RRC|
مەحموود بابان* –ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |
بەرایی
لەم قۆناخە و لەساڵانی داهاتوودا، بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانی خانووبەرە، و کاری بازرگانی کەرتی خانووبەرە بەهۆی تەکنەلۆژیا و ژێری دەستکردەوە گۆڕانێکی بێ وێنەی تێدا روودەدات. ئێستا تەکنەلۆژیا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کەرتە لە جیهاندا و لەلایەن گەورە کۆمپانیاکانی بواری خانووبەرە پێناوەتە قۆناخی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکردەوە، ئەویش بەئامانجی زانین و ئاراستەکردنی سەرمایەکانیان لەم کەرتەدا، شۆڕشی پیشەسازی چوارەمیش بە تەحەداکردنی گۆڕینی ئاراستەی ئابووری بازاڕە باوەکان بۆ بازاڕی ئۆنلاین، کۆتایی بە قۆناخێکی ئابووری شەقام هێنا، لەوانەش ژیری دەستکرد گوڕانکاری گەورەتر بهێنێتە ئاراوە. هەرچەندە لەکەرتی خانووبەرەدا گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، کۆمەڵایەتییەکان و ئیدارەدانیشی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام تەکنەلۆژیا وێنای داهاتووی دەکیشێت. هەربۆیەش لەم بەشەدا هەڵوەستە لەسەر دابینکردن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە وەبەرهێنانی کەرتی خانووبەرە و رۆڵی ژێری دەستکرد لە ئاراستەکردنی بازرگانی کەرتی خانووبەرە پەیوەست بە هەرێمی کوردستان دەکەین.
بازاڕی خانووبەرە و تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبردنی داهاتووی وەبەرهێنانی خانووبەرەی زانکۆی ئۆکسفۆرد “کۆی بەهای بازاڕی خانووبەرە لە جیهاندا بە نزیکەی 228 تریلۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، کە لە جیهاندا و لەم کەرتەدا سەرمایەی بازرگانی بە بەهای نزیکەی 35 تریلۆن دۆلار لەلایەن دامەزراوەکانی وەبەرهێنان ئەنجامدەدرێت، کە ئەمەش نزیکەی نیوەی بازاڕی بۆرسەی جیهان دەکات کە 70 تریلۆن دۆلارە. لەساڵی 2020دا کۆمپانیاکانی خانووبەرە بەرێژەی 53% راستەوخۆ وەبەرهێنانیان لە تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد کردووە[1].
لەم روانگەیەوە کە دەبینین لەم رۆژانەدا گۆڕانکاری بەسەر کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەدا هاتووە، بەشێوەیەک چیدیکە کڕیار پێویستی بە سەردانی خانوو و نووسینگەکانی خانووبەرە نییە، بەڵکو لەرێگەی ئۆنلاین سەیری خانووەکە دەکات و دەتوانێت راستەوخۆش گفتوگۆ لەسەر کڕین و فرۆشتن بکات، هەربۆیەش بەپێی راپۆرتی NAR2021[2] کڕیارانی خانووبەرە بەرێژەی نزیکەی 43% لە ئۆنلاینەوە تایبەتمەندی خانووەکانیان بینیوە و کڕیویانە.
هەرچەندە لە هەموو کەرتەکاندا گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان نوێیە بە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا وەبەرهێنەرانی خانووبەرە و کۆمپانیا و نووسینگەکانی خانووبەرە (عقارات) بەجۆرێک لە جۆرەکان تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنن، بۆ نموونە لەرووی بە بازاڕکردن و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و رێکلام دروستکردن و بڵاوکردنەوە پارەیەکی زۆر خەرجدەکەن. هەروەها، بگرە داتا بەیسی نموونەییان بۆ بەڕێوەبردنیش داناوە، کە رۆژانە دەتوانرێت چاودێری بازاڕ و کارەکان بکات و پەرەش بە سیستەمەکە بدات بۆ کۆکردنەوەی داتاکان. لێرەدا یەکێک لە خاوەن کۆمپانیاکانی خانووبەرە لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتی بازاڕی خانووبەرەدا ئاماژەی بەوەکرد “لە سەرەتاوە کۆمپانیاکەمان کۆمپیوتەری بەکارهێناوە و ئێستا داتابەیسێک لەبەردەستدایە کە کاروباری سەرجەم نووسینگەکان و تێدایە و دەتوانین نرخی گۆڕانکارییەکانی خانووبەرە لە دەیەی رابردوودا بە داتا بخەینەڕوو”!
خانووبەرە چیدیکە تەنیا چوار دیوار نییە؟
بە گوتەی سکۆت ریچلەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری RXR چیدیکە خانووبەرە تەنیا چوار دیوار و شوێنەکەی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی وزە و چاودێرێکردنی کارامەیی و رەوشی ژێنگەییە کە تەکنەلۆژیا نوێ و ژیری دەستکرد دەتوانێت جێبەجێبکات[3].
هەروەها، بەپێی راپۆرتێکی ماککینزی تەکنەلۆژیای نوێ رۆڵیکی گرنگ لەداهاتووی شارستانی ئاسیادا دەبینێت، بۆ نموونە نەوەی نوێ پێشبینی ئەزموونێکی تاکە کەسی و بێ خەوش دەکات، کە دامەزراندنی تەکنەلۆژیای وەک ژیری دەستکرد، سینسەر و بەستنەوەی شتەکان بە ئینتەرنێت و شیکردنەوەی داتاکان زۆر گرنگە و دەتوانێت ئەم خواستە نوێیەی نەوەی نوێ بەدەستبهێنت[4].
هەروەها، بەپێی راپۆرتێکی کۆڕبەندی ئابووری جیهان[5]، بەکارخستنی راستەوخۆی ROIی تەکنەلۆژیا گرنگە بۆ دیاریکردنی لایەکی دیکەی بەهای خانووبەرە لە دەرەوەی ئەو بەها باوانەی ئێستا هەیە و مامەڵەی پێوەدەکرێت. بۆ نموونەش، باڵەخانەیەکی 34 نهۆمی لە مۆنتریاڵ کە لە 1960کاندا دروستکراوە، کە لە سەرەتادا بۆ ئۆفیسی بازرگانی بووە، دوای کەمکردنەوەی خەرجێەکانی کارپێکردن، کەمکردنەوەی دەرچوون و باشکردنی راپەڕاندنی کاری ئۆفیسەکان بەىێ وەبەرهێنانێکی گەورە نوێی لەباڵەخانەکەدا توانرا سەرمایە و وزەیەکی گەورە پارێزگاری لێبکرێت لەرێگەی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد یاخود گوڕینی سیستمی کۆنترۆڵی HVAC باڵەخانەکە. هەربۆیەش ئەمە بووە هۆی پاشکەوتکردن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان لەسەر هەردوو پسوڵەی گاز و کارەبایی باڵەخانەکە، بەشێوەیەک تەنیا بە بەگەڕخستنی ئامێری AI لە مانگی تەممووز 2019دا، بەشێوەیەک لە دوو مانگدا و لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ئەو ساڵەدا بەرێژەی 27% بۆ 33% پاشکەوتکردنی وزە بەدەستهاتووە، کە دەکاتە نزیکەی 30 هەزار دۆلار پاشکەوتکردن و زیاتر لە 320 هەزار کیلۆوات کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا لە باڵەخانەکەدا.
کەرتی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان و تەکنەلۆژیا
لەڕاستیدا هەرێمی کوردستان لە وەبەرهێنانی خانووبەرەدا نەک هەنگاوی بەرەو بەکارهێنانی ژیری دەستکرد، بگرە تەکنەلۆژیا سەرەتاییەکانیش نەناوە، بەشێوەیەک پرۆژەکانی خانووبەرەش ئێستا لەرووی بەکارهێنانی وزە شێوازێکی کۆنترۆڵکردنی مۆدیرنی تێدا نییە. بۆ نموونە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان سیستمی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە جیاوازە و شێوازێک لە کۆنترۆڵکردنی لەرێگەی تەکنەلۆژیاوە هەیە، کە وڵاتی سوید نموونەیەکە لە کۆنترۆڵکردنی دابینکردنی وزە بۆ گەرمکردنەوە، بەشێوەیەک کە بۆیلەری ئاو گەرمکردنی ماڵان لەکاتی بەرزبوونەوەی خواستی بەکارهێنان و زیادبوونی فشار لەسەر هێڵە سەرەکییەکانی کارەبا دەکوژینرێتەوە[6]. لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان لەرووی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد لە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی خانووبەرەدا ئەوەی دەبینرێت کامێرای چاودێری! و هەنگاوی نەناوەتە کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی وزەوە.
لەروویەکی دیکەوە، کۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد لەرووی کۆمپانیاکانی خانووبەرە (عقارات) تەنیا فۆکووسی لەسەر ریکلامکردن و شێوازە نوێیەکانی رێکلامکردن، ئەویش بە ئامانجی فرۆشتن، لەکاتێکدا دەتوانرێت بە داتا بەدەستهاتوو و کۆکراوەکان مەترسییەکان و دەرفەتەکانی بەردەم بازاڕی خانووبەرە لە شارەکاندا ببینرێت و دەستنیشانی ئاراستەکانی گۆڕانکارییەکی بچوکیش بکات.
رێگاکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد لەکەرتی خانووبەرەدا
لەڕاستیدا، دەتوانرێت لە چەند رێگەیەکی جیاوازەوە، تەکنەلۆژیا و ژێری دەستکرد لەکەرتی خانووبەرەدا بەکاربهێنرێت، کە سوودی نەوەکو تەنیا بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران و پیشەکارانی ئەم کەرتە دەبێت، بەڵکۆ بۆ کۆمەڵگەش دەبێت.
بەکارهێنانی داتا بۆ دۆزینەوەی خواستی کڕیاران و زیادکردنی ئەزموونی بازرگانان، نموونەیەکی باڵایە، بەڵام تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایش زۆر لە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانی خانووبەرە داتای زۆریان کۆدەکردەوە لە رەفە و ئەمباری باڵەخانەکاندا تۆزی لێ دەنیشت بەبێ ئەوەی شیکاریی لەسەر بکرێت بۆ خواستی کڕیار و دۆزینەوەی گۆڕاوەکان لە تریندی پیشەسازی خانووبەرەدا. لەکاتێکدا ئەمڕۆ کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا دەتوانێت بەئاسانی ئەم کارە بکات.
بەکارهێنانی ژێری دەستکرد، کە سیستمی خۆکردە و فیربوونی ئامێرەکان لەسەر ئەزموونی رابردوو و ناسینەوەی نموونەکان، کە دەتوانرێت ئەم سیستەمە لەلایەن وەبەرهێنەرانی خانووبەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و بەکارهێنانەکان دابنێت، تاوەکو بتوانرێت فاکتەری گۆڕانکارییەکان و پێشبینییەکان لەئاستێکی نموونەیدا بخاتەڕوو.
لەرووی بنیاتنانەوە، بۆ نموونە لەساڵی 2014دا کۆمپانیای وینسۆن کە بنکەکەی لە چین، گۆڕانکاری لەشێوازی بنیاتنانی باوەوە بۆ شێوازی سێ رەهەندی پرینتکراو گۆڕی، کەتوانی بەم گوڕانکارییە نزیکەی 80% تیچووی بیناسازی، و 60% خەرجی هێزی کار کەمبکاتەوە و پاشکەوتی بکات. هەروەها، نزیکەی 30% بۆ 60% پاشماوەی بیناسازی و رێژەی 50% بۆ 70% کاتی بنیاتنانیشی کەمکردەوە[7]، کە ئەمەش تەنیا چەند بیرۆکەیەکی نوێیە کە توانراوە لەرووی تەکنەلۆژیاوە بەدەستبهێنرێت و لەجیهاندا کۆمپانیاکانی خانووبەرە بەکاریدەهێنن، کە دەتوانرێت لێرەش سوودی لێوەربگرێت.
لەرووی کڕین و فرۆشتنەوە، یەکێکە لەکاریگەرترین رێگاکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، لەڕاستیدا بەکارهێنانی مۆبایل، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کڕین و فرۆشتن هەیە، چونکە سۆشیال میدیا و ویب سایتی پێشکەوتوو، و ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایل دەتوانێت ببێتە نزیکترین پردی پەیوەندی نێوان کڕیار و فرۆشیار لەم قۆناخەدا، لەم رووەوە ئێستا سەتان پەیجی سۆشیال میدیا، دەیان ویب سایتی پێشکەوتوو و چەندان ئەپڵەیشنیش لەسەر ئاستی جهان و هەرێمی کوردستان هەیە.
کۆتایی
لەکۆتاییدا، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد تەنیا ئاسانکاری و قازانج نییە، بەڵکو مەترسیداریشە، چونکە داتا و سیستمی بەکارخراو لە ئەگەری بەدەستخستنی لەلایەن کەسی ئامانجدارەوە دەتوانرێت بۆ مەبەستی خراپ بەکاربهێنرێت.
هەروەها، خۆگونجاندن و بەگەڕخستنی تەکنەلۆژیا پێشەسازییەکی نوێ و نوێتریشە بەکەرتی خانووبەرە لەسەر ئاستی جیهان، هەربۆیەش بەکارهێنان و دەستگەیشتن بە تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد لەکەرتی خانووبەرەدا قۆناخی نوێ دەبڕیت، بەشێوەیەک کە لەساڵانی داهاتوودا وەک پرۆژەی پرۆتیک (Property Tech) چۆن گەشەیکردووە و گەشە دەکات، ئەویش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی لەم کەرتەدا[8]، بۆیەش پێویستە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد لە کەرتی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان تەنیا لەرووی بە بازاڕکردنەوە نەبێت، بەڵکو بڕواتە قۆناخی وەبەرهێنان و بەڕێوەبردنەوە بۆ پاراستنی سەرمایەکی زۆری بەفیڕۆچوو لە بنیاتنان و پاراستنی وزەیەکی بیشوومار لەبەڕێوەبردندا ۆ ئێستا و داهاتوو.
سەرچاوەکان
[1] https://www.sbs.ox.ac.uk/sites/default/files/2020-12/Technology%20and%20the%20Future%20of%20Real%20Estate%20Investment%20Management_0.pdf
[2] https://www.nar.realtor/sites/default/files/documents/2021-home-buyers-and-sellers-generational-trends-03-16-2021.pdf
[3] https://www.mckinsey.com/about-us/new-at-mckinsey-blog/how-will-real-estate-be-different-in-the-next-normal
[4] https://www.mckinsey.com/~/media/mckinsey/business%20functions/operations/our%20insights/voices%20on%20infrastructure%20the%20future%20of%20real%20estate/voices%20on%20infrastructure%20-%20the%20future%20of%20real%20estate.pdf
[5] https://www3.weforum.org/docs/WEF_Driving_Digitalization_Real_Estate_2021.pdf
[6] https://pdf.sciencedirectassets.com/271090/
[7] https://siliconangle.com/2015/01/20/china-super-sizes-3d-printing-with-worlds-first-printed-apartment-building/
[8] https://www.sbs.ox.ac.uk/sites/default/files/2020-02/proptech2020.pdf