شرۆڤە

جیۆکولتووری ناسنامە سیاسەتی ناسنامەی کوردی

13-03-2021


RRC -مامەند رۆژە – 

 

وشەکلیل: جیۆکولتوور، ناسنامە، سیاسەتی ناسنامە، گوتاری کولتووری، سیاسەتی کولتووری، بەریەککەوتنی ناسنامەکان، سیاسەتی ناسنامەی کوردی.

پێشەکی

ئەم سەردەمە سەردەمێکە سیاسەتی ناسنامە خەریکە دەبێتە گرێژەنەی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش گوتارێک کە ناسنامە نێوەندەکەی پێکدەهێنێ، لە هەڵکشاندایە. لەم دۆخەدا گوتاری ناسنامە لەگەڵ گوتاری جیۆسیاسەت و جیۆفەرهەنگ ئاوێتە دەبێت. گوتارێک کە ناسنامە چەقیەتی لەگەڵ گوتارێک کە چینی کۆمەڵایەتی چەقیەتی و لە تەک گوتارێک کە دین چەقیەتی، تێکهەڵکێش دەبن و ئەم ئامێژەنە تازەیە پێکهاتەیەکی ئاڵۆز دەخوڵقێنێت.
پرسیاری ئەم وتارە بریتییە لە: گەلۆ سیاسەتی ناسنامەی کوردستانی لەکوێی سیاسەتی ناسنامەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەڵکەوتووە؟ گەلۆ جیۆکولتوور چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی ناسنامەی کوردستانی دروستکردووە؟ پێگەی جیۆکولتووری کوردستانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چۆن پێناسەدەکرێت؟
گریمانەی ئەم گوتارە دەڵێت: ناسنامەی کوردستانی لە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی ناسنامەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێگەی خۆی پێناسەکردووە. سیاسەتی ناسنامەی کوردی سیاسەتی بەرهەڵستی و بەرگرییە. لەگەڵ ئەمەش هێشتا مەترسییەکان لەسەر ناسنامەی کوردی بنەبڕ نەبوون. بۆیە گوتاری بەقا کاریگەری بەرچاوی لەسەر سیاسەتی ناسنامەی کوردی هەیە.
ناسنامەی کوردی کاکڵی جیۆکولتووری کوردستانی پێکدەهێنێت. جیۆکولتووری کوردستانی پێگەی جیۆکولتووریی ناوەندی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. ئەگەر ئەم کاکڵە (ناسنامەی کوردی) لە مەودایەکی زەمەنیدا بە توێکڵی سەروەری (دەوڵەت) تێکهەڵکێش بکرێت، وەرچەرخانی گەورە لە ناوچەکە روودەدات.

کوردستان: بەرهەڵستی سیاسەتی ناسنامە

لەم ساڵانەدا دۆخی ناوچەکە دەیسەلمێنێ کە سیاسەتی ناسنامەی دەوڵەتەکان لەگەڵ سیاسەتی ناسنامەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان و یەکە نادەوڵەتییە جیاوازەکان، گرفتی کارکردی بەرچاو لە زەمینەی خۆنواندنی ناسنامەکاندا دەخوڵقێنێت. واتە ناسنامە دەوڵەتییەکان بەهۆی بەدەستەوەگرتنی ئامرازەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتی، لەبەرامبەر من یان خود هەوڵی پێناسەکردنی دووژمن، ئەویدی و غەیرە دەدەن. بۆیە ناسنامەی نەتەوەی بێدەوڵەت بەزۆری وەک ئەویدی و نەیار و مڵۆزم پێناسە دەکەن. بەزۆریش هەوڵدەدەن ناسنامەی نەتەوە بندەستە سەروەرخوازەکان بتارێنن، بیرەتێننەوە، دەریپەڕێنن و بیتوێننەوە. ئەگەریش ئەمەیان بۆ نەچووەسەر، لانیکەم خواستی خۆسەروەری ناسنامەی یەکەی بێدەوڵەتی ژێردەستە لەخشتەبەرن و وەک پاشکۆ یان تەواوکەری ناسنامەی باڵادەست پێناسەی بکەن.
ناسنامەی دەوڵەتی بەردەوام هەوڵدەدا لەپێناو دیاریکردنی جیهانی فەرهەنگی خۆی لەگەڵ بنیاتنانی پایەکانی ناسنامەی لووتبەرزی دەوڵەتی نەتەوەیی ملهوڕ، جیاوازی و قۆرتەکان لەگەڵ ئەویدی زەقبکاتەوە. بۆیە نەیارەکانی خۆی پەراوێزخستوون و رەتاندووننییەوە. لەئەنجامی ئەمەدا ناسنامەکان بوونەتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ناسنامەی دەرپەڕێندراو لەڕێگەی نوێکردنەوەی ناسنامەی خۆی، هەوڵی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ناسنامەی دەوڵەتی نەتەوەیی باڵادەست دەدات. لێرەوە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدا کە نێوەڕۆک و کاكڵەکەی لە ناسنامە پێکدێت.
ئەم بابەتە سەرنجڕادەکێشێت و ئەم پرسیارە دنە دەدات: گەلۆ بۆچی ناسنامە کاکڵی ململانێی سیاسی پێکدەهێنێ و چۆنچۆنی پرۆسەی بەسیاسیکردنی ناسنامە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی تازە دەخاتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەڕێگەی شیکاری سیاسەتی ناسنامەوە دەستدەکەوێت. کاتێک کرداری سیاسەتی ناسنامەی باڵادەست دژکرداری سیاسەتی ناسنامەی ژێردەست دەئارووژێنێ، مەیدانی ململانێیەکە کاکڵەکەی لە ناسنامە پێکدێت. لێرەوە دەکرێ لەڕێگەی چاودێریی دژکرداری سیاسەتی ناسنامەی بندەست، پرۆسەی بنیاتنانەوەی ناسنامە بەرهەڵستکارییەکەشی بخوێندرێتەوە.
کاتێک گوتارێکی سیاسی باڵادەست دەبێ، ناسنامەی سەر بە گوتاری سەردەست هەوڵی دەستخستنی سەرچاوەکانی هێز دەدات. کاتێکیش پەیوەندیی دیالێکتیکی لەنێوان گوتاری ناسنامەی سەردەست لەگەڵ ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی زەبروزەنگ دێتەکایەوە، ئەوسا هەوڵی یەکسانسازی شوناس دەدات. ئەمە پاڵ بە ناسنامەی پەراوێزخراوەوە دەنێ لەڕێگەی پێناسەکردنەوە و زەقکردنەوەی ناسنامەی خۆیەوە بەرهەڵستی سیاسەتی ناسنامەی زاڵکراو بکات. بۆیە جوڵانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پشتبەستوو بە شوناس لەدایکدەبن.
سیاسەتی ناسنامەی زاڵبوویش هەموو دەرەتانەکانی بۆ تواندنەوە و یەکخستنی ناسنامەی دووەم لەگەڵ خۆی دەقۆزێتەوە. ئەگەر ئەمەی بۆ بچێتەسەر، ئەوە باشە، ئەگەر بۆشی نەچێتەسەر، واز لە سیاسەتی زبری یەکسانسازی دەهێنێت. لێرەوە بە گوتاری خۆیدا دەچێتەوە و بەشێوەی رواڵەتی و ریایی جیاوازییەکانی شوناس قبوڵدەکات. بەم جۆرە سیاسەتی نەرمی یەکسانسازی دەستپێدەکات، بەڵام ئەم سیاسەتەش بۆ دەستەمۆکردنی زیاتری نەتەوە دیلەکەیە. بۆیە ئەمجارە بە سیاسەتی نەرم هەوڵدەدا لانیکەم ناسنامەی ژێردەست بە مانەوە لە دۆخی پاشکۆیی لەژێر ناوی برایەتیدا قایل بکات.
خولی یەکەمی سیاسەتی شوناس- بۆنموونە دەتوانین سەیری سیاسەتی ناسنامەی سەردەمی ئەتاتورک لە تورکیا، رەزا شا و محەممەد رەزاشا لە ئێران و مەلیکی و کۆماری تاکنەتەوەیی لە عێراق بکەین. لەم سەردەمەدا سیاسەتی ناسنامەی فەرمیی تواندنەوەی ناسنامەی نافەرمییە (عێراق دۆخێکی ناوازەی هەیە). بە قۆستنەوەی هەموو ئامرازەکانی دەسەڵات هەوڵی یەکسانسازیی ناسنامەی کوردی دەدرێت. لەم سەردەمەدا گوتاری ناسیۆنالیستی مۆدێرن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی تاکشوناس زاڵدەبێت.
بەڵام دوای دەیان ساڵ، ناسنامەی بندەست بەتایبەت ناسنامەی کوردی، خۆی بنیاتدەنێتەوە و لە کونی جیاوازەوە خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە. ئەمە شکستی زەقی سیاسەتی ناسنامەی فەرمی لە خولی یەکەمدا دەخاتەڕوو کە لە ساڵانی 1920 تاوەکو 1980 لەخۆدەگرێت. دوای ئەم خولە هێزی نوێ لەسەر سەکۆی سیاسەتی دەوڵەتەکان سەرهەڵدەدەن.
خولی دووەمی سیاسەتی شوناس – لە ساڵی 1968 لە عێراق، لە ساڵی 1979 لە ئێران و لە ساڵی 2002 لە تورکیا هێزی سیاسیی تازە لەدایکدەبن. دواتر لە عێراق لەساڵی 2003 دیسان هێزی جوداتر پەیدا دەبن. لەم خولەدا ناسنامەی فەرمی بە رواڵەت دان بە جیاوازییەکاندا دەنێت. بوارێک بۆ ناسنامەی کوردی پێناسە دەکرێت، بەڵام ئەم بوارە تەنیا بۆ ئەوەیە کە ناسنامەی کوردی مل بۆ دۆخی پاشکۆیی و گوێرایەڵی دابدات. هەرگیز بۆ ئەوە نییە کە سیاسەتی دابەشکردنی دادگەرانەی سەروەری بەپێی ناسنامە جیاوازەکان بێتەکایەوە.
ئەگەر سیاسەتی نەرم پرۆسەی یەکسانسازیی شوناس نەهێنێتەدی، ئەوکات سەرلەنوێ روو لە سیاسەتی ناسنامەی زبر دەکەنەوە و دیسان ئامرازەکانی زەبروزەنگ دێنەگۆ و لەڕێگەی سیاسەتی سەرکوت و گرمۆڵەکردنەوە هەوڵی تەنگپێهەڵچینی ناسنامەی کوردی دەدەن.
بۆنموونە سەیری سیاسەتی ناسنامەی سەددام حوسێن لەدوای ساڵی 1975 لە عێراق بکەن. هەروەها سەیری سیاسەتی ناسنامەی ئێران لە سەردەمی خومەینی (1980) و خامنەیی (1990 تاوەکو ئێستا) بکەن. پاشان سەیری سیاسەتی ناسنامەی نووری مالیکی لە ساڵی 2013 و سیاسەتی ناسنامەی حەیدەر عەبادی لە ساڵی 2017 بکەن و پاشتریش لە سیاسەتی ناسنامەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 2015 بەرامبەر ناسنامەی کوردی بنۆڕن. لەم نموونانەدا بەوردی دەتوانین لە سیاسەتی ناسنامەی نەرمیش بگەین کە بەپێچەوانەی رابردوو لەجیاتی سیاسەتی نەتەوەپەرستی، بە گوتاری ئیسلامگەرایی سوننە و شیعە بارگاوی کراون.
سیاسەتی ناسنامەی ئیسلامی سیاسی یان ئیسلامی نەتەوەیی لە ئێران، لە عێراق و لە تورکیا بەرامبەر ناسنامەی کوردی لە تاقیکردنەوەدا شکستی هێناوە. چ شیعەی سیاسی لە ئێران و عێراق و چ ئیخوانییەکان واتە سوننەی سیاسی لە تورکیا و چ سەلەفییە جیهادییە داعشییەکان لە سووریا و عێراق، نەیانتوانی خۆیان لە بازنەی سیاسەتی ناسنامەی تاکنەتەوەیی قورتار بکەن. نەتەوەپەرستی عەرەبی، تورکی و ئێرانی ئەمجارە بە بەرگی ئیسلامەوە خۆی ناساندووەتەوە.
لەمەشدا هەوڵی رەتاندنەوەی ناسنامەی کوردیان داوە و بەگشتی ناسنامەی کوردیان وەک ناسنامەی مڵۆزم و نەیار پێناسەکردووە. بە ئەویدی ناساندنی ناسنامەی کوردی شەپۆڵیک لە نەتەوەپەرستی بە ئیسلام بارگاویکراوی بۆ دەستەبەرکردوون و تەنانەت هێزی بۆ بەرهەمهێناون. بۆیە تائێستاش نایانەوێ واز لەم سیاسەتی ناسنامەیە بێنن. ئەمەش دیسان شوناس دەکاتە مەیدانی بەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکان و بزووتنەوەی سیاسی سەر بە ناسنامەی کوردیش بەهێزتر خۆی نمایشدەکات.
لە کوردستانیش لەپاڵ شەپۆلی یەکەمی ناسیۆنالیزمی نەریتیدا 1900 – 1940، ناسیۆنالیزمی چەپ 1950 – 2000 و دواتریش ناسیۆنالیزمێکی رزگارخوازی بە ئیسلام بارگاویکراو 1980 – 2020 و پاشان ناسیۆنالیزمی هەڵگری گوتاری لیبراڵی 2000 – 2020، هەوڵی پێناسەکردنی سیاسەتی ناسنامەی کوردییان داوە و گوتاری ناسنامەییان بەرهەمهێناوە.

جیۆکولتوور: ناسنامەی کوردستانی

جیۆکولتوور وەک سەنتێزی کولتوور و جوگرافیا، کە بەروبوومی سیاسیی لێدەکەوێتەوە، خۆی دەنوێنێت. ئەمەش لە تێزی ئەمانوێل والرشتاینەوە خۆی بەزەقی دەردەخات، کاتێک ئاماژە بەوە دەکات کە جیۆکولتوور یەک لە توخمە سەرەکییەکانی کایەکانی جیۆسیاسەت و جیۆستراتیژیش پێکدەهێنێت. کاتێک ئەم بابەتە لەگەڵ سیاسەتی شوناس تێکهەڵدەکێشین، دەتوانین شوناس وەک کاکڵی جیۆفەرهەنگ سەیر بکەین. ئەگەر شوناس لە کایەکانی جیۆسیاسەت و جیۆستراتیژی دەربخەین، دەتوانین بێژین لەگەڵ توێکڵی بێ کاکڵ بەرەوڕووین. بۆیە کاتێک باسی سیاسەتی شوناس دەکەین، یەکسەر لووتمان بە لووتی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری نەتەوەییەوە دەنووسێت. شوناس و کولتووری نەتەوەیی پشتبەستوو بە جوگرافیای نەتەوەیە کە ئا لێرەوە جیۆکولتوور پەیدادەبێت.
ئەگەر بەپێی ئەم داربەستە سەیری جیۆفەرهەنگی کوردستان بکەین، دەتوانین چەند ئەنجامێکی سەیری لێ بخوێنینەوە: لەڕووی جیۆکولتوورییەوە ناسنامەی کوردستانی پێگەیەکی تایبەتی هەیە. کوردستان وەک یەکەیەکی جیۆسیاسی لە ناوجەرگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەڵکەوتووە. ئەم پێگە جیۆسیاسییە بە چوار حەوزی دەریایی و چوار حەوزی وشکانییەوە گەمارۆدراوە. لەلایەک کوردستان ناوەند یان دڵستانی (هارتلاند) چوار حەوزی دەریای قەزوین، دەریای رەش، کەنداو و دەریای سپییە. لەلایەکیش ئەم کوردستانە ناوەندی چوار حەوزی وشکانی ئەنادۆڵ، بانی ئێران، سەرزەوینی شام و بیابانی عەرەبییە.
کوردستان شاڕێگەی پێکەوەبەستنەوەی چوار حەوزی دەریایی و چوار حەوزی وشکانییە. هەروەها کوردستان چوارڕییانی جیۆستراتیژی جیهانی و ناوچەییە. شاڕێی باکوور – باشوور کە لە ستێپەکانی ئۆراسیاوە بۆ قەفقاز و لەوێشەوە بەسەر کوردستاندا بۆ ئەنادۆڵ، دوورگەی عەرەبی و سەرزەوینی شام و بانی ئێران شۆڕدەبێتەوە، جیهانی باکوور بە باشوور تاوەکو ئەفریقیا دەبەستێتەوە. شاڕێگەی رۆژهەڵات – رۆژئاواش بەسەر کوردستاندا ئاسیا بە ئەوروپا دەگەیێنێت. ئەم شاڕێیە لە کۆندا پێیدەگوترا “جاددەی ئاوریشم” و ئێستاش پێیدەگوترێ جاددەی ئاوریشمی نوێ، کە لە ستراتیژی چینییەکاندا پێناسەی وردی بۆ دەکرێت.
ئەگەر کوردستان لەڕووی جیۆستراتیژی و جیۆئابوورییەوە پێگەی هەیە، دەبێ بیرمان نەچێ کە لەڕووی جیۆکولتووریشەوە پێگەی کوردستان گرنگە. چۆن؟ شوناس و شارستانیی کوردی پردی پێکگەیاندنی شوناس و شارستانیی تورکی، شارستانیی عەرەبی و شارستانیی ئێرانییە. جیۆکولتووری کوردستان لەسەر سێکوچکەی جیۆکولتووری عەرەبی، تورکی و ئێرانی هەڵکەوتووە. بەمجۆرە کوردستان پێگەی جیۆکولتووریی ناوەندیی هەیە. لە ناوجەرگەی سێکوچکەی شارستانیی عەرەبی، تورکی و ئێرانیدا هەلوەستەی کردووە. کارییان تێدەکا و کاریشی تێدەکرێت. ئەگەر سەرخانی سەروەری بەدەستبێنێ دەتوانێ وەک دەوڵەتی نێوەڕاست رۆڵ بگێڕێت. لە نەبوونی دەزگای دەزگاکان واتە دەوڵەتیشدا کوردستان رۆڵی تەواوکەری ستراتیژی بۆ هاوسێیەکانی دەگێڕێت و لەنێوان خۆیاندا بەشیدەکەن.
ئەم هەڵکەوتە رەهەندی ئەرێنی و رەهەندی نەرێنی هەیە. لەلایەک سوودی لە دەوڵەمەندی شارستانیی ئیسلامیی تورکی، ئیسلامیی عەرەبی و ئیسلامیی ئێرانی وەرگرتووە و شارستانیی کوردی تۆکمەکردووە، لەلایەکیش لەبەر نەبوونی توێکڵ بۆ ئەم کاكڵە شارستانییە، کە بریتییە لە ریکخستەی باڵا کە سەروەری دەنوێنێ واتە دەوڵەتی نەتەوەیی، بەردەوام لەژێر هەڕەشەی هاوسێکانیدا دەمێنێتەوە.
لەگەڵ هاتنی دینی ئیسلام بۆ ناوچەکە، کوردستان بۆ ماوەیەک وەک یەکەیەکی جیاواز هەوڵیداوە لەبەرامبەر داگیرکاریی نوێدا بەرگری بکات. لەدوای شکستی کورد لە جەنگەکانی جەلەولا، شارەزوور و حیلوان و نەهاوەند، ماوەی دوو سەدەیەک نوقمی کشانەوە و بێدەنگی قووڵ دەبێت. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەبو موسلیمی خۆراسانی، ئەم یەکە جیۆکولتوورییە سەرلەنوێ ناسنامەی خۆی بنیاتدەنێتەوە. پاش راپەڕینی خوڕڕەمییەکان، کورد بەشێنەیی پرۆسەی خۆماڵیکردنی دینی ئیسلامی دەستپێکرد. لێرەوە چەک و عیرفان تێکدەڵدەبن. ئیسلام لەگەڵ دینی کورددا تێکهەڵکێشی یەک دەبن.
عەرەبەکان لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسیدا ئیسلامی سوننە وەک دەربڕی شوناس و پێگەی جیۆکولتووری خۆیان پێناسە دەکەن. لە سەردەمی سەلجووقییەوە تاوەکو عوسمانی، تورکەکانیش ئیسلامی سوننەی حەنەفی وەک دەربڕێک لە خواستی شوناس و جیۆفەرهەنگی خۆیان دەنوێنن. لە سەردەمی ئیسماعیلی سەفەویشەوە ئێرانییەکان ئیسلامی شیعەی جەعفەری وەک پێناسی ئیسلامی نەتەوەیی خۆیان یەکلاییدەکەنەوە.
گەلێک جار ئەو پرسیارە دەکرێ: گەلۆ ئەی کورد چییانکردووە؟ لەڕاستیدا کوردیش ئەم پرۆسەیەیان بڕیوە. کاتێک باس لە عیرفان و چەک دەکەین، ئیسلامی کوردی، خۆی لە تەسەوف و مەزهەبی عەلەویدا نمایشکردووە. بەڵام تەسەوف و عیرفانی کوردی بۆ دنیاکوژی و گۆشەگیری نەبووە بەڵکو بۆ دابینکردنی دادگەری و هەق بووە. بۆیە هەمیشە سۆفییەکانی کوردستان دەستیان بۆ چەک بردووە و راپەڕیون.
شافەزڵی وەلی کە بە فەزڵولڵای حروفی دەناسرێ، لووتکەی تێکەڵکردنی دینی خوڕەمی مەزدەکیە لەگەڵ ئیسلامی عەولەوی دەهێنێتەکایەوە. ئەو لە کتێبەکانی جاویداننامە، نەومنامە، موحەبەتنامە، عەرشنامە و وەسیەتنامەدا بەوردی ئەم بابەتە شیدەکاتەوە. هەروەها شاخوەشینی لوڕستانی بەشێک لەم وەرگۆڕانە پیشاندەدات کە سەرئەنجام لە سەردەمی سوڵتان سەهاکی بەرزنجیدا دەگاتە لووتکەی خۆی.
هەر ئەم نەریتە وای لە شێخ عوبەیدوڵلای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحمودی بەرزنجی، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، شێخ ئەحمەدی بارزانی و تەنانەت شێخ عیززەدینی حوسێنی، شێخ جەلالی حوسێنی، شێخ هادی دۆڵاوی وموریدەکانی شێخ عوسمانی نەقشبەندی کردووە کە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نەتەوەییەوە عیرفان و چەک ئاوێتە بکەن و راپەڕینی چەکدارانە بەڕێبخەن.
کوردستانییەکان لەلایەک ئیسلامی سوننەی شافیعیان خۆماڵیکردووە کە زیاتر لە شەریعەت بەرگی تەریقەتی (قادری و نەقشبەندی) لەخۆی پۆشیوە. لەلایەکیش تەریقەتی سۆفی عەلەوی خۆی لەتوێی مەزهەبێکی تازەدا وەک تێک ئاوێتەکردنی دینی خوڕەمی مەزدەکیە لەگەڵ مەزهەبی عەولەویدا موتوربە کردووە و رێبازەکانی قزڵباش، یارسانی، خاکساری و نیعمەتوڵلاهی لێ پەیدابوون. ئەم جیهانبینییە لە دووتوێی ئایینی ئێزدیشدا وەک رەسەنییەکی کوردی بەشێوەی جیاوازتر خۆی پێناسەکردووە.
کە وابوو: لە کوردستان ئیسلامی عیرفانی لەسەر سێکوچکەی ئیسلامی سوننەی حەنەفی تورکی، ئیسلامی سەلەفی عەرەبی و ئیسلامی شیعەی جەعفەری ئێرانیدا هەڵکەوتووە. ئەم پێگەیەش لەڕووی جیۆکولتوورییەوە ناوەندییە و ئەگەر کورد ببنە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی، دەتوانن رۆڵی ناوەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگێڕن.

ئەنجام

لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سیاسەتی ناسنامەی دەوڵەتەکان لەگەڵ سیاسەتی ناسنامەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، گرفتی کارکردی بەرچاو لە زەوینەی خۆنواندنی ناسنامەکاندا دەخوڵقێنێت. ناسنامە دەوڵەتییەکان بەهۆی بەدەستەوەگرتنی ئامرازەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتی، لەبەرامبەر خود هەوڵی پێناسەکردنی دووژمن، ئەویدی و غەیرە دەدەن. ناسنامەی نەتەوەی بێدەوڵەت بەزۆری وەک ئەویدی و نەیار و مڵۆزم پێناسە دەکەن. بەزۆریش هەوڵدەدەن ناسنامەی نەتەوە بندەستە یاخییە ملنەدەرەکان بتارێنن، بیڕەتێننەوە، دەریپەڕێنن و بیتوێننەوە. ئەگەر ئەمەشیان بۆ نەچووەسەر، لانیکەم هەوڵدەدەن خواستی خۆسەروەریی ناسنامەی یەکەی بێدەوڵەتی ژێردەستە لەخشتەبەرن و وەک پاشکۆ یان تەواوکەری ناسنامەی باڵادەست پێناسەی بکەن.
ناوچەکە لە 1920 بەدواوە پێی ناوەتە قۆناخی مۆدێرنیتەوە و دەوڵەتی نەتەوەیی لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا بنیاتنراوە. لە خولی یەکەمی دەوڵەتی نەتەوەییدا سیاسەتی ناسنامەی ئەتاتورک، رەزاشا و نووری سەعید بریتیبووە لە رەتکردنەوەی ناسنامەی کوردی و هەوڵی تواندنەوەیان داوە. بەڵام خولی یەکەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بە شكست کۆتایی پێدێ و سەرەنجام ناسنامەی کوردی بە بەرگی ناسنامەی رزگاریخوازی و بەرگرییەوە سەرهەڵدەداتەوە، کە کرۆکی موقاوەمەتی کوردی پێکدەهێنێت.
لە خولی دووەمی دەوڵەتی نەتەوەییدا لەجیاتی ناسیۆنالیزم، ئیسلام وەک توخمی پێکهێنەری ناسنامەی فەرمی خۆی نمایشدەکات. بۆیە سەرەنجام لە مۆدێلی ئیسلامی خومەینی، مالیکی – عەبادی، بەغدادی و ئەردۆغانیدا ئەزموونی ئیسلامگەراکانیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناسنامەی کوردیدا شکست دەهێنێت. ئێستا سیاسەتی ناسنامەی باڵادەستیی ملهوڕ لە جۆری مامەڵەکردنی لەگەڵ ناسنامەی بەرهەڵستی کوردیدا دۆشداماوە. نە ناسنامەی کوردی توانیویەتی سەروەریی تەواو بەدەستبێنێ و نە سیاسەتی ناسنامەی نەتەوەی سەردەستیش توانیویەتی کورد وەک پاشکۆ و نۆکەری خۆی پێناسەبکات. ناسنامەی کوردی تاوەکو ئێستاش ناسنامەی بەرەنگارییە، بەڵام نەیتوانیوە جوغزی ناسنامەی نەتەوەپەرستی – ئیسلامی خۆسەپێنی هاوسێیەکانی بپسێنێت.
کوردستانییان لەنێوان سێکوچکەی ناسنامەی ئیسلامیی حەنەفیی تورکی، ئیسلامیی سەلەفیی عەرەبی و ئیسلامیی جەعفەریی ئێرانیدا، ئیسلامی عیرفانییان وەک پێناسەی خۆیان هەڵبژاردووە. ئەمە پێگەی جیۆکولتووریی کوردستان وەک پردی پێکگەیەنەری ناسنامەی تورکی، عەرەبی و ئێرانی بەهێزکردووە و رۆڵی یەکلاکەرەوە بە ناسنامەی کوردستانی دەبەخشێت.
کوردستان ئەگەر سەروەریی کامڵ بەدەستبێنێ، دەتوانێ پێگەی جیۆکولتووریی خۆی وەک شاڕێگەی شارستانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگێڕێ و دەتوانێ وەک ناوکی سێ حەوزی شوناس و شارستانی دراوسێی، خۆی نمایش بکات. ئەگەر ئەمە بەدیبێت، کوردستان وەک یەکەیەکی ناوکیشوەری لەشێوەی دڵ و مێشکی ناوچەکەدا کاردەکات. یەکەی جیۆکولتووری ناوکیشوەی ئەگەر بەهێزبێت و توانای بەرهەمهێنانەوەی سیاسەتی ناسنامەی هەبێ، چیدی ناتوانێ لە جەبری جوغزی لەعنەتیدا وەمێنێت.
مێژوو پێماندەڵێ هەر ئەم دۆخەش ئیمپراتۆریای میدی و ئەشکانی دروستکردووە کە وەک ئیمپراتۆریای ناوەندی لە ناوچەکە رۆڵیان گێراوە. وزە خەوتووەکانی یەکەی ناوکیشوەری بۆ دەرەوە گوێزراوەتەوە و لە بازنەی تەسکی ململانێی نەگریسی نەبڕاوەی نێوخۆیی رزگاریان کردووە . ئەمە هاوشێوەی سەردەمی زێڕینی سەلاحەددینی ئەیوبی و کەریم خانی زەندە، کە وزە خەوتووەکانی ئەم سەرزەوینەی دەتەقێننەوە و بەرەو دەرەوە دەیپەستێون و پاڵی پێوەدەنێن. وزە بەربووەکان سیاسەتی ناسنامەی نوێ دەخولقێنن. ئەمەیە رێگە رۆشنەکە.

سەرچاوەكان :
1.Amartyas Sen، Identity and Violence. The Illusion of Destiny، London 2006.
2- Emmanuel-Joseph Sieyès / L’abbé Sieyès: Qu’est-ce que le Tiers-État? (1789).
3- Anthony D. Smith، The Ethnic Origins of Nations، Oxford: Blackwell Publishers،1998 (1986).
4– Myths and Memories of the Nation، Oxford 1999.
5 . ایرانیت، ملیت، قومیت، تهران: جهان کتاب، ۱۳۹۵.٥- اصغر شیرازی
6 – محمدرضا نیکفر، “بار گران تاریخ”، در: نقد ێگاه در بررسی ێراء وێپار، تهران: پاییز ١٣٨٨، صص ١٢-٣٣.
7 – توضیحی فشرده درباره جهش فاشیستی ژن الاهیات سیاسی اسلامی در خاورمیانە و در اینجا: فاشیسم و اسلامیسم، یادداشتی به مناسبت درگژشت ارنست نولته: محمدرچا نیکفر.
8- Urs Saxer، Die internationale Steuerung der Selbstbestimmung und der Staatsentstehung. Selbstbestimmung، Konfliktmanagement، Anerkennung und Staatennachfolge in der neueren Völkerrechtspraxis، Springer: Heidelberg، Dordrecht، London، New York 2010.
دەربارەی میللەتسازی ناوخۆیی و دەرەکیی و شوناس بڕواننە:
9 – Christian Jansen، Henning Borggräfe، Nation – Nationalität – Nationalismus، Frankfurt/M 2007، S. 28.
سەرنج: رەگەزی رادیکالیزمی شوناس بەتایبەت رەوتی عیرفانی چەکدارانە لە کوردستان لە رەگەزی جەماعەتدا پۆلێندەکرێت. بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەیری ئەم کتێبە بکەن کە باسی سەکت و فیرقە و جەماعەت دەکات.
10 – Helmuth Plessner، Grenzen der Gemeinschaft. Eine Kritik des sozialen Radikalismus (1924)، Frankfurt/M 2002
11 – کتێبەکانیی: جاویدان نامە، عرش نامە، نوم نامە و محبت نامە اپر فچم الله حروفی.
12 – مامەند رۆژە، پێغەمی جیۆپۆلیتیکا، چاپی یەکەم، ، دەزگای جەمال عیرفان، سلێمانی، ساڵی 2012.
13 – مامەند رۆژە، چۆن دەبین بە دەوڵەت؟ لە بڵاوکراوەکانی شارپرێس، سلێمانی، ساڵی 2014.

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە