شرۆڤە

بەشی شەشەم: کەرتی خانووبەرە و شارسازیی

22-01-2022


 

RRC|

مەحموود بابان* –ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |

 

بەرایی

شارسازیی یاخود بنیاتنانی شار کارێکی ئاسان نییە، چونکە کۆی پێکهینەرەکانی شار بەیەکەوە کار دەکەن، هەربۆیەش لەم قۆناخەدا و بۆ داهاتوو باس لە شارە بەردەوامەکانSustainable City  دەکرێت، واتە ئەو شارانەی دەتوانن پشت بە وزەی بەردەوام ببەستن. هەربۆیەش لەم بەشەدا هەڵوەستە لەسەر گۆڕانکارییەکان لە بنیاتنانی شار، شارسازیی و رۆڵی کەرتی خانووبەرە لە بنیاتنانی شارە بەردەوامەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین و بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن، ئایا پرۆژە کۆن و نوێیەکانی خانووبەرە رەچاوی شارێکی بەردەوامیان تێدا کراوە یاخود نا؟ دواجاریش چی بکرێت؟

 

کەرتی خانووبەرە و شارسازی

کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەی لە بنیاتنانی شارە نوێیەکان و فراوانبوون شار و درووستبوونی شارە گەورەکان و کۆتایهاتنی شارە کۆنەکاندا دەبینێت، ئەویش بەهۆی چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی وەک: گۆڕینی بنیاتنان لە ئاسۆیی بۆ ستوونی، دابینکردنی کۆی سەرچاوە و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا (قوتابخانە، نەخۆشخانە، خزمەتگوزاری، ئاسایش و بازاڕ) کە کۆی بنچینە سەرەکییەکانی شار لە ئەمڕۆدا پێکدەهێنن.

لە کۆندا بنیاتنانی شار زیاتر ئاسۆیی بووە و زەوییەکی فراوانتری داگیرکردووە، بەڵام ئەمڕۆ بنیاتنانی شار ستونییە و رووبەرێکی کەم داگیردەکات، هۆکاری سەرەکیش زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و چڕی دانیشتوان لەنیو شارەکانە، لەکاتێکدا ئەم گۆڕانکارییە لێکەوتەی گەورەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی هەیە. بۆ نموونە لە رووبەری 800 مەتر دووجا یەک خانەوادە دەژیان، بەڵام ئێستا لەم رووبەرەدا لە تاوەرێکی 16 نهۆمیدا 64 خێزان دەژین، ئەگەر تاوەرەکەش 25 نهۆمی بێت، ئەوا 100 خانەوادەی تێدا دەژین.

لەلایەکی دیکەوە لەرابردوودا، پلانی شار و گەڕەکەکانی وابنیاتدەنرا، کە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، پارک، شوێنە وەرزشییەکان و بازاڕ، بنکەی پۆلیس و… تاد تێدابێت، ئەگەر لەکاتی درووستبوون و فراوانبوونیشدا بنیاتنەنرایە، ئەوا رووبەرێکی فراوانی بۆ دادەنرا، ئەویش بەئامانجی فەراهەمکردنی ئەو پێداویستیانە بۆ دانیشتوانەکەی، بەڵام ئەمڕۆ بەچەند پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون كە لەتەنیشت یەکەوە نەک هێندەی بگرە دوو هیندەی ناحییەو قەزایەک دانیشتوانی تێدایە، ئەو پێداویستییانەی نەک تێدا رەچاونەکراوە، بگرە ئەگەر لە نەخشەدا شوێنەکانیشیان بۆ دانرابێت، ئەوا بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارەی زیاتر کراون بە باڵەخانەی بەردین، کە ئەمەش لە ئێستا و داهاتوودا کیشەی بنەڕەتی بۆ دانیشتوانەکەی و کۆی شارەکە درووستدەکات. ئەوانەش لە چەند روویەکی جیاوازەوە، وەک تەلارسازی، ئاسایش، دابینکردنی خزمەتگوزاریییە بنەڕەتییەکان و ژینگە  لەسەروو هەمووشیانەوە؛ هاتووچۆ.

لەرووی تەلارسازییەوە، شارە نوێیەکان هیچ بنیاتنانێکی تەلارسازی لە شارەکاندا بە ئاراستەی پاراستنی فەرهەنگ و کولتوور و تەلارسازیی کوردی تێدا نییە، بگرە پرۆژەکانیش بەشێوەیەک بازاڕگەری دەکەن کە تەنانەت ناوەکەیشی ئەورووپی و ئەمریکی و عەرەبی بێت، چ جای ئەوەی دیکۆر و بنیاتنانی ببێتە پاراستنی فەرهەنگ و كولتووری کوردی بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو.

لەڕووی ئاسایش، کۆبوونەوەی ئەو هەموو باکگراوندە جیاوازانە لە تاک و  خێزان لەنیو رووبەرێکی کەمدا، ئاڵنگارییەکی گەورەی کۆنترۆڵکردن و ئیدارەدان دەخاتە بەردەم هێزە ئەمنییەکان، کە ئێستا لە چەند پرۆژەیەکدا بەڕوونی دەرکەوتووە.

لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، ئەگەر لەڕابردوودا گەڕەکێکی گەورەش ئاو یاخود کارەبا نەبوایە، بۆ نموونە خانووی گەڕەکە کۆنەکان، ئەو خانووانەی کە لە 600 مەتر دووجا و 800 مەتر دووجا پێکهاتوون، 17 خێزان تێدا ژیانی کردبێت، ئەوا هەمان رووبەری ئەو 17 ماڵە ئێستا 1088 خانەوادەی تێدا دەژێ، ئەگەر  بێ ئاو یاخود کارەبا یان هەر خزمەتگوزارییەکی دیکە بێت ئەوا زیاتر لە 1 هەزار خێزان بێ خزمەتگوزارییە نەک 17 خێزان!

خاڵێکی دیکە،  نەگونجانی سیستەمی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرما و گەرمایە. گرانیی نرخی نەوت لە بازاڕ و هەرزانیی کارەبای نیشتمانی (بەهۆی سیستمی کۆکردنەوەی پارەی بەکارهێنەرەوە) وایانکردووە زیاتر لە ملیۆنێک و 560 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئامێری گەرمکەرەوەی کارەبایی لە ماڵەکانیاندا بەکاربهێنن. بەپێی راپۆرتێکی رووداو[1] بەتەنیا لەماوەی سێ مانگدا 1 ملێۆن سۆبەی کارەبایی فرۆشراوە لە 2019دا، بەم شێوەیەش بڕێکی زۆری کارەبای هەرێم بۆ ئامێرە کارەباییەکان لە وەرزە ساردەکاندا بەکاردەهێنرێت، کە تەنیا لە گۆڕینی وزەکەدا زیانێکی گەورەیە. هەروەها، بەگوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا ژمارەی کاژێرەکانی کارەبا لە وەرزە ساردەکاندا بەهۆی گوشار لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی 8 کاژێر کەمتر کارەبا دابیندەکرێت.

لەڕووی ژینگەییەوە، جاران لەنێو گەڕەکەکاندا کۆی پێداویستییەکان پارک، شوێنی وەرزشییە جیاوازەکان، پارچە زەوییەکی گەورە لەبەردەم باڵەخانەی خزمەتگوزارییەکانی وەک مزگەوت، نەخۆشخانە، قوتابخانە و فەرمانگە ئیدارییەکان تێدابوو، کە هەناسەیەکی دەدا بە شار بۆ نوێکردنەوەی خۆی و پاراستنی کەشوهەوایەکی تەندرووست بەڵام، ئێستا تەنیا باڵەخانەی بەردین و لەتەنیشت یەک، بگرە هەندێک لە پرۆژەکان دار و گوڵی پلاستێکییان بەکارهێناوە بۆ سەرنجڕاکیشان نەک بۆ ژێنگەیەکی تەندرووست!

بەکورتیش لەڕووی هاتووچۆوە ئێستا هەموومان راستییەکان دەزانین، رێگای 10 خولەکی ئۆتۆمبێل لەکاتی چۆڵی شەقامەکاندا درێژبووەتەوە بۆ نزیکەی کاژێرێک، ئەگەر ئەو پرۆژە نیشتەجێبوونانەی ئێستا لەنیو شارەکاندا بنیاتدەنرێن تەواوبکرێن، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەردەم پرۆژەکان، شەقامە سەرەکییەکان و هاتووچۆی کۆی شارەکە لەچەند ساڵی داهاتوودا  زیاتر جەنجاڵ دەبێت.

مەترسییەکانی ئێستای نەوەکو داهاتووی شارسازی لە هەرێمی کوردستان

یەکەم: توانای نەبوونی خۆگونجاندن و دووبارەکردنەوەی کەشوهەوایەکی سرووشتی بۆ دانیشتوانەکەی وەک زستانێکی ساردی وشک و هاوینێکی گەرمی تاقەت پڕۆکینەر، هەوایەکی پیس، هەربۆیەش بەگوتەی ئەحمەد محەممەد، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان[2] “ساڵی 2018 گرین پیسی جیهانی کاتێک هەڵسەنگاندنی بۆ شارەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرد، هەولێری بە یەکێک لە 10 شارە پیسەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داناوە”.

دووەم: جەنجاڵی شەقامەکان و قەتیسبوونی دانیشتوان لەنیو ئۆتۆمبێل و سەر شەقامەکاندا رۆژانە بۆ چەندین کاژێر، ئەویش بەهۆی نەبوونی کولتووری بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی و دابین نەکردنی لەلایەن کەرتی گشتی و تایبەتەوە، هەنگاونەنان و نەبینینی وەک کیشەیەکی گەورە، ئەویش بەهۆی فرۆشی بەنزینەوە!

سێیەم: توانای خۆگونجان لەگەڵ رووداوە سرووشتییەکان، وەک زەوی لەرزە و بارانی بەخۆڕ. شارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵی بومەلەرزەن، ئەوەی لە 2017دا روویدا و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەمانگی رابردوودا دەریانخست كە دەتوانن چ زیانێکی گیانی و مادی بخەنەوە.

 

کۆتایی

لەکۆتاییدا، یەکێک لە گەورەترین کیشەکانی ئێستا و چەند ساڵی داهاتوو لە جیهاندا بریتییە لە بەکارهێنانی وزە، جیهان بەرەو بەكارهێنانی وزەی بەردەوام و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەنگاو دەنێت، بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆڕبەندی ئابووری جیهان، ئەگەر ئەم داواکارییە زۆرەی خواست و بەرهەمهێنان لەنێو شارەکاندا بەردەوامبێت، ئەوا کارەساتی گەورە لە خاشاک و پاشماوە بۆ شارەکان درووستدەبێت[3].

ئێستا لە شارە پێشکەوتووەکان و بگرە لەسەر ئاستی کۆمپانیا گەورەکانیش بیر لە بەفیڕۆچوونی کەمترین وزە دەکرێتەوە، بۆ نموونە شارە بەردەوامەکان Sustainable city .بەگوێرەی کۆڕبەندی ئابووری جیهان، ئێستا بیر لە شاری 15 خولەکی دەكرێت، کە ئەویش لەڕێگەی رێکخستنەوەی رووبەری شارەکان لە سووڕی کار، ماڵ، کۆمەڵگە و ئاسوودەییدا. بیرۆکەکەش ئەوەیە هەموو پێداویستییەکان لە پیاسەیەکی 15 خولەکی بە پاسکیل جێبەجێبکرێت، هەربۆیەش هەندێک شار کە بە شارە بەردەوامەکان ناسراون دەستیان بەجێبەجێکردنی ئەو بیرۆكەیە کردووە[4].

ئەو 10 شارەی لەجیهان بە شاری بەردەوام دەناسرین، رووبەرێکی گەورەی سەوزایی، ئاسانکارییەکی گەورەی هاتووچۆیان هەیە و کەمترین وزە تێاندا بەکاردەهێنرێت، نەک ریزكردنی تاوەرەی بەرز لە تەنیشت یەک[5].

 

سەرچاوەکان 

[1] https://www.rudaw.net/sorani/business/091220191

[2] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/121120214

[3] https://www3.weforum.org/docs/White_paper_Circular_Economy_in_Cities_report_2018.pdf

[4] https://www.weforum.org/agenda/2021/11/15minute-city-falls-short/

[5] https://www.lux-review.com/top-10-sustainable-cities-around-the-world/

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە