شرۆڤە

هێرشی بەردەوامی میلیشیاکان بۆ سەر پیشەسازی نەوت و گاز

27-06-2022


بەرایی

هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییە “لەیاسا دەرچووەکان” بۆ سەر پیشەسازی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندان، هێرشەکان چوونەتە قۆناخێکەوە کەوا بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆمپانیاکان بە کەمترین هێزی مرۆیی “Man Power” درێژە بە کارەکانیان بدەن و هەڵوەستە لەسەر فراوانکردنی کارەکانیان بکەن. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێستا کۆمپانیایەکی وەک داناگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر کەمترین کارمەندی هێشتووەتەوە ئەویش تەنیا بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وەک ئەوەی هەیە بەردەوامبێت، کە ئەمەش بەدڵنیاییەوە ئەگەر هەنگاوی خێرای بۆ نەگیرێتەبەر، ئەوا لەلایەک کاریگەری تەواوی لەسەر کاری فراوانکردنی بەرهەمهێنان و کارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان هەیە و، لەلایەکی دیکەشەوە، لەوانەیە مەترسی گەورەی مرۆیی، ئابووری و ژینگەیی بۆ هەرێمی کوردستان  دروست بکات.

پێویستە هەڵوەستەی جیدی لەسەر هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر پاڵاوگە نەوتییەکان و کێڵگەی گازی کۆرمۆر بکرێت، ئەویش بۆ ئەوەی پێش لە روودانی کارەساتی گەورە بگیرێت، چونکە لە ئەگەری روودانی هەر جۆرە تەقینەوەیەکی بچووک لە ئەمبارەکانی نەوت یاخود گاز، ئەوا کارەساتی گەورەی لەڕووی ژەهراویبوونی ئاو، خاک و هەوا روودەدات، کە کاریگەری تەواوی لەسەر دانیشتووانی ناوچەکانی نزیک کێڵگەکان و پاڵاوگەکان و دەوروبەریان دەبێت. ئەمەش سەرەڕای زیانە ئابوورییەکان کە سەتان ملیۆن دۆلار دەبێت و دەتوانێت ژێرخانێکی گەورەی پیشەسازی نەوت و گازیش لەناوبەرێت کە چەندین ساڵە دروست دەکرێت.

لەڕاستیدا، لە ئەگەری روودانی هەر کارەساتێکی لەوشێوەیەدا هەرێمی کوردستان توانایەکی لۆجیستی پێشکەوتووی نییە و تەنانەت عێراقیش ئەو تواناییەی نییە تاوەکو كۆنترۆڵی بكەن. هەروەک چۆن لەکاتی تەقاندنەوەی بیرە نەوتەکانی گەیارە لەلایەن داعشەوە، کەلوپەل و ئامیری پێویست لە کوێتەوە هێنراو، دوای نزیکەی 8 مانگ کۆنترۆڵ کرا. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە دەیان ماددەی زیانبەخشی وەک دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، سولفەر، نیکڵ و هتد بە هەوا، ئاو و خاکی ناوچەکەدا بڵاوبووەوە.

هەربۆیەش لەم روانگەیەوە پێویستە هەڵوەستە لەسەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان یاخود هەر هێزێکی دیکەی نێوخۆیی بکرێت، بۆ پێشگیری لە روودانی کارەساتی مرۆیی، ئابووری و ژینگەیی هێجگار گەورە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بگرە بۆ تەواوی عێراق. لەم راپۆرتەدا بە هەڵوەستەکردن لەسەر لێکەوتەکانی ئەگەری رووداوێکی لەوشێوەیە، دووبارە هەڵوەستە لەسەر زیانەکانی عێراق لە تەقاندنەوەی کێڵگەی نەوتی گەیارە لە سێ رووەوە دەکەین و ئاماژە بە کاریگەرییەکانی ئەم هێرشانە لەسەر داهاتووی پیشەسازی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دەکەین.

زیانە مرۆیی، ئابووری و ژینگەییەکان

قەبارەی زیانەکان بەندە بە ئەگەری رووداوەکەوە، چ لە کێڵگەیەکی گازی و نەوتی یاخود هەر جۆرە رووداوێکی دیکە. لێرەدا بۆ روونکردنەوەی زیانەکان، وەك نموونەیەك هەڵوەستە لەسەر زیانەکانی کێڵگەی نەوتی گەیارە لەلایەن داعشەوە دەکەین.[1] کە لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە، بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی پێویست، بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت مانگ ئاگرەکە بەردەوامبوو کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ژەهر لە خاك، هەوا و ئاوی ناوچەکەدا، کە وا خەمڵینراوە 133 ملیۆن تۆن گازی زیان بەخشی دووانەئۆکسیدی کاربۆنی لە هەوا بڵاوكردبێتەوە، کە ئەمەش بە قەد دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆنی وڵاتێکی وەک بەلیجکایە. سەرەڕای دەردانی گازێکی دیکەی ژەهراوی وەک سولفەر دایۆکساید[2]. هەروەها، بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی پێویست لە عێراق، لەکاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاگرەکە، وڵاتی کوێت رایگەیاند کەوا کەلوپەل و ئامێری پێویست رەوانەی عێراق دەکات و، رۆژی 2-ی کانوونی یەکەمی 2016 ئامێری تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگری کێڵگە نەوتییەکان لە وڵاتی کوێتەوە گەیشتنە عێراق[3].

کارەساتی تەقاندنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی گەیارە لەلایەن داعشەوە، کە دوای نزیکەی هەشت مانگێک کۆنترۆڵ کرا، جگە لە سووتانی کێڵگە نەوتییەکە کە لە سەردەمی داعش ئاستی بەرهەمهێنانی 30 هەزار بەرمیل نەوت بووە و لەوکاتەدا بڕیاربووە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ سەروو 200 هەزار بەرمیل بەرزبکرێتەوە، زۆر بووە و بەهۆی ئەو ئاگرەوە:

لەرووی مرۆییەوە:

  • ژیانی 15 هەزار دانیشتووی گەیارە کەوتە مەترسییەوە.
  • سەتان کەس بەهۆی ئاگر و دووکەڵەوە ماڵەکانیان گواستنەوە.[4]
  • دانیشتووانی موسڵ کە تەنیا 40 کیلۆمەتر لە سەرچاوەی ئاگرەکەوە دووربوون، کەوتنە بەردەم مەترسی تەندروستی. بەپێی نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی ئاگرەکەوە ملیۆنان کەس تووشی گازی ژەهراوی بوون.[5]
  • ژمارەیەکی زۆری خەڵک کێشەی هەناسەدان و هەوکردنی سییەکانیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی دووکەڵ و گازی ژەهراوی بۆ دروستبوو، بەتایبەتی منداڵان. ئەو كاریگەرییانە تەنانەت دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەش بەردەوام بوون[6].
  • بڵاوبوونەوەی نەوت و گاز بە خاک و هەودا بەهۆی تەقینەوەکەوە[7]

لەڕووی ئابوورییەوە

  • وەزارەتی نەوتی عێراق زیانە مادییەکانی بە سەتان ملیۆن دۆلار خەمڵاند.
  • لەکۆی 50 بیری نەوت، 18 دانەیان سوتێنران لەلایەن داعشەوە، بەڵام 34یان زیانیان بەرکەوتبوو.[8]
  • بەهۆی بڵاوبوونەوەی دووکەڵ و پیسبوونی خاکەوە، دەیان مەڕ مرداربوون.
  • بەرهەمی سەوزە و بەربوومەکانی دیکە تووشی زیان بوون بەهۆی ترشەباران لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی دووکەڵ و گازە زیان بەخشەکانی وەک دووانەئۆکسیدی گۆگرد بە ئاسمانی ناوچەکەدا.
  • نەبوونی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی دوو ساڵ. پلانی سەرەتایی بەرهەمهێنانی نەوت بووە بە رۆژانەی 120 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام لە 2021دا تەنیا 55 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە[9].

لەڕووی ژینگەییەوە

  • بۆ ماوەی زیاتر لە چەندین مانگ نەتوانرا ئاگرەكە کۆنترۆڵبکرێت و دووکەڵ رووبەری زیاتر لە 250 کیلۆمەتر چوارگوشەی بۆ ماوەی 21 رۆژ داپۆشیبوو.
  • نزیکەی 20 هەزار مەتر دووجا خاک بەهۆی ئاگرەکە و بڵاوبوونەوەی نەوتەوە زیانی بەرکەوت.[10]
  • سووتانی کێڵگە نەوتییەکان بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددە زیان بەخشەکان لە هەوا، خاک و ئاودا.
  • بووە هۆی پیسبوونی ئاوی رووباری دیجلە.
  • زیانی بە کشتوکاڵی ناوچەکە گەیاند و بووە هۆی کەمبوونی بەرووبوومی کشتوکاڵی.
  • لەناوچوونی سامانی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان لەناو رووباری دیجلەدا.
  • ئیرک سۆلەهیم، سەرۆکی بەرنامەی ژینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان “بەردەوامبوونی ئاگرەکەی وەک رەچەتەیەک بۆ کارەساتێکی درێژخایەنی ژینگەیی” لێکداوەتەوە كە کاریگەرییەکی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەمینێتەوە[11].
  • کەوتنەوەی ئاگر لە کێڵگە نەوتی و گازییەکان دەبێتە هۆی دەردانی گازە زیانبەخشەکانی وەک کاربۆن دایۆکساید، نایترۆجین دایۆکساید، سولفەر دایۆکساید، هەروەها ماددە زیان بەخشەکانی وەک نیکڵ، ڤاندیۆم و لیئد.[12]

بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسییە ئەمنییەکان و لێکەوتەکانی بۆ پیشەسازی نەوت و گاز

لە ئادار 2022ەوە تاوەکو رۆژی 26ی حوزەیرانی 2022، بەگشتی ٦ جار هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر ژێرخانی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ( پاڵاوگە و کێڵگەی گاز). دوو مەترسیدارترینیان ئەوەی رۆژی 1ی ئایار 2022 بوو کە ئەمبارێکی نەوتی کۆمپانیای کار گرووپی لە پاڵاوگەی کەورگوسک گرتەوە، کە تەنیا پارچەیەکی مووشەك بەر بەشی سەرەوەی ئەمبارێکی نەوت کەوت. ئەگەر ئەو پارچەیە بەر بەشی خوارەوەی ئەمبارەکە كەوتبووایە ئەوا کارەساتێک روویدەدا كە نەدەتوانرا بە ئاسانی کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام خۆشبەختانە تونرا کۆنترۆڵ بکرێت. هەروەها، لە ماوەی تەنیا 72 کاژێردا  سێ جار کێڵگەی گازی کۆرۆمۆر کراوەتە ئامانج.

کێڵگەی کۆرمۆر لە 2007ەوە پەرەی پێدراوە و ئێستا کار لە بەشی فراوانکردنی بەرهەمهێنان و لێدانی بیری نوێ دەکرێت، ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە بەپێی زانیارییەکان لەم رۆژانەدا یەکەم بیری گاز لە کۆی هەشت بیری نوێ تەواوکراوە، ئەویش وەک بەشیک لە پلانی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان تاوەکو نیسانی 2023، بەڵام هێرشەکان بوونەتە هۆی کەمکردنەوە و “راگرتن”ی کارەکانی فراوانکردنی ئاستی بەرهەمهێنان.

خاڵیکی دیکە کە کۆمپانیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان گرنگی پێدەدەن هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانە (Risk assessment) هەربۆیەش ئێستا مشتومڕی کشانەوە و راگرتن یاخود درێژەدان بە کارەکان هاتووەتە پێشەوە، چونکە ئێستا لە راپۆرتی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان دا، جگە لە مەترسی سیاسی بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کە ماوەیەکە هاتوونەتە پێشەوە، مەترسییە ئەمنییەکانیش کە پێشتر و لە راپۆرتەکانیاندا لەپێش 2019ەوە لەخوارەوەی لیستەکەدا بوون، ئێستا هاتوونەتە سەرەوەی لیستەکەوە.

بەرزبوونەوەی مەترسی ئەمنی، تەنیا کاریگەری لەسەر کارکردنی کۆمپانیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی تەواویشی لەسەر هاتنی وەبەرهێنانی دەرەکی و کاری ئێستای پڕۆژەکانی فراوانکردن و خەرجی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان  لەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکەن هەیە، بۆ نموونەش ئێستا دانەگاز کە پلانی لێدانی هەشت بیری نوێی هەبوو بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز بۆ 250 ملیۆن پێ سێ جای دیکە لە نیسانی 2023دا، ئەوا ئێستا پێداچوونەوە دەکات و ئاستەنگی هاتووەتە پێش لەڕووی کارکردنی شارەزایانی بیانی و تەنانەت کارمەندەکانی خۆیشەوە، بۆیە بە کەمترین کارمەند کارەکانی بۆ مانەوەی ئاستی بەرهەمهێنان وەک ئەوەی هەیە بەڕێدەكات.

لەڕاستیدا خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئامانجی هێرشەکان چ سیاسی، چ ئابووری و چ ئەمنی بێت دەکرێت، بەڵام کەوتنەوە خوارەوەی مووشەک لە نزیک پاڵاوگەی کار لە کەورگوسک، کە توانای پاڵاوتنی 90-120 هەزار بەرمیل نەوتی بەگوێرەی کوالیتی نەوتەکە هەیە و ئێستا بە قۆناخێکی نموونەیی لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بۆ پاڵاوتنی نەوت تێدەپەڕێت، هەر رووداوێک زیانی گەورەی ملیاران دۆلار دەدات، ئەمە جگە لە پاڵاوتنی نەوت و دابینکردنی بەنزین بۆ بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان خەرجییەکانی پاڵاوگەیەک بۆ پاڵاوتنی 1 بەرمیل نەوتی رۆژانە 25 هەزار دۆلارە، واتە کێڵگەی کەورگوسک کە توانای 100 هەزار بەرمیل  نەوتی خاوی هەیە، سەرمایەکەی دەگاتە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار*[3]. واتە ئەگەر ئەو هێرشە بەر یەکێک لەو ئەمبارانە یاخود بۆرییەکانی گواستنەوە یان تاوەرەکانی پاڵاوتنی نەوت بۆ بەرهەمەکانی نەوت، لەسەروو هەموویانەوە ئەمبارەکان و بۆڕی گواستنەوەی بەنزین لەنێو پاڵاوگەکەدا بکەوتایە، ئەوا زیانەکان جگە لە  ملیاران دۆلار، سەتان کارمەندی کۆمپانیاکە و هاونیشتمانیانی دەورووبەری دەگرتەوە، بۆیەش پێویستە رێگەیەک بگیرێتەبەر!

لەڕوویەکی دیکەوە، مووشەکبارانکردنی سێ رۆژی رابردووی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەوانەیە ئەوە دەربخات کە ئامانجەکە هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق لەو ئاستی بەرهەمهێنانەی ئێستای بەنزین و گاز و بەردەوام پشتبەستن بە گاز و بەنزینی هاوردەکراوە. بۆ نموونە عێراق لە 1ی کانوونی دووەمی 2022 بۆ 31ی ئادار 2022 بە بەهای 1.204 ملیار دۆلار بەنزین  و بە بەهای 272 ملیۆن دۆلار گازی هاوردەکردووە[4]، هەروەها لە 2021دا بە بەهای 2.54 ملیار دۆلار بەنزین، 657 ملیۆن دۆلار گازی هاوردەکردووە، لەبەرئەوەش بەنرخی پاڵپشتی لە بازاڕدا دەیفرۆشێتەوە، تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا بە بەهای 618 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە[5]. هەرێمی کوردستانیش رۆژانە تەنیا بۆ بەنزین پێویستی بە پێنج بۆ شەش ملیۆن لیترە[6]، کە دوو لەسەر سێی ئەمەش لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بەتایبەتیش لە ئێرانەوە هاوردەی دەکات. ئا لێرەوەیە کە جەیمس جێفری لە پانیلێکی پەیمانگەی واشنتن لە وەڵامی پرسیارێک دا سەبارەت دوایین هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، گوتی ” ئێران پلانی داگیرکردنی هەموو عێراق و گوشار خستنەسەر پیشەسازی نەوتی لە هەولێر هەیە.”[7].

هەروەها ئەم گوشارانەش لەکاتێکدان کە پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە قۆناخێکی سەخت دا تێدەپەڕبن بەهۆی بڕیار و بەیاننامەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، هەر لەبەرئەوەش ماتیو زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKNو جێگری سەرەکی یاریدەدەری وەزیری پێشووی وزەی ئەمریکا لەڕاپۆرتێکدا سەبارەت هێرشەکان، ئاماژە بە ئاستی مەترسییەکانی سەر پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کردووە، مەترسییەکانی لە ئاستێکی نێوخۆییەوە بردووەتە ئاستێکی نێودەوڵەتی بەتایبەتیش لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنەوە دەڵێت “دوو ئاڵینگاری گەورە لە هەرێمی کوردستان دەتوانن کاریگەری زیاتر لەسەر بازاڕی نەوت دابنێن، کە تاوەکو ئێستا لەلایەنی سیاسییەوە تاڕادەیەکی زۆر وەک هەڕەشە دەستنیشان نەکراون، کە ئەوانیش بەردەوامبوونی هێرشەکانە بۆ سەر پیشەسازی نەوت و گاز و هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقە لە هەمبەر هەرێمی کوردستان، لە ئەگەری یەکلاییکردنەوەی کەیسی دادگایی حکومەتی عێراق کە لەسەر تورکیا لە دادگای فەرەنسا تۆماری کردووە، کە بڕیارە لە مانگی تەممووز بڕیاری لەسەر بدرێت. ئێستا حکومەتی عێراق چاوەڕوانی بردنەوەی دەکات. لەوانەیە ئەوکاتیش تورکیا بەهۆی گوشارەکانەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان رابگرێت، ئەگەر وابێت ئەوا رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕدا دەسڕێتەوە یاخود کەم دەکات، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر نرخەکان لە بازاڕ دەبێت، چونکە دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە ئۆپێک پڵەس بڕیاریداوە بۆ مانگی تەممووز و ئاب زیادی بکات و بیخاتەڕوو، بەشێکیشە لە ئەجیندای سەردانی جۆ بایدن بۆ ریاز لە مانگی داهاتوودا”[8].

کۆتایی

لەسەرەتادا، ئەگەر مەترسییەکانی ئەم هێرشانە تەنیا وەک کارتێکی گوشار یاخود دروستکردنی تەنگژەیەک لێکدرابێتەوە، ئەوا پیویستە لە ئاداری ئەمساڵەوە هەڵوەستەی جیدی لەسەر بکرێت، چونکە پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ و لە ئایاری 2022ەوە راستەوخۆ ژێرخانی پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت و لە رۆژانی رابردووش دا ژێرخانی بەرهەمهێنانی گاز و سەرچاوی دابینکردنی کارەبای دانیشتووانی کردووەتە ئامانج.

هەربۆیەش وەکو لەسەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە زیانە مرۆیی، ئابووری و ژینگەییەکانی لەم دۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق پێیدا تێدەپەڕێت زۆر گەورە دەبێت، کە زیانەکانیشی تەنیا بە ئێستاوە سنووردار نابێت و بگرە کاریگەری گەورە لەسەر هەوا، خاک، ئاو و ناوچەکانی دەوروبەری دەبێت و لەوانەیە سەتان ماڵ بەهۆی لێکەوتەکانی کۆچ بکەن و سەتان هەزار کەس لەڕووی تەندروستییەوە کیشەیان بۆ دروستبێت، ئەمە جگە لە زیانە راستەوخۆ مرۆییەکان، ئابوورییەکان و ژینگەییەکان لەکاتی روودانی رووداوەکەدا. هەربۆیەش پێویستە بۆ پێشگیریی لەڕوودانی کارەساتێکی لەو شێوەیە باشتروایە کەوا:

  • رێگەیەکی نوێ بۆ مامەڵکردن لەگەڵ هێرشەکان بگیرێتەبەر.
  • حکومەتی عێراق، ناوەندە سیاسییە عێراقییەکان، دەوڵەتانی دراوسێ لە مەترسییەکان ئاگادار بکرێنەوە.
  • ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر رووداوێکی نەخۆزراو دابین بکرێن.
  • هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ رێگریکردن لەروودانی کارەساتێکی لەوشێوەیە.
  • هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکرێت و ناوەندە جیهانییەکان لە مەترسی ئەگەری رووداوێکی لەو شێوەیە ئاگادار بکرێنەوە.

هەروەها، ئەوانەی هێرشەکان دەکەن ناسنامەیان ون بێت یاخود دیاربێت، لەوانەیە لێکدانەوەیان بۆ روودانی کارەساتەکانی پشت تەقاندنی مووشەکەکان نەکردبێتەوە، ئەگینا زیانە مرۆیی، ئابووری و ژینگەییەکان نەوەکو تەنیا حکومەت و دەسەڵاتداران و دانیشتووانی ئەو ناوچانە بگرێتەوە، بەڵکو ئاو، هەوا و خاکی عێراقیش دەگرێتەوە، ئەوکاتیش هیچ کام لەو زیانانە لەوانەیە نەتوانرێت قەرەبوو بکرێنەوە!

لەکۆتاییدا لێکەوتەکانی ئەم هێرشانە نەک تەنیا کاریگەری دەکاتە سەر پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بگرە عێراقیش دەخاتە قۆناخێکی نوێوە لەڕووی کارکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.

فووتنۆت

[1] https://reliefweb.int/map/iraq/iraq-fires-al-qayyarah-oil-field-nineveh-governorate-between-18-july-2016-and-7-january

[2] https://www.climatechangenews.com/2017/08/23/photos-reveal-iraq-oil-fires-burning-behind-isis-retreat/

[3] https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/031220161

[4] https://time.com/4542032/iraq-mosul-isis-qayyarah-mosul-oil-fires-sulfur/

[5] https://www.humanitarianresponse.info/sites/www.humanitarianresponse.info/files/documents/files/mosul_env_health_hazards_report_final_8nov.pdf

[6] https://diyaruna.com/en_GB/articles/cnmi_di/features/2017/02/21/feature-02

[7] https://paxforpeace.nl/media/download/pax-report-living-under-a-black-sky.pdf

[8] https://www.rudaw.net/english/business/27092018

[9] https://www.iraq-businessnews.com/list-of-oil-and-gas-fields-in-iraq/oil-and-gas-fields-qayara/

[10] https://paxforpeace.nl/media/download/pax-report-living-under-a-black-sky.pdf

[11] https://www.humanitarianresponse.info/sites/www.humanitarianresponse.info/files/documents/files/mosul_env_health_hazards_report_final_8nov.pdf

[12] https://paxforpeace.nl/media/download/pax-report-living-under-a-black-sky.pdf

Share this Post

شرۆڤە