شرۆڤە

ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 2024 و تەگەرەکانی هەناردەکردنەوەی لە 2025دا

04-03-2025


بەرایی

هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی بەغدا بوون کە دوێنی لەنێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسانی هەولێر و بەغدا کرا و بێ ئەنجام کۆتایی هات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر بەغدا رایگەیاندبوو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بۆرییەوە لەکاژێرەکانی داهاتوودا دەبێت. ئەوە نەکرا چونکە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کەوا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە و  نزیکەی دوو لەسەر سێی کۆی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن ئامادە نین  بەمشێوەیەی ئێستا کە بەغدا و هەولێر لەسەری رێککەوتوون، نەوت بکەنە بۆرییەکەوە.

لەڕاستیدا، هەموارکردنەوەی بڕی تێجووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار لە پەرلەمانی عێراق و کەوتنە واری جێبەجێکردنی یاساکە هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام ناڕوونی لە میکانیزمی پارەدان بە کۆمپانیاکان لە رابردوو و داهاتوودا، هەروەها پرسی پابەندی یاساکە کە تەنیا بۆ دوو مانگە لەکاتی دەرچوونیەوە، واینەکرد کۆی کێشەکان چارەسەر بێت و نەوت هەناردە بکرێتەوە.

ئێستا لەدوای هەموارەکەی بودجە و دیاریکردنی تێچووی 16 دۆلار بۆ بەرمیلێک نەوت سێ کێشەی سەرەکی هاتووەتە بەردەم پرۆسەی هەناردەکردنەوە، یەکەمیان داواکاری هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر بڕی بەرهەمهێنراو و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ پێداویستی نێوخۆ، دووەمیان داواکاری کۆمپانیاکان بۆ رێککەوتنێکی نوسراو لەبارەی قەرزەکانیان، پاراستنی  گرێبەستەکانیان و شێوازی وەرگرتنی پارەی نەوتی بەرهەمهێنراو و هەناردەکردنەوەی بەبەردەوامی، سێیەمیان پابەندی حکومەتی عێراق بەبڕی بەرهەمهێنراو و هەناردەکردنەوە لە 2025دا.

سەرەڕای ئەو سێ کێشەیە، پرسی تەواوبوونی گرێبەستی بۆری هەناردەکردنی نێوان تورکیا و عێراق هەیە کەوا لە ئەمساڵدا کۆتایی دێت و دەبێت نوێ بکرێتەوە. ئەنکەرەش داواکاری نوێی هەیە بەپێی داتا کۆکراوەکان لەرۆژێکدا  ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 2024دا بەتێکڕا 314 هەزار بەرمیل نەوت بووە، کە ئەمەش  نزیکەی 100 هەزاری کەمترە لەو بڕەی لە بودجەدا وەک پشکی هەرێمی کوردستان دانراوە لە بەرامبەر رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ.

 لەم راپۆرتەدا هەڵوەستە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگە بە کێڵگەی نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەگەرەکانی شێوازی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەکەین و فۆکوسی سەرەکیش لەسەر باڵانسی هێز و ئەوە دەبێت کە بۆچی هەرجارێک لایەنێک بێتە پێشەوە لایەنەکەی دیکە داواکاری زیاد دەکات یاخود بەپێچەوانەوە.

هەرێمی کوردستان لە 2024دا رۆژانە سەروو 314 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە

ساڵی رابردوو لێدوانی جیاواز لەبارەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە درا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەوا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بەهۆی فرۆشتنی بەنیوخۆ و بەردەوامی داخستنی قوفڵی بۆری هەناردەکردنی نەوت نەگەیشتووەنەتەوە ئاستی پێش ئاداری 2023 کەوا توانای بەرهەمهێنانی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبوو، بەڵام ئیستا کەمبووەتەوە بۆ 314 هەزار و 713 بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە ئەمەش نەک ناگاتە ئەو بڕەی کە لە بودجەکەدا بۆی دیاریکراوە رادەستی سۆمۆی بکات بەڵکو داوادەکرێت پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لێ دەربکرێت و دابینبکرێت. 

گەورەترین کێلگەی نەوتی هەرێمی کوردستان کێڵگەی نەوتی خورمەڵەیە کەوا ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی دابەزیووە بۆ تێکرای رۆژانەی 100 هەزار بەرمیل نەوت، لەکاتێکدا پێشووتر دوو هێندەبووە و پێش داخستنی بۆری هەناردەکردنی نەوت لەم کێڵگەیەوە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهات.

لەدوای خورمەڵە، کیڵگەی نەوتی پیشخاپوور و تاوکێ بە دووەم گەورەترین کێلگەی نەوتی دادەنرێن کەوا کۆمپانیای دی ئین ئۆ بەڕێوەی دەبات، ئاستی بەرهەمهێنانی ئەوەش لە 2024دا گەیشتەوە سەروو 78 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەکاتێکدا لەپێش ئاداری 2023وە نزیکەی 105 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە.

وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی تەق تەقە، کەوا لەساڵی رابردوو بەتێکڕا سفر بووە و لە ئایاری 2023وە کۆمپانیای گەنەل ئینرجی کارکردنی تێدا راگرتووە و فایلی کۆتایپێهێنانی خۆی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە. ئەم کێڵگەیە رۆژانی سەرەتای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لە 2014دا سەروو 103 هەزار بەرمیل نەوت بوو، بەڵام بەهۆی تێکچوونی ستراکچەری جیۆلۆڤی کێڵگەکەوە لە 2017دا ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ خوار 5 هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا دابەزی، کە بەپێی راپۆرتی گەنەل ئینرجی کێڵگە نەوتییەکە لە 2023دا هێشتا یەدەگی 23.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە.

هەروەها، ئێستا کێڵگە نەوتییەکانی شێخان و سەرسەنگ و ئەتروش بەکۆی توانای بەرهەمهێنان کار دەکەن و بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان بووە لە 2024دا کەوا کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ 33 هەزار و ئەتروش 30 هەزار و شێخان سەرووو 40 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.

کێلگەی نەوتی سەرقەلا و حەسیرە لە گەرمیان بەپێی داتا کۆکراوەکان لە تەنکەرەکانەوە رۆژانە دەگاتە سەروو 9 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا، هەرچەندە لەکۆتاییەکانی مانگی هەشتی رابردووە بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چیاسورخ راگیراوە، کە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی 2 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.

ئەم بڕەی ئێستا هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت ناتوانێت پێکەوە پێداویستی ناوخۆ و بڕی دیاریکراو وەکو لە بودجەدا هاتووە دابینبکات، چونکە لەماوەی رابردوودا کەرتی پاڵاوگەکانی فراوانکردووە و سەرەڕای دەیان پاڵاوگەی نایاسایی کە وەبەرهێنیان تێداکراوە و کار دەکەن، توانای  ئێستای پاڵاوگەکانی کار، لاناز، قەیوان و دوکان و فۆکس  گەیشتووەتە سەرووی توانای پاڵاوتنی رۆژانەی 200 هەزار بەرمیل نەوت.

گراگیک 1: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە 2024دا لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: بڵاوکراوە فەرمییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان بەمشیوەیەی خوارەوە:

خاڵی 1 و 2: بەگوێرەی 2024 https://www.dno.no/en/investors/announcements/dno-results-reflect-robust-kurdistan-production-north-sea-expansion-2025-02-06/

خاڵی 3 و 4  بە گوێرەی زانیارییە کۆکراوەکان و  راپۆرتی کۆمپانیای شامارانەوە، کۆمپانیای ئیچ کەی ئین لەدوای کڕینەوەی پشکەکانی تاقە لەکێلگەی ئەتروش هەموو بڵاوکراوە داراییەکان و راپۆرتی بەرهەمهێنانی لەماڵپەڕەکەدا سڕییەوە و تاوەکو ئێستا هیچ بڵاوکراوەیەکی نوێی نییە کە هەردوو کێڵگەی سەرسەنگ و ئەتروش بەڕێوەدەبات.

خاڵی 5 بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لە https://www.gulfkeystone.com/operational-corporate-update-january-2025/

خاڵی 6 و 7 بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای گەنەل ئینرجی، https://genelenergy.com/media/press-releases/

خاڵی 8، زانیارییەکانی ئەم کێڵگەیە لەو تانکەرانەوە وەرگیراوە رۆژانە کێڵگە بەجێدەهێڵن، کەوا 43 تانکەر نەوت، کە 10 تەنکەری 30 هەزار لیتری و 33 تەنکەری 36 هەزار لیتری رۆژانە، ماوەی حەوت مانگە ئاستی بەرهەمهێنانی 2 هەزار بەرمیل نەوت لەچیاسورخ بەیەکجاری راگیراوە.

خاڵی 10، بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان لە کێڵگەکانی هەولێرەوە بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانەیان لەنێوان 40 بۆ 45 تەنکەری رۆژانەیە، کە ئەمەش بەتێکڕا لەنێوان 8 بۆ 9 هەزار بەرمیل نەوتە و لەم راپۆرتەدا 8 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دانراوە، چونکە کۆمپانیای فۆرزە لە 2023وە راپۆرتی نوێ نەبووە.

خاڵی 12، بەگوێرەی راپۆرتی سالانەی دانەگاز، کەوا لە 2024دا ئاستی بەرهەمهێنانی گازی کۆندینسەیت بەنیوخۆ فرۆشراوە، کە پشکی کۆمپانیاکە رێژەی 35٪ کە دایناوە  5273 بەرمیل بووە، واتەکۆی بەرهەمی کێڵگەکە 15 هەزار و 65بەرمیل بووە. https://www.danagas.com/wp-content/uploads/2024/11/20241104-9M-2024-Investor-Presentation-V3.pdf

کۆتایی

راستە ئێستا بەربەستی یاسایی لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت بەتەرخانکردنی 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنان نەماوە و بەغدا و هەولێر کۆکن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتەکە بە بۆری، بەڵام چ لە داواکاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەکرێت کەوا بەهۆی باڵادەستییانەوە داواکاری نوێ و گەرەنتی نوسراو و واژۆکراویان دەوێت.

هەروەها، ئەوەش راستە لەسەرەتاوە لەوانەیە بەغدا هەمووی نەوێت بەهۆی پابەندی بە ئاستی دیاریکراوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ئۆپێکەوە، بەڵام تەنانەت ئەگەر بۆ نێوخۆش بێت بەدڵنیاییەوە وەک دەڵێن حساب و کتابەکەی دەوێت نەوەکو بەرمیلێک نەوت تێچووەکەی دوو هێندەی لەسەر بکەوێت. ئایا رادەستکردن بە سۆمۆ بەمانای هەناردەکردنەوە دێت یان فرۆشتنی بەنیوخۆ.

ئەی چ لە پێداویستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت کەوا لەم ساڵانەدا بەهۆی هەبوونی نەوتەوە لەنێوخۆدا کەرتی پاڵاوتنی نەوت فراوان بووە و پاڵاوگەی نوێ دامەزراوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئایا فرۆشتنی بەنێوخۆ هەمان نرخی جیهانییەکە دەبێت یان ئەو نرخەی ئێستا؟ هەروەها، چۆن مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت ئایا نرخی بەنزینی پاڵپشتیلێکراوی ئێرەش وەک بەغدا و ناوچەکانی دیکەی لێدێت؟

لە ئاداری 2023وە تاوەکو ئاداری 2025 لێدوان و داواکاری جیاواز، مژدەی خۆش  و ناخۆش هەبووە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، بەڵام ئەوەی دەبینرێت راستە پرسەکە لەنێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکاندایە، بەڵام هەر قۆناخەی باڵادەستی لایەنێک و سازشکردنی لایەنێک بەگۆڕانکارییەکاندا بەڕوونی دەبینرێت، تاوەکو رۆژانی پێش پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە، پرسەکە تێچووی بەرمیلێک نەوت بووە، بەڵام ئێستا پرسەکە بۆ کۆمپانیاکان قەرزی شەش مانگی پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتە، بۆ هەرێمی کوردستان بڕی پێداویستی ناوخۆ و بۆ بەغداش هەرچی زووە هەناردەکردنەوەیە، چونکە ئیدارەی ترەمپ داوای لێدەکات.

Share this Post

شرۆڤە