شرۆڤە

ئایا نەوت و گاز دەتوانێت ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە جیۆپۆلتیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؟

25-10-2022


بەرایی

لەم شرۆڤەیەدا پێداچوونەوە بۆ کورتە بابەتێک دەکەم کە لەلایەن، پسپۆڕێكی بەناوبانگی پرسی کورد دەربارەی کاریگەری گۆڕانکارییەکانی وزەی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی.  بابەتەکە بە تایبەت باس لە پێشهاتەکانی دوای رێکەوتنی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2013 دەکات.  هەوڵدەدەم نووسراوەکە وەک پێشمەرجێک بۆ کات و شوێنی ستراتیژی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەکاربهێنم وهەروەها پەیوەندییەکانی وزە و کەسایەتی کورد لەگەڵ کەسانی دیکەدا شیبکەمەوە. رەنگە گاز خاڵێکی وەرچەرخانی بەهێزتر بێت لە نەوت،  بۆیە پێناچێت پشتبەستن بە تورکیا ئەنجامی خوازراوی هەبێت. لەو کاتەی پرۆفیسۆر ستانسفێڵد ئەم بابەتەی نووسی، تورکیا سیاسەتی "دەوڵەتی بازرگانی" پێڕەو دەكرد؛ سیاسەتێک کە زۆری نەخایاند. هەڵبەت شرۆڤەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەک رووداوی سیاسی لە دەیەی رابردوودا، ئەوە سەلمێندراوە کە بابەتی وزەی هەرێمی کوردستان شتێکی فرەرەهەند و زۆر ئاڵۆزە.

پاشخان:

بۆ کورد، سەرەتا پرسی نەوت و دواتریش گاز، هەمیشە تەنیا وەك سەرچاوەیەکی وزە یان سەرچاوەیەکی دارایی تەماشا نەکراوە، بەڵکو لە چەندین دیدگای دیکەوە سەیرکراوە. ساڵی 1904، بۆ یەکەمجار لە ناوچەیەکی سنووریی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، لە کوردستان نەوت دۆزرایەوە. کورد و نەوت پێوەندییەکی درێژخایەن، ئاڵۆز و ئەفسانە بە یەکیان دەبەستێتەوە. پێوەندییەک کە ئیمپراتۆریاکان، زلهێزەكانی جیهان و چەند کۆمپانیاییەکی فرەنەتەوەیی لەخۆدەگرێت[2]. ئەو مێژووە دوور و درێژە وادەکات کورد، نەوت بە ئامرازی سەرەکی دروستکردن و لەناوبردنی دەسەڵات و قەوارەکان دابنێت.

ئەم فۆرمولەیە دەبێتە بناخەی کورتە نووسراوێک کە ساڵی 2014 لەلایەن پرۆفیسۆر گاریس ستانسفیڵدەوە نووسراوە. گاریس یەکێک بوو لەو کەسانەی لە دوای ساڵی 1991 لە نزیکەوە و بەفراوانی، کاری لەسەر پرسی کورد لە عێراق کردووە. زۆرجاریش نووسینەکانی بە تێڕوانینێکی گەشبینانەوە نووسراون. بابەتەکەی گاریس بە ناونیشانی "کاریگەری گۆڕانکارییەکانی ستراتیژی نەوت و غازی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق"،  لە وێبسایتی Sciencespo: Center de Recherches Internationales[3] بڵاوکرایەوە. خاڵە سەرەکییەکانی بابەتەکە بریتی بوون لە:

  1. کورد بە دەگمەن بەشێک بووە لەو چالاکی و کردارانەی کە رەنگە بە خاڵی وەرچەرخان، گۆڕان و کاریگەر هەژماربکرێن. بە شێوازێک کە دەکرێت کورد کاریگەرییەکی سیاسی و ئابووری فراوانتری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت.
  2. رەنگە بە هۆی گەشە و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان ئەم دۆخە تایبەتە بچێتە خانەی مێژوەوە. بە زمانێکی تر ڕەنگە گۆڕانکارییەکان وەرچەرخان بە سەر دۆخی مێژویی کورددا بهێنن. 
  3. پێشبینی دەکرێت کاریگەری گۆڕانکارییەکانی گەشەکردنی پرسی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە دوای واژوکردنی رێککەوتننامەی هەولێر و ئەنقەرە لە نۆڤەمبەری 2013 بەهێزبن دەرهاوێشتەکانی ئەو رێککەوتنە تەنیا کاریگەری لەسەر شیوازی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەت نابێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر سیستەمی دەوڵەتداری لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە دەبێت.

دوای نزیکەی دەیەیەک لە رێککەوتنەکەی هەرێمی کوردستان و تورکیا، لە دیدگەی گاریسەوە دووبارە پێداچوونەوەیەک بۆ ئەم بووچوونە دەکەین و لە خۆمان دەپرسین، ئایا دەکرێت نەوت و گاز (وزە) گۆڕانکاری بەسەر بارودۆخی کورد بە تایبەت لە نێو هەرێمی کوردستان و ئاستێکی هەرێمیی فراوانتر دروستبکات؟ چین ئەو ئاڵنگارییانەی گاریس پێشبینی دەکرد رووبەڕووی ئەم پرسە ببنەوە؟ ئایا هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە بووەتەوە یان گۆڕانگارییەک روویداوە؟ ئایا دۆخی ناوخۆیی، نیشتیمانی، هەرێمی و نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەو جۆرە گۆڕانکارییەدایە یان نا؟ گاریس لە هەڵسەنگاندنەکەیدا پشتی بە رێککەوتنەکەی هەرێمی کوردستان و تورکیا بەست؛ ئەو رێککەوتنەی كە سەرەتاکانی نۆڤەمبەری ساڵی 2013 واژوکرا و لەسەر ئاستی نێوخۆیی بە رێککەوتنە 50 ساڵییەکە ناسراوە [4].

لە دیدگای گاریسەوە، "رێککەوتنەکە فاکتۆرێکی وەرچەرخانی نوێ بوو لە چۆنێتی تەماشاکردنی ئەنقەرە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق كە تازە سەرهەڵیداوە. ئەمەش لە دەرئەنجامی کەمی وزەی تورکیا و زۆریی یەدەگە هایدرۆکاربۆنییەکانی هەرێمی کوردستانە". گاریس لە نووسراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا تەنیا لایەنێک بوو دەیگوت، "لە هەلومەرجی گونجاودا، پشتگیری لە سەربەخۆیی حکومەتی هەرێم دەکات" [5]. بەڵام لە پاییزی 2014دا تورکیا بە هەولێری راگەیاند کە ئەو پشتگیری لە هەوڵەکانی کورد بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی ناکات.

چی گۆڕا؟

لە نزیکەی یەک دەیەدا، دوو رووداوی سیاسی کاریگەر روویاندا. یەکەمیان دروستبوون و لە ناوچوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا و دووەمیشیان گشتپرسی بوو لە ساڵی 2017. ئەم دوو رووداوە بە رووداوی سیاسیی دەبینین [6]. رووداوی دووەم کە گشتپرسییە، رووداوێک بوو کە گۆڕانکاری بەسەر چەمکی پەیوەندیکردن، رێڕەوەکان و دامەزراوەکانی هێنایە ئاراوە. دوو رووداوە سیاسییەکە نوخبەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی ناچارکرد کە تاکتیکی خۆیان بگۆڕن. دەکرێت ئەو دوو رووداوە بە دوو پێشهاتی دژ بە یەک ببینرێن. لە کاتێکدا ئامانجی شەڕی داعش لاوازکردن یان بگرە لەناوبردنی کورد بوو، بەڵام ئەو شەڕە کوردی بەهێز کرد. لە لایەکی دیکەشەوە گشتپرسی کە بڕیار بوو کورد بەهێز بکات، دەرهاوێشتەکانی بەپێی خواستی کورد نەبوون.

ئەو دوو رووداوە سیاسییە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر دۆخی حكومەتی هەرێمی کوردستان و ئەگەری روودانی گۆڕانكاری هەیە. لە ئەنجامدا گۆڕانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی فراوانە و تەنیا بریتیی نییە لە هەبوونی یاخود بنیاتنانی کەرتی وزە.

په‌یوه‌ندییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ نوێ كرایه‌وه‌ و زه‌مینه‌سازی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی درێژخایه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای هاوكاری ئه‌منی، مه‌ده‌نی و سه‌ربازی دانرا. سوپایەکی مۆدێرن پێویستە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی هەبێت یان بۆ ئەوەی بە گۆڕانکارییە راستەقینەکان تێپەڕببێت. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین شەڕی داعش یارمەتی پرۆسەی گۆڕانی داوە. بە کورتی، شەڕی داعش کوردەکانی گۆڕی بۆ هاوبەشی نێوخۆیی. لە کاتێکدا پێشتر کورد وەک چۆن هێنری کیسینجەر لە یاداشتێکی ساڵی 1973دا ئاماژەی پێکردووە [7]، ئامرازی لاوازتر بوون کە بۆ یارییەکانی شەترەنجی جیۆپۆلیتیک بەکاردەهێنران.

له‌ كاتی شه‌ڕه‌كه‌دا كورد سوودی له‌ ته‌كنیكی مۆدێرن بۆ دروستكردنی سوپا لە رێگەی راهێنان، فیرکردنی سەرکردایەتی و دروستکردنی عەقیدەیەک لە نێوانیاندا وەرگرت.

لەبەرامبەردا دەرهاوێشتەکانی گشتپرسی بە پێچەوانە بوون. ئەگەر گاریس چاوەڕێی ئەوەی دەکرد کە تورکیا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر کورد لە دوای رێککەوتنی وزە بگۆڕێت، ئەوە گشتپرسی سەلماندی کە بۆچوونەکەی گاریس هەڵە بوو. گشتپرسی نزیکبوونەوەیەکی دەگمەنی لە نێوان تورکیا و رەکابەرە ناوەچەییەکەی، ئێران دروستکرد. ئەمەش لە رێگای پاڵپشتی ئەو دوو وڵاتە بوو لە وەڵامە توندەکەی بەغدا سەبارەت بە گشتپرسی [8]. تاوەکو کاتی گشتپرسی ، نەوت سەرچاوەی سەروەت و سامانی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. سەرچاوە نەوتییەکان تەرخان کرابوون بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی [9]. قۆناغی دوای سەربەخۆییش لەبەر دوو هۆکار سەرنجراکێشە. یەکەم کەمکردنەوەی جەختکردن لەسەر سەربەخۆیی و دووەمیش دەرکەوتنی غاز وەک یەدەکێکی جێگرەوە بۆ نەوت.

بەخێربێن بۆ سەردەمی گاز!

گازی سرووشتی لە دەیەکانی رابردوودا وەک سەرچاوەیەکی بەرچاوی وزە سەریهەڵدایەوە. بەپێی دامەزراوەی بەیکەر، تایبەت بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر کەرتی نەوت و گاز،  "دراماتیکترین پێشهاتەکانی وزە لە ساڵانی رابردوو، لەبواری گازی سرووشتی روویانداوە [10]". هەروەها فراوانبوونی بازرگانی بە LNG ناسراو بە گازی شلکراو یارمەتیدەر بووە لە پەرەپێدان و فراونکردنی بازاڕێکی نوێی نێودەوڵەتی گاز. پێشتر گاز سەرچاوەیەک بوو بۆ ناوخۆ و گواستنەوەی قورس بوو. بەڵام ئەم فراوانبوونە وایکرد گازی سرووشتی ببێتە کاڵایەک کە خواستێکی جیهانی زیاتری لەسەر بێت. شەڕی رووسیا و ئۆکرایناش لە ساڵی 2022 جیۆپۆلتیکی وزەی زیاتر هێنایە پێشەوە و دیمەنەکەی ئاڵۆزتر کرد. یەکێتی ئەوروپا لە دوای ئەو شەڕەوە چیدیكە رووسیا وەک هاوبەشێک نابینێت کە بتوانێت لە پرسی گازی سرووشتیدا پشتی پێ ببەستێت، هەر بۆیە ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان "توانای یارمەتیدانی ئەوروپای لەڕووی وزەوە هەیە". [11]

پێموایە گاز لە رووی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە رۆڵی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگترینە. راکێشانی بۆری و دروستکردنی جگە لەوەی زۆر گرانە، کاتێکی زۆری پێویستە. تایبەتمەندی تێچوو و کاتی پێویست وا دەکات دۆخێک دروستبکات کە وڵاتان ناچار بن پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ یەکدی هەبێت. هەروەها پێویستە گرنگیپێدانێکی بەرچاوی سیاسی بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامبوونی رۆیشتنی گاز هەبێت. ئەو بۆرییانە دەبنە هۆکاری بنیاتنانی پەیوەندییەکی درێژخایەن لەڕووی ئابووری و سیاسەتی ئەمنییەوە. گاریس لەو کاتەی بە گەشبینانە نووسراوەکەی نووسی، تەنیا گازی لە خەیاڵدا بوو.

بەڵام بۆ ئەوەی گازی هەرێمی کوردستان ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەبێت هەرێمی کوردستان پشت بە تورکیا ببەستێت لەو پرسەدا. هەر چەندە ئەمە لە کاتێکدایە کورد چەندین جار لە دەیەی رابردوو دژی ئەم پشتبەستنە وەستاون. تورکیا رەنگە نیازی کڕینی گازی هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام لە روی جیۆپۆلیتیک و سیاسەتی نێوخۆییە تورکیا چی دی دەوڵەتێکی بازرگانی نییە [12] وەک ئەوەی جاران گریمانەی بۆ دەکرا.

بە پێچەوانەی دەوڵەتی سەربازی یان فۆرمەکانی دیکەی دەوڵەت، دەوڵەتی بازرگانی "دەتوانێت رێژەیەکی فراوانتر لە ئەکتەرەکان لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە یان یارییە دیپلۆماسییەکان بەشداری پێبکات و بەرژەوەندی و ئەولەویەتەکانیان تەواو جیاوازن بن لە بەرژەوەندی داڕێژەرانی کلاسیکەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا". دەرئەنجامی ئەوەش وا دەکات هەبوونی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی دەرواسێی تورکیا بابەتێکی گرنگی سیاسەتی وڵاتەکە بێت. ئەو کاتەی تورکیا هەوڵی دەدا ببێتە دەوڵەتێکی بازرگانی، نەیدەویست هیچ کێشەیەک لەگەڵ دراوسێیەکانی دروستبکات [13]. رۆزکرانس [14] لە کتێبەکەی بە ناونیشانی "سەرهەڵدانی دەوڵەتی مەجازی"  جەختی لەوە کردەوە کە چۆن بەردەوامیی بازرگانی لە نێوان وڵاتاندا دەبێتە هۆکاری چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە نێوان دەراوسێکان و دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ گەشەکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان. هەموو ئەمانە بوونە سەرابێک یان هیچ نەبێت سیاسەتێکی کورتخایەن.

ئەمەش تەواوی بۆچوونی گاریس رەتدەکاتەوە و بەناڕاست دایدەنێت، هیچ نەبێت لە ئێستادا و لە داهاتوویەکی نزیكیش. دەرکەوت وزەی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت گازەکەی پێویستی بە چەند فاکتەرێکە بۆ گەیاندنی. هەبوونی رکابەر و نەیار پرۆسەکە بۆ هەرێمی کوردستانیش ئاڵۆزتر دەکات. بۆ نموونە، لەبەر دوو هۆکار، وڵاتانی رکابەری وەک ئێران و رووسیا دژ لە پرۆسەی گەشەکردنی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەوەستن، هۆکارەکانی دژایەتیشیان ئابووری و جیوسیاسین. ئێران گازی هەرێمی کوردستان وەک رکابەرێک بۆ گازەکەی خۆی لە عێراقدا دەبینێت. لەم دواییانەشدا، ئێران خاڵێکی دیکەی بۆ ئەم خاڵانەی زیادکرد و ئەوەش بریتییە لە بەستنەوەی گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەمریکا و ئیسرائیل. دەبێت نوخبەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدا بێت بۆ ئاساییكردنی پەیوەندییەکانیان لەمبارەوەیە لەگەڵ ئێران.

سەرەڕای گرنگییەکەی تورکیا لەم پرسەدا، کوردستان ناتوانێت تەنیا پشت بەوە ببەستێت. ئەم هاوکێشەیە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە بگرە بۆ وڵاتانی دیکەش راستە. لەگەڵ روودانی گۆڕانکاری لە سیاسەتی جیهانیدا، ئەم پرسە ئاڵۆزتر دەبێت. وزە بووتە ناوەندێک بۆ گفتوگۆ، بوونی وزەش لەم ناوەندە بەردەوام دەبێت. وزە رۆژ لە دوای رۆژ گرنگتر دەبێت و خواست لەسەری زیاددەکات. ئەمەش ئەستێرەی کوردستان دەگەشێنێتەوە و لە هەمان کاتدا سەرنجی نەخوازراویش بۆ لای خۆی رادەکێشێت.

ئەمریکا پاڵپشتێکی دیاری گازی هەرێمی کوردستانە و لەرووی دارایی، پشتیوانی وهەڵوێستەوە پاڵپشتی خۆی نیشانداوە [15]. رەنگە ئەمەش رەهەندێکی نێوخۆیی، لەگەڵ چەند رەهەندێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی گرنگتریشی هەبێت.

کۆتایی

لە ڕوی مێژوییەوە، وزە هۆکاری سەرەکی نەبونی ستاتۆیەک بوو بۆ کورد لە عێراق. ئایا دوای خاوەندارێتی کورد بۆ سەرچاوەکانی خۆی هاوکێشەکە دەگۆڕێت؟ دیارە کارکردن تەنیا لەسەر وزە بەس نییە بۆ ئەوەی وزە ببێتە ئامرازێکی وەرچەرخان، بەڵکو پێویستە سیاسەتی دروست، هاوسەنگی نێوخۆیی و پشتیوانی کۆمەڵگە هەبێت بۆ دروستکردنی ئەو وەرچەرخانە.

 هەرێمی کوردستان نەوت و گازی سروشتی هەیە. ئەم سەرچاوانە گرنگی و بایەخیان زیاترن لەوەی تەنها سەرچاوەی وزەبن. مێژووی وزەی کوردستان دەکرێ بەسەر دوو قۆناغی نەوت و غازدا دابەش بکرێت. لەگەڵ شەڕەکانی بەدیهێنانی سەربەخۆیی، سەردەمی سیاسەتی نەوتی کۆتایی پێهات. لێرەوە گاز گەشەی کرد و بووە مێژوویەکی زۆر جیاواز. ئایا گاز دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی پەیوەندی؟ پەرەسەندنی كەرتی غازی كوردستان، لەلایەن زلهێزە هەرێمییەكانەوە وەك بەشێك لە بەهێزكردنی حكومەتی هەرێمی کوردستان سەیر دەكرێت. گاز لە رووی جیۆپۆلیتیکەوە بەنرخترە لە نەوت. لەهەر کاتێکدا دەتوانرا پەیوەندی نەوت بە زیاتر لە شێوازێک کۆتایی پێبهێنرێت یان بە چەند شێوازێکی جیاواز بگوازرێتەوە. لەبەرامبەردا گواستنەوە و هەناردەکردنی گاز گرانە. گرێبەستە درێژخایەنەکانی گاز رێگای ئەو وڵاتانەی گاز هاوردە دەکەن قورس دەکات، بە شێوازێک کە نەتوانن لە داهاتوودا پەنا بۆ سەرچاویەکی دیکە ببەن یان سەرچاوەکانیان فراوانتر بکەن.

ئەمەش ئەرکی پەرەپێدان، بەبازاڕکردن گازی سرووشتی و سوود وەرگرتن لەڕووە جیۆپۆلتیکییەکەی ئاڵۆزتر دەکات. هەر وڵاتێکی نێو هاوکێشەکەش بەرژەوندی جیاوازیان لە پرسەکەدا هەیە و هەندێک جاریش دژی بەرژەوەندییەکانیانە.

یەکێک لەو تایبەتمەندییە جیاوازانەی جیۆپۆلیتیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە قورسی پاراستنی پەیوەندییەکی یەکسان لەگەڵ زیاتر لە وڵاتێکی دراوسێ لە یەک کاتدا. بۆ نموونە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی پەیوەندیی هەولێر و بەغدا پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و تورکیایە. ئەمەش بە تایبەتی کاتێک قورسە کە وڵاتانی دراوسێ وەک ئێران و تورکیا رکابەری جیۆپۆلەتیکییان لە نێواندا هەیە. جگە لەوەش، سیاسەتی ناوخۆیی بەردی بناغەی هەر ئامانجێکی جیۆپۆلیتیکە، بە تایبەت لە رووی گازەوە، لەبەر ئەوەی گەیاندنی غاز پێویستی بە سەقامگیریی درێژخایەن هەیە.

گاز دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی سەقامگیری و پەیوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەوروپا. یەکێتی ئەوروپا لە بڕی ئەوەی بلیونان دۆلار لەو بوارانەدا خەرج بکات کە لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتری درێژیان دەکاتەوە و ئاڵۆزیان دەکات، دەتوانێت وەبەرهێنان لە کوردستان و عێراقدا بکات لە بواری وزەدا بکات لە ئەنجامدا سەرچاوەیەکی تری غاز دەستەبەر بکات و کاریگەریی سیاسی یەکێتی ئەوروپا  زیاتر بکات.

سەرچاوەکان:

[1] https://www.bp.com/en/global/corporate/who-we-are/our-history/first-oil.html

[2] Black, Edwin. 2004. Banking on Bagdad: Inside Iraq’s 7,000-Year History of War, Profit, and Conflict. Wily.

[3] https://www.sciencespo.fr/ceri/fr/content/dossiersduceri/transformational-effects-oil-and-gas-strategy-kurdistan-regional-government-iraq

[4] https://www.hurriyetdailynews.com/turkey-iraqi-kurdistan-agree-on-50-year-energy-accord-67428

[5] https://www.brookings.edu/blog/markaz/2014/12/03/five-reasons-for-the-iraqi-kurdish-oil-deal/

[6] https://muse.jhu.edu/article/249196

[7] https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76v27/d24

[8] https://www.csis.org/analysis/turkey-and-krg-after-referendum-blocking-path-independence

[9] https://brill.com/view/journals/ic/26/2/article-p183_7.xml

[10] https://www.bakerinstitute.org/event/geopolitics-natural-gas

[11] https://www.reuters.com/world/middle-east/iraqi-kurdistan-has-energy-capacity-help-europe-says-iraqi-kurdish-pm-2022-03-28/

[12] https://www.esiweb.org/pdf/news_id_412_5%20-%20Article%20Kemal%20Kirisci.pdf

[13] https://www.mfa.gov.tr/policy-of-zero-problems-with-our-neighbors.en.mfa

[14] https://library.fes.de/libalt/journals/swetsfulltext/14058132.pdf

[15] Matthew Zais, Barozh Aziz, Rob Waller, Gas in Iraqi Kurdistan: Market Realities, Geopolitical Opportunities, The Washington Institute for Near East Studies, Jan 21, 2021: https://cutt.ly/lXLO0zV

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە