بەرایی
دوای تێپەڕبوونی 27 ساڵ دواجار لە 20ی تشرینی دووەمی 2024 سەرژمێری دانیشتووانی عێراق ئەنجامدرا کە تائێستا قۆناخی سێیەمی ماوە. بەو پێیەش سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە ٤٥ ملیۆن و ٤٠٧ هەزار و ٨٩٥ کەس بە پەنابەر و دانیشتووانی بیانیشەوە". بەڵام لە هەمان رۆژدا کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە بەسرە رایگەیاند کەوا سەرژمێری هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای بەسرە سەرژمێری تیادا ئەنجام نەدراوە تا ئێستا.
نێوەڕۆکی فۆڕمی ژماردنی دانیشتووان و خانووبەرە
دەستەی ئامار و زانیاری جوگرافی فۆڕمی سەرژمێری ژمارەی دانیشتووان و نیشینگەی عێراق 2024 بە هەر سێ زمانی: ئینگلیزی، کوردی (بادینی و سۆرانی ) وعەرەبی بڵاوکردەوە.
فۆڕمەکە لە زیاتر لە حەفتا پرسیاری ورد پێکهاتووە کە بەسەر دوانزە لاپەڕەی گەورەدا بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە پڕکردنەوەکە کاتێکی زۆری بوێت. بەڵام زۆرێک لە بەشداربووانی سەرژمێرییکە رایانگەیاندووە کە تەنیا پرسیاری ناو و تەمەنیان لێکراوە ، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ زانیارییەکی دیکە بکەن، لەوانەش جۆری خانوو و باری خاوەندەرایەتییەکەی.
هەروەها، فۆڕمەکە چەند پرسیارێکی وردیش لەخۆدەگرێت وەکوو ئەوەی لە خاڵی 216 تا 223 دا هەیە کە پرسیاری ورد لەبارەی کەمئەندامی جەستەیی ئەو کەسە دەکات وەکوو کێشەی بینین، بیستن، رۆیشتن، تێگەیشتن لە دەوروبەر، بیرچوونەوە و بەکارهێنانی پەنجەکانی دەست. هەروەها پرسیاری 208 تۆماری دانیشتوانی نا عێراقی لەخۆ دەگرێت.
لەگەڵ ئەوەی پرسیار هەیە لەبارەی ئاین کە ئەمەش بۆی هەیە بە ئامانجی دیاریکردنی ژمارەی کۆتای پێکهاتە ئایینییەکان بێت، بەڵام فۆڕمەکە بە هیچ جۆرێک باس لە مەسەلەی ئیتنی و زمان و ئاین و مەزهەب ناکات بەو پێیەی کە ئەو لایەنانە هیچ کاریگەرییان لەسەر مافی هاونیشتیمانیبوون نییە. لەگەڵ ئەوەی کە بەشێک هەیە لە فۆڕمەکە کە باس لە پەنابەرایەتی دەکات، بەڵام ئەم بەشە وا دیارە پشتگوێ بخرێت.
فۆڕمەکە هەندێک پرسیاری سەیریشی تێدایە بۆ نموونە پرسیاری 204 کە لە بارەی پەیوەندی ئەو کەسەی کە لە ماڵەکە دەژیت بە خاوەن ماڵەکە و هەڵبژاردەکان بریتین لە: کارگوزار/ شۆفێر/پاسەوان! بەڵام ئەوانە هاووڵاتین و خانەوادەی خۆیان هەیە کە پێویستە لەگەڵ خانەوادەی خۆیان تۆمار بکرێن لەجیاتی پۆلینکردنیان بە گوێرەی کارەکەیان.
گرنگی سەرژمێری دانیشتووان
سەرژمێری دانیشتووان بە بنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ دانانی پلانی بەرەوپێشبردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بە جۆرێک هەموو بڕیار و پلانێک پشت بە ژمارە و داتای دانیشتووان دەبەستێت. هەبوونی داتای دانیشتووان و زانیاری پێویست بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستی دانیشتووان و دابەشکردنی سەرچاوەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە کە ئەمەش دەبێتە هۆی:
- بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایەکان وەکوو پەروەردە و تەندروستی و ژێرخان.
- دانانی پلانی پشتبەستوو بە داتا و ژمارەی ورد بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان.
- ئاڕاستەکردنی سیاسەتی گشتی بۆ مسۆگەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.
لە عێراقی ئاڵۆز لە رووی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە، سەرژمێری تەنیا کۆکردنەوەی داتایەک نییە، بەڵکوو رەنگدانەوەی باری نێوخۆ و توانای دەوڵەتە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی گەورە بە شەفافییەت و وردیی. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی سەرکەوتوو پێویستیی بە کەشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئارام هەیە. بەڵام پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە: ئایا دۆخەکە لەبار بوو بۆ ئەنجامدانی ئەم سەرژمێرییە لەو کاتەدا؟
ئاستەنگییەکانی سەرژمێری دانیشتووانی عێراق:
سەرژمێری لە عێراق تەنیا پرۆسەیەکی ئاماری نییە؛ بەڵکو هەڵگری رەهەندی سیاسییە کە پەیوەندیی بە دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامانەوە هەیە لە نێوان پێکهاتەکاندا. ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەتی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان رەهەندێکی سەرەکی کێشەکە بوو. هەندێک لایەن گومانی لە بێلایەنی پڕۆسەکە هەبوو هەندێکیتریش پێی وابوو کە ئەمە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای چەند ناوچەیەک.
- گرژی ژینگەی سیاسی: داتاکانی سەرژمێری وەکوو ئامڕازێک بەکاردێت بۆ دابەشکردنی پۆستی سیاسی و بودجە بەسەر پیکهاتەکان بەڵام بەهۆی دابەشبوونی سیاسی ئەمڕۆی عێراق، مسۆگەرکردنی بەکارهێنانی ئەم داتایانە بە شێوازێکی دادپەروەر کاریگەر، مەحاڵە. کێشە دژوارەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بە پشتبەستن بە داتان سەرژمیری بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
- گرژی ئەمنی: هەندێک ناوچە بەدەست بارودۆخی ئەمنی گرژەوە دەناڵێنن، ئەمەش دەستڕاگەیشتنەکە قورس دەکات و کاریگەری لەسەر کۆکردنەوەی زانیاری ورد هەیە.
- شەفافیەت و راستگۆیی:
سەرژمێرییەکە لەسەر شەفافیەتی جێبەجێکردنی رووبەڕووی رەخنەی بەرفراوان بووەتەوە. نەبوونی متمانە لە نێوان هاووڵاتیان و دامودەزگا حکومییەکان بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک دوودڵ بن لە بەشداریکردن یان پێشکیشکردنی زانیاری نادروست. هەروەها هەندێک لە هاوڵاتییان ترسی خراپ بەکارهێنانی ئەم زانیاریانەیان هەیە لەلایەن حکومەتەوە.
- نەبوونی پلانێکی روونی دوای سەرژمێری: بێ پلانی ستراتیژی بۆ بەکارهێنانی داتا و ژمارەکان لەوانەیە وەک بەڵگەنامەی بەکارنەهێنراو بمێننەوە.
- ئاستەنگی تەکنیکی و کارگێڕی
نەبوونی پلانی ستراتیژی لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا، حکومەتەکانی عێراق سیاسەتی روونی ژمارەی دانیشتوانیان نەگرتووەتەبەر، ئەمەش بووەهۆی نەبوونی ستراتیژییەکی درێژخایەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبوونی خێرای دانیشتوان.
- پاشەکشەی شوناسی نەتەوەیی کۆکەرەوە
نەبوونی گوتارێکی سیاسی یان کولتووری کە ناسنامەی نەتەوەیی بەهێز بکات، و جێگرتنەوەی بە ناسنامەی لاوەکی تائیفی یان قەومی، بەشداری کردووە لە بەهێزکردنی نەبوونی متمانە لە نێوان پێکهاتەکاندا. ئەمەش بووەتە هۆی ترسی لایەنەکان لە دەستکاریکردنی داتاکان و گومانکردن لە راست ودروستییان.
دەرفەتی بەردەست بۆ سوودبینین لە داتای سەرژمێری
هەندێک لە بۆجوونەکان پێیان وایە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری هەر خۆی هەنگاوێکی ئەرێنییە چونکە دەبێتە هۆی:
- دووبارە سەرنج خستەنەسەر گرنگی پلان: بۆی هەیە ئەم سەرژمێرییە ببێتە دەستپێکێک بۆ بڵاوبوونەوەی کلتووری پلاندانان بۆ مەودای درێژخایەن سەرەڕای ئەوەی لەوانەیە کێشەشی بەدوادا بێت.
- دەرفەتێکە بۆ گەڕانەوەی متمانە: سەرەڕای هەموو گومانەکان، بڵاوکردنەوەی ئەنجامی ورد و پەسەندکراو دەتوانێت بەشداربێت لە گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هاووڵاتی و حکومەت.
- گەشەی شارەکان بەرامبەر بە گوندەکان: تێگەیشتن لە دابەشبوونی دانیشتووان یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی شارنشینی، چونکە ناوچە شارییەکان خێراتر لە ناوچە گوندنشینەکان گەشە دەکەن.
- پاڵنەر بۆ چاکسازی ئیداری: ئەو کێشانەی کە رەنگە لەکاتی تەواوکردنی سەرژمێریدا سەرهەڵبدەن، دەتوانێت هاندەرێک بێت بۆ دەوڵەت بۆ چاکسازی لە سیستەمی کارگێڕی و باشترکردنی کارایی دامەزراوەکانی.
کۆتایی و پێشنیازەکان
بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوان وەربگریت، پێویستە سەرنج بخرێتە سەرئەم خاڵانەی خوارەوە:
- بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی لە گوتاری گشتیدا
وڵاتانی فرە پێکهاتەیی لە بنیاتنانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی گشتگیردا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە. عێراق، وەک وڵاتێکی تائیفی و هەمەچەشنی نەتەوەیی، ئەمڕۆ بەدەست ناسنامە لاوەکییە کێبڕکێکارەکانەوە دەناڵێنێت کە هەندێکجار بەسەرهەستی ناسنامەی نەتەوەیی زاڵ دەبن. لە کاتی جێبەجێکردنی سەرژمێرییەکەدا، گلەیی لەسەر هەوڵی هەندێک لایەن بۆ دەستکاریکردنی داتاکان سەریهەڵدا، ئەمەش رەنگدانەوەی لاوازی سەربەخۆیی نیشتمانی و ترسە لە بەلارێبردنی ئەنجامەکان بۆ دەستکەوتی سیاسی.
- بەردەوامی نوێکردنەوەی داتاکان
پێویستە سەرژمێری زوو زووە ئەنجام بدرێت بۆ نموونە دوای پێکهێنانی هەر حکومەتێک و ئەمەش وادەکات ئەو کەسانەی پرۆسەکە ئەنجام دەدەن شارەزایی باش دروستبکەن و هەروەها کلتووری سەرژمێری لەناو کۆمەڵگە بڵاو بێتەوە ئەمە جگە لە دەستکەوتنی داتای ورد. بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان، دەکرێت داوای هاوکاری لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خۆبەخش و مامۆستایان و پۆلیس بکرێت و لە کۆتایی هەفتەدا ئەنجام بدرێت لەبری راگرتنی دەوامی فەرمی، وەک ئەوەی ئەمجارە روویدا کە دەوام بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا لە سەرتاسەری عێراق و سێ رۆژ لە زۆربەی پارێزگاکان.
- پەرەپێدانی شەفافیەت و متمانە لە نێوان خەڵک و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا
دەبێت شەفافیەت و بەشداری گشتی بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی سەرکەوتنی سەرژمێرییەکە مسۆگەر بێت. بەبێ ئەوەی باس لە پرسە بنەڕەتییەکانی متمانە و لێکچوونی داتاکان بکرێت، سەرژمێری رەنگە ببێتە ئامرازێک بۆ بەردەوامکردنی نایەکسانییەکانی ئێستا نەک هەنگاوێک بەرەو پێشکەوتن. هەروەها پێویستە ستراتیژییەکانی پلاندانانی شارەکان لەسەر بنەمای زانیاری دانیشتووان پەرەیپێبدرێت بۆ دابینکردنی پێداویستی دانیشتووان.
- بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمییانە
پێویستە ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی پەرەپێبدرێت کە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان بکات بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری و کەمکردنەوەی ئەگەری ساختەکاری، ئەمەش باشترکردنی وردی داتا و درووستی پرۆسەکە زیاتر دەکات. سەرەڕای ئەو ئاستەنگییانەی لەبەردەم پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراقدا هەیە، بەڵام دەتوانرێت بە هەنگاوێکی دروست هەژمار بکرێت، چونکە نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکات بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکە و چارەسەرکردنی لە داهاتوودا. بەڵام درێژەدان بە ناکۆکییە سیاسی و ئیدارییەکان رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەم دەرفەتە. سەرکەوتنی پرۆسەکە پێویستی بە هەوڵی یەکگرتووی حکومەت و کۆمەڵگە هەیە بۆ دڵنیابوون لە وردبینی سەرژمێرییەکە، پرسیارە سەرەکییەکەش هەر لەشوێنی خۆی دەمێنێتەوە کە ئایا حکومەتی ئێستا ئیرادەی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و گۆڕینی سەرژمێری بۆ خاڵی دەستپێکی نوێ یان زیادکردنی بۆ لیستی شکستەکان؟