شرۆڤە

ساڵێک زەرەر بۆ هەموان؛ بەردەوامی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

25-03-2024


بەرایی

ئێوارەی 25ی ئاداری 2023 کاژێر چوار و نیوی دوانیوەڕۆ هەواڵی گرتنەوەی قوفڵی بۆری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان بڵاوبووەوە و تا ئێستاش کە ساڵێک بەسەریدا تێپەڕیوە، زیانەکانی بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق، حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نیوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش بەردەوامە و لەسەر یەک کەڵەکە دەبن.  ساڵێکە  هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیراوە و لەو ماوەیەدا، زیانێکی سەروو 11 ملیار دۆلار بەر ئەو کەرتە کەوتووە ئەگەر هەرێمی کوردستان بۆخۆی نەوتەکەی بیفرۆشتایە و  13 ملیار دۆلاریش زیانە ئەگەر بەغدا بەنرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە 2023دا بیفرۆشتایە.

 لە سەرەتاکاندا وا چاوەڕواندەکرا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەوبارەیەوە بە زوویی چارەسەربکرێن و هەناردەکردنەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەبەرئەوەی کێشەکان، زیاتر لەوەی کە تەکنیکی و ئابووری بن سیاسی بوون،  پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەروا بە هەڵواسراوی مایەوەو کۆڵی زیانی بۆ لایانەکان لێکەوتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.

ئێستا، ساڵێک بەسەر ئەم پرسە تێدەپەڕێت و لەجیاتی لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سەرەکییەکان، دوورکەوتنوەی زیاتر بەدی دەکرێت. وەک نوێترین لێدوانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ئاگادارنەبوون لە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ئەویش دوای گرژی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا . هەڵبەت نزیکەی شەش مانگ پێش ئێستا هەرێمی کوردستان بڕی 80 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانەی رادەستی عێراق دەکرد و بۆی دەپاڵاوت، بەڵام لەبەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان ئەوە راگیرا.

بەرپرسانی عێراقی بەردەوام باس لە چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاوەکان بۆ رێککەوتن  سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت رۆژی 23ی ئادار 2024 لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کەوا هیچ پێشنیازێکیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بەدەست نەگەیشتووە،

بۆچی بەغدا لە پرسی نەوتی هەرێمی کوردستاندا حەزی لە زەرەرەێکی 11 بۆ 13 ملیاری دۆلاری کردووە؟

ساڵی رابردوو عێراق لە دادگای نیوبژیوانی پاریس کەیسێکی کۆنی لەدژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بردەوە کەوای چاوەڕوان دەکرد، لە ئەنجامی ئەوەدا، تورکیا قەرەبوویێکی 1.4 ملیار دۆلاریی پێبدات بدات و هەرێمی کوردستانیش ژێرخان و سەرخانی پیشەسازی نەوتی رادەستبکات، بەڵام  12 مانگ بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕی کەچی 11 بۆ 13 ملیار دۆلار زیانی کرد. 

ئەگەر رۆژانێک لە عێراق گوێمان لە هەواڵی هاتنی کۆمپانیاکانی وەک بی پی، شێڵ، ئێکسۆن مۆبیل، و تۆتاڵ  ئارامکۆ دەبوو، ئەم رۆژانە باسی کشانەوە و فرۆشتنەوەی پشکەکانیان لە عێراق دەبیستین، بەڵام بۆچی؟

ساڵی رابردوو بەغدا 97 ملیار داهاتی نەوتی هەبووە، هەرچەندە وەزارەتی دارایی دەڵێت 93.4 ملیار دۆلار بووە! هەرکامیان بێت ئەوا بەغدا بەلایەنی کەمەوە دەیتوانی بیگەیەنێتە سەروو 108 یان 104.4 ملیار دۆلار، بەڵام نەیکرد، بۆچی؟ 

دوای دوو دەیە و پاش ئامادەکردنی دوو پرۆژەیاسای نەوت و گاز و بەرەو سێ هێندەبوونی ماوەی بەڵێنی کابینەکەی سوودانی بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق، بەڵام نەک رەشنووسەکە نەنێردرایە پەرلەمان بەڵکو تائێستا لە وەزارەتی نەوتیش تەواونەبووە، بۆچی؟ 

ئەگەر وەڵامێکی کورت بۆ رازیبوونی بەغدا بە زیانی ملیاران دۆلاری و جێهشتنی کۆمپانیاکان و جیاوازییەکانی داهاتی نەوت و رەشنووسی پرۆژەی یاسای نەوت و گاز هەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە شێوازی ئەو بیرکردنەوەیە کە لە عێراق بە حوکمی هێز کار دەکات، نەوەکو ئەو روانگەیەی کە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و سامانی وڵات بۆ هەموان بزانێت، چونکە چ حکومەتی عێراق بۆخۆی نەوتەکەی بفرۆشتایە و پارەکەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە مامەڵەی پێوەبکرایە یان لێی گەڕابایە تاوەکو هەرێمی کوردستان خۆی بیفرۆشێت و بەغداش چاودێریی داهاتەکەی بکردایە، ئەوا ئەوەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا دەبینین رووینەدەدا و سامانی ولاتەکەش تووشی زیانێکی ئاوا نەدەبوو.

 بەپێی ژمێرەی کۆتایی ساڵی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق دینارێکی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجنەکردووە، کە دەبوایە 16 تریلیۆن دیناری وەک لە بودجەدا هاتووە بۆ خەرجبکات. لە رۆژانی رابردووشدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ئەو قەرزانەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە لە بودجەی 2023 و 2024دا بدرێتەوە، ئەمەش واتە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان نەک چارەسەرکردنیان. 

هەروەها، بۆ نزیکەی ساڵیک دەڕوات کە بەردەوام کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لە عێراق دەکشینەوە، هەرچیەکی لەپشتەوە بێت، ئەوەش دەرخەری دوو راستیە لەبارەی عێراقەوە: یەکەمیان خراپبوونی ژینگەی عێراق بۆ کارکردنی کۆمپانیای بیانی و سەرمایەگوزاری بیانی لە کەرتی نەوت و گاز ئەویش سەرەڕای کارئاسانی زیاتر بۆیان، دووەمیان بیرکردنەوەی ئێستای عێراقییەکان بەتایبەتیش پەرلەمانتارەکان و بەرپرسانی عێراقی بۆ هێزی کاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە عێراق.

زیانەکانی بەرهەمهێنان و داهاتی فرۆشتنی نەوت بەنێوخۆ لە هەرێمی کوردستان

بەپێی داتا کۆکراوەکان لە راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو بەتێکڕا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ نیوە دابەزیوە و نرخی فرۆشتنیشی لەخوار و نیوەی نرخە جیهانییەکە بووە و داهاتەکەشی یەک لەسەر سێ ئەو داهاتە بووە کە پێویست بوو هەیبێت.   

لەڕاستیدا، پرسەکە ملیاران دۆلارە و ژمارەکان دەرخەری زیانێکی گەورەیە کە بەر ئابووری عێراق و خەڵکی هەرێمی کوردستان و کاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکەوێت.

وەکو لەگرافیکی خوارەوەدا هاتووە، ئەگەر هەر لایەنێک بە بڕێکی کەمتر لەوەی چاوەڕێی دەکا رازی بوایە ئەم زیانە کەمتر دەبوو. بۆچی عێراق نایەوێت 11 بۆ 13 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی بێتەوە ناو هەرێمێکی دەوڵەتە فیدراڵییەکەی! کەمکردنی 11 بۆ 13 ملیار دۆلار لەکۆی گشتی داهاتی عێراق، واتە دوو هێندە زیاتری کۆی بودجەی هەندێک وڵاتی وەک سووریا  و ئەفغانستان بۆ ئەمساڵ. ئەی بۆچی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە فرۆشتنی راستەوخۆی 30 بۆ 40 دۆلاری رازین نەک فرۆشتنی 75 بۆ 85 دۆلاری؟ 

گرافیک 1 : جیاوازی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت و کاتی هەناردەنەکردنی نەوت دا (2022-2023). 

سەرچاوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان، داتای کراوە و راپۆرتەکانی دیلۆیت

تێبینی 1: داتای چارەکی دووەمی 2023 لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان و وەزارەتی دارایی عێراق وەرگیراوە.

تێبینی 2:  داهاتی چارەکی سێیەم و چوارەم لە فرۆشتنی نەوتی خاوی کۆمپانیاکان بە نێوخۆ و بەتێکڕای 35 دۆلار دانراوە.

تێبینی 3: داهاتی سافی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکی دووەم، سێیەم و چوارەمی 2023 لەسەر بنەمای چارەکی یەکەم دانراوە، هەرچەندە ئێستا کۆمپانیاکان نەوت بە نێوخۆ دەفرۆشن و پێشوەختە پارەکانیان وەردەگرن، بەڵام هیچ راپۆرتێکی فەرمی دیلۆیت لەبارەی داهاتی نەوت و سافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکەکانی 3,2و4ی ساڵی رابردوو نییە و لێرەدا داهاتەکە خەمڵینراوە کە وەکو چارەکی یەکەمی 2023 بێت لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

کارنەکردنی گوشارەکانی ئەمریکا و بێدەنگی رووسیا لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

رۆژانی دوای رووداوی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت بەنهێنی و مانگەکانی رابردووش بەئاشکرا بەرپرسانی ئەمریکا گوشار و دیالۆگی بەردەوامیان لەگەڵ عێراقییەکان هەبووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە دواترش مەرجی دیدارەکەی سوودانی و بایدن هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بڕیارە سوودانی 15ی نیسان 2024 بگاتە واشنتن و هێشتاش دیار نییە کە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە یاخود نا؟

هەروەها، هۆکاری کارنەکردنی گوشارەکانی ئەمریکا و لۆبی کۆمپانیاکان لە کۆنگریسی ئەمریکا و پەرلەمانی بەریتانیا و ناوەندەکانی دیکە پەیوەستە بەو راستییەی کەوا لە عێراق، ئەگەر  گوشار لە حکومەت دەکەێت لەدەستی ئەواندا نییە و ئەگەریش گوشار لە سیاسیەکان بکەێت بۆ رێککەوتن ئەوانیش دەڵین حکومە لای ئێمە نییە و دەسەڵاتمان نییە.

بەدیوەکەی دیکەدا، رووسیا وەبەرهێنانی جیاوازی لەعێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەپێی داتاکان ساڵی رابردوو گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلار کە زۆربەی لە کەرتی وزەدایە لە تەواوی عێراق، کە نزیکەی سەروو 2 ملیار دۆلاری لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەشی لە هەردوولا هاوبەش لە وزە و بەتایبەتیش نەوت دایە.

کۆمپانیا رووسیەکانی کەرتی وزە وەک رۆزنەفت، لوکئویڵ، گازپرۆم، گازپرۆم نەفت کۆمپانیای دەوڵەتن و سەر بەدەوڵەتی رووسیایە، بە ئەوانەشی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

مانگەکانی پێش بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە و دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە بەیاننامەیەک کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردەوە کەوا دەیانخاتە لیستی رەشەوە، بەڵام کۆمپانیا رووسیەکان کەوا هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە ناوەڕاست و باشووری عێراق کاریان دەکرد نەچوونە ژێر کاریگەری ئەو بڕیارە و بگرە بەردەوامیش بوون لە کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

ئێستا کەوا ساڵیک بەسەر بڕیاری سیاسی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕیت ئەی بۆچی لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا بێدەنگ بوون، لەکاتێکدا کۆمپانیای رۆزنەفت خاوەندارێتی رێژەی 60% بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان و وەبەرهێنانی نەوتی لە کێڵگەی جیاواز هەیە و، گازپرۆم لە کێڵگەی سەرقەڵا و حەسیرە نەوت و گاز بەرهەمدەهێنێت، کە رۆژانە زیانیان بەردەکەوێت کەچی بێدەنگن، چونکە نایەوێت سەر ئێشەیەکی بێسوود بۆخۆی و بۆ ئەو 8 ملیار دۆلارەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق وەبەرهێنانی کردووە دروستبکات، چونکە ئەگەر هەناردەکردنیش هەبوایە یان دەستپێبکاتەوە نەیدەتوانی پارەکە وەکو جاران وەربگرێت و سوودی لێوەربگرێت بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە

کۆتایی

بەڕوونی دەرکەوت کەوا لێدوانەکانی سەرەتای تورکیا لەبارەی کێشەی تەکنیکی بۆرییەکە، لێدوانی بەرپرسانی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەیان لەلایەن تورکیا بە 1.4 ملیار دۆلار، لێدوانی وەزیرای سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و لێدوانە بەردەوامەکانی بەرپرسانی عێراق لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هیچ ئەنجامێکی نەبووە، چونکە پرسەکە سیاسیە و سەپاندنی ئیرادەیە نەوەکو ئابووری و تەکنیکی.

کۆمپانیا بچووک و گەورەکانی جیهان کەوا لە کەرتی وزە و بەتایبەتیش نەوت و گاز کار دەکەن پێکەوە بەستراونەتەوە و تەواوکەری یەکترن، بۆ نموونە ئەگەر کۆمپانیاک وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لەم کەرتەدا بکات، ئەوا کۆمپانیایەکی دیکە گەڕان و پشکنین و ئامێرەکان دابین دەکات و کۆمپانیایەکی دیکەیە کەوا بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەگرێتە ئەستوو و بەڕێوەدەبات، هەربۆیەش ئەم شێوازە مامەڵەکردنەی عێراق وایکردووە نەک تەنیا بکشینەوە، بەڵکو نەوێرن بەو هەموو ئاسانکارییەوە لە گەڕە کۆن و نوێیەکانی بەرهەمهێنانی گاز و نەوت لە عێراق نزیک ببنەوە.

Share this Post

شرۆڤە