شرۆڤە

شەنگال؛ شوێنگەی شەڕی داهاتوو

24-06-2021


RRC |

عەمید ئەعیاد تۆفان|

ئەوەی لە سنوور لەگەڵ تورکیا روودەدات رووداوێکی نامۆ نییە. شەڕی داهاتوو نەک لەو ناوچانە بەڵکوو لە شەنگال دەبێت.
هەرێمی کوردستان ٣٣٠ کم سنووری لەگەڵ تورکیا هەیە. ١٩٠ کم لە سنووری دهۆکە و ١٤٠کم لە سنووری هەولێر. بەر لەساڵی ٢٠٠٣، پەکەکە لە مەودایەکی ٥٥کیلۆمەتری لە زاخۆوە تا کانی ماسی، لەو ناوچەیەدا هەبووە کە ناوچەیەکی تەواو سەختە. بەڵام دوای ٢٠٠٣ ، پەکەکە زیاتر سنووری خۆی فراوانتر کردو بەرەو شنگالیش کشاوە.

لەسەردەمی سەدامدا، لە ساڵانی هەشتاکاندا هەردوو وەزیری بەرگری عێراق و تورکیا لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد بۆ هاتنە ناوەوەی سنوورەکان بە ئامانجی کێوماڵکردنی گرووپە داواکراوەکان کە هەرلایەک بتوانێت ١٠ کم بێتە ناوەوە. لەسەر ئەوەش رێککەوتن ئەگەر رووبەرەکە لەمە زیاتر بوو دەبێت هەردوولا ئاگاداری یەک بکەن وهاتنەناوەوەکە تەنها بۆ ماوەی ٣ رۆژ بێت. بۆ ئەو هەماهەنگیەش، ١٥ ئەفسەی عێراقی لە فەیلەقی ٧ی سوپای تورکیا لە دیاربەکر دەستەبەکاربوون بۆ هاوئاهەنگیکردن لەکاتی دەستێوەردانی سەربازی.

ئەوەی ئێستاش روودەدات لە سنوورەکان شتێکی هاوشێوەی ئەوەیە.
هەڵبەت شەڕی داهاتوو لە سەر شەنگال دەبێت و سروشتی ئەمەش وەک شەڕی هەرێمی دەبێت. رێگەی ئاوریشم لە کرماشان، کەلار، کفری، دووزخورماتوو، ناحیەی عەلەم لە باکووری سەڵاحەدین، لە پشتیشیەوە ناوچەی تللول، باب حەزەر، تەلەعفەر و شەنگالەوە ئینجا بۆ سنووری عێراق-سوریا و، لەوێشەوە بۆ لوبنان و دەریای سپی ناوەڕاست دەڕوات. ئێستا لە تەلەعفەرەوە بۆ زوومار وسحێلا وسنووری سوریا (دەستی راستی ناوچەی تللول و حەزەر و لای تەلەعفەر ناوچەی کشتووکاڵین) و لە هەر دوولای راست و چەپی ئەم ناوچانە بە سنووری ٥٠ کم لە هەرلایەک دراوە بە خانەوادەی ئەندامانی حەشد بۆ ئەوەی دیموگرافیای ئەو ناوچەیە بگۆڕن.

تورکیا لەبەرچەند هۆکارێک لە دۆخی شەنگال نیگەرانە:
– شەنگال پردی پەیوەندی نێوان قەندیل وباکووری سوریایە بۆ پەکەکە.
-بەشێکی ئێزیدییەکان بوونەتە پەکەکە و ئەوانەشی نەبوونە پەکەکە هێزی دیکەیان بۆ دروست کراوە.
ئەوان پاڵپشتی دارایی و چەک لە حەشد وەردەگرن.
هەڵبەت بابەتەکە لەوەش گەورەترە ئێستا ژمارەیەکی زۆری هێز لەو ناوچەیەدا هەن کە هەندێکیان موشەکی بالیستیشیان پێیە. شەنگال ٧٨٠ کم لە تەلئەبیبەوە دوورە بەڵام ئیران موشەکی هەیە کە ١٢٠٠ کم زیاتر دەڕوات. مەودای نێوان شەنگال و شوێنەکانی دیکەیش بەم شێوەیەیە:
بۆ لازقیە کە بنکەی رووسی لێیە ٥٣٥کم دوورە.
بۆ بنکەی سەربازی ئەمریکی لە تەنەف لە سوریا ٢٢٠ کم دوورە.
بۆ بنکەی ئەسەد ٣٠٥کم دوورە. بۆ دهۆک-١٢٣ کم و بۆ قامیشلۆ-٨٠ کم دوورە و بەسەر هەولێریشدا زاڵە.

دەکرێ لەرێگەی شەنگالەوە هەم گوشار لە تورکیا و هەمیش گوشار لە هەرێمی کوردستانیش زیاد بکرێت. کاتی خۆی قاسم سلێمانی بە گرووپەکانی حەشدی وتبوو کە شەنگال وەکو کورسی ئیمام عەلی وایە.
سەیربکەن، ناوەندی هاوبەشی نێوان هێزەکانی عێراق وپێشمەرگە کە بڕیارداراوە چالاک بکرێن تەنیا هەندێکیان دەستبەکاربوون و، ئەوەی موسڵ چالاک نەکراوە. بۆچی؟ چونکە گرووپەکانی حەشد نایانەوێت رێککەوتنی شەنگال سەربگرێت. ململانێی سەرەکی لەسەر شەنگالە نەک شوێنەکانی دیکە.

Share this Post

شرۆڤە