شرۆڤە

بەردەوامیی خۆپیشاندانەكانی ژینا و هێرشەكانی ئێران

14-11-2022


بەرایی

لەكاتێكدا كە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی 2022ی ئێران پێی ناوەتە دوو مانگەی خۆی، سوپای پاسداران لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا، بۆ جاری دووەم لە سێ شوێنی جیاوازەوە، بە پاساوی حیزبەكانی رۆژهەڵات هێرشی كردەوە سەر خاكی هەرێمی كوردستان. ئەمەش دوای ئەوە هات لە رۆژانی رابردوودا هەریەك لە فەرماندی سوپای پاسداران و وەزیری هەواڵگری ئێران هەڕەشەیان لە چەند وڵاتێكی ناوچەكە و جیهان كردبوو لەسەرئەوەی كە بە دەستوەردان لە خۆپیشاندانەكان ناویان نابوو.

 خۆپیشاندانەكانی ژینا ئیدی تەنیا خۆپیشاندانێكی ئاسایی نیە، بەڵكوو بووەتە درێژخایەنترین قەیرانی سیاسی لە ماوەی 43 ساڵی رابردووی ئێران و حكومەتیش تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە كۆنترۆڵی بكات. وادیارە ستراتیژی سەرەكی حكومەت ئەوەیە كە خۆپیشاندانەكان لەلایەك بە كاری دەوڵەتان نیشانبدات و لەلاكەی دیكەش روخسارێكی لۆكاڵی بوونیان بۆ وێنا بكات. ئا لێرەوەیە كە خۆپیشاندان و هێرشەكان بە یەك دەبەسترێنەوە. هەرچەند فاكتەری جیاجیا هەن، بەڵام ئەمە یەكیك لە گرنگترینەكانیانە و هەر لەو چوارچێوەیەشدا، دوێنێ وەفدێكی رابەری ئێران چووەتە بەلوچستان بۆ دیالۆگ و "دڵنەوایی" و، ئەمڕۆش موشەك و درۆنەكانی سوپای بە كوردستانەوە ناوە. بۆیە لە كار و كاردانەوەكانیشدا زیاتر تەركیزی لەسەر ئەو دوو شوێنەیە!

لە بەلوچستان دیالۆگ و لە كوردستان هێرش

خۆپیشاندانەکان لە بەلوچستان رەنگێکی مەزهەبی گرتووە و مەولەوی عەبدولحەمید خەریکە وەک سەرکردەی سوننەکانی ئێران دەردەکەوێت كە گوتارێكی میانەڕەوانە و ئازادیخوازانەی هەبێت. سەرەڕای ئەوەی کە بۆخۆی حەنەفییە، بەشێك لە سوننەی شافعی و پیاوانی ئایینی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تایبەت مەکتەبی قورئان باڵی حەسەنی ئەمینی پشتی دەگرن. هەڵبەت لەوێ هێشتا رەنگی نەتەوەیی بەسەر خۆپیشاندانەكاندا زاڵترە و هەوڵەكانی زیاتر لە 4 دەیەی رابردووی ئێران بۆ كەمڕەنگ كردنەوەی خواستی نەتەوەیی لە كوردستان سەرینەگرتووەو خۆپیشاندانەكانی ژینا ئەوەیان بەهێزتر كردەوە. مەولەوی عەبدولحەمید بوەتە سەرکردەیەک کە رۆژەڤ دیاری دەکات بە تایبەت دوای ئەو دۆعا بە ناوبانگەی كە بۆ ئازادی كردی و ئەو داوایەی بۆ ریفراندۆم پێشی خست و پاش ئەوەی كە داوای سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەرانی كرد، لە مەلای مزگەوتێكەوە بۆ سەركردەی بزاڤێكی سیاسی كاریگەر وەرگۆڕا كە دواجار، سەرەڕای  هەمو ئەو قسە و باسانەی كە لە تەفزیۆنەكانی ئێران لە دژی دەكران، وەفدێكی رابەری ئێران چووە سیستان و بەلوچستان و دیداری لەگەڵ كرد. لە دوای لابردنی فەرماندەی هێزی پۆلیسی سیستان و بەلوچستان، دەشێ ئەمە گرنگترین پاشەكشەی دەوڵەت بێت بەرامبەر ناڕازی و خۆپیشاندەران.

هەرچەند كوڕی شای ئێران لە سەرەتاكانەوە هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی كە وەك سەركردەیەكی بێ ئەملاولای رەوتی خۆپیشاندانەكان دەركەوێت بەڵام، پێدەچێ ئەمە سەرینەگرتبێت، چونكە سەرەڕای هەمو شتێك، ئەو دروشمانە كەم نەبوون كە دژی گەڕانەوەی پادشایەتین لە ئێران. وادیارە هەر لە نێوخۆش خۆپیشاندانەکان لیدەرو رێکخستنی دیاریکراویان نییە و ئەمەش کاری حکومەتی بۆ کۆنترۆڵکردنیان سەخت کردووە. وەزیری ئیتلاعاتی ئیرانیش بۆخۆی بە وێبساتی رابەری وڵاتەكەی گوتبوو كە خۆپیشاندانی ئەم جارە ئاسۆیین و ئاسان نییە لیدەرەكانیان بدۆزرێنەوە.

 لە ماوەی نزیکەی دوو مانگی رابردوودا ئەحمەدی نەژاد، زۆرێک لە مەرجەعە ئاینییەكانی شیعە، لاریجانییەكان، بەشێکی زۆر لە فەرماندەکانی پێشووی سوپا، رۆحانی ، تەنانەت خاتەمی و... یان بێدەنگ بوون یان تەنیا جارێک، پشتی حکومەتیان گرتووە و زۆریش لەسەری نەڕۆیشتون. ئەمەش نیشانەیەكی روونی دوودڵی ئەوانە لەو دۆخەی كە ئێستا لە ئارادایە. خۆپیشاندانەكان، ریفۆرمخوازەكانی ئێرانیشی كردووە بە دوو دەستە. بەشێكیان سەرەتا بەجۆرێك پشتی خۆپیشاندەرانیان دەگرت، دواتر بێدەنگ بوون، بەڵام بەمدواییانە دیسان دەستەیەكی دیكەیان پشتگیری لە خۆپیشاندەران دەكەن و داوای هەڵوێستی روونی مەرجەعە دینییەكان دەکەن. هەندێكیان داوایان كردووە حكومەت ریفۆرم بكات و داوای لێبوردنیش لە خۆپیشاندەران بکات. بەیاننامەی ئەم دواییەی ئیسڵاح تەڵەبەکان سەرەڕای ئەوەی كە هەوڵی داوە بۆ ئەوەی رووی دیالۆگی لەگەڵ حكومەت بێت و خۆی وەك ئەدرێسی چارەسەركردنی كێشەكان پیشانبدات، ویستوویانە نەشیش بسووتێنن نە كەباب. باسی جەماوەری بوونی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی ئێرانیشیان كردووە. حكومەتیش هەر لەسەر بۆچوونی خۆیەتی و سوورە لەسەر ئەوەی كە خۆپیشاندانەكان وەك كاری دەرەكی ناوبنێت و چەندین جاریش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی كردووە. دیارە بەردەوام لە میدیاكانی نزیكی حكومەتیشەوە هەرێمی كوردستان لە ریزی ئەو شوێنە دەرەكییانەیە هەژمار دەكەن كە بە گوتەی خۆیان دەست لە خۆپیشاندانەكان وەردەدەن.

خاڵێكی گرنگ لێرەدا ئەوەیە كە لەدوای ئاشکرابوونی هەڵوێستی ئێران بۆ پشتیوانی رووسیا لە شەڕی ئۆکراینا، خەریكە وەرچەرخانێكیش لە هەڵوێستی ئەورووپا و ئەمریكا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان دروست دەبێت. ئەڵمانیا جەخت لە سزادانی زیاتری بەرپرسانی ئێران دەكات و پێدەچێت فەرەنساش لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دانیشێت و خوازیاری هەمان ئەو رۆڵەی زیاتر لە 4 دەیەی پێش ئێستای خۆی بێت كە لە گۆڕانی رژیمی پێشووی ئێراندا گێڕابووی. ئازەربایجان بۆ جاری یەکەم بە ئاشکرا باسی مافی ئازەرییەکان لە ئێران دەکات و ئیلهام عەلیێف گوتوویەتی "مافی ئازەرییەكان لە هەر شوێنێك بن خەمی ئێمەیە". هاوكات لەگەڵ ئەوانەشدا، گەڕانەوەی نەتانیاهۆ لە ئیسرائیل و، ساردبوونی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی و گوێنەدانی سعودیە بەو هەڕەشانەی كە تاران لێی دەكات لە ریزی ئەو فاكتەرە دەرەكییانەن كە وادەكەن حكومەتی تاران جارێكی دیكە خواستی پیشاندانی توانای سەربازی خۆی هەبێت. هەڵبەت بەهۆی ئەو پاڵپشتییەی كە ئەمریكا بۆ پاراستنی هاوپەیمانەكانی دووپاتی كردۆتەوە، پێدەچێت كارێكی ئاسان نەبێت بۆ ئێران لانیكەم سەرەتا هیرش بكاتە سەر سعودیە. فڕۆكەی بی 52ی ئەمریكا بەمدواییانە لە ناوچەكە سووڕاونەتەوە و فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانیش گوتوویەتی "دوژمنانمان،  گوتوویانە لێمان مەدەن" بۆیە باشترین شوێن بۆ ئەوان تاوەکو هێرش بکەنە سەری و  توانای خۆیان پیشانبدەن، وەك زۆرجاری دیكەش هەر هەرێمی كوردستان بوو.

دوو مانگ خۆپیشاندانی بەردەوام

لەماوەی دوو مانگی رابردوودا لانیكەم لە 80 شار و شارۆچكەی گەورە و بچووكی ئێران دا خۆپیشاندان كراوە و لە 25 دانەیاندا بە رۆژان خۆپیشاندان كراون. بە پێی ریزبەندی، سنە نزیكەی دوومانگ، تاران بە 32 رۆژ، ئیسفەهان 18، مەشهەد 14، سەقز 14، شیراز 10، رەشت و زاهیدانیش بە 9 رۆژوە لەو شوێنانەن كە زۆرترین جار خۆپیشاندانیان تێدا كراوە.  بەپێی ئەو ئامارانەی كۆمان كردوونەتەوە، لانیكەم لە 36 رۆژی ئەو دوو مانگەدا، هەر جارەوە خۆپیشاندان لە زیاتر لە 10 شوێنی جیاجیای ئێران كراوە. كۆتاییەكانی سێپتەمبەر، ناوەڕاست و كۆتایی ئۆكتۆبەر لە گەرمترین و بەربڵاوترین رۆژانی خۆپیشاندان بوون لە ئێران، بە جۆرێك كە لە26ی ئۆكتۆبەردا لە زیاتر لە 40 شارو شاروچكەی جیاوازی ئێران خۆپیشاندان كراون.

 لە رۆژانی سەرەتا و كۆتاییەكانی ئەو دوو مانگەدا، خۆپیشاندانەكان زیاتر لە ناوچەكانی كوردستان و بەلوچستان چڕبوونەتەوە و خۆپیشاندانی باقی ناوچەكانی دیكەش زیاتر لە مانگی ئۆكتۆبەردا بوون. لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە نزیكەیی هەموو رۆژێک و لە بەلوچستانیش هەموو هەینییەك رووداوی گرنگی تایبەت بە خۆپیشاندانەكان روودەدەن. هەڵبەت كاردانەوەكانی حكومەتیش زیاتر لەم دوو شوێنە بەرجەستە دەكرێنەوە و، لەوانەیە هۆكارێكی ئەمەش بۆ ئەوە بێت كە حکومەت بێ مەیل نەبێت بۆ ئەوەی خۆپیشاندان و رووداوەكانی ئەو شوێنانە دەربخات تا رووخسارێكی لۆكاڵی و، ئەتنی یان مەزهەبییان پێبدات. بەڵام لەوانەیە ئەمە تاوەکو ئێستا سەری نەگرتبێت،  چونكە شارەكانی تاران و کەرەج و مەشهەد و ئیسفەهانیش بەردەوام ناڕەزاییان تێدا بووە تەنانەت ئەگەر لەڕووی جەماوەریشەوە هەموو كات فراوان نەبووبن

كۆتایی

سوپای پاسداران لە دوای هێرشەكەی 28ی سێپتەمبەری 2022 كە بە دەیان درۆن و موشەكەوە كردییە سەر هەرێمی كوردستان، باسی "راگرتنی مەرجداری" هێرشەكانی كردبوو. هەرچەند لەدوای هێرشەكان، پێشمەرگەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لانیكەم لە چوار خاڵی نزیكی سنوور نەماون كە ئێران پێیان هەستیار بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، جارێكی دیكە هێرشی كردەوە. پێدەچێت ئەمەش نەك تەنیا لەبەر بابەتی مانەوەی حیزبەكان لە هەرێمی كوردستان بووبێت كە زیاتر لە چەندین دەیە لێی بێدەنگ بووە و لەگەڵی هەڵی كردووە، بەڵكوو لەبەر بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان، گۆڕانی هەڵویستی  بەشێك لە وڵاتان بەرامبەر خۆپیشاندانەكان و، خواستی حكومەت بۆ لۆكاڵی پیشاندانی خۆپیشاندانەكانەوە سەرچاوەی گرتبێت.

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە