RRC|
مەحموود بابان* –ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |
بەرایی
گۆڕانکاری گەورە بەسەر شوێنە بازرگانییەکاندا و ئەو ناوچانەی بە بازاڕ و دوکان و شوێنی ئاڵۆگوڕی بازرگانی دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان هاتووە، ئەویش بەهۆی دروستبوونی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە، ئەگەر لە کۆندا لە دیزاینی شارەکاندا شوێنی بازاڕ لە سەنتەری شارەکان دانرابێت، ئەوا ئەمڕۆ شەقامە سەرەکییەکانی هاتووچۆ و، تەنانەت نیو خودی پرۆژەکان بەهۆی بوونی دووکان بە بازاڕ و شوێنی بازرگانی دادەنرێت. ئێستا لەنیو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون نرخی یەک مەتر دووجا لە شەقامێکی سەرەکیدا کە دووکان و باڵەخانەی بازرگانی تێدایە نەک دوو هێندە و سێ هێندەی شوێنەکانی دیکەیە، بگرە لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون ئەو خانووانەشی دەکەونە سەر شەقامە سەرەکییەکان یاخود دەتوانرێت ئۆفیسی بازرگانی لێبکرێتەوە بۆ کۆمپانیا بەکاربهێنرێت نرخەکانیان ئەگەر دوو هێندەی هەمان رووبەری خانووی ناو پرۆژەکە نەبێت ئەوا ئەوەندە نیویەکی دەکات، لێرەدا و لە بەشی دەیەمی ئەم زنجیرە هەڵسەنگاندنەدا هەڵوەستە لەسەر رۆڵی پرۆژەکانی نێشتەجێبوون لە درووستبوونی شوێنە بازرگانییەکاندا (دوکان، بازاڕ و شەقامی بازرگانی)، دۆزراوەکانی نرخی شوێنە بازرگانییەکان لە شەقامە جیاوازەکانی پارێزگاکان و لێکەوتە باش و خراپەکانی ئەم تێکەڵاوییە دەکەین.
نرخی شوێنە بازرگانییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
بەشی چوارەمی لێکۆڵینەوەی بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان لەبارەی گۆڕانکارییەکان لەنرخی کڕین و فرۆشتن و بەکرێدانی شوێنی بازرگانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ، کە بەپێی دۆزراوەکان نرخی فرۆشتن و بەتایبەتیش نرخی بەکرێدان جیاوازییەکی گەورەی هەیە، بۆ نموونە بەرزترین نرخی کڕین و فرۆشتن لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە شەقامی مەولەوی لە سلێمانی، شەقامی ڤیتاڵ و دریم ستی لە هەولێر. هەروەها، لە سلێمانی شەقامە میلییە کۆنەکان تاوەکو شەقامە نوێیەکان کە بەهۆی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون درووستبووە بەهاکەی زیاترە و زیاتریش کرێ دەکات، لەکاتێکدا لە هەولێر شەقامە نوێیەکان بەتایبەتیش ئەوانەی لەنیو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کرێ زیاتر دەکەن و زووتریش بەکرێ دەدرێت، نرخی کرێ و کڕین و فرۆشتنیش بەشوێنە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان لەماوەی نێوان 2019 بۆ چارەکی یەکەمی 2021 بەرەو هەڵکشان رۆشتووە، بەشێوەیەک لەرووی کڕین و فرۆشتن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نرخی یەک مەتر دووجا لە 2019دا بە 2068.75 دۆلار و لە چارەکی یەکەمی 2021دا بەرزبووەتەوە بۆ 2400.00 دۆلار. هەروەها بەهەمان شێوەش بۆ کرێ روو لە بەرزبوونەوە بووە، بۆ کۆی زانیارییەکان لەبارەی پارێزگاکانەوە بڕوانە خشتەی یەکەم.
خشتەی 1: بازاڕی شوێنە بازرگانییەکان لەپارێزگاکان و هەرێمی کوردستان بۆ یەک مەتر دووجا بە دۆلار
ساڵ |
پارێزگاکان |
یەک مەتر دووجا* شوێنی بازرگانی (کڕین و فرۆشتن)/دۆلار |
یەک مەتر دووجا شوێنی بازرگانی (کرێ) / دۆلار |
2019 |
هەرێمی کوردستان |
2068.75 |
13.17 |
2019 |
هەولێر** |
2562.00 |
14.25 |
2019 |
سلێمانی |
2291.00 |
38.75 |
2019 |
دهۆک |
910.00 |
8.00 |
2020 |
هەرێمی کوردستان |
2150.00 |
14.88 |
2020 |
هەولێر |
2500.00 |
14.75 |
2020 |
سلێمانی |
2581.00 |
43.25 |
2020 |
دهۆک |
1090.00 |
9.00 |
2021 |
هەرێمی کوردستان |
2400.00 |
15.00 |
2021 |
هەولێر |
2755.00 |
15.00 |
2021 |
سلێمانی |
2625.00 |
43.75 |
2021 |
دهۆک |
981.00 |
10.00 |
سەرچاوە: بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان/2021
*نرخی یەک مەتر دووجا بە هاوبەش Median لەنێوان نرخە جیاوازەکاندا دۆزراوەتەوە.
** ژمارەی شوێنە بازرگانییەکانی هەولێر دوو هێندە و سێ هێندەی دهۆک زیاتر وەرگیراوە
هەروەها، جیاوازی گەورە لە بەکرێدان یاخود بەکرێ گرتنەوەی شوێنەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ نموونە لە سلێمانی و هەولێر جگە لە کرێ مانگانە، سەرقفڵانە هەیە و هەروەها زەوی شوێنە بازرگانییەکە یاخود هەیکەلەکەی دەدرێت بە خاوەنکار بۆ تەواوکردن و کارکردن بە هاوبەشی تێدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو (موساتەحە). کە ئەم جیاوازییانە لە مامەڵکردن بە موڵک و شوێنە بازرگانییەکان چ لەنیو پرۆژەکانی نێشتەجێبوون و یاخود ئەو شوێنانەی بەهۆی شەقامە نوێیەکان درووست دەبن ئاڵۆزییەکی گەورەی لە شارسازی و بنیاتنانی شارەکان لە هەرێمی کوردستان درووستکردووە.
رۆڵی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە درووستبوونی شوێنە بازرگانییەکاندا
بەپێی داتا کۆکراوەکانی 32 شەقام و شوێنی بازرگانی لە هەولێر، 12 لە سلێمانی و 10ش لە دهۆک نرخەکان لە شەقام و رێگایانەی کەوتوونەتە سەر پرۆژەکانی نیشتەجێبوون (خانوو و شوقە) نرخەکانیان بەرزترە بۆ کرێ و کڕێن و فرۆشتن و، جیاوازیشی لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە هەیە. بۆ نموونە شەقامی ڤیتاڵ و شەقامی دریم ستی کە بەهۆی پرۆژەی نیشتەجێبوون دروستبوون زۆرترین نرخی لەڕووی کرێ و لەڕووی کڕین و فرۆشتنەوە لەسەر ئاستی شەقامەکانی دیکە و شوێنە بازرگانییەکان هەیە وەکو لە گرافیک 1دا هاتووە، بەڵام لە سلێمانی هەرچەندە پرۆژە نوێیەکان بوونەتە هۆی کردنەوەی شوێنی بازرگانی و دووکان، بەڵام شەقامە کۆن و سەرەکییەکانی ناوشار گرانترە یاخود کرێ زیاتر دەکات، وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە.
گرافیک 1: نرخی شەقام و شوێنە بازرگانییەکان لەچارەکی یەکەمی 2021دا لە هەولێر
سەرچاوە: بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان/2021
گرافیک 2: نرخی شەقام و شوێنە بازرگانییەکان لەچارەکی یەکەمی 2021دا لە سلێمانی
سەرچاوە: بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان/2021
هەروەها، درووستبوونی شوێنە بازرگانییەکان لەنێو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا، یەکەمیان ئەوانەی کە لەسەرەتاوە شوێنیان بۆ دەستنیشانکراوە لە پرۆژەکاندا بنیاتنراوە و هەندێکی دیکەیان دوای تەواوبوونی پرۆژەکان دەبنە شوێنی بازرگانی، کە هۆکاری سەرەکی ئەمەش بەهۆی زیادبوونی خواستەوە بۆ بەردەستبوونی دەرفەتی بازرگانی و کردنەوەی ئۆفیسی بازرگانی. هەربۆیەش خانووەکان دەڕۆخێندرین یاخود رووخیندراون و، لەشێوازی ئۆفیسی بازرگانی و تەلاری بازرگانی بنیاتدەنرێتەوە، کە ئەم دیاردەیەش ئێستا لە نیو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەبینرێت، لێرەدا و بەخاڵ لێکەوتە باش و خراپەکانی دەخەینەڕوو:
لێکەوتە باشەکانی
- دەبێتە سەنتەرێکی گەورەی رەخساندنی هەلی کار بۆ کارکردن.
- نرخی خانووەکان و زەوییەکان نیو پرۆژەکان بەرزدەبێتەوە
- دەبێتە ناوچەیەکی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی
- کارئاسانی بۆ دانیشتوانی نیو پرۆژەکە دەڕەخسینێت لە فەراهەمکردنی پێداویستییەکان.
لێکەوتە خراپەکانی
- لەدەستدانی تایبەتمەندی پرۆژەکان، هەربۆیەش هەندێک پرۆژە بۆ ئۆفیسی بازرگانی بنیاتنراون کراون بەشوێنی نیشتەجێبوون و بەپێچەوانەشەوە!، کە ئەمەش تایبەتمەندی دانیشتوانی نیو پرۆژەکان ناپارێزێت.
- بەفیڕوچوونی سامان و سەرچاوەکان بەهۆی دووبارە تێکدانی خانووەکان و بنیاتنانەوەیان.
- پیسکردنی ژینگەی کوردستان بەتایبەت ئەو شوێنانەی پاشماوەکانی خانووەکانی لێ فڕیدەدرێت.
- درووستبوونی قەرەباڵخی و جەنجاڵی لە شەقام و شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتوانی نیو پرۆژەکاندا، چونکە ماڵ و ئۆفیس بەتەنیشت یەکەوە دەبێت.
- ئەگەری دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوان خاوەن ماڵەکان و ئۆفیسەکاندا.
- نەبوونی پارکینگ و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، بۆ کارمەندانی کۆمپانیاکان و بێزارکردنی دانیشتوانی نیو پرۆژەکە.
کۆتایی
ئەم ئاڵۆزییەی گۆڕینی شوێنی بازرگانی یاخود جۆرەکانی دیکەی رەگەزی زەوی بۆ شوێنی نیشتەجێبوون تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بگرە بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی رەند هەمان دیاردە لە لوس ئەنجولوسیش دەبینرێت[1]، بەڵام لەوی تایبەمەندی شوێنەکە و گونجانی بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و بەهۆی نەمانی زەوی و زیادبوونی خواستەوەیە، بەڵام ئەوەی ئێرە تازە بنیاتدەنرێت کە دەتوانرێت بەپێی پلانی پێشوەختەی شار بێت، نەوەکو لەدوای کۆتایهاتنی پرۆژەکان، تەلار و پرۆژە بازرگانییەکان بکرێت بە خانوو و ماڵ، پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بکرێت بە ئۆفیسی بازرگانی!
هەروەها کەرتی خانووبەرە رۆڵیکی گەورەی لە درووستبوونی شوێنە بازرگانییەکان هەبووە، و بووەتەهۆی ئەوەی نرخی کرێ یاخود کڕین و فرۆشتنی شوێنە بازرگانییەکان و یاخود دووکان و باڵەخانەکان لە هەرێمی کوردستان روو لە بەرزبوونەوە بێت و دەرفەتی هەلی کاری نوێ بڕەخسینێت.
لەکۆتاییدا، ئەگەر پێداچوونەوەیەکی خێرا بەو ئاڵۆزی و پشیوییەی بەهۆی گۆڕینی رەگەزی زەوییەکان لە بازرگانی و پیشەسازی بۆ نیشتەجێبوون و، کردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ بازرگانی نەکرێت، ئەوا لەوانەیە جگە لە درووستبوونی کیشەی جیاواز و ئاڵۆزی زیاتر بۆ داهاتووی شارەکان لەرووی فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی دانیستوانەکەی ئەوا لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێشبینی نەکراوی لێدەکەوێتەوە؟ لە داهاتووشدا هەردوو رەگەزی پرۆژەکان، چ بازرگانی و چ نیشتەجێبوونیش بێت لە دەستبچێت، چونکە ئاڵۆزییەکی بێ وێنا دەخولقینێت، کە ئێستا لەنیو هەندێک لە پرۆژەکاندا لەرووە جیاوازەکان و بەتایبەتیش پارکینگ، هاتووچۆ، قەرەباڵخی، درووستبوونی کیشە و تەنانەت دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان دراوسێکان دەبینرێت.
سەرچاوەکان
[1] file:///C:/Users/Mahmood/Downloads/RAND_RRA1333-1.pdf