RRC|
مەحموود بابان* –ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |
به‌رایی
له‌ڕووی موڵه‌تدان، وه‌به‌رهێنان و كڕین و فرۆشتنه‌وه، كه‌رتی خانووبەرە ناڕوونی و ئاڵۆزییەکی پێوەدیارە کە بووەتەهۆی جیاوازی گەورە لەنیو شارەکان و لەکاری ئەو کەسانەی لەم كه‌رته‌دا کار دەکەن. لێرەدا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر جیاوازییەکانی نێوان هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بۆ خانووبەرە لە شێوازی کڕین و فرۆشتن له شوقه و خانوو و ڤیلا نوێیه‌كان دەكرێت و، لێكه‌وته‌كانی تێكه‌ڵیی کاری وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیا و نووسینگەکانی خانووبەرە (ده‌ڵاڵی خانووبه‌ر) و جیاوازی موڵەتدان بە پرۆژەکانی نیشته‌جبوون ده‌خرێنه‌ڕوو.
لەڕاستیدا جیاوازییەکان زۆرن، بەڵام ئەگەر کڕین و فرۆشتن بە نموونە وەربگرین، ئه‌وا دەردەکەوێت جیاوازییەکی گه‌وره له نێوان پارێزگاكاندا هه‌یه. بۆ نموونه لەپارێزگای سلێمانی، وەبەرهێنەر رێگە نادات هیچ نووسینگە و کۆمپانیایەکی خانووبەرە لەنیو پرۆژەکاندا شوێنی هەبێت و کار بکات، ئەگەر رێگه‌ش بدات، یەک شوێنی سەر بە کۆمپانیای وەبەرهێنەرەکەیە. بەپێچەوانەوە لە هەولێر سەرجەم کۆمپانیا و خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە دەتوانن کڕین و فرۆشتن بکەن، بگرە هەر لە سەرەتاوە خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە و کۆمپانیاکان پرۆژەکان دەکڕنەوە و لەبازاڕدا دەیفرۆشنەوە. لەکاتێکدا شێوازی کارکردن لە دهۆک تەواو جیاوازە و هیشتا لە دهۆک کۆمپانیاکانی خانووبەرە بۆ خۆیان پرۆژەکان دەفرۆشن. لەم راپۆرتەدا به‌وردی و ته‌نیا فۆکووس لەسەر ئەم سێ خاڵەی خوارەوە ده‌كه‌ین:
یەکەم: کێ وەبەرهێنەر و کێ دەڵاڵی خانووبەرەیە ؟
تێکەڵیی لەکاری وەبەرهێنەر و دەڵاڵی خانووبەرە یان رێکخەری کڕیار و فرۆشیار، بەشێوەیەکە ئێستا وەبەرهێنەر پرۆژەکان دروستدەکات، هەر بۆخۆی دەیفرۆشێت و بۆخۆشی سەرپەرشتی پرۆژەکە لەدوای ته‌وابوونی ده‌كات خزمەتگوزارییەکانی نیو پرۆژه‌كه‌ش بەڕێوه‌دەبات. كه ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه دێت كە له‌م سێكته‌ره‌دا وه‌به‌رهێنان به‌مانای بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری ناكرێت. هه‌ربۆیه‌ش وەبەرهێنەرێک لەکاتی ئەنجامدانی پرۆژەکەی بە کەرەستەی دیجیتاڵی وەک سریدی ماکس و ئۆتۆکاد لەجیهانی ڤیرچواڵ، ئەگەر کۆی یەکەکانی نەفرۆشتبێت ئەوا سەروو نیوەی فرۆشتووە. ئەمەش بەواتای ئەوە دێت لەم كەرتەدا وەبەرهێنان ناکرێت، بگرە پارەی نیوخۆی هاونیشتمانیان بۆ درووست‌کردنی کەلوپەلی باڵەخانە و تاوەر و خانووەکان وه‌رده‌گیرێت و ده‌كرێته باڵه‌خانه و دەڕواتە دەرەوە. بەپێی راپۆرتێکی رووداو لەدەرگای چوونە ژوورەوە بۆ كەرەستەی نێو خانوو و شوقەکان، نزیکەی 95%ی کۆی کەرەستە و ماددە بەکارهاتووەکان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت[1]. هەروەها، وەبەرهێنەر ئەگەر كاری وه‌به‌رهێنان بكات، ئه‌وا دەبێت پرۆژەکان دروستبکات و رادەستی بکات، نەک کاری کڕین و فرۆشتن لەنیو پرۆژەکاندا بکات. بەپێچەوانەوە خاوەن نووسینگە و کۆمپانیاکانی خانووبەرەش نابێت کڕینەوەی پرۆژەکان و فرۆشتنەوەی لەبازاڕدا بکات. چونكە تێكه‌ڵبوونی كاری وه‌به‌رهێنه‌ر و ده‌ڵاڵی خانووبه‌ره لێكه‌وته‌ی گه‌وره‌ی دەبێت، وه‌ك ته‌واونه‌كردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی خانووبه‌ره له هه‌رێمی كوردستان، كه دیارترینیان پرۆژه‌ی فلۆریا سیتییە.
دووەم: جیاوازییەکانی کاری کۆمپانیاکانی خانووبەرە
لەراستیدا، تاوەکو سەرەتای ساڵی رابردوو رێگە بەکردنەوەی کۆمپانیای خانووبەرە نەدەدرا لە سلێمانی، لەکاتێکدا یەك دەیە زیاترە کۆمپانیاکانی خانووبەرە لە هەولێر کاردەکەن. هەروەها، لەسلێمانی خاوەن پرۆژەکان لەکاتی کڕین و فرۆشتنی خانوو و شوقەکاندا بڕێک پارە لەجیاتی بەناوکردنی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە وەردەگرن کە بڕەکەی جیاوازە و تاوەکو نزیکەی 800 دۆلار و زیاتریش دەڕوات. لەڕاستیدا ئەم بڕە پارەیە لەسەروو ئەو 1%یە کە خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە لە کڕیار و فرۆشیاری وەردەگرن. ئەو بڕە پارەیەی وەردەگیرێت تەنیا بۆ گوڕینی ناوی خاوەندارێتی یەکەی نیشتەجێبوون لە کەسیکەوە بۆ کەسێکی دیکە له تۆماری كۆمپانیای وه‌به‌رهێنه‌ر، بەبێ ئەوەی لە هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمی حکومەتدا بەناوی كه‌سه‌كه‌وه کرابێت. بەگوتەی یەکێک لە خاوەن کۆمپانیاکانی خانووبەرە له سلێمانی بەتەنیا لە یەک یەکەی نیشتەجێبوون لە 2020دا، له‌كاتی كڕین و فرۆشتندا نزیکەی 10 هەزار دۆلار بە خاوەن وەبەرهێنەری پرۆژەکە دراوە کە چەند ساڵێکە پرۆژەکەی تەواوکردووە.
سێیەم: سێ شوێن یەک ئامانج: موڵەتدان بە پرۆژەکان
لەڕوویەکی دیکەوە کێشەیەکی دیکەی كەرتەی خانووبەرە پەیوەندی بە هاوئاهه‌نگی نێوان وەزارەتەکان و دەستە سەربەخۆکانەوە هەیە، بۆ نموونە لە پێدانی موڵەتی وەبەرهێنان بە كەرتی خانووبەرە و نیشتەجێبوون دوو وەزارەت و دەستەیه‌كی گشتی موڵه‌تی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ده‌دات. هەندێک پرۆژەی نیشتەجێبوون موڵەتەکانیان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وەرگرتووە، هەندێک پرۆژەش موڵەتیان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون وەرگرتووە، ئەوانی دیکەش لە دەستەی گشتی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی وه‌به‌رهێنانی پارێزگاکان موڵه‌تیان وەرگرتووە. کۆی ئەم ئاڵۆزییە و نەبوونی هاوئاهەنگی وایکردووە، چاودێری پرۆژه‌كان به‌و شێوازه‌ی موڵه‌تی وه‌رگرتووه نەكرێت و كۆی پێداویستییه‌كانی بۆ دابین نەكرێت. هه‌ربۆیه‌ش ئێستا تاوه‌ری بازرگانی ده‌كرێته یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و به‌پێچه‌وانه‌وه یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون ده‌كرێت به‌شوێنی بازرگانی و كۆمپانیاكان له ته‌نیشت ماڵه‌كانن، هه‌ر ئه‌م تێكه‌ڵاوی و زۆرییەی شوێنه‌كانی موڵه‌تدان، وایكردووه نه‌توانرێت ئامارێكی دروستیش هه‌بێت، چ جای ئەوەی په‌یڕه‌وی سیستمی یەک پەنجەرە بۆ راییکردنی مامەڵەی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان بكرێت.
هەروەها، رۆژ بە رۆژ ژمارەی نووسینگە و کۆمپانیاکانی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە، ئەمە سەرەڕای پەیجە جیاوازەکانی سۆشیال میدیا و ئەپڵیکەیشنە جیاوازەکان، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان تاوەکو ئێستا ژمارەی کۆمپانیا و نووسینگەکانی خانووبەرە بەشێوەیەک زیادیکردووە كە گەیشتووەتە 5854 نووسینگە و کۆمپانیای خانووبەرە. هەندێک لە کۆمپانیاکان ژمارەی لقەکانیان لەنیو یەک شاردا لەسەرووی 25 لقەوەیە کە کاری کڕین، فرۆشتن و بەکرێدان ئەنجامدەده‌ن، لەڕاستیدا ئەم خێرا گەشەکردنه پەیوەندی بە فراوانبوونی خێرای كەرتی خانووبەرە و بڕی پارەی وەرگیراوە لە کڕیار و فرۆشیار هەیە، کە 1%ی، واتە ئەگەر خانوویەک یاخود شوقەیەک بە 100 هەزار دۆلار بێت، ئەوا کۆمپانیا و نووسینگەکانی خانووبەرە 1 هەزار لە کڕیار و 1 هەزار لە فرۆشیار وەردەگرن، ئەمە لەکاتێکدا خانوو و ڤیلاکانی هەندێک لەپرۆژەکانی نێشتەجێبوون لە سەروو نیو ملیۆن دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
كۆتایی
لەکۆتاییدا، رەنگە ئێستا زیانەکانی تێکەڵیی و ئاڵۆزیی كەرتی خانووبەرە لە چەند پرۆژەیەکدا بەڕوونی دەرکەوتبێت وەک پرۆژەکانی دەشتی بەهەشت و فلۆریا ستی لە هەولێر، کە کێشەکانی بەردەوامە و کڕیار نازانێت روو لە کێ بکات بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ی چه‌ندساڵێكه ده‌یان هه‌زار دۆلاری پێداوه. هەروەها پرۆژەی هاموون ستی[2] لە سلێمانی و هەندێك پرۆژەی دیکەی ئەم كەرتەش بەوجۆرەن. هەربۆیەش لێرەوە پێویستە رێکخستنەوەیەکی تەواو بۆ ئەم كەرتە بە دەرکردنی یاسایەکی نوێ و هەموارکردنەوەی یاسا کۆنەکان و رێکخستنەوەی کاری وەبەرهێنەر و کاری دەڵاڵی خانووبەرە (ئەوانەی لە نووسینگە و کۆمپانیاکانی خانووبەرە) بكرێت، ئه‌ویش به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی تاوەکو کێشەکان گەورە نەبوون و داڕمانی گەورەی ئابووری بەدوای خۆیدا نەهێناوە. وەک ئەوەی ئەمساڵ لە چین و بەسەر کۆمپانیای ئێڤێرگراند هات، کە 152مین گەورە کۆمپانیا گەورەی جیهان و خاوەندارێتی 1300 پرۆژەی نیشتەجێبوون لە چین دەکات و حکومەتی ناچارکرد دەستێوەردان بکات، چوونكە قەرزی لەسەر كەڵەكە بووە و قەیران لە كەرتی خانووبەرە دروستبووە[3].
سەرچاوەکان
[1] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0909202123
[2] https://www.rudaw.net/sorani/onair/tv/episodes/episode/berpirsiyar-13092021/13092021073402
[3] https://www.rudaw.net/sorani/opinion/221120212