لێکۆڵینەوە

چەمکی خزم و پەیوەندییەكانی عێراق و ئێران

02-07-2022


پوختە

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەک زانستێک لە رۆژئاوا سەریهەڵداوە و، چەمک و دید و مێژووی رۆژئاوا بەسەریدا زاڵە. ئەم چەمک و دید و تیۆر و بنەمایانە لە هەناو رووداوەکانی مێژووی ئەوروپا و بەشەکانی دیکەی رۆژئاوا سەریانهەڵداوە. ئەم دیسیپلینە وەک زۆر بواری دیکە بەسەر لێکدانەوەی هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی جیهاندا باڵادەستە، بە دەرەوەی رۆژئاواشەوە. لەم نوسینەدا قسە لەسەر چەمکی خزم kinship دەکەین[1]، بەتایبەت لە نێوان عێراق و ئێراندا. چەمکی خزم لە هەناوی رۆژئاوادا وەها دەبینرێت، کە چەمکێکی سەر بە جیهانی دەرەوەی رۆژئاوایە، بۆیە زیاتر بواری ئەنترۆپۆلۆژیایە، لەوەی بواری زانستی نێودەوڵەتی بێت. ئێمە لەم نوسینەدا باس لە ئەوە دەکەین كە بۆچی ئێرانییەکان ئەم چەمکە بەکاردەبەن، ئامانجیان چیە و چۆن پیادەی دەکەن؟ لە هەمانکاتدا ئایا ئەم چەمکە چیمان پێدەڵێت، بە تایبەتی کاتێک وەک خیتابێک سەیری بکەین؟

پاشخان

لەمیانەی کۆنفرانسێک لە هەولێر، پاش پێشکێشکردنی بابەتەکەم لەسەر لادەولەی عێراق، دیپلۆماتێک لە کونسوڵخانەی ئێرانی زۆر هەوڵیدەدا کە زیاتر قسەم لەگەڵدا بکات. کاتێک بۆ پشووی نیوەڕۆ رۆشتینە چێشتخانەکە، بەبێ ئەوەی داوەتی بکەم یان هیچ ئاماژەیەکی پێبدەم، هات و داوای ئەوەیکرد لە سەر مێزەکەمان دابنیشێت. یەکێک لە ئەو باسانەی کە وروژاندی، بە سەرهاتێک بوو لەکاتی رێگری و سنوور داخستنەکەی پەتای کۆرۆنادا. ئەو گوتی کاتێک کە سنوورمان داخست، خەڵکێکی زۆر فشاریان بۆ هێناین کە دەبێت بیکەینەوە، تەنانەت هەندێک خەڵک ئاماژەیان بە ئەوەدا کە ئەگەر نەیکەنەوە ناچارن بە قاچاخ بڕۆن. پاش ئەمە رستەیەکی گوت کە من بە باشی ئەو کاتە لە مەبەست و هەموو رەهەندەکانی تێنەگەشتم، ئەو گوتی “ئێمە خزمین.” منیش وەک گاڵتەپێکردنێک بە ئەوم گوت، کەواتە بۆچی سنوورەکان هەڵناگرین.

ئەم سەربوردەیە لەچەندلایەکەوە کاریگەری لەسەر بەکاربردنی خزم لە پەیوەندی نێوان عێراق و ئێراندا هەیە. پاش لێکۆلینەوە ئەوەمان بۆ روونبوەوە، کە ئەم چەمکە تەنیا وەک دەربرێینێکی هاکەزایی بۆ خۆشکردن و ئاسانکردنی گفتوگۆکردن نەگوتراوە، بەڵکو لە هەردوو سیاسەتی ناوخۆیی ئێران و سیاسەتی هەرێمیی ئێراندا بوونی هەیە. ئاماژە پێنەدان و پشتگوێخستنی ئەم چەمکە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە لە هەناو دید وئەدەبیاتی رۆژئاوادا بوونی نیە. چونکە بە کورتی، رۆژئاوا دیدی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای مۆدێرنە بنیاتناوە. کرۆکی مۆدێرنە عەقلانیەتە، یەکێک لە پێناسە باڵاکانی عەقلانیەت، تاکگەرایی و پەرەدانە بە بەرژەوەندی تاک. خزمایەتی ناچێتە خانەی عەقلانیەتەوە، بۆیە نە بەهەند وەردەگیرێت و نە بایەخی پێدەدرێت. ئەگەر بێتوو ئاماژەشی پێبدرێت، ئەوا زیاتر وەک چەمکێکی کاتی دەبینرێت، چونکە، هەرکە ئەو وڵاتانە هاتنە نێو کایەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، ئەوا مۆدێرن دەبن و دەستبەرداری ئەم چەمکە دەبن. بەڵام ئەوەی روونە کە مۆدێرنەی رۆژئاوایی لە جێگا جیاوازەکانی جیهاندا بە شێوازی جیاواز و جوداتر پیادەبووە.  مۆدێرنەی رۆژئاوایی، لە زۆربەی جێگاکان نەک نەیتوانیوە خۆی بسەپێنێت بەڵکوو بۆ خزمەتی کەلەپوور یان ترادیسیون بەکاردەبرێت. لێرەدا بەکورتی ئاماژەیەک بەم پرسە بدەین. کەلەپوور یان ترادیسیون بەردەوامیە، پرۆسەیەکە کە رەگی هەیە، ئاسایی بوەتەوە، پیادەکردنی هیچ گومانێک، راچەنینێک یان پرسێک ناوروژێنێت. بەڵام مۆدێرنە نوێیە، جودایە، دابڕان دروستدەكات. دیارە بەردەوامی ئاسانترە لە نوێبوون. بەڵام ئەوەی لە میانەی چەمکی خزمدا هەستی پێدەکەین بریتیە لە خواستێکی نوێگەری لە نێو چوارچێوەی کۆن یان ترادیسیوندا.

خزم لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا

کاتێک ئاماژە بە چەمکی خزم لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا دەدەین، لەم سەردەمەی ئێستادا، تووشی جۆرێک لە حەپەسان و سەرسوڕماوی دەبینەوە. سەرچاوەی ئەم هەستە، دۆخێکی کەلتووری و شارستانیە، کە لە دەرئەنجامی زاڵبوونی مۆدێرنەی رۆژئاوایی بەسەر جیهاندا و لە نێویشیدا ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست درووست بووە. بۆیە سەرەتا دەبێت ئەو پرسە روون بکەینەوە، کە بۆچی لە سەردەمی مۆدێرنەدا چەمکی کەلەپووری یان تەقلیدی وەک خزم، ئامادەیی و رۆڵی هەیە؟

لێرەدا پەنا دەبەین بۆ کارێکی ئەکادیمی کە هەردوو نوسەر سارا فرانکلین و سوسان مەکینۆن، سەرپەرشتییان کردووە لە کتێبێکدا بە ناونیشانی “بەها رێژەییەکان: دووبارە رێکخستنەوەی  خوێندنی خزمایەتی” Relative Values: Reconfiguring Kinship Studies

ئەوان لە کارەکەیاندا دەیانەوێت ئەو راستییە بەرچاو بخەن کە مۆدێرنە نەیتوانیووە خزمایەتی kinship لە پانتایی گشتی دووربخاتەوە بۆ پانتایی تایبەت. ئەم پرۆسەی بە تایبەتکردنە، لە بوارەکانی دیکەی وەک ئایین و ژیانی تایبەتدا دەیبینی، بەشێکە لە پرۆسەی رێکخستنی بوارەکان و پێکهاتەکانی لە لایەن مۆدێرنەوە. مانەوەی خزم و خزمایەتی و بوونی بە بەشێکی دانەبڕاوی تۆڕی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری، وەها دەکات کە زەوینە بسازێنێت بۆ ئەوەی ئەم شێوازە پێکەوەبوونەی مرۆڤەکان، وەک شێوازێک بۆ پەیوەندی وڵاتەکانیش بەکارببرێت، بە تایبەتی لە ئاستی میتافۆردا.

ئێمە لە فەرهەنگی پەیوەندی نێوان خەڵکە جیاوازەکانی ناوچەکەدا هەست بە زاڵێتی چەمک و وێنا خزمێتییەکان دەکەین. بۆ نموونە برایەتی کورد و عەرەب. یان برا تورکمانەکانمان. لە هەمانکاتدا وڵاتی عەرەبی وەک جۆرێکی تایبەت لە برا وێنای پەیوەندییەکەیان دەکەن، شقیق، کە تۆکمەترە لە “اخ”. لەهەناو خۆشماندا چەمکەکانی خزمایەتی بەکاردەبەین بۆ پرسە سیاسییەکانمان، بۆ نموونە، بە شەڕی ناوخۆی کوردی دەڵێین شەڕی براکوژی.

لەکاتێکدا کە مۆدێرنە سەرکەوتوو نەبووە لە پەراوێزخستنی کۆمەڵێک بنیات و بنەمای کۆمەڵایەتی  پێش مۆدێرنە، بەڵام بێگومان کاریگەری لەسەر داناون. ئەم کاریگەرییە لەسەر شێوازی رکابەری، هاتنە ئارای پەیوەندییەکی دیالیکتیکی و بەرهەمهێنانی رستە “سێنتەتیز”، دایەلۆگ لەگەڵ مووتوربەبوون یان هایبرید. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە مۆدێرنە چوارچێوەیەکی داڕشتووە کە لە رێگایەوە دیدی نوێ و پەیوەندی جیاواز هاتووەتە ئاراوە بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ترادیسیون لە نێویاندا پەیوەندی خزمایەتی.

ئەم هەوڵدانە بۆ بەکاربردنی کەلەپوور لە میانەی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا، لە نێویاندا پەیوەندی خزمایەتی، چەند مۆدێل و نموونەیەکی هەیە. هەردوو ئێران و تورکیا، کە بە راشکاوانە ئامانجی گێڕانی رۆڵێکی هەرێمییان (ئیقلیمیان) هەیە، پەنایان بۆ ئەم بوارە بردوە. تورکەکان لە پاش کۆتایی جەنگی سارد هەوڵیاندا لە رێگای چەمکی خزمایەتییەوە پەیوەندی لە گەڵ وڵاتە تورک زمانەکانی سۆڤیەتی پێشوو لە ئاسیای ناوەند دابڕێژنەوە. Einar Wigen لە کتێبی  خزمایەتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا چاپتەرێکی بۆ پەیوەندی تورک و وڵاتانی تورک زمانی ئاسیای ناوەند تەرخانکردووە[2].

لەپاش ئەمە، هاتنی ئیسلامییەکان بۆ ناو سیاسەتی تورکی رۆڵی ترادیسیون و چەمکەکانی پێش-مۆدێرنەیان زاڵترکرد. هاوشانبوونی سفری کێشەکان و عوسمانی نوێ، لای داودئۆغلو و قۆناخێک لە سیاسەتی دەرەوەی تورکی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بونیادی ئایینی و کەلتوریی و باوەڕیی، رۆڵی لە داڕشتنی سیاسەتی ئەو وڵاتەدا هەیە. زمانی ئیسلامییەکان، زمانی خزمایەتی و هەوڵە بۆ بنیاتنانی خزمایەتی فراوان، بەڵام جودا لە بنەماکانی دیکەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

هاوشێوەی تورکیا، لە ئێران چەمک و بنیاتە کەلەپورییەکان لە لایەن سیستەمی ئیسلامییەوە بوژاونەتەوە. بینینی کۆمەڵگای ئێران وەک خێزانێک بەشێکە لە سیاسەتی فەرمی ئێران. ئەم سیاسەتە لە سەر بنەمای ئەندامێتی بەسیج، شەهادەت، خوێن و هاوکاری دارایی و سیمبولی داڕێژراوە. رۆس وێلمان[3] لە گۆڤاری ئەمەریکان ئیثنۆلۆجیست کاری لە سەر ئەم رەهەندە کردووە

ئەم بونە ناوەکییەی پەیوەندی پێش مۆدێرن، بنەمایەک دادەڕێژێت بۆ بەکاربردنی لە سیاسەتی دەرەوەدا. مهیرزاد بروجەردی[4] و هاوەڵەکەی لە کارێکی نایابدا هەموو ئەو تۆڕە کەسیی و کۆمەڵایەتیەیان تۆمارکردووە کە پاشخانی نوخبەی سیاسی ئەمڕۆی ئێران پێکدەهێنێت. چۆن کەسایەتییەکان دەگەنە پۆستەکان، چۆن هەوڵی مانەوەیان دەدەن،  ئەوەش هەمووی لەڕێگای دروستکردنی تۆڕ و رایەڵەی تایبەت بە کەسانی نزیک بە خۆیان.

کاتێک لە مۆدێلی خێزان و نەتەوە دەڕوانین، دەبینین چۆن هەوڵدراوە نەتەوە لەسەر بنەمای خێزان بنیاتبنرێت، هەروەها دەبینین کە تێکهەڵکێشێکی مووتوربەیی لە نێوان ئەو دوو بنیاتەدا هەیە. دیارە خێزان وەک دەزگایەک یان وەک بنەمای وێنایەک بەکاربردنی ئاسانە، چونکە لە هەموو دەزگاکانی دیکە بەربڵاوترە و بەشێکە لە ژیانی رۆژانەی تاکەکان، بەتایبەتی لە جێگاکانی دەرەوەی رۆژئاوا. لەم روانگەیەوە، کاتێک پانتایی گشتی بە تەواوی مۆدێرن نیە ئەوا ئاسانترە کە چەمکە پێش مۆدێرنەکان بەکارببرێن. لە هەمانکاتدا گواستنەوەی ئەم چەمکانە بۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان چاوەڕوانکراوە. لەم ساڵانەی دواییدا لە بواری پەیوەندی نێودەوڵەتی رۆژئاوادا، چەمکی هاوڕێتی و هاوڕێتی تایبەت لە پەرەسەندندایە. هەردوو سایمۆن کۆشیت و ئەندرییا ئۆلسنێر[5] کتێبێکیان لەمبارەوە ئێدیت کردووە.

خزمایەتی و سیاسەتی نێودەوڵەتیی

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وەک لە ناوەکەیدا دیارە پەیوەندی نێوان دەوڵەتانە. دەوڵەت وەک یەکەیەکی مۆدێرن، بە گشتی دوورە لە کەس و کەسایەتیەوە، بەتایبەتی دەوڵەتانی رۆژئاوا، کە داڕێژەری بنەما و نۆرمەکانی سیستەمی نێودەوڵەتین. بەڵام ناتوانرێت ئەم مۆدێلە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا وەك یەك نییە.  بە گشتی کۆمەڵێک چەمک بەسەرسیستەمی نێودەوڵەتیدا زاڵە، کە رەگیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندەكانی بیری فەلسەفی رۆژئاوا، وەک رکابەری، کە لە جۆن لۆکەوە سەرچاوە دەگرێت، نەیارێتی یان دوژمنایەتی کە دەگەڕێتەوە بۆ هۆبز، هاوکاری و بەرژەوەندی لای کانت. لەم دواییانەشدا جۆری پەیوەندی هاوڕێتی لە نێوان وڵاتاندا هاتووەتە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا رەوتێک لە ئارادایە کە هەوڵدەدات پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوەی چەمکەکانی رۆژئاواوە راڤە بکات. ئەم رەوتە بۆ نموونە دەزگا سەرەکیەکانی وەک دەوڵەت، سنوور، سەروەری بە کرۆک نابینێت. ئەوەی جێگای باسە ئەم رەوتە لاوازیی و کێشەی زۆرە بەوەی وەک پەرچەکردارێکە و لە هەمانکاتدا جگە لە ئاوڕدانەوە بۆ رابوردوو و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئیمپراتۆریەت، بۆ نموونە، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک چارەسەر، هەڵگری هیچ تێزێکی نوێ نیە.

بەکاربردنی خزمایەتی بۆ وەسفکردنی پەیوەندی نێوان دوو وڵات، کە لە هەناو سیستەمی نێودەوڵەتیدا، دەبێت لەکاتێکدا بێ ئەو دوو دەوڵەتە خاوەن سەرەوری بن، لە هەمانکاتدا هەوڵدانە بۆ هێنانەئارای کۆمەڵێک وێنا و شێوە و خیتاب. پێش هەموو شتێک رەتکردنەوەی شێوازی پەیوەندی رۆژئاواییە. هەرچەند خزمایەتی بەبێ کێشە و نەیارێتی نیە، بەڵام ئاماژە بۆ بوونی پەیوەندییەکی جیاواز لە پێکەوەگرێدان و نزیکی و تێکەڵی دەكات.

جێگەی ئاماژەپێدانە کە پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران بەشێک نیە لە کارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی. سوپای قودس و قەرارگای رەمەزان بەرپرسی پەیوەندییە هەرێمیەکانی ئێرانن. ئەم بوونی دەزگای تایبەت و جودایە بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەریدا، مانای وایە کە ئێران وەک وڵاتی بیانی مامەڵە لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا ناکات، بەڵکو میتۆدی تایبەتی هەیە کە جودایە لە پەیوەندی دەرەکی یاخود بیانی باو. چەمکی خزمایەتی دەچێتە خانەی ئەم جۆرە پەیوەندییە نادەرەکییانەوە.

ئایا تەنیا دیپلۆماتە ئێرانییەکانن چەمکی نارۆژئاوایی بەکاردەهێنن؟

بەکاربردنی چەمکی خزم لە بوارێکدا کە خزمبوونی تەقلیدی بوونی نیە، بەشێکە لە پرۆسەی بنیاتنانی ئەمجۆرە پەیوەندییە وەک میتافۆر یان خیتاب. لە نێوەڕۆکدا لە هەردوو دۆخەکەدا ئامانج لێی دروستکردنی دۆخێک یان روپۆشێکی خیتابی یان ئایدۆلۆژییە بۆ شاردنەوە یان ئاسانکردنی پەیوەندییەکی جیاوازتر. ئەگەر ئایدۆلۆژیا وەها ببینین کە رووپۆشێکە بۆ رازاندنەوەی دۆخێک کە رەوا یان راستەقینە نیە، ئەوا خزمانیەتی جۆرێکە لە ئایدۆلۆژیا، ئەویش بۆ پۆشینی جۆرێک لە تێکەڵی و نزیکی و دەستیوەردان و ئاراستەکردن کە لە پەیوەندی ئاسایی نێودەوڵەتیدا بوونی نیە و جێگای نابێتەوە، چونکە کرۆکی پەیوەندی نێودەوڵەتی مۆدێرن لەسەر بنەمای بوونی سەروەری بونیادنراوە. سەروەریش بنەمای سەرەکی جودایی و سەربەخۆی بونێکە لە هەموو بونەکانی دیکە. کەواتە لەکاتێکدا خزمایەتی هەوڵدانە بۆ دەربڕینی نزیکایەتی و تێکەڵی و ئاسان نەبوونی سنوردارێتی، بەڵام لە هەمانکاتدا بەمانای ئەوە دێت کە سەروەری و جودایی لاوازە و تێکەڵی و نزیکی و دەستیوردان بوونی هەیە.

لێرەدا جێی خۆیەتی کە ئاماژە بەئەوە بدەین، نزیکایەتی یان خزمایەتی یان دەستیوەردان، پرسێک نیە تەنیا تایبەت بێت بە کۆماری ئیسلامی. بەڵکو رژێمی شا، بەهەمانشێوە پرسی دەستیوەردان لای پرسێکی جیوپۆلەتیکی بایەخداربووە. لەپاش ساڵی 1958 کە عێراق دەبێتە کۆماری، دوو رەوت لە کێبڕکێدان، یەکێکیان نیشتمانی “وەتەنی”، کە عەبدولكەریم قاسم رابەری دەکات و نزیکە لە سۆڤیەتەوە، ئەویتریان عەرەبی “عروبی”، یان ناسری و پان-عەرەبیستە. هەردوو رەوتەکە جێگای مەترسین بۆ ئێران. موجتەبا پاشایی ئەفسەری سیخوڕی سەردەمی شا، کە بەرپرسی باڵای ساواکە، دەڵێت: دەبێت مەترسییەکانی سنوورەکانی رۆژهەڵاتمان لە کەنار دەریای سپی سنووردارکەین، بۆ ئەوەی لە هەناو ئێراندا خۆمان لە خوێنڕشتن بپارێزین. ئەم دەربڕینە بەهەمانشێوە لە سەردەمی جەنگی سووریادا دەگوترێتەوە. ئەگەر لە سوریا جەنگی دوژمنەکانمان نەکەین ئەوا دەبێت لە ناو ئێراندا دژیان بجەنگین. کەواتە ترسی هاتنە ناوەوەی هێز و بیرو و ململانێکان بۆ ناوەوەی ئێران پاڵنەرێکی مێژووییە، بەتایبەتی ئێرانییەکان کاتێک لە مێژووی دووریان دەڕوانن، نەخشەی وڵاتەکەیان زۆر کشان و بچوکبوونەوەی بە خۆیەوە دیوە.

لە ڕاستیدا ئەم فاکتەرە تەنیا لە لای دیپلۆمات و سیخوڕ و سەربازە ئێرانییەکان بوونی نیە، بەڵکوو لای زۆرێک لە ئەکادیمیست و هونەرمەند و بیرمەندی ئێرانی بوونی هەیە. لێرەدا نموونەیەک هەیە، کە لەم دوایانەدا لە زانکۆی سواس لە لەندەن لێکۆڵەرێکی  ئێرانی بە ناوی ئارشین ئەدەب-موغەدەم کتێبێکی نووسیوە بە ناوی ئێران چیە: سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی لە پێنج پارچە مۆسیقادا[6]. لە کتێبەکەدا چاپتەرێکی هەیە بە ناونیشانی ” ئێرانی ئۆراسیایی: بەرگری یان ئیمپراتۆریەتی فارسی. Eurasian Iran: ‘Resistance’ or a Persian Empire?

چەمکی ئەوروپا-ئاسیا “ئۆراسیا” لای چاودێرانی سیاسی ئەمڕۆ چەمکێکی ناسراوە. لێرەدا مەبەستی ئارشینلە چەمکی ئۆراسیایی ئەو فرانخوازێتی ئێرانە.  ئارشین دەیەوێت ئارگومێنتی ئەوە بنیات بنێت کە پێکەوەگرێدانی ئاینی و سیکیولاری زۆر لە نێوان خەڵکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. لێرەدا باس لە جوگرافیا مردووان دەکات: گۆڕی رۆمی لە کۆنیا، بوونی گۆڕی محەممەد رەزا پەهلەوی لە قاهیرە، ئایەتوڵا میرزا شیرازی سەرکردەی شۆرشی توتن لە ساڵی 1890 لە نەجەف نێژراوە. ئەم سیاسەتی گۆڕبازییە دەپەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆماریش، عەلی شەریعەتی لە نزیک مەقامی سەیدە زەینەبە. کە بە قسەی ئارشین موستەفا چەمران سەردانی کردوە. ئەم دروستکردنی رایەڵانە جۆرێکە لە مۆدێلی خزمی سێکیولار یانی خزمی دنیایی.

هەوڵی ئەکادیمیە ئێرانییەکان بۆ فروان بینینی رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا و هەبوونی قەیران لە مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەدا، بە لایەکدا دەکرێت دیدێکی باش بێت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ئەگەر یەکێتی ئەوروپا مۆدێل بێت، بەڵام بە لایەکی دیکەدا دەکرێت زەمینەسازی بۆ رێگاخۆشکردن بۆ باڵادەستی بەهێزەکان و رەخساندنی زەمینە بۆ دەستیوەردان زیاتر بكات.

دەرئەنجامەکان

بەکاربردنی چەمکی خزم لە میانەی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتدا، ئاماژە بۆ هەبوونی خواست بۆ بوونی پەیوەندییەکی جیاواز لە پەیوەندی زاڵی نێو کایەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی دەدات. لە هەمانکاتدا دەرخەری ئەوەیە کە ئێران کێشەی لەگەڵ سنورداری، سەروەری و بنەماکانی دیکەی پەیماننامەی وێستڤیلیا هەیە. بەکاربردنی خزم دەرخەری ئەوەیە کە خواستەکە بۆ بوونی پەیوەندییەکی ئۆرگانییە، کە نزیکبوونەوە و جودانەبوونەوە، بنەما سەرەکیەکانیەتی. لەڕێگای ئەم چەمکەوە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، کە ئێران نایەوێت جارێکی دیکە پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا وەک رابردوو بێت، بەڵکوو دەیەوێت خۆی بە عێراقەوە گرێبدات و بە ئاسانی دانەبڕێت.

خزم لە کاتێکدا چەمکێکی نزیکبوونەوە و کۆکەرەوەیە، لەهەمانکاتدا چەمکێکی جیاکارییە. ئێران دەتوانێت بەرامبەر کورد و شیعە چەمکی خزم و خزمایەتی بەکار ببات، بەڵام لە هەمانکاتدا دەیەوێت سوننەی لێوە بەدەر بکات. یان پەیوەندی لەگەڵ سوننەدا لەسەر بنەمای خزمایەتی نەبێت. بەم شێوەیە ئێران نایەوێت جارێکی دیکە عێراق بگەڕێتەوە ناو پانتایی جیهانی ئیسلامی سوننە و بەتایبەتیش جیهانی ئیسلامی سوننەی عەرەبی. ئەم پەرتبوونە جیوپۆلیتیکییەی ئێستا بە ئاسانی هەستی پێدەکرێت. لەبەرامبەر ئەمەدا دەبینین مۆدێلێکی دیکەی خزمایەتی کاری لەسەر دەکرێت کە خۆی لە رێککەوتنەکانی بەناو ئەبراهام یان ئیبراهەمدا دەبینین. کردنی ئیبراهیم بە بنەمای هاوبەش دیسانەوە جۆرێکە لە هەوڵدان بۆ درووستکردنی ئەفسانەیەکی هاوبەش و هەروەها جۆرێک لە خزمایەتی، کە لە ئێستادا ئێران لە دەرەوەی ئەم پرۆسەی خزمایەتییەیە.

بە بوونی چەمکێکی وەک خزمایەتی بە بنەمای پەیوەندی هەرێمایەتی وڵاتانی ناوچەکە، دەرخەری ئەوەیە کە ناڕەزاییەک هەیە بەرامبەر بنەما مۆدێرنەکان. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم چەمکە تەقلیدییە، بنەمایەکی نوێ داناڕێژێت بەڵکوو تەنیا رووپۆشێکی کۆنە بۆ خواستە مۆدێرنەکان، کە بریتین لە بەرژەوەندی دەوڵەتی و ئیمپراتۆریەت و رکابەری نەیارەکان. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بەکاربردنی چەمکی خزمایەتی سیمایەکی سەرەکی زمانی دیپلۆماسی ئێرانییە، کە لەکاتێکدا خواستەکانی سەردەمیانەن، وەک بوونی بەرژوەندی ئابووری و ئاسایشی درێژخایەن و بنبڕکردنی مەترسییەکان و رکابەری نەیارەکانی، بەڵام دەخوازێت بە زمانێکی ترادیسیون دەریببڕێت لە پێناو شاردنەوەی نیازی راستەقینەدا. وەک بە گاڵتەوە بە دیپلۆماتە ئێرانییەکەم گوت با سنوورەکان هەڵوەشێنینەوە. چەمکی سنوور کێشەی گەورەی لەگەڵ بنەماکانی سنوور و سنوردارێتیدا هەیە، لە کاتێکدا سنوورەکان هەڵناوەشێنەوە بەڵام پڕ کون و سست دەبن.

سەرچاوەکان

[1] “Sarah Franklin & Susan McKinnon” 2001. Relative Values: Reconfiguring Kinship Studies. Duke University Press.

[2] Neumann, Iver B., Kristin Haugevik & Jon Harald Sande Lie (2019). “Kinship in international relations: Introduction and framework”. Chapter 1 in Haugevik, Kristin & Iver B. Neumann (Eds) Kinship in International Relations. London: Routledge, pp. 1-20.

[3] Rose Wellman. 2017. Sacralizing kinship, naturalizing the nation: Blood and food in postrevolutionary Iran. Volume44, Issue3. August.

[4] Mehrzad Boroujerdi, Kourosh Rahimkhani. 2020. Postrevolutionary Iran: A Political Handbook. Syracuse University Press.

[5] Simon Koschut  Andrea Oelsner 2014 Friendship and International Relations, Palgrave MacMillan.

[6] Arshin Adib-Moghaddam 2021. What is Iran? Domestic Politics and International Relations in Five Musical Pieces, Cambridge University Press

Share this Post

لێکۆڵینەوە