.
د. محەممەد ئیحسان: جا کوڵاوە یان هێشتا؟
د. مەحموود مەشهەدانی:هێشتا.
د. محەممەد ئیحسان: دەستکارییە کۆتاییەکان!
د. مەحموود مەشهەدانی: هێشتا. بە نزیکەیی.
د. محەممەد ئیحسان: چونکە ئێمە لە کوردستان دەڵێین سەروپێ لەسەر مۆم دەکوڵێنین.
د. مەحموود مەشهەدانی: ئێستا کەرەستەی سەرەکی ئامادە دەکەین. هێشتا نەمانخستووەتە نێو مەنجەڵەوە. کاتێک دەیخەینە نێو مەنجەڵەوە دەست بە چێشتلێنان دەکەین. ئێستا سەرەتاکان. من پێموایە بۆچوونی رەوتی سەدر زۆر گرنگە و، تاوەکو ئێستا وەرمان نەگرتووە.
بۆچوونی رەوتی سەدر زۆر گرنگە، ئینجا لە هەڵبژاردنەکان بەشداری بکەن یان نەیکەن.
د. محەممەد ئیحسان: چونکە ئەوان بوون یاسای پێشوویان گۆڕی...
د. مەحموود مەشهەدانی: ئەگەر بەشداری بکەن یان نەیکەن، پێویستە بۆچوونیان وەربگرین و، تۆ هۆکارەکان دەزانیت.
د. محەممەد ئیحسان: پەیوەندی باشیشت لەگەڵ سەدرییەکان هەیە؟
د.مەحموود مەشهەدانی: بێگومان. راستییەکەی، من پەیوەندیم لەگەڵ هەمووان باشە. یەکەم جارە دەتوانین عەرەب، کورد، سوننە و شیعە لەسەر کەسایەتییەک کۆبکەینەوە کە پەرلەمان بەڕێوە ببات لە بارودۆخێکی زۆر ناخۆش و لە کۆتاییەکانی خولێکی ناخۆش و خولێکی زۆر پەرپووت لە راستی دا، بەڵام رازیکردنی هەمووان بە یەک شت، بۆ نموونە ئەو سێ یاسایە، بۆچوونی خۆم سەپاند، چونکە دەبێت هەمووان رازی بکەم.
د. محەممەد ئیحسان: هەر بەم بۆنەیەوە، لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ چارەنووسی ئەو سێ یاسایە چی دەبێت؟
د. مەحموود مەشهەدانی: من هەموو شارەزایی خۆم لەو بابەتەدا بەکارهێنا، هەمووم بەکارهێنا، هەموو تێڕوانینم بۆ عێراق، هەموو خۆشەویستیم بۆ عێراقییەکان و، هەموو وزەی خۆم بۆ رازیکردنی هەمووان بەکارهێنا. ئەمە قورسە، بەڵام ئەمەم کرد: پێویستە پەیڕەوی ناوخۆ پێشێل نەکەین، ناکرێت پەیڕەوی ناوخۆ پێشێل بکەین. بۆیە یاساکانم یەک یەک بە جیا هێنا، دەنگم لەسەر هەموو ماددەکان دا، ماددە بە ماددە بە جیا، گەیشتینە هۆکارەکانی دەرکردنیان کە بەشێک نین لە یاساکە. رامانگرت. دەستمان بە دووەم کرد، رامانگرت. دەستمان بە سێیەم کرد، رامانگرت. پاشان گەیشتینە یەکلاکردنەوە.
د. محەممەد ئیحسان: ئەو لایەنانە کێن کە لەگەڵ دادگای فیدراڵی کاریان کرد بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی سەبەتەی یەکگرتوو؟ کێن؟
د. مەحموود مەشهەدانی: ئەوانەن کە نایانەوێت دەنگ بۆ پەسەندکردنی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و لێبووردنی گشتی بدەن.
د. محەممەد ئیحسان: بەڵام یاسای گرێبەستە کشتوکاڵییەکان، ئێمە یاسای ژمارە 29ی ساڵی 2006 و 2007مان پێشکەش کرد و، لە دوو یان سێ خولی سەرۆکایەتیی کۆماردا هەبوو، من دامڕشت.
د. مەحموود مەشهەدانی: گرێبەستە کشتوکاڵییەکان لە حکومەتەوە بۆ ئێمە هاتن. ستراتیجی من لە پەرلەمان ئەوەیە پشتگیریی هەموو ئەوە بکەم کە لە حکومەتەوە دێت مەگەر پێشێلکردنی یاسایەکی پێشتر بێت یان زیانی بۆ توێژێک لە توێژەکان هەبێت یان پێچەوانەی دەستووربێت. داوای حکومەت، کاتێک داواکارییەک بۆ پەرلەمان دەنێرێت، مانای وایە پێویستی پێیە و، دەبێت من کارەکانی ئاسان بکەم بۆ ئەوەی بەرهەمی هەبێت.
د. محەممەد ئیحسان: دڵنەواییکردن و لابردنی بێدادی، لابردنی ستەمێک کە بۆ چەندین دەیە بەسەر گەلێک دا سەپاوە. هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان بەشێکی گرنگ بوو لەمە. هەرچەندە ئەمە بابەتی ئێمە نییە. با لە دیمەنێکی گەورەتردا بۆت باس بکەم و، لە قۆزاخەی گرێبەست و پەرلەمان دەرتبێنم. لە وڵاتەکەدا، لە روانگەی منەوە گۆڕانکارییەکان بەڕێوەن، هەر دێن. ئایا پێتوایە، لە نێوان گۆڕانکاریی نیشتمانی، دەستوەردانی دەرەکی، گۆڕانکاریی حکومی، یان پێداویستییەکان، لە ماوەی داهاتوودا جێبەجێکردنی کام رێڕەو لە عێراق دا نزیکترە، چونکە گۆڕانکارییەکان هەن، سزاکانی ئەمریکا بەڕێوەن، ململانێی تەوەرەکان لە ناوچەکەدا هەیە، دەرکەوتنی زلهێزە هەرێمییەکان لە ناوچەکەدا هەیە، لە رووی ئەمنییەوە سووریا دۆخی لەرزۆکە، برایان بە لەرزۆک ناویان برد، من دەڵێم نا، ئەوە بڵقێکی کاتییە و، لەگەڵ پشتگیریی ئێمەدا دروست دەبێت، لە روانگەی کەسیی خۆمەوە، هیوادارم سەقامگیربێت. ئەم هەموو شتانە کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە دەبێت. بە بڕوای تۆ چی روودەدات؟ گۆڕانکاریی نیشتمانی، دەستوەردانی دەرەکی، گۆڕانکاریی حکومی، داواکردنی پێداویستییەکانی خەڵک، ئێستا بۆ رۆڵی عێراق، بە بڕوای تۆ، کام رێڕەو نزیکترە؟
د. مەحموود مەشهەدانی: یەکەم، با کێشە ناوخۆییەکانمان چارەسەر بکەین. بنەمایەکی بنچینەیی هەیە، یەکڕیزی پێش مامەڵەکردنە لەگەڵ دۆسیەکان. هەر دۆسیەیەک مەترسیدارە؟ بە یەکڕیزی ڕووبەڕووی ببەوە. کۆتایی بە کێشە ناوخۆییەکانت بهێنە. کاریگەرییە دەرەکییەکان کەم بکەوە. رێگە لە خۆسەپێنیی دراوسێیەکان بگرە. شەقام بۆ لای خۆت راکێشە، بە دەستکەوت. بەبێ دەستکەوت ناتوانیت جەماوەر بەدەست بهێنیت. ئەوەی پشت بە خەڵکی خۆی دەبەستێت... ئەوەی پشت بە خەڵکانی دیکە دەبەستێت رووتە. بۆیە ئەم پێکەوەییە ناوخۆییەی ئێستا هەیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا تاقی دەکرێتەوە، تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەخت، یان وەک عێراقی پێکەوە دەمێنینەوە و گوێ نادەینە هیچ بۆچوون و ئاراستەکردنێک لە هەر لایەنێکەوە بێت، مەگەر بەرژەوەندی عێراقی تێدابێت و پەیوەندیەکانمان لەگەڵ هەموو کارەکتەرە سیاسییەکانی جیهان هێمن و هاوسەنگ بن، پەیوەندی هێمن لەگەڵ ئەورووپا، پەیوەندی هێمن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، پەیوەندی هێمن لەگەڵ گرووپی عەرەبی، پەیوەندی هێمن لەگەڵ گەورەترین وڵاتی جیهان ئێستا، ئەمەریکا، کە کارەکتەری سەرەکییە لەوەی ئێستا لە جیهان دا روودەدات. پێویستە پەیوەندییەکانمان هێمن بن. بەبێ ئەم پەیوەندییە هێمن و هەڵنەچووە، ناتوانیت بگەڕێیتەوە ناوەوە و بنیاد بنێیت. بەشێک لە هەوڵەکانت بۆ کاریگەرییە دەرەکییەکان دەڕوات.
ئەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئێمە، عێراق نەخشەکەمان کێشراوە. نەخشەکەی عێراقمان کێشراوە و کارەکە تەواو بووە و کێشەمان نییە. تەنیا دەبێت باشتر مامەڵە لەگەڵ ئەوە بکەین کە لە دەوروبەرمان روودەدات. ئەم چاکەیە ئەوەیە کە دەستوورمان دەڵێت ئێمە دەستوەردان لە کاروباری ئەوانی دیکە ناکەین و ئەوانی دیکەیش نابێت دەست لە کاروبارمان وەردەن. ئێستا دەستوەردان لە کاروبارماندا هەیە، ئێستا رۆژهەڵات دەست لە کاروبارمان وەردەدات و باکوور دەست لە کاروبارمان وەردەدات و پاشەکشەیەکیش هەیە لە ناوچەی رۆژئاواوە. واتە عێراق، برا ئازیزەکانم، عێراق وەکو باڵندەیە بە دوو باڵەوە: عارەبگەرایی و ئیسلام.
ئێمە لە ناو عێراق دا موسڵمانمان هەیە، نەتەوەی جیاوازمان هەیە...
د. محەممەد ئیحسان: ئەی ئێمەی کورد لە کوێین؟
د. مەحموود مەشهەدانی: جوگرافیا کۆمان دەکاتەوە، هاووڵاتیبوون، ئایین و مەزهەب کۆمان دەکەنەوە.
د. محەممەد ئیحسان: ئەی ئێمەی کورد، لە کوێین؟ کوردمان هەیە موسڵمان نین و، ئێمەیش عەرەب نین.
د. مەحموود مەشهەدانی: عێراق لە دۆخێکی جوگرافیدایە، دراوسێی جوگرافیایی شیعەی ئیسلامیمان هەیە، دراوسێی جوگرافیایی شیعە - سوننە ئیسلامیمان هەیە و، دراوسێی عەرەبمان هەیە، ئەگەر یەکێک لە باڵەکان تێکچوو باڵندەکە ناتوانێت بە رێکی بفڕێت. راستە؟ بۆیە ئەگەر لە ماوەیەک لە ماوەکاندا تەنیا روو لە لایەکی دیاریکراو بکەیت، لە ئاڕاستەکانی دیکە بێبەش دەبیت. بەتایبەت کاتێک وەبەرهێنانی راستەقینە لەو لایەوە بێت؟ کەنداو، وڵاتانی عەرەب، سعودیە و هتد، ئەمانە خاوەنی توانایەکی وەبەرهێنانن و ئێمە پێویستیمان بەم وەبەرهێنانەیە لە کوردستان و لە پارێزگاکانی دیکە. کەواتە چۆن دەکرێت مامەڵەمان لەگەڵیان باش نەبێت، لە کاتێکدا کە پێمان وایە بنیادنانی عێراق بە وەبەرهێنان بەدیدێت.
د. محەممەد ئیحسان: چی دیکەت هەیە و دەتەوێت پێمانی بگەیێنیت. پێش ئەوەی کورتەی گفتوگۆکەت پێبدەم.
د. مەحموود مەشهەدانی: باشە، من تەنیا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو پیلانەی هێنرایە عێراق بۆ دابەشکردنی عێراق بوو و، لە دۆخێکی زۆر گرنگ بێ ئاگابوون ئەویش ئەوەیە کە عێراق لە بنەڕەتدا H2O یە. لە بنەڕەتدا هەموو هۆزەکانی کورد و هۆزەکانی عەرەب هەموویH2O ن، کەواتە چۆن H2O جیا دەبێتەوە؟ جیا نابێتەوە، لە ئەنجام دا ئێستا رووبەڕووی کێشەیەک بوونەتەوە، کە دابەشکردنی عێراق لە رووی جوگرافیاوە پێویستی بە هەڵوەشاندنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە. دابەشکردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیش تەنیا بە سوننە و شیعە، بە تایفەگەری دەبێت، ئینجا تایفەگەرییان بە سەرماندا سەپاند و دەرکەوت ئەم هۆزانە لە بنەڕەتدا لە رووی تایفییەوە دابەشکراون، واتە لە هەموو هۆزەکانی عێراق دا سوننە و شیعە هەیە و، لە ئەنجام دا پارێزگاریمان لەمە کرد. خاڵی دووەم، ئێمە بە راستی پێویستیمان بە پێداچوونەوەیە بۆ سیستمەکەمان و هەڵەکانمان لە ماوەی ئەم ٢٠ ساڵەدا و توانیمان لەو رێککەوتنە مێژووییەدا کە خۆم پێشکەشی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانم کرد بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی بکات و بڕیاری لەسەر بدات. پووختەی ئەم رێککەوتنە کە ئامادەکردنی لە سەنتەرەکانی توێژینەوە و هتد دوو ساڵی خایاند، گەیشتینە ئەنجام، وەڵامی پرسیارێک، کاتێک ئەو شەش پارێزگایە کەوتن، پرسیارێک دروست بوو: بۆچی ئەمە روویدا؟ وەڵاممان دایەوە: تایفەگەری و هتد.
پرسیاری دواتر دروست بوو: دوای ئەوە چی؟ ئەو عێراقەی لە دوای داعش دەمانەوێت چییە، بۆ ئەوەی داعش دووبارە نەبێتەوە و ئەوە روونەداتەوە؟ بە پووختی وەڵاممان دایەوە، کە عێراق ، سەقامگیر نابێت تاوەکو لە دەوڵەتی پێکهاتەکانەوە نەگۆڕدرێت بۆ دەوڵەتی هاووڵاتیبوون کە تێیدا هاووڵاتی یەکەی بنەڕەتی بێت و، لێهاتوویی پێوەربێت، یەکەی پێوانە بێت. بۆ ئەوەی عێراق بۆ هەمیشە سەقامگیربێت پێویستە کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم دروشمە گەورەیە بکەین. پێم وایە ئێستا کار بە نێوەڕۆکەکەی دەکەین. ئێستا، کۆی شەقامی عێراقی ڕقی لەمە بووەتەوە، ئەم تایفەگەرییەی ناوێت و ئەم کێشمەکێشانەی ناوێت. ئێستا، بۆ ئەوەی بە تەواوی سەقامگیربین، ، ئەمە خاڵی یەکەمە: تاوەکو لە حیزبی ئایدۆلۆجییەوە. بە هەر ناونیشانێک بێت، نەبینە حیزبی خزمەتگوزاری کە کێبڕکێ لەسەر رێژەی ئەو خۆشگوزەرانییە دەکەن کە دەتوانن بۆ هاووڵاتیی زیاد بکەن و، کێبڕکێ لەسەر خۆشگوزەرانی هاووڵاتی بێت نەک لەسەر پاراستنی مەزهەب و پاراستنی پێکهاتە و مافەکان و هتد. بۆ ئەوەی ببینە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، پێویستە هەموو پێکهاتەکان شایستەی خۆیان وەرگرتبێت و، ئەمە هێشتا رووینەداوە.
د. محەممەد ئیحسان: بە راستی، لەسەر بنەمای ئەم بۆچوون و بیرکردنەوەیەی لە تۆم بیست و، بە پشتبەستن بە ئەزموونی من پێش ساڵی 2000 لە نەوەتەکاندا. هیوادارم لە جەنابتان لە پەرلەمان، بۆ چارەسەرکردنی زۆر لە کێشەکان، سوود لە کەسایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئاراستە عێراقییە رەسەنەکانی وەربگرن. ئەگەر شتەکان رووبدەن و ئێستا چارەسەر نەکرێن، بڕوا بکە داهاتوو خراپتر دەبێت. ئەوانەی لە دوای ئێوە دێن خراپتر دەبن و تێگەیشتنیان بۆ عێراق نییە. هیوادارم سوود لە کەسایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەربگرن و، من موجامەلە ناکەم و ئەو دەزانێت کە من لە ژیانم دا موجامەلەی کەس ناکەم، بەڵام بۆ ئەوەی سوود لەم ئاراستانە وەربگرن، بۆ ئەوەی یارمەتییەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا بەدەستبێنن، چونکە بە راستی ئەوەی بەغدا دەیکات درێژەی کێشاوە و، زۆر لە ژمارەکان و راستییەکان دەرکەوت ئەوەنین کە هەندێک لە برایان لە بەغدا بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی زۆر راشکاوانە بم لەبەرئەوەی تۆ سەرۆکی پەرلەمانیت. من ئێستا ڕۆژنامەنووسم، من توێژەرم، دەخوێنم و توێژینەوەم هەیە و قسە دەکەم.
د. مەحموود مەشهەدانی: هەر جارێک بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئازیز و هەروەها جوانیش، هاتووەتە بەغدا تەنیا ئەوەی بەدیکردووە کە دڵخۆشی کردووە، بۆیە من هەمیشە داوا دەکەم ئەم پەیوەندییە بەردەوام بێت. ئێمە یەک پێکهاتەین، کاتێک قەیرانێک دروست دەبێت، من لە میدیا باسی ناکەم و، لە رێگەی ئەم ماڵپەڕانەوە هەڵی ناگیرسێنم. راستەوخۆ دەچمە سەر کێشەکە. سەرۆک وەزیران دێتە هەولێر، یان بەڕێز سەرۆکی کوردستان، سەرۆکی هەرێم دێتە بەغدا. ئەو لە وڵاتی خۆیدایە و پێشوازیی لێدەکرێت و، لە ئاکامدا چارەسەر ئاسانتر دەبێت.
د. محەممەد ئیحسان: مەبەستم سوودوەرگرتنە لە بۆچوون و نیازەکان.
د. مەحموود مەشهەدانی: مەبەستم ئەوەیە بۆشایی دروست نەبێت. کاتێک کێشەیەک هەبێت، راستەوخۆ دەبێ بچمە ناوی و چارەسەری بکەم، کاتێک درێژە دەکێشێت دەبێتە دیاردەیەکی درێژخایەن و، چارەسەرکردنی سەخت دەبێت. د. محەممەد ئیحسان: سوپاس، هەزار سوپاس دکتۆر، سوپاس بۆ روونکردنەوەکانت و، سوپاس بۆ نیازی راستگۆیانەت و، لەبەرئەوەی من دەرگای پرسیارەکان ناکەمەوە چونکە ئێمە بەمە پێویستیمان بە پرسیارەکان نەما و لەجیاتی وتاری سەرۆکی پەرلەمان و بۆ کورتکردنەوەی کات و، دیسانەوە سوپاس .