شرۆڤە

هێرشەكانی كۆرمۆر

25-06-2022


 بەرایی

پێچەوانەی هێرشەكانی رابردوو كە زیاتر هەولێر و دەرووبەریان دەكردە ئامانج، ئەمجارە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا سێ هێرشی موشەكی كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ. تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاری هیرشەكەی نەگرتۆتە ئەستۆ، بەڵام ئەمە پێشهاتێكی تازە و وەرچەرخانێكە لە پەلاماردانی گرووپە چەكدارییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان. چونكە ئامانجی ئەمجارە ناوچەیەكە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تێیدا نفوزی زۆرترە كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵتریشی لەگەڵ ئێران و گرووپە شیعییەكانیش هەیە. بەڵام بۆچی؟

كێ هێرشەكەی كردووە؟

هەرچەند سێكوچەكەی نێوان باشووری كەركوك-  چیای حەمرین و باكووری پارێزگای دیالە هێشتا شوێنی تەراتێنی داعشە و جاروبار لەوێوە هێرش دەكرێتە سەر پێشمەرگە، بەڵام بەو پێیەی كە داعش لانیكەم لە 2020 بەدواوە توانست و كەرەستەی هێرشی موشەكیی وای لە بەردەست نییە، ئەستەمە كاری ئەو بووبێت. بە قسەی رایەدارانیش بێ، موشەكەكان جۆری كاتیوشا بوون و بە لەبەر چاوگرتنی جۆرە جیاوازەكانی ئەم چەكە كە لە عێراق هەن، دوور نییە لە شوێنێك لە ناوچەكانی نێوان باشووری كەركوك تا باكووری پارێزگای دیالەوە گیرابێتنە كۆرمۆر كە دوورییەكەیان لە 20-40 كم زیاتر نەبێت! هەڵبەت ئەگەر جۆری كاتیۆشایەكە دیاری بكرێت و لەو جۆرانەش بێت كە تا مەودایەكی دوور بڕناكەن و دەوری 8-9كیلۆمەترێك دەڕۆن، ئەوسا دەبێ لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا بەدوای شوێنی تەقاندنی موشەكەكەدا بگەڕێین كە ئەوەش رەهەندێكی جیاوازتری پێدەدات. بەو پێیەی كە لە توندترین ململانێ ناوخۆییەكانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، هێزە كوردییەكان پەنایان بۆ چەك دژی یەكتر نەبردووە، ئەوە بژارەیەكی دوور لە واقیع دێتە پێشچاو كە كەس یان لایەنیكی ناوخۆیی ئەوەی كردبێت.

بەو پێیەی ئەو ناوچانەی نێوان سێكوچكەی باشووری كەركوك- حەمرین و دیالە، شوێنی گرووپە جیاوازەكانی حەشدی شەعبی، سوپای عێراقیشە و لەوێش ناوچەی بۆشایی ئەمنی زۆر هەیە، گومان هەر بۆ ئەو گرووپە چەكدارانە دەچێت كە لە پشت هێرشە موشەكی و درۆنییەكانی سەر هەرێمی كوردستانەوەن.

بۆچی ئەو هێرشانە كرا؟

ئەو هێرشانەی سەر كۆرمۆر لەكاتێكدا دێن كە دوای ماوەیەك گرژی و ساردی، دوای دەستپێچخەرییەكانی نیبچرڤان بارزانی – پلاسخارت كرانەوەیەك لە پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی دروستبووە كە پێدەچێت لە دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان و دەستپێكردنی قۆناخێكی تازە، ئەو دوو هێزە زیاتر لە جاران ناچاری رێككەوتن لەگەڵ یەك بن. هەروەها هێرشەكان دوای ئەوە هات كە لە رۆژانی رابردوودا زۆربەی سەركردەكانی شیعە پێشوازییەكی گەرموگوڕیان لە لاهورشێخ جەنگی كرد كە وەك گوشارێكی سیاسی بۆ سەر”یەكێتی نوێ” هەژماردەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پێشتر ئەو گرووپانە لە كاتی رووداوەكانی پەیوەست بە لەسەركارلادانی ئەو، زیاتر بێدەنگییان بە مەسڵەحەت زانیبوو! حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە سەرەتاكانی ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو كە دوو كۆمپانیا سەبارەت بە نەوت وگاز دادەمەزرێنێت! بێشك ئەستەمە بتوانیت ئەمە بەبێ رەزامەندی یەكێتی بكات و رەنگە لەسەر ئەوەش لێكتێگەیتشنێك لە نیوان هەردوولا دروست بووبێت.

كاتێ ئەمانە پیكەوە دەخەیتە پاڵی یەك، هێرشی موشەكی و گوشاری سیاسی وەك دوو ئامڕازی كاریگەر سەبارەت بە ریگرتن لە رێككەوتنێكی گریمانەیی نێوان یەكیتی و پارتی لەسەر بابەتی گازی سروشتی وەك ئەگەرێكی بەهیز دەردەكەوێت.

هەڵبەت دەبێ لە شوێنێكدا ئەوەش یادداشت بكرێت كە هێرشەكان، دەتوانن كاریگەرییان لەسەر بڕیاری كۆمپانیا بیانییەكانیش هەبێت كە لە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان كاردەكەن و هاوكاتیشە لەگەڵ دووەمین نامەی ئاگاداركردنەوەی حكومەتی عێراق بۆ كۆمپانیا بیانییەكان سەبارەت بە چارەنووسی كاركردنیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان!

فاكتەرێكی دیكە كە باشتروایە لەپێشچاو بگیرێت ئەوەیە كە دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەك عامری و مالكی ناچاردەبن سازش لەگەڵ پارتی و تەقەدوم بكەن بۆ ئەوەی حكومەتەكەی داهاتوویان رەواییەكی رێژەیی هەبێت. كاتێ ئەمەش بكەن، ئەوسا ناچارن بەرامبەر گوشاری گرووپە چەكدارییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان و پارێزگای ئەنبار(حەلبووسی) هەڵوێستێكی جیاوازتر لە جارانیان هەبێت. ئەمە بێجگە لەوەی كە ناچار دەبن هەندێك لە داواكارییەكانی ئەو گرووپانە پشتگوێ بخەن. بەلەبەرچاوگرتنی جیاوازیی پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمە شتێكە كە رێی تێدەچێت. هادی عامری داوای كردبوو كە مەرجەعییەتی باڵا رێ لە تیكچوونی پرۆسەی سیاسی بگریت، ئەمەش ناڕاستەوخۆ واتای ئەوەیە كە خەتی سوور بەسەر ناوی مالیكی دا دێنێت، چوونكە پێشتر مەرجەعی باڵا گوتبووی ئەوەی تاقی كراوەتەوە تاقی نەكرێتەوە. بەپێی هەواڵەكانیش بێ، نوری مالكی دەیەوێت هەرچی زووتر چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیار لەسەر كاندیدی سەرۆكوەزیران بدات.  قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی هەق گوتوویەتی[1] كارەساتە ئەگەر حكومەت وەك جاران پێكبهێنرێت و دەبی سەرۆكوەزیرانێك بێت كە بتوانێ كێشە ئابوورییەكان چارەسەر بكات. ئەگەریش نا، با هەڵبژاردن بكرێتەوە. ئەمەش شتێكە كە بە دڵی مالكی نییە. پێدەچێت كەتائیبی حیزبوڵڵاش[2] لە دۆخەكە ناڕازی بێت كە وا مەزەندە دەكرێت لە دوای كشانەوەی سەدر، 6 كەسی نزیكی لە نێو پەرلەمان بن و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە كە ئێمە بەشیك نەبووین لە حكومەتەكانی جاران و بەشێك نین لە بارودۆخی ئێستاش…

لەسەروبەندی باسەکانی تایبەت بە ناتۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بایدن و گفتوگۆ چوارقۆڵییەکانی ئەمریکا- هیندستان- ئیمارات- ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر کۆمپانیایەکی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان، دەتوانێت رهەندێکی رکابەریی هێزداری ناوچەیشی تێدا بێت

 كۆتایی

هێرشەكانی سەر كۆرمۆر وەچەرخانێكە لە هێرشی گرووپە چەكدارییەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان. لەوانەیە رێگرتن لە ئەگەری نزیكبوونەوە و رێككەوتنی زیاتری یەكێتی و پارتی بە تایبەت لە دۆسیەی وزە لێرەدا ئامانجە سەرەكییەكە بێت. ئەمە بێجگە لە ناچاركردنی كۆمپانیاكان بۆ كارنەكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

مشتومڕێك لە نێو چوارچێوەی هاوهائەنگی بەدیدەکرێت لەسەر ئەوەی كە كێ ببێتە سەرۆكوەزیران. رەنگە  مستەفا كازمیش حەزی لێ بێت كە بمێنێتەوە. ئا لەو چوارچێوەیەیەدا، سەردانەكەی بۆ تاران بە هەرهۆیەكی دیكەش بێت، لەم ساتانەدا بۆنی ئەوەی لێدێت كە دەیەوی بڵێ من دەتوانم كاندیدی نەسازانی لایەنەكان بم و بمێنمەوە. هەرچۆنێك بێ، كازمی بیت یان هەر كەسیكی دیكە، گرنگە مژاری هێرشە موشەكییەكان و رێكارە تەكنیكی و سەربازییەكان بۆ رێگرتن لەوانە، بابەتی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بێت لە دانوستاندنەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت!

[1]https://ahlualhaq.com/read/19290

[2] – https://www.kataibhezbollah.me/news/3231

Share this Post

شرۆڤە