RRC |
زریان رۆژهەڵاتی |
دەركەوتنی موقتەدا سەدر لەنێوان رێبەری ئێران و قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە عاشوورای ئەمساڵدا لە تاران، رووداوێكی گرنگبوو كە دەشێ كاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆی عێراق هەبێت.
سەدر لەكاتێكدا لە تاران دەركەوت كە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی شیعەی عێراق بە گوڕ و تینەوە بەردەوامن و مشتومڕەكانیش لەسەر كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی درێژەیان هەیە. بێجگە لەوە، پەلكێشكردنی عێراقیش بۆ ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بووەتە بابەتێك كە حاشای لێناكرێت.
چۆن لە دەركەوتنەكەی سەدر لە تاران تێبگەین؟ لەوەش گرنگتر، ئەمە دەتوانێ چ كاریگەرییەك لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی عێراق دابنێت؟
بۆچی سەدر لە تاران دەركەوت؟
لایەنگرانی سەدر پێیانباشە سەردانەكەی ئەو بۆ تاران بە بابەتێكی ناسیاسی هەژمار بكەن و زیاتر بەرگێكی ئایینی و شەخسیی بە باڵایدا بدروون. تەنانەت هندێكیان بڵاوكردنەوەی وێنەی دانیشتنەكەی موقتەدا سەدر لەنێوان خامنەیی و سلێمانی، بە بابەتێكی سیاسەتی ناوخۆیی ئێران هەژمار دەكەن. بەڵام، پێدەچێ بۆ ئەو كەسانەی كە بەدواداچوونی سیاسەتی عێراق و ناوچەكە دەكەن، ئەستەمبێ باوەڕ بەم پاساوە بكەن. چونكە لە عاشووراكانی رابردوودا، سەدر دیمەنێكی وای پێشاننەداوە و دەمێكیشە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا سارد و سڕە.
بۆچوونێكی دیكەش باس لەوەدەكات كە لەوانەیە موقتەدا سەدر بۆ ریككەوتن لەگەڵ ئێرانییەكان سەبارەت بە تێپەڕكردنی عادل عەبدولمەهدی سەردانی تارانی كردبێت. بەڵام ئەمەش ناچێتە عەقڵەوە. چونكە، سەرەڕای گوشار و رەخنەكان، هێشتا هیچ هەوڵێكی بەرچاوی سائیرون- سەدر بۆ لابردنی عەبدولمەهدی بەرچاو ناكەوێت.
بەڕای هەندێكی دیكەش، لەوانەیە سەدر خەریكی ناوبژیوانی ئێران و سعودیە بێت و، پێدەچێ لەبەرئەوە سەردانی تارانی كردبێت. راستییەكەی، ئێران و سعودییە كەناڵێكی بەهێزتریان لە عێراق و سەدر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن گفتوگۆ بكەن. ئەوان دەتوانن لەڕێگەی هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەكانی كەنداو یان تەنانەت راستەوخۆ پەیام بۆ یەك بنێرن ئەگەر مەیلی دانووستاندنیان هەبێت، نەك سەدر كە ماوەیەك لەگەڵ ئێرانییەكان لەیەكتر لالووت بوون.
بەشێوەیەكی گشتی دەكرێت چەند هۆكارێك بۆ دەركەوتنەكەی موقتەدا سەدر لە تاران دەستنیشانبكرێن:
یەكەم: رۆڵی ئایەتوڵڵا كازمی حائیری و كێشەی ناوخۆیی شیعە لە عێراق
دوای هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بۆسەر بنكە و بارەگاكانی حەشدی شەعبی، موقتەدا سەدر رایگەیاند كە پێیوانییە ئەوە كاری ئیسرائیل بێت و لەگەڵ بەشێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبیش سەبارەت بە ملكەچبوون بۆ بڕیارەكانی حكومەت و بابەتی دروستكردنی هێزی ئاسمانی حەشدی شەعبی كەوتە ناكۆكییەوە. هاوكات لەگەڵ ئەوانەشدا، ئایەتوڵڵا سەید كازمی حائیری حسێنی كە بە ئەسڵ كەربەلاییە و لە حەوزەی علمییەی قوم وانە دەڵێتەوە، فەتوایەكی سەبارەت بە حەرامكردنی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەركرد. كازمی حائیری لە فەتواكەیدا حەشدی شەعبی بە “موقەدەس” ناوبردووە. قسەكانی ئەم ئایەتوڵڵایەش بۆ سەدر گرنگە و ناتوانێ لێیان بێخەم بێت. چونكە، باوكی سەدر وەسییەتی كردووە شیعەكان پەیڕەوی لەم ئایەتوڵڵایە بكەن! ئەگەر سەدر گوێ بەمە نەدات، دوورنییە بەشێك لەو لایەنگرانەی لێی بتەكێتەوە كە”تەقلید”ی كازمی حائیری دەكەن. بە ئەگەری زۆر، سەدر ناتوانێ بە تەواوی واز لە گوتارەكانی پێشووی خۆی سەبارەت بە سەربەخۆیی سیاسەتی عێراق بێنیت، بەڵام ململانێی زیاتر لەگەڵ حەشدی شەعبی( بەشێك لەو هێزە) و گوێنەدان بە كازمی حائیری، پوتانسیێلی دابەشكردنێكی دیكەی لەنێو سەدرییەكان تێدایە كە زەحمەتە لەم ئان و ساتەدا موقتەدا سەدر ریسكێكی وا لە پێشچاو بگرێت.
موقتەدا سەدر جەند جارێك هۆشداری داوەتە حكومەت و خوازیاری ئەوە بووە كە بێلایەن بێت و بەلای هەندێكدا نەیشكینێتەوە. دەشێ ئەمەش ئاماژەبێ بۆ ئەو نیگەرانیانەی كە سەبارەت بە پێدانی پۆستی گرنگ بە هەندێك لە بەرپرسانی بەدر و داشكاندنی سیاسەتەكان بەلای فراكسیۆنە ركابەرەكەی سەدر لە ئارادان. دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەتوانێ كاریگەری لەسەر كێشەی نێوان سەدر و لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت هەبێت.
دووەم: پەیوەندی پڕ لە هەڵبەز و دابەزی سەدر لەگەڵ ئێران، بەڵام بەردەوام
سەدر لە بنەماڵەیەكی نێوداری شیعەیە كە لەڕێگەی خێزانەكەیەوە بە خاڵێكی بەیەكگەیشتنی سیاسەت و مەزهەب لە عێراق و لوبنان و ئێران هەژمار دەكرێت. خزمایەتی سەدرییەكانی عێراق و لوبنان لەگەڵ یەكتری و بەیەكگەیشتنیشیان بە ماڵەكانی خومەینی و خاتەمی( ئێران) لەڕێگەی هاوسەرگیرییەوە، گرێیەكی ئەو پەیوەندییە سیاسی- مەزهەبییەن. جگە لەوە، حەسەن نەسروڵڵای رێبەری حیزبوڵڵای لوبنانیش تیكەڵاوییەكی بەهیزی لەگەڵ بنەماڵەی سەدرییەكان هەبووە و دەشێ رۆڵێكیشی لە پەیوەندی ئێران و سەدردا هەبێت.
نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر، تائێستا سیفەتی “حوجەتولئیسلام وەلموسلمین”ی بۆ بەكاردێنێت كە لە كۆی پێنج پلە، سێیەم پلەی رۆحانییەكانی شیعەیە. بەڵام كەسانی نزیك لەو نەیانشاردووەتەوە كە بەتەمای وەرگرتنی پلەی ئایەتوڵڵاییە كە پێدەچێ جۆری پەیوەندییەكانی لەگەڵ حەوزەی قوم (ئێران) و حەوزەی نەجەف (ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی) هۆكارێك بووبێ كە تائێستا نەگەیشتووەتە ئەو پلەیە. موقتەدا سەدر وانەی (خارج)ی لە قوم وەرگرتووە كە مەرجێكی وەرگرتنی پلەی ئاتوڵڵاییە، بەڵام تائیستا بەو مەرامەی نەگەیشتووە. سەرەڕای ئەوەی كە ساڵانێك لە ئێران ماوەتەوە و وانەی دینی خوێندووە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە لە نیوەی دووەمی 2000ەكان بەدواوە سارد و سڕی لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ تاران درووستبوو. كار گەیشتە ئەوەی كە لایەنگرانی سەدر تەنانەت لەگەڵ گرووپە شیعییەكانی نزیك لە ئێرانیش لە یەكیاندا و دژی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانیش درووشمیان گوتەوە(یا قاسم سلیمانی….. هژا صدر ربانی). سەدر زیاتر لە سیاسەتێكی مەزهەبی، رووی لە گوتارێكی ناسیۆنالیستی- دینی كرد و لە دەرئەنجامی ئەوەشدا پەیوەندی لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی سوننە مەزهەبیشدا گەشەپێدا. ئەو پێشتر رایگەیاندبوو كە دژی دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆیی عێراق، بەڵام ناشیەوێت عێراق ببێتە مەیدانی دژایەتیكردنی دراوسێیەكانی كە ئاماژەیەكە بۆ كێشەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی دیكە. هەڵبەت لەگەڵ ئەمەشدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران نەپچڕاند و لە ئاستی ناوخۆیی عێراقیشدا، سەرئەنجام رازیبووە لەگەڵ ژمارەیەك لەو هێزانەی كە بە نزیك لە ئێران دەناسرێن، ببێتە كۆڵەگەیەك بۆ پێكهێنانی حكومەت!
سێیەم: سوپرایزەكانی سەدر
موقتەدا سەدر بە كەسایەتییەك نێوبانگی دركردووە كە جارجار بڕیاری كتوپڕ دەدات. لەم ماوەیەی دواییشدا، مەیلی بەكارهێنانی تویتەری زیادبووە و بەشێك لە پەیامەكانی لەو رێگەیەوە دەگەیێنێت. ئەمەش وایكردووە كە تاوەكو ئەندازەیەك هاوشێوەی سەرۆك ترەمپ بێت لە ئەمریكا!
موقتەدا سەدر جەند جارێك بڕیاریداوە و دواتر بەجۆریك لێی پەشیمانبووەتەوە. وەك هەڵوەشاندنەوەی سوپای مەهدی كە دواتر بە ناوی (سەرایا سەلام) داینایەوە، لەگەڵ بڕیاری تەركی سیاسەت كە دواتر رووی تێكردەوە. دەشێ ئەمەی ئێستاش، بڕیاریكی دیكەی كتوپڕبێ بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران.
ئەنجام
سەردانەكەی موقتەدا سەدر بۆ ئێران، ئەویش دوای قۆناخێكی سارد و سڕ لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران، ناتوانێ سیاسی نەبێت. پێگەی ئایینی- سیاسی سەدر وابەستەی دنیای شیعییە و لەوەشدا لە چەند خاڵێكی وەك وابەستەیی خێزانی و وابەستەیی ئایینی، بە ئێرانەوە دەبەسترێتەوە. جگە لەوە، لەڕووی سیاسیشەوە پێگەكەی لە سیاسەتی ئێستای عێراقدا و دۆخی حكومەتیش، تاوەكو ئەندازەیەكی زۆر گرێدراوی چۆنییەتی مامەڵەی سەدرن لەگەڵ ئەو گرووپانەی كە بە نزیكی ئێران هەژمار دەكرێن. پێچەوانەوەی ئەوەی باسدەكرێت، رەنگە گۆڕینی عادل عەبدولمەهدی لەم قۆناخەدا بە قازانجی سەدر نەبێت و ئەمەش تاوەكو ئەندازەیەك وابەستەی هێوركردنەوەی گرژییە ناوخۆییەكانە كە لەوەشدا ناتوانێ رۆڵی ئێران لەپێش چاو نەگرێت.
بە ئەگەری زۆر، دەركەوتنەكەی سەدر لەنێوان خامنەیی و سلێمانی لە تاران، بە كەمكردنەوەی لانیكەم كورتخایەنی ناكۆكییە ناخۆییەكانی شیعە و بەتایبەتی ناكۆكییەكانی سەدر لەگەڵ بەشێك لە حەشدی شەعبی تەرجەمە دەبێتەوە.