RRC|
مەحموود بابان* –ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |
پرۆژەکانی خانووبەرە (خانوو، شوقە و ڤیلا)، کە بە گوند و سیتی و تاوەرە جیاوازەکانیدا دەناسرێتەوە، یەکێک لە جیاوازییە بنەڕەتییەکان دابینکردن و هەبوونی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، رێگاوبان و پاکوخاوێنییە لەنێو پرۆژەکاندا. لە بەشی دووەمی ئەم زنجیرە دوانزە بەشییەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە وهۆکاری جیاوازییەکان و ئەو پرسیارەی بۆچی حکومەت بەڕێوەی نابات دەکەین! لەکاتێکدا سەرچاوەی دابینکردنی ئەم پێداویستیانە هی دەوڵەت نەبێت، ئەوا موڵکی تاکەکەس نییە؟ خاڵێکی دیکەش ئەوەیە، بۆچی جیاوازی لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکاندا لەنێوان گوندە کۆن و گوندە نوێیەکاندا، گەڕەکە کۆن و نوێیەکاندا بەم شێوەیە بێت، لەکاتێکدا لە تەنیشت یەک و لەنیو یەک شاردایە؟
لەرووی ئاوەوە، سەرچاوەی ئاوی کۆی پرۆژەکانی خانووبەرە ئەگەر تۆڕی ئاوی نیشتمانی نەبێت، ئەوا ئاوی ژێر زەوییە، بەڵام پێوەری ئاو لە زۆربەی پرۆژەکاندا نییە، لەکاتێکدا بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی ئەگەر بەهاکەی لەرووی بەکارهێنانەوە دوو هێندە نەبێت ئەوا دەبێت بەقەد ئەوە بێت کە هاونیشتمانی دیکە لە گوند و گەڕەکە کۆنەکاندا بەکاریدەهێنیت، بەڵام تاوەکو ئێستا پێوەری ئاوی ماڵان نەگەیشتووەتە پرۆژەکانی خانووبەرە بەتایبەتیش شوقەکان، کە
لەراستیدا دەبوایە بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان لە پرۆژەکان لەم گوند و سیتییە نوێیانەوە دەستیپێبکردایە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئاوی ژێر زەوی بەکاردەهێنن و 24 کاژێر ئاوی بەردەوامیان بۆ دابینکراوە!، هەرچەندە لەهەندێک لە پرۆژەکاندا لەکاتی پرسیارکردن لەبارەی بەرزی کرێ خزمەتگوزارییەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کرێی خزمەتگوزارییە، پارەی بڕی بەکارهێنانی ئاویشی لەگەڵدایە، بەڵام بە چ پێوەرێک دیار نییە؟ چونکە هیچ جیاوازییەک لەنێوان دوو ماڵدا لە پرۆژەیەکدا نەکراوە و پێوەری بۆ دانەنراوە.
لەرووی کارەباوە، وەک گەڕەک و گوندە کۆنەکان ئەم پرۆژانەش بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بەستراونەتەوە، وەک گەڕەکە کۆنەکان موەلیدەی تایبەتیان بۆ دانراوە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە یەک سانییە گڵۆپ و کارەبای نیو ماڵەکان رووناکی نادات، ئەگەر هەژماری کارەبای تایبەت پارەی تێدا نەبێت کەچی کارەبای حکومی بە بەردەوامی لە پێوەرەکەدا هەر زیاد دەکات. بۆ نموونەش هەر کارەبای نیشتمانی کوژایەوە، یەکسەر کارەبای تایبەت پێدەبێت و بڕێ کارەبای بەکارهێنراو لە هەژماری پێوەرەکەدا کەمدەکات و سفر دەبێتەوە، بەڵام لەسەرەتای درووستبوونی هەندێک لە پرۆژەکان و بگرە زۆربەشیان لەسەرجەم پارێزگاکاندا تاوەکو ئێستاش هیچ زانیاریەکیان لە بارەی پێوەری زیرەکی کارەبا و پسووڵەی کارەبای حکومیەوە پێنەگەیشتووە. لەکاتێکدا رۆژانە و مانگانە هەر زیاد دەکات، ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی، چونکە سیستمی گەرمی و ساردی لەم پرۆژانەدا لە زستان و هاویناندا لەرێگەی سپلیتەوە دابینکراوە. لەرووی بەکارهێنانی کارەباوە ئەگەر دوو هێندەی دەرەوەی گەرەک و گوندە کۆنەکان نەبێت ئەوا کەمتر نییە، بڕوانە گرافیکی ژمارە یەک لەبارەی چەند ئامێرێکی ماڵان لەرووی بەکارهێنانی کارەباوە.
سەرچاوە: سیاسەتی دابینکردنی وزە و پاراستنی ژینگە لە کوردستان، د.قەیوان سیوەیلی، 2008
گرافیک ژمارە 1: بڕی توانای پێویست (بەوات) لە نێوان ئامێرەکانی ماڵدا
لەڕاستیدا لەبەرئەوەی زۆربەی پرۆژەکان تەنیا سیستمی سپلیت بۆ دانراوە، کەواتە هەر دوو سپلیتێک رێگرە لەکارکردنی 27 موبەریدە لە هاویندا و 137 گڵۆپ لە زستاندا بۆ هاونیشتمانیانی دیکە. لەروویەکی دیکەوە شێوازی بیناسازیش بەشێوەیەکی سەردەمیانە دروستنەکراوە کە سوود لە کەمترین وزە لە هەردوو وەرزەکانی گەرما و سەرمادا بۆ فێنککردن یاخود گەرمکردنی ماڵەکان وەربگرێت، کە ئەمەش زیانێکی گەورەیە لەرووی بەکارهێنانی ووزەوە لە ئێستا و داهاتوودا.
لەرووی خزمەتگوزارییەوە، بە بڕی جیاواز نرخی خزمەتگوزاری لەنێو پرۆژەکان لەنێوان 50هەزار بۆ [1]250 هەزار دینار وەردەگیرێت، بگرە دۆلاریش وەردەگیرێت. ئەم خزمەتگوزارییەش بریتییە لە فڕێدانی خاشاک بەهەمان سیستمی گەڕەکە کۆنەکان، کە دەبوایە بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و کەمکردنەوەی کارەساتی ژینگەیی وەک ئەوەی لەکانی قڕژاڵەی هەولێر و تانجەرۆ لە سلێمانی هەیە، سیستمی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ماڵان لە نێو تاوەر و گوندە نوێیەکان جیاوازییەکی گەورەی هەبوایە، چونکە لەرووی کردارییەوە ئاسانترە، دەتوانرا سەبەتەی خۆڵ و خاشاکی جیاواز بۆ پاشماوەکانی دانیشتوان دابینکرایە و ناوەندی دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ دانرایە (Recycling)، بەڵام دیارە سیستمی ژیان لەنێو ئەم تاوەر، سیتی و گوندانە هەمان شێوەی گەڕەکە کۆنەکانی نێو شارەکانە. خاڵیکی دیکەی خزمەتگوزاری لەنێو پرۆژەکاندا بریتییە لە دانانی ئاسایش (سکیوریتی تایبەت) لەبەردەم باڵەخانە و سیتییەکاندا، ئەویش بە ئامانجی دابینکردنی دڵنیایی بۆ دانیشتوانەکەی، لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئایا گەڕەکەکانی دیکە بۆ پێویستیان بە دابینکردنی پۆلیس و ئەمنیەت نییە؟ ئەگەر بۆ ئەم پرۆژە و گەڕەکانە پێویست بێت، ئەوا بۆچی لە گەڕەکەکانی دیکەدا دانانرێت!
هەروەها، خزمەتگوزاری گوند و شوقەکانیش لەسەر هاوڵاتیان و بۆ ئیدارەی پرۆژەکان (وەبەرهێنەر یاخود کۆمپانیاکانی دیکە)، بۆیەش رێکخستنەوەی خزمەتگوزاری پرۆژەکان لەلایەن حکومەتەوە، بۆ نموونەش لەسەرەتای دەستبەکاربوونی پارێزگاری پێشووی هەولێر هەولێک درا بۆ کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان هەرچەندە تاوەکو ئێستاش هەندێک لە پرۆژەکان نەچوونەتە ژێر باری جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە، بەڵام هەنگاوێکی زۆرباش بوو. ئەوەی لێرەدا پێویستە بکرێت رێکخستنەوە و سەرپەرشتیکردن و چاودێرێکردنی پرۆژەکان بۆ خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی ئاو، کارەبا و پاکوخاوێنی، ئەویش بە ئامانجی پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان و پاکڕاگرتنی ژینگەی کوردستان، چونکە یەکە نوێیەکانی نیشتەجێبوون سەروو 170 هەزار ماڵ پێکدەهێنن.
لەکۆتاییدا، پرسی جیاوازی لە نێوان خزمەتگوازییەكانی گوندی كۆن و نوێ…. ئەگەر رێکبخرێتەوە دەتوانێت داهاتی حكومەت زیاتر بكات و لەلایەكی دیكەش بەردەوامییەكەی بەم شێوەیە دەتوانێت لە پرسێكی ئابورییەوە بۆ پرسێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی بگۆڕدرێت، چونکە ئەمە توانای حكومەت لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیار و لەلایەكی دیكەش پرسی نادادپەروەری لەئێستا و داهاتوودا دەهێنێتە ئاراوە.
سەرچاوەکان
[1] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/010720203