چالاکی

یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لەبارەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی

15-08-2018


 

RRC | 

لەمیانی بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لەبارەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو، لە هۆڵی دیڤان، لە شاری هەولێر خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزدییەکان و بەرپرسی دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراونی ئێزدی ریگەیاند: “ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی لێرە کۆکردووەتەوە، باسکردنی کۆمەڵکوژییەکی دیکەیە دژ بە پێکهاتەیەکی ئاشتیخواز و ژیانخواز، کە لەلایەن دڕندەکانی ئەو سەردەمە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام- داعش ئەنجامدراوە، کە بووەتە هۆی کوشتنی زیاتر لە 2500 سڤیل، بێجگە لەو قوربانیانەی تاوەکو ئێستا لەنێو 62 گۆڕی بە کۆمەڵدان”.
خەیری بۆزانی، دەڵێت: “زیاتر لە شەش هەزار 400 کچ و ژن و منداڵ رفێندراون و 68 شوێنی ئایینی ئێزدییەکان تەقێندراونەتەوە، نزیکەی دوو هەزار و 800 منداڵیش بێ دایک و باوک کراون، زیاتر لە 360 هەزار کەسیش ئاوارە بوونە، کە ماوەی چوار ساڵە لە کەمپەکاندا ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن”.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە رایگەیاند: “سەرفرازین ئەمڕۆ هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەو کۆنفرانسە لە ئامێز دەگرێت، بە دەستخۆشییەوە بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو و ئۆفیسی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو کۆنفرانسی یەکەم تایبەت بە جینۆسایدناساندنی تاوانی ئەنجامدراو دژ بە کوردانی ئێزدی لەو هەڵمەتە رەشکوژی و رەشبگیرییەی کە تیرۆریستانی داعش دەرهەق بەم کۆمەڵگا سڤیل و ئاشتی دۆستەیان ئەنجامدا”.
پارێزگاری هەولێر گوتی: “نەهامتییەکانی خەڵكی کوردستان بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو لە کوشتن و بڕین و قڕکردن و ئەنفال وکیمیاباران و هەموو شێوازەکانی پاکتاوکردن، کە لە هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، تەنها نەهامەتی و ناسەقامگیری و کێشەو گرفتی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ خەڵکی کوردستان و خەڵکی ناوچەکەش، بەردەوامبوونی تاوەکو ئێستاش”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی کوردانی ئێزدی پارێزگاری هەولێر گوتی: “لە فەرهەنگی خەڵکی ئێمەی کوردستان و بە تایبەتیش ئێزدی، کە دەڵێین فەرمان، بڕیاری دەسەڵاتدارانە، کە بڕیارێکەوە لە سەنتەری دەسەڵاتەوە دەدرێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک، کەچی بۆ ئێمەی بۆ قڕکردن بووە، دەسەڵاتدارنی ناوچەکە بە فەرمانی فەرمی بڕیاریانداوە ئێزدییەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی لەبەین ببەن، ئێستاش کە باسی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکەین لەم هەڵمەتە رەشکوژییەی کە تیرۆریستانی داعش رووبەڕووی کوردستان و ناوچەکەیان کردەوە، بە تایبەتیش شنگال، ئامانجیان لە بەین بردنی تەواوی ئێزدییەکان بووە”. گوتیشی: “پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو سەردەمە پێشکەوتووەی بەها مرۆڤایەتییەکان رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەسات و نەهامەتیانە بگرێت”.

ریکاردۆ رۆدریگێز، نوێنەری یونامی لە هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشدارییکردنی لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لەبارەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی گوتی: “شەرفمەندییەکی گەورەیە بۆمن ئەمڕۆ لەو رێوڕەسمەدا نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بکەم، لە چوارەمین ساڵیادی یەکێک لە تاوانە هەرە رەشەکان و ناخۆشەکانی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە لە مێژوودا، لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە جیهانی نوێدا لە ساڵی 2014 بینیمان چی بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هات، داعش کە خۆی وەکو ئیسلام دەناسێنێت، بەڵام هیچ کاتێک نوێنەرایەتی ئایینەکان ناکات”.

نوێنەری یونامی لە هەرێمی کوردستان گوتیشی: “نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی لەهەوڵەکانی حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارە بوونەوەی ئەو رووداوانە بگرێت، ئەو کەسانەی بەشداربوونە لەو تاوانەدا بهێندرێنە بەردەم دادگا و دادگایی بکرێن، لە هەمان کاتیشدا هاوکاری ئێزدییەکان بکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان”. دەشڵێت: “لە ئەیلوولی ساڵی 2017، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بڕیاری 2079 بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لەو تاوانەدا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێنا”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: “لە ئایاری ساڵی 2018 جارێکی دیکە سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێز کەریم خانی لە بەریتانیا دەستنیشانکرد وەکو راوێژکاری تایبەت بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەو تیمەی بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێندرابوو. بەڕێز کەریم خان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەبارەت بە تاوانەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ، 25 ساڵە ئەزموونی هەیە، تیمەکە چەند رۆژێک پێش ئێستا لە دهۆک بوونە، چاویان بە قوربانییەکانی دەستی داعش کەوتووە، بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بەجێ بگەیێنن”.

لە کۆتایی قسەکانیشدا ئاماژەی بەوەدا کە : “نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکانە لەگەڵ حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی دیکە ئەو ناوچانە نۆژەن بکرێنەوە”.

هەروەها میر حازم تەحسین، نوێنەری میری ئێزدیان لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە رایگەیاند: “وەکو میری ئێزدیان و جڤاتی رووحانی باڵای ئێزدیان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ویلایەتە یەکگرتووەکان و حکومەتی بە‌غدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بە زووترین کات دەڤەری ئێزدیان بە تایبەتی شنگال ئاوەدان بکەنەوە و قەرەبووی خەڵکەکە بکەنەوە، ئەو کەیسەش وەکو جینۆساید بناسێندرێت، بۆ ئەوەی باوەڕی خەڵکی ئێمە بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێتەوە و سەقامگیری دروستببێت”.

نوێنەری میری ئێزدیان دەشڵێت: ”داواش لە حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هاریکاری لەگەڵ ئەو لیژنەیە بکات، کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بۆ لێکۆڵیەوە هاتووە، ئێمەش ئامادەیی خۆمان بۆ هاوکاریکردنی ئەو لیژنەیە پیشان دەدەین”.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
Share this Post

چالاکی