شرۆڤە

کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق و قۆناخێکی نوێ

22-10-2021


 

RRC|

مەحموود بابان-ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |

بەرایی

“ئامانجمان بەرهەمهێنانی رۆژانە 8 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە 2027دا، بۆ ئەم مەبەستەش لە 90% بۆ 95% گفتوگۆکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت تەواوکردووە. نرخی نەوت دەگاتە 100 دۆلار[1]،لە بودجەی 2022دا نرخی نەوتی لەنێوان 60 بۆ 65 دۆلار دادەنرێت.” ئەمانە نوێترین لێدوانی وەزیری نەوتی عێراقن كە لە کۆڕبەندی زیرەکی وزە EIFدا كردوونی. ئەوەی جێگەی بەدواداچوونە، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گەڕانەوە و دووبارە دەستپێکردنەوەی کارکردنی کۆمپانیا گەورەکانی وەک شێڵ، شیڤرۆن و ئیکسۆن مۆبیل، بی پی لوک ئۆیڵ، بەتایبەتیش کۆمپانیاکانی ئەمریکا شیڤرۆن و ئێکسۆن مۆبیلە. لە چەند رۆژی رابردوودا شیڤرۆن گرێبەستێکی بۆ گەڕان بەدوای 4 کێڵگەی نەوتی لە زیقار واژۆ کردووە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چ گوڕاوە وا کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت لەم قۆناخی پشتکردنە لە نەوت و وەبەرهێنان و رووکردنەوە وزەی پاکەدا، دووبارە دەگەڕێنەوە عێراق و وەبەرهێنان لە نەوتدا دەکەن؟

رۆژی چوارشەممە وەزیری نەوتی عێراق ئیحسان عەبدولجەبار رایگەیاند:” عێراق سێ سیناریۆی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت هەیە، کە بەرزترین مامناوەند و نزمترینە. ئێمە لە عێراق رازی بووین کە کار بە مامناوەندی بکەین کە ئەویش خۆی لە بەرهەمهێنانی 8 ملیۆن بەرمیل نەوتە لەرۆژێکدا.” هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە عێراق لە گفتوگۆ دایە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەک شێڵ، بی پی، ئیکسۆن مۆبیل و لوک ئۆیڵ بۆ کارکردن لە عێراق و یارمەتیدانی عێراق لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتدا، ئەم گفتوگۆیانە تاوەکو 2027عێراق دەگەیەنێتە بەرهەمهێنانی 8 ملیۆن بەرمیل نەت لەرۆژێکدا، تاوەکو 2024ش ئاستی بەرهەمهێنان دەگاتە 6 ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا، لەکاتێکدا ئێستا عێراق نزیکەی 5 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا بەرهەمدەهێنێت.

سەرەتای گۆڕانکارییەکان دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 25ی ئاب 2021، ئەوكاتەی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق دوو هەنگاوی گرنگی ئیداریی بۆ دەستبەکاربوونی خۆی خستەڕوو و ئاماژەیەکی نوێی بەدەریایەک لە گوڕانکاری شاراوەی لە پێکهاتەی کەرتی نەوتی عێراق کرد. لەو دانیشتەدا ئەنجومەنی بەڕێوەبەری INOC کە تازە پێکهێنرابوو، یاسا و رێکارەکانی کۆمپانیا نوێیەکەی پەسەند کرد کە خۆی لە 34خاڵدا دەبینێتەوە. هەروەها چەند رۆژێک دواتریش ئیحسان عەبدولجەبار فەرمانی گواستنەوەی کۆنترۆڵی حەوت کۆمپانیای نەوتی عێراق لە وەزارەتەوە بۆ کۆمپانیا نوێیەکە دەركرد.[2]

 

کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق و گریبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەمهێنان !

دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی 25ی ئاب، چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی دەستە نوێیەکەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق کراوە و لە رۆژی 4ی ئەیلوولی 2021 کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پلانی ستراتیژی پێنج ساڵەی گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق کراوە. لەڕاستیدا لەماوەی نێوان 2018 تاوەکو ئەیلوولی 2020[3] گفتوگۆیەکی ئەوتو لەنێوان کۆمپانیا گەورەکان و عێراق رووینەداوە، بگرە زۆربەی کۆمپانیاکان رووەو جیهشتنی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق بوون، بەڵام لەدوای هاتنی ئیحسان عەبدولجەبار و هەبوونی دەسەڵاتی تەواو لە وەزارەتەکەدا بۆ دەستنیشانکردنی بۆردی نوێی بەڕێوەبەران، گوڕانکارییەکان لەم سێکتەرەدا دەستیپێکرد و بۆردی نوێی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق کە 11 ئەندامی هەیە دەستبەکاربوو.(بڕوانە خشتەی یەکەم) هەروەها وەزیری نەوت دەتوانێت دوو ئەندام بۆ بۆردە نوێیەکە دەستنیشان بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە كە پەرلەمانی عێراق هیشتا یاسایەکی هەموارکراوی بۆ دامەزارندنی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق پەسەند نەکردووە و لە 24ی ئابدا لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق داوای لە داواکاری گشتی عێراق کردووە “رێوشوێنی پێکهێنانی INOC بوەستێنێت”، ئەمەش فاکتەرێکی نادڵنیاییە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.

کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق، وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆ کار دەکات و راپۆرتی خۆی رادەستی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و بەتەواوی لە وەزارەتی نەوتی عێراق دابڕێنراوە. ئامانجی کۆمپانیاکە “بەڕێوەبردن، پەرەپێدان و بەکارخستنی دۆزراوە و پەرەپێدراو و پەرەپێنەدراوی نەوت و گازە لە عێراق”، هەروەها بەپێی ماددەی 4ی یاسا و رێکارە پەسەندکراوەکە کاریگەری وەزیری نەوت بۆ پێشنیازەکان کە لە حکومەتدا تێپەڕیوە سنووردار دەکات.

ئەو حەوت کۆمپانیا نەوتییە نیشتمانییەی کە خاوەندارێتی بۆ کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق (INOC) دەگەڕێتەوە بریتییە لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە، میسان، زیقار، میدلاند و کۆمپانیای نەوتی باکوور لەگەڵ کۆمپانیای دەوڵەتیی گەڕانی نەوتی و کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراق، بەپێچەوانەی رەشنووسی یاسا کۆنەکەی پەرلەمان کۆمپانیای سۆمۆ سەر بە وەزارەتی نەوت دەبێت.

کاری سەرەکی کۆمپانیاکە گەڕان وبەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق، سەرەڕای کارکردن لە گواستنەوە و کۆگاکردنی نەوتدا، پاڵاوگەکانی نەوت لەسەر وەزارەتی نەوتی عێراق دەمێنێتەوە. بەپێی ماددەی 8 لەڕووی داراییەوە ساڵانە 25%ی بودجەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ دابیندەکرێت و ناتوانێت دەستکاری میکانیزمی هاوبەشیکردنی قازانج لەگەڵ حکومەتدا بکات، بەڵام بەپێی ماددەی 6 دەسەڵاتی وەرگرتنی پارەی لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا هەیە.

ناو بەرپرسیارەت لە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق INOC بەرپرسیارەتی ئێستا/ پێشووتر
ئیحسان عەبدولجەبار سەرۆک وەزیری نەوتی عێراق
حەمید یونس جێگری یەکەم (بەڕێوەبەری جێبەجێکار) جێگری وەزیری نەوت بۆ کارووباری گاز و گواستنەوە و کۆگا (Downstream)
لەیس ئەلشاهر جێگری دووەم (بەڕێوەبەری کارگێڕی) و بەڕێوەبەری گشتی بەشی یاسایی وەزارەتی نەوت
کەریم حەتاب نوێنەری وەزارەتی نەوت جێگری وەزیری نەوت بۆ کارووباری گەڕان وبەرهەمهێنان Upstream
ئەحمەد موفتی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگری وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
تامر خەزبان* شارەزا وەزیری پێشووتری نەوت
ماهر جوهان* شارەزا جێگری وەزیری پلاندانان
ئەحمەد دەعیم* نوێنەری بۆردی کۆمپانیای نەوتی بەسرە جێگری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی
محەممەد سالم* نوێنەری بۆردی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکوور
  شارەزا پڕنەکراوەتەوە

سەرچاوە: میس، ژ.37، 17ی ئەیلوول 2021

ئەم ناوانە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دانراوە، لە 23ی حوزیران

 

چ گۆڕاوە و بۆچی ؟

 

لەراستیدا گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق دەستپیدەکات، ئەویش بە کردنەوەی دەرگایەک بۆ عێراق بۆ پێشکێشکردنی گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت IOC، شتێک کە سیاسەتی بەردەست و یاساکانی پێشوو رێگەی نەدەدا عێراق بیكات. لەکاتێکدا ئەم مۆدیلە لە سێکتەری نەوتی هەرێمی کوردستاندا هەر لەسەرەتای کارکردنەوە جێبەجێ دەكرێت.

بەپێی لایەنگران وبنیاتنەرانی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق، کۆمپانیاکە دەبێتە هۆی فراوانکردن و خێراکردنی کارەکانی گەڕان و بەرهەمهێنان نەوت و گاز لە عێراقدا، هەروەها سەرجەم کارەکانی نەوت و گاز لە عێراق لە ژێر یەک کۆمپانیا كۆدەكاتەوە. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان IOC کە بە گرێبەستی تەکنیکی خزمەتگوزاری کار دەکەن. هەڵبەت ئەمەش نابێتە هۆی هیچ گوڕانکارییەکی خێرا لە گرێبەستەکاندا، هەروەها لە ماددەی 5دا لەبارەی گرێبەستەکانەوەهاتووە کۆمپانیاکە پابەندە بە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکاندا بۆ قازانجی گەلی عێراق.

لە ئاداری ئەمساڵدا، لەکاتی پەسەندکردنی بودجەی 2021دا پەرلەمانی عێراق ماددەیەکی دەستنیشانکرد بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی تەکنیکی خزمەتگوزاری لە عێراق[4]، ئەویش بە بیانوی ئەوەی تەنیا لە قازانجی کۆمپانیاکانە، بەڵام لەمانگی حوزەیران ئیحسان عەبدولجەبار لە وەڵامی پەرلەمانتاراندا رایگەیاندبوو کە گونجاو نییە بۆ دووبارە گفتوگۆ لەسەر گرێبەستەکان، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق کۆمپانیایەکی تایبەتمەندی راسپاردووە بۆ هەڵسەنگاندن و هەموارکردنەوەی گرێبەستەکان.

لەم مودیلەی نوێیەی یاسا پەسەندکراوەکەی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق، عێراق زیاتر کراوەترە بۆ ئەنجامدانی جۆری جیاوازی گرێبەست، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە INOC بەشێوەیەکی نادیار بە سیاسەتی دەوڵەت و دەستوور رێنونی دەکات.

لەرووی یاساییەوە، شارەزایانی بواری یاسا مەترسی لە سەربەخۆبوونی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق دەدەن، ئەویش لەکاتی تۆمارکردنی داوا لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر کۆمپانیاکە، بۆیە کارەکانی کۆمپانیا نوێیەکە تاوەکو ئێستا روون نییە و نازانرێت پەرلەمانی داهاتوو یاساکە چۆن پەسەند دەکات[5].

نوێترین لێکەوتەی ئەم کرانەوەیەش واژووکردنی گرێبەستی 27 ملیار دۆلاریی عێراقە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینرجایز[6]، کە دەریدەخات بەغدا زیاتر کراوە دیارە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ. یەکەم ئاڵینگاری بەردەم کۆمپانیا نوێیەکە لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ بە تۆمارکردنی داوا لەسەر عێراق بووە. لەم مانگەشدا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر هاوبەشیکردنی INOC لەگەڵ تۆتاڵ بەرێژەی 40% دەربڕی. [7]

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی 5ی تشرینی 2021، ئەنجومەنی وەزاری وزەی عێراق گفتوگۆکانی لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی گەڕان لە چوار بلۆکی نەوت لەپارێزگای زیقار كردووە[8] . رۆژێک دواتر وەزیری نەوت رایگەیاند “کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق گفتوگۆی لەبارەی گەڕانی گاز لە بیابانی رۆژئاوا لە ئەنبار دەستپێکردووە، بەبێ ئەوەی ناوی کۆمپانیاکە ئاشکرابکات، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد یەکێکە لە کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان ئەو كارە دەكات.”[9]

هەروەها، کۆمپانیای لوک ئۆیڵ کە پێشتر رایگەیاندبوو ئامادەبوونی لە عێراق کەمدەکاتەوە بە فرۆشتنی پشکەکانی لە کێڵگەی نەوتی قورنە-2، بەڵام بەپێی بە گوتەی وەزیری عێراق بۆ رۆژنامەڤانان لە 15ی ئەم مانگەدا لوک ئۆیڵ دەمێنێتەوە  و پارێزگاری لە پشکەکانی لە کێڵگەی نەوتی قوڕنە -2 دەکات.

ئەنجام

بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گەڕانەوەی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت لەنێویاندا کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا دەرخەری ئەو راستیەیە کە گوڕانکاری لە سێکتەری نەوتی عێراق کراوە و هەنگاونان بەرەو پێداچوونەوە بە گرێبەستی تەکنیکی خزمەتگوزاری و کردنەوەی دەرگایەک بۆ ئەنجامدانی گریبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەمهێنان PSCsوا دەکات قۆناخێکی نوێ لە كەرتی نەوتی لە عێراق بێتە ئاراوە. بەڵام لە دۆخێکی هاوشێوەی عێراق  بەهۆی هەبوونی تەکنۆکراتە بە ئەزموونەکانی سەر بە حیزبەکان و دامەزراوە جیاوازەکانەوە لە سێکتەری نەوتدا، لەوانەیە تەگەرە لە بەردەم کارەکانی کۆمپانیا نوێیەکە بۆ بەخێرایی ئەنجامدانی گوڕانکاری لە سێکتەری نەوتی عێراقدا دروست بێت.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی نەوتی عێراق جەستەیەکی نوێ لەدوای خۆی بۆ حکومەتی داهاتوو جێدەهێڵێت، بەڵام مانەوەی یاساکە لە پەرلەمان و داوای پێشووتر بۆ راگرتنی کارەکانی کۆمپانیا نوێیەکە لە داواکاری گشتی لەوانەیە چارەنووسی گرێبەستە نوێیەکان و خەونی گەیاندنی عێراق بە بەرهەمهێنانی 8 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا لەلایەن کابینەی نوێیەوە پێچەوانە بکاتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق وەک خۆی بەرەوپێشەوە بڕوات و هەر کەسێک لەسەرەوەی هەرەمەکە بێت ئەوا دەبێتە قەیسەری نەوت لە عێراق. ئەمە سەرەڕای ئەوەی گوڕانکارییەکان بە ئاراستەی کردنەوەی دەرگایەک بۆ ئەنجامدانی گریبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەمهێنان PSC لە لایەنە بەغداوە دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و گاز بچنە قۆناخێکی نوێوە.

 

[1] https://www.bloomberg.com/news/articles/2021-10-20/iraq-s-oil-minister-joins-a-growing-100-a-barrel-chorus

[2] https://www.iraqoilreport.com/news/inoc-launches-aiming-to-restructure-iraqs-oil-sector-44047/

[3] https://www.mees.com/2020/9/25/oil-gas/iraqs-new-state-oil-firm-remains-in-limbo/6476c270-ff41-11ea-9ff2-99ee750cb95d

[4] https://auis.edu.krd/iris/sites/default/files/20210516-IER2-Final_0.pdf

[5] https://www.iraqoilreport.com/news/supreme-court-rules-against-inoc-law-36306/

[6] https://www.spglobal.com/platts/en/market-insights/latest-news/oil/100621-iraq-in-advanced-talks-with-iocs-over-boosting-oil-capacity-to-8-mil-bd-by-2027

[7] https://www.iraq-businessnews.com/2021/10/07/inoc-to-be-partner-in-totalenergies-basra-projects/

[8] https://www.iraq-businessnews.com/2021/10/05/iraq-oks-talks-with-chevron-on-oil-exploration/

[9] https://www.iraq-businessnews.com/2021/10/06/iraq-in-talks-on-gas-exploration-in-western-desert/

Share this Post

شرۆڤە