چالاکی

عیراق؛ لەنێوان دراوسێکانی و هێزە جیهانییەکاندا؛ تەگەرە و بەربەستەکان

08-03-2023

عێراق لەنێوان دراوسێکانی و هێزە جیهانییەکاندا؛ تەگەرە و بەربەستەکان ؟


پەیڕەو ئەنوەر

پانێڵی چوارەم لەژێرناوی "عیراق؛ لەنێوان دراوسێکانی و هێزە جیهانییەکاندا؛ تەگەرە و بەربەستەکان" تایبەت بوو بە باروودۆخی عێراق كە بە بەشداری هەریەک لە فازڵ میرانی، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەباس ئەلعامری، بەڕێوەبەری پەیمانگای عیراق بۆ دیالۆگ و راوێژکاری سیاسی  ئەنجوومەنی نوێنەران، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، نیكۆلای ملادینۆڤ، وەزیری پێشووی دەرەوەی هەنگاریا بەڕێوەچوو. لەو پانێڵەدا كە رۆژنامەڤان هیوا عوسمان مۆدیرەیتەری بوو پرسیاری سەرەتا ئەوە بوو كە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەکتەرە دراوسێ و نێودەوڵەتییەکان چۆنە و چۆن هاوسەنگییان راگرتووە؟ ئەو فاکتەرانە چین کە دەوڵەتان پێوستییانە لەناو سیستمی هەرێمی ناوچەکەدا؟

بەرسڤی بەشێکی قسەکەرەکان بەمشێوەیە بوو، بنیاتنانی متمانە بنەمای گشتی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە و رۆڵێکی گرنگی هەیە لە هاوسەنگی پەیوەندییەکان. گرێبەستی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە عیراقدا کۆتایی نەهاتووە و وەڵامدانەوەی هێزە ناوخۆییەکان بۆ سیستمی سیاسی و هاوڵاتیان گەرەنتی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات لەسەر ئاستی دەرەوە ئەگەرچی حکومەت روانگەی جیاوازی هەیە بۆ پرسە گشتییەکان. پێم وانییە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی هەبێت چونکە حکومەت قبوڵی ناکات و هەوڵدەدات دادپەروەرانە لە سامانە سروشتییەکان بڕوانێت بەشێوەیەک لەسەر بنەمای دەستووری عیراقی بێت چونکە ویست هەیە بۆ رێکخستنی دۆسیەی نەوت و گاز لە عیراقدا و ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە.

لەبەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا، یەکێک لە قسەکەران دوای بەگرنگ زانینی ئەمجۆرە کۆڕبەند و دیدارانە، بەمشێوەیە تیڕوانینی خۆی دەربڕی:" عیراق سێ کێشەی گەورە و سەرەکی هەیە: یەکەم: نەبوونی پێناسەیەکی تازە بۆ سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی و رێکخستنی نێودەوڵەتی لەدوای جەنگی ساردەوە و دەرەنجامەکەشی جەنگی ئۆکڕاینا و رووسیا و چەند پرسێکی ترە کە کاریگەری لەسەر دۆخی عیراقیشدا هەیە. دووەم: عیراق بەدەست نەبوونی ئاسایشی ستڕاتیژی و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت و وڵاتان بەپارەی هەواڵگری بەڕێوەی دەبەن. سێیەم: ململانێی ناوخۆی عیراق کە لەبنەڕەتدا بەشێوەیەکی زگماک لەدایکبووە و بەمەش سیاسەتی ئێران و تورکیا کاریگەری لەسەر دروستکردووە.

هەرێمی کوردستان و بەغدا ناتوانن لەدەرەوەی کاریگەرییەکانی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی و هەرێمی بن. مەترسیدارە کورد بەتەنها بچێتە بەغدا چونکە دەبێت لە بەغدا بەیەک ستڕاتیژ و سیستم گفتوگۆ بکەین. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێوستیان بە پێداچوونەوە هەیە.

پێموایە پڕۆژەی ئێمە لە بەغدا کە دانووستانی لەسەردەکەین رەنگدانەوەی خواستەکانمان نییە و ئێمە تەنها قسە لەسەر نەوت و گاز و بودجە دەکەین نەک ماددەی 140 ی دەستووری هەمیشەیی عیراق و قەرەبووی ئەنفال و جینۆساید. دەبێت پێداچوونەوە بە دۆسیەی دانوستان بکرێت و ئەگەر ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارەی کوردستان رێکنەکەون دەرەنجامی خراپی دەبێت. تەنها رێککەوتن گرەنتی دۆسیەی کورد و کوردستان دەکات.

هەرلەمیانەی پانێڵەکەدا ئەوەخرایەڕوو کە بەبێ زانینی هۆکارەکان و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە ناتوانین بڕیاری دروست بدەین. بەر لە بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا دۆخی تورکیا سەقامگیربوو و ژیان ئاسایی بوو و خەڵک چاوەڕێی بومەلەرزەی نەدەکرد بەڵام بەهۆی گۆڕانی زەوییەوە بومەلەرزە روویدا. بەهەمانشێوە بومەلەرزەیەکی سیاسی هەیە لە عیراق کەدەبێتەهۆی گۆڕانی زۆر بوار و بابەت لە عیراق. لەڕووی رووکەشەوە عیراق خاوەن سەروەرییە بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە شتێکی ترە ئەمەش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

یەکەم: ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە عیراق بەر لە رووخانی رژێم شتێک بوو و ئێستاش شتێکە و نایەوێت رژێمەکە بگۆڕن و بیکەن بەدیمۆکراسی.

دووەم: ئەمەریکا دەیەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە و عیراق ببێت بە بەشێک لە هاوپەیمانی ئەمەریکا.

ئەو عەقڵیەتەی کە عیراق بەڕێوەدەبات هێشتا هەمان عەقڵیەتی پێشووە لەڕووی رێخکستنی ئابووری و ئازادییەکان و بوارەکانی تر. متمانەی نێوان سیاسییەکان دەکەوێتە سەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و کردارەکان.

لەدوا بەشی پانێڵەکەدا یەکێک لە قسەکەران بەمشێوەیە بۆچوونەکانی خۆی دەربڕی:"گەشبینم بە دۆخی عیراق بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە و یەکێک لەوانە ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتە و لە کوردستان دەرفەتی پێشکەوتن هەیە و سەرکەوتنی کوردستانیش سەرکەوتنی هەموو عیراقە. سەرەڕای ئەوەی دەبێت دۆخی ئاو و کارەبا لە ناوچەکانی عیراق چاک و باشتربکرێت."

عیراق توانای هەیە کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات و لەگەڵ وڵاتانی تر کۆببێتەوە. پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا دەبێت باشتر بێت و مێژووش ئەوەمان پێدەڵێت کاتێک کورد یەکگرتوو نەبووە ئاسانتر بۆتە قوربانی. عیراق نابێت بە نیشتیمانی هەمووان ئەگەر هەڕەشەی دەرەکی لەسەربێت. عیراق ویست و توانای هەیە بۆئەوەی ببێت بە وڵاتێکی سەقامگیر.

عیراق سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر لەسەرە. جیۆلەتیک ئێستا گۆڕاوە و وەک خۆی لێنایەتەوە. چین و ئەمەریکا دەیانەوێت دووبارە عیراق دابڕێژنەوە. ئەم گۆڕانانە روودەدەن و دەبێت عیراق تێیان بگات. کاتێک عیراق کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەردەکات ئاسانتر دەتوانێت سیاسەتی دەرەوەی خۆی دابڕێژێت و نابێت بە نێچیری دەوڵەتانی تر.

پێموایە پەیوەندی نێودەوڵەتی بەرەژوەندییە و پەیوەندی نێوان هێزە سیایسیەکان لەگەڵ هیچ هێزێکی دەرەکی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەت نییە و نابن بە پاشکۆی هیچ وڵاتێک. هەموو پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرەژوەندی هاوبەش و بەرەژوەندی خەڵکی عیراقە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران و تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشە.

رێکخەران

ناوەندی فەڕەنسی بۆ تویژینەوە لەسەر عێراق و ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

نوێدەکرێتەوە...

March - 2023
Wednesday
08
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی