شرۆڤە

نەخشەی سیاسی هێزە بەشدارەكانی هەڵبژاردن

05-09-2021


 

RRC |

یاسین تەها|

بەگەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆناو كێبڕكێی هەڵبژاردن، بەربەستی گەورەی بەردەم پرۆسەكە هەڵگیرا و ئامادەكارییەكانی كەوتنەوە سەرپێ، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە كە هەڵبژاردنەكە ئامانجی خۆی دەپێكێت. لەكاتێكدا یەكەمجارە لە مێژووی كۆماری 2003 دا، بەر لەوادەی دیاریكراوی خۆی بەڕێوەبچێت. ئامانج لەم هەڵبژاردنە 83 بازنەییە، دەرچوون بوو لەتەنگەژە و قەیرانە قووڵەكانی دەمی خۆپیشاندانی تشرینی 2019، ئەوكاتەش سەدرییەكان و خۆپیشاندەران لەیەك سەنگەردابوون و لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن و خۆپیشاندان دراوسێ و تەواوكەری یەكتر بوون. بەڵام پەرەسەندنی رووداوەكان و دواخستنی هەڵبژاردنەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ، بەشێكی بەرچاوی هێزە خۆپیشاندەرەكانی خستە سەر رێگای دژایەتی سەدر و بایكۆتكردنی یەكجارییانەی هەڵبژاردنەكە.

ئەوانەی لە پرۆسەكە بێهیوان چ خۆپیشاندەران بن، یان هەندێ لە هێزە كلاسیكییەكانی وەك حیزبی شیوعی و بەرەكەی ئەیاد عەلاوی و موتڵەگ، باس لەوە دەكەن کە هێزە دەسەڵاتدارەكانی عێراق، سەركەوتووبوون لە ساردكردنەوەی جۆش و خرۆشی خۆپیشاندەرانی 2019، بەكەڵك وەرگرتنیش لە بارودۆخی كۆرۆنا و درێژەكێشانی كێشمەكێش لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پرۆسەكەیان دوو ساڵ دواخست بۆ ئەوەی لەلایەك بتوانن جارێكیتر لەم وێستگەیەشدا خۆیان بەرهەم بهێننەوە و، لەلایەكیتریش كار لەسەر پەرتكردن و هەڵوەشاندنەوەی هێزە مەدەنییە نوێیە ناڕازییەكان بكەن. ئەگەرچی لەم هەڵبژاردنەدا هەندێك رێوشوێن لەسەر خواستی خۆپیشاندەران بوو، لەوانەش فرە بازنەیی (83 بازنە) و رێگەدان بە كاندیدی سەربەخۆ، بەڵام لەدۆسیەی بەكارهێنانی چەك و پارە و ئاینزا و كاریگەریی دەسەڵات بۆ بردنەوە، هەر عەینی تاس و حەمامی جارانە و هێشتا ئەو هێزانەی لە جومگەكان و لە قوڵایی دەوڵەتدان، دەتوانن دەنگی بازنەكان و ئەنجامەكانی بەلای خۆیاندا لارەسەنگ بكەن، ئەمەش باوەڕێكی وەهای دروستكردووە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە جیاتی وێستگەیەكی گۆڕانكاری ریشەیی، هۆكارێكی سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بێت بەسەر ئەو كۆمەڵە هێزەی كە ئێستا جڵەوی حوكمڕانییان بەدەستەوەیە.

هێزە نوێیە بەشدارەكان

لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری داهاتوودا، 60 حیزب یەكەمجارە بەشداری بكەن، بەڵام لەوانەیان كە دیارن و دەركەوتوون 8 یان هەر هی وەزیر و پاڵێوراوەكانی سەرۆكایەتی وەزیرانن كە ساڵانێكی زۆر لە دەسەڵاتدا بوون، 6 حیزبی دیکەش، لەوانەش سەر بە كەسایەتییەكانی دەستەی حەشدی شەعبین كە دامەزراوەیەكی ئەمنی شیعی فەرمییە، تەنها حەوت حیزبیش بە ڕوونی هەڵگری ناوی چاكسازی و گۆڕانكاریین. لە ئاپۆڕای خۆپیشاندەرانی تشرینیش (2019)  كە كاروانێكی درێژ قوربانی دا، تەنها سێ لیست و حیزبی نوێی تشرینی بەشدارییەكی كارایان كردووە (حركة نازل آخذ حقي، حركة امتداد، تجمع تشرين الوطني)، بەڵام ئەوانیش هەریەك چەند ژمارەیەكی كەم پاڵێوراویان هەیە بە تاك و كۆ چاوەڕوانیی ئەوەیان نییە ژمارەیەكی بەرچاوی كورسی، لە 329 كورسییەكەی پەرلەمانی داهاتوو بەدەست بهێنن.

كێبڕكێی ناوخۆییەكانی شیعە

لەپاش هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتییە گەورەكانی شیعە و لە سەردەمی دابەشبوونی هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراقدا (شیعە، سوننە، كورد)، سێ رەوتی سەرەكی كێبڕكێی لەسەر نوێنەرایەتی زۆرینەی عێراق دەكەن كە پێكهاتەی شیعەیە و 180 كورسی لەبازنە و ناوچەكانی هەیە. ئەم هێزانە بریتین لە راگرە سیاسییەكانی حەشدی شەعبی (هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسای مالیكی) ئەگەرچی بەجیا بەشدارن بەڵام، دواتر دەبنەوە بە هاوپەیمان. لەبەرامبەر ئەمانیشدا ركابەری بەهێز، موقتەدا سەدر و كوتلەكەیەتی كە خەونی سەرۆكایەتی وەزیران و دەستپێكردنی قۆناخی سەدری هەیە لە حوكمڕانی عێراق و لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی ناو فەتح و لەگەڵ نوری مالكیییش لە ركابەری و كێشمەكێشی قووڵدایە. لەنێوان ئەم دوو بەرەیەشدا هێزە میانڕەو و ناوەڕاستەكانی شیعە هەن (حەكیم و عەبادی) كە بەناچاری پێگەكەیان لە سەدرەوە نزیكترە. بەمدواییانەش لەپەنا ئەماندا پێشهاتێكی نوێ سەریهەڵدا كە بەشداریكردنی هێزە وەلائییەكانی شوێنكەوتەی ئێرانە لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ژێر ناوی گشتی و خوازراودا، لەم چوارچێوەیەشدا بەگوێرەی لیستە پەسەندكراوەكانی كۆمسیۆن كەتیبەكانی حیزبوڵڵا لەڕێگەی بزوتنەوەی “حقوق” بە 40 كاندید بەشدارە، حسێن موئنیس سەرۆكایەتی ئەم لیستە دەكات، پێشتریش وەك وتەبێژی سەربازی حیزبوڵڵا كاری كردووە و لەژێر ناوی “أبو علي العسكري”، زۆرترین تەشەری زبری لە مستەفا كازمی داوە و هەندێكجاریش سوكایەتی و هەڕەشەی راستەوخۆی ئاراستەی سەرۆك وەزیران و راوێژكار و یاریدەدەرەكانی كردووە. حیزبوڵڵا كە بەدڕترین گروپی چەكداریی سەر بە سپای پاسداران لە عێراق دەدرێتە قەڵەم، جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە لە ریزەكانی “بەڵام جێگەی رێزن و پاڵپشتیكردنیان ئەركە”. جگە لە ئەم حیزبەش كەتیبەكانی ئیمام عەلی لەژێر ناوی “حركة العراق الوطنية” بە 24 پاڵێوراو بەشدارە، ئەگەرچی دروشمەكانی ئەم حیزبەش “ئاشتی و دادپەوەری و پەرەپێدانە”، بەڵام ناوەڕۆكی بەرنامە سیاسییەكەی گوشراوی گوتاری هێزە شوێنكەوتەكانی ئێرانە كە بەرگریكاری و ڕەتكردنەوەی پرۆژەی ئەمەریكا و تۆمەتباركردنی ڕكابەرەكانە بە پاشكۆیەتی دەرەوە، تەنها وەك میكانزمیش باوەڕی بەدیموكراسی هەیە و دژی بنەمای فیدرالیزمە بۆ عێراق و سیستمی سەرۆكایەتیشی پێ پەسەندە.

لەدەرەوەی ئەم دوو هێزە چەكدارە سەرەكییەش ئەحمەد ئەسەدی سەرۆكایەتی لیستێك دەكات لەكاتێكدا خۆی بەرپرسی یەكەمی كەتیبەكانی “جند الإمام” ـە، كەسێكی تر بەناوی ئەبو عەلی دەڕاجی سەرۆكایەتی لیستێك دەكات بەناوی “التحدي” كە لیستی لیوای “ابو الفضل العباس” ـەو شەش پاڵێوراوی هەیە، هەندێ وردە لیستی تر هەن لەم چوارچێوەیەدا وەك “ولائیون الإسلامي” بەسەرۆكایەتی عەمار موسەوی بە دوو پاڵێوراوەوە، لە بەسرەش یوسف سەناوی لەرێگەی “حزب ثار الله الإسلامي” بە سێ كاندید بەشدارە.

هێزە سوننەكان

دەكرێت بگوترێت لە هەڵبژاردنی 10 ئۆكتۆبەری داهاتوودا، كێبڕكێی گەرم زیاتر لە شەقامی سوننەدایە. وەك ساڵانی رابردوو لەپارێزگاكانی ئەم پێكهاتەیە پەرتەوازەیی بەسەر دیمەنە سیاسییەكەدا زاڵە، بەڵام سێ هاوپەیمانێتی سەرەكی چاویان لەسەر چنینەوەی دەنگەكانە كە ئەوانیش مەحكومن بە دورونزیكی لەگەڵ شیعەكان و هێزە كوردییەكان و پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری عێراق بەتایبەت قەتەر و توركیا و وڵاتانی دیكەی كەنداو. محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتی “تقدم الوطنى” دەكات كە چەقەكەی پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای عێراقە و چاوی لەسەر پلەی سێیەمە لەدوای شیعەو كورد، ڕكابەری بەهێزی ئەم بەرەیەش هاوپەیمانی “عزم العراق” ی بزنسمان خەمیس خەنجەرە كە تێكەڵەیەكە لە عەرەبە سوننەكانی سەلاحەدین و دیالە و خۆی بە بەهێزترین و بەرفراوانترین هاوپەیمانێتی سوننە دەزانێت لە عێراق. لەپەنا ئەم دوانەشدا بنەماڵەی نوجێفی لە موسڵ هاوپەیمانێتییەكیان هەیە بەناوی “المشروع الوطنى للإنقاذ” كە جگە لەبنكەی جەماوەری پێكهێنەرەكانی لە نەینەوا، لەسەر كارنامە و كەسایەتی ئوسامە نوجێفی و نزیكایەتی توركیا پشت ئەستوورە. لەدەرەوەی ئەمانەش لیست و پاڵێوراوی ناوچەیی هەن و سەرجەم هێزە سوننەكانیش گیرۆدەی نەبوونی گوتارێكی سیاسی یان داواكارییەكی ڕوونی ئایندەیین بەتایبەت كە جەمسەرگیرییەكانی عێراق زیاتر لە دەوری ناوەندێتی و نا ناوەندێتی لە حوكمڕانی و ئیداری و هێزە مەدەنییەكان و هێزە ئاینییەكان و بەرەی ئێران و بەرەی ئەمەریكادا دەخولێتەوە.

Share this Post

شرۆڤە